A+    A-
(1,499) جار خوێندراوەتەوە

ئەخلاقى پزیشکى و مۆدێلەکانى چارەسەر

 

 

کام نیومەن

و. گۆران لەتیف

 

 

 

 ئەخلاقی پزیشکی کۆمەڵێک بەھایە چاودێرە بەسەر پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆشەوە... بەپێی ئەم پێناسەیە بێت پزیشک ھاوکاریی نەخۆش دەکات دوور لە ھەر جۆرە داوەرییەک, هەر ڕوانگەیەکی رەگەزی، دینی، ڕەنگی پێست و نەتەوەیی, هەمیشە ئیشی لەپێشینەی دکتۆرە. زانستی پزیشکی، و بەدواشیدا پەیوەندیى پزیشک و نەخۆش هێندە گرنگ بووە کە بەدرێژایى مێژوو کۆمەڵێک گۆڕانکاریى گرنگى بەخۆوە بینیوە. بەڵام بۆچی بڕى زانیارى لەنێوان پزیشک و نەخۆشدا هاوسەنگ و هاوتا نیە و بەشێوەیەکی یەکلایەنە لە سودی پزیشکدایە؟ لێرەدا ئاوڕ لە ڕەوتى ئەو وەرچەرخانە مێژووییە دەدەینەوە، بەڵام پێش ئەوەی بچینە سەر ناوەڕۆکی نوسینەکە بە باشی دەزانم نموونەی نەخۆشێک بھێنمەوە کە ڕۆژانە دکتۆر دەیبینێت و سەروکاری لەگەڵدا ھەیە. بۆ ئەوەی ھاوەڵە پزیشکەکانم, ئاگاییان زیاتر بێت و لەسەر بنەمای ئەم نەخۆشە گریمانەییە بتوانن خۆیان بخەنە جێگای پزیشک. بەم شێوەیە رەنگە ھاوەڵ و ھاوکارەکانم کەمێک زیاتر لە هەلومەرجى سەختی چارەسەرکردنی نەخۆش تێبگەن!

 

نەخۆشە گریمانەییەکە:

گریمانەی نەخۆشێک دەکەین، ژنێکى تەمەن ٢٦ساڵە، کارمەندی بانکە و ماوەیەکی کەمە ھاوسەرگیریى کردووە. ڕۆژێک لەکاتی حەمامکردن و خۆشۆریندا ھەست بە گرێیەک دەکات لە مەمکی ڕاستی دا، لە دوای بینینی دکتۆر و ئەنجامدانی پشکنین و تیشکی پێویست دکتۆر بۆی دەردەکەوێت کە ئەم کچە شێرپەنجەی مەمکی ھەیە. ڕێگاکانی پەیوەست بە چارەسەری ئەم نەخۆشە بریتیین لە: لابردن و دەرھێنانی گرێیەکە و لابردن و لێکردنەوەی مەمکی و لابردنی گرێ و غودە لیمفاوییەکانی ژێر باڵی و بەکارھێنانی دەرمانی کیمیاوی و بەکارهێنانى تیشک بۆ نەخۆشەکە.

ئێوەى دکتۆر چى بە نەخۆشەکە دەڵێن؟ هاوەڵانى دکتۆرم دەتوانن بەشێوەیەکى ئازادانە ڕاى خۆیان دەربڕن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم نەخۆشە گریمانەییەدا بکەن.  

 

مۆدێلەکانى پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش

 

  • سەرهەڵدان و ئاوابوونى باوکسالاری: بوقرات بنیاتنەری یەکەمین مۆدێلى پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆش بووە, واتە ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت باوکسالاری. بەپێی ئەم باوەڕە، ئەوە پزیشکە بڕیاردەدات چی چارەسەرێک گونجاوە و پاراستنی سەلامەتیی نەخۆش چیە و چۆنە. نەخۆش ھیچ ڕۆڵێکى لە بڕیارداندا نیە. لە پەیوەندیى باوکسالارانەدا, پزیشک ھەندێ زانیاری کە خۆی بە باشی دەزانێت بە نەخۆش دەدات لەسەر نەخۆشییەکەی، بەڵام دەرەنجام خۆی بڕیاردەدات لە شێوازی چارەسەرکردنی نەخۆشەکەدا و نەخۆش خۆی ھیچ ڕۆڵێکى نیە لە چارەسەری نەخۆشییەکەیدا! سەبارەت بە نمونەکەى سەرەوە, پزیشک بە نەخۆشەکە دەڵێت شێرپەنجەى مەمکى هەیە و واى بە باش دەزانێت بخرێتە ژێر چارەسەرى کیمیاییەوە. گەرچى لەم هەلومەرجەدا کە نەخۆشەکە ڕووبەڕووى نەخۆشییەکى سەخت بووەتەوە, ئەوا ئەم پێدەچێت مۆدێلە بەکاربێت, لە بیست تا سى ساڵى ڕابردوودا ئەم جۆرە پەیوەندییەى پزیشک و نەخۆش گۆڕانى زۆرى بەسەردا هاتووە. ئەم پەیوەندییە سەبارەت بە کەسانى توشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان, زۆر کارى پێ ناکرێت چونکە نەخۆشەکە هیچ ڕۆڵێکى لە بڕیارداندا نیە لەسەر چۆنیەتیى چارەسەرى نەخۆشییەکە.

 

  • مۆدێلی هۆشیارکەرەوە، یان مۆدێلى داڕێژراو: لەم مۆدێل و شێوازەدا، پزیشک ھەموو زانیارییە پێویستەکان بە هەموو وردەکارییەکانیەوە بۆ چارەسەرکردن بە نەخۆشەکە دەدات. ئەوە نەخۆشە بڕیاردەدات چۆن چارەسەربکرێت و پزیشک ھیچ بڕیارێک لەباتیی نەخۆش نادات. وەزیفەی پزیشک تەنھا پێدانی زانیاریی ورد و دەقیقە بە نەخۆش و ئازادکردن و سەرپشککردنێتی لە وەرگرتنی شێوازەکانی چارەسەرکردن. بە شێوەیەکی گشتی ئەم مۆدێلە لە چارەسەرکردنی نەخۆش بە تەواوەتی پێچەوانەی مۆدێلی باوکسالارییە، چونکە پزیشک تەنیا زانیارییەکان دەگوازێتەوە بۆ نەخۆش بۆ ئەوەی وردەکاریی نەخۆشییەکە بزانێت و ئاگایی و زانیاری تەواوەتیی لەسەر جۆری نەخۆشییەکە ھەبێت.

 

  • مۆدێلی پزیشک وەک بریکار: لەم شێوازەدا پزیشک وەک بریکارێک، بەرپرسیارێتیی ستراتیژیى سەلامەتیی نەخۆش دەخاتە ئەستۆی خۆی و لە دوای پێدانی زانیارییەکان بە نەخۆش, ئەوەى بۆ نەخۆشەکەى هەڵدەبژێرێت هەر ئەو شتەیە کە ئەگەر نەخۆشەکە تواناى هەڵبژاردنى هەبوایە ئەوا خۆیشى هەر ئەوەى هەڵدەبژارد. پزیشک هەمیشە سەلیقەى نەخۆش ڕەچاودەکات و پرسیار لەمەڕ پلانەکەى دەکات بۆ داهاتوو, هەروەها شێوازى ژیانى و هتد. بە دەربڕینێکى تر, هەم خستنەڕ,وى زانیارییەکان و هەم هەڵبژاردنى باشترین ڕێگاکانى چارەسەر لە ئەستۆى پزیشکدایە و ئەوە پزیشکیشە کە لەبرى نەخۆشەکە بڕیاردەدات.  

کورتەی ئەم دیدگایە ئەوەیە: پزیشک خۆی دەخاتە جێگای نەخۆشەکە و لەباتیی ئەو بڕیاردەدات, و سەلیقەى خۆى لە چارەسەرى نەخۆشەکەدا ڕەچاوناکات.

 

٤-مۆدێلى تێبینی‌دەر: لەم شێوازەدا پزیشک وەک ھاورێ یان مامۆستایەک لەگەڵ نەخۆشدا دەجووڵێتەوە. هەرکە شارەزاى بەهاکانى نەخۆشەکەش بوو ئەوا یارمەتیى دەدات تاکو باشترین چارەسەر وەرگرێت و لەڕووى ئەخلاقییەوە سەربەخۆیى نەخۆشەکە پارێزراوە لەڕووى هەڵبژاردنى ڕێگاکانى چارەسەرەوە.

 

 

وەک دەردەکەوێت، ھەر یەک لەو چوار مۆدێل و شێوازەی پێناسەمانکرد، ھەر یەکەیان لە نێو خۆیدا کێشەدارە و وەڵامگۆی چاوەڕوانییەکانی نەخۆش نیە لەم جیھانە پێشکەوتووەی ئەمڕۆدا. پێشکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکانى زانستی دەرمانسازی و تاقیگە پێشکەوتووە خانەیی و گەردیلەییەکان و شێوازی چارەسەرییە پێشکەوتووەکان و زانستی پزیشکی کارێکى بەسەردا هێناوە کە ئیتر تاقە پزیشکێک بە تەنھا توانا دیاریکردنی جۆری نەخۆشی و چارەسەرکردنی نەبێت. لەبارەی ئەو نمونەیەی سەرەوە کە باسمانکرد کچێکە تازە دووچاری شێرپەنجەی مەمک بووە، بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە کاری گرووپێکە لە پزیشکان، پزیشکی گشتی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی شێرپەنجە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون و پسپۆڕی تیشکە بۆ ئەوەى شێرپەنجەى مەمکى ژنێکى گەنج بە باشترین شێواز چارەسەربکرێت کە لە تەمەنى مناڵخستنەوەدایە. ڕوونە بۆ چارەسەرکردن ڕێگای جیاواز زۆرە، پێویستە ئەو ڕێگایانە بۆ نەخۆش روونبکرێتەوە بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانێت و مافی ئەوەی ھەبێت لەگەڵ پزیشک دا بڕیاربدات لە چارەسەری نەخۆشیەکەیدا...

مۆدێلی باوکسالاری، ئەم میتۆدە لە زانستی پزیشکی دا بەسەرچووە، چونکە مافی ھەڵبژاردن و بڕیاردان لە نەخۆش وەردەگرێتەوە و نەخۆش بێبەش دەکات لە بڕیادان لە ژیان و مەرگی خۆیدا! لە مۆدێلی هۆشیارکەرەوەدا، لێرەدا پزیشک تەنھا زانیاری بە نەخۆش دەدات و ئاگاداری دەکاتەوە لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە، بە شێوەیەک لەم سەردەمەدا لە ڕێگای ڤیدیۆ فێرکارییە پزیشکییەکانەوە، یا لەڕێگای سێرچێکی سادەی ئینتەرنێتەوە نەخۆش دەتوانێت ئەو زانیارییانە بە دەستبھێنێت. پزیشک ڕۆڵى ڕاستەقینەى پزیشکێک ناگێڕێت. لە مۆدێلی پزیشک وەک بریکاردا، دیسان لەکۆتایدا، ئەوە پزیشکە بڕیاردەدات و نەخۆش دووردەخاتەوە لە چوارچێوەی بڕیاردان لە بارەی نەخۆشییەکەیەوە. لە مۆدێلی تێبینى‌دەردا، بە ھەمان شێوە پزیشک تەنھا وەکو ھاوڕێیەک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشدا دەکات، نەک وەکو پزیشکێکی چالاکى دەرمانپێدەر.

 

چی بکەین؟

زۆبەی لێکۆلینەوەکان لەسەر مۆدێل و شێوازەکانی چارەسەرکردن ئەوەمان بۆ ڕووندەکەنەوە باشترین میتۆد لەبارەی پەیوەندیی نێوان پزیشک و نەخۆشەوە شێوازی «بڕیاردانی ھاوبەش»-ە لەنێوان پزیشک و نەخۆش دا... چونکە نەخۆش دەیەوێت ئاگایی و زانیاریی زۆری ھەبێت لەسەر نەخۆشییەکەی و لە ھەمانکاتدا چاوەڕوانیی ئەوەی ھەیە، پزیشک بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بگرێتە ئەستۆ و ڕۆڵێکى کارای لە چارەسەرییەکانیدا ھەبێت، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە پزیشک ڕێگا بە نەخۆش بدات و ڕاوێژی پێبکات ئەو بۆچوونانەی نەخۆش ھەیەتی بە ھەند وەربگرێت لە کاتی چارەسەرکردن دا.

 

تایبەتمەندییەکانى مۆدێلى بڕیاردانی ھاوبەش

 

لەم مۆدێلەدا لانيكەم دوو کەس(پزیشک و نەخۆش) لە پەیوەندیدان. زانیارییەکان ئاڵوگۆڕدەکەن بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە باشترین شێوازی چارەسەرکردن.

١)ئەگەرچی سەردەمەکەی ئێمە سەردەمی پێشکەوتن و خێرایی زانیارییە ئەمە یارمەتیی پزیشک و زانستی پزیشکی و زانستی دەرمانسازیی داوە کە دەرمان بە چەندین شێوە و بونیادى جیاوازەوە بەرھەمبھێنن بەڵام ئەم پێشکەوتنانە ھیچ لە گرنگیی پەیوەندییەکەی نێوان نەخۆش و پزیشک لە لایەک و پەیوەندیی نێوان پزیشک و ئەندامانی خێزانی نەخۆش و کەسە نزیکەکانی کەمناکاتەوە لە چارەسەرکردنی گونجاودا.

٢) چ نەخۆش، چ پزیشک، پێویستە بە شێوەیەکی کارا لە بڕیارداندا، بەشداری بکەن... بۆ نموونە ئەگەر نەخۆش مەیلی نەبوو لەگەڵ پزیشک دا بەژدار بێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەییدا، پێویستە پزیشک بە دواداچوون بۆ ئەو ھۆکارە بکات و ھاوکاریی پێویستی بکات. بە مانایەکی دیکە, پێویستە پزیشک لە کاتی بڕیارداندا خۆی بۆ پرسیار و دڵەڕاوکێکانی نەخۆش ئامادەبکات. نەخۆش لەگەڵ پرسیار و گومانەکانیدا بە تەنیا جێنەھێڵێت.

٣) سودوەرگرتن لە زانینە جیاجیاکانی زانستی پزیشکی، پێشمەرجی بڕیاردانی ھاوبەشە, و کەمترین کارێک کە پزیشک دەتوانێت ئەنجامی بدات خستنەڕووی ڕێگا و شێوازە جیاوازەکانی چارەسەرکردن و ڕوونکردنەوەی زیانەکانی ھەر یەک لەو ڕێگا و شێوازە چارەسەرییەیە و سودوەرگرتن و داوای ھاوکاریکردن لە گرووپە پزیشکییەکانی دیکە لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشدا.

 

 

 

قسەیەک دەربارەی ھاوپیشەکانم

 

چەندین جار چ لە نەخۆشەکان و، چ لە ھاوپیشەکانی خۆم گوێم لێبووە بە نەخۆشیان گوتووە(من پزیشکم یا تۆ)! لەکاتێکدا ئەم بیرکردنەوانە سەر بە مۆدێلی باوکسالارییە و لەو دیدگایەوە بۆمان ماتەوە.. له كاتێکدا ئەم شێوازە لە چارەسەرکردن لە زانستی پزیشکیی تازەدا جێگای نابێتەوە, و ئێستا پزیشک و نەخۆش ھاوکاریی یەکتر دەکەن لە ئاڵوگۆرکردنی زانیارییدا بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە تا لە ڕێگایەوە بگەنە باشترین شێوازی چارەسەرکردن... ئاشکرایە ئەم دیدگایە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆنی کۆنەوەیە و پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی تێپەڕێت لەم سەردەمە تێکەڵ و پێکەڵەدا... لە زانستی پزیشکی تازەدا ئەوە بەسەرچووە یەک پزیشک بتوانێت چارەسەری نەخۆش بکات، چارەسەرکردن پێویستی بە کاری گرووپییە و، ھەر بەشێک لە پزیشکان لە گۆشەیەکەوە دەتوانێت خزمەتی نەخۆشەکان بکات و چارەسەری گونجاویان بۆ دابین بکات.

 

لە کۆتاییدا ھیوادارم[ ...]

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://www.linkedin.com/pulse/%D8%A7%D8%AE%D9%84%D8%A7%D9%82-%D9%BE%D8%B2%D8%B4%DA%A9%DB%8C-%DA%86%DB%8C%D8%B3%D8%AA-%D9%BE%D8%B2%D8%B4%DA%A9-%D8%A8%D8%A7-%DA%A9%DB%8C%D8%B3%D8%AA-kam-newman