A+    A-
(1,692) جار خوێندراوەتەوە

 

 

               ئازارى «دەربڕین» و دەربڕینى «ئازار»

        (پەیوەندیى دەربڕین و ئازار لاى مرۆڤ و گیانلەبەر)

              

 

 

 

 

 

  موراد فەرهادپوور

  و. وەلید عومەر 

pdf

 

 

 

قسەیەک:

ئەمەى دەیخوێنیتەوە, پوختەى سیمینارێکى ڕۆشنبیرى ئێرانى موراد فەرهادپوورە. سیمینارەکە بەهاوبەشى لەگەڵ وەرگێڕ و نوسەر ساڵەح نەجەفییدا سازکراوە. باسەکە لەبنەڕەتدا پەیوەندیى بە ڕووەکخۆرییەوە هەیە کە ئەمڕۆ وەک ستایلێکى ژیانى لێ هاتووە و ئەم ستایلە وەک ئەخلاق دەفرۆشرێتەوە. واتە خۆى ستایلە, بەڵام بە مەرجى ئاکار بەڕووماندا دەدرێتەوە. مەرج نیە ڕووەکخۆرى ئەخلاقێکى عەقڵانى بێت بەڕووى ئازارى گیانلەبەراندا, کێشەکە لەوە سیستەماتیککیتر و ڕیشەدارترە. لەم ساتانەدا کە جەژنى قوربان دێت, بەر نەفیکردنى تایپێک لە ئاژەڵەکان دەکەوین کە ڕیشەى خۆى لە دونیاى پێشمۆدێرن و سەردەمانى قوربانیدانەوە وەرگرتووە. ئەمڕۆ بەتەنیشت قوربانیکردنى زۆروزەبەندى ئاژەڵەکانەوە, بازرگانییەکى خێرا و سەرتاپاگیریش بە گۆشتى ئاژەڵەکانەوە دەکرێت و وەک‌بڵێى قوربانیکردنە بەشێکى بچوکە لە دیمەنەکە. لە عەقڵیەتى ئێمەدا هێشتا حەیوان ئەو بوونەوەرە یان ئەو ڕووبەرە دوورەدەستەیە کە بەشێوەیەکى ئەنتاگۆنیستى لە مرۆڤ جیادەبێتەوە. بەڵام لەڕاستییدا شتەکە بەو جۆرەش نیە. زەینى دینى ئەم تێڕوانینەى درووستکردووە و حەیوانى نزمتر پیشانداوە. جۆرج لویى بۆفۆن دەڵێت: گەر گیانلەبەران بوونیان نەبووایە ئەوا تێگەیشتنى لە ماهیەتى مرۆڤ سەختتر و درکنەکراوتر دەبوو. واتە بوونى حەیوان, بوونى ئەوێکى ترە کە سنوردارێتییەکى ڕیشەیى خۆمانمان بیردەخاتەوە و ناهێڵیت زۆر باڵا خۆمان ببینین. کەمیش نین ئەو بیریارانەى لەوێوە ستایشى حەیوان دەکەن کە خۆى تووشى سەرێشەى زمان نەکردووە, چونکە زمان بە چاوگى زەبروزەنگ دەزانن و ئەو کڵێشە ڕەتدەکەنەوە کە زەبروزەنگ بە ماناى کۆتاییهاتنى زمان دێت(مرۆڤ بۆیە توندوتیژە چونکە زمانى هەیە). لە سیمینارەکەى نەجەفییدا, کە دواتر بڵاویدەکەینەوە, ژمارەیەکى زۆر خاڵى نەستەق هەیە کە ئاڵۆزییەکانى پەیوەندیى مرۆڤ و کوشتارى گیانەوەران پیشاندەدات. لەوانە, وەرگەڕانى هۆڵۆکۆست بۆ کوشتارى هەنوکەى حەیوانەکان لە ئاستێکى بەرفراواندا. ڕاستییەکەى, ناتوانین حەیوان و مرۆڤ یەکسانبکەین(نەک لەڕوانگە دینى و هیومانیستییە باوەکەوە), بەڵکو لەڕوانگەیەکى فەلسەفیى نۆژەنخوازەوە. کێشەى حەیوانات گرێدراوە بە کێشەى مرۆڤەوە و شتەکە بۆ کەلتورى ئێمە ئاڵۆزتریشە. پرسیارى ئەم باسەى خوارەوە ئەوەیە: ئازار بەبێ هەوڵى دەربڕین و تەعبیرکردن تا چەند ئازارە؟ لەمەدا مرۆڤ و حەیوان چەندە هاوبەشن؟ ئاخۆ بێدەنگى و بێزمانیى حەیوانات لە ساتى قوربانییدا, جیاکراییەکى چۆنایەتیى لەگەڵ بێزمانیى مرۆڤدا هەیە لە ساتى مردندا؟

********************************************  

 

ساڵى ٢٠٠٣ ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەى گاردیان بڵاوبووەوە کە گوایا تەنیا لەم ساڵەدا شەش ملیار مریشک سەردەبڕدرێت و ئەگەرى ئەوەش هەیە چەندین ملیار مانگا و مەڕ و چەند سەد ملیارێکیش ماسى و ...هتد. دەبێت ئەم ئامارە بەتەنیشت ئەم پرسانەى خوارەوە تاوتوێ‌بکرێت: دۆخى کارەساتبارى باخچەى ئاژەڵان, تراژیدیاى گیانەوەرە ماڵییەکان, جۆرەها سیستەمى چەوساندنەوە و خراپ‌بەکارهێنانى گیانەوەرە ماڵى و دەستەمۆکان, دەستکاریى جینەتیکیى حەیوانات و لە هەمووشى گرنگتر لەناچوونى ژینگەکانیان و قڕبوونى توخمى جیاجیاى ئاژەڵان و سەرکوتکردنى سرووشت و باڵادەستیى مرۆڤ بەسەر سرووشتدا. کێشەکە تاڕادەیەک بۆ ئازار, شێوازى دەربڕینى, و دەرکەوتن و تەجەلابوونى دەگەڕێتەوە. تەنانەت لەم ئاستەشدا, دەبینین ئامار دەدەنە دەرەوە و دۆخى ناو قەسابخانەکان ئاشکرادەکەن. باسەکەم مەنزوومە یاخود کۆمەڵەئایدیایەکە کە بەدەورى هەردوو جەمسەرى «ئازار» و «دەربڕینى ئازار»دا پێکهاتوون, یان با بڵێین دیالەکتیکێکە لەنێوان «ئازار» و «دەربڕینى ئازار»دا. واتە ئەوەى کە چۆن ئازارى دەربڕینمان هەیە و دەربڕینى ئازاریش.

شێوازەکانى ترى پۆڵێنکردنى ئەم دوو کاتیگۆرییە بەتەنیشت یەکترەوە, پەیوەستە بە ئەنوا و ئەشکاڵ پرسى بەرفراوانترى فەلسەفییەوە وەک ئۆنتۆلۆژیا(بوونناسى), ئەنترۆپۆلۆژیا(مرۆڤناسى), ئەپستمۆلۆژیا(زانینناسى) و هتدەوە کە لە هەریەکە لەمانەدا ئەم دوالیزمە دەخرێتەڕوو. ئێمە لەم کەلتورەى خۆماندا مەسەلەکە لە کەوڵى دەستەواژەیەکى وەک «حەیوانى بەستەزمان»دا دەردەبڕین. ئاخۆ ئەم بەستەزمانى‌یە[= زمان + بەستراوى], خۆى بە بە شێک لە ئازار دانانرێت؟ یان بە بەشێک لە دەستەوەسان لە دەربڕینى ئازاردا؟ هەرچۆنێک بێت, لە ئاستى عاممەى خەڵکیشدا ئازارى گیانلەبەر ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە دەربڕینى ئازار و بێتوانایى گیانلەبەرەکەوە لە دەربڕین و تەعبیرکردندا(واتە بەستەزمانى). ئەم مەسەلەیەش کۆمەڵێک ئایدیاى لاوەکیى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە وەک بێگوناهى و پاکى و قوربانیبوون و هتد [کە وەک میتافۆر بۆ مرۆڤیش بەکاردەهێنرێن].

 بەستەزمانى, ئاماژەیە بۆ پانتاییەکى خۆڵەمێشى کە تیایدا بەر ئازارێکى کپەوەبوو دەکەوین. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە چەند حاڵەتێکدا هێما بۆ ئەم باسە دەکات. نمونەى ئەو ئێش و ئازارانەى کە ئیمکانى دەربڕینیان لێ‌سەنراوەتەوە, لە ئەدەبیاتدا زۆر زۆرە. نمونە سامناکەکەى ئەدۆرنۆ ئەو مرۆڤە بێهۆشکەوتووانەیە کە نەشتەرگەرییان بە سەرەوە دەکرێت. ئاخۆ هەربەڕاست ئەو کەسە ئازاردەچێژێت یان نا؟ ئێمە نایزانین. ڕەنگە هەموو ئەو ئازارانە بچێژێت و ئیشى بەنجەکە ئەوە بێت نەهێڵێت بیرى بکەوێتەوە ئازارى چەشتووە. هەمان شت سەبارەت بەوانەش ڕاست دەردەچێت کە چوونەتە دۆخى کۆما (و لەهۆشچوونى درێژخایەن)ـەوە. نازانین کەسەکە حاڵى چۆنە, ئاخۆ ئاگاى لەخۆیەتى و دەتوانێت زەجر و ئازار بکێشێت؟ ئەمانە فۆرمى جیاجیاى بەستەزمانى‌ن. ئەدۆرنۆ لە کتێبى “دیالەکتیکى ڕۆشنگەرى”دا سەبارەت بە گیانلەبەران و بەتایبەت سەگ، نمونەیەک‌دێنێتەوە و هەوڵدەدات مەسەلەى جڵەوکردنى سرووشت و ئازارەکەى, ببەستێتەوە بە دەربڕینى ئازارەوە. بەیەکداچوونى «ئازار» و «دەربڕینى ئازار» ڕێنادات هەندێک دوالیزمى وەک مرۆڤ/ئاژەڵ درووستکەین, یان تەنانەت پێوەرێکیش بۆ بڕى ئازارچەشتن داتاشین. تەنانەت گەر ئازار لە ئاستى جەستەییدا وەرگرین و ئازارى مەعنەوى بخەینەلاوە, ئەوا هێشتاش ئەو خاڵە دەمێنێتەوە کە جیاکردنەوەى مرۆڤ و حەیوان, یان پلە جیاجیاکانى ئازارچەشتن لە مرۆڤدا لەسەر بنەماى شتێکى جیا لە «دەربڕینى ئازار» خۆى شتێکى بێمانایە. [بە دەربڕینێکى تر, مرۆڤ و حەیوان لەو خاڵە جەوهەرییەدا هاوبەشن کە دەربڕینى ئازارە و هەردووکیان لە دەربڕینەکەدا هاوچارەنووسن]. ئێمە دەستمان بە خودى ئازار یان زاتى ئازاردا ناگات. “ڤیتگنشتاین”یش ئاماژە بۆ ئەم خاڵە دەکات. مرۆڤ کە دانى دێشێت ئەوا لەڕێگەى پیشاندانى ئەو ئازارەوە, بەشداریى ئەزموونى ئازار دەکات لەگەڵ ئەوانیتردا, و ئەگەریش بەڕاستى دانى نەئێشێت ئەوا هیچ ڕێگەیەکمان لەبەردەستدا نیە بۆ ئەوەى تێبگەین ئایا ئازار لەویادا حزوورى هەیە یان نا. ئازار لەڕێگەى پیشاندانى ئازارەوە دیاریدەکرێت. تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامداوە کە دەریدەخات هەڵپەساردن و خستنەکەوانەى دەربڕین و دەرکەوتنى ئازار تا کوێ دەتوانێت بڕدەکات. بە ژمارەیەک خەڵکیان وت دەست‌بنێن بە دوگمەیەکدا و فشارێکى کارەبایى بخەنە سەر ژمارەیەک کەسى تر, چونکە هەرکە نمرەى فشارەکە زیادکرا ئەوا ئەوانیش ئازارێکى زۆرتر دەچێژن. ئەو ژمارەیەش کە دانیشتبوون کارەباکەیان پیا تێپەڕێت, ئەکتەر بوون و بڕیاربوو ژێست و نمایش بنوێنن و هیچ کارەبایەکیش لەئارادا نەبوو. پاشان بە کەسەکانیان وت نمرەى فشارەکە زیادبکەن. لەو پانزە کەسە, تەنیا یەک کەس ناڕەزایەتیى دەربڕیبوو, ئەویش ئەو کاتەى کە پەستانى ئازارەکە گەیشتبووە نزیکى مردن و هێڵى سوورى بەزاندبوو. واتە ئەوە هیچ کە هەموو کەسەکان بەپێى ئۆتۆریتەى زانست و پرۆفیسۆرەکان لە هێڵى ئەشکەنجە تێپەڕین, بەڵکو گەیشتنە خاڵى مردن و بەئاسانى ئەوانیتریان کوشت. تەنیا یەک کەس ناڕازى بوو و وتى پەنجە بە دوگمەکەدا نانێم. ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوە دەردەخات تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت یارى بە مەسەلەى دەرکەوتن و دەربڕینى ئازار بکرێت. جیابوونەوەى ئازار لە دەربڕینى ئازار, ئەو مۆڵەتەمان دەداتێ کە باسى ئازارى ساختە بکەین یان بڵێین ئازارێک لە ئازارێکى تر گەورەترە. ئەو بۆردوومانەى کە ١٥٠ کەسى تیا دەکوژرێت, چ جیاوازییەکى هەیە لەگەڵ ئەو بۆردوومانەى کە ١٥٠ هەزار کەسى تیا دەکوژرێت؟ ئاخۆ دەکرێت بەهۆى ژمارەوە, ئێش و ئازار پیشانبدرێت؟

 باشترین نمونە بۆ ئەم باسە دەکەوێتە ناو دەروونشیکاریى فرۆیدییەوە. لەڕوانگەى فرۆیدەوە, هیچکاتێ خودى برین, زەربە و زیان, ئازار و تراوما سەرکوتنابێت. نەست بەرەنجامى دووبارەبوونەوە و گەڕانەوەى سەرکوتکراو و چەپێنراوەکانە و ئێمەش لەڕێگەى دووبارەبوونەوەى ئازار و دەربڕینى سەرلەنوێى ئەو ئازارەوەیە کە ئازارەکە دێنینەوە بیرى خۆمان و بەردەوام دووپاتیدەکەینەوە, واتە لەڕێگەى ئەو شتەوە کە پێى‌دەوترێت عوساب(نیورۆسیس)؛ واتە ئەو نەخۆشانەى کە ناچار بە دووبارەکردنەوەن، و نیشانەى جیاجیاى وەک وەسواس و هیستریا هەمووى لە دەربڕین و دەرکەوتنى سەرلەنوێى ئازارەوە سەرچاوەدەگرێت. ئازارێکى سەرەتاییمان نیە کە سەرکوتکرابێت و هەندێک لەت و پارچەى بگەڕێتەوە, بەڵکو خودى ئازارە سەرەتاییەکە بەرهەم و بەرەنجامى پرۆسەى دووبارەبوونەوەیە. نەست هیچ نیە جگە لەو پشێوى و درزەى کە لە بازنەى گەڕانەوەى شتە سەرکوتکراوەکەدایە. ئەوە دەرکەوتنى ئازارە کە خودى ئازار پێکدێنێت. ئەم باسە تایبەتە بە دەروونناسیى مرۆیى, بەڵام دەتوانین دەرهەق بە زۆرێک لە گیانلەبەرانیش بیبینین. پلەیەک لە یادەوەرى بوونى هەیە و گوزارشتە لەوەى کە دیاردەى ئازار لە دەربڕینى ئازار جیانابێتەوە. لە ناو ئازار خۆیدا, ئاراستەیەک هەیە بەرەو دەرکەوتن. لە تووڕەیى و شادی, یان فۆرمەکانى ترى هەست و ئەزمووندا ئەم ئاراستەیە یان نیە هەر زۆر کەمە. ئەمە سەبارەت بە ئەزموونکردنى پرسى تراژیدیاش هەر ڕاست دەردەچێت. کۆى چڕییەکەى پرسى تراژیدیا پەیوەستە بە دەرکەوتن و نواندنەوەوە. لێرەشدا سەروکارمان لەگەڵ ئازارێکى بێ‌زمان(یان بەستەزمان)دایە. لە سەردەمى تراژیدیادا, بەتایبەت تراژیدیاکانى بەر لە سۆفۆکڵ و ئاخیل, کەمترین دایالۆگ لەئارادایە. پاڵەوانەکە بەسەر سەکۆکەوەیە و تەنیا بەهۆى نواندن و نمایشکردنى خۆیەوە ئازارە تراژیدییەکەى خۆى دەردەبڕێت و هەموو نمایشەکە لە خزمەتى ئەم هەبوونە بێ‌زمانەدایە؛ واتە ئەو بەستەزمانی‌یەى کە بەجوانى لە پاڵەوانى تراژیکدا دەیبینین. ئازار زۆرترین کەمەندکێشیى بە لاى ̎دەربڕین̎دا هەیە [و دەیەوێت لەڕێگەى دەربڕینەوە ماهیەتى خۆى دەربخات]. ئەگەر ئەمە بەراوردبکەن بە ئەزموونى شادى, شتەکە ڕوونتردەبێتەوە. ئەو کاتەى ساتە خۆشەکانمان بیردەکەوێتەوە, هەمیشە مەودایەکمان لەگەڵ خودى ئەزموونەکەدا هەیە. دوو هاوڕێى کۆن دەگەنە یەکتردا و باسى یادگارییەکانیان دەکەن و سەرەتاش ئەو ساتەوەختە خۆشانە بەرهەمدێننەوە, بەڵام تێدەگەن تازە کاتى لاوى نایەتەوە. بیرهێنانەوەى خۆشى و شادى, هاوشانە بە لەدەستچوویى خۆشى, و بۆیە لە بیرهێنانەوەکەیدا خەمێک هەیە و لەگەڵ خۆشییەکەدا یەکنایەتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە دەربڕینى ئازار خۆى ئازاراوییە, و بەتەواوى لەگەڵ دیاردەى خەم و ئازاردا یەکدێتەوە. دوو کایەى تر کە ئەم دیالەکتیکەى تیا ڕوودەدات, یەکیان کایەى هونەرە کە دەرگیرى مەسەلەى دەربڕینـە و ئەویتریشیان ئەزموونى ئازارى بەستەزمانانەى گیانلەبەرانە کە بەر ئاڵۆزییەکەى نێوان «ئازار» و «دەربڕینى ئازار» دەکەوین. لە کایەى هونەردا, وەک هەمیشە دەچمەوە سەر گفتوگۆکەى ساموێل بێکێت لەگەڵ ̎جۆرج دوتوویى̎دا سەبارەت بە وێنەکێشان. بێکێت, عادەتەن دەرگیربوونى دەروونناسییانە لەگەڵ مەسەلەى دەربڕیندا بە نیشانەى کەوتنى هونەرى مۆدێرن دەزانێت. ئەو هونەرەى کە هەموو خەم و کەڵکەڵەى بریتییە لە تۆزێک دەربڕینى باشتر و زیاتر, لەکاتێکدا کە هەمیشە دەکەوێتە داوى خودى دەربڕینەوە و قەیرانى وێنەکێشانیش لە هەناوى ئەم گرفتەوە دێتەدەرێ.

دوتوویى دەڵێت: «قسەکەتان ئەمە بەرهەمێتى. ئەو فۆرمە لە دەربڕین کە ناوى وێنەکێشانە, دەبوو چاوەڕێى دەرکەوتنى فان فیڵدە(ـى وێنەکێشە پەسەندکراوەکەى بێکێت)بێت تا لە شەڕى ئەو تێگەیشتنە ناڕاستە ڕزگارى ببێت کە لە سایەیدا بۆ چەندین سەدە زەحمەتى کێشاوە, واتە ئەو تێگەیشتنەى کە فرمان و کارکردى وێنەکێشان بریتییە لە دەربڕین لەڕێگەى ڕەنگەوە». لە ڕوانگەى بێکێتەوە, و سەرەنجام دۆخەکە بۆ ئەو بەو جۆرەیە کە نە شتێک بۆ دەربڕین لەئارادایە و نە ڕێگەیەکیش بۆ دەربڕین. مەحاڵبوونى دەربڕین, ئەو شتەیە کە دەست و پێى هونەرى بەستووەتەوە. بێکێت دەڵێت: «لەنێو هەموو ئەو کەسانەدا کە بە هونەرمەندى گەورەیان دەزانین, هیچکەس شکنابەم لەبنەڕەتەوە سەرنجى نەچووبێتە سەر ئیمکانەکانى دەربڕینى خۆى و میدیۆمى دەربڕینەکەى و سەرەنجامیش ئیمکانەکانى دەربڕینى مرۆڤایەتى. لە بنەڕەتى هەر جۆرە وێنەکێشانێکدا ئەو گریمانەیە نوستووە کە پانتایى مرۆڤى ئەفرێنەر بریتییە لە پانتایى شتە مومکین و بەدەستهاتووەکان. زۆر دەربڕین, کەم دەربڕین, تواناى زۆر دەربڕین, تواناى کەم دەربڕین هەر هەمووى لە شتێکدا کۆدەبێتەوە: لە خەم و وەسوەسەى دەستەجەمعییدا بۆ دەربڕین تا ئەو جێیەى دەشێت یان تا ئەو جێیەى کە ڕاستەقینەترین شێوازە یاخود تا ئەو جێیەى کە جوانترین شێوازە». بێکێت, دەربڕین و بەیانکردن وەک گرفتى هەرەسەرەکیى و ناوەندیى هونەرى مۆدێرن دەخاتەڕوو, و بەو جۆرەى لە پانتایى ئازارى گیانلەبەرەکاندا گەیشتینە جۆرێک لە مەحاڵبوونى دەربڕین ئەوا لە ھونەریشدا گەر خەمى دەربڕین لەگۆ‌‌ڕێدا نەبێت ئەوا ئیمکانى دەربڕین لە هەناوى مەحاڵەوە دێتەدەرەوە.

گەر بمانەوێت ئەم خاڵە بە نمرەیەک لە ڕامانەوە بگوازینەوە بۆ ناو پانتایى ئەزموونى گیانلەبەران, ئەوا دەتوانین بڵێین ئاخۆ خەم و ختوورەى بەرگرى لە حەیوانات خۆى بەشێکە لە پەیوەندییەکەمان بە حەیواناتەوە؟ وادەردەکەوێت مەسەلەى بەرگرى لە حەیوانات خۆى بەشێک بێت لە کۆى پیشەسازیکردن بە حەیواناتەوە. لە پانتایى ئەزموونى مرۆییدا, کۆمەڵێک فۆرمى ڕزگارى وەرگەڕاون بۆ ئامراز, و لێرەشدا کەڵکەڵەى پشتیوانیکردن لە حەیوانات بەشێکە لەو بنبەستەى کە لە فۆرمى سیستەمى سەرمایەدارییدا تێى‌کەوتووین. ئەم مەسەلەیە خۆى لە دەرنەخستنى ڕێگەچارە بونیادییەکاندا دەردەخات. کێشەکە لەوە گەورەترە کەسێک گۆشت دەخوات یان ڕووەک, و پێنج مانگا لە سەربڕین و کەوڵکردن نەجاتدەدات یان نا؛ شتەکە بەستراوەتەوە بە ڕەخنەکردنى سەرمایەدارییەوە وەک جۆرێک لە پەیکەربەندیى سەرتاسەرى دەرهەق بە سرووشت و ماشێن و سەرمایە و کاڵا و هەر لەبەر ئەمەش پرسى حەیوانات بەستراوەتەوە بە پرسى مرۆڤەکانەوە و ناتوانرێت یەکیان بەبێ ئەویتریان چارەبکرێت. مەسەلەکە هاوکات مەسەلەى بەیەکداچوونى «ئازار» و «دەربڕینى ئازار»یشە.

واڵتەر بنیامین پرسى ̎دەربڕین̎ و زمان لە ئاستى ئۆنتۆلۆژیادا تاوتوێدەکات. لە قۆناغى یەکەمى خۆیدا, بەتایبەت لە وتارە ناسراوەکەیدا «زمانى مرۆیى و زمان بەگشتى», پێى‌وایە هەموو بوونەوەران یەک بوونى مەعنەوییان هەیە و یەک بوونى زمانی‌یش. بوونى زمانى, خودى دەرکەوتنى بوونەوەرانە, واتە بەفیعلى هەمووشت جۆرێکە لە شەیر(بەشداریپێکردن) و دەربڕین: مێز, دار و درەخت, دیوار و هتد. [واتە بوونى شتەکان خۆیان دەرکەوتە و دەربڕینن و شتێک دەردەبڕن]. هەموویان جۆرێک لە دەربڕین و بوونى زمانى‌یان هەیە, و خۆیان دەردەبڕن. سەبارەت بە مرۆڤیش, بوونە مەعنەوییەکەى ئەو بریتییە لە زمان و هەر لەبەر ئەمەشە دەڵێین مرۆڤ ئاژەڵێکى قسەکەرە. بەڵام لەڕاستییدا دەربڕین و زمانداربوون, شتێکى ئۆنتۆلۆژییە, واتە کۆى جیهان شێوازێک بووە لە دەربڕین و لەڕێگەى گوناهەکەى ئادەمەوە ئەم جیهانە تووشى کەوتن هاتووە و سرووشتەکەى دووچارى پەیوەندییەکى ڕووشاو بووە کە چیتر ناتوانێت خۆى دەربڕێت. بنیامین ئاماژە بەو خاڵەش دەکات کە ئێمە هەمیشە پێمانوایە سرووشت بەستەزمانە و قسەناکات چونکە شیوەندەکات. شین و زاریى سرووشت لە شیعرى ڕۆمانتیکەکانیشدا دەبینین. لە هەموو لایەکەوە, بە وتەى بۆدلێر, بەر تەمسیل(Allegory) دەکەوین، بەر مێژووییبوونەوە و بەتەمسیلبوونى سرووشت. لە بۆدلێرەوە تا جۆرج تراکل بەر سرووشتێکى بریندار دەکەوین کە لەڕێگەى تەمسیلەوە ناڵە و شیوەندەکات. بنیامین دەڵێت سرووشت بێ‌زمانە بۆیە شیندەکات نەک بەپێچەوانەوە(واتە مادام شیندەکات ئیدى زمانیشى نیە). بێ‌زمانیى سرووشت, لە پرۆسەى کەوتن(سقوط)ـەوە سەرچاوەدەگرێت کە بەفیعلى خودى ناوەکانیشى شێواندووە و ئێمە چیتر ناوە سەرەکییەکانى ئادەم هەڵناگرین. تیۆرەکەى بنیامین, هەر لەبنەڕەتەوە پرسى دەربڕین وەک شتێک دەبینێت کە لە دەرکەوتن تێدەپەڕێت و بە فۆرمێک لە «بوون»ـى دادەنێت. دەتوانین هەریەکە لەم خاڵانە بەشێوەى سەربەخۆش شرۆڤەبکەین: باسى دەربڕین لە بوونناسیى تیۆلۆژیى بنیامیندا, باسى دەربڕ‌ین لە هونەرى مۆدێرن و لاى بێکێت, باسى ئازار و دەربڕین لە ̎دیالەکتیکى ڕۆشنگەرى̎ ـى ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر و مەسەلەى دەروونشیکارى. ئەمانە دەتوانن دەسپێکى ئەو باسە بن کە باسى گیانلەبەرانى تیا دەورووژێنرێت, چونکە بەستەزمانیى سرووشت و بەستەزمانیى گیانلەبەر دەیخاتە چەقى ئەم پرسە ئۆنتۆلۆژییەوە کە چ پەیوەندییەک لەنێوان ئازار و دەربڕینى ئازاردا هەیە.