A+    A-
(1,330) جار خوێندراوەتەوە

گۆڕینی نەخۆش لە ئامانجەوە بۆ ئامراز

 

 

 

شوشە عەلى

 

 

 

 

 

خزمەتگوزاریی تەندرووستی   

 

یەکێکە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە؛ خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان پێشکەش بکات. مافی ھەموو ھاوڵاتییەکە، کە بتوانن سوود لەم خزمەتگوزارییانە وەربگرن، بەبێ جیاوازی و بە یەکسانی لە نێوانیاندا.

بۆ باش بەڕێوەچوونی ئەم خزمەتگوزارییە پێویستە لەسەر دەوڵەت؛ ئامراز و شێوەی چارەسەری گونجاو دابین بکات. ھەروەھا پێویستی بە دەرکردنی یاسا و ڕێوشوێنی گونجاوە، بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکان لەبارەی تەندرووستیی خۆیان و مافەکانیان. ھەروەھا دیاریکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتیی  پزیشک و ڕەفتاریان. کە پێویستیە پزیشک پابەندی ئەو بڕیار و یاسایانە بێت کە لەلایەن سەندیکای پزیشکانەوە یاخود لەلایەن یاسادانەرانەوە دیاری دەکرێن.

لە عێراق و لە کوردستاندا بەڵگەنامە و پرۆژەیاساییەکی ڕوون و دیاریکراو نییە، تایبەت بێت بە دیاریکردنی ئەرک و لێپرسراویەتیی پزیشک و دیاریکردنی مافی نەخۆش.

ئەوەی ھەیە لەچەند ماددەیەکی جیاواز لە یاسای شارستانی و دەستووریدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ چەند  پرۆژە یاسایەکی  پێشکەشکراو. لێرەدا  ئاماژە بە ئەخلاقی پزیشکی(ئەرک و لێپرسراویەتی) و مافەکانی نەخۆش و پەیوەندییان بەیەکترەوە جێی سەرنجە.

 

ئەخلاقیاتی پزیشک

بەو کۆمەڵە ڕەفتار و ھەڵسوکەوتە دەوترێت،  کە پزیشک لە کاتی چارەسەر بۆ نەخۆشدا پیادەى دەکات. یاخود  بە مانای ئەو ئەرک و لێپرسراویەتییە دێت کە پزیشک لە کاتی چارەسەردا پێی ھەڵدەستێت.

ئەخلاقیاتی پزیشک شتێکی نوێ نیە و مێژوویەکی  دێرینی ھەیە، لە کۆندا بوقرات باسی ئەمەی کردوە کە ناسراوە بە سوێندنامەکەى بوقرات(قسم أبقراط) کە پێک ھاتبوو لە ھەندێ دەق بۆ  ڕێکخستن و پیادەکردنی (ممارسە) کاری پزیشکی. ھەروەھا  (إسحاق بن علي الرحاوي) لە کتێبی (آداب الطبيب) باسی ئەخلاقیاتی پزیشکیی کردووە. لای یەھوودیەکانیش وەک  (موسی بن ميمون القرطبي) ئاماژەی پێکردووە. کاسۆلیکیکیەکانیش گرنگیان بە ئەخلاقیاتی پزیشکی داوە وەک تۆما ئەکوینی کە راھیب و فەیلەسوف بوو لە بواری ئەخلاق و یاسای سرووشتی و سیاسەت، گرنگیی بەم بابەتە داوە. کە ئەمانە وایان کرد ئەخلاقیاتی پزیشک مێژوویەکی ڕوونی ھەبێت و گەشە بکات و گرنگی پەیدا بکات و یارمەتیدەر بوو بۆ دانانی چەند بنەمایەک بۆ پزیشک و ڕێکخستنی کارەکەی.

 

گرنگترین بنەماکانی ئەخلاقی  پزیشکی کە دەبێت ڕەچاوبکرێن و جێبەجێبکرێن:

 

یەکەم: کاری  چاکە بۆ نەخۆش

ئەم بنەمایە لە سەردەمی بوقراتەوە  ھەیە، یەکێکە لە بنەما بنچینەییەکانى پیشەی پزیشکی. دەبێت ئامانجی پزیشک ئەنجامدانی کاری چاک بێت, و باشترین شت بۆ نەخۆش بکات. ئەویش بەبێ گوێدانە ھیچ ئیعتیبارێکی تایبەت،  ھەوڵی تەواو بدات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش.

ھەروەھا سوێندەکەی بوقرات جەخت لەسەر ئەم بنەمایە دەکاتەوە،  کە بوقرات لە سوێندەکەیدا دەڵێت " سوێندبێت بۆ بەرژەوەندیی نەخۆشەکان بچمە ماڵان و ھەر شتێکیش پشت گوێ بخەم کە زەرەریان پێبگەیەنێت. فێڵ لە ژنان یا پیاوان، ئازادبن یا کۆیلە، نەکەم و دەستدرێژیان نەکەمە سەر.ھەر شتێکیش دەبینم یا لە خەڵکی  دەیانبیستم و پێویست بکات بە نھێنی بمێننەوە، نەیاندرکێنم".

 

دووەم: بنەمای زیاننەگەیاندن بە نەخۆش

ئەم بنەمایە مەبەستی ئەوەیە پێویستە پزیشک ھۆشیار بێت، لەوەی کاتێک چارەسەر دەدات بە نەخۆش، زیانی پێنەگەیەنێت  بەھۆی دەرمان وەرگرتنەوە بێت یا شێوازی چارەسەر. دەبێت پزیشک توانای ئەوەی ھەبێت ھاوسەنگی بکات، لەنێوان ئەو چارەسەرەی کە بۆ نەخۆش دەیکات و ئەو زیانانەشی کە بەھۆیەوە دەکەوێتەوە. ئەمەش چەند شێوازێک دەگرێتەوە،  بۆنمونە زیادەڕۆیی‌نەکردن لە بریندارکردن و دڕینی پێست لە کاتی نەشتەرگەرییدا؛ یاخود دەرمانی درووست کە بۆ نەخۆشییەکە گونجاو بێت و زیان بە نەخۆش نەگات. یان زیان بگات بە ئەندامێکی تری جستەیی  و لەکارکەوتنی، ھەروەھا چاودێریی نەخۆش تا باش دەبێتەوە بۆ پاراستنی لە کاریگەرییە دەرەکییەکانی چارەسەر وەرگرتن.

ھەروەھا لە یاساى مەدەنیی  عێراقی لە باسی پابەندبوونی پزیشک ھاتووە، کە پزیشک دەبێت ھۆشیاریی تەواوی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش و پشتگوێى نەخات لە چارەسەرکردنی نەخۆشدا، ئەگەرنا بەرپرسیار دەبێت لەو زیانەی بەر نەخۆش دەکەوێت، کە پێویستە بسەلمێنرێت کە بەھۆی پزیشکەوە زیانەکە کەوتۆتەوە.

 

 

بنەمای سێیەم: ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی نەخۆش

 

سەربەخۆیی ھەر کەسێک بریتییە لە توانای کەسەکە بۆ بیرکردنەوە و توانای بڕیاردان و ڕەفتارکردنی، بە ئازادی و بێ ھیچ زۆرلێکردنێک لە ئیرادەی بۆ کردنی کارێک. ڕێزگرتن لەم بنەمایە بە یەکێک لە بنەڕەتەکان دادەنرێت, و بە ھیچ جۆرێک لادان لێی نیە لەھەر بارودۆخێکدا بێت(دیارە بەگشتى وا دەڵێین).

ھەروەھا لە بەندی چوارەم(حوکمەکانی ڕێکخستن  و سزادان) لە یاسای تەندرووستیی گشتی ژمارە (٩١) لە بڕگەی(چوارەم-ب)  ھاتووە " نابێت نەشتەرگەری بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت، ئەگەر بێتو بەڕەزامەندیی خۆی نەبێت کاتێک ھۆشی لاى خۆى ھەبوو، یا ڕەزامەندیی کەسێکی نزیکی گەر بێ ھۆش بوو یا منداڵ بوو. ئەمە ئەو حاڵەتە ناگرێتەوە کە ژیانی نەخۆشێک ھەڕەشەی مردنی  لەسەر بێت یا ڕوبەڕووی  مەترسی ببێتەوە کاتێک ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە دوا بکەوێت، بەمەبەستی ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆش بەبێ ئەو ڕەزامەندییەی وا باسکرا".

ڕێزگرتن لەم بنەمایە چەند حاڵەتێک یاخود رەفتارێک دەگرێتەوە :

 

  • وەرگرتنی ڕەزامەندیی نەخۆش, پێش بڕیاردان بۆ دەستکردن بە چارەسەر وەرگرتن. ھەروەھا پێویستە ئەو پزیشکە یاخود ئەو کارمەندە تەندرووستییەی کە چارەسەر بۆ نەخۆش دەکات، شارەزایی تەواوی ھەبێت و ڕێز لە نەخۆشەکە بگرێت. ھەروەھا پزیشک جۆری چارەسەرەکە بۆ نەخۆش ڕوون بکاتەوە، لە کاریگەرییە ئەرێنى و نەرێنییەکان و ماوەی چارەسەریش؛  نەخۆش ئازادە لە وەرگرتنی چارەسەر یاخود ڕەتکردنەوەی.
  • وتنی ڕاستی جۆری نەخۆشی بە نەخۆشەکە، لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافی نەخۆشەکە، بە جۆرێک پێی نەوترێت کە زیان لە نەخۆشەکە بدات.
  • ئاشکرانەکردنی نھێنیی نەخۆش، جگە لەچەند حاڵەتێکی دیاریکراو. بۆ نموونە بۆ بەرواری لەدایکبوون؛ یاخود یاخود داواکاریی دادگا بۆ دۆزینەوەی تاوانێک یاخود بۆ لایەنێکى دیاریکراو بۆ دڵنیا بوون لە بارەی تەندرووستیی نەخۆشەوە.

 

وەک(٨٩)ی یاسای سەلماندنی ژمارە(١٠٧)ی تایبەت بە پاراستنی نھێنییەکانی پیشەدا ھاتووە"پارێزەر یا پزیشک یا بریکار و کەسانی دیکە کە بەھۆی پیشەکەیەوە بە ڕووداوێکی زانی یا زانیاری ھاتە لا، نابێت ئەو زانیارییە بڵاوبکاتەوە تەنانەت دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیشی، بەڵام ئەگەر داوای لێکرا بۆ شایەتیدان یا ئەگەر بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی تاوانێک، پێویستە لەسەری شایەتی بدات".

 

چوارەم: بنەمای دادپەروەری  لە نێوان نەخۆشەکاندا. بابەتی دادپەروەری وەرگیراوە لە دیانەتە ئاسمانیەکانەوە، کە بەمانای جیاوازی نەکردن دێت لە ڕەفتاردا، بەرامبەر خەڵک بەھۆی جیاوازیی ڕەگەز و نەتەوە و دین و شوێنەوە. بۆیە پێویستە لەسەر پزیشک لە چارەسەرکردنی نەخۆشدا، ھەموو ھەوڵی خۆی بدات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش بە دادپەروەری و بێ جیاوازی. ھەروەھا ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە کە پێویستە پزیشک پێوەی پابەند بێت.

 

 

کارکردن بە دادپەروەری لە ڕەفتاردا چەند شێوازێک دەگرێتەوە:-

 

١-پێویستە ئەم بنەمایە بە شێوەیەکی گشتی پەیڕەوبکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕەفتاری پزیشک بەرامبەر نەخۆش و یارمەتیدەری نەخۆش. لە شێوازی قسەکردن و چارەسەری ڕۆژانە بۆ ھەموو خەڵک و بێ جیاوازی بێت.

 

٢-ئەم بنەمایە بۆ ھێنانەدیی چاکەی گشتییە، ھەروەھا دەبێتەھۆی باشترکردنی پەیوەندیی نەخۆش و پزیشکیش.

 

٣-پێویستە پزیشک دادپەروەر بێت، لە پێدانی کات بەنەخۆشەکان. بۆ نمونە نابێت پزیشک زۆربەی ماوەی کارکردنی لای نەخۆشێک بێت و مافی نەخۆشەکانی تر بخوات و کاریگەریی نەرێنى و سەلبی لەسەر نەخۆشەکانی تر درووستبکات.

 

٤-پێویستە ئەو دەرمان و چارەسەرانەی پزیشک لایەتی، بە شێوەی یەکسان بۆ نەخۆشەکانی دابینبکات, بەتایبەت لە کاتی کەمیی دەرماندا.

٥-پێویستە لەسەر پزیشک تحقیقی ئەم بنەمایە بکات، بێ جیاوازی و بە ئاگاییەوە ھەموو زانیارییە تایبەتیەکانی نەخۆش تۆمار بکات.

ھەروەھا یاساى عێراقی سەبارەت بە نەخۆش و تەندرووستیی ھاوڵاتیان لە دەستوردا چەند ماددەیەکی ھێناوە؛ لەوانە ماددەی(٣٠بڕگەی یەکەم و دووەم-ماددەی ٣١بڕگەی یەکەم). ھەروەھا لە پڕۆژە دەستووری ھەرێمی کوردستان -عێراق ماددەی٢٤بڕگەی یەکەم و دووەم ئاماژەی پێکردووە. یاسای ژمارە(١٠)ی ساڵی (١٩٨٣) کە بەیاسای وەزارەتی تەندروستی ناسراوە، و یاسای تەندرووستیی گشتی ژمارە(٨٩)ی ساڵی ١٩٨٦و یاسای تەندرووستیی دەروونیی ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠٠٥، بەشێوەی جۆراجۆر باسیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و چاودێریی تەندرووستیی ھاوڵاتیان کردووە.

 

لە ڕێنماییەکانی ئاکاری پیشەیی کە ئەنجومەنی سەندیکای پزیشکانی عێراق بە بڕیاری ژمارە(٦)لە دانیشتنی (٨)ی ١٩٨٥ بە پشت بەستن بە بڕگەی یەکەمی ماددەی(٢٢)ی ژمارە(٨) ساڵی  ١٩٨٤ دەریکردووە، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پزیشک دەڵێت"پزیشکی پیشەیەکی تایبەتە کە لە نێو پیشەکانی دیکەدا وێنەی نیە. ئەو پیشەیە مومارەسەیەکی ھونەرییە کە ئامانجەکەی خزمەتێکی مرۆییەو پزیشک تیایدا شایستەی ئەو بنەمایە دەبێت کە نەخۆشەکە دەیداتێ، نەخۆشیش بەدەر لە ئاینەکەی یا نەژادەکەی یا باوەڕی سیاسی، پێویستە ڕێز لە کەرامەتی بگیرێت و ئەوپەڕی بایەخی پزیشکی پێشکەش بکرێت".

بۆیە دەتوانین بڵێین یاسا تا ڕادەیەکی باش پێناسەی ئەخلاقیاتی پزیشکیی کردووە و، ماف و ئەرکیانی باسکردووە. بۆیە لەگەڵ ئەم ئەرکانەدا، پزیشک خاوەنی کۆمەڵێک ماف و پارێزگاری یاساییە.لەبەرئەوەی پزیشک وەک ھەرکەسێکی ترمافی وەرگرتنی پشووی ھەیە، مافیان ھەیە پارێزراوبن لە ھەر جۆرە توندوتیژییەک ؛ بە قسە یان بە کردار لەلایەن نەخۆش و یارمەتیدەری نەخۆشەوە. ھەروەھا مافی وەرگرتنی موچە بە جۆرێک بێت پێداویستییەکانی ژیانیان پڕکاتەوە. ئەمانە لە گرنگترین مافەکانیانە لەگەڵ چەند مافێکی تر، کە لەلایەن سەندیکای پزیشکان یاخود لە ڕێی یاساکانی ترەوە دەستنیشان کراوە.

 

 

نەخۆش

 

نەخۆش کەسێکە کە نیشانەی نەخۆشی تیادەردەکەوێت و دەبێتە ھۆی درووستبوونی بارودۆخێکی ناھاوسەنگ لە نێوان کەسەکە و ژینگەکەی. ھەروەھا لە ماددەی (١)یاسای ژمارە (١٥١) خانەنشینکردن و بیمەی کۆمەڵایەتیی ھەموارکراوی ساڵی ١٩٧١عێراقی پێناسەی نەخۆشی کردووە. کە دەڵێت "بریتییە لە پەککەوتنێکی تەندرووستییانە کە ڕێگر بێت لەوەی خاوەنەکەی کارەکانی ئەنجام بدات و نابێت ئەم پەککەوتنە  بەھۆی پێکرانی کارەوە بێت و بەھۆی شارەزایی پزیشکیشەوە دەستنیشاندەکرێت".

ھەروەھا ماددەی (٣١بڕگەی یەکەم)لە  دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا ھاتووە "ھەموو عێراقییەک مافی بەھرەمەندبوونی  ھەیە لە چاودێری تەندرووستی، دەوڵەت بایەخ بە تەندرووستیی گشتی دەدات، ھۆکارەکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردن دەگرێتە ئەستۆ بەوەی نەخۆشخانەو دامەزراوەی تەندرووستیی جۆراوجۆر دامەزرێنێت".

 

 

 

یاساى عێراقی لەم ماددە و چەند ماددەیەکی تردا باسی مافەکانی نەخۆشی کردووە. پێویستە لەسەر ھەموو کەس ئاشنای مافەکانی خۆی بێت، کەسی نەخۆشیش بێگومان وەک ھەر کەسێکی تر ئەم مافەی ھەیە و پێویستە ئاشنا بێ تبە مافەکانی. مافی نەخۆش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش گرنگیی زۆری پێدراوە، کە چەندین یاسا و بڕیاری لەبارەوە دەرچووە. لە ڕاگەیاندنی جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨دا، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی بیست و پێنجی ئەم جاڕنامەیەدا ھاتووە "ھەر کەس مافی ئەوەی ھەیە بەمەبەستی دابینکردنی سەلامەتی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بە تایبەتی لەباری خواردن، جل و بەرگ، خانوبەرە، چاودێری پزیشکیەکان و خزمەتە کۆمەڵایەتییە پێویستەکانەوە، ئاستێکی باش لە ژیانی ھەبێت. ھەروەھا مافی ئەوەی ھەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، نەقوستانی، بێوەژنی یا بێوەمردی، پیری و لە تەواوی ئەو حاڵەتانەدا کە بێئەوەی خۆی ویستبێتی، کەرەسەو ئامرازەکانی ژیان و بەڕێوەچوونی لەدەست دەرچوون، لەباری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێت".کە ئەمە زیاتر جەختی لەسەر مافەکانی نەخۆش کردەوەو وای کرد بنەماکانی ئەم مافە جێگیر بن و ببنە ھۆی بەستنی چەندین ڕێکەوتنامەو بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی نەخۆش وەک (ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیھانی، لیستی مافەکانی نەخۆش/کۆمەڵەی نەخۆشخانەکانی ئەمەریکا١٩٧٣، پەیماننامەی ئەورووپی بۆ مافەکانی نەخۆش. ھەروەھا جگە لە ڕێنمایی و بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیھانی، کە جەخت لەسەر پاراستنی مافەکانی نەخۆش و پابەندبوون بە بنەما سەرەکییەکانی ئەخلاقی پیشەیی و سەنتەریزمی نەخۆش دەکەنەوە و پێیان وایە بەبێ ڕەچاوکردنی بونیادی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، نەخۆش نابێتە سەنتەری گشت ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستن بە چاودێرییەوە.

دەتوانین بڵێین ئەرکەکانی پزیشک دەبنە ماف بۆ نەخۆش، ھەرچەندە لە یاسای عێراقی و کوردستاندا مافی نەخۆش ھێشتا نەبووەتە یاسایەک و جێبەجێ بکرێت، بەڵکو لە شێوەی پڕۆژە یاسادان؛ کە ھێشتا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایانەی پێشکەش کراون دەتوانین کۆمەڵێک ماف بۆ نەخۆش دەستنیشانبکەین، بەپێی(پڕۆژە یاسای پاراستنی مافەکانی نەخۆش و پزیشک و کارمەندە تەندرووستییەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق ٢٠١٥).

  • نەخۆش مافی ھەیە بە باشترین و نوێترین جۆری پشکنین چارەسەربکرێت.
  • نەخۆش مافی ھەیە لە نەخۆشخانە و کلینیکەکاندا بە شێوەی درووست و شیاو پێشوازیی لێ بکرێت.
  • مافی بەیەکسانی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا و بێ جیاوازی.
  • مافی ھەیە لەگەڵ گەیشتنی بە نەخۆشخانە لە کاتی ھیلاکیدا چارەسەری بۆ بکرێت. بێ گوێدانە ھۆکارەکەی، بەڵام ئەگەر بەھۆی ڕووداوێک یا تاوانێک بوو؛ پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوە ئاگاداربکرێتەوە.
  • کارمەندی تەندرووستی شارەزا و چالاک لە بوارەکەدا دەستنیشانبکرێت، بۆ یاوەری و بەدواداچوونی ڕەوتی نەخۆش و تۆمارکردنی لە تۆماری نەخۆشخانەدا.
  • پێویستە زانیاری تەواو دەربارەی نەخۆشی و شێوازی چارەسەر و دەرمان و نەشتەرگەری بدرێتە نەخۆش.
  • پێویستە زانیارییەکانی نەخۆش بدرێتە خۆی، یا کەسی سەرپەرشتیارەکەی بۆ کەسی (بێھۆش یا ئەوانەی کێشەی ئەقلیان ھەیە یاخود نەخۆشی خوار ھەژدە ساڵ).
  • مافی نەخۆشە نھێنییەکانی بپارێزرێت، تەنھا ئەو کاتە نەبێ کە دادگا داوای بکات بۆ لێکۆڵینەوە.
  • ناکرێت نەخۆش لە میدیاکاندا پیشان بدرێت، تەنھا لەسەر ڕەزامەندیی نەخۆش یا سەرپەرشتیارەکەی نەبێت، یان بەشێوازێک بێت نەناسرێتەوە.
  • بۆ نەخۆش ھەیە وێنەیەک لە فایلی نەخۆشییەکەی لە نەخۆشخانە یا پزیشکەکەی وەربگرێت.
  • پێویستە پزیشکی فێرکارو خوێندکاران لە کاتی چارەسەر خۆیان بە پزیشکەکان بناسێنن.
  • مافی نەخۆشە کە پزیشک بە تەنیا بیبینێت و پشکنینی بۆ بکات، ھەروەھا کاتی تەواوی لەبەردەست بێت بۆ باسکردنی نەخۆشییەکەی.
  •  نەخۆش مافی ھەیە کە ھەر جۆرە چارەسەرکردنێکی دەستنیشانکراو، لەلایەن پزیشکەوە کە دیاری دەکرێت؛ ڕەتبکاتەوە.
  • نەخۆش ئازادە پرس و ڕاوێژ بە پزیشکێکی تر بکات، ئەگەر لەگەڵ پزیشکێکدا نەیتوانی چارەسەر وەربگرێت.

 

ھەروەھا ئەرکی نەخۆشە، کە ڕێز لە پزیشک و کارمەندی تەندرووستیی نەخۆشخانەکان بگرێت و پاکوخاوێنیی ئەو شوێنە بپارێزێت کە لێی دەمێنێتەوە, و لە ماوەی مانەوەی دەستکاریی ھیچ ئامرێکی نەخۆشخانەو ئامێرەکانی شیکاری نەکات.

لێرەداو تا ڕادەیەک بوونی ئەم دەقانە وشیارییەک بە تاک دەبەخشن لەسەر ماف و ئەرکەکانی. لە ٢٠١٥ دا توێژینەوەیەک ئەنجامدرا، لەسەر ئاستی  زانیاری و وشیاری ھاوڵاتیان لەسەر مافی نەخۆش و مافی نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا. توێژینەوەکە لەسەر ٣٠٠ کەس لە سێ نەخۆشخانەی سەرەکی لە سلێمانی ئەنجامدراوە، تیایدا( %45) نەخۆشەکان زانیارییان لە بارەی مافی نەخۆشەوە نەبوو، لەکاتێکدا لیستی مافی نەخۆش بە فلێکس لە ناو نەخۆشخانەکان ھەڵواسراوە. سەبارەت بە نەدرکاندنی نھێنیی نەخۆش(%46) وتوویانە لە کاتی پشکنین نەخۆشی تری لێ بووە. ھەروەھا (%73) وتوویانە ئازاد بوون لە کاتی گفتوگۆی نەخۆشیەکەیان لەگەڵ پزیشکەکاندا.

 

 

پەیوەندیی نەخۆش و پزیشک

 

بوونی چەند ماف و ئەرکێک لەسەر نەخۆش و پزیشک، بەرامبەر یەکتری، دەبێتە ھۆی درووستبوونی پەیوەندییەک لەنێوان پزیشک و نەخۆشدا. بۆیە پێویستە ئەم پەیوەندیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەھای مرۆڤایەتی بێت، بەڵام  بەداخەوە لە عێراق و کوردستاندا سیستەمی تەندرووستی بە گشتی لە بارودۆخێکی خراپدایە، ھەر بۆیە پەیوەندیی نەخۆش و پزیشکیش بەھەمان شێوە. بەتایبەت کە سیستەمی تەندرووستی لە عێراق و کوردستاندا سەرمایەدارییە، کە ئەمەش دەبێتەھۆی گرنگینەدان بە مرۆڤ، ئەوەی گرنگە لێشاوی ساغکردنەوەی دەرمان و باڵابوونی چینێکە کە ئەوانیتر ھەمیشە بۆی دەڕوانن. لەبەرئەوەی سیستەمی ئابوری لە عێراقدا سەرمایەدارییە، کە لەدەستووری ھەمیشەیی عێراقیدا  لە ماددەکانی(٢٣-٢٤-٢٥-٢٦) و لە ماددەی(١٥)ی پرۆژەی دەستووری ھەرێم ھاتووە. کە ئەم سیستەمە ئابورییە سەرمایەدارییە کەرتی تەندرووستییش دەگرێتەوە، وەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی(٣١)دا ھاتووە؛ کە دەڵێت "تاکەکان و دەستەکان لە ژێر سەرپەرشتیی دەوڵەتدا، دەتوانن نەخۆشخانە یا بنکەی تەندرووستی یا خانەی چارەسەرسازیی تایبەت دامەزرێنن، ئەمەش بە یاسا ڕێک دەخرێت". ھەروەھا لە یاسای ژمارە(٢٥) ساڵی (١٩٨٤) تایبەت بە(دامەزراندنی نەخۆشخانەی تایبەت) دا بڕیاڕ لەسەر فراوانکردنەوەی خزمەتگوزاریی تەندرووستی لەڕێگەی دامەزراندنی  کۆمپانیای سنوردار بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەی تایبەت دراوە.

ھەر بۆیە پەیوەندیی نەخۆش و پزیشک ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت، لەبەرئەوەی مرۆڤ یاخود کەسی نەخۆش چیتر ئامانج نییە، بەڵکو نەخۆش وەک ئامرازێک دەبینرێت، ئەویش بۆ ساغکردنەوەی بێشووماری دەرمانی ساختە. بۆیە بێ‌متمانەییەکی زۆر درووست بووە لەم نێوەندەدا. سەڕەڕای سیستەم و شێوازی پەیڕەوکراو دەتوانین ئەم بێمتمانەییە بگەڕێنینەوە بۆ چەند ھۆکارێک:-

 

-نەبوونی ھۆشیاریی تاک سەبارەت بە ماف و ئەرکەکانی، ھۆکارێکە بۆ پێشێلکردنی مافی نەخۆش لە کاتی نەخۆشیدا, هەروەها پێشێلکردنی مافی پزیشکیش.

-نەبوونی ھۆشیاریی لەلایەن کارمەندانی تەندرووستییەوە.

-لە سیستەمی تەندرووستیدا و لە ئێستادا، پەیوەندیی نێوان نەخۆش و پزیشک پەیوەندییەکی نەرێنییە، کە پزیشک سەنتەرەو نەخۆش کەسێکی لاوەکییە، کە ئەمەش نەخۆش دەکاتە کۆیلەو دەستی پزیشک، نەک وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بۆ چارەسەرکردن.

-مامەڵەی نەخۆش نەخۆش لە ڕووی قسەوکردار ھاوسەنگ نیە لەگەڵ کارمەندی تەندرووستی، ھەردەم نەخۆش خۆی لە پێگەیەکی لاوازدا دەبینێت و، پزیشک و کارمەندی تەندرووستیی باڵا.

 کە ئەمانەو چەندین ھۆکاری تر، وای کردووە پەیوەندیی پزیشک و نەخۆش بپچڕێت، نەخۆش تەنھا ئامرازێکە بۆ بەدەستھێنانی پارەو ساغکردنەوەی دەرمان. ئەمەش ئەخلاقیاتی پزیشکیی لاوازکردووە و پێچەوانەی بنەماکانی ئەخلاقیاتی پزیشکیین. وێڕاى ئەمەش, لەپشت ئەمانەوە, سیستەمێک و کۆئەخلاقیاتێک باڵادەستە کە هەموو جومگەکانى کاریگەرن لەسەر یەکتر.