A+    A-
(1,583) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ

 

 

      ئالگۆریتم

(ئالگۆریتمی بایۆکیمیایی) ١١:

 

 

 

 

نوسین و ئامادەکردنى: وریا ئەحمەد

 

 

 

 

ئالگۆریتم(algorithm) لە سادەترین و بەربڵاوترین پێناسەیدا، بریتییە لەو میتۆدە ئامانجدارە ماتماتیکییەی کە لەچەند ھەنگاوییەکی یەک بەدوای یەک پێکھاتووە و ئەم ھەنگاوانە لەبۆ شیکاریی پرس یان بابەتێکی دیاریکراو دەگیرێنەبەر و ئامانج لەم کارەش بریتییە لەوەدەسخستنی ئەنجامی کۆتایی. بەواتایەکی تر، ئالگۆریتم خۆی پرس یان بابەت یاخۆ نمونە و یاساییەکی دیاریکراو نیە، بەڵکو زنجیرە ھەنگاوێکی لۆژیکی و بەدوای یەکدا ھاتووە و بۆ شیکاری و وەدەستخستنی ئەنجامێک دەگیردرێنەبەر. بۆئەوەی ئالگۆریتمێک کارایی ھەبێت و ھەنگاوە بەدوای یەکدا ھاتووەکانی ئەنجام وەدەستبخەن، پێویستە بڕێک زانیاری و داتا بەردەست بن، کە بشێت میتۆدە دیاریکراوەکەی ئالگۆریتمیان بەسەردا جێبەجێ بکەین، تاوەکو بە پشتبەستن بەم داتا و زانیاریانە بتوانرێت ئەنجامی نەزانراو بدۆزرێتەوە. بۆ نمونە کاتێک دەمانەوێت تێکڕای کۆی گشتیی ژمارەی نێوەندێتیی بۆ ھەردوو ژمارە ٦ و ژمارە ٨ وەدەستبخەین، ئەوا لەم دۆخەدا ھەردوو ژمارە ٦ و ژمارە ٨ داتای بەردەستن و دەشێت ھەنگاوەکانی ئالگۆریتمییان بەسەردا جێبەجێبکەین، تاوەکو ئەوەی ئەنجامی نەزانراو وەدەستبخەین. ئێستا ئەم داتا بەردەستە، واتە ھەردوو ژمارەی ٦ و ٨، داخڵ بە ئالگۆریتمێکی دیاریکراو دەکەین بۆئەوەی لەو سەرەوە ئەنجامی نەزانراو دەربچێت: ھەنگاوی یەکەم، ژمارە ٦ و ژمارە ٨ کۆ دەکەینەوە. ھەنگاوی دووەم بریتی دەبێت لەوەدەستخستنی ژمارە ١٤. ھەنگاوی سێھەم ژمارە ١٤ دابەشی ژمارە ٢ دەکەین. لەکۆتاییدا ژمارە ٧ وەک ئەنجامی نەزانراو وەدەستدەخرێت. کۆی ئەم ھەنگاوانە و میتۆدی شیکارییەکە پێی دەوترێت ئالگۆریتم. ھەڵبەت ئەمە نمونەیەکی سادە بوو، دواتر نمونەی تر دێنینەوە. لەمڕۆدا و لەکۆمەڵگا دیجیتاڵییەکانی پۆست‌تەکنۆلۆژییادا، چیتر ئالگۆریتم تەنھا میتۆدیێکی ھەنگاو بەھەنگاوی ماتماتیکی یان ھەنگاوە سمارتە بەدوایەکدا کۆدڕێژکراوەکانی ناو عەقڵی کۆمپیوتەری و ئامێر و موبایلە زیرەکەکان نیە، بەڵکو ئالگۆریتم وەختە دەبێتە ڕوانگە و شێوازی تێڕوانین بۆ ژیان و جیھان و لێکدانەوەی ئالگۆریتمییانە بۆ تەنانەت مرۆڤ و ھەست و سۆزەکانی و بۆ کۆی دیاردەکانی تریش.

مرۆڤ ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیاییە، سرووشت ئالگۆریتمە، دیاردە سرووشتییەکان ئالگۆریتمن و دەزگا و ڕێکخراوە حوکمی و ناحوکمییەکان و بگرە ژیانی مرۆڤەکانیش ئالگۆریتمن! ئەم وتانە و دەیان وتەی تری ھاوشێوە، لەلایەن کەسانی وەک ئیلیان ماسک و ڕۆیی کۆرزوێڵ و بیرمەندانی وەک دانیال دێنیت و نیک بۆسترۆم و ماکس تیمارگ و یۆڤاڵ نوح ھەرارییەوە دەھێنرێنەسەر زمان و پەرەیان پێ دەدرێت. دانیال دێنیت، لەکتێبی (لەبەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە؛ پەرەسەندنی زەینەکان) مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایۆکیمیایی کە لەچەند ئالگۆریتمێکی ئاڵۆز و وردی بایۆلۆژی پێکھاتووە وێنادەکات. لە دیدی دانیال دێنیتدا ھەستەکان، سۆزەکان، ئارەزووەکان، زمان، کارکردی کیمیاییانەی مێشک و کارکردی جەستە، ڕستێک ھەنگاوی یەک بەدوای یەکن و وەک ئالگۆریتمێک کاردەکەن و داتا و زانیارییەکان شیدەکەنەوە. دانیال دێنیت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بانگەشەیەی کە دەیکات، شێوازی کارکردی مێشکی مرۆڤ بە شێوازی کارکردی شاشەی موبایلی زیرەک یان شاشەی کۆمپیوتەر بەراورددەکات. دێنیت دەیەوێیت بڵێت کاتێک ئێمە بۆ نمونە بۆ گوڵێک دەڕوانین، لەڕاستیدا ئەوەی لەم کردەیەدا گرنگە و حەقیقەتی ھەیە و واقیعییە، بریتییە لە شێوازی کارکردی ھەنگاوبەھەنگاوی ئالگۆریتم - ئاسای ھەستەکان و مێشک. ئەگینا وێنەی گوڵەکە وەھمە و تەنھا لەسەر پەردەی ئاگاییمان کە ئەم پەردەیەش وەھمە، دەردەکەوێت. لەم کردەیەدا، ڕەنگ و بۆن و ماتریاڵی گوڵەکە، داتا و زانیاری بەردەستن. ھەنگاوی یەکەم، ڕەنگ و بۆنی گوڵەکە لەڕێگەی تیشکی ڕووناکی و لەراندنەوە و بەریەککەوتنی ئەتۆمەکانی ناوھەوا بەر ھەستی بینین و ھەستی بۆنکردن دەکەون. ھەنگاوی دووەم، پەردەی چاو و پەڕەی لوت لەڕێگەی تۆڕە وردیلە دەمارەکانەوە ئەم داتا و زانیارییانە بۆ مێشک دەگوازنەوە. ھەنگاوی سێھەم، نیرۆئەناتۆمیک و دەمارەخانەکانی مێشک پەرچەکردار دەنوێنن و شەپۆلی ئەلیکترۆھێمایی بەبار دێنن. ھەنگاوی چوارەم، ئەم شەپۆلانە لەڕێگەی تۆڕی دەمارەخانەکانەوە بۆ چەند ڕژێنەرێکی ناوجەستە دەگوازرێنەوە و دواجار ئەم ڕژێنەرانە لەڕێگەی دەردانی ھۆرمن و ڕژێنی تایبەتەوە وەڵامی مێشک دەدەنەوە و ئەنجامی نەزانراوی کۆتایی بەدەستدێت کە بریتییە لە: بۆنی خۆشی گوڵ، ڕەنگی جوانی گوڵ و ھەستێکی خۆش. دانیال دێنیت پێیوایە ئەم میتۆدە خودکارە ئالگۆریتمییەی جەستەی مرۆڤ کە ملیۆنان ساڵە بەم جۆرە پەرەیسەندووە، ھیچ ڕەبتێکی بەو ھەستە شاعیرانەوە نیە کە مرۆڤ دەرحەق بە گوڵ ھەیەتی، بەڵکو ئەم ھەنگاوە یەک بەدوای یەکدا ھاتووانەی ئالگۆریتمی بایۆکیمیایی جەستە، ئەفرێنراوی دەست پەرەسەندنن و وەھمی جوانیی گوڵ و ھەستی خۆشیی پاش بینینی گوڵ، ھیچ نین جگە لە پاداشتێکی فریودەرانەی پەرەسەندن نەبێت بۆ مرۆڤ، بۆ ئەوەی لە بینینی گوڵ ئەو ئەنجامە نەزانراوە بکات بە زانراو کە گوڵ گیایەکی مەترسیدار نیە و ھەڕەشە بۆسەر مانەوە و وەچەخستنەوەی ئەم درووستناکات. پاشان دانیال دێنیت کۆی ئەم کردەیە و شێوازی کارکردی ھەناوی ئالگۆریتمی بایۆکیمیایی مرۆڤ و پەیوەندیی بە زەینی مرۆڤەوە، بەراورددەکات بە شێوازی کارکردی ناوەوەی مۆبایلی زیرەک و پەیوەندیی ئەم کارکردە ئالگۆریتمئاساییە بە وێنەکانی سەرشاشەکەوە. عەقڵی ناوەوەی مۆبایلی زیرەک یان کۆمپیوتەر لەڕێگەی کۆدی جووتژمارەیی (سفر و یەک) نوسراوەتەوە. واتە تا ناکۆتا سفر و یەک ھەنگاو بەھەنگاو و ھەرجارە و بە شێوازێک بەتەنیشت یەکدییەوە کۆدڕێژکراون و وێنە و نوسین و ھێماکان ھەریەکەو لەدونیای دووژمارەیی سفر و یەکدا کۆدی تایبەت بەخۆیان ھەیە. کاتێک کەسێک لەسەر شاشەی مۆبایلێکی زیرەک پەنجە دەبزوێنێت و بۆ نمونە دەنوسێت گوڵ، دەمودەست و لەچەند چرکەیەکدا ئالگۆریتمی عەقڵی ناوەندی مۆبایلەکە لەڕێگەی وزەی کارۆموگناتیسی و ھێمای ئەلیکترۆ-دراوەوە کۆدی گوڵ ڕێکدەخات و داتای دەکاتەوە و بەچەند ھەنگاوێک داخڵی ئالگۆریتمی گەڕانی گوگڵ دەبێت و دواجار وێنەی گوڵێک لەسەر شاشە دەردەکەوێت. ئەوەی لەم کردەیەدا واقیعییە، بریتییە لە شێوازی کارکردی ئالگۆریتمی ناوەوەی ئامێرەکە و وێنەی سەر شاشەکەش ھیچ پەیوەندیی بەو کارکردەوە نیە. لەڕاستیدا پێشخستنی ئەم ڕوانگەیە کە ئێمە ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی زیاتر ھیچی تر نین و بەراوردکردنی مێشکی مرۆڤ بە ئامێری زیرەک، نەختێک بریندارکەرە. دواتر لەسەرزاری یۆڤاڵ نوح ھەرارییەوە نمونەی تر بۆ ئەم پرسە دێنینەوە. کەواتە کۆمپیوتەرەکان، ئامێرە ژمێرییەکان، سمارتفۆنەکان، ماشێنی گەڕانی ئۆتۆماتی گۆگڵ و ئەمازۆن و ھاوشێوەکانیان، لە زنجیرە ئالگۆریتمێکی پەرەپێدراوی ئەلیکتریکیی ورد پێکھاتوون، کە داتا یان بڕە زانیارییەکی بەردەستییان داخڵ دەکرێت و دواتر ئەم ئالگۆریتمانە ھەنگاوبەھەنگاو ئەم داتا و بڕە زانیارییە شیدەکەنەوە و ئەنجامێک دەدەنەدەرەوە.

لەئێستادا بواربدەن ئەوە ڕوونبکەینەوە کە ناوی ئالگۆریتم لەچیەوە ھاتووە و کێ بۆ یەکەمجار بۆ شیکاریی پلەبەپلەی پرس و بابەت و نمونە ماتماتیکیەکان، پەنای بۆ میتۆدی ھەنگاوی ورد و لۆژیکییانەی یەک بەدوای یەک برد، تاوەکو لەڕێگەی شیکاری ھەنگاوبەھەنگاوی داتای بەردەست، بڕی نەزانراو وەدەستبخات؟ پاشانیش بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی چەمکی ئالگۆریتم، نمونەی سادە و ڕۆژانە دێنینەوە و مەرج و شێوازی کارکردی ئالگۆریتم ڕووندەکەینەوە. ڕیشەی چەمکی ئالگۆریتم بۆ ناوی ماتماتیکزان و ئەستێرەناسی مسوڵمان «ئەبو جەعفەر موحەمەدی بن موسای ئەلخواریزمی» دەگەڕێتەوە. ئەلخواریزمی, لەشاری خواڕزمی سەر بە وڵاتی ئۆزبەکستانی ئێستا و لەسەدەی نۆی زاینی ھاتۆتە دونیاوە. ئەم زانایە، یەکێک بووە لە حەکیمە کاریگەرەکانی سەردەمی خەلافەتی مەئمون و لە (دار الحکمة)ی بەغدادی پایتەخی خەلافەتی عەباسییدا پێگەیەکی دیار و بەبایەخی ھەبووە. خواڕزمی لەسەدەی نۆدا کتێبێکی دەربارەی زانستی ماتماتیک و چۆنیەتیی ڕێکخستنی ھەنگاوبەھەنگاوی ژمارەکان و داتاکان بەناوی "دەربارەی ژمارە ھیندییەکان" نوسی. دوای تێپەڕینی چوار سەدە و لەسەدەی سیانزەی زایینیدا ئەوروپییەکان ئەم کتێبەیان بۆسەر زمانی لاتینی بەناوی "Algoritmi de numero indorum" وەرگێڕا و لێرەوە ناوی ئەلخواڕیزم (ئالگۆریتم) وەک میتۆدێکی دیاریکراوی ماتماتیکی چەسپا. ھەرچەند لەسەدەی سیانزەدا ئەورووپییەکان چەمکی ئالگۆریتم (ئەلخواریزم)یان زیاتر بۆ ژماردنی (دە دەیی) عەرەبی بەکاردەهێنا، کە مەبەست لێی ژماردنی شتەکانە بەشێوازی دە دەیی لە یەکەوە تا نۆ و بەھەژمارکردنی خودی سفر. واتە لەسفرەوە تا نۆ دەکاتە دە ژمارە، ھەنگاوی دووەمی ژماردن بریتییە لە پێدانی سفر بە ژمارە یەک و پاشان ژمارە یەک بخرێتەپاڵ نۆ ژمارەکەی تر تا بەبیست دەگەیت. لە بیستەوە سفر لە تەنیشتی ژمارە دوو و پاشان نۆ ژمارەکەی تر بەتەنیشتی لای ڕاستی ژمارە دووەوە دادەنرێت تا بە ژمارە سی دەگەیت. واتە سیستەمی ژماردنی دەدەیی عەرەبی، کە ھەنگاو بەھەنگاو و دە ژمارە بەدەژمارە پیادەدەکرا، لەسەدەی سیانزەدا، ئالگۆریتمی پێیدەوترا. (بۆنمونە، بڕێک پارەت دەخرێتەبەردەست. ئەم بڕە برییتیە لەداتایەک کە پێویستە تۆ ئالگۆریتمی ژمارەیی دەدەیی بەسەردا جێبەجێبکەیت، تاوەکو لەو سەرەوە بزانیت پارەکە چەندە. بەشێوازی ئالگۆریتمی دە دەیی و ھەنگاو بەھەنگاو ژماردن دەستپێدەکەیت، دەرئەنجام لەوسەرەوە دەزانیت بڕی بەردەست چەندە). ئەم سیستەمە بەتەنیشت سیستمی کۆکردنەوە و لێدەرکردن و دابەشکردن بەکۆمەکی دە ژمارە عەرەبییەکە، بەچڕی لەلایەن ئەلخواریزمییەوە ئیشی لەسەر کرا. ھەر بۆیە لە سەدەی سیانزە، چەمکی ئالگۆریتم (ئەلخواڕیزم) لای ئەورووپییەکان، ئاماژە بوو ھەم بۆ سیستەمی ژمارەیی دەدەییـى عەرەبی، ھەم ئاماژە بوو بۆ کردەی کۆکردنەوە و لێکدان و لێدەرکردن و دابەشکردن بەکۆمەکی دە ژمارە عەرەبییەکە. لە سەدەی نۆزدەی زاینیيدا، چەمکی ئالگۆریتم لە فۆرمی وشةى "algorithme" بەھەمان مانا و مەبەستەوە دەچێتە ناو زمانی فەڕەنسییەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، چەمکی ئالگۆریتم لە فۆرمی وشەى "algorithm" دەچێتەناو زمانی ئینگلیزییەوە و لەم کاتەدا پێناسە باوەکەی ئێستای دەدرێتێ: ئالگۆریتم؛ برییتیە لەمیتۆد و شێوازێکی کارکردی ھەنگاو بەھەنگاوی ماتماتیکییانە بۆ ژماردن یان وەدەستخستنی ئەنجامێکی کۆنکرێتیی ورد و دەقیق. ھەڵبەت دەوترێت ئەوەی کە لەزمانە ئەورووپییەکاندا ناوی ئەلخواریزم بۆ ئالگۆریتم گۆڕراوە، بەھۆکاری کاریگەریی چەمکی یۆنانیی (arithmos-ژمارە) بووە بەسەر زمانە ئەورووپییەکانەوە. لە دونیای کۆمپیوتەریدا، میتۆدی ھەنگاو بەھەنگاوی وردی شێوازی کارکردی کۆمپیوتەر کە لەڕێگەی سیستەمی جووتژمارەیی یەک و سفرەوە بەرنامەڕێژ کراوە بە ئالگۆریتم ناودەبرێت. ئەم سیستەمە بڕێک داتای داخڵ (input) دەکرێت و ھەنگاو بەھەنگاو بۆ ئەنجامی زانراو دەیگۆڕێت و دەیداتە دەرەوە یان با بڵێین (output)ـی دەکات. ھەڵبەت لێرەدا تەنھا دوو بنەمای ئالگۆریتم کە ئەوانیش بریتین لە (بڕێک داتای بەردەست) و (ئەنجامی وەدەستھاتوو)، لەئارادا نین، بەڵکو میتۆدی ناوەکی و سیستەمی سۆفتوێری کۆمپیوتەری خۆی‌لەخۆیدا بنەمای سێھەمی ئالگۆریتمی تێدا بەرنامەڕێژکراوە. واتە ھێما ماتماتیکییەکان، ژمارەکان، کۆد و جفرەکان لە ناوەوەی سیستەمی کۆمپیوتەردا بەرنامەڕێژکراون. بۆیە کاتێک بڕی زانراو یان داتای بەردەست داخڵ بەم سیستەمە دەکرێت، ھەنگاوبەھەنگاو و بەشێوازی خودکار ئەم بڕە بەگوێرەی میتۆدی بەرنامەڕێژکراوی ئالگۆریتمی کۆمپیوتەرەکە شیکاردەکرێت و ئەنجامی نەزانراو دەدات بەدەستەوە. دۆناڵد کنوت، یەکێک لە زانا گەورەکانی بواری زانستی کۆمپیوتەری دێژێت: زانستی کۆمپیوتەر جگە لە تێگەیشتن لە ئالگۆریتمەکان زیاتر ھیچی تر نیە.

لێرەدا بوار بفەرموون با بەشێواز و نمونەی سادە مەرجەکانی ئالگۆریتم و ماھیەتی ئالگۆریتم شیکاربکەین. بۆ ئەوەی ئالگۆریتمێکی تۆکمە دابڕێژین، پێویستە سێ کردەی سەرەکی لەبەرچاو بگرین:

 1. بڕی زانراو (داتا): بریتییە لەو زانیارییانەی کە دەخرێتە بەردەستمان تاوەکو لەڕێگەیانەوە، پرس یان بابەتێک شیکاری بکەین.

2. ئامانجی کۆتایی شیکارییەکە(بڕی نەزانراو): ئەو ئەنجامانەیە کە بەھۆی شیکردنەوە و پێوانە و ھەژماری ماتماتیکی داتا بەردەستەکان، بەدەستدێن.

 3. کردەی شیکاریکردنەکە: بریتییە لەو میتۆد و پلان و دەستورە لۆژیکییەی کە بۆ گەیشتن بە بڕی نەزانراو لەسەر داتاکان پیادەدەکرێت بۆنمونە وای دانێن بڕێک سێو و نرخی ھەر کیلۆیەک لەم بڕە سێوە دەخرێتە بەردەستمان، داوامان لێدەکرێت نرخی کۆی گشتی ئەم بڕە سێوە بدۆزینەوە: داتا: کێشی ھەر کیلۆیەکی سێوەکان w، نرخی ھەرکیلۆیەکی سێوەکان p. ئامانج: وەدەستخستنی نرخی کۆی گشتی سێوەکان T. کردەی شیکارییەکە: کێشی ھەرکیلۆیەکی سێوەکان لێکدانی نرخی ھەرکیلۆیەکی سێوەکان دەکەین و کۆی گشتی نرخەکەمان دەستدەکەوێت. W*P=T

نمونەیەکی دیکە کە زۆرجار یۆڤاڵ نوح ھەراری و نیک بۆسترۆم بۆ ڕوونکردنەوەی ئالگۆریتم دەیھێننەوە، بریتییە لەئامادەکردنی بۆ نمونە شەربەتی فرێشی پرتەقاڵ: سێ بنەماکەی ئالگۆریتمتان بیر نەچێت کە بریتین لە: بڕی زانراو یان داتای بەردەست، میتۆدی ھەنگاوبەھەنگاو، و چنگخستنی ئەنجامی خوازراو. داتای بەردەست: بریتییە لەوەی چەند دانە پرتەقاڵێک لەبەردەستدا بن. میتۆدی ھەنگاوبەھەنگاو: ھەنگاوی یەکەم، توێکڵی پرتەقاڵەکان دەگرینەوە. ھەنگاوی دووەم بەکۆمەکی ئامرازێکی تایبەت پرتەقاڵەکان دەگوشین. ھەنگاوی سێھەم، ئاوی پرتەقاڵەکە دەپاڵێوینە ناو پەرداخێکی شووشەییەوە. ھەنگاوی چوارەم، بۆ چەند خولەکێک لە بەفرگردا دایدەنێین. دواجار ئەنجامی خوازراو کە بریتییە لە وەدەستخستنی شەربەتێکی فرێش و ساردی پرتەقاڵ، بەدەستدێت. ھەڵەبەت لەئێستای دونیای تەکنۆلۆژیادا، ئامێری ئۆتۆماتی شەربەتی فرێش بەردەستە و بەشێوازی دەقیق کۆی ئەم میتۆدە ئالگۆریتمییەی تێدا جێکەوت کراوە و تۆ تەنھا نەختێک سەھۆڵ و چەند دانە پرتەقاڵێکی تێدەکەیت و ئەنجامی خوازراو وەدەستدێنێت. ئەویش زۆر بەخێرایی و لەماوەی چەند چرکەیەکدا.

 

جۆرە باوەکانی ئۆلگۆریتم:

 1. ئەو ئالگۆریتمانەی لە سێرچینگ یان بەشی گەڕانی گۆگڵ و وێب‌سایت و ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکاندا دادەنرێن.

 2. ئالگۆریتمە خودکارە/سمارتە پێشنیازکەرەکان کە بەزۆری لەلایەن سایتە ڕیکلامییەکان و ناوەندە بازاڕگەرییە دیجیتاڵییەکانی وەک ئامازۆن بەکار دەھێنرێن. بۆنمونە کۆمپانیاکانی پەیوەندیی ئاسیاسێڵ یان کۆڕەک تیلیکۆم یان ھەر کۆمپانیایەکی تری بزنس، بۆ خستنەڕووی کاڵا و ئۆپشن و ئۆڤەرەکانی خۆیان بەشێوازی ئۆتۆمات، سود لەم ئۆلگۆریتمانە دەبینن.

 3. ئالگۆریتمە کۆدڕێژکراوەکان، ئەم جۆرانەی ئۆلگۆریتم زیاتر پەیوەستن بە لایەنی سیکیوریتی و ئاسایشی تۆڕە دیجیتاڵیەکانەوە و لە زنجیرەیەک ھەنگاوی یەک بەدوای یەک پێکھاتوون و بەشێوازی کۆد کەسێکی دیاریکراو یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو دەیانگرێتەبەر بۆ دابینکردنی لایەنی سیکوریتی بۆ ھەژمارەکەی یان وێب و سایت و پەیجەکەی.

 4. ئالگۆریتمە داتا وەرگرەکان، کە زیاتر لەبازاڕەکانی بۆرسە و پشکەکاندا سودیان لێ دەبینرێت. ھاوکات چەندین جۆری ئالگۆریتمی ئاڵۆزی پەرەپێدراوی دیکەش ھەن کە کۆدنوس و ئەندازیارانی دونیای دیجیتاڵی لەڕێگەی کۆدنوسییەوە لەناو ئامێر و ڕۆبۆتی دیاریکراودا بۆ مەبەستی دیاریکراو دەیچێنن.

ھەڵبەت لە دونیای تەکنەلۆژیی سمارت و ڕۆبۆتی ھۆشمەند و ئالگۆریتمی زیرەکدا، ماھیەتی ئالگۆریتمەکان بەدۆخێک گەیشتوون کە دەبێت سەرلەنوێ وەک مارتین ھایدگەرـى فەيلەسوف لەئاستیاندا بوەستین و بپرسین ماھیەتی ڕاستەقینەی ئالگۆریتم چیە؟ ئەم پرسیارە بۆ دونیای ئەمڕۆ ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە. بەتایبەت بەوەدا کە یۆڤاڵ نوح ھەراری دێژێت لەئێستادا ئێمە لەچاخی باڵادەستی ئالگۆریتمە زیرەکەکاندا دەژین و بەدۆخێک گەیشتووین ئالگۆریتمەکان نەوەک ھەر بەوردی و سەرکەوتووانە لەدونیای مەجاز و واقیعدا چاودێریمان دەکەن، بگرە لەخۆمان باشتر دەمانناسنەوە. پێدەچێت ھۆکاری ئەمەش دەردی دانیال دێنیت دەیگوت ئەوەبێت کە دواجار ئێمەش ھەر ئالگۆریتمین! بۆیە ئالگۆریتمە نائۆرگانییە زیرەکەکان بەئاسانی لێدانەکانی دڵمان دەژمێرن، بڕی ئادەرنالینی ناو خوێن دەپێون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەپێون و لە مەترسییەکان ئاگادارمان دەکەنەوە. زۆرینەمان چیرۆکی ڕزگارکردنی مرۆڤەکانمان لەلایەن کاژمێری زیرەکی کۆمپانیای ئەپڵەوە بیستووە. لەڕاستیدا ئەم کاژمێرە، سیستەم و میتۆدێکی ئالگۆریتمی ھەنگاو بەھەنگاوی تێدا داتاکراوەتەو و کاتێک داتای زانراوی جەستەی تۆ، کە بریتییە لە لێدانی دڵ، سوڕی خوێن، بەرز و نزمی پەستانی خوێن، بڕی ئادەرنالینی دەردراو بۆ ناو سوڕی خوێن و شەکرەی خوێن وەردەگرێت، خێرا کۆی ئەم داتایانە بۆ زانیاری دەگۆڕێت و لەمەترسی و ئەگەرەکان ئاگادارتدەکاتەوە. تەنانەت ئالگۆریتمی جێکەوتکراو لەسەر ئامێری ڕاکردن لەھۆڵەکانی لەشجوانیدا پێش تۆ و لەتۆ باشتر و دەقیق تر پێتدەزانێت کە چەندت کالۆری سوتاندووە و چەندت وزە بەفیڕۆداوە. با سەرنجی بەشێکی بچوک لەمیتۆدی کارکردی ئالگۆریتمی فەیسبوک بدەین بەنمونە. ئەم ئالگۆریتمە کاتێک تۆ لەڕێگەی ھێما و ئیمۆجیی یان کردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەکان یاخۆ لایک و فۆلۆی پەیجەکان ئەکتیڤیتی تێدا دەکەیت، دەمودەست دەزانێت حەزت بەچیە، چی توڕەت دەکات و بەچی دڵخۆش دەبیت. دەزانێت تۆ لەگەڵ کام لەفرێندەکانت بینەری کام ڤیدیۆیە بوون. کۆی ئەم ئەنجامانەی فەیسبوک دەیدات بەدەستەوە، بەرئەنجامی ئەو داتایانەیە کە تۆ لەڕێگەی لایک یان ڤیو یان کۆمێنتەوە داخڵی ئالگۆریتمی فەیسبوکی دەکەیت. پێدەچێت بەڕاستی ئێمە لەچاخی ئەھریمەنییانەی باڵادەستيی ئالگۆریتمەکاندا بژین. پێدەچێت بۆ یەکەمینجار لەمێژوودا دیاردەیەکی نائۆرگانیی وەکو ئالگۆریتمی زیرەک، خودی خۆمان و ھەستەکانمان لەخۆمان باشتر بناسێت و تێیبگات. نوح ھەراری لەم پنتەوە داخڵ بەو ڕوانگەیە دەبێت کە دانیال دێنیت پەنجا ساڵە پەرەی پێدەدات. ئەویش بریتیيە لە ڕوانگەیەکی گوایە لەوەھم داماڵدراو، کە مرۆڤ وەک ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی پەتیی وێنادەکات! نوح ھەراری وەھا ئەم ڕوانگەیەی دێنیت تەوزیف دەکات کە گوایە ھەستەکانمان و سۆزەکانمان و ئارەزووەکانمان، خەم و شادییە زوو گوزەرەکانمان ڕستێک ئالگۆریتمن و پەرەسەندن لە ناخی ئێمەدا و لە سۆفتوێری دی ئێن ئەی ئێمەدا کۆدڕێژی کردوون بۆ یەک مەبەست و بۆ وەدەستخستنی یەک ئامانج: مانەوە و وەچەخستنەوە.

نوح ھەراری بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم تێزە، نمونەیەکی گریمانەیی دێنێتەوە. دێژێت پێدەچێت لەشوێنێکدا و ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا، بەھۆی بازدانێکی ژێنەتیکیيەوە، سمۆرەیەکی بەختەوەری دەگمەن بەدیھاتبێت کە تەنھا بەخواردنی کاکڵەی گوێزێک، سەرلەبەری چێژەکان و تەنانەت چێژی جوتبوونیشی ئەزمونکردبێت و سەراپای ژیانی بەخۆشی گوزەراندبێت! بەڵام لێرەدا ھەڵەیەک لەئالگۆریتمی ئەم سمۆرەیەدا ھەیە. ئالگۆریتمی ھەست و سۆز و پێویستی غەریزیی ئەم سمۆرەیە چیتر داتا ھاتووەکان لەدونیای دەوروبەریەوە شیکاری ناکات. ئەو تەنھا بەیەک گوێز ھەموو چێژێکی بەدەستھێناوە و چیتر زەحمەتی ململانێ لەپێناو مانەوە و وەچەخستنەوە ناخاتە بەر خۆی. بۆیە ئەم سمۆرەیە لەوێدا کۆتایی پێدێت و چانسی وەچەخستنەوە لەدەستدەدات. ھەراری دەیەوێت بڵێت، ھەستەکانمان و سۆزەکانمان و ئارەزووەکانمان تەنھا ڕستێک ئالگۆریتم یان میکانیزمی فریودەرانەی سرووشت و پەرەسەندنن. بەمانا بوداییەکەی بۆیە ئەم ھەست و سۆز و ئارەزووانە ھیچکات تێرنابن و لەپاش گەیشتن بەھەر چێژێک و پاش بینینی ھەر خۆشییەک، خێرا بزردەبن و دواتر لەشێوەی خەمۆکی و بێزاریدا دێنەوە و پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێن تا بەرەو سێکسێکی تر و چێژێکی تر مل بنێت، بۆئەوەی سرووشت لەم ڕێگەیەوە دەستەبەری مانەوە و وەچەخستنەوە بکات. دەردی شۆپنھاوەر دەیگوت؛ چێژی سێکس فریوێکی سرووشتە. نوح ھەراریش دەڵێت: پەرەسەندن بە فریوی چێژ، پاداشتی ئەو کارەمان دەداتەوە کە زامنی مانەوە و وەچەخستنەوەمان دەکەن! کاتێک بۆنی جەستە و ئاوازی ڕەگەزی بەرانبەر، ئالگۆریتمی ھەست و سۆزت دەوروژێنێت، خێرا سیستەمە ئالگۆریتمئاساکەی جەستە پەرچەکردار پیشاندەدات. نیرۆئەناتۆمیکی مێشک، تەزووی ئەلیکتریستەی پڕ لە خورپە، ئەکتیڤبوونی ڕێژێنەرەکانی گورچیلە و پەنکریاس و گون، دەردرانی ھۆرمۆن و ڕژێنی ئادەرنالین بۆ ناو خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی لێدانی دڵ، چالاکبوونی سوڕی خوێن و گەرمداھاتنی تۆڕە دەمارەخانەییەکانی مێشک، تێکڕا ئەو ھەنگاوە یەک بەدوای یەکدا ھاتووانەی ئالگۆریتمی بایۆکیمیایی جەستەن کە داتای بۆن و بەرام و ئاوازی ھاتوو لەڕەگەزی بەرانبەرەوە دەگۆڕن بۆ زانیاری. کردەی سێکس و چێژی ئۆرگازم لێرەدا ئەنجام نیە، بگرە پاداشتێکی فریودەرانەی سرووشت و یاسای پەرەسەندنن. مانەوە و وەچەخستنەوە لێرەدا ئەنجامی کۆتایین. بۆیە بەپێى دیدی نوح ھەراری پاش کردەى سێکس، کۆی ئەم ورووژان و خرۆشانانە بزردەبن و ھەستی خۆشی بەجۆرێک بۆ ناخۆشی دەگۆڕێت، وەک ئەوەی کردەى سێکسەکە ھەر ڕووینەدابێت. بەڵام یاسای پەرەسەندن سەرلەنوێ بەفریوی ئەزمونکردنی چێژێکی تر ھانتدەدات سێکسی تر ئەزمونبکەیت. چونکە گەر وەھا نەبا، ئەوا تۆش بەدەردی ئەو سمۆرە گریمانەییە دەچوویت کە بەخواردنی تەنھا یەک کاکڵەی گوێز بەختەوەری تاھەتایی بەدەستھێنا. لێرەدا نوح ھەراری دێژێت، ئالگۆریتمی بایۆکیمیایی مرۆڤ بەوجۆرە پەرەی نەسەندووە کە بشێت تامی بەختەوەری تاھەتایی بکات و بەختەوەری تاھەتاییش ئامانجی ئەم ئالگۆریتمە نیە.