A+    A-
(199) جار خوێندراوەتەوە

فەرھەنگى نێگەتیڤ:

 

 

 

           فێمینیزم

 

 

 

ئامادەکردنى: شوشە عەلى

 

 

 

زاراوەی فێمینیزم یان مێ‌باوەڕى بەو ئایدیا و جوڵانەوە  سیاسی و کەلتورییەی ئافرەتان دەوترێت کە ئامانجیان بە دەستھێنانی یەکسانیی ژێندەرییە بۆ ژنان لە ھەموو ‌ڕووەکانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەوە. ئامانجە قووڵەکەش لەمە سەیرکردنى ژنە وەک سوبێکتێکى مرۆیى, وەک بوونەوەرێک کە لەڕووى چەندایەتییەوە هیچى لە پیاو کەمتر نیە.

زاراوەی(feminism) لە وشەی(femin)ی لاتینییەوە ھاتووە کە لە ڕەگی وشەی(femina)وە وەرگیراوە کە  بەمانای ژن دێت، پاشگری(ism) لە کەلتورى گریکییەوە وەرگیراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی کردارەکە وەک باوەرێک یا کارپێکردنێک بۆی.

یەکەمین بەکارھێنانی فێمینیزم لە ئینگڵیزیدا لە ساڵی1851 بوو بەڵام ئەوکات تەنھا بە مانای دەسەڵات بوو بۆ ژنان. لەساڵی 1837یش لە فەڕەنسا وشەی فێمینیزمیان بەکارھێنا بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژن.

فێمینیزم وەک ئایدیا و جووڵانەوەیەکی ژنان، زۆرینەی ڕاکان بۆ ئەوە دەچن لەکۆتایی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەریھەڵداوە و گەشەیکردووە, کە شۆڕشی پیشەسازی و سەردەمی ڕۆشنگەری کاریگەرییەکی  بەرچاوی لەسەر ھەبووە بۆ وشیاربوونەوەی ژنان و داواکردنی مافەکانیان لە یەکسانیی ڕەگەزی ومافی دەنگدان و موچەی یەکسان لەگەڵ پیاوان، دیاریکردنی کاتی کارکردن و بۆ ژنان و مافی مۆڵەتی دایکایەتی و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان لەکارکردندا.

ھەروەھا بوونی چەند ژنەنوسەر و فەیلەسوفێک، ڕەوتی گەشەکردنی فێمینیزمیان خێراترکرد و ڕۆڵێکی گەورەیان لە ھۆشیارکردنەوەی ژنان و کارکردن بۆ ھاتنەدەرەو ڕزگاربوون لەژێردەستی دەسەڵاتی فیوداڵی و کۆیلایەتیی پیاوی باڵادەست بینی؛ هەروەها بەگژداچوونەوەی کەلتور و نەریتەکانی ئەو سەردەمەش، کە جۆرێک بوون لە ستەمکاری بەرامبەر ژنان.

(سیمۆن دی بوڤوار) یەکێکە لەز ژنە فەیلەسوف و نوسەرە چالاکانەی  کە کاریگەرییەکی  بەرچاوی ھەبووە، ئەو بە نوسینی کتێبی ڕەگەزی دووەم(the second sex) لەساڵی 1941، کە تیایدا ئاماژەدەکات بەو جەور و ستەمانەی کە لە ژن دەکرێت بە ناوی کەلتور و کۆمەڵگە، و شیکردنەوەی  ڕەگەزی مێینە و ناساندنی و چۆنیەتیی دەرچوون لە ستەم کە لە دێڕە بەناوبانگەکەێ سەرەتایدا دەڵێت «ژن بە ژنێتى لەدایکنابێت، ژن دەکرێت بە ژن».

ھەروەھا جەختیکردەوە لەسەر ژن وەک درووستکراوێکی کۆمەڵایەتی، کە کۆمەڵگە درووستیدەکات نەک ئەوەى بونیادێکی سرووشتی بێت. لە مێژووی درووستبوونی فێمینیزمدا زۆربەی جووڵانەوە و چالاکییە فێمینیستییەکان لەلایەن ژنە سپی‌پێستەکانی چینی مامناوەندەوە بوو، تاکو ساڵی1851 کاتێ کە ژنە ڕەشپێست (Sojourner Truth’s) ھاتە کایەوە. بۆ گفتوگۆکردنی فێمینیزمى ئەمریکی، کە ئەمە وای کرد زاراوەکە زیاتر بە جیھان بناسرێت. پاشان لەساڵی 1960 مافی ژنان بە سودوەرگرتن لە مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا و ڕووخانی کۆڵۆنیالیزم یارمەتیدەری فێمینیزم بوون بۆ زیاتر گەشەکرن و بڵاوبوونەوەی بە جیھاندا، و چەندین بزاوتیان لە چینە جیاوازەکانی وڵات پێکھێنا، لەوانە بزاوتی فێمینیستی(جیھانی سێیەم و پۆست کۆڵۆنیالیزم).

 

جووڵانەوەی فێمینیستی تا سەدەی نۆزدەھەم وەک ئایدیا دەرنەکەوت، بەڵام لە سەدەکانی پێشتر بەکارھێنانی ھەبووە، کە لەلایەن چەند ژنە نوسەرێک بەکارھاتووە. وەک (چریستان دی بیزان) لە نوسینی (پەیامێک بۆ خۆشەویستیی خودا) لە سەدەی پانزەھەمدا بەکاریھێناوە. هەروەها (مۆدێستا دی پازۆ دی فرۆزی- ھێنریچ کۆرنێلیۆس ئاگریپا- ئانی برادستریت- ماریا لی جارس دی جۆرنەی) لە سەدەکانی دواتردا ئەم زاراوەیان لە  نوسینەکانیاندا بەکاریانھێنا.

پاشان لە سەدەی نۆزدەھەم وەک ئایدیا و جووڵانەوەیەکی دژەباو و دژی جیاوازی ڕەگەزی دەرکەوت، بە کاریگەریی ڕووداوە جۆربەجۆرەکانی ئەو سەردەمە، گۆڕانکاری و فۆرمی جیاوازی بە خۆیەوە بینی. بە شێوەیەکی گشتى فێمینیزم بەسەر سێ شەپۆلی مێژووییدا دابەش بوو:

 

شەپۆلی یەکەم

چالاکییەکانی شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم لە سەرەتاکانى سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوو. لە بەریتانیا و ئەمریکا، کە تیشکیان خستەسەر یەکسانیی ڕەگەزی و بەدەستھێنانی مافەکانیان. لە یەکسانیی مافی  گرێبەست و مافی سامان و خاوەندارێتیی موڵکوماڵی خۆیان و خاوەندارێتی لە منداڵەکانیاندا.  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و ھاوسەرگیریی بەزۆر و سەیرکردنی ژنان وەک شمەک و خاوەندارێتیکردنیان لەلایەن پیاوەوە، مافی لە باربردنی منداڵ و جووتبوونیان بەبێ فشارى زۆرەملێ و توندوتیژی. ھەروەھا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا تیشکیان خستە سەر بەدەستھێنانی ھێزی سیاسی و بەدەستھێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان.

چالاکییەکانی ژنان لەم قۆناغەدا و دەستکەوتەکانیان، وایکرد ژنان ھەوڵی زیاتربدەن بۆ بەرەوپێشبردنی فێمینیزم و بەدەستھێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان، کە چالاکییەکانیان درێژبووەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی.

 

شەپۆلی دووەم

شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لە سەرەتاکانی 1960ـەوە دەستی پێکرد تا کۆتاییەکانی1980 , کە تیشکی خستە سەر داواکردنی مافی دەنگدان بۆ ژنان. ئەم قۆناغە درێژەپێدەر و تەواوکەری قۆناغی پێشوو بوو، کە تیایدا ژنان دژی سیاسەت و کەلتوری باو جەنگان و داوای مافەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها ژنە فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دی بوڤوار لەم قۆناغەدا دەرکەوت، کە کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لەسەر ژنان، بۆ ھۆشیارکردنەوەیان و بیرکردنەوە و ناسینی ڕەگەزی خۆیان و داواکردنی مافەکانیان. کەلەم قۆناغەدا ژنان توانیان بەشێک لە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیان بەدەستبھێن. بە تایبەت کە لەم قۆناغەدا زیاتر تیشکیان خستە سەر بابەتە سیاسییەکان و بەشداریکردنی ژنان لە کارە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، سەرەڕای بەدەستھێنانی مافەکانی قۆناغی پێشتر. بەڵام بەدەستھێنانی مافی دەنگدان و مافی خاوەندارێتیی سامان و لەباربردنی منداڵ لە گرنگترین چالاکیەکانیان بوون.

 

شەپۆلی سێیەم

 شەپۆلی سێیەمی فێمینیزم لە سەرەتاکانی1990 ـەوە دەستی پێکرد، کە کارەکانیان تەواوکەر و درێژەپێدەری قۆناغەکانی پێشووتر بوو، لێرەدا تیشک خرایە سەر دەربڕینی ئازادیی تاکەکەسی، لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان و مافەکانیان. لە دوای بەدەستھێنانی مافەکانیان لەم قۆناغەدا بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی فێمینیزمی لە جیھاندا و درووستکردنی چەندین گرووپی فێمینیتى لەلایەن ژنانى سەر بە ئاست و ڕەگەز و نەتەوە جیاوازەکان.  بەشداریی پیاوانیش لەگەڵ ئافرەتان بۆ داواکردنی یەکسانیی ڕەگەزی و شکاندنى بونیادە پیاوسالارییەکان.

 

لە هەندێک پۆڵێندا باس لە شەپۆلى چوارەمى فێمینیزم دەکرێت کە گەرچى سودیان لە زاراوەکانى شەپۆلى سێیەم وەرگرتووە, بەڵام پرسى ژنیشیان بەستووەتەوە بە سۆشیاڵ میدیا و دونیاى تەکنۆلۆژیاوە و لە ٢٠١٢ بۆ دواوە دەرکەوتووە.

 

 

تیۆرەکانی فێمینیزم (جۆرەکانی فێمینیزم)

 

فێمینیزمی ئانارشیزم

فێمینیزمی مارکسی(سۆسیالیستی)

فێمینیزمی ڕادیکاڵ

لیبراڵ فێمینیزم

فێمینیزمی ڕەش

پۆست کۆلۆنێل فێمینیزم

فێمینیزمی فرەڕەگەز

فێمینیزمی پۆستمۆدێرن

 

ئەنتی فێمینیزم

 ئەنتی فێمینیزم دژی فێمینیزمە جا بە گشتی بێت یا بەشەکی، لە لایەنگرانی ئەنتی فێمینیزم ( کامیل پاگلیا- چریستیانە ھۆف سۆمێرس- ئیلیزابێس فۆکس) لەو نوسەرانە بوون کە کاریان بە ئەنتی فێمینیست دەکرد دژی فێمینیستی.

(دەفنێ پاتی- نۆرێتا کۆرتاگ)  ئەنتی فێمینیزمیان بەکارھێنا لە دیبەیتە ئەکادیمیەکانیاندا، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کەم وکورتیەکان فێمینیزم. ئەوانەی لایەنگری ئەنتی فێمینیزم بوون، لەبەرامبەر لایەنە خراپەکانی فێمینیزمدا بوو ئەم کاردانەوە تیۆرییەیان نواند. وەک ئەوەی کە فێمینیزم ھەمیشە ھەستی ڕقلێبوونەوەی بەرامبەر پیاوان زیادکردوە، و وەک بونەوەرێکی چەوسێنەر و جیاوازخواز زەقکراونەتەوە، لەکاتێکدا کە لەبنەڕەتدا ئامانج یەکسانیی ڕەگەزی بوو. ھەروەھا بەرزکردنەوەی ئارەزووی ژنان و باڵادەستیی زیاتر لەسەر پیاوان بوو. بە تایبەت لەوێوە ڕەخنە لە فێمینیزمی ڕادیکاڵ گیرا، کە ئازار و زیانی بەھەردوو پێگەی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا گەیاندووە، و بیروبۆچوونەکانیان بە ڕادەیەک توند بوون، بە بیروبۆچوونی ڕادیکاڵی لادەر ناسران.  سەبارەت بە کۆمەڵگاى کوردییش, لەدواى ڕاپەڕینەوە کەمتازۆر دەنگ و درووشمەکانى فیمینیزم بە تێکەڵوپێکەڵى بیستراون و لە کەناڵآ جیاجیاوە گەیەنراونتە کۆمەڵگا. ناتوانین بڵێین کاریگەرییان نەبووە, بەڵام ناتوانین نەشڵێین بزاڤێکى تۆکمە و تیۆرى نەبووە. وەک نوسین و وەرگێڕانیش کەلەپورێکى ئەوتۆ جێنەهێڵراوە و ئەوەشى هەیە بەشێکى لەلایەن پیاوانەوە ئامادەکراوە.