A+    A-
(226) جار خوێندراوەتەوە

 

        «هۆڵۆکۆست»ێکى نەبڕاوە؟

 

 

 

             ساڵەح نەجەفى

            و. وەلید عومەر

             pdf

 

 

 

باسەکەى من بە دەورى یەک پرسیاردا دەسو‌ڕێتەوە. ئەم پرسیارەم لە وتارى بیریارێکى کەنەدییەوە وەرگرتووە و لەڕاستییشدا بەشێک لە تێزەکەى ئەو تەرحدەکەم. پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ مافى ئەوەمان هەیە هەڵسوکەوتى مرۆڤى مۆدێرن[1] لەگەڵ گیانلەبەراندا, بە هۆڵۆکۆست[2] بەراوردبکەین و بڵێین هۆڵۆکۆستێکى نەبڕاوە لە ژیان و ڕەفتارى ڕۆژانەماندا دەگوزەرێت, و وەستاندنەکەى هێندەى ئەو بەرپێگرتنە پێویستە کە نەهێڵین کارەساتێکى بێ‌وێنەى وەک هۆڵۆکۆست دووبارەببێتەوە؟ پرسیارێکى گرنگتر کە نوسەر لەبەر هۆکارى جیاجیا ناپەرژێتە سەرى, بریتییە لەمە: ئاخۆ دەتوانین ئەم شێوازە بەرهەمهێنانە و ئەم مۆدێلە بەرخۆرییەى کە ئەم فۆرمە پەیوەندییە بە گیانلەبەرانەوە دەسەپێنێت بوەستێنین, بەبێ ئەوەى ڕووبەڕووى ئەو بونیاد(ستراکتۆر)ـە ببینەوە کە ئەم پەیوەندییەى درووستکردووە؟ [ئەو بونیادەى کە هەموومان وەک زیندەرەر تێى کەوتووین و لەڕواڵەتدا مرۆڤ بەرپرسیارى یەکەمێتى].

یەکەم هەوڵى تیۆرى سەبارەت بە بەراوردکردنى هۆڵۆکۆست و ئەو شتەى ئەمڕۆ بەسەر گیانلەبەراندا دێت, دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٤٥, ئەویش لە بەشى دووەمى کتێبى ئەخلاقى بچووک(Minima Moralia)ـى تیۆدۆر ئەدۆرنۆدا. ئەم بەشە بە وتەیەکى بەناوبانگى برادلى دەستپێدەکات: «لە جێیەکدا کە هەموو شت خراپە, ئەوا ناسینى خراپترین شت دەبێت خۆى شتێکى باش بێت». ئێمە لە دۆخى جیاجیادا بەر ئەم پرسیارە دەکەوین. بۆنمونە, کاتێک پێمانوایە هیچ شتێک گۆڕانى بەسەردا نایەت ئەوا لەبرى ئەوە دەبێت چى بکەین؟ ڕەنگە یەکێک لە وەڵامەکان ئەوە بێت کە پێویستە دەستبخەینە سەر خراپترین شت. ئایا لە ڕەوشى ئێستادا خراپترین شت بریتییە لە هەڵسوکەوتمان لەگەڵ گیانلەبەراندا؟ من وەڵامى ڕاستەوخۆى ئەم پرسیارە نادەمەوە بەڵام هەوڵدەدەم تا ئاستێک شتەکە هەڵکۆڵم. لە بەشى دووەم(ـى ئەخلاقى بچوک‌- پارچەى ٦٨دا) فۆرمێکى تایبەتى پەیوەندییمان بە گیانلەبەرانەوە خراوەتەڕوو. بە بڕواى ئەدۆرنۆ, گەر مرۆڤەکان لەوە تێبگەن ئەو کەسانەى کە بەهۆى کارەساتەکانى ئێستاوە بەرکەوتوون, زۆر لە خوێنەرە ئاساییەکانى هەواڵخوێندنەوە ناچن, واتە هەتا زیاتر قوربانییەکان وەک کۆمەڵێک مرۆڤ پیشانبدرێن کە ڕەشتاڵەتر یان چەپەڵتر یاخود چاووبرۆ ڕەشترن لە ئێمە, ئەوا تووڕەیى بینەرەکان لەبەرامبەر هەواڵى ئەو کارەساتانەدا تادێت کەمتردەبێتەوە(واتە ئەو سیفەتانەى کە قوربانییەکان لە بینەرە ئاساییە خۆرئاواییەکان جیادەکاتەوە). [بە دەربڕینێکى تر, هەرکات قوربانییەکەمان وەک ئەوێکى ترى ناخۆرئاوایى نزمتر پیشاندا و کردمان بە بابەتێکى هەواڵیى ئاسایى, ئەوا کارەساتەکانیش ئاساییتر دەبنەوە و ئەویتر لە ئەویترێتى دەخرێت] لە دیدى ئەدۆرنۆوە، ئەمە نەک هەر سەرنجى لەسەر ماهیەتى کارەساتەکانە بەڵکو پەردە لەسەر ئەو ڕاستییەش هەڵدەداتەوە کە تایبەتە بە دۆخ و ڕەوشى تەماشاکەرەکان. جا نەخوازەڵا شێوگى درککردنى کۆمەڵایەتییانەى دژەجوولەکەکان گەیشتبێتە ئەوەى نەتوانن وەک مرۆڤ سەیرى جوولەکەکان بکەن. نمونەیەک بۆ تێڕوانینەکەى ئەدۆرنۆ, ڕووداوەکانى ساڵى ١٩٤٥ـە: هەرگا دەبیستین مرۆڤە سەرەتاییەکان, ڕەشپێستەکان و یابانییەکان لە حەیوان دەچن یاخود لە باشترین حاڵەتدا لە مەیمونى بێ‌کلک(ئەیپ) دەچن, ئەوا کلیلى تێگەیشتنى ئەو کوشتارە بەرنامەبۆدانراوە بەکۆمەڵەمان دەستدەکەوێت.

با ڕستە بەناوبانگەکەى ئەدۆرنۆ, بێنینەوە بیرى خۆمان: «ئیمکانى کوشتارى بەکۆمەڵ ساتێک دەڕەخسێت کە ئەو گیانلەبەرە چاودەبڕێتە چاومان برینێکى بەسوێى تێکەوتووە, و ئەو مرۆڤە بە ڕقەوە چاو لەسەر چاوى گیانلەبەرەکە هەڵدەگرێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت خۆ هەرچى بێت ئەمە حەیوانێکە و هیچى تر». لە دیدى ئەدۆرنۆوە, ئەم مامەڵەیە ڕێک لەو کارەساتانەشدا دووبارەدەبێتەوە کە بەسەر مرۆڤدا دێت, چونکە جەلادەکان دەبێت بەردەوام ئەوە بیرى خۆیان بێننەوە کە قوربانییەکانیان لە حەیوانێک زیاتر هیچى تر نین. هۆکارى ئەمە لە دیدى ئەدۆرنۆوە ئەوەیە کە جەلادەکان تەنانەت بەرامبەر بە حەیوانەکانیش بڕوایان بەم بێباکییە نەهێناوە [و وادەزانن مەسەلەکە هەمان شتە]. ئەم مەسەلەیە تەعبیرە لە پەیوەندیى دیالەکتیکیى ئازار کە وادەردەکەوێت لە مرۆڤەکاندا بوارى دەربڕینى هەیە و لە گیانلەبەرانیشدا دەربڕینەکەى بەرەو لاى سفر دادەبەزێت. ئەم پێشەکییە لە ساڵى ١٩٤٥ تەرحدەکرێت و پاشان لە فەلسەفەى ئەدۆرنۆدا دوو دەرکەوتەى دەبێت. سەرەتا لە «دیالەکتیکى نێگەتیڤ[3]»دا ئەو ئایدیا هەژێنەرە وەک حوکمێکى ڕەها بۆ چالاکیى فەلسەفى دەخاتەڕوو کە دەڵێت: « بەخشینى دەنگ بە ئازار وەک زەروورەتێک, لە مەرجەکانى هەموو حەقیقەتێکە». دەرکەوتەى دووەم, پاشهاتى ئەم ئایدیایە بوو بۆ فەلسەفەى ئەخلاقەکەى ئەدۆرنۆ. لە ڕوانگەى ئەوەوە, ئێمەى مرۆڤ پێویستمان بەوەیە کۆمەڵێک گیانەوەرى باش بین. ڕەنگە درکاندنى ئەم ئایدیایە شتێکى ئاسان بێت, بەڵام دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە لە مێژووى فەلسەفەدا پێشگریمانەى ئایدیاى چاکبوون یان هەبوونى ژیانێکى چاک بریتییە لەوەى ̎مرۆڤ بیت̎, چونکە هەر لە بنچینەوە حەیوان ڕووبەڕووى پرسى چاکە و خراپە نابێتەوە. ئەو پارادۆکسەى کە لەگەڵ مرۆڤبووندا قوتدەبێتەوە, واتە پرسیارە سەرەکییەکەى فەلسەفەى ئەخلاق, ئەمەیە: ئاخۆ هیچ زەروورە بیر لەوە بکەینەوە گیانەوەرێکى باش بین؟ لە دیدى ئەدۆرنۆوە, پێشمەرجى ̎بوون بە گیانەوەرێکى باش̎, ئەوەیە مرۆڤ خەسڵەتە جەستەمەندەکەى خۆى بەڕەسمى بناسێت.

     

بەراوردێک

ئایا مافى ئەوەمان هەیە ڕەفتارى مرۆڤى مۆدێرن, بەراوردبکەین بە هۆڵۆکۆست؟ ئەو وتارەى کە شتى لێوە وەردەگرم, هى بیرمەندێکى کەنەدیی بەڕەچەڵەک پۆڵەندییە بەناوى دەیڤید ستایبڵ. ئەو لە وتارەکەى خۆیدا باسى ئەوە دەکات لە دەیەى یەکەمى سەدەى بیستویەکدا هەر چالاکوانێکى مافەکانى ئاژەڵ لە جاران زیاتر کۆمەک لەم لێکچواندنە کێشەدارەوە وەردەگرێت. لێرەدا هەندێک نمونەى ئەم لێکچواندنە دێنمەوە.

لە ساڵى ٢٠٠٣دا, کۆمەڵەى داکۆکیکارانى مامەڵەى ئەخلاقى لەگەڵ گیانلەبەراندا بە سەرۆکایەتیى ئینگیرید نیوکیرک پێشانگایەکى هەڵاسازیان بەناونیشانى «هۆڵۆکۆست لەنێو قاپەکانتاندا[4]» کردەوە. لەو پێشانگایەدا هەشت پارچەتەختەى گەورە بەکاردێنن و هەر تەختەیەکیش کە نزیکەى ٥ مەترونیوى چوارگۆشەیە, هەندێک وێنەى هۆڵۆکۆست بەتەنیشت وێنەى ئەو ئاژەڵانەوە نمایشدەکەن کە لە کێڵگە میکانیکییەکاندا بەخێودەکرێن. ئەو ساڵە چەندین جار ئەم درووشمەیان خستەڕوو کە ئەگەر لە ئۆردووگاى نازییەکاندا شەش ملیۆن جوولەکە مردبن, ئەوا دەبێت ئەمساڵ چاوەڕێى سەربڕینى شەش ملیار جووجەڵە بین لە قەسابخانەکان یان کێڵگەکانى پەلەوەردا. وەک‌بڵێى هۆڵۆکۆست و سوتانى بەکۆمەڵمان تەنیا بەرامبەر مرۆڤەکان ڕاگرتبێت. حوکمە ئەخلاقییەکەى ئەدۆرنۆ ئەوەیە چۆن بژیین و چۆنیش کێشەکان تەرحبکەین تا ئەم کارەساتە ڕوونەدات. بەڵام ئەم کارەساتە لە بەستێنێکى تردا ڕوویداوە. ئەوەى لە مێژوودا هۆڵۆکۆستى لە کوشتارە بەرفراوانە پڕقوربانییەکانى ترى مرۆڤ جیاکردەوە, و وشەى هۆڵۆکۆستى گۆڕى بۆ ناوێکى تایبەت و مەدلولێکى تاقانە, ئەوە بوو کە هۆڵۆکۆست کوشتوبڕێکى ڕێکخراو و سیستەماتیک بوو. بەر لەوە ئێمە سەروکارمان لەگەڵ جینۆساید و کۆمەڵکوژی‌دا بوو بەڵام خاڵى جیاکەرەوەى هۆڵۆکۆست ئەوە بوو کە کوشتارى جوولەکەکان بەشێوەیەکى زانستى و بە چاوێکى ئۆبێکتیڤ و ساردوسڕ و ڕێکخراو و میکانیزەوە ئەنجامدرا. ئەمەش ڕێک هەمان تایبەتمەندیى کوشتارى گیانەوەرانە لە سەردەمى نوێدا. هۆکارى ئەوەى بۆچى گیانلەبەران و بەدیاریکراوییش ماڵات بەو ڕێکخراوى و ڕەحەتییەوە دەکوژین و لاى کەسیشمان نابێتە پرسیار, ئەوەیە کە ئەم دۆزە لەم بونیادە یان لەم کۆپەیوەندییە یاخود بەپێى گوزارشتەکەى ئەدۆرنۆ لەم شێوگە تێگەیشتنەدا جێى خۆى گرتووە و سرووشتى‌بووەتەوە. تاوتوێکردنى وشەکانى پەیوەست بەم کوشتارە ڕێکخراوەوە, باسەکەمان بۆ ڕوونتر و بەرجەستەتر دەکاتەوە. لە سەدەى بیستدا کۆمەڵێک دەستەواژە و دەربڕینمان هەیە وەک factory farm یان battery farm کە بە ماناى کێڵگەى میکانیکى دێن. بە بڕواى جۆرجۆ ئاگامبێنى فەیلەسوفى هاوچەرخى ئیتالى, [بەتایبەت] لە پرۆژەى هۆمۆساکەردا, کلیلى تێگەیشتن لە مێژووى میتافیزیکى خۆرئاوا و پەیوەندیى بە سیستەمە سیاسییەکانەوە دووانە و دوالیزمێک هەیە لە چەمکى «ژیان»دا. یۆنانییەکان, دوو وشەیان بۆ ژیان هەبوو کە بریتیین لە بیۆس(bios) و زوو(zoe). ھەردووکیان دەلالەت لە ژین و زیندووبوون دەکەن, بەڵام ژین و حەیاتى هاوبەشى نێوان هەموو زیندەوەران بەهۆى zoeـەوە گوزارشتى لێ‌دەکرێت. هەندێک لە گیانەوەران دێنە ناو دەوڵەتشارەوە و دەبنە گیانەوەرى شارنشین(zoon politikon) و bios[5] وەردەگرن. Bios تەنیا پەیوەندیى بە مرۆڤەکانەوە هەیە و گیانلەبەرانى لێ سودمەند نیە. هەوڵدەدەم بە یارمەتیى چەمک و کاتیگۆریى «مەرگ» ئەم دوورکەرتبوونە بگۆڕم بۆ سێ‌کەرتی‌یەک: کاتێک وشەى جەستە, لەش یان بەدەن(body) دەیەوێت بە قۆناغێکى بێ‌گیان کۆتایى بێت, ئەوا لە زمانى ئینگڵیزییدا لانیکەم سێ دەربڕین هەیە کە دەکرێت هاوشێوە و هاوتاکەشیان لە زمانى فارسییدا وەربگرین: Corpse کە بۆ لەشى کەسێک یان گیانلەبەرێک بەکاریدەهێنین و ڕیشەکەى بریتییە لە corpus یۆنانییە و تەنانەت بۆ کۆبەرھەمى نوسەرێکیش هەر بەکاردەهێنرێت. وشەکەى تر cadaverـە کە ڕیشە یۆنانییەکەى بریتییە لە cadere و بە ماناى کەوتن دێت و ئاماژەشە بۆ لەشى مرۆڤ کە وەک بوونەوەرێکى فیزیکى گیانى تیا نەماوە و کرم و مارومێروو سەریان تێکردووە. دەتوانرێت ئەم وشەیەش بۆ لەشى بێ‌گیانى مرۆڤ و گیانلەبەر بەکاربهێنرێت. بەڵام وشەیەکى تر کە تایبەتە بۆ گیانلەبەران وشەى carcassـە کە هاوتاکەى لە فارسییدا بەنزیکەیى دەکاتە «لاشە» و بەدیاریکراوییش بۆ لەشى بێ‌گیانى حەیوانات بەکاردێت. لە فارسییدا, لاشە بەو شتەش دەوترێت کە هیچ نرخێکى نیە. سەیر لەوەدایە ناتوانیت بۆ ڕیشەى ئەم وشەیە بگەڕێیت, وەک‌بڵێى ئەم وشەیە بۆ ئەوە هاتووە تاکو لەشى بێ‌گیانى حەیوانات لە هى مرۆڤەکان جیابکاتەوە. خاڵێکى سەرەکى سەبارەت بە carcass ئەوەیە بۆ لەشێکى  بێ‌گیانى بەکاربێنین کە ئیمکانى ئەوەى تیایە ببێتە گۆشتێکى بەکارهێنراو و مەسرەفکراو. لە دونیاى ئەمڕۆدا, بەشێکى گەورەى گیانەوەران بەجۆرێک بەخێودەکەین و لە هەندێک کەشوهەوادا حەپسیاندەکەین و دەیانخەینە ناو بونیادێک لە بەرهەمهێنان و دابەشکردن و مەسرەفکردنەوە کە لەبنەڕەتەوە بۆ بەرهەمهێنانى گۆشت بەکاردێن. واتە هیچ دیوێکى ژین و ژیانیان تیا نیە. ئەوان corpus یان تەنانەت cadaverیش وەرناگرن بەڵکو بۆ خۆراکپێدانى مرۆڤ تەنیا دەبنە carcass, واتە لەشێکى بێ‌گیان. خاڵێکى تر کە دەتوانین لە وشەى هۆڵۆکۆست خۆیەوە هەڵیگۆزین, و هەردەڵێى لە خودى وشەکەدا ئیمکانى ئەم بەراوردە گریمانە کراوە: وەرگێڕانى ئینگڵیزیى وشەى هۆڵۆکۆست(Holocaust) دەکاتە بەقوربانیکردن لەڕێگەى سوتاندنەوە(sacrifice by fire). ئەم دەربڕینە لە کتێبى پیرۆزەوە وەرگیراوە و بۆ ئاماژەدان بەو گیانلەبەرانە بەکاردەهێنرێت کە وەک قوربانى پێشکەشى یەهوە [ـى خواى گەلى یەهود] دەکرێن. دەبێت قوربانیدانەکە بەتەواوەتى ئەنجامبدرێت, واتە من مافى ئەوەم نیە گۆشتى ئەم قوربانییە بۆ شتى تر بەکاربێنم. دەبێت قوربانییەکە سەرتاپا ئاگربدەم. چیرۆکى وشەى هۆڵۆکۆست خۆى لە سەدەى بیستدا جێى سەرنجە. دەوروبەرى ساڵى ١٩٤٢ بۆ یەکەمجار لە زمانى ئینگڵیزییدا سود لە وشەى holocaust بینرا بۆ ئاماژەدان بەو کۆمەڵە سیاسەتەى هیتلەر کە دەرهەق بە جوولەکەکان گیرایەبەر. ئەوە لە کۆتاییەکانى دەیەى ١٩٥٠دایە کە وشەى هۆڵۆکۆست ئەم مانایەى ئێستاى وەردەگرێت و لەجیاتیى وشەى shoah بەکاردەهێنرێت کە بە عیبرى واتاى «کارەسات» دەگەیەنێت. هۆڵۆکۆست لە زمانى یۆنانییدا, بە ماناى kaustos  دێت کە دەکاتە سەرتاپاسوتاندن یان «بە قەرەبرووت کردن». کۆستۆس[واتە بەشى دووەمى هۆڵۆ-کۆست] لە ڕیشەى فرمانە یۆنانییەکەیدا واتاى سوتاندن دەگەیەنێت و هۆڵۆ(holo)یش بە واتاى سەرتاپا[6] دێت کە تا ئێستاش لە زمانى ئینگڵیزییدا برەوى هەیە. کەواتە لە خودى وشەى هۆڵۆکۆستدا, ئاماژەیەک بۆ چەوساندنەوەى حەیوانات دەبینرێت. زاراوەى هۆڵۆکۆست دواتر دەبێتە میتافۆرێک بۆ ئەو بەڵا و کارەساتەى کە نازییەکان بەسەر جوولەکەکانیاندا هێنا. هۆڵۆکۆست لە دەلالەتە سەرەتاییەکەى خۆیدا ئاماژە بوو بۆ ئەو مامەڵەیە لەگەڵ حەیواناتدا کە پاشخانێکى موقەدەسى هەیە و دواتر وەکبڵێى چەوساندنەوەى حەیوانات پەرەدەسێنێت بۆ کوشتارى چینێکى تایبەت لە مرۆڤەکان(جوولەکەکان)، و لە پەرەسەندنى دووەمیشیدا دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمە هەنوکەییەکانى چەوسانەوەى حەیوانات کە وادیارە شتەکەمان بۆ ئاسایبووەتەوە.

دەیڤید ستایبڵ لە وتارى ̎̎ئایا دەتوانین هەڵسوکەوتمان لەگەڵ گیانلەبەراندا بەراوردبکەین بە هۆڵۆکۆست؟̎دا سى و نۆ خاڵ بە ڕیز دەژمێرێت تا بیسەلمێنێت بەراوردێکى لەم جۆرە شتێکى مومکینە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە داخۆ دەتوانین بوێرى و چاو و ڕوو بنوێنین و ئەم دوو دیاردەیە بەراوردبکەین؟ ئەو پەیوەندییەى کە مرۆڤەکان بەشێوەیەکى بەرنامەڕێژکراو بە گیانلەبەرانەوە هەیانە, بەزەروورەت ڕەبتێکى بە ئەخلاقى شەخسیى کەسەکانەوە نیە و بەپێى کۆمەڵێک هۆکارى مێژوویى و بونیادى‌یش ڕووەکخۆران هیچ فەزڵێکیان بەسەر گۆشتخۆراندا نیە. بەڵام خودى ئەم پەیوەندییە لێکچوونێکى حاشاهەڵنەگرى بە پەیوەندیى نازى و جوولەکەکانەوە هەیە. لەلایەکى تریشەوە مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤە گۆشتخۆرەکانى ئەمڕۆ, واتە ئاخۆ دەکرێت گۆشتخۆرەکان و نازییەکان بەراورد بکرێن بەیەکتر؟ ئەمە پرسیارێکە و وەڵامەکەى زۆر ڕوونە. بە هیچ کلۆجێک لێکچوونى وا درووست نیە, چونکە دیاردەى گۆشتخۆرى وەک زۆر دیاردەى دیکەى تایبەت بە مرۆڤ دیاردەیەکى مێژووییە و مامەڵەکردنى درووست پێیەوە دیاردەیەکى مێژووییە. لە مێژوودا بەو ڕێژەیەى کە ڕووەکمان بۆ خۆراک بەکارهێناوە, بە هەمان ڕێژەش سودمان لە ئاژەڵان و گیانلەبەران بینیوە. هەندێک مشتومڕى وەک ئەوەى ئایا ئەم جۆرە کوشتارەى گیانلەبەران بەرەنجامى گۆشتخۆرییە, یاخود ئەو پرسیارەى کە گۆشتخۆرەکان لە ڕووەکخۆرەکان توندوتیژترن, سەرتاپاى چەواشەگۆیى و سەفسەتەیە. خاڵى سەرەکى لەمەڕ ئەم باسە, ئەوەیە کە جووڵانەوە لەگەڵ قوربانیانى هۆڵۆکۆستدا قابیلى بەراوردکردنە بەو جووڵانەوەیەى کە ئێمە لەگەڵ «حەیوانە نامرۆییەکان[7]»دا هەمانە. دەتوانین بڵێین مەسەلەکە بەشێوەیەکى سەرەکى لەسەر کەڵکەڵە ئەخلاقییە مرۆییەکانە(ئەوەى کە مرۆڤى تیا سەنتەر و تەوەرە). پێدەچێت بەراوردى وێکچوونەکەى نێوان ڕەفتارى ئێمە و حەیوانات لەگەڵ مامەڵەى ئێمە بە جوولەکە و هۆڵۆکۆستەوە, ئایدیاى «مرۆڤ وەک ئەشرەفى مەخلوقات» دەخاتەژێر پرسیارەوە, هەروەها ئەو پێشمەرجەى فەلسەفەى ئەخلاقیش هەر دەخاتە ژێر گومانەوە کە گوایا مرۆڤ بەزەروورەت لەپێشتربوونێکى ئەخلاقیى بەسەر حەیوانە نامرۆییەکاندا هەیە. خەڵکانێک هەن دەڵێن ئەوە تەنیا مرۆڤە پێگەیەکى ئەخلاقیى واى هەیە و ڕێزگرتن لە بوونەوەرێکى زیندوو لە غیابى مرۆڤدا شتێکى تەواو بێمانایە. ئەم هەڵوێستەش لەڕووى فەلسەفییەوە کۆمەڵێک گرفتى تر دەخولقێنێت.

 

                          

 

     هەڵەى دووقاتى بەمرۆڤدانان[8]

لەو [ڕستە] و گوزارەیەدا کە گوایا دەبێت بێ‌ئەملاولا ڕێزى گیانلەبەر بگرین, جۆرێک لە بەمرۆڤدانان(Anthropomorphism) نوستووە کە هەڵگرى هەڵەیەکى دووجا و دووقاتە دەرهەق بە گیانلەبەران خۆیان. با وتەى بەناوبانگى یەکێک لە کارەکتەرە ناسراوەکانى ساموێل بێکێت بێنینەوە بیرى خۆمان: «حەیوانات لانیکەم تا ئێستا تووشى کەوتن(سقوط[9]) نەهاتوون». سەرەتا دەبێت تووشیان بکەین و بیانکەینە شەریکى تاوانە مێژووییەکەى کەوتنى خۆمان و پاشانیش ڕێزیان لێ بگرین. هەنگاوى دووەم ئەوەیە کاتێک ڕێز لە حەیوان دەنێین شتێک نەفیدەکەین کە لەبنەڕەتەوە لەبەر نەفیکردنەکەى ئەو دەرهەق بە خۆمان, ئەم ڕەفتارەمان لەگەڵ گیانلەبەراندا کردووەتە پیشە, واتە «حەیوانێتیى حەیوان[10]». بەو ڕادەیەى کە نەفیکردنى حەیوانێتیى حەیوان کۆمەڵێک ئاکامى مەترسیدارى هەیە, هاوکات نەفیکردنى حەیوانێتییەکەى ناو مرۆڤیش کۆمەڵێک پاشهاتى ناخۆشى بەدواوەیە. ئا لێرەوەیە کاتێک هەوڵدەدەیت هەروەکو مرۆڤ لەگەڵ گیانلەبەرەکاندا بجووڵێیتەوە, ئیتر نەک هەر تووشى جۆرێک لە ̎مەحاڵى لۆژیکى̎ دێیت بەڵکو تووشى شێوازێکى ئاڵۆزى جەفا و ستەمیش دێیت دەرهەق بە گیانلەبەران کە لەژێر ناونیشانى «داکۆکى لە حەیوانات» و «ڕێزگرتن لە مافەکانى ئاژەڵ»دا دەیانناسینەوە.

دەتوانین بەراوردى نێوان هۆڵۆکۆست و مامەڵەمان بە گیانلەبەرانەوە, دراماتیکی‌تر بکەینەوە. کردنەوەى باسە بە وتەیەکى ئەدۆرنۆ هەر بەم مەبەستە بوو. با دواى ئەو نوسەرە سەرەتاییانە بکەوین کە شێلگیرانە بەراوردى لەم جۆرەیان کردووە. کەسێک کە لەم باسوخواسانەدا قسەى زۆرى لێ قەرزدەکرێت, ئیزاک سینگەر[11]ـى نوسەرى جوولەکەى ئەمریکییە کە ساڵى ١٩٩١ کۆچى‌دوایى‌کرد. ئەم نوسەرە بە ئەنقەست ڕستەیەکى درکاند کە هەڵگرى بارێکى عاتفیى گەورە بوو: «مرۆڤەکان دەرھەق بە گیانەوەرەکانى تر, هەر هەموو نازی‌ن». مەبەستى ئەو ستەمکردنى مرۆڤ بوو لە گیانلەبەر، بەڵام تەرحکردنى هەڵاواردن و جیاکاریى نێوان توخمەکان(Speciesism) جۆرەکانى ترى هەڵاوێردیش لە چەشنى هەڵاوێردى نەژادى و ڕەگەزى و جۆرەها ستەم دێنێتەوەگۆڕێ کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە ئاسایى و سرووشتى بوونەتەوە. ڕەخنەکردنى ̎هەڵاواردنى نێوان توخمەکان̎  و مامەڵەمان بە حەیواناتەوە بەتەواوى بەستراوەتەوە بە ڕەخنەى هەڵوەشێنەرەوەى ئەو بونیادەوە کە فۆرمى تێگەیشتن و مامەڵەمان بە واقیعەوە و بە خۆمانەوە و بە دیوە حەیوانییەکەى خۆمانەوە دیاریدەکات, و دەرەنجامە لۆژیکییەکەشى بە مامەڵەى هەڵاوێردکارانەمانەوە کۆتاییدێت لەگەڵ گیانلەبەراندا.

 نوسەرێکى تر, دیمەنى یەکێک لە پاشماوەکانى هۆڵۆکۆست دەخاتەڕوو. ناوى ئەم پاشماوەیە ئیدگار کۆپڤەرە. کۆپڤەر, کاتێک لە کەمپى مەرگى داخاو هاتەدەرەوە, ئەو ئازادییەى پاش ئازارەکانى خۆى ئەزموونیکرد بەجۆرێک کارى تێکردبوو کە یەکسەر لەسەر دیوارى نەخۆشخانە سەربازییەکە بەهەڵچوونەوە چەند ڕستەیەکى نوسى, کە بۆ دیاریکردنى پەیوەندیى نێوان هۆڵۆکۆست و گۆشتخۆرى بایەخى خۆى هەیە. ئەو نوسیى: «من چیتر ئامادە نیم گۆشتى گیانەوەران بخۆم, چونکە ناتوانم لەسەر حسێبى ئێش‌وئازارى گیانەوەرەکانى تر خۆم تێربکەم و عەزابێکى وام چەشتووە کە دەتوانم هەست بە عەزابى گیانەوەرەکانى تریش بکەم». ئەمە دیدێکى سەرنجڕاکێشە کە ڕووەکخۆرى و خۆپارێزى لە گۆشتخواردن بە دەرەنجامى لۆژیکیى ئەزموونکردنى ئازار دادەنێت لە کەمپە تۆقێنەرەکاندا, واتە ئەوانەى کە سنورى نێوان ژیانە مرۆیى و حەیوانییەکە‌یان هێندە کاڵبووەتەوە پێیانوابووە ئازارەکانیان لەناو کەمپدا ڕێک هەر ئەو ئازارەیە کە گیانەوەران دەیکێشن. هەڵبەت ئەو کێشە فەلسەفییەى کە ̎موراد فەرهادپوور̎ ورووژاندى, هەروا لەناو ئەم جۆرە تێڕوانینەشدا ئامادەیە. دەتوانین دواى تێڕوانینێکى تاریکتریش بکەوین. هەر لەبنەڕەتەوە لە جیهانێکدا کە ئەگەرى ئازارى لەم جۆرە هەیە, ئەوا درێژەدان بە ژیان یان پاساودانى ژیانى خۆت تا چەند شتێکى مومکینە؟ تاقمێک لە پاشماوەکانى هۆڵۆکۆست لە ئیسرائیل کۆمەڵەیەکیان درووستکرد بەناوى «ڕزگاربووانى گیتۆکان». لە کۆمەڵەکەیانەوە ئەوە ڕاگەیەنرا بازاڕى ئاژەڵ یان ئەوەى پێى‌دەڵێن قەسابخانە و کوشتارگە بەشێوەیەکى دڵتەزێن ئەزموونەکەى ئەوان بیردەخاتەوە. بە بڕواى ئەو ڕزگاربووانە, ئەزموونى تایبەت و تاقانەى ئەوان, ئیمکانى هاوشوناسبوونى لەگەڵ گیانەوەرە نامرۆییەکاندا بۆ ڕەخساندوون, و چەوساندنەوەى گیانەوەران هیچ نیە جگە لە درێژەدان بە هۆڵۆکۆست. دەیڤد ستایبڵ, لە وتارەکەى خۆیدا دەڵێت بەو مەرجە مافى ئەوەمان هەیە هۆڵۆکۆست و ڕەفتارى مرۆڤى مۆدێرن لەگەڵ حەیواناتدا بەراوردبکەین بەیەکترى کە تاقانەیییەکەى دیاردەى هۆڵۆکۆست قبوڵکەین, ئەویش وەک ڕووداوێکى مێژوویى کە بەرەنجامى فۆرمێک لە سەرکوتى «دیالەکتیکییانەى ڕۆشنگەرى» بووە, یاخود بەرهەمى بەئوستورەکردنى عەقڵى ئامرازى[12] بووە کە ئەم کەمپانەى لێ‌کەوتەوە. لە حاڵەتێکى وەهادایە کە دەتوانین بڵێین مامەڵەى مرۆڤى مۆدێرن لەگەڵ حەیواناتدا لەڕووى بونیادى(واتە ستراکتۆرى)یەوە قابیلى بەراوردکردنە. کاتێک باسى خەبات دەکەین لەپێناوى ئازادبوونى گیانلەبەران(animal liberation)دا، ئەوا دەبێت مانا بەرفراوانەکەى ئازادبوون وەربگرین. ئازادبوونى گیانلەبەران, بەبێ ئازادبوونى مرۆڤەکان کارى نەکردەیە, ئەویش نەک تەنیا لەبەر ئەوەى کە مرۆڤەکان باڵاترن یاخود بکەرى ڕزگاریین, بەڵکو لەبەر ئەوەى شەریکە تاوانى دۆخێکن کە تیایدا بەشێوەیەکى بەرنامەبۆدانراو ئەگەرى ژیان لە گیانەوەرەکانى تر و بەتایبەتییش مرۆڤ خۆى دەسێنینەوە. دەبێت ستەمیش بە مانا فراوانەکەى وەرگرین چونکە ستەمکردن لە حەیوانات تەنیا یەکێکە لەو نمونەى ستەمانەى کە بەردەوام بە شێوەیەکى بونیادى تووشى دەبین [واتە بونیادێکمان پێکهێناوە کە ناچار حەیواناتى تیا دەبێتەوە بە قوربانى و لەوەش زیاتر مرۆڤ خۆیشى تیا قوربانییە]. گرنگ نیە ئەو ستەمەى تووشى دەبین لەبەر ڕەگەزە یان قەوم و نەتەوە یان هەر تایبەتمەندییەکى بەشەکیى تر. دەتوانین بڵێین ئێمە بەهۆى هەندێک تایبەتمەندیى وەک عەقڵانیەت یان ئۆتۆنۆمى و خۆبەڕێوەبەرى یاخود بەکارهێنانى زمانیشەوە تووشى ستەمکردن دەبین. لەم حاڵەتە دیاریکراوەدا, ئێمە ستەم لە گیانلەبەرەکان دەکەین هەر بەو جۆرەى کە بەهۆى زمان و ڕەنگى پێست و بیروباوەڕەوە ستەم لە هەندێک لە مرۆڤەکانیش دەکەین. پێویستمان بە تێگەیشتنێکە کە بەپێى پێویست بەرفراوان بێت تاکو مەسەلەى ستەم و هەڵاواردن و ڕزگاریی تایبەت بە گیانلەبەرانیش بگرێتەوە.

 

                          چوار پاشهات

ئەم بەراوردە(ـى نێوان مامەڵەکردنى حەیوانات و هۆڵۆکۆست) دەتوانێت چ کێشەیەک بخولقێنێت؟ ئاماژە بۆ چوار پرسى مێژوویى دەکەم.

  1. بەراوردکردنى قوربانییەکانى هۆڵۆکۆست بە گیانلەبەران سوکایەتییەکى ئەخلاقییە بە خودى قوربانییەکانى هۆڵۆکۆست و کۆى مرۆڤەکانیش[!].
  2. بایەخى مێژوویى و تاقانە(singular)ـى هۆڵۆکۆست کەمدەکاتەوە.
  3. جیاوازییە گرنگەکانى نێوان قوربانییانى هۆڵۆکۆست و گیانلەبەران لەناودەبات.
  4. کێشەى چوارەم کە سیمایەکى کۆمیدى و هاوکات ترسناکیشى هەیە ئەوەیە کە بەهۆى ئەم بەراوردکردنەوە شتێک دەسڕینەوە: لەو یەک دوو دەیەى دواییدا, کە بەزمى بەرگرى لە مافى گیانلەبەران گەرمبووە و بانگەشەیەکى بەرفراوان بۆ ڕووەکخۆرى دەکرێت و دژایەتیى توێکاریى زیندەوەران دەکرێت, شتەکە لێکچوونێکى ترسناکى لەگەڵ بانگەشە و پڕوپاگەندەى نازییەکاندا وەرگرتووە.

لە مانگى ئابى ١٩٣٣ هێرمان گۆرینگ کە ئەودەم ئەندامى کابینەى حکومەتەکەى پرۆس بوو لە ئەڵمانیا, و دواتر تیۆرێکى داهێنا بۆ چارەسەرى یەکجارەکیى کێشەى جوولەکەکان, حوکمێکى دەرکرد کە بەپێى ئەو حوکمە توێکارى و هەڵدڕینى گیانەوەرانى زیندوو لە قەڵەمڕەوى پرۆسدا قەدەغەکرا، لەکاتێکدا کە زیندەتوێکاری(Vivisection) خۆى یەکێک بوو لە دەسکەوتەکانى زانستى مۆدێرن. بەپێى ئەرگۆمێنتەکەى ئەو, گیانلەبەران «هەست» بە ئازار دەکەن بەڵام خۆشى «ئەزموون»دەکەن بۆیە مافى ئەوەمان نیە گیانلەبەرێک بەزیندوویى توێکارى بکەین. ئەو دژ بە هەر لقێکى بایۆپزیشکی[13] بوو چونکە بەحیساب ئەم زانستە لەڕیشەوە زانستيکى سەر بە جوولەکەیە و لەبەر ئەمەش پیشەیەکى تەواو پیس و نەگریسە. بۆیە, دژایەتیکردنى زیندەتوێکارى لە دیدى حەکایەتە نیمچەڕۆمانتیکەکەوە دەربارەی ئازارچەشتنى گیانلەبەران بەس نیە و دەکرێت لەپشتیەوە ئایدۆلۆژیایەکى ترسناک خۆى حەشاردابێت کە داکۆکى لە مافى حەیوان یان ڕووەکخۆرى بکات. دراوێکى ترسناکى دیکەى مێژوویى ئەوەیە کە زۆرێک هەن دەڵێن هیتلەر ڕووەکى بووە, و سەربارى ئەوەى بەدڵنیاییەوە دەزانین ڕووەکییەکى تەواو نەبووە بەڵام لانیکەم لە پڕوپاگەندەى نازییەکاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکرایەوە کە پێشەوا بەتەواوى ڕووەکییە. بەم جۆرە ئەوە بەدیدەکەین کە یەکێک لە گرنگترین ڕووەکی‌یەکانى سەدەى بیست مرۆڤێکە ناتوانیت بڵێى ڕەحم لە دڵیدا بووە. بەڵام هۆکارى ڕووەکخۆرییەکەى هیتلەر چى بوو؟ ئەو باوەڕى وابوو خواردنى گۆشت کارێکە مرۆڤ پیسدەکات چونکە خوێنى ئاریایى تێکەڵ بە خوێن و گۆشتى حەیوانات دەکات. کەواتە دەکرێت ڕووەکى بیت یان خۆت لە گۆشت بپارێزیت و بە چاوى نزمیشەوە سەیرى حەیوانات بکەیت. لەگەڵ ئەم پێشەکییەدا, دەرەنجامە لۆژیکییەکە بەرگرى نیە لە حەیوانات, و بەرەنگارى دژى کوشتارى سیستەماتیکى گیانلەبەران داوەت نیە بۆ ڕووەکخۆرى. دەتوانین ئەم ستەمە بەسەر کۆى سرووشتدا بگشتێنین و بڵێین مرۆڤەکان کۆمەڵێک گیانەوەرى ترسناکن کە نەک هەر بەزەییان بە گیانەوەرەکانى تردا نایەتەوە بەڵکو بەزەییان بە زیندەوەرەکانى ترى وەک ڕووەک و گژوگیا و زەوى خۆیشیدا نایەتەوە. مرۆڤ ئەو گیانەوەرەیە کە لەو سەد ساڵەى دوایی گەشە و پێشکەوتنى خۆیدا, دەستى بە ڕێژەیەک لە وێرانکارى کردووە کە وێرانکردنى کۆى سرووشت دەگرێتەوە لە کۆى مێژوودا.

 

                                 

 

      

    ترێبلینکاى هەتاهەتایى

ساڵى ٢٠٠٢ نوسەرێک بەناوى چارڵز پیتەرسۆن کتێبێکى بەناوى ترێبلینکاى هەتاهەتایى[14]ـەوە بڵاوکردەوە. ترێبلینکا، یەکێک بوو لە کەمپە بەناوبانگەکانى قڕکردنى جوولەکەکان. نازییەکان دوو کەمپیان هەبوو. یەکیان کەمپەکانى مردن extermination camp, ئەویتریشیان کەمپەکانى گردکردنەوە یان کارى زۆرەملێ Camp Concentration. گردکردنەوە و چڕکردنەوە ڕێک ئەو کارەیە کە ڕۆژانە لە قەسابخانەکاندا ڕوودەدات و ڕەنگە نمونەیەکى تەواوەتییش بێت بۆى. پیتەرسۆن لەم کتێبەدا, باسى نمونە مێژووییە هاوشێوەکان دەکات لەگەڵ هۆڵۆکۆست و ڕەفتارى ئێمەش لەگەڵ حەیواناتدا. ئێمە سەردەمانێک ئەم شێوە مامەڵەیەمان لەگەڵ ڕەشپێستە ئەفریقییەکاندا دەنواند, پاشان ئیسپانییەکان بەپێى هەمان لۆژیک ژمارەیەکى زۆر لە هندییە سوورەکانى قاڕەى ئەمریکا دەکوژن و پاش ئەوەش ژمارەیەکى زۆر لێکۆڵینەوە لە ئوسترالیا دەربارەى پیتاندنى دەستکردى توخم ئەنجامدەدرێت. بەڵگەیەکى ترى مێژوویى گرنگ ئەوەیە کاتێک نازییەکان دەستیانکرد بە کەوڵکردنى جوولەکەکان, ئەوا یەکێک لە سەرچاوە دیارەکانى ئیلهامیان بریتى بوو لە شێوازە جیاجیاکانى کوشتنى ماڵات لە کوشتارگەکانى شیکاگۆدا. ڕستە ناودارەکەى هیتلەر ئەوە بوو ئێمە هەر ئەو کارە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکەین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەخ یان پاستۆر لەگەڵ کۆمەڵگادا کردیان. ئەوان ڤایرۆس و میکرۆبیان دۆزییەوە و ئێمەش ڤایرۆس و میکرۆبى کۆمەڵایەتى دەدۆزینەوە و لەڕێگەى گردکردنەوە و لەناوبردنى پلەپلەیەوە جەستەى کۆمەڵگا چارەسەردەکەین. لە تێکستەکانى سەر بە لایەنگرانى ئازادیى گیانلەبەراندا, گەڕانەوەیەکى زۆر بۆ جینۆسایدى ئەڵمانییەکان هەیە دژى جوولەکەکان و ئەوانیتر. هۆڵۆکۆست, تەنیا لە قڕکردنى جوولەکەکاندا کورتنەدەبووەوە و ئەم «ئەوانیتر»ـە هەریەکە لە پیاوانى هاوڕەگەزباز و کاولییەکان و کۆمۆنیستەکان و ئەو کەسانەشى دەگرتەوە کە تووشى شەلەل دەماغ هاتبوون. لە هەمووى گرنگتر, ئەو شتەى لەم کەمپانەدا گرددەکرانەوە نەیارە سیاسییەکان بوون, واتە وشەى نهێنیى ئەو خەباتانەى بیردەچنەوە. لەم بڕگە زەمەنییەى ئێستاى خۆیشماندا, عەیب و عارە سەرەکییەکە ئەوەیە دەبێت خەبات بۆ ڕزگاریى گیانلەبەران وەک خەباتێکى سیاسى سەیربکرێت. گەر چالاکوانانى مافەکانى ئاژەڵ ئاگایان لەو بابەتە نەبێت کە تەنیا لەڕێگەى بەربەرەکانێیەکى سیاسیى ڕزگاریخوازەوەیە دەتوانین بەسەر ئەم ستەمەدا زاڵ بین و بوەستێنین, ئەوا دەکرێت خۆیشیان برەو بەم ستەمە بدەن. بە دەربڕینێکى تر, دەکرێت بەناوى بەرگرى لە مافى ئاژەڵەوە و لەڕێگەى ئەنوا و ئەشکاڵ ڕێکخراوى بەڕواڵەت ناحکومى و میکانیزمى جیاجیاوە بۆ ئاسودەکردنى ویژدان, کرۆکى مەسەلەکە لەبیربکرێت کە دەبێت ئەم خەباتە سیاسى بێت و ببەسترێتەوە بە دژایەتیکردنى بونیادە جیهانییەکەى سەرمایەدارییەوە. ترێبلینکاى حەیوانات شتێکى هەتاهەتاییە و ئێمە دەستەویەخەى جۆرێک لە خۆکوژیى جیهانی بووینەتەوە کە سەرى سرووشت تیا دەبات. بەراوردکردنى هۆڵۆکۆست بە مامەڵەکردنمان لەگەڵ حەیواناتدا, سەرەڕاى کشتوکاڵى میکانیکى و پیشەسازیى گیانەوەرى ماڵى, هەریەکە لەو شێوازانەى ستەمیش دەگرێتەوە کە لە تاقیگەکاندا دژى گیانەوەران ئەنجامدەدرێت. ئەم شێوازانە لێکچوونێکى زۆرى هەیە لەگەڵ ئەو کارانەى کە پزیشکە نازییەکان دەیانکرد. پزیشکە نازییەکان, هەریەکە لە جوولەکەکان و کاولییەکان و کۆمۆنیستەکان و شەلەل‌دەماغەکانیان وەک ئامرازێکى گونجاو بەکاردەهێنا بۆ تێست و تاقیکردنەوەى زۆر ئازاردەر. ئەمە بە هەنگاوێکى کاریگەر دادەنرا لە بەرەوپێشچوونى زانستدا. گەر بێتو ئایدۆلۆژیاى پێشکەوتن نەخەینە ژێر پرسیارەوە، ئەوا هیچ بیانوویەکى ئەخلاقیمان لەبەردەستدا نیە بۆ بەرگرتن بەم تاقیکردنەوانە, و ناچارین داکۆکى لە زیندەتوێکارى بکەین چونکە بەشێکى زۆرى دەسکەوتە زانستییەکان قەرزارى زیندەتوێکاریین و لە قۆناغێکیشدا تەنانەت زیندەتوێکارى بەسەر ئەو مرۆڤانەدا پیادەدەکرا کە بە هاوڵاتیى تەواو دانەدەنران. لەوەش تاڵتر ئەوەیە ئەگەر ئەمە بۆ مرۆڤەکان خۆیان تابۆ و قەدەغە بێت ئەوا دەتوانین سۆراغى ئەو گیانەوەرانە بکەین کە پتر لە مرۆڤ دەچن, واتە مەیمونە بێ‌کلکەکان و لەنێویشیاندا ئەو گیانەوەرانەى کە بە یەکەمینەکان(Primates) ناسراون و بە باشترین بژاردە دادەنرێن. لەو توێژینەوە پزیشکییانەى کە لەسەر یەکەمینەکان یان پریماتەکان ئەنجامدەدرێن, بە ناوەوە بانگیان ناکەن بەڵکو ژمارە و لەزگەى تاتۆیان بەسەرەوەیە. ئەم بوونەوەرانە, بە حوکمى ئەوەى ناویان نیە ئەوا سیما و دەموچاویشیان نیە و شوناسى خۆیان لەدەستدەدەن؛ ئەوپەڕى چەوساندنەوەى ئەم گیانەوەرانە ڕێک هەر ئەو ڕووداوەیە کە لە تاقیگەى نازییەکاندا ڕوویدەدا. پزیشکە نازییەکان قوربانییەکانى خۆیانیان وەک ئۆبێکت و بوونەوەرى بێ‌هەست و بێ‌ویست دەبینى.

لە ڕۆژگارى نازییەتدا, نزیکەى ٢٠٠ کەس لە دکتۆرە زۆر ناسراو و دیارەکان بەشداریى ئەو تاقیکرنەوانەیان کرد کە بەسەر زیندانییە جوولەکە و ڕووسى و پۆڵۆنییەکانەوە ئەنجامدەدران. هەزاران دکتۆرى تریش ئاگایان لەم تاقیکردنەوانە بوو و هەندێکیشیان لە وانەکانى زانکۆدا دەرەنجامەکانى خۆیانیان دەخستەڕوو, بەڵام بەبێ ئەوەى تەنانەت ناڕەزایەتییەکى سووکەڵەش دژ بە سرووشتى ئەم تاقیکردانەوانە لەلایەن هەرکام لەم دکتۆرانەوە دەرببڕدرێت. ئەم هەوڵانە لەو زمانە بێ‌هەستەى نازییەکاندا ڕەنگیدابووەوە [کە لە تاقیکردنەوە تایبەتەکانى خۆیاندا بەکاریاندەهێنا]. لە یەکێک لە نمونەکانى ئەم ڕاپۆرتانەدا دەخوێنینەوە: «پاش پێنج خولەک کرژییەکان دەستیپێدەکرد, لەنێوان خولەکى ٦ بۆ ١٠ هەناسەدان دەیدا لە کەمى و پاشان کەسە تاقیکراوەکە لە هۆشى خۆى دەچوو کە پێى‌دەوترا TP، لە خولەکى ١١ بۆ ١٣ ھەناسەدان دەگەیشتە سێ نەفەس لە خولەکێکدا و سەرەنجامیش تەواو دەوەستا. نزیکەى نیو کاژێر دواتریش توێکارییەکە دەستیپێدەکرد». پزیشکە نازییەکان, ئەم زمانە ساردوسڕ و بێ‌هەستەیان دەرهەق بە مرۆڤ بەکاردەهێنا, بەڵام ئێمە ڕێک هەمان زمان دەرهەق بە تاقیکرنەوەى سەر گیانلەبەران دەبیستینەوە و بەئاسانى بەرگەى دەگرین چونکە لە بڵاوکراوە و گۆڤارە پسپۆڕییەکاندا دادەبەزێت. کێڵگە میکانیکییەکان, لە ئۆردووگاکانى گردکردنەوەى سەردەمى نازییەکان دەچن. ئەم بەراوردە نەک هەر بەراوردێکە پاساوى خۆى هەیە, بەڵکو بەشێکى زۆرى ئەزموونى نازییەکانیشمان بۆ وەردەگێڕێت(تەرجەمەدەکات). کشتوکاڵى میکانیکى, تەقەلایەکى گەشەخوازە بۆ کامڵکردنى شێوازە کۆنەکانى کشتیارى و هەڵکشانى بەرهەم. دەتوانین بڵێین خەم‌وختوورەى هاوبەشى نێوان نازییەکان و ئەو کەسانەى کە هێشتاش هەر باسى گەشەى کشتوکاڵ دەکەن بریتییە لە جۆرێک «کەماڵخوازیى لادەرانە» کە وادیارە ناتوانین بەرى پێ بگرین, چونکە هەر بەرهەڵستییەک بەڕوویدا وەک بەرهەڵستى بە ڕووى پێشکەوتندا لێکدەدرێتەوە. ڕەخنەکردنى ئەم فۆرمە لە کوشتارى حەیوانات و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستى خۆراک و پۆشاک و باخچەى ئاژەڵان و تاقیگەکان, دەبێت ھاوشان بێت بە ‌ڕەخنەکردنى سەرمایەدارییە جیھانییەکە و ئوستورەى «پێشکەوتن»؛ واتە ئەو شتەى کە واڵتەر بنیامین هەنگاوە سەرەتاییەکانى بۆ نابوو. تێهەڵکێشبوونى ئەم دووانە, دونیایەکى درووستکردووە کە ئەگەر بێتو بەم ڕیتمە بەردەوام بێت ئەوا توانستى ژیانکردن لە حەیوانات دەسێنێتەوە, بەتایبەتیش ئەو حەیوانەى کە وا خۆى دەردەحات زمانى هەیە و پێى‌وایە دەتوانێت بیرێک لە هەسارەکانى تر بکاتەوە بۆ درێژەدان بە ژیان.   

   

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] . یان بە تەعبیرەکەى گیڤارا دەعباى ئابورى(نوسەر).

[2] . سوتان و کوشتارى بەکۆمەڵى جوولەکەکان لەلایەن نازییەکانەوە کە ژمارەى قوربانییەکان نزیکەى شەش ملیۆنێک بووە- و

[3]. Negative Dialectics

[4]  The Holocaust on Your Plate .

[5] . بیۆس، ڕیشەى وشەى بایۆلۆژیاشە- و

[6] . لێرەدا وشەى هۆڵۆ لە وشە ئینگڵیزییەکەى وەک wholeدا ئیشى خۆى دەکات کە بە ماناى کۆ و سەرتاپا دێت- و

[7] . مەبەست لە حەیوانى نامرۆیى ئەوەیە کە مرۆڤ خۆیشى حەیوانێکە بەڵام ئەو حەیوانە دەکوژێت کە سەر بە توخمى ئەو نیە, واتە گوایا نامرۆییە- و

[8]. ئەمە چەمکێکە و ئینگڵیزییەکەى دەکاتە Anthropomorphism. بەمرۆڤدانان واتە سەیرکردنى بوونەوەرەکانى تر هەروەکو مرۆڤ, ئیتر ئەو بوونەوەرە خودا بێت یان بێگانەکانى ناو فەزا یان گیانلەبەرانى سەر زەوى یان تەنانەت شتە بێ‌گیانەکان بێت. بەپێى ئەم زاراوەیە, مرۆڤ بەجۆرێک لەگەڵ ئەو بوونەوەرانەشدا مامەڵەى زەینى و پراکتیکى دەکات وەک‌بڵێى لە مرۆڤ دەچن. لە ئەدەبیاتدا کارەکتەر بە شتەکان دەدرێت و بە نێوانگریى سیفەتە مرۆییەکان دەدوێنرێن. لە شیعرى شێرکۆ بێکەسدا هەندێک ڕەهەندى ئەم زاراوەیە دەبینینەوە(بەتایبەت دیوانى ملوانکە). لەم سیاقەى سەرەوەشدا, باسەکە لەسەر ئەوەیە مرۆڤ بەجۆرێک لەگەڵ گیانلەبەران دەجووڵێتەوە وەک‌بڵێى کۆپییەکى مرۆڤن و ڕێزگرتنمان لەوان وەک ڕێزگرتن لە مرۆڤ پێوانەدەکەین کە لە جێگەى تردا کێشەى فەلسەفى دەخولقێنێت    

[9] . Fall کەوتنەخوارەوە لە بەهەشت یان دونیایەکى باڵاترەوە کە لە دینە ئیبراهیمییەکاندا دەگێڕدرێتەوە و گوایا مرۆڤ بەهۆى گوناهێکەوە بۆ سەر زەوى نەفیدەکرێت- و

[[10. حەیوانێتیى حەیوان ئاماژەیە بۆ ماهیەتە حەیوانییەکەى حەیوان, وەکچۆن مرۆڤێتیى مرۆڤ ئاماژەیە بۆ ماهیەتى مرۆڤ. هاوکات ئەوەندەى مرۆڤ پەی بە شتەکە بردبێت, جۆرێک لە ڕەهەندى گیانلەبەرێتى یان حەیوانێتییش لە ماهیەتى مرۆڤدا هەیە کە ئەنتاگۆنیزمەکەى نێوان خۆى و حەیوان کاڵدەکاتەوە- و

[11][11]. Isaac Bashevis Singer 

[12]. عەقڵى ئامرازى لە مانا زۆرسادەکەیدا بەو عەقڵانیەى دونیاى مۆدێرن دەوترێت کە عەقڵ کورتدەکاتەوە بۆ ئامرازێک تا زۆرترین ئامانجى خيرا و قازانج و حیسابات و چەندایەتى بەرهەمبێنێت و لە پەیوەند بەم باسەشەوە بەسەر سرووشتدا زاڵ ببێت. ڕەنگە لێرەشەوە بێت پەیوەندیى ئامراز و ئامانج ناهاوسەنگ بووەوە و ئامراز خودى ئامانجى شێواندووە لە دونیاى مۆدێرندا- و

[13]. Biomedicine

[14]. eternal Treblinka