A+    A-
(308) جار خوێندراوەتەوە

    

 

  

 

 

نەخۆشى, لە تێگەیشتنى باودا جۆرێکە لە گۆڕان لە پەیوەندییدا بە واقیع و ئەوانیترەوە. نەخۆش-یش ئەو کەسەیە کە ئەم بارگۆڕانە بە شێوەیەکى زاتى ئەزمووندەکات. پزیشکیش, بە هەموو فیگەر و ئاستەکانیەوە, ئەو کەسەیە کە «واىدادەنێین» داڵدە و پەنامان دەدات تاکو ئەو دۆخە تێپەڕێنین. بەم پێیە بێت گەر نەخۆش پێگەیەکى واقیعى بێت, ئەوا پزیشک پێگەیەکى گریمانەیى هەیە. ئێمە بەواقیعى نەخۆشین و چارەسەرەکەمان وەک گریمانەیەک لە دەستى پزیشکدایە. ئەم گریمانەبوونە لە زاتى پیشەى پزیشکییدایە و پەیوەندیى بە دڵسۆزى و باشیى خزمەتگوزارییەکانەوە نیە, بەڵام هەر ئەم گریمانەییبوونەشە کە پێگەى پزیشک دەگۆڕێت بۆ پێگەیەکى گرنگ و هەستیار لە کۆمەڵگادا: پزیشک پێگەیەکى ئۆنتۆ-کۆمەڵایەتیى هەیە و لەسەر سنورەکانى ژیان و مردن مامەڵەدەکات. ئەمڕۆ لە جیهاندا و بەتایبەت لە کوردستانیش, ترسى نەخۆش تەنیا لە نەخۆشى نیە, بەڵکو لە پزیشکیشە. ترسەکە ڕەوا بێت یان هیسترى و «ساختە», ئەوا نەخۆش بەشێوەیەکى شاراوە و بە زاتى خۆى خاوەنى مافى زیاترە و دەتوانێت کۆى هاوکێشەکە بگۆڕێت.  

گریمانەى ئەم نوسینە سەرەتاییە ئەوەیە کە ئەگەر دکتۆر بریتى بێت لە «من», ئەوا نەخۆش دەکاتە «ئەویتر»(The other), نەخۆشى-یش ئەو ئەویترەیە کە نازانێت کێیە و کێ بەرامبەرێتى(شتێکى هاوشێوەى مریشکى ناو نوکتەى کابراى شێت کە بەهۆى گریمانەى ئێمەوە بووەتە ئەویتر). ناتوانین باسە وردکەینەوە بۆ کۆمەلێک کێشەى بەشەکى(جزئى)ـى وەک ململانێى کەرتى گشتى و تایبەت, سەندیکا, بەئەلیکترۆنیکردنى بوارى تەندرووستى, بزنسى حیزبى, کێشەى ستاف, هۆشیاریى تەندرووستى, موچە و دەرماڵە و بیمە و هتد. لێرەدا گۆشەنیگاکە گشتەکی(کلى)یە و لەسەر ئەویترە, واتە ئەو دۆخەى مرۆڤێکى تیا دەبێتە ئەویتر، ئەو دۆخەی کە بریتییە لە نەخۆشى و ئەویتریش کە داوایەکى هەیە, هاناى هێناوە, ئێمە دەخاتە بەردەم پرسیار. ‌ئەویتر, زاراوەیەکى هەرەگرنگى ناو فیکرى مۆدێرنە. ئەویتر واتە «ئەوەى کە خۆت نیە». بەر لەوەى سوبێکت بخەینە بەرامبەر ئۆبێکتەوە, خود بخەینە بەرامبەر بابەتەوە, ئەوا سوبێکت و سوبێکتیکى تر دەخەینە بەرامبەر یەکتر کە هەریەکەیان لە پەیوەندییدا دەبێتە «ئەویتر» بۆ بەرامبەرەکەى. هەر منێک یان هەر خودێک, پێویستى بە ئەوێکى ترە تا بوون و ئاگایى بەرامبەر بە خۆى بسەلمێنێت. ئەویترێتى‌یش ناوى ئەو دۆخەیە کە کەسێک تیایدا دەبێتە ئەویتر. دەتوانین بە وشەى (Othering)یش تەعبیرى لێ بکەین کە دەکاتە «بەئەویتربوون». ئەویتر هەر تاکەکەسێکى بەتاڵ و فۆرماڵ و بێلایەن ناگرێتەوە, بەڵکو دەشێت کەسێکى کۆنکرێتى و واقیعییش بێت. بۆنمونە ژن ئەویترى پیاوە, عەرەب ئەویترى کوردە, خۆرئاوا ئەویترى خۆرهەڵاتە, نەخۆش ئەویترى دکتۆرە, قوتابى ئەویترى مامۆستایە و بەپێچەوانەشەوە و هتد. ئەویتر ‌هەمیشە ڕووبەرێکى جێگیر نیە, بەڵکو کۆى دەرەوەى من دەگرێتەوە. ھەبوونی ئەویتر، دەلالەتە لەوەش کە من خاوەنى تاقانەییەکى خۆمم و چەندە لە پەیوەندییدا بین لەگەڵ ئەویتردا کەچى لەویتردا ناتوێمەوە. گەرچى بە نێوانگریى ئەویتر بوومەتە خۆم, و ئەویتر بە نێو مندا تێپەڕیوە, کەچى شتێک دەمێنێتەوە یەکسانە بە خۆم و هى خۆمە. ئەویتر بەر لەوەى جەمسەرێکى تر بێت, پاشماوەى کۆمەڵێک پەیوەندییە کە بەناو مندا تێپەڕیوە.  ئەویتریش هەمووکات بریتى نیە لە کەسێک یان قەوارە و کیانێک, بەڵکو دەشێت کۆى ئەو تۆڕە ڕەمزییە بێت کە منى تیا دەژیم, ئەو تۆڕەى کە یاسا و ڕێسا نوسراو و نەنوسراوەکانى تیا ئامادەیە و پێى‌دەوترێت ̎ئەویترى گەورە̎. بەڵام لە مێژوودا(بەتایبەت مێژووى فەلسەفە) ئەویتر هەمیشە بریتى نەبووە لە مرۆڤ. لاى هەندێک لە فەیلەسوفان ئەویتر بریتى بووە لە خودا. بۆنمونە لاى کیرکەگارد خودا ئەوێکى ترە, بەڵام لە جنسێکى[1] غەریبى تریشە. هەروەها ئەویتر تەنیا یەک فیگەریش نەبووە لەبەرامبەر ئێمەدا, بەڵکو دەشێت بە تۆڕێکدا بگەینە سەر یەکتر. واتە دوو جەمسەرى پوختمان نەبێت بەناوى من و ئەویتر, بەڵکو ئەم دووانە بەشێک بن لە تۆڕێکى گەورەترى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى و گوتارى. بەڵام مادام باسەکەمان لەسەر دوو جۆر ئەویتر دەوەستێت و ناوى هەردوو جەمسەرەکەش ڕوونە, و کێشەکەش کێشەى ئەخلاقە, ئەوا گریمانەکە بەو جۆرە دەبێت کە ئەویتر ون نیە و بەڕوونى ئامادەیە و بانگهێشتى ئەخلاقیى خۆى هەیە. پەیوەندیى پزیشک و نەخۆش لەمڕۆدا, لەبنەڕەتدا پەیوەندیى نێوان دوو لایەن نیە بەڵکو لەنێوان کۆمەڵێک لایەنى نەبینراویشدایە کە لەپشتى پەردەوە ڕۆڵى خۆیان دەگێڕن. یەک لەوانە سیاسەت و دەزگاکانێتى کە لە مۆدێرنەدا بەشێکى زۆرى پەیوەندییەکانى من و ئەویترى خراوەتە ئەستۆ. بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا, دیسان دەتوانین پەیوەندیى پزیشک و نەخۆش وەک پەیوەندییەکى ئەخلاقى وەربگرین کە ئەگەرى سیاسیبوونەوەى تیایە. واتە بەتەنگەوەهاتنى پزیشکان وەک بزوێنەرێکى سیاسى بە قازانجى هەموومان بشکێتەوە کە ئەگەر نەخۆشەکەى ئەمڕۆش نەبین, ئەوا وەک پۆتانشێل و ئەگەرى نوستوو نەخۆشەکەى سبەینێین.

 لە سەرەتاکانى دەروونشیکارییەوە, کە بە ڕوونى دەکاتە سەرەتاى سەدەى بیست, پەیوەندیى دەروونشیکار و نەخۆش لەسەر گوێگرتن ڕاوەستاوە. نەخۆش ئازادانە دەدوێت و خواستە تاریک و شاراوە و چەپێنراوەکانى خۆى دێنێتە سەر زمان(کە بەمە دەڵێن بەزەینداهێنانەوەى ئازاد). لێرەدا ئەو دیموکراسیەتە شاراوە دێرینە هەر ئیشى خۆى دەکات کە پزیشکەکان دەبێت نازى نەخۆشەکان هەڵگرن و گوێ بگرن. یۆرگن هابەرماس ئەم پەیوەندییە هەڵدەگرێتەوە و دەیباتە دەرەوەى کایەى دەروونشیکارى. ئەم گوێگرتنە لاى ئەو بۆ پرسى دایالۆگ بەکاردەهێنرێت کە پێویستە کۆمەڵگاکانى پاش هەردوو جەنگە گەورەکەى جیهان, پیادەى بکەن. بە مانایەک لە ماناکان, دەبێت زمان گرێکوێرەى کێشە و بەدحاڵیبوونەکانمان بکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە بگەینە جۆرێک لە عەقڵانیەتى هاوبەش و پەیوەندیخوازانە و هەر یەکێکمان ئەویتر وەک نەخۆشێک سەیربکەین کە پێویستى بە لێ‌حاڵیبوونە. واتە لاى ھابەرماس پەیوەندیى پزیشک و نەخۆش, پەیوەندییەکى هێرمۆنۆتیکییشە[2] و قەیرانە سەرکوتکراوەکان ڕاڤەدەکرێتەوە تا ئیمکانى ڕزگارییان لەبەردەمدا بکرێتەوە.[3]  ̎پۆل تیڵیش̎یش کە تیۆلۆگێکى ئەڵمانییە, پەیوەندیى نەخۆش و پزیشک لە فرۆیدییزمەوە دەباتە ناو تیۆلۆژیا(یەزدانناسى)یەوە[4]. «دەروونشیکارى لەڕوانگەى پۆل تیلیشەوە ئەوەى فێرى تیۆلۆژیا کردووە کە ئەو لێخۆشبوونەى ناو دەقە دینییەکان بە ماناى قبوڵکردنى قبوڵنەکراوانە نەک قبوڵکردنى کارڕاستان و چاکەکاران. لێخۆشبوونى ئیلاهى و ڕزگاربوون ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە عەبدێکى چاک نین, گەر وانەبێ فەیز و سەرڕێژى دەرهەق بە چاکەکاران ماناى نیە. ماناى وشەى فەیز(فیضـ سەرڕێژبوونى خوایى) کە لە یەزدانناسیى کلاسیکدا لە مانا بەتاڵببووەوە, کەچى لە پەیوەندیى نێوان دەروونشیکار و نەخۆشدا ماناى خۆى وەرگرتووەتەوە. دەروونشیکار گەرچى دەیەوێت یارمەتیى نەخۆشەکە بدات بەڵام نەخۆشەکەش وەک خودى خۆى قبوڵدەکات و گوێ بۆ قسەکەى ڕادەدێرێت. تیلیش پێى‌وایە پەیوەندیى خودا و بەندەکانیشى شتێکى لەم جۆرەیە و ...[5]». دیارە مەبەستەکە لێرەدا ئەوە نیە کە دکتۆر و هاوپیشەکانى بکرێن بە خودا بەسەر نەخۆشەوە, بەڵکو ئەگەر دیالەکیتییکانە هاوکێشەکە وەرگرین ئەوا دەبێت لە یەک ئاستدا و بەشێوەیەکى ماتریالیستى هەردوو پەیوەندیى خودا-بەندە و دکتۆر-نەخۆش پەیوەندییەکى ئەخلاقى و لێخۆشبووانە بێت. واتە پێشوەخت ئەو ناهاوسەنگیە قبوڵبکریت کە لەنێوان بەندە و خوا, یان نەخۆش و پزیشکدا هەیە.

 بەڵام لەمڕۆدا وا دەردەکەوێت کایەى پزیشکى یەکێک بێت لە زانستییترین و ساردوسڕترین کایەکان. ساردوسڕییەک کە هاوکات بەسەر خۆیدا دەچەمێتەوە و ڕەهەندێکى تەواو گەرم و عاتفى وەردەگرێت کە «ئەخلاق»ـە. بۆیە دەستەواژەى «ئەخلاقى پزیشکى» لە دەستەواژە ناکۆک و هاوکات زۆر تەباکانە. یان دەستەواژەکە وەرگێڕین بۆ فۆرمى ڕستەیەکى ڕاگەیاندن(خەبەرى) ئەوا واى لێ دێت: ̎پزیشکى, ئەخلاقە̎. ڕستەکە زۆر لەو گوزارە بەناوبانگەى ھیگڵەوە دوور نیە کە دەڵيت «‌ڕ‌ۆح, ئێسقانە». ئەویش بەو مانایەى کە جەمسەرێک بەهۆى جەمسەرە تەواو دژ و عاسییەکەى خۆیەوە تەواودەکرێت. دەریدەخات جەمسەرى یەکەم بەتەواوى بریتى نیە لە خۆى و بەهۆى جەمسەرى دووەمەوە ناکافیبوونى خۆى پیشاندەدات. پزیشکى بەتەواوى پزیشکى نیە و بەو هەمووە زانستیبوون و دیقەتەى خۆیەوە بارگاوییە بە دیوێکى ئیتیکى کە بمانەوێت یان نا پێوەى نوساوە(هەتا گەر ژمارەیەکى زۆر ئەرگۆمێنتى زانستى بێنینەوە و پیشەییانە کایەکە بخوێنینەوە). ڕەنگە سەرەتاییترین دیوى ئەخلاقى, پەیوەندیى بە وردبینى و وردەکاری و هەڵەوە هەبێت. پزیشک چەندە ئەخلاقییانە مامەڵەبکات, هەڵە هەر هەیە. پزیشک بکەرێکى مرۆییە و هەڵەش بەشێکە لە سرووشتى پیشەکان. لێرەدا مەبەست لە هەڵە, ئەو هەڵەیەیە کە بەرەنجامى فەرامۆشکردنى ئەخلاقیاتە. سەردەمانێک دەوترا گەر ڕۆشنبیر هەڵە بکات ئەوا کۆمیدیا دەخولقێت, بەڵام سیاسییەک هەڵەبکات ئەوا تراژیدیا دەکەوێتەوە. پێدەچێت ئەمڕۆ هەڵەى سیاسییەکان وەها بێشەرمانە دەزگایى و ناونشین بووبێتەوە کە وەک هەڵە نەبینرێت و بەشى دووەمى وتەکە بەو جۆرەى لێ بێت کە ئەگەر پزیشکەکان هەڵەبکەن تراژیدیا دەخولقێت. بەکورتییەکەى, دەتوانین گریمانەکە لەسەر ئەوە ڕۆبنێین کە پزیشکى بەبێ دیوە گەرم و ئەخلاقییەکەى خۆى ناخوێنرێتەوە و دەبێت لەڕێگەى ئەخلاقێکى مرۆییەوە نایەکانگیرییەکەى دەرخەین.

دڵسۆزی و نادڵسۆزیی پزیشکان کە ئەمڕۆ باسوخواسى ناو خەڵکیشە, پرسێکى هاکەزایى نیە و لەقووڵاییدا پەیوەندیى بە فەلسەفەى ئەخلاقەوە هەیە. فەلسەفەى ئەخلاق لە مانا هەرەسادەکەیدا لە چاکە و خراپە و ڕاستى و ناڕاستى و هتد دەکۆڵێتەوە و ئیش لەسەر ماهیەتى فەزیلەت و عەدالەت و ئەرک و ماف و بەختەوەرى و هتد دەکات. ئەویتر خۆى هەر هەیە, بەڵام پێویستى بە کەشفى بەردەوامە[6]. کەشف واتە ئەویتر بە گریمانە وەربگریت, واى دانێیت نیگایەکى فشارهێن بەسەرتەوەیە, یەکێکى تر هەیە لە توخمى ئێمەیە. گەر ئەم کەشفە بەردەوامەى ئەویتر بوونى نەبێت, ئەوا ئەخلاقیش لە مانا بنەڕەتییەکەیدا وندەبێت. دیارە لێرەدا کێشەکەمان ئەوە نیە فەلسەفەى ئەخلاق لەڕووى تیۆرییەوە چیە و جیاوازیى لەگەڵ زانستى ئەخلاقدا چیە و هتد. بەڵکو داکۆکى لەو شهودە ڕوونە دەکەین کە ناوى ئەخلاقە و تاڕادەیەکى زۆر بەبێ تیۆریزەکردنیش دەزانین چیە و چۆنە. بەسادەیى, مادام ئەویتر بوونى هەیە ئەوا شتێکیش هەیە ناوى ئەخلاقە. مادام من لەگەڵ ئەویتردا بەرکەوتنم ھەیە و دەژیم ئەوا خۆبەخۆ هەندێک ڕێساش درووستدەبێت کە ناوى ئەخلاقە. لە دونیاى مۆدێرندا کە ئەویتر تەمومژاویتر دەبێت و شوێن دەبێتە ڕووبەرێکى نابەرجەستە و کایەکان ئاڵۆزتر دەبن و دەزگا وەک بوونەوەرێکى ساردوسڕ دێتەئاراوە, ئەخلاقیش تووشى تەحەداى گەورە دەبێت. ئایا ئێستاش هەر بەرپرسیارین؟ سنورى ئەویتر تا کوێیە و منیش تاکوێ بەرامبەر بەو پابەندم؟ لەوێشەوە کە پەیوەندیى بە پزیشکییەوە هەیە, پرسیارەکە ئەوەیە پزیشک تاکوێ بەرامبەر بە نەخۆش(یان میوانەکەى[7]) بەرپرسە؟ ڕوونە چارەسەر ئەو غایەتەیە کە پزیشک پێشکەشى نەخۆشى دەکات, بەڵام بە چ ڕێگایەک و بە چ ڕێژەیەک لە ئاکارەوە. بوقرات کە بەر لە بیستوپێنج سەدە ژیاوە و وەک سەرەتاکانى پزیشکى سەیردەکرێت, سوێندنامەیەکى ناودارى هەیە و لەوێدا سوێند بە ئاپۆلۆن و خواوەندەکانى داودەرمان دەخوات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە: سەربکەم بە هەر ماڵێکدا بۆ ئەوە بێت دۆخى نەخۆشەکە باشتربکەم... دەرمانى کوشندە دەرخواردى کەس نەدەم. ئەمڕۆ پزیشکى بووەتە دەزگا و لەوە دەرچووە حەکیمێک ماڵان بگەڕێت. بۆیە هاوشان بەوەش پرسى ئەخلاق و پەیوەندیى من بە ئەویترەوە دیسان ئاڵۆزبووە. بەڵام سەربارى ئەمەش پرسیارە ئەخلاقییەکان هەر ماونەتەوە. ئەویش نەخوازەڵا لە سەردەمێکدا کە نادڵنیایى(uncertainty) بەسەر زۆرێک لە بەهاکاندا باڵادەستە و ئێمەش بەڕێکەوت باسى بوارێک دەکەین کە «ئەخلاقیترین» ‌شوێنى ڕووبەڕووبوونەوەیە لەنێوان دوو بوونەوەر یان دوو پێگەدا: پێگەى دکتۆر و نەخۆش, پێگەى کەسێک ئیمکانى ساغڵەمى و ژیانکردن دەبەخشێتەوە و کەسێکیش کە خۆى تەسلیمکردووە. لە پاش بە بیرۆکراسیبوونى پزیشکییش, دیسان سوێندە دیرینەکەى بوقرات هەر کارى خۆى دەکات کە دەڵێت پیشەکەم بۆ کارى خراپ و قۆستنەوە بەکارنەهێنم. ئەویش لەبەر ڕۆشنایى ئەو تێزە فرۆیدییەدا کە بۆ ئەوەى بەرامبەر بەویتر بەئەخلاق بین, ئەوا دەبێت بەشێک لە غەریزە و تەماعەکانى خۆمان بکەینە قوربانیى ئەخلاق. ئەخلاق بەم مانایە دانانى سنورێکە بۆ غەریزە خراپەکانمان کە بەردەوام فشارمان بۆ دێنن ئازادیان بکەین.

ئەخلاق هەمیشە ڕیشەیەکى لە دەسەڵاتدا بووە, جا پێشمۆدێرن بووبێت یان لە مۆدێرنە بەدواوە. کاتێک پێویستە تۆ بەئاگابێیتەوە لە مافەکانى ئەویتر و ئەرکەکانى خۆت کە لە ساتەوەختى دەسەڵات یان باڵادەستیدایت. پەیوەندیى من و ئەویتر, یان پزیشک و نەخۆش پەیوەندیى دەسەڵاتیشە. پزیشک خاوەنى دەسەڵاتێکە و نەخۆش لە پێگەى کەسێکى بێ دەسەڵاتدایە. کاتێک دەڵێین نەخۆش بێدەسەڵاتە, ئەو گریمانە کۆمەڵناسییانە لەبیردەکەین کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لەڕووى کارکردى کۆمەڵایەتییەوە ڕۆڵێک بۆ نەخۆش دادەنێت. بەتایبەت لە کۆمەڵگاکانى وەک ئێمەدا کە نەخۆش ئاگادارییەکى ئەوتۆى بەرامبەر بە مافە تاکەکەسییەکانى خۆى نیە. لەوەش تایبەتتر ئەوەیە کە تاکە دەسەڵاتى نەخۆش ئەو کاتەیە کە ڕەهەندێکى سیاسى وەردەگرێت و دەتوانێت وەک فشارێک بۆ سەر کایەکانى دەسەڵات بەکاریبهێنێت. بەپێى میشێل فۆکۆ بێت ئەوا پزیکیش تاقە دەسەڵات نیە و دەزگاى خەستەخانە دەسەڵاتى بەسەر پزیشکیشەوە هەیە, پزیشکیش لە دونیاى مۆدێرندا جۆرە دەسەڵاتێکى بینین و وردبوونەوەى بەسەر جەستەى نەخۆشەوە هەیە کە کۆى ئۆرگانەکانى دەگۆڕێت بۆ ئۆبێکت[8]. ئەویش پاش هاتنەئاراى مۆدێرنە کە نەخۆشى لە ناو ماڵەکانەوە بەرەو نەخۆشخانەکان دوورخستەوە, وەکچۆن شێتەکانى بەرەو ناو شێتخانەکان دوورخستەوە. ئەم دوورخستنەوەیە لاى فۆکۆ, گۆڕانى پەیوەندییە لە دەسەڵاتیشدا. بەر لە پزیشکیى مۆدێرن, مرۆڤ-نەخۆش جێى سەرنج نەبوو بەڵکو خودى نەخۆشییەکە دەخرایە بەر ڕۆشنایى. هەتا ڕەنگە هەڵەش نەبێت بڵێین کە جەستە لە مێژووى ئێمەدا, لەو کاتەى پەیوەندیى زیاترى بە سرووشتەوە بووە, ئازادتر بووە و ئەمڕۆ لەبەر چەندین هۆکارى بونیادى و سیاسى و کۆمەڵایەتى پتر بووە بە تەنێکى بێدەسەڵاتى ناو بوارى پزیشکى.  لە مناڵییشەوە کە لە قوتابخانە لە قوتابى دەپرسرا دەتەوێت ببیت بە چى؟ زۆرینە بەبێ ئەوەى بزانن بۆ, دەیانوت دکتۆر. ئەم بژاردەیە لە عەقڵیەتى پاش ڕاپەڕینەوە چێنرابوو تا دەسەڵاتە شاراوەکەى پزیشک ناواخنبکرێتەوە و جێگیربکرێت. ئەمڕۆش کەمتازۆر باجى ئەم جۆرە دەسەڵاتە دەدەین.

نەخۆش ئەو ئەویترـەیە کە تووشى جۆرێک لە کورتهێنان هاتووە, چ کورتهێنانى جەستەیى و چ ڕەمزییش. دکتۆریش لە گۆشەنیکاى نەخۆشەوە, ئەو ئەویترەیە کە هیچ ئەوێکى تر جێى ناگرێتەوە. نە ئەویترى مامۆستا, نە ئەویترى هونەرمەند, نە ئەویترى دوکاندار و هتد. لە کێشەکانى تردا جێگرتنەوە لەنێوان ئەویترەکاندا هەیە, بەڵام لە پرسى نەخۆشییدا نەخۆش تەنیا ڕووى لە ئەویترى پزیشکە. پزیشک پێشوەخت بوونى نەخۆش سنورداردەکات. دەسەڵاتى بەسەر خواست و هیواکانى نەخۆشدا هەیە. واتە ئەو داوالێکراوەیە کە هێشتا نازانین داواکە دەگەیەنێتە کوێ. دیارە ئەمە بەو مانایە نایەت کە پەیوەندییەکە بۆ پزیشک گرژى و دڵەڕاوکێى تیا نیە. پزیشک لێرەدا ئەو ئاغایەیە کە دەسەڵاتە زۆرەکەى خۆى, لەبەردەم جۆرێک ژاکانى کتوپڕیشدایە. ئەمە بەتایبەت لەمڕۆدا کە ١) ڕیکلام و ناوبانگ لە هەڵپەدان ئەو دەسەڵاتە بپارێزن ٢) مقۆمقۆى خەڵک سەبارەت بەوەى کە پزیشکەکان کەمتەرخەمن. بەم پێیە نەخۆش گەر دەسەڵاتیشى نەبێت ئەوا دەوانێت ڕۆڵێکى نەرێنى و وەڕسکەر بۆ پزیشک ببینێت و دەسەڵاتەکەى لەکەداربکات. پرسیارێکى گشتى لێرەدا ئەوەیە پەیوەندیى ئێمە لەڕووى ئەخلاقییەوە بە ئەویترەوە چۆنە؟

فەیلەسوفێک کە لە سەدەى بیستدا و لەڕووى ئەخلاقییەوە ئیشى زۆرى لەسەر چەمکى ̎ئەویتر̎ کردبێت, ئیمانوێل لیڤیناسە. لیڤیناس فەیلەسوفێکى فەڕەنسیى زادەى لیتوانیا بوو(١٩٠٦-١٩٩٥). لیڤیناس وەک فەیلەسوفێکى هاوچەرخى تایبەت پرسى ئەخلاق دادەنرێت. ئەخلاق لەو مانا دیاریکراوەشدا کە من وەک ئەوەى هەم چ بەرپرسیارییەکم بەرامبەر ئەویتر هەیە. چەمکى ئەویتر لە سەرەکیترین چەمکەکانى ناو فیکرى لیڤیناسە. یەکێک لە کتیبە سەرەکییەکانیشى هەر بەناوى «کات و ئەویتر»ـەوەیە. لیڤیناس خۆى پاشماوەى هۆڵۆکۆست بووە و جوولەکە بووە و کاریگەریى هۆڵۆکۆست لەسەر تێزەکانى دەبینرێت کە چۆن بێڕەحمانە ئەویترى جوولەکە سڕدراوەتەوە. لیڤیناسە ئەخلاقەکەى خۆى لەسەر ئەویتر دادەمەزرێنێت. ئەویتر جێى سوبێکت دەگرێتەوە و جیا لە کۆمەڵێک نەریتى ترى وەک دیکارتى و کانتى, لە ̎من̎ـەوە دەستپێناکات. من تا ناکۆتا بەرامبەر بە ئەویتر بەرپرسم, هەم ناکۆتا و هەم ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆمیش. پەیوەندیى منیش بەویترەوە لەڕێگەى دەموچاو(face)ـەوە درووستدەبێت. دەموچاو نە دیاردەیەکى فینۆمینۆلۆژییە و نە تەنێکى فیزیکییش. دەموچاو لاى ئەو ناوێکە بۆ ئامادەیى هەمیشەیى ئەویتر لە ناو ئێمەدا. ڕەنگە بتوانین ئەویتر بکوژین و لەشى بهاڕین, بەڵام ناتوانین دەموچاوى بکوژین. یەکەم قسەى دەموچاو ئەوەیە ̎مەکوژە̎. ئەم مەکوژەیە, فەرمانى ئاغایەک نیە, بەڵکو فەرمانى ڕووخسارێکە کە بە زاتى خۆى هەژارە. دەموچاو هەژارە   چونکە بەردەوام ژێست دەنوێنێت, خۆى دەشارێتەوە, بەشى خۆى ناکات, نواندن و هەڕەشە ئەزمووندەکات.  لیڤیناس ئەخلاق دەخاتە پێش ئۆنتۆلۆژیا(بوونناسى)یەوە و بەر لەوەى فەلسەفییانە پەیوەندى بە بوونەوە ببەستین, پەیوەندی بە ئەویترەوە دەبەستین وەک بوونێکى کۆنکرێتى. گەر چەمکى ئەویتر لە فیکرى لیڤیناسدا بەراوردبکەین بە ئەویتر لە دەروونشیکارى یان بوونگەراییدا[9], ئەوا درک بە ڕوانینێکى ئەرێنى دەکەین. لە دەروونشیکارییدا ئەویتر ئەو ڕووبەرە دزەتێنەکراوەیە کە چاڵێک لەنێوانماندایە و ئەگەرى هەیە زوو وەرگەڕێت بۆ بێگانەیەک. بەڵام لاى لیڤیناس گەر بێگانەبوونێکیش هەبێت لە ئەویتردا ئەوا دەبێت بەبێ مەرج قبوڵى بکەیت. ئەخلاق قبوڵکردنێکى بێمەرجانەى ئەویترە. لە بوونگەراییشدا, نیگا یان ئامادەیى ئەویتر هۆکارێکە بۆ ئەوەى شەرم دامبگرێت, تووشى دڵەڕاوکێ ببم, ئازادییەکانم بدۆڕێنم. بەڵام دەموچاوى ئەویتر لاى لیڤیناس نابەسترێت بە ناسینەوەوە و دەبێت پێشوەخت وەک شتێکى گریمانەکراو وەریگرم بەرامبەر بە خۆم. دەموچاو, ڕەنگ و قژ و پێستەکە نیە بەتەواوى(گەرچى لە ئاستە سەرەتاییەکەیدا ئەمەش دەگرێتەوە), بەڵکو شتێکە دەکەوێتە ئەودیوى درک و نواندنەوەوە. دەموچاو نیشانەیەکە بۆ ئەوەى ئەوێکى تر هەیە و بێگانەیە و ئەم بێگانەبوونە وام لێدەکات بەشێوەیەکى شێلگیرانەى ئەخلاقى پێیەوە پابەند بم. کاتێک دکتۆرێک ڕووبەڕووى نەخۆشێک دەبێتەوە, ئەوا لەبەردەم دەموچاوێکدایە. دەموچاوێک کە بە دەربڕینى لیڤیناس خۆى, ڕووت و قووتە, داواى هەیە. گەر لە ئاستە زۆر سەرەتاییەکەیدا وەریگرین, ئەوا لە دونیاى ئێمەدا ئەخلاقێکى ڕیاکارانە لەمەڕ ئەو دەموچاوانە کاردەکات کە دەیناسیت. بەرپرسێک یان دکتۆرێک یاخود کاربەدەستێک, بەرامبەر بەو دەموچاوانە بەرپرسە کە دەیانناسێت, پەیوەندى شیرى و خوێنییان پێکەوەیە یاخود پەیوەندییەکى بەرژەوەندیخوازانەى بینراو. ساتى ئەخلاقى ئەو ساتەیە کە بەرامبەر بە دەموچاوە نەناسراوەکانیش بەرپرس بین. بەم پێیە, دەموچاو هەر بریتى نیە لە حزوور و ئامادەیى بەڵکو بریتییە لە غیابیش. بریتییە لەو سیمایەى کە بەشێوەیەکى نوستوو لە داهاتوودا ڕووبەڕووماندەبێتەوە. دەموچاو سامى خۆى هەیە, بۆ ئەوەى بەتەواوى ڕووبەڕووى ببینەوەئ ەوا دەبێت دایپۆشین. داپۆشینى دەموچاو لە ساتى سێدارە و گولەبارانکردن و هتددا, دەرخەرى ئەو پارادۆکسەیە کە دەوڵەت یان لایەنێکى بەهێز بەرامبەر بە دەموچاوى ئەویتر جەبەرووتى خۆیان دەردەخەن و بۆ هەمیشە کۆتایى بە بوونى ئەویتر دێنن. لە جیهانى ئەمڕۆشدا کە پەیوەندیگرتن(کۆمۆنیکاسیۆن) دەرفەتى زیاترى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دەموچاوەکان ڕەخساندووە, ئەوا لەبرى بەرپرسیارى زیاتر وا هەستدەکرێت بێباکیى زیاتر گەشەیکردووە. دەموچاوى کەسێک کە نەخۆشییەکى بێزارکەرى هەیە, دەموچاوى سواڵکەرێک کە زۆرجار دەزانیت درۆدەکات, دەموچاوى بێژەر و بینەرێک کە نازانن چى بە یەکتر دەڵێن...لە دونیاى مۆدێرندا وەک ئەوەى لە کارەکانى کافکاشدا باسدەکرێت, دەزگا بیرۆکراسییەکان دەموچاوێکى ڕوونیان نیە. لێرەوەیە دەموچاو پرسێکى بەکۆمەڵیشە و خەڵک و دەسەڵات دوو دەموچاون کە سەربارى پێگە جیاوازەکەیان لەیەکتر دەڕوانن. دەسەڵاتى ئێمە کە بازرگانى بە دەرمان و گیانى خەڵکەوە دەکات, باکى بە دەموچاوى خەڵک نیە و خەڵک بۆ ئەو دەموچاوێکى ئەبستراکتە نەک کۆنکرێت.

لەمڕۆدا کێشەکە ڕەهەندێکى تریشى وەرگرتووە, ڕەهەندى سێهەم, ڕەهەندێک کە دەتوانین ناوى بنێین نەخۆشى وەک «ئەوێکى ترى ئامادە», واتە وەک ئەویترێتى(otherness)یەک کە نە لاى دکتۆر خۆیەوە دێت و نە لاى نەخۆشەکەشەوە بەڵکو پتر لاى گوتارى باڵادەستیى زانستەوە دێت. لێرەدا نەخۆشى ئاماژەیە بۆ ئەو ئەگەرە بەردەوامەى کە هەریەکەمان لەژێر کاریگەریى گوتارى زانستیى نوێدا ترسمان لە نەخۆشییەکى ناگەهان هەیە. هۆکارەکە هەرچى بێت, ژینگە بێت یان ئەگەرەکانى پیلانگێڕى یاخود فاکتەرى شەخسى و بایۆلۆژى, ئەوا هیچ لەو ڕاستییە کەمناکاتەوە کە گوتارى زانستى و تەندرووستیى نوێ هەمیشە پێت دەڵێت تۆ قابیلى ئەوەیت نەخۆش بکەویت. ئەم بەگوێدادانەش بەشێوەیەکى پێچەوانە دەنێرێت, پتر لەڕێگەى ئەو ڕێنماییانەوە کە بەحسێب ئەرێنیین و بۆ پاراستنى زیاترى مرۆڤن لە نەخۆشى. بەپێى ئەم گوتارە تەندرووستییە نوێیە, نەخۆشى ئەو ئەویترەیە کە پێشوەخت ئامادەیى هەیە. واتە وێنا و فەنتازیاى مرۆڤەکانى پێ داگیرکراوە و ئەو مانا کۆنەى نیە کە کۆمەڵێک هۆکارى ڕوون هەبێت و پاشان بەرمەبناى ئەو هۆمەندییە تووشى نەخۆشى ببیت. باسەکە لێرەدا ئەوەیە کە پرسى ئەخلاق لە هەموو ڕووەکانى دەسەڵات, پزیشک, میدیا, گوتارى تەندرووستى, ئەوانیترى خەڵک, هتدەوە دەبێتە باسێکى تەواو جدى. مادام هەموان لەبەردەم هەڕەشەى نەخۆشیدان وەک ئەوێکى ترى تاریک, ئەوا دیسان بە گوژمێکى ترەوە پرسیارە ئەخلاقییەکانیش زیندوودەبنەوە. بەپێى ئەم گوتارە نوێیە, نەخۆشى چیتر میتافۆریش نیە(وەک ئەوەى کەسانى چەشنى سوزان سۆنتاگ بە چاوێکى ڕەخنەییەوە کتێبیان لەسەر نوسیوە), بەڵکو نەخۆشى ئەگەرێکى واقیعییە, «میتافۆر»ێکە کە دەرفەتى ژیانکردنى بۆ ڕەخساوە و لە واقیعدا و بەنێو هەمووماندا دەسوڕێتەوە. بە دەربڕینێکى تر, ئەوسا سیل وەک میتافۆريک بەکاردەھێنرا و ڕەنگە بە کەسێک لە حاڵەتێکى ئاساییدا بوترایە: «خۆ سیلت نیە بۆ وا دەکەى؟». لەمڕۆدا گوتارى باڵادەستى تەندرووستى لە جیهاندا, نەخۆشییەکان وەک میتافۆرێک و وشەیەکى ناواقیعى ناخاتەڕوو, بەڵکو وەک مەترسییەکى ڕەخساو پیشانیاندەدات. ژان بۆدریار لە بەرهەمەکانیدا, زۆرجار بۆ ئەوەى وێناى دیاردەکانى ئەمڕۆ بکات سودى لە میتافۆرى «تەشەنەى سەرەتانى» وەردەگرت, تەشەنە بەو مانایەى کە دیاردەکانى ئەمڕۆش بەهۆى میدیا و جیهانگیرییەوە بێشومار بڵاودەبنەوە و خانە و ڕووبەرەکان دەبڕن و ناوەستن. سەیر لەوەدایە ئەمڕۆ گوتارى باڵادەستى تەندرووستى, ئەم میتافۆرە وەک ڕاستییەک بە گوێى خەڵکدا دەدات نەک ئەوەى خۆى میتافۆر بێت. سوزان سۆنتاگ لە کۆتایى کتێبەکەیەوە(نەخۆشى وەک میتافۆر), باسى ئەوە دەکات کە ژیانى مۆدێرن خۆى پێشوەخت ئاگادارى کردووینەتەوە کە بە ڕیسک و مەترسییەوە بژین و جاروبار لەم ڕیسکە بەئاگابێینەوە. لە مۆدێرنەدا کە بەهاکا ئەخلاقییە پێشمۆدێرنەکان پووچەڵدەبنەوە و فەزیلەت ئاوادەبێت, دەزگاکانى وەک خەستەخانە و دەرمانخانە بەشێوەیەکى ئەبستراکتتر و پەتییتر مامەڵەدەکەن و لە کۆمەڵگاکانى وەک ئێمەشدا هێشتا ئەو ئاستە تەندرووستییە نەڕەخسێنراوە و حیزب سەرمایەگوزارى بەسەر ژیانى خەڵکەوە بکات. بۆیە نەخۆش-یش بەپێى سیاقە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانى بەسەردا دێت و گەر نەخۆشێکى خۆرئاوایى لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە تەنیا بێت, ئەوا نەخۆشە کەمدەستەکانى ئێمە لەڕووى سیاسى و ئابورییەوە تەنیان و ئەوەى دەمێنێتەوە بۆیان کۆمەڵێک سۆزى پاشماوەى پەیوەندییە پێشمۆدێرنەکانە کە ڕزگاریانناکات.        

ڕەنگە یەکێک لە ستراتیژەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى دەسەڵات لەمڕۆدا بریتى بێت لە فشار. فشار لەوێوە بایەخى خۆى هەیە کە ڕەنگە بتوانێت شتێک لەنێو تۆڕى دەسەڵات-بازرگانیدا بقرتێنێت و ترس بۆ قازانج و خێروبێرى حیزب-بازرگان درووستبکات. پزیشکى, خۆى پیشەیەکى سەر بە دەسەڵاتى مۆدێرنە بەڵام دەشتوانێت نەهێڵێت ئەم دەزگا دەعبائاسایە قوتى بدات. ئەخلاق لەمڕۆدا هەر بریتییە لەو قووتنەدانە. ئەخلاق ئەو سافى و خاڵسى و فەزیلەتەى پێشمۆدێرنە نیە بەڵکو بریتییە لە مەودا, فشار, درووستکردنى ناکۆکى, هێشتنەوەى بەرەنگارى, و سەرەنجامیش ئەوەى ئێستا وتمان- قووتنەدران(کە بەرەنجامى لێکدانى منى دکتۆر و ئەویترى پزیشکە).   

بەردەوام باسى ئەوە دەکرێت کە فڵانە نەخۆش بەهۆى هەڵەى دەستوخەتى فڵان دکتۆرەوە مردووە, تا ئێرە گرفتێک نیە(و دەستوخەتى کۆمپیوتەرى دەتوانێت ئەمە چارەبکات). ئەوەى گرفتە ناوەڕۆکى پەیوەندییەکە بەو دەردەدا بچن و پزیشک و ئەویترى نەخۆش لە زمانى یەکدى تێنەگەن. سەرەنجام نەخۆشەکانیش لەو دۆخە سەگباوەڕییە بەدەر نین کە جنێو بە هەموو شت دەدەن و هۆى دەقیقى هەندێک لە کێشەکان نابینن, بەڵام دکتۆرەکانیش بەو داکۆکییە ڕۆمانتیکە پاکنابنەوە کە ئەوانیش کۆژان و موعاناتیان هەیە. لەودیوى پیادەکردنى ئەخلاقییانەى پەیوەندییەکەیانەوە, دەکرێت ئەخلاقیات تا ئاستى سیاسیکردنەوە ڕاکێشن و دەسەڵات ناچار بە خزمەتى جدى بکەن.

 

 

 

 

 


[1]. file:///C:/Users/Excellence/Downloads/6006613942706.pdf

سود لەو لینکە وەرگیراوە و لینکەکانى داھاتووش دیسان وەک سەرچاوە بەکارھاتوون. ئەگەر نوسینەکە فۆرمێکى ‌ڕەسمیترى وەرگرت ئەوا ئیقتیباسەکان وردتر وەردەگیرێت.

[3]. تەنانەت دەتوانین بڵێین دۆخى نەخۆشى خۆیشى ئەو ساتەوەختەیە کە ڕوویەکى ترى تێگەیشتن بۆ شتەکان درووستدەبێت و نەخۆش جۆرێک لە ڕاڤەکارە کە واقیع و خۆى و ئەوانیتر بە شێوەیەکى دیکە دەبینێت. واتە نەخۆشى جۆرێکە لە گۆشەنیگاش بۆ سوبێکت کە شتەکان بە جۆرێکى تر ببینێت و هەندێک لە ڕێساکانى پێشوو هەڵپەسێرێت.

[5]. هەمان

[7]. گەرچى ئەم ناونانانە شتێکى ئەوتۆ لە ماهیەتى پەیوەندیى دکتۆر-نەخۆش ناگۆڕن بەڵام پێدەچێت ڕەهەندێکى بچوکى ئەرێنییان تیا بێت. بۆنمونە گەر بێتو پزیشک بە نەخۆشەکەى بڵێت میوان یان وشەیەکى ترى لەو جۆرە. 

[8]. ئەمە جیا لەوەى کە دەسەڵات لاى فۆکۆ لەکۆدا جۆرێکە لە ببوون يان بوون‌به(صیرورة) و لاى هەموان هەیە و بەناو هەمواندا تێدەپەڕێت. یان وەک ئەوەى سارا میڵزیش لە شەرحەکەیدا لەمەڕ فۆکۆ ئاماژەى پێ دەکات, دەسەڵات فرمان(فعل)ـە نەک ناو(اسم). واتە دەسەڵات شتێکى قەتیسکراو نیە و ڕێدەکات, بەپێچەوانەى مارکسى و فیمینیستە کلاسیکەکانیشەوە لاى فۆکۆ دەسەڵات تەنیا سەرکوتکەر نیە بەڵکو بەرهەمهێنەریشە.