A+    A-
(1,703) جار خوێندراوەتەوە

پەیوەندیی نێوان پزیشک/نەخۆش!؟

و

سیستەمی تەندرووستی

 

 

 

 دێرسیم فایەق

 

 

 

بەریەککەوتنی نەخۆش و پزیشک، بەریەککەوتنێکی نابەرابەرە لەگەڵ ئەویتردا لە ناو چوارچێوەی پانتاییەکی ڕەمزیی بەرفراوانی ئەویتری گەورەدا دەسوڕێتەوە؛ وەک هەر پەیوەندی و بەریەککەوتنێکی دیکە. ئەویتری گەورە دەکرێت ڕێسا و یاساکانی پزیشکی بێت، یا پرۆگرامی پیشەییانە و یا تەنانەت ڕێسا کۆمەڵایتییەکانیش بێت، کە هەر کۆمەڵگەیەک و پەیوەندییەکی تایبەتیی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە لە دەرئەنجامی ڕۆشنبیری گشتی و ئاستی هۆشیاریی تاکەکانی.  بەپێی پرەنسیپە گشتییەکانی پزیشکی پەیوەندییەکە دەبێت سەربەخۆ و دادوەرانە و سوود بەخش و بێزیان بێت. بەڵام ئیمکانی پەیوەندییەکە لە ئاستێکی وەها لە ئاستێکی نزمدایە. پەیوەندیی نێوان پزیشک/نەخۆش بە جۆرێک لە جۆرەکان نزم بۆتەوە بۆ پەیوەندییەکی ئەبستراکتی نێوان کڕیار/فرۆشیار. بە شێوەیەک ساخکردنەوەی دەرمان و هەندێ زیادەمەسرەف بەشێکی گەورەی کایەی پزیشک  لە ئەخلاقی پزیشکی داماڵیوە.

لێرەوە بەریەککەوتنەکانى نێوان ئەم دووانە ڕووودەدات. پەیوەندی بۆ ئەویتر دەکرێت بەرککەوتنێکی بەزەبر و تراومایی، ئەو "ئەویتر"ـەی ژیژەک ناوی دەنێت دراوسێ. بە واتایەکی تر چرکەساتێک کە پەیوەندییەکە لە پەیوەندیی نێوان فریادرەسێک و هانابۆهێنراوێکەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ئەوێکى ترى قێزەون. ساتەوەختێک پزیشک لە هەموو ئەو ئەفسوون و سیحر و جادووی چارەسەر خاڵی ببێتەوە و بگۆڕێت بۆ بێگانەیەک، درواسێیەک، کە بگونجێت هەموو ئەگەرە قێزەون و شارەوەکانی تیایدا مومکین بێت. هیچ جۆرە متمانەپێکردنێک و دڵنیاییەک نەمێنێت. هەر لەم نێوندەدا ئەو کاردانەوەیەی لەلایەن نەخۆشەوە بەدیدەکرێت خۆی هەوڵی کوشتنی جەستەیی/ڕەمزی دکتۆردا دەبینێتەوە.

گەر تا ئێرە باسەکە لەسەر ڕەهەندە سوبێکتیڤ و زاتییەکانی نێوان پزیشک/نەخۆس بووبێت، ئەوا ئیتر ئاستێکی ئۆبێکتیڤ و بابەتی دێتەناوە. کاتێک هەر لە سەرەتاوە، دکتۆرێک لە کۆتایی وانەکەیدا بە وێنەی ڤێلا و سەیارەی ئاخر مۆدێل لە خەیاڵدانی خوێندکارەکانی دەئاخنێت، هەموو پیشە و ئەخلاقی پزیشکی کورتدەکاتەوە لەو چەند شتە مادییە بەرچاوتەنگییەدا، شتێکی هەروا سادە و ساکار نیە. کاتێکیش لەملاوە بەرپرسانی باڵای ئەم حکومەتەی کوردییەی هەرێم ڕایدەگەیەنن کە ئەم سیستەمەی سەردەمی بەعس سیستەمێکی سۆسیالیستییە بۆیە بۆتە ئەرک لە سەرشانمان و باری سەر شانمانی گران کردووە، وەک هۆکارێکی قەیرانی داراییەکەیان بەناوی دەکەن، ئەوا زەنگی هاتنی سیستەمی ئابوریی نیولیبراڵیزم لێدەدەن: بەتایبەتیکردنی کەرتە حکومییەکانی دەبێتە ئیشی لەپێشینە؛ ئیتر مرۆڤەکان "ئازادانە" سیستەمی تەندرووستیی خۆیان لە ناو بازاڕی ئازاددا هەڵدەبژێرن، چیتر پێویست ناکات خۆی ببەستەنەوە بە قەید و کۆت‌وبەندی بیمەیەکی گشتیی حکومییەوە. چۆمسکی ئاماژە بەوە دەکات کاتێک سیستەمی نیولیبرالیزم دەست بە تەنینەوە و جێگیربوونی خۆی دەکات یەکەم شت کە دەیکات وێرانکردنی کەرتی حکومییە، کەرتی حکومی وێراندەکات وەک سیستەمێک پیشانی دەدات کە توانای کارکردنی نەماوە و بۆتە ڕێگر و بەربەست، لەملاشەوە خۆی وەک کەرتی تایبەت سیستەمێکی جێگرەوەی خستۆتەڕوو کە کارایە و بەباشى ئیشدەکات. بۆیە بەم جۆرە دەبێت ئایدیاڵێک و فریادرەسێک. لایەنێکی تری ئەم سیستەمە ئابورییە لە کەرتی خوێندندا خۆی دەبینێتەوە. خوێندن لە هەموو ئاستەکانەوە هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بۆ زانکۆکان بەر ئەم لێشاوە کەوتوون. خوێندنی بە پارە بەرهەمهێنەرەوەی جۆرە عەقڵیەتی تایبەت بە خۆیەتی. چیتر ئیمکانی هەلی یەکسان ناهێڵێت، نابەرابەری درووستدەکات هتد. و لە کۆتاییشدا تاکە پێوەر هەر دەبێەەوە بە خودی  قازانج و پارە خۆی؛ شوێن بە هەمووی بەهای دیکە لەقدەکرێت. چیتر بەها کۆن و تەنگپێهەڵچنراوەکانی وەک فەزیلییەت و ئەخلاق و لەخۆبردوویی بینەفراوانی نامێنن و دەبن بەهەڵم و بە هەودا دەچن، وەک مارکس لە مانیفێستۆی کۆمۆنیست لە مژاری هاتنی سەرمایەداری بۆ هەر شوێنێک ئەوەی ئەنجامی دەدا لەو شوێنەدا باسی دەکات.

ڕەهەندێکی دیکە، فەرامۆشکردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستی و چاودێریی گشتی‌یە کە بنچینەیترین ئاستی تەندرووستی  و لەشساخیی هاوڵاتیان پێکدەهێنێت. پەیڕەوکردنی سیاسەتی چاودێریی تەندرووستی لە ئاستە سەرەتاییەکان و  بنچینەییەکاندا بە شێویەکی بەردەوام و بەربڵاو لە هەموو  شوێن و جێیەکدا، دەبێتەهۆی ئەوەی پێوەرە  تەندرووستییەکانی وەک ڕێژەی ماوەی ژیان (لە عێراقدا ٦٨ە بۆ نـــــێر، ٧٢ ساڵە بۆ مــێ) زیاد بکات و ڕێژەی مردنی منداڵ کەم بکاتەوە کە دوو پێوەری سەرەکیی ئاستی تەندرووستی هەر وڵاتێکن. هەروەها ڕێژە بوودجەی تەرخانکراو بۆ بۆ سیستەمی تەندرووستی و خوێندن زیاد بکرێت، کە لە عێراق‌دا لە سەدا ٥ـی بودجە بۆ تەندرووستی تەرخاندەکرێت. فەراهەمکردنی چاودێریی تەندرووستیی فراوان و بەربڵاو و پشکنینی بەردەوامی بەزۆر وا دەکات هەر لە ئاستێکی سەرەتاییدا نەخۆشییان دەستنیشان و بکرێن و بەزوویی بە تێچوویەکی کەمەوە چارەسەربکرێن. بەڵام بە شیوەیەکی گشتی لە جیهاندا لە سایەی ئەو سیستەمە ئابورییەى کە بەڕێوەی دەبات، کە پێشتر باسی لێوەکرا، ئەنجامدانی وەها شتێک بە زیان بۆ خودی سیستەمەکە دێتەوە، کە پێکهێنەرێكی سەرەکیی کەرتی تەندرووستییە، و خراوەتە دەستی چەند کۆمپانییەک و ملیارەها دۆلار پێوەی قازانج دەکرێت لە جیهاندا؛ بوونی چاودێرییەکی تەندرووستیی فراوان کە ئاماژەی پێکرا، لە چەندین ئاستی وەک  نزمبوونەوەی بەکارهێنان دەرمان و پێویستی نەبوون بە هۆکارە دەستنیشانکەرە گرانبەهاکانەوە دەبێتە کەمبوونەوەی قازانج.  لەولاوە ولاتێکی وەک کوبا هەیە. سەرەڕای ئەو هەموو گەمارۆ ئابوری و سیاسی و مرۆڤانەیەی لەسەریەتی، سەرەڕای دەستڕانەگەیشتن و ئاستەنگی لە پەیداکردنی تەکنەلۆژیا پزیشکییە نوێکاندا، سیستەمی تەندرووستی و خوێندنەکەی لە پێش زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی یەکەمەوەیە وەک ئەمریکا. ئەو وڵاتە نیوەی بودجەی ساڵانەی بۆ کەرتی تەندرووستی و خوێندن تەرخاندەکات. هەروەها ئەمەش بۆتە مایەی سوودی بۆ وڵاتی گەشەنەسەندووی دیکەی جیهانی سێیەم، کە ٣٠ هەزار دکتۆری هەیە لە دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەی خۆی.  بۆ هەر ١٢١ کەسێک دکتۆرێک هەیە، لەبەرامبەر عێراقدا رێژەکەی دە جارە کە بۆ ١٢٥٠ کەسێک دکتۆرێک بوونی هەیە. زۆری ڕێژەی پزیشک و بەربڵاوی و چڕوپڕی چاودێریی تەندرووستی  و پشکنینی زووبەزوو و دابینکراوی بێبرامبەر بۆ خەڵکی وا دەکات نەخۆشییەکان زوو هەستیان پێ بکرێت و چارەسەربکرێن.

خاڵی پێچەوانەی فەراهەمکردن و دابینکردنی چاودێریی تەندرووستی هەڵتۆقین و تەشەنەکردنی نەشتەگەری جوانکارییە. وەک بڵێی ئاوارتەیەک شوێنی ڕێسا و یاساکەی گرتۆتەوە کە چاودێریی تەندرووستی گشتییە. هەر ڕۆژەو جۆرە ئایدیالێک قوتدەىێتە و خۆی وەک دەرچە و ڕزگار بوون لە دڵەڕاوکێی و ڕاڕایی باوەڕ بەخۆنەبوون و  نەگونجاویی ڕووخسار و هەموو بەشەکانی دیکەی لەش دەخاتەڕوو، بەڵام ئەوەی سەرئەنجام بەرهەمدەهێنێتەوە هەر هەمان شتە. بەوەی کە کەسانی بەردەستی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دیسان ڕووبەڕووى ئەو پرسیارە دەبنەوە ئایا ئەمە ئەوە کە دەمویست؟ و بۆتە مایەی خستنەوەی دڵەڕاوکێ و ڕاڕایییەکی بەردەوام کە خۆی ئەساسەن بەڵێنی چارەسەرکردنی داوە لە سەرەتادا. لە دەروونشیکاریی لاکانی دا جیاوازی دەکرێت لەنێوان دوو جۆر ئایدیاڵ‌دا. یەکەم منی-ئایدیاڵ(Ideal ego) دووەمیان ئایدیاڵی-من (Ego-ideal)ـە. یەکەمیان لەناو پانتایی خەیاڵیدا دەسوڕێتەوە و خۆی لەهاوشوناسکردن لەگەڵ ئەویتردا؛ هێشتا هەر لە قۆناغی ئاوێنەییدایە. بە پێچەوانەوە ئایدیاڵی من سەر بە پانتایی ڕەمزییە، دالێکی ئایدیاڵە و ئەو یاسا و ڕێنوێنییانەیە کە ناوەکی بوونەتەوە و پێگەی سوبێکت لە پانتایی ڕەمزیدا دیاری دەکەن. سوبێکت ئاگاییانە هەڵیان دەبژێرێت، بە پێچەوانەوەی سوپەرئیگۆ کە پنتکی نزیکی ئەمە بەڵام لەناو پانتایی نەستدایە. لێرەوە ئەو ئایدیاڵانەی ئەمڕۆ بازاڕی ئازاد دەیانخاتەڕوو سەر بە ئایدیاڵی-من‌ـن لەسەر لاساییکردنەوە و  وێناکردن و و خۆخستنەجێی مۆدێل و ئەکتەر و یاریزان هتد بەندن. دیسانەوە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری لەوە دەرچوووە بوارێکی ئاوارتەیی و ئیستیسنایی بێت بۆ هەر زیان و زەبرێکی جەستەیییانە.