A+    A-
(171) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ

 

سادیزم و ماسۆشیزم                       

 

 (٨ و ٩)

 

 

 

ئامادەکردنى: شوشە عەلى

 

 

 

سادیزم (Sadism)

 

ئەم زاراوە بەمانای چێژوەرگرتن دێت لە لێدان و سوکایەتى و ئازاردانی ئەویتر، جا بە ڕاستەوخۆ پیادەى بکات، یاخود لەڕێگەی سەیرکردنی فلیم و وێنە و ڤیدیۆ توندوتیژەکان و چێژوەرگرتنەوە لێی. ئازاردان بەس نیە بەڵکو دەبێت کەسەکە لەڕووى دەروونییەوە هەست بە تێربوون بکات. بە پیادەکەرانى سادیزم دەوترێت (sadist). سادیزم لە ناوی ڕۆماننووس(Marquis De Sade)ـەوە وەرگیراوە، ئەو تەنیا کەس نەبووە کە پراکتیکی لە سادیزمی ڕەگەزیی کردووە، ھەروەھا چەند ڕۆمانێکی لەبارەی ئەشکەنجەدانی ئەویترەوە نوسیوە، کە بەناوبانگترینیان(Justine)ە. کەسى سادیست, بە زار و زارەکى بێت یان فیزیکى, هەر چێژ لەوە دەبینێت ئەویتر بخاتە دۆخى زەلیلییەوە.

 فلیمە سینەمایەکانیش ڕۆڵێکی باشیان بینیوە بۆ تێگەشتن لەم چەمکە و خستنەڕووی سادیزم و جۆرەکانی، و تەنانەت یارمەتیی گەشەکردنی شێوازی ئەشکەنجە و چێژبینین دەدات، چونکە زۆرێک لە ‌ڕووداوە ڕاستییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک کاتێ تاوانێ بەرامبەر کەسێک دەکەن و ئازاری خەلک دەدەن، دوای لێکۆڵینەوە لێیان، زۆریان ئاماژە بە فلیمێک یا رۆڵی ئەکتەرێکی سادیستى دەکەن، کە بیرۆکەى توندوتیژیان لێ وەرگرتووە.

فلیمی (the collector 2009) یەکێکە لە باشترین فلیمە سادیستییەکان، گەر بتەوێت تێگەشتنێکی باشت ھەبێت لەبارەی سادیزم و توندوتیژی و چێژوەرگرتن لە ئازاردانی ئەوانیتر. بوونی خوێنی بەردەوام و ئازاری جەستەییە بەشێوەیەکی قێزەون، وا لە کەسی سادیست دەکات جۆرە ئاسوودەیەک ھەست پێ بکات، لە کاتی سەیرکردنیدا تێبینیی ئەوە دەکرێت، سەڕەڕای ئەو ھەموو جۆرە ئازارانە، کە کەسی سادیست دەیدا بۆ بەدەستھێنانی چێژ و ئاسوودەیی، بەڵام ھەنگاوبەھەنگاو لە تێربوونی ئەم ھەستکردنە بە ئاسوودەیی و چێژ کەمدەبێتەوەو ھەوڵی زیاتر دەدات، کە چێژ وەرگرتن دەبێتە شتێکى مەحاڵ. بەکارھێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەقۆ و ئازاردان تا مردن، ھەستێکی جیاواز بە مرۆڤ دەدات وەک لە کوشتن بە چەک، چونکە لە کاتی بەکارھێنانی چەقۆ و ھاوشێوەکانی، ھەست بە ئازار و ئاھەکانی کەسی چەوسێنەر و ئازاردراو دەکەیت. بۆیە سەرەڕای بوونی ئامرازی چەک کەسی سادیست ھێشتا ئامرازە بڕندەکان بەکاردەھێنێت، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو بەشە  سرووشتییەی کە لە مرۆڤدا ھەیە، وەک مناڵێکی لادەر دەیەوێت ھەست بە بوونی  ئەویتر بکات، بەڵام بەشێوەی ئازاردان  تا دوا ھەناسەکانی.

 

ماسۆشیزم (masochism)

ئەم زاراوەیە واتاى چێژبینین دێت لە خۆئازاردان و لێدانی جنسی لەلایەن ئەویترەوە. لێرەدا چێژ ڕووەو ناوەوە پاشەکشەدەکات و کەسەکە دۆخێکى ناچالاک دەگرێتەخۆى. واتە ماسۆشیزم جۆرێک لە شەهوەتى پێچەوانەیە. ماسۆشیزم بە لاى توێژەرە تازەکانیشەوە وەک حاڵەتێک دەردەخرێت کە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە شەوق و شادییان کەمە و بایەخ بە دیوى ڕۆحیى خۆیان نادەن. ئاشکرایە بە کەسانى سەر بە ماسۆشیزم دەوترێتmasochist ، کە زاراوەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1886 لەلایەن دەروونناسی ئوسترالی (Richard Freiherr von Krafft -Ebing) لە  ناوی (Leopold von Sacher-Masoch ) وەریگرتووە ئەویش کە نوسەری چەند رۆمانێکی خۆئازاردەرانە و ماسۆشیستی بووە. ریچارد ئاماژەی بەوە کردووە و دەڵێت «ھەست دەکەم وشەی ماسۆشیزم بەتەواوی تەعبیر لە لادانی سێکسی بکات. لەبەرئەوەی Sarcher-Masoch  زۆر لادەر بووە. بە جۆرێک پێش ئەو جیھان بێدەنگ بووە، بەشێوەیەکى زانستى زانستی یاخود ئاشناى ماسۆشیزم نەبووە. ئەو لە ڕۆمانەکاانیدا وشەی ماسۆشیستی بەکارنەھێناوە، بەڵکو لە ژیانی خۆیشیدا کەسێکی خەفەتخواردوو و لادەر بوو، لەبەرئەوەیە کە ئەم ناوەی لێنراوە.ھەروەھا دەروونناسی ئەڵمانی ڕێچارد لە ساڵی 1890 لە زاراوەی سادیزم و ماسۆشیزمی کۆڵییەوە و شیی کردەوە بە ناوی(New research in the area of psychopathology of sexual).

ئەم زاراوە بۆ دەستنیشانکردن و دیاریکردنی ڕەفتارەکانی مرۆڤ بەکاردێت, هەروەها بۆ پۆڵێنکردنی نەخۆشیە دەروونییەکان و ڕەفتارە لادەرەکانیش. سیگمۆند فرۆید لە ساڵی 1905 باسی سادیزم و ماسۆشیزمی کردووە لە(three paper on sexual Theory). بنەماکەی باسی ڕەفتاری لادەرانەی دەروونی بوو، کە لە تەمەنى مناڵییەوە لە مرۆڤدا گەشەدەکات و دەتوانرێت نیشانەکانی ئەم حاڵەتە دەستنیشان بکرێت. ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات بەھۆی لاوازبوونی ئیگۆ و سۆپەرئیگۆوە ئەم حاڵەتە زیاتر گەشەدەکات.

 

 

جیاوازی و لێکچوونی سادیزم و ماسۆشیزم

کەسی سادیست کەسێکە کە چێژ لە ئازاردانی ئەوانیتر دەبینێت، ئیتر بە شێوەی لادەرانە بێت یان نا. ھەروەھا ڕێژەی ئەم ھەستە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و ھی ھەنێک کەس ئاساییە چونکە بە قسەیەکە یاخود بەسەیرکردنی فلیمێک کۆتاییدێت، بەڵام ھی ھەنێک کەسى تر بە شێوەی توندوتیژانەیە، کە چێژ لە ئازاردانی ئەویتر دەبینێت ، ئیتر خۆی ئازاری ئەویتر بدات یان کەسێکی تر.

ماسۆشیزم بریتییە لە ئازاردان و توندوتیژیی جنسی و لادەرانە و چێژ بیینین لێی، جا خود ئازاردراو بێت یا ئازاردەر بێت، یاخود ئەویتر. بە جۆرێکە کە مرۆڤ دەگاتە نزمترین ئاستی مرۆڤبوونی خۆی، کە بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لادەرانە زیاتر لە ئەکتە جنسییەکاندا ڕوودەدات و مرۆڤێکی بێھێز و بێبەزەیی درووستدەکات.

 

سادیزم و ماسۆشیزم, هەر گرێیەکى هەمیشەیى ناو مرۆف نین بەڵکو بەپێى سەردەمەکانیش بڵاودەبنەوە و خەڵک خووى پێوە دەگرن. لەم قۆناغەێ مێژوودا بوونی لێشاوی ڤیدیۆ و فیلمە توندوتیژ و پۆڕنەکان، ئەم حاڵەتە لە زیادبووندایە. کردوویەتیە حاڵەتێکی دیار و یارمەتیی گەشەکردنی داوە، کە ئەمەش زیانێکى زۆری بە بارودۆخی مرۆڤایەتی گەیاندووە.ھەروەھا چەندین ماڵپەڕ و کەسی نەناسراو ھەن، کە داھاتی خۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی توندوتیژ و لادەرانە دەستدەکەوێت. بەھۆی ئەو بۆشاییە گەورەی کە لە ناو مرۆڤی سەردەم درووستبووە، ھەنێک پێی وایە کە بەھۆی زۆربوونی خەڵکەوەیە. بۆیە چێژ لە ئازاردان و کوشتنیان دەبینن، کە دواتر ھەستیان ئاسوودە دەبێت، وەک ئەوەی باشترین شتیان پێشکەشى مرۆڤایەتی کردبێت. ھەروەھا لە ئامارێکدا لە ساڵی(2001-2002) لە ئوسترالیا، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە کرا؛ تیایدا پیاوان بە ڕێژەی%2.2 و ئافرەتانیش %1.3، لە ماوەی دوانزە مانگدا، لە کاتێکدا ئوسترالیا ناوچەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژییە، بەبەراورد بە ناوچەکانی تر جیھان لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی و جەنگ بەدوور بووە. ڕێژەی ئەم دیاردە بە پێی ژینگە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت و لە ئەمریکا زۆرترین ڕێژەی ھەیە. فیلمی (Dark crime) یەکێکە لەو فلیمانەی کە دەتوانێت جیاوازیی نێوان کەسی سادیست و ماسۆشیست پیشانبدات. ئەو کاریگەرییانەی لەسەر مرۆڤ بەجێی دەھێڵێت و لەڕووی دەروونییەوە،  ھەروەھا چۆنیەتیی چارەسەرکردنی و گەڕانەوەیان بۆ ژیانێکی ئاسایی و دوور لە توندوتیژیی لادەرانە. چۆنیەتیی ملکەچبوون و ڕازیبوون بە چەوساندنەوە و تەنانەت داواکردنی، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادەڕۆیی بۆ وەرگرتنی چێژ تا ڕادەی قێزھاتنەوە.