A+    A-
(277) جار خوێندراوەتەوە

نابێت گەمژەیى مرۆڤ بە کەم وەربگرین

 

 

یۆڤاڵ نوح

وەرگێڕانی: شاڵاو یاسین

 

 

"چیدی ئێمە لە ئامێر ناترسین، بەڵکو دەبین بە ئامێرەکە خۆی. چیدی بە دوای زانیارییدا ناگەڕێین. ئێمە خودى گووگڵین. ئێمە باوەڕمان بە ئەلگۆریتیمی گووگڵە و بەرەو ئەوە دەچین توانای گەڕانمان بە دوای زانیارییدا لە دەستبدەین بە شێوەیەکی سەربەخۆ"

 

 

 

جیاوازیی ئەم چرکەساتە لە گەڵ مێژوودا چیە؟

جیاوازییەکە بریتییە لە گۆڕانی ڕێگە و هەنگاوی تەکنەلۆژی، بە تایبەت هاتنە ئارای هەردوو شۆڕشی هۆشى دەستکرد و بایۆ-ئەندازیاری. ئەمانەش ئیمکانی ئەوەیان ڕەخساندووە کە بوونی مرۆڤ یان هەر زیندەوەرێکی دیکە بەئاسانی هاکبکرێت، وسەرلەنوێ دیزاینبکرێنەوە و فۆرمێکی نوێیان لێ درووستبکرێت یان فۆرمی نوێی ژیان درووستبکەن.

 

تا چ ئەندازەیەک دوورە ئەم فۆرمەی تەکنەلۆژیا کە بتوانێت ئەوە بگۆڕێت بەوەی ئێمە کێین؟

زۆر دوورە. لە پشت یان ئەودیوی ئەندێشەکانی ئێمەوە، دەکرێت شتێک هەبێت دەستکاریی ئەندێشەکانمان بکات و  بگۆڕدرێن. گەر ئەندێشە و وێناکردنەکەت زۆر سنورداربێت بۆ بیرکردنەوە لە ئیمکان و ئەگەرە نوێکان، ئەوکات دەتوانین پێشی بخەین و بێسنوری بکەین. بۆ ماوەی ملیاران ساڵ، هەموو ژیان بەسترابوەوە بە یاسای ئۆرگانیکەوە. کێشە نەبوو تۆ تەنها ئەمیبیایەک بیت، یان دایناسۆرێک بیت لە جۆری ڕیکس، خەیار، بادەم یان هۆمۆسایپیەنسێک بیت. تۆ لە پێکهاتەیەکی ئۆرگانیک درووستکرابوویت, بابەتێک بوویت بۆ یاساکانی بایۆکیمیای ئۆرگانیک. بەڵام ئێستا نزیکین لەوەی ئەم شانشینە سنوردارەی ئۆرگانیک تێکبشکێنین و پێکهاتەیەک لە هەردوو ئۆرگانیک و نائۆرگانیک پێکەوە ببەستین بۆ درووستکردنی مرۆڤی سایبۆرگ.

 

چ شتێک دەربارەی سایبۆرگە نوێکان تۆ نیگەراندەکات؟

ئەزموونەکان ئەوەی سەرخستووە کە خەریکی بەگەڕخستن و چالاککردنی ئەوەن کە سیستەمی بەرگری مرۆڤ لە گەڵ سیستەمی نائۆرگانیک و بایۆنیکدا بگونجێن و بۆی زیادبکەن(بایۆنیک واتای بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی جەستە بەهۆى ئامێری تایبەتیی ئەلیکترۆنییەوە). ملیۆنان لە نانۆ-ڕۆبۆتەکان و چاودێرە هەستەکییەکان یان ئامێرەکانی خوێندنەوەی هەست دەزانن چی لە ناو لەشی تۆدا دەگوزەرێت. توانای ئەوەیان هەیە سەرەتای درووستبوونی شێرپەنجە بدۆزنەوە، یان هەندێک پەتا و نەخۆشیی دیکە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم ئامێرانە دەتوانن شەڕێک دژ بەو مەترسییانە هەڵگیرسێنن لە پێناو تەندرووستیی تۆدا. سیستەمە ئەلیکتریکەکان دەتوانن ئەوە بپشکنن نەک چ شتێک هەڵەیە، بەڵکو دەشتوانێت مەزاج و مەیلەکانت، سۆز و بیرکردنەوەکانت بپشکنێت و ئاشکرا بکات. ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە سیستەمێکی ناوەکی دەتوانێت بگات بەوەی زیاتر لە خۆت بتناسێت. تۆ بۆ ساڵانێک لە پەیوەندیدا دەبیت لە گەڵ هەست و سۆزەکانتدا، بەڵام ئەم سیستەمە، جا گەر سەر بە گووگڵ بێت یان ئەمازۆن یان دەسەڵات، ئەوە دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری هەست و ئیحساسەکانت بکات بەو ڕێگەیەی کە نە دکتۆرەکەت و نە خۆت ناتوانن وەک ئەوان لێیەوە نزیک بنەوە.

 

ئایا تۆ دەڵێیت کۆمپیوتەرە ئەلگۆریتمییەکان دەتوانن داتا و زانیارییە کەسییەکان تێکبشکێنن بەو جۆرەی ڕەنگە ئێمە هەر بێئاگابین لێی و بە بێ ئەوەی بزانین؟

بەڵێ، ترس و توڕەبوون و خۆشەویستی، یان هەر هەست و سۆزێکی مرۆیی دیکە، لە دوادواییەکانی خۆیدایە و تەنها پرۆسێسێکی بایۆکیماییە. بە هەمان ڕێگا کە تۆ دەتوانیت دەستنیشانی ئەنفلۆنزا بکەیت، دەتوانیت دەستنیشانی توڕەبوونیش بکەیت. ڕەنگە لە کەسێک بپرسیت،" بۆچی تووڕەیت؟ لە چی شتێک توڕەیت؟ ئەوانیش بەم جۆرە وەڵامت دەدەنەوە،" من لە هیچ شتێک تووڕە نیم، چیت دەوێت؟ بەڵام ئەم سیستەمە ناوەکییە کە باسی دەکەین پێویستی بەوە نییە پرسیارت لێ بکات. دەتوانێت دڵت بپشکنێت و چاودێریی ناوەوەی دڵت بکات، بە هەمان شێوە بزانێت سەر و مێشکت چ جۆرە بیرکردنەوەیەکی تیایە، تەنانەت پەستانی خوێن و هتد. دەتوانێت پێوەری توڕەبوون بپێوێت، و بزانێت ڕێژەکەی ٦.٨، گەر لە یەک بۆ دە پێوەری بۆ دابنرێت. کۆکردنەوەی هەموو ئەم بڕە زۆرەی داتا لە سەر تۆ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەتوانێت باشترین بایەخی تەندروستی لە مێژوودا دابینبکات. لە گەڵ ئەوەشدا دەتوانێت ببێت بە پایە و دامەزراوەی بەدترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە مێژوودا.

 

تۆ دەنوسیت، کێ ببێت بە خاوەنی داتاکان, ئەوا دەشبێتە خاوەنی داهاتوو یان داهاتوو بە دەستدێنێت، مەبەستت لەم دەستەواژەیە چیە؟

پێشتر لە مێژوودا گرنگترین سەرچاوە خاک بوو. پاشان ئامێرەکان جێگایان گرتەوە، بەڵام ئێستا داتا گرنگترین سەرچاوەیە. سیاسەت لەمڕۆدا بریتییە لە خەباتکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی داتا، و داهاتوو دەبێت بە موڵکی ئەو کەسانەی کە پاوانى داتاکان دەکەن. یەکێک لە پرسە هەرە گرنگەکان لە سەردەمی هاوچەرخی خۆماندا بریتییە لە: چۆن خاوندارێتیی داتاکان ڕێکدەخەیت؟

 

گەورەترین مەترسی لێرەدا چییە؟

گەورەترین مەترسی ئەوەیە سیستەمی ناوەکی بتوانێت باشتر لەوەی کە خۆت دەناسیت بتناسێت. ئەوەیە بتوانێت بژاردە و بڕیارەکانت پێشبینی بکات. بتوانێت هەست و سۆزەکانت دەستکاری بکات و دەستی بە سەردا بگرێت، هەروەها هەموو شتێکت بۆ بفرۆشێت، جا بەرهەمێک بێت یاخود سیاسەتمەدارێک بێت.

باشە بۆ ئیتر خۆمان نەبەخشین بە کۆمپیوتەرەکان؟ لێیان گەڕێین لە جیاتیی خۆمان بڕیار بدەن. ڕەنگە ئەمە کەمێک دڵخۆشتر بێت.؟

لە هەندێک ڕووەوە دەکرێت ئایدیایەکی باش بێت. بەو شتانە دەستپێدەکات وەک متمانەت هەبێت بەوەی کێ ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت. لە ئێستادا، زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵک لە سەرانسەری دونیادا بە ڕووداوی هاتووچۆ دەمرن لە ساڵێکدا. ئەمەش زۆر لەو ژمارەیە زیاترە کە بە هۆکاری جەنگ و تیرۆریزم و تاوان پێکەوە دەمرن. بە زۆری درووستبوونی هەموو ڕووداوێکی هاتوچۆ بە هۆی بڕیاردانی هەڵەی مرۆڤەوەیە. گەر ئێمە بگۆڕێین و ئەلگۆریتمەکان و کۆمپیوتەرەکان و ماشێنەکان لێ بخوڕن، ڕێژەی ڕووداوی هاتوچۆ ڕەنگە دانەبەزێنێت بۆ سەر سفر، بەڵام لەوانەیە ٩٠ لە سەد ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبکاتەوە و ژیانی سەدان هەزار خەڵک ڕزگاربکات.

 

باشە تاکو کەی پێدانی دەسەڵات بە ئەلگۆریتمەکان بە ئادیایەکی خراپ دادەنرێت؟

کاتێک تۆ دەستدەکەیت بە پێدانی دەسەڵات بە ئەلگۆریتمەکان بۆ ئەوەی بڕیاربدات چی بخوێنین، لە کوێ بژین، هاوسەرگیری لە گەڵ کێدا بکەین، دەنگ بە کێ بدەین. ئەلگۆریتم ڕاسپاردەیەک پێشکەشدەکات ئەو کات بە گوێرەی ئارەزووی خۆتە کە ئایا شوێن ئەم ڕاسپاردانە بکەویت یاخود نا. لە زۆر باردا خەڵک شوێن ئەم ڕاسپاردانە دەکەون لە بەرئەوەی ئەوان لە ئەزمووندا درکی ئەوە دەکەن کە ئەلگۆریتم بڕیار لە بژاردەیەکی باشتر دەدات. ڕەنگە ڕاسپاردەی ئەلگۆریتمەکان هەرگیز پێرفێکت نەبن، بەڵام ڕاسپاردەکانی ئەوان باشتر نین. پێویستە بە تێکڕا، باشتر بن لە مرۆڤ. ئەمە مەحاڵ نیە لە بەرئەوەی بوونی مرۆڤ بۆ خۆی زۆرجار هەڵەی ترسناک دەکات، تەنانەت لە گرنگترین بڕیارەکانیشدا سەبارەت بە ژیانی خۆیان. ئەمە سیناریۆو فیلمی داهاتوو نیە داهاتوو نیە. پێشوەختە ئێمە دەسەڵات و ئۆتۆریتەمان بە ئەلگۆریتم بەخشیوە ئەمەش بۆ ئەوەی بزانین چ فیلمێک تەماشا بکەین یان چ کتێبێک بکڕین. بەڵام تاکو زیاتر متمانەی خۆت بە ئەلگۆریتمەکان ببخەشین، زیاتر توانا و قودرەتت بۆ بڕیاردان لە دەستدەدەیت. دوای دوو ساڵ لە شوێنکەوتنی ڕاسپاردەکانی نەخشەی گووگڵ، تۆ چیتر غەریزەیەکی ناوەکی باشت نابێت بۆ چوون بۆ شوێنێک. چیتر شارەکەی خۆت ناناسیتەوە. بۆیە تەنانەت تیۆرییەن دەکرێت تۆ هێشتا ئۆتۆریتەت هەیە یان دەمێنێتەوە، لە پراکتیکیشدا ئەم ئۆتۆریتەیە دەگۆڕێت بۆ ئەلگۆریتم.

 

                                         

 

 

ئەو ترسەی ئێمە هەمیشە دەربارەی هۆشى دەستکرد هەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێگا بە ڕۆبۆتەکان بدات دەست بە سەرمان بکات. ئەوان دەشێت ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی دەستبخەن و ببن بە ئاغامان. بەڵام تۆ شتێکی تەواو جیاواز دەڵێیت. دەڵێیت ئێمە ماشین و ئامێرەکان ئازاد و بەرەڵا دەکەین، و بە واتایەکی دی دەستیان دەکەینەوە؟

ڕاستە، ئێمە دەسەڵات و ئۆتۆریتە دەدەینە دەستی ئەوان. لە زۆربەی فیلمە زانستییە-خەیاڵییەکاندا، ڕۆبۆتەکان خۆیان درووستدەکەنەوە و هەوڵدەدەن مرۆڤەکان بکوژن. پاشان مرۆڤەکان شەڕێکی پێچەوانە دەکەن و هەوڵدەدەن ڕۆبۆتەکان تێکبشکێننەوە. ئەمە کەمێکی ئەفسانەیەکی خۆش و ئاسودەئامێزە. یانی  بە مرۆڤەکان دەڵێت هیچ کەسێک ناتوانێت کارێکی باشتر بکات جگە لە تۆ. گەر تۆ پشت بە ڕۆبۆتەکان دەبەستیت، ئەوە لە کارەساتدا تەواو دەبێت. ترسناکترین سیناریۆ کە لە مەودایەکی دووردا دێت بریتییە لە توانای بڕیاردانێکی درووستی ڕۆبۆتەکان بەراورد بە بڕیاردانی ئێمە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە،" ئایا ژیانی مرۆڤ چی بە سەردێت"؟ بۆ هەزاران ساڵ ئێمە ئایدیای ژیانی مرۆڤ وەک درامای درووستکردنی بڕیار بنیاتنا. ژیان گوزارشت لە ڕێگایەک دەکات لەگەڵ چەندین ئاراستە و پێکداچووندا، و هەموو ڕۆژێک، مانگێک، و ساڵێک پێویستی بە بڕیاردان هەیە.

 

ئەمەش هەر لە بەرئەوەیە کە سیستەمە ئەخلاقییەکانمانی لە سەر دامەزراوە. یان هەر لە بەرئەوەیە کە تا ئەندازەیەکی زۆر دینی لە سەر دامەزراوە؟

زۆر ڕاستە. تۆ بڕیارێکی درووست دەدەیت، کەواتە دەڕۆیت بۆ بەهەشت، یان بڕیارێکی هەڵە دەدەیت، کەواتە دەڕۆیت بۆ جەهەنم. ئەمە هەموو شتەکەیە لە لای شانۆگەرییەکانی شکسپیردا تاکو کۆمیدیا گەمژەکانی هۆڵیوود. لە گەڵ چ کەسێکدا دەبێت هاوسەرگیری بکەیت؟ دەکرێت بڕۆم بۆ جەنگ یان ئاشتی بەرقەرار بکەم؟ چی بە سەر تێگەشتنی مرۆڤدا دێت گەر بێت و هاملێت سمارت فۆنەکەی دەربێنێت و لە سیری بپرسێت چ کارێک بکات؟

 

چۆن ئەم گۆڕانی تەکنۆلۆژیایە کار دەکاتە سەر سیستەمی سیاسی؟ ئایدۆلۆژیای سیاسیی باڵادەست، یان لیبراڵ دیموکراسی، وا دەردەکەوێت لە حاڵی ئێستادا لەژێر هەڕەشەدا بن؟

چی ڕوویدا، ئەوەی ڕوویدا ئێمە لە حاڵی ئێستادا لە نەبوونی حەکایەتێکی باشدا نازانین یان تێناگەین کە بەرەو کوێ ملدەنێین و ئاراستەدەکرێین. تەنانەت ئەگەر هەندێک لە ئێمە پابەند بێت یان خۆی بسپێرێت بە لیبراڵ دیموکراسییەوە، ئەوە دەسەڵاتی ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی لە دەستدەدات. لە ساڵی ١٩٩٠دا تاکو ٢٠٠٠، لیبراڵ دیموکراسی هەندێک پێشبینیی بەهێزی پێغەمبەرانەی چێکرد بەوەی بەرەو کوێ ئاراستەدەکرێین و ملدەنێین. لیبراڵ دیموکراسی و بازاڕی ئازادی سەرمایەداری وەک دەزانین وردەوردە خەریکە لە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە، هەروەها هەموو وڵاتان لە داهاتوودا دەبن بە هاوشێوەی وڵاتانی وەک ئەمریکا و دانیمارک. بەڵام ئێستا حەکایەتی لیبراڵ چیدی ڕوئیایەکی ڕوونی پێ نیە بۆ داهاتوو. تەنانەت هیچ کەسێکیش ڕوئیایەکی ڕوونی نیە بۆ داهاتوو.هیچ کەسێک جا چەپ یان ڕاست بێت ڕوئیایەکی ماناداری ڕوونی نیە بەوەی داهاتووی جیهان و مرۆڤ لە ٢٠٥٠دا چۆن دەبێت. تەنانەت ئەوانەی کە باوەڕیان بە حەکایەتی لیبراڵ هەیە وەک سیستەمێکی ئەخلاقی چیدی ناتوانن وایدانێین کە پێشبینییە پێغەمبەر ئاساکانیان ڕاست و درووستە. جیهان بەو شێوەیە هەڵسوکەوت و ڕەفتار ناکات کە حەکایەتی لیبراڵ دیموکراسی پێشبینیی کردبوو بیکات. ئەوانەی، بە تایبەتی، کە باوەڕیان بە لیبراڵ دیموکراسی هەیە تێناگەن لەوەی چ ڕووداوێکی جەهەنمییە ڕوودەدات.

 

لە دەستەواژەی (چ ڕووداوێکی جەهەنمییە ڕووئەدات) تێناگەم؟ لیبراڵ دیموکراسی پێدەچێت ببێت بە ڕەچەتەیەک بۆ سەرکەوتن، بەڵام هێشاش پێناچێت بەو ڕێگەیە بتوانێت ئیش بکات کە ببێت دەستە و کۆمەڵێکی گشتگیر بۆ وڵاتان؟

بەڵێ، تاکو سەرکردە ئۆتۆکراتییەکان[1] کۆنترۆڵ و هەژمونی زیاتر بە دەستەوە بگرن، ئەوە زۆربەی وڵاتە دیموکراتییەکان لە هەوڵ و کۆشش و بەرنگاریدا دەبن. بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە جیهان لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر هەژموونی لیبراڵ دیموکراسی و لیبراڵیزمدا، لە باشترین شێوەی خۆیدا بووە، بە لایەنی کەمەوە بۆ مرۆڤ. هەرگیز جیهان بە درێژایی سی ساڵی پێشوو زۆر بەو شێوەیە سەرکەوتوو ئاشتیانە نەبووە و نەژیاوە. هەر لەبەرئەوەشە تا ئەندازەیەکی زۆر سیستەمی لیبراڵ دیموکراسی بڵاوبوویەوە و گواسترایەوە. بەڵام خەڵک متمانە و باوەڕی خۆیان بەم سیستەمە لەدەستداوە، هەروەها یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و بنچینەییەکان بریتییە لە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی کەرەستە تەکنۆلۆژییەکان، ئەمەش مانای بەشێکی زۆری خەڵک لە پشتیەوە بە جێماون. هەرچەندە ناتوانین بڵێین بە تەنها تەکەنەلۆژیا بەڵکو ڕوئیای زانستیش بەشە گەورەکەیە. حیکایەتی لیبراڵ دیموکراسی لە سەر بنەمای ئایدیاڵ و تێگەی ئیرادەی ئازاددا دەمەزراوە، ئیرادەی ئازادی تاکیش دوایین سەرچاوەی ئۆتۆریتە و دەسەڵاتدارێتیە لە دونیادا. بەڵام ئێستا زانست پێمان دەڵێت لێرە بەدواوە شتێک بە ناوی ئیرادەی ئازادەوە بوونی نییە/نامێنێت، جگە لە ئەفسانە.

 

چەندین دیبەیت و گفتوگۆ لە سەر ئەو بابەتە هەیە، بەشێکی زۆری زانستکار و فەیلەسووفەکان مەیل و ئارەزووی ئەوەیان نیە دەستبەرداری ئایدیای ئیرادەی ئازاد بن؟

وەک تاکگەرایی تایبەت، لەوانەیە. بەڵام تۆ تەماشای گۆڤار، وتار و ئەزموونە زاستییەکان بکەیت درکی ئەوە دەکەیت کە تەنانەت خودی زانست لە مانای ئیرادەی ئازاد تێناگات یان تێنەگەشتووە. ئێمە هیچ پرۆسێسێکی ئازاد لە ناو سرووشدا نازانین. ئێمە تەنها دوو جۆر و تایپی پرۆسێس لە سرووشدا دەزانین. یەکەم پرۆسێسێکی حەتمی و مسۆگەرە، دووەم لە گەڵ پرۆسێسێکی و هەڕەمەکیانەدا. یەکگرتن و ئاوێزانبوونی هەردوو پرۆسێسیش کردە و پرۆسێسێکی دیکەی گرمانەییمان پێدەبەخشێت. بەڵام هەڕەمەکێتی بریتی نییە لە ئازادی و گریمانەیەتیش بریتییە نیە لە ئازادی. بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئیرادەی هەیە. ئارەزووی هەیە. هەمیشە و هەموو کاتش بژاردەکان چێدەکات و دەخاتە ڕوو. بەڵام ئێمە چیتر ئازاد نیین حەز و ئارەزووەکانمان هەڵبژێرین. ئازاد نین ئەوە هەڵبژێرین کە ئیرادەی دەکەین. ئارەزووەکانمان لە لایەن هەردوو کەلتور و سرووشتەوە شێوەگیر و فۆرمەڵە بووە، بەو ڕێگەیەی کە لەودیوی تێگەشتن و کۆنترۆڵی تاکەکاندایە.

 

پێتوانیە لەدەستدان و لە کۆنترۆڵدەرچوونی فەردانییەت خۆراک بداتە هەرەسهێنانی دیموکراسى؟

 

باشە، دوو شت لە یەککاتدا خەریکە ڕوودەدات. سەرەتا، ئێمە توانای هاککردنی بوونی مرۆڤمان گرتۆتە دەست. گەر تۆ باوەڕت بە ئیرادەی ئازاد هەیە، ئەو کات تۆ دەڵێیت ئەمە شتێکی مەحاڵە کە بوونی مرۆڤ هاکبکرێت. هیچ کەسێک باشتر لە من خۆم ناناسێت. هیچ کەسێکیش پێشبینیی بژاردەکانم ناکات یاخود ناتوانێت مۆنۆپۆڵی ئارەزووەکانم بکات، لەبەرئەوەی ئەوان پەرچی ئیرادەی ئازادی من، ڕۆحی ئازادی من دەکەن. ئینجا ئەو کات تۆ دەبییت بە ئاسانترین کەس بۆ ئەوەی هاکبکرێیت یانەکو مۆنۆپۆڵ بکرێیت..

 

ئایا تۆ مەبەستت دەستەیەکە یان باس لە گرووپگەلێکی سیاسی دەکەیت کە دەتوانن بە بەکارهێانی هێواشی فەیسبووک دیدگای سیاسیی لار یان پەرچبکەنەوە و بگۆڕن؟

ئەمە تەنها نوکی شاخەسەهۆڵینەیەک بوو. یان بانگهێشتی هەستانەوە بوو. بەڵام کامبریج ئەنالیتیکا(کۆمپانیایەیکی ڕاوژکاری سیاسی بریتانییە کە کاری بەستنەوەی هەردوو شیکاری داتا، لە گەڵ پەیوەندیی ستراتیژییە، لە ماوەی نێوان پرۆسێسی ئەلیکترۆنیدا، لە ساڵی ٢٠١٣ درووستبووە). هەموو ئەو کۆمپانیا و پرۆگرامی کۆمپیوتەرییانە وا ڕەفتاردەکەن کە مرۆڤیان هاککردبێت. گەیشتوون بەوەی کۆدی هەموو ئەو ڕق و ترس و هەڵەوپەڵانەی کە هەمانە بزانن و شارەزایان بن. هەر ئەوەی کە بزانیت بوونی ڕق و لاوازییەکانی کەسێکی تایبەت چین، ئەوکات دەتوانیت ئیشی لە سەر بکەیت، بە ئاراستەی جودادا بیبەیت.

 

ترس و ڕق یەکێکە لە هەست و سۆزە بنچینەیی و سەرەتاییەکان. گەر بتوانیت سود لە هەست و سۆزە بنچینەییەکان وەرگریت، ئەوکات دەتوانی کۆنترۆڵی گوتاری سیاسی بکەیت؟

بەڵێ. ئەگەر تۆ بتەوێت قودرەت و تواناکان تێکشکێنیت بۆ ئەوەی گفتوگۆ و گەنگەشەیەکی گشتی مانادارت هەبێت، ئەوکات دەتوانیت هەستەکانی وەک  ترس و ڕق لە لای خەڵکی بدۆزیتەوە و گەورەیان بکەیت. وە دەتوانیت لە سەر بنەما و بناغەی تاکدا جێبەجێی بکەیت. ناتوانیت بە تەنها هەمان چیرۆک بۆ هەرکەسێک پیشان بدەیت لە بەرئەوەی خەڵکی جیاواز، کەموکورتی و لاوازی جیاوازیان هەیە.بۆیە لەوانەیە ئەوە ئاشکرا بکەن کە تۆ کینە و پێشداوەرییەکی دوژمنکارانەت بەرامبەر بە پەنابەران هەیە. دەتوانن هەواڵی چیرۆکێکی ساختە و فەیکت پیشان بدەن دەربارەی باندێکی کۆچەبەری لۆکاڵی دەستدرێژیکار بۆ سەر ژنان. ئەوان تۆ باش دەناسن کە بە ئاسانی باوەڕ دەکەیت، لە بەرئەوەی پێشوەختە ئەم کینە و پێشداوەرییەت هەیە. بەڵام کچە دراوسێکەت، کینە و پێشداوەرییەکی زۆر جیاوازتری هەیە. ئەو لایەنگری پەنابەرە. بەڵام ئایا ئەوکینە و پێشداوەریە ئەوەیە کە وا بیردەکاتەوە هەرکەسێک بەرهەڵستی پەنابەر بکات فاشیست، ڕەیسیست و گەمژەیە. لە بەرئەوە چیرۆکی جیاوازی پیشان ئەدەن دەربارەی باند و گروپی ڕاستڕەوی دەمارگیر کە پەنابەران دەکوژن. وە بەپەلە و  ئاسان باوەڕ بەوە دەکات وەک تۆ چۆن باوەڕت بە چیرۆکی باندە کۆچەبەرە لۆکاڵە دەستدرێژیکارەکەی سەر ژنان کرد. بۆیە دەکرێت یاری بە هەست و سۆزە کینەئامێز و ترسئامێزەکان بکەن یان لە نێو ئەم ئەو جۆرە هەستانە یاریدەکات. گەر ئێستا تۆ باوەڕت وابێت کە خەڵکی بە ئیرادەیەکی تەواو ئازادانە بڕیارەکانیان ئەدەن، ئەوکات دەڵێیت ئەوە مەحاڵە و کاری نەکردەیە. بەڵام ئینجا تۆ نێچیرێکی تەواو ئاسانی بۆ ئەم جۆرە لە دەستاکری و قۆرخکارییە.

 

وتت دوو شت هەن کە خواردن بە تێکشکاندنی دیموکراسی ئەدەن. دووەمیان چییە؟

دووەم شت داهاتووە کە بەشێکی زۆری خەڵک لە پشتییەوە وەستاون. بەشێکی زۆری بێزاری و جاڕسبوونەکانی دوونیای ئەمڕۆ، بەتایبەت لە ئەمریکادا، لە بەر سەختی و دژوارییەکانی ئەمڕۆ و ئێستا نیین. بەڵکو دەربارەی ئەوەیە کاتێک خەڵکی دەڕواننە داهاتوو درکی ئەوە دەکەن کە داهاتوو چیدی پێویستی پێیان نییە/نەماوە. ناوەند و سەنتەری بەشێکی زۆری خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەدەی بیستدا بریتی بوو لە چەوساندنەوە- کە نوخبە چینی کرێکاری دەچەوساندنەوە. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا ترسی مەزن لەوەدا نییە کە نوخبە بمانچەوسێنێتەوە. ترسی مەزن لەوەدایە کە نوخبە پێویستی پێمان نییە. ئێمە چیدی دەبین بە مرۆڤی بێبایەخ و ناپەیوەست دەبین. تا ئەندازەیەکی زۆر، ئەم ترسە پاساودەدرێت. خەڵکێکی زۆر بێکەڵک دەبن دەبن بۆ سیستەمی ئابووری و سیاسی. لە بەرئەوە هەوڵ ئەدەن توانای سیاسی خۆیان بە کاربێنن پێش ئەوەی درەنگ بێت.

 

 

گەر تۆ تۆپە کریستاڵەکەت ورد و ناسک بێت، دەتوانین چی بکەین؟

 

ئێمە دەتوانین بە دڵنییاوە تەکنەلۆژیا نوێکان ڕێکبخەین. دەتوانین لەوە دڵنیابین کە تەکنەلۆژیا بۆ کاری چاکە بە کاربێت نەک مەبەستی خراپ. پێویستمان بەوەیە کە دڵنیا بین داتا گەورە ئەلگۆریتمەکان خزمەتمان دەکەن، نەک بە تەنها خزمەتی دامەزراوە و حووکمەت و کۆمپانیاکان بکات. لە حاڵی حازردا ئێمە دەتوانین سیستەمی زیرەکی دەستکرد یان هۆشی زیرەک ببینین کە بە کاردەهێنرێن بۆ چاودێریکردنی کەسەکان لە خزمەتگوزارییە حوکمی و کۆمپانیاکان. بەڵام تەکنەلۆژیا خۆی دەتوانێت بە کاربهێنرێت بۆ چاودێرکرنی حوکمەت و دامەزراوەکان لە سود و بەرژەوەندی تاکەکان. زۆربەی هەوڵ و کۆششەکان بۆ ئەوەیە کە توانا ببەخشن بە حوکمەت و دامەزراوەکان بۆ ئەوەی چاودێری ئێمە بکات. لە گەڵ ئەوەشدا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی و هونەری نییە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئاراستەی چاودێریکردنەکە.

 

ئایا ئێمە دەتوانین نەچینە سەر نێت و دیسکونێکت بین(زۆرە پەیوەست نەبین بە نێتەوە)؟

بە دڵنیاییەوە من پەسەند و پێشنیاری دەکەم بەوەی بەو ڕادە زۆرە پەیوەست نەبین بە نیتەوە بە لایەنی کەم دوو بۆ سێ کاتژمێر بۆ هەر ڕۆژێک و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە ساڵەکەدا خۆی بە دووربگرێت لە نێتەوە و یان پەیوەست نەبێت پێیەوە. هەموو ڕۆژێک من بە تەواوی پەیوەندی خۆم ئەپچڕێنم بە ئامێرەکانەوە و نزیکی دوو کاتژمێر سەرقاڵی بیرکردنەوە و تێڕامان دەبم. هەموو ساڵێک بۆ مودەیەکی درێژ کە سی بۆ شەست ڕۆژ دەبێت بە تەواوی پاشەکشە دەکەم و پەیوەندی خۆم بە تەواوەتی سمارتفۆنەکان، و کۆمپیوتەر و ئامێرەکانەوە دەپچڕێنم. لە بەرئەوە کەسێکی دڵخۆشتر و ئارامتر دەبم. ئەو کاتیش هێمینی و ئارامییەکی باشتری زیهنیم بۆ دەستەبەر دەبێت. بۆیە ئەوەی کە بە ڕاستی دێتە نێوان تۆو جیهانەوە، هەموو شتێک لێڵ و تەموومژ دەکات و تێگەشتنیش لێی سەخت و دژوار دەبێت، ئەمەش لاوازی و بێهێزییەکانی تۆیە، ترس و کینەکانی پێشتری تۆیە. ئەگەر ئەم کاریگەرییانە نەزانی، ئەو کات ترس و هەوس و حەز و ڕق و کینەکانیش ناناسیت یان نازانیت، سەرئەنجام زۆر سەخت و دژوار دەبێت لە دونیا تێبگەیت. ئەگەر مێشکی تۆ لە هەموو جێگا و شوێنێک بێت و بۆ هەر کاتێکی درێژیش سەخت بێت کە بتوانیت فۆکەس و تەرکیزت چڕ بکەیتەوە لە سەری، ئەو کات هەرگیز ناتوانیت بە قووڵی ڕۆبچیتە نێو هەر پرسیارێک. تێڕامان و بیرکردنەوە یارمەتیم ئەدات بۆ ئەوەی فۆکەس و تەرکیزم چڕبکەمەوە. هاوکاریم ئەکات بۆ ئەوەی بگەم بەوەی لاوازی و چەوتییەکانی خۆم بزانم/بناسم.

 

ئایا تۆ کەسێکی گەشبین یان ڕەشبینت دەربارەی ملنانمان بەرەو شوێنێکی نادیار؟

هەوڵ ئەدەم دیدگای خۆم لە سەر جیهان بە سێ دەربڕین پوخت بەکەمەوە. شتەکان زۆر باشترن بەراورد بە هەرکاتێکی پێشوو. شتەکان هێشتا بە تەواوی خراپن. شتەکان دەتوانن خراپتر بن. ئەمە دەتوانرێت بۆ هەندێک لە دیدگا گەشبینەکان زیاد بکرێت لە بەرئەوەی ئەگەر تۆ درکی شتەکانت کرد کە بەرەو باشتربوون دەڕۆن بەرواورد بە پێشوو، دەتوانی بڵێین ئەو کات مانای ئەوە ئەدات کە دەتوانین باشتریان بکەین. بە درێژایی مێژوو ئێمە لە هەمان پێگەی خەمبارانە و هەمان دۆخی نالەباردا نەچەقیوین. کۆمەڵێک شت هەن دەتوانێت دۆخەکە بەرەو پێش بەرێت. بەڵام هیچ شتێکییش دەربارەی ئەوە حەتمی و ئەبەدی نیە. من باوەڕدارێک نیم بەوەی باوەڕم وا بێت کە دەکرێت زانست و تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی حەتمی جیهانێکی باشتر بڕسکێنیت/ زانست و تەکنەلۆژیا تەنها گەرانتی یەک شت دەکەن. ئەو شتەش بریتیە لە دەسەڵات. جۆری مرۆڤ بەرەو ئەوە دەچێت دەسەڵاتر و قودرەتدارتر بێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو کات چی لەم دەسەڵاتە زۆرە دەکات؟ ئێمە هەموو جۆرە بژاردەکانمان لە بەردستدایە. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، خەڵکی بە شێوەیەکی ژیرانە دەسەڵاتی بە کارهێناوە، هەندێک جاریش بە شێوەیەکی خراپ دەسەڵاتیان بە کارهێناوە. یەکێک لە هەرە گرنگترین هێزەکان لە مێژوی مرۆڤدا بریتیە لە گەمژەیی مرۆڤ. نابێت ئێمە هەرگیز گەمژەیی مرۆڤ بە کەم سەیر بکەین. کاتێک سەرچاوە بێسنورەکانی گەمژەیی مرۆڤ کۆدەکەیتەوە لە گەڵ دەسەڵاتە تازە سەرنجڕاکێشەکاندا کە جۆری مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا بە دەستیهێنا، ئەو کات ئەمە دەبێت بە ڕەچەتەیەک بۆ دروستکردنی کارەسات و نەهامەتی.

 

 

 


[1] . Autocratic:  ئەم وشەیە پەیوەندیی بە سیستەمی بە فەرمانڕەوایەتیەوە هەیە، بەو مانایەی کە فەرمانڕەوا دەسەڵاتێکی باڵا و موتڵەقی هەیە.

 

تێبینى: "ئەلگۆریتم (بە ئینگلیزی: Algorithm) لە گرنگترین چەمکەکانی زانستی کۆمپیوتەرە و بریتییە لە ڕێسا یان پرۆسەیەکی ھەنگاو بە ھەنگاو کە دەرەنجامی دەبێت بە حەلبوونی مەسەلەیەک". ئەلگۆریتم ئەو هەنگاوانەیە کە بە ڕیزبەندى دەیانگرینە بەر بۆ دانانى بەرنامە و پرۆگرام و پرۆسەیەک. وەکچۆن بۆ حەلکردنى پرسیارێکى بیرکارى هەندێک ختوە و هەنگاو دەگیرایەبەر, ئەوا بۆ زۆر پرسى ترى ناو ژیان بەتایبەت دونیاى کۆمپیوتەر ئەلگۆریتم بەکاردەهێنین. بەم مانایە ئەلگۆریتم ڕێکخستنى کۆدەکانە- و

 

سەرچاوە:

http://nautil.us