A+    A-
(110) جار خوێندراوەتەوە


ژان بۆدریار(Jean Baudrillard) لە فەیلەسوفە هاوچەرخەکانى فەڕەنسایە. هاوجیلى دۆڵۆز و دێرێدا و لیوتار و فۆکۆیە. گەر بتەوێت پۆڵێنێکى سادە و گشتیى بۆ درووستبکەیت ئەوا دەتوانیت بیخەیتە نێو فەیلەسوفە پۆستمۆدێرنەکانەوە. بۆدریار لە گۆشەنیگاى جیاجیاوە, ماناى جیاجیاى لێدەکەوێتەوە. بۆ من وەک خوێنەرێک, بۆدریار ئەو بیرمەندەیە کە دواى ڕەچەڵەکى واقیع دەکەوێت. مێژوو دەپشکنێت تا تێبگات واقیع لەکوێوە گەیشتووە بە کوێ, بە کام قۆناغدا هاتووە, پەیوەندیى نیشانەکان بە واقیعەوە چۆن بوون و چۆنن. ئەمڕۆ چى بەسەر ئەم چەمکەدا هاتووە؟ ئایا چەشنى کوشتنى خودا(وەک ئەوەى لە مۆدێرنەى خۆرئاواییدا ڕوویدا), واقیعیشمان نەکوشتووە(بەهۆى لەبەرگرتنەوەى واقیعەوە لەڕێگەى ماسمیدیا و تەکنۆلۆژیا کۆپیکارەکانەوە)؟ لە سێبەرى ئەم پرسەشدا, پەیوەندیى واقیع و زێدەواقیع چیە؟ پەیوەندیى کۆپى و نوسخەى ئەسڵ(ئۆرگیناڵ) چیە؟ بۆچى کۆپییەکان منەتیان بە ئەسڵ نەماوە و خۆیان ئەسڵى خۆیانن؟ کاتێک هەر لەبنەڕەتەوە واقیع وێنەى خۆى دەگرێتەوە, هونەر و وێنەکێشان ڕووەو کوێ دەڕۆن؟ لەپشت ئەمانەشەوە بۆدریار بەرامبەر بە پرسیارە کلاسیکە فەلسەفییەکە وەفادارە کە: جیهان-واقیع چۆن خۆى بۆ ئێمە دەردەخات؟

 

بۆدریار لە ڕەخنەكردنى ماركسيزمى کلاسیکەوە دەستیپێکرد. لەبرى ئابوریى سیاسى, کتێبێکى لەسەر «ئابوریى سیاسیى نیشانە» نوسى. کاڵاکان چیتر بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەک نین بەڵکو هەڵگرى بەهاى نیشانەیین, هەر کاڵایەک نیشانەیەکە, بەهاى نیشانە دەکەوێتە پێش بەهاى مەسرەف و بەکارهێنانەوە. ئەو دەشگاتە سەر ڕەخنەکردنى کۆى پرۆژە فەلسەفییەکەى فۆکۆ و پێى‌وایە چەمکەکانى فۆکۆ بە دەردى دونیایەک ناخۆن کە دەسەڵات, زانین, مێژوو, واقیع, سێکسواڵیتە, ئابورى وەک جاران کارناکەن و گۆڕاون بۆ نوسخە زیادەڕۆ و پەرش و قەڵبەکەى خۆیان. لە تێکستى فۆکۆ لەبیرکە(forget foucault)دا پرۆژەکەى فۆکۆ وەک پرۆژەیەکى بەسەرچوو دەخەمڵێنێت. بۆیەشە پاش ئەمە بۆدریار لەلایەن لایەنگرانى فۆکۆوە لە ئەکادیمیاى فەڕەنسى دەردەکرێت.

 

بۆدریار لە مێژووى نوسین و تیۆریزەى خۆیدا گەلێک هەڵاى تيۆريى نایەوە. دیارترینیان ئەوەى ساڵى ١٩٩١بوو کە دەربارەى شەڕى کەنداو بوو: کتێبێکى بچوکى نوسى بەناوى جەنگى کەنداو ڕووینەدا(gulf war did not take place). ئەم کتێبە بەدحاڵیبوونێکى زۆرى خوڵقاند(وەک‌بڵێى بۆدریار بە مەرامى خۆى گەیشتبێت). ئاخۆ بۆدریار نکۆڵیى لە خوێنى ڕژاوى هەزاران کەس کرد بەسەر دنکە لمەکانى بیابانەوە؟ دیارە نەخێر. ئەو بەشێوەیەکى زیرەکانە باسى لە ونبوونى واقیع کرد, باسى جەنگێکى کرد کە بەرکەوتنى واقیعیى تیا نیە و پتر لە ڕێکخستنى ستۆدیۆیەکى گەورە دەچێت و موشەکهاوێژەکان لە فەزایەکى سایبەردا موشەک دەنێرن و ئێمەش جەنگەکە لە شاشەکانەوە دەبینین کە لینکێکى ڕاستەوڕاستى بە جەنگەکەوە نیە. لەم کتێبەدا توێژینەوەیەک وەرگێڕدراوە کە پەیوەندیى جەنگ و میدیا ڕووندەکاتەوە.

 

ناونیشانى ئەم کتێبە, ناونیشانى ئەو تێکستەى بۆدریار خۆیەتى کە «بە ئەگەرى زۆرەوە» دوا تێکستە پێش مردنى(لە ٢٠٠٧) بڵاویکردبێتەوە. بایەخى تێکستەکە ئەوەیە پاکانەحیسابى بۆدریار دەبینین لەگەڵ دونیا و فیکردا بەگشتى. وەک‌بڵێى ئەم تێکستە درێژکراوەى لۆژیکیى هەموو ئیشەکانى پێشترێتى. ئەو باس لە دونیایەک دەکات کە سوبێکت(بکەرى مرۆیى) لە ئاوابوونى خۆیدا دەژى. ئەوەى هەیە زاڵبوونى دونیاى دەرەوە و ئۆبێکتیڤە. جیهان منەتى بە دەستکاریى مرۆڤ خۆى نەماوە, و خۆى هەڵدەسوڕێنێت. جیهان هەر هەیە, بەڵام بەبێ ئێمە. ئێمەش هەین, بەڵام نەک بەو فۆرمە مۆدێرن و پێشمۆدێرنەوە کە خاوەنى ئاگایى و ئیرادە و هتد بووین. ئەمە ڕەشبینى و نیهیلیزم نیە, بەڵکو یەکێکە لە ئیمکانەکانى مێژوو کە بە ئێرە گەیشتووە. ئاوابوون و ديارنەمان(disappearance)یش, شتێکە تایبەتە بە مرۆڤ, ونبوونێکى فیزیکى نیە, چارەنوسێکیش نیە گیانلەبەرانى تریش هەیانبێت- پرۆسەکە تایبەتە بە مرۆڤ کە خەریکە ئەزموونیدەکات. شتەکان نامرن بەڵکو بەهۆى پەرشبوونەوە و تێپەڕین لە خۆیانەوە, ئاوادەبن. ئاوابوون واتە بمریت بەر لەوەى بمریت. ئەم ئاوابوونە, ڕیشەى دەچێتەوە سەر پرسیارێکى دێرینى فەلسەفى کە بۆدریار پێچەوانەى دەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچى شتەکان هەن لەجیاتیى ئەوەى نەبن(بە دەربڕینێکى تر: شتەکان بۆ هەن)؟ بەڵام بۆدریار دەپرسێت: شتەکان بۆچى نین لەبرى ئەوەى هەبن؟ واتە بۆدریار نەبوون بە بنەما وەردەگرێت نەک بوون. مرۆڤ فۆرمێکى تایبەت بە نەبوون-ى هەیە کە نە عەدەمى ڕووتە و نە نیهیلیزمیش. بە مانایەکى تر, ئەم ئاوابوونە بەتەواوى بە ماناى کۆتایى نایەت. بۆدریار لە سەردەمێکدا کە باسى کۆتایى مێژوو دەکرا, دژى ئەو بارە ماناییە بوو کە دەدرایە وشەى کۆتایى. ئەو فۆکۆیاماى بە کابرایەکى ساویلکە دەزانى و کۆتاییەکەى ئەوى بە جیا لە دالى کۆتایى(the end) دەزانى لە فیکى خۆیدا. کۆتایى,

لەپاش ئەم گەشتەى مێژوو وەرگەڕاوە بۆ داڕووخان بۆ ناوەوە, بۆ شلبوونەوەى خاڵى دەسپێک و ئەنجام, بۆ لەدایکبوونى بێشومار کۆتایى نوێ. بە قەولى خۆى, کۆتایى خۆیشى کۆتاییهاتووە. ئاوابوون لاى بۆدریار کەشفێکى تیۆرییە نەک هاشوهووشێکى ڕووت(بەپێى یەکێک لە شرۆڤەکارەکانیش کءى دەرەنجامەکانى بۆدریار ستراتیژێکى پەروەردەییە بۆ ئەوەى جارێکى تر پەیوەندیى خۆمان لەگەڵ شتەکاندا هەڵسەنگێنینەوە).

 

بۆدریار ژمارەیەک کتێبى گرنگى هەیە وەک: سیمولەیشن و سیمولاکرا, کۆمەڵگاى بەرخۆرى, ئاوێنەى بەرهەمهێنان, نەزمى شتەکان, ئاڵوگۆڕى ڕەمزى و مەرگ, ستراتیژە کوشندەکان, ئەمریکا, وەهمى کۆتایى, تاوانى تەواوەتى, یادەوەرییە ساردەکان, نەشوەى پەیوەندیگرتن, شەفافیەتى خراپە, پاسۆردەکان, و هتد. هاوکات وەک هەر بیرمەندێکى گەورەى تر, کەوتووەتە بەر ڕەخنە و ڕەتکردنەوە. لە زۆر پۆڵێنیشدا, نابینین ناوى بۆدریار بهێنرێت. پێموایە لەودیوى ئەو هۆکارانەوە کە هەن, هۆیەکى دەروونشیکارانەى شاراوەى تریش هەیە: بۆدریار دەست بۆ تابۆ(taboo)یەکى هەستیارى مرۆڤ دەبات کە ناوى واقیع(یان پرسى واقیعى)یە و بێباکانە(بەرپرسيارانە بۆ نا؟) دەیخاتە ژێر پرسیارەوە. پشکنینى واقیع بەپێى ئەم تابۆیە, کۆتاییهێنانە بە خەیاڵیش- چونکە بۆدریار پێى وابوو واقیع و خەیاڵ لەو شتەدا تواونەتەوە کە ناوى زێدەواقیعە و خەیاڵ چیدى شوێنێک نیە بۆى هەڵبێین! خەیاڵ هەر توندبوونەوەى واقیع خۆیەتى کاتێک نە واقیع وەک خۆى ماوەتەوە و نە خەیاڵیش ئەو ڕووبەرە پاکیزە و دوورەیە ڕووى تێبکەین.

 

ڕەنگە بایەخى فیکرى بۆدریار بۆ ئێمە لەوێدا بێت کە دیاردە تازەکان گەیشتوونەتە سەر کۆمەڵگاى ئێمەش. بۆدریار تا ئەو جێیە کۆمەکماندەکات کە تێبگەین ئەو دیاردانە لە ئاستە گەردوونییەکەیدا چۆن کاردەکەن. مۆدێرنە کە هەڵدەوەشێتەوە, دواى خۆى چى جێدەهێڵێت؟ ئاخۆ ئەم دۆخەى کە بۆدریار باسیدەکات, مێژووى کۆن و نوێى ئێمە لە فۆرمێکى تێکەڵى ڕەقهەڵاتوودا ناهێڵێتەوە؟ خزانى مرۆڤى کورد بۆ ناو زێدەواقیع ئەوە دەرناخات کە ئێمە لە خۆرئاواییەکان زیاتر ئامادەى توانەوە و هاوشوناسییمان تیایە لەگەڵ دۆخەکەدا؟ بەهەرحاڵ سەربارى تێکستى(ئاوابوونەکە...), پێشەکییبەکى درێژى ٦٠ لاپەڕەیى بۆ ئیشەکە ئامادەکراوە. هەندێک فەسڵى تریشمان بۆ وەرگێڕاوە کە لە کتێبە جیاجیاکانى بۆدریارەوە وەرمانگرتووە. فەرهەنگۆکێکیشمان بۆ درووستکردووە تاکو فشارى تێگەیشتن کەمبکاتەوە. بۆدریار وەڵامى هەموو شتێکمان ناداتەوە(ڕەنگە ئەمە نهێنیى فەلسەفە خۆى بێت), بەڵام ئیمکانى تێگەیشتنمان بۆ دەکاتەوە تا بزانین چ جۆرە پەیوەندییەکمان بەم جیهانەوە هەیە. بەختى باشى تێگەیتنیش بۆ ئەو کەسانەیە کە بەشێوەیەکى فیکرى /ڕۆحى دەرگیرى ئەم جیهانە تازەیەن و پرسیارى زیندوو داگیرى کردوون. ئەم کتێبە تەنیا ورووژاندن و بەشدارییەکى بچوکە لە فیکرى بۆدریاردا. بۆدریار بەدیاریکراوى لە کایەکانى: فەلسەفە, ئێستاتیکا و هونەر, ئەپستمۆلۆژیا و زانینناسى, میدیا و تەکنۆلۆژیا و هتددا جێى ئاوڕلێدانەوەیە.

 

پێڕستى کتێبەکە:

دەروازەیەک بۆ ناو فیکرى ژان بۆدریار

چۆنە تا ئێستا هەموو شت ئاوانەبووە؟

 سێ کورتە شەرح بۆ تێکستە

سیمولاکرا(زڕەوێنە)

 سەردەمى پۆست‌زیادەڕۆیى

داڕووخانى مانا لە میدیادا

 توندوتیژیى گڵۆباڵ

زڕەوێنە و چیرۆک و فیلمى زانستى‌خەیاڵى

ڕەنگدانەوەى جەنگ لە میدیاکاندا

گفتوگۆیەک لەگةڵ بۆدریار

دەربارەى بەدیهاتنى ئارەزوو لە «بەهاى ئاڵوگۆڕ»دا

 فەرهەنگۆکى زاراوەکان

 

کتێبەکە سەرووى ٣٠٠ لاپەڕەیە و ناوەندى ڕۆشنبیریى ڕەهەند چاپ و بڵاویکردووەتەوە.





مرۆڤەخوا
ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا
ِچەپ و مۆدێرنە
دوو به‌رهه‌م
سێ به‌رهه‌م
فه‌لسه‌فه‌ و شۆڕش- كتێبى سێيه‌م