A+    A-
(2,421) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگی نێگەتیڤ:   

 

   یاسا (law)

    (6)

 

 

 

ئامادەكردنی: شوشە عەلی

 

 

یاسا: ڕێسایەکی گشتیی پەتی و موجەڕەدە، کە ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی ڕەفتاری تاکەکان لە کۆمەڵگەدا. وشەی یاسا(law) لە ڕیشە ئینگڵیزییەكەیدا، لە lagـی ئەسكەندەنافییەوە هاتووە كە لە ئینگڵیزیی دواتردا بووەتە lagu، و و لە ئینگڵیزیی ناوەڕاستیشدا بووەتە lawe. پاشانیش پیتی e نەخوێنراوەتەوە و بە شێوەكەی ئەمڕۆی جێگیربووە. لەبارەی چۆنیەتیی سەرھەڵدانی وشەکەشەوە لەبنەڕەتدا چەندین بیروڕای جیاواز ھەیە. ھەندێک وای بۆ دەچن کە مێژووی سەرھەڵدانی قانوون لە (تقنین) نوسینەوە ھاتووە، ئەو کاتەی کە رێساکان نووسرانەوە. ھەندێک ڕایان وایە، کە وشەکە لە ڕووی ڕواڵەتی یان شکڵییەوە؛ لە (قنن-قن)ی عەرەبییەوە بە "فەتحی قاف" ھاتووە کە بەمانای شوێنپێگرتنی ھەواڵەکان و بەرچاوڕوونی دێت. لە ڕووی شکڵییەوە لە عەرەبیدا وشەکە لەسەر وەزنی (فاعول)ھاتووە، کە دەلالەت دەکات لەسەر کەماڵ وگەیشتن بە ئامانج. لەبەرئەوە قانون لە عەرەبیدا بە مانای پێوەر ھاتووە، ھەروەھا «فەیروزئابادی» لە قامووسەکەیدا(المحیط) دەڵێت: قانون پێوەری ھەموو شتێکە. ھەندێ بیروڕای تریش بۆ ئەوە چوون کە زاراوەی قانوون، دەستەواژەیەکی بیانییە و ھاتۆتە ناو زمانی عەرەبییەوە کە لەبنەڕەتدا وشەیەکی لاتینییە و لە وشەی(kanon)وەرگیراوە؛ ئەویش بە مانای قاعیدە/ڕێسا یاخود ڕێکخستن دێت، لە سەردەمی مەسیحیەتشدا بەو بڕیارانە دەوترا کە کڵێسا دەری دەکرد.

زاراوەی یاسا دوو مانا لەخۆدەگرێت (تایبەتی -گشتی).

یاسا بە مانا گشتییەکەی  کۆمەڵێک ڕێسایە، کە ژیانی کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان ڕێکدەخەن؛ کە پێویستە لەلایەن ھەموو کەسێکەوە ڕێزی لێ بگیرێت. بۆنمونە کاتێك دەڵێین(یاسای ڕۆمانی-یاسای عێراقی)، ئەوا مەبەست لە مانا تایبەتییەکەی بریتییە لەو یاسایانەی(تشریع) کە لەلایەن یاسادەنەرانەوە(مشرع) دادەڕێژرێن. بۆنمونە(یاسای مەدەنی-یاسای جێبەجێکردن-یاسای سزادان). لە  عەرەبیدا پێی دەوترێت (قانون خاص)، (legislation).

جیاوازیی نێوان مانای ئەم زاراوەیە گرنگە، چونکە مانا گشتییەکەی  فراوانترە لە مانا  تایبەتییەکەی، بۆیە دەتوانین بڵێین ھەموو تەشریعێک یاسایە، بەڵام ھەموو یاسایەک تەشریع نیە، چونکە تەشریع تەنیا  یەکێکە لە سەرچاوەکانی یاسا. ھەروەھا زاراوەیەکی تر کە پێویستە لە یاسا جیابکرێتەوەو جیاوازی بکرێت بریتیە لە ڕێسا(rule)، کە تا ڕادەیەکی زۆر نزیکن لە یەکتر، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت ڕێسا بەشێکە لە یاسا. كەواتە جیاوازیی ڕێسا و یاسا چیە؟

یاسا ئەو ڕێسایانەن کە ملکەچبوون و پەیڕەوکردنیان واجبە، و لەلایەن دەسەڵاتی باڵاوە دەسەپێنرێن لەسەر تاکەکان و پێویستە پاپەندیان بن. یاسا بۆ جێبەجێکردنیان پێویستی بە ڕێوشوێنی یاساییە، بەپێی ئەو بوارەی کە ھەیە. بۆنمونە کاتێك دەڵێیت یاسای سزادان، لە چەند مادەیەک پێکھاتووە. بەدەر لەو مادە یاساییانەی ھاتووە، ھیچ سزاو تاوانێکی تر نیە، ھەروەھا پێویستە لەسەر ھەموو کەس و بێ  جیاوازی پابەند بن پێیەوە.

بەڵام لەڕووی  سزاو واجبەوە ڕێسا نەرمترە لە یاسا، بە ئاسانی گۆڕانکارییان تیا دەکرێت و مەرج نیە ھەموو کات پێویستی بەڕێوشوێنی یاسایی ھەبێت. ڕێسا یارمەتیی چۆنیەتیی ژیان دەدات لە کۆمەڵگادا. بۆنمونە کە ئێمە دەڵێین ڕێسای یاسایی، بۆ شیکردنەوەو ئاماژەدان بە ئەو زاراوە یان بابەتەیە کە ئاماژەی پێدەکەین، بۆیە کاتێک دەڵێین ڕێسای یاسایی بۆ خوێندنەوەیەکە دەربارەی یاسا جۆربەجۆرەکان و ڕێوشوێن و ڕوونکردنەوەی.

 

مئژووی یاسا

بەو پێیەی مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییەو، بەھۆی بەرکەوتنی بەردەوامی لەگەڵ ئەویتری کۆمەڵگە. پێویستە ڕێکخستنێک ھەبێت، کە پەیوەندیی نێوان تاکەکان ئاراستەبکات؛ تا ئاسایش و ئاسوودەیی فەراھەم بكات. بێگومان لە سەرەتای درووستبوونی مرۆڤ و ژیانی بەربەرییەوە، مرۆڤ ملکەچی ھیچ بنەماو دەسەڵاتێک نەبووە. بەھۆی ئەوەی لە ژیانێکی بەربەری و سرووشتیدا ژیاوە، شوێنی بنەما و باوەڕێکی دیاریکراو نەکەوتبوون. پاشان لەگەڵ کۆبوونەوەی مرۆڤ و درککردن بە لاوازییەکان و ترس لە سرووشت و ڕووداوەکان، پەنای بردە بەر درووستکردنی خوداو باوەڕپێھێنانی و ملکەچبوون بۆ فرمانەکانی کە لەلایەن دەستەیەک لە پیاوانی ئاینیەوە ڕێبەرایەتی دەکرا. ئەمەش سەرەتای شێوازی پەیڕەوکردن بوو لە ڕێسایەکی دیاریکراو، بەڵام ھێشتا ئەم بنەمایە ڕەگەزە گشتییەکانی یاسای تێدا نەبوو؛ ھەروەھا ھێزە پابەندکارییەکەی لە ئاینەوە وەرگرتبوو. نەک لە ھەستی خەڵک بەرامبەر سزایەکی دنیایی. ئەم شێوازە ھەموو کۆمەڵەکان پێی ئاشنا بوون، بۆنمونە لە عێراقدا ھەموو شارێک خودای خۆی ھەبووەو شارەکەی پاراستووە و سەرچاوەی دەسەڵات بووە. وەک خودای شماسی، ھەروەھا لە میسر باوەڕیان وابوو، بڕیاری یاسای خودای یاسا(تحوت) دایناون، بەڵام خوداوەند(معات) چاودێریی جێبەجێکردنیان دەکات. ھەروەھا لە یۆنان باوەڕیان وابوو کە خوداوەند(تیمیس) فرمانەکان بە سرووش دەگەیەنێت بە پیاوە ئاینییەکان. ئەمانەو کۆمەڵە خوداوەندێکی تر کە کە کۆمەڵەکانی ئەو سەردەمەیان ڕێکخستووە.

دواتر بەھۆی لاوازبوونی باوەڕی خەڵک  بە خوداوەندەکان و ھەستکردن بە پێویستیی سزای دنیایی، نەریت سەری ھەڵدا. کە ئەمەش قۆناغێکی پێشکەوتووتر بوو، چونکە تا ڕادەیەک بڕیارەکان گشتی تر بوون. بڕیارو کردەکان و ڕێساکان لە مرۆڤەکان نزیکتر بوون، چونکە نەریت وعورف لە بەرئەنجامی دووبارەبوونەوەی شتێک لەلایەن خەڵک و ڕاھاتن لێی درووست بووە، نەک سرووش و باوەڕی ئاسمانی. بۆیە ئەم بنەمایەیان کاریگەر تر بوو، بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵەکان و دیاریکردنی بنەماکان و ملکەچپێکردنی خەڵک و سزادانیان لە کاتی سەرپێچیکردنی ئەم بنەمایانەدا. لێرەشدا پیاوانی ئاینی و چینە سەردەست و فەرمانڕەواکان، ئەوانە بوون کە ئەم بنەمایانەن دیاریدەکردو بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەیانقۆستەوە، کە ئەمەش بووە ھۆی چەوساندنەوەی عاممەی خەڵك. بۆ ڕزگاربوون لە چاوسانەوەی چینی باڵا خەڵک پێویستی بە شارەزابوون و وشیاری لەبەر ئەم بنەمایانە ھەبوو. بۆیە وای کرد پێویستی نوسینەوەی ئەم نەریت وعورفانە ببێتە ناچاری بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە چاوسانەوەی بەردەوام. بە تۆمارکردنی ئەم بنەمایانە ڕێسای نوسراو سەریھەڵدا، کە وەچارخانێکی گەورە بوو، بۆ مرۆڤایەتی و دژ وەستانەوە لە دژی زۆرداری. یاسا کۆنەکان لەسەر تابلۆی بەردین یان برۆنز و سیرامیک دەنوسرانەوە، و لە شوێنە گشتییەکان ھەڵدەواسران. نموونەی یاسا نوسراوەکان لە عێراق یاسای( ئورنەمۆ-لەبت-بلالاما). لە میسر یاسای(میسری کۆن- بوخوریس). یاسا یۆنانییەکان یاسای(دراگۆن-سۆڵۆن). یاسای ڕۆمانی(یاسای دوانزە تابلۆکە).

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە تا ئەوکات ھێشتا یاسا نوسراوەکان،  دەقەکانی تێکەڵ بە دەقی ئاینی و ئاکاریەکان بوون، بە شێوازی شیعری کورت و ئاڵۆز و نازانستی نوسرابوون. نوسراوەکان زیاتر ڕواڵەتی بوون، و ھەروەھا یاساکانی ئەو سەردەمە بە توندوتیژی و دڵڕەقیی یاساکان دەناسرێنەوە.  بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەم قۆناغانە بوونە ھۆی پێشکەوتنی یاسا بۆ ڕێسایەکی گشتگیر.

لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی یاسادا چەند ئامرازێک ھەبوون، کە بوونە ھۆی گەشەکردنی یاسا و بەپێی سەردەمەکان گۆڕاون. لە گرنگترین ئەو ئامرزانە(گزیی یاسایی-بنەماکانی دادپەروەری-یاسادانان). ھەروەھا سیستەمی یاسای ڕۆمانی یەکێکە لەو سیستەمانەی کاریگەریی گەورەی لەسەر مێژووی یاساو گەشەکردنەكەی جێھێشتووە.

 

سەرچاوەکانی یاسا

سەرچاوە واتە چاوگ، یاخود ئەو بنەڕەتەی کە بەشداریی کردووە لە پێکھێنان و درووستبوون و گەشەکردنی ڕێسا یاساییەکان.

سەرچاوەکانی یاسا بە گشتی بریتین لە:-

سەرچاوەی مێژوویی

سەرچاوەی تەفسیری

سەرچاوەی بابەتی

سەرچاوەی ڕەسمی

 

سەرچاوەکانی یاسای عێراقی

ئەو سەرچاوانەی کە عێراق پشتی پێ بەستووە، لە مادەی یەکەمی یاسای مەدەنیی عێراقی ژمارە(٤٠)ی ساڵی ١٩٥١ دەستنیشانی کردووە. بەپێی ئەم یاسایە سەرچاوەکانی یاسای عێراقی لە دوو سەرچاوەوە وەرگیراون(سەرچاوەی ڕەسمی -سەرچاوەی ناڕەسمی).

سەرچاوە ڕەسمییەکان

تەشریع

عورف

بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی

قاعیدەی دادپەروەری

 

سەرچاوەی ناڕەسمی:

قەزا

بیروبۆچوونی فیقھـ.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

ڕەگەزپەرستی(racism)     

(7)

 

ئامادەكردنی: بۆتان بەختیار

 

 

هەر كردە و ئاکتێک، پراکتیزێک یان باوەڕێک کە ڕەنگدەرەوەی جیهانبینیی نەژادی و ڕەگەزییە-ئەو ئایدۆلۆژیایەیە مرۆڤەکان دابەشدەکات بۆ قەوارەی جیاجیا و تایبەت کە پێیان دەوترێت نەژاد(race). پێکبەستێک لە نێوان سیفەتی فیزیکی بۆماوەیی و سیفەتی کەسایەتی، ڕۆشنبیری، ئاکار و سیفەتی تری کەلتوری و ئەخلاقی هەیە، کە هەر لە زگماکەوە نەژادێک پەسەندتر و باڵاترە لە نەژادەکانی تر. لە سەدەی ٢٠ـەوە بیرۆکەی جیاوازی بایۆلۆژی وەک داهێنانێکی کەلتوری سەیردەکرێت، بەبێ بنچینەی زانستی. لە دوای شکستی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، دژە-سامییە ڕەگداکوتاوەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن حیزبی نازییەکانەوە بەکارهێنران کە لە ساڵی ١٩٣٣ وە دەسەڵاتییان گرتەدەست و سیاسەتی جیاکاری و مەحروومکردن، چەوساندنەوە و کوشتنی جولەکەکانیان بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ئەڵمانیا و ئەو وڵاتانەی کە داگیرییان کردبوون بەکارهێنا. لە ئەمریکای باکور و سەردەمی ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوور(apartheid era)، ڕەگەزپەرستی فەرمانیکرد کە دەبێت ڕەگەزە جیاوازەکان(بە تایبەت ڕەش پێست و سپی پێستەکان) لە یەکتر جیابکرێنەوە، بەشێوەیەک هەریەکە و کۆمەڵگای جیای هەبێت و بە جیا دام و دەزگای وەک کەنیسە، قووتابخانە و خەستەخانە دابنێن، و یاساغ بوو پەیوەندیی هاوسەرگیری لە نێوانیان هەبێت. لە مێژوودا، ئەوانەی بە ئاشکرا پراکتیزەی ڕەگەزپەرستییان دەکرد پێیان وابوو ئەندامانی نەژادە پلە نزمەکان دەبێت لە کارکردنیشدا پلەی نزمییان هەبێت و نەژاد پلە بەرزەکان دەبێت پلەی بەرزی کاریان هەبێت و دەسەڵاتی سیاسی و سامانی ئابوریی تایبەتیان هەبێت و مافە مەدەنییەکانیان نابێت سنورداربکرێت. ئەزموونی نەژادە پلە  نزمەکان لەژێر دەستی ڕەگەزپەرستیدا ئەزموونی ئەشکەنجەی جەستەیی، سوکایەتیی ڕۆژانە و ئاکت و وتنەوەی کۆمەڵێك دەربڕینی بێڕێزییە کە هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورەی لەسەر ڕێز و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبووە .ڕەگەزپەرستی لە هەناوی کۆیلایەتیی ئەمریکای باکور، کۆڵۆنیزەکردن و بنیاتنانی empire-buildingی ڕۆژئاواییەکاندا بوو، بە تایبەت لە سەدەی ١٨ دا. درووستکردنی ئایدیای نەژادی بۆ گەورەکردنی جیاوازیی نێوان ڕەچەڵەک ئەورووپییەکان و ئەفریقییەکان بوو کە باوانیان بە زۆر کرابوون بە کۆیلە و گوازرابوونەوە بۆ ئەمریکا. بە ناساندنی وەچە ئەفریقییەکان و ئەمریکییە ئەفریقییەکان وەک مرۆڤی نزمتر، پاڵپشتیکەرانی کۆیلایەتیی هەوڵیاندا درێژە بە سیستمی چەوساندنەوە بدەن لە کاتی نەخشاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک قەڵا و مەڵبەندی ئازادی، بە مافی مرۆڤ، دەزگای دیموکراسی، هەلی بێسنوور و یەکسانیی. پارادۆکسیی نێوان کۆیلایەتی و یەکسانیی مرۆڤ، لەگەڵ فەلسەفەی ئازادی و شاهانەیی مرۆڤ وا دەردەکەوت داوای لە مرۆڤخستنی کۆیلەکان دەکات.

لە سەدەی ١٩ دا، ڕەگەزپەرستی گەورەتر بوو و بە جیهاندا بڵاوبوویەوە. لە زۆر وڵاتدا، ڕابەرەکان دەستیانکرد بە بیرکردنەوە لە ڕکابەرە ئەتنی و نەژادییەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان، بە تایبەت ئایینیەکان یان زمان جیاوازەکان، بە مانا نەژادییەکەی جیاکرنەوەی پلە بەرز و پلە نزم بوو. ئەوانەی وەک پلەنزم سەیر دەکران، بە تایبەت لە ناوچە کۆڵۆنیزەکراوەکاندا، دەچەوسێنرانەوە بە کارەکانیان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان شەقڵێکی باوی لە جیهاندا وەرگرت. دەربڕین و هەستەکانی باڵابوونی نەژادی کە ببووە هاوەڵی کۆلۆنیالیزم، وەڕس بوون و ڕەفتاری نەیارانەی لەنێو داگیرکراو و چەوسێنراوەکاندا داچەقاند، تەنانەت دوای ئازادبوون ئەم هەستانە هەر بەردەوام بوون. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ٢٠ـەوە زۆر ناکۆکی و کێشە تەفسیری نەژادیی(racial)ـان بۆ کراوە، هەرچەندە بنەڕەتی ئەو ناکۆکییانە لە نەیارییەکی دێرینی ئەتنیدا بوو کە بۆ ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگاکانی کارەکتەریزە و فۆڕمولە کردووە.(بۆ نمونە عەرەبەکان و جوولەکەکان، ئینگلیزەکان و ئیرلەندییەکان). ڕەگەزپەرستی ڕەنگدەرەوەی پەسەندکردنی قووڵترین فۆڕم و پلەی دابەشکارییە و هەڵگری ئەو ڕایەیە کە جیاوازیی نێوان گرووپەکان هێندە گەورەیە کە ناتوانرێت تێبپەڕێنرێت. ڕەگەزپەرستی ڕق و گومان دێنێتەئاراوە و هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە قوربانییەکانی سەرکوتدەکات. لەبەر ئەمە، زۆر لە کۆمەڵگاکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ڕەگەزپەرستی هەڵەیە، بە لایەنی کەمەوە ڕەگەزپەرستی وەک پرەنسیپ و مەیلی کۆمەڵایەتی نەماوە. زۆربەی کۆمەڵگاکان دەستیان کردووە بە جەنگان لە دژی ڕيگەزپەرستیی بەدەزگاییبوو بە لەکەدارکردن و تاوانبارکردنی باوەڕ و کردارە ڕەگەزپەرستییەکان و بەرز نرخاندنی تێگەشتنەکانی مرۆڤ لەمەڕ سیاسەتی گشتی، وەک لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا کراوە و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی  برەوی پێدرا ١٩٤٨. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشی توند کرایە سەر ڕەگەزپەرستی لە کاتی جوڵانەوە و بزووتنەوەکانی مافە مەدەنییەکان لە  ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی  سەدەی ڕابردوو، و ئەو یاسا و سیاسەتە کۆمەڵایەتییانەی کە جیاکاری و چەوساندنەوەی ڕەگەزییان سەپاند لە دژی ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە هێواشی لابران. ئەو یاسایانەی دەسەڵاتی دەنگدانی کەمینە نەژادییەکانیان سنوردار دەکرد بە هەموارکردنەوەی یاسای ٢٤ لە دەستوری ئەمریکا لابران، و بە یاسای مافی دەنگدانی فیدراڵی، کە پێویستی بە دەسەڵاتی دادوەری و تۆماری مێژوویی  سەرکوتکردنی مافی دەنگدانە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فیدراڵی، لە 2010ـەوە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ویلایەتەکان چەند فۆڕمێکی جیاوازی یاسای ناسنامەی دەنگدەرییان دەرکرد، کە بەمە دەنگدەران پێویستە پێش دەنگدان فۆڕمی ناسنامەکانییان پێشکەشکەن. ڕەخنەکەرانی یاساکان، بەتوندی هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی ئەمریکییە ئەفریقییەکان و گرووپە دیمۆگرافییە جیاوازەکانییان دا. سەرەڕای بڕیارە دەستوری و یاساییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی مافی کەمینە نەژادییەکان، باوەڕە کەسی و تایبەتەکان بە ڕەگەزپەرست مانەوە، و هەندێک گرووپی بە پلە نزم سەیرکرا و بوونە قۆچی  قوربانی. ئەم مەیلە لە سەدەی ٢١ دا هەر بەردەوامە. لەبەر ئەوەی لە زەینی عامدا وشەی  race پەیوەستە بە جیاوازییە فیزیکییەکانەوە، ڕەنگی ڕەش وەک نیشانەی پلەنزمی سەیردەکرێت. هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە زەحمەتە ڕەگەزپەرستی بنەبڕ بکرێت. لەڕاستیدا، عەقڵییەتەکان [بەڕەهایی] بەهۆی یاساوە ناگۆڕدرێن، بەڵام باوەڕەکان دەربارەی جیاوازیی مرۆڤەکان دەگۆڕێن، توخمە کەلتورییەکان بە هەمان شیوە دەگۆڕێن.