A+    A-
(339) جار خوێندراوەتەوە

 

                                                                چۆن زەویمان کۆنتڕۆڵکرد؟

 

 

 

                                                                      یۆڤال نوح هەراری

                                                                      و. شێروان ئیبراهیم

 

 

 

نزیکەی 70000 ساڵ پێش ئێستا باوانمان گیانداری بێ بایەخ و بێ کاریگەری بوون. خاڵی گرنگ سەبارەت بە مرۆڤی پێش مێژوو ئەوەیە، کە کاریگەریان زیاتر نەبووە لە کاریگەری قندیلی دەریا (jellyfish) و دارکوونکەرە بۆ سەر هەسارەکەمان. بەڵام ئەمڕۆ دەستمان بەسەر زەویدا گرتووە. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن لەوێوە گەیشتین بە ئێرە؟ چۆن خۆمان لە مەیموونێکی ناتایبەتمەندەوە، کە تەنها چاوی لەسەر گۆشەیەکی ئەفریقا بوو، گۆڕی بۆ دەسەڵاتداری زەوی؟ 
زۆرجار لە ئاستی تاک (فرد) دا دەڕوانینە جیاوازی نێوان خۆمان و گیاندارانی دیکە. دەمانەوێت بڕوا بەوە بهێنین کە ئێمە گیانداری تایبەتین، جەستە و مێشکی ئێمە تایبەت و جیاوازە. ئەمەش وا دەکات کە باڵاتر بم لە سەگ، بەراز یان شەمپانزی. بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە لە ئاستی تاکدا، زۆر نزیکین لە شەمپانزییەوە. ئەگەر من و شەمپانزییەک بخەیتە دوورگەیەکی چۆڵەوە و ناچاربین بجەنگین لە پێناو مانەوەدا، بۆ ئەوەی بزانین کامەمان بەهێزترە بۆ مانەوە، بەدڵنیایەوە شەمپانزییەکە گرەوەکە دەباتەوە و هەلی ئەو زیاترە. ئەمە کەموکوڕییەک نییە لە مندا، هەر کەسێکی دیکەش بخرێتە هەمان دوورگەوە، ئەوا هێشتا هەر هەلی شەمپانزییەکە زیاترە بۆ مانەوە. 
جیاوازی جەوهەری لە نێوان مرۆڤ و گیاندارانی دیکەدا، لە ئاستی تاکدا نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵدایە. مرۆڤ کۆنتڕۆڵی زەوی دەکات، چونکە تەنها جۆری گیاندارە کە دەتوانێت بە ئاستێکی فراوان کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزی بکات. گیانداری تر هەن لە نموونەی هەنگ و مێروولە. کە دەتوانن بە ژمارەی زۆر کاری پێکەوەیی بکەن، بەڵام نەک بەم نەرمی و گونجاوییەی (flexability) کە لە مرۆڤدا هەیە. چونکە پێکەوە کارکردنی ئەوان ڕەق و تووندە، لە بنەڕەتدا تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ پێکەوە کارکردنی گرووپی هەنگەکان. لە کاتی بوونی هەلێک یان مەترسییەک، هەنگەکان ناتوانن سیستەمەکەیان لە ماوەی شەوێکدا بوونیاد بنێنەوە، بۆ نموونە ناتوانن شاژنەکەین لەناو ببەن و کۆماری هەنگەکان بەدی بهێنن، یان دیکتاتۆرییەتی هەرەوەزیی هەنگە کرێکارەکان بچەسپێنن.
گیاندارانی دیکەی وەکو کۆمەڵی شیردەرەکان بۆ نموونە: گورگ، فیل، دۆڵفین، شەمپانزی. دەتوانن نەرمتر و گونجاوتر کاری پێکەوەیی بکەن، بەڵام بە ژمارەی کەم. چونکە پێکەوەکارکردن لەنێوان شەمپانزییەکاندا پێویستی بە پەیوەندییەکی توندوتۆڵە. ئەگەر من شەمپانزییەک بم و تۆش شەمپانزییەکی دیکە، بۆ ئەوەی کارت لەگەڵدا بکەم، دەبێت بە تەواوی بتناسم: چی جۆرە شەمپانزییەکی؟ باشیت؟ خراپیت؟ جێگەی متمانەیت؟ ئەگەر نەتناسم چۆن دەشێت کارت لەگەڵدا بکەم؟
تاکە گیاندار کە دەتوانێت ئەم دوو توانایە پێکەوە گرێ بدات، بە نەرمی و ژمارەی زۆر پێکەوە کاربکەن، ئێمەین، واتا هۆمۆساپێنس (Homo sapiens). یەک بەرامبەر یەک، تەنانەت 10 بەرامبەر 10، شەمپانزی ڕەنگە باشتر بێت لە ئێمە. بەڵام ئەگەر هەزار مرۆڤت ڕووبەڕووی هەزار شەمپانزی کردەوە، مرۆڤ بەئاسانی دەیباتەوە، ئەویش لەبەر یەک هۆکاری سادە، چونکە شەمپانزی ناتوانێت بەو ژمارە زۆرە بەکۆمەڵ کاربکات. ئەگەر بتەوێت سەد هەزار شەمپانزی لە شەقامی ئۆکسفۆرد یان لە یاریگای وێمبلی یان گۆڕەپانی ئاشتی یان گۆڕەپانی ڤاتیکان کۆ بکەیتەوە، ئەوەی دەست دەکەوێت کایۆس و فەوزایە. وێنای ئەوە بکە یاریگای وێمبلی سەد هەزار شەمپانزی تێدا بێت، شێتییەکی تەواوە. بە پێچەوانەوە مرۆڤ بەشێوەیەکی سرووشتی بە دەیان هەزار کەسەوە لەو جێگانەدا کۆ دەبنەوە، زۆربەی کاتیش فەوزا ڕوو نادات. ئەوەی دەستمان دەکەوێت تۆڕێک لە پێکەوەیی کاریگەر و ئاڵۆزە. 
تەواوی داهێنانەکانی مرۆڤ لە مێژوودا، لە دروستکردنی هەرەمەکانەوە تا دەگاتە چوونە سەر مانگ، بەرهەمی کاری تاکەکەسی نەبوون، بەڵکو ئەو نەرمی و گونجاندنە بووە لە پێکەوە کارکردندا. لەم سیمینارەی من ڕابمێنن، من لە نێو جەماوەرێکدام نزیکەی 300 بۆ 400 کەس دەبێت، زۆربەتان بێگانە و نەناسراون لای من. زۆربەی ئەو کەسانە ناناسم کە ئەم دیدارەیان ڕێکخستووە. فڕۆکەوان و کارمەندانی ئەو فڕۆکەیە ناناسم کە منیان گەیاندە لەندەن. ئەو کەسانە ناناسم کە ئەم مایکرۆفۆن و کامێرانەیان دروستکردووە و ڕیکۆردی قسەکانم دەکات. ئەو کەسانە ناناسم کە ئەو کتێب و وتارانەیان نووسیوە کە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم سیمینارە کەڵکم لێ وەرگرتوون. بە دڵنیایەوە ئەو کەسانەش ناناسم کە ڕەنگە لە ئینتەرنێتەوە ئەم سیمینارە ببینن، لە شوێنێکی وەکو بۆینس ئایرس یان نیو دەلهی. لەگەڵ ئەمەشدا، سەرباری یەکتر نەناسینمان، دەتوانین پێکەوە ئەم ئاڵوگۆڕکردنەی ئایدیا بەدی بهێنین. ئەمە شتێکە لە توانای شەمپانزییەکاندا نییە. بە دڵنیایەوە پەیوەندی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام شەمپانزییەک نابینیتەوە بڕوات بۆ لای کۆمەڵێک شەمپانزی دیکە بۆ ئەوەی سیمینارێکیان لەسەر مۆز یان فیل یان هەر بابەتێکی دیکە پێشکەش بکات. بەدڵنیایەوە هەموو جۆرێکی پێکەوەیی باش نییە، ئەو هەموو کارە دڕندانەی کە مرۆڤ لە مێژوودا ئەنجامی داون و ئێستاش ئەنجامی دەدات، لەسەر بنەمای پێکەوە کارکردن بووە بە ژمارەیەکی زۆر. زیندان سیستەمێکی پێکەوەییە، کوشتارگەکان سیستەمێکی پێکەوەیین، کەمپەکانی دەستگیرکردن سیستەمێکی پێکەوەیین. شەمپانزی هیچ شتێک لەمانەی نییە. وا دابنێن دەمەوێت قەناعەتتان پێ بهێنم، کە بەڵێ، ئێمە بۆیە کۆنتڕۆڵی زەوی دەکەین چونکە بە ژمارەی زۆر و پێکەوە گونجانەوە دەتوانین کاری هەرەوەزی ئەنجام بدەین. ئێستا ئەو پرسیارەی کە ڕاستەوخۆ بە مێشکی گوێگرێکی فزوڵییدا دێت ئەوەیە کە: بە ڕوونی چۆن ئەم کارە ئەنجام دەدەین؟ چی وایکردووە لەنێوان هەموو گیانداراندا تەنها ئێمە بتوانین بەم جۆرە کاری پێکەوەیی ئەنجام بدەین؟ وەڵامەکە بریتییە لە خەیاڵمان. ئێمە بە نەرمی و گونجانەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بێگانەکاندا کاردەکەین، چونکە تەنها ئێمە لەناو گیاندارانی سەر هەسارەکەدا دەتوانین باوەڕ بە خەیاڵەکان بکەین، چیرۆکە خەیاڵییەکان. چونکە هەمووان شوێن هەمان خەیاڵ دەکەون و باوەڕیان پێیەتی، بۆیە هەمووان پەیڕەوی لە هەمان یاسا و نەریت و بەها دەکەن. هەموو گیانداران سیستەمی پەیوەندیکردنیان تەنها بۆ وەسفکردنی واقیع بەکاردەهێنن. بۆ نموونە ڕەنگە شەمپانزییەک بڵێت: "سەیرکە، شێرێک هات، با هەڵبێین!" یان "سەیرکە، ئەوە دار مۆزێکە، با بڕۆین مۆز بهێنین!" ، بەڵام مرۆڤ زمانیان تەنها بۆ وەسفکردنی واقیع بەکار ناهێنن، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی واقیعێکی نوێ، واقیعێکی خەیاڵی بەکاردەهێنن. مرۆڤ دەشێت بڵێت: "بڕوانە، خودایەک لە سەرووی هەورەکانەوەیە! ئەگەر ئەوە نەکەی کە من پێت دەڵێم، ئەوا دوای مردنت خودا سزات دەدات و دەتخاتە دۆزەخەوە." ئەگەر ئێوە باوەڕ بەو چیرۆکە بکەن کە درووستم کردووە، ئەوکات ئێوەش هەمان یاسا و نەریت و بەها پەیڕەو دەکەن و دەتوانین پێکەوە کاربکەین. ئەمە شتێکە تەنها مرۆڤ دەیکات. هەرگیز ناتوانی شەمپانزییەک قایل بکەیت کە مۆزەکەی خۆیت بداتێ بە موژدەپێدانی بەوەی "دوای مردنت دەچیتە بەهەشتی شەمپانزییەکانەوە، مۆزی زۆریشت دەستدەکەوێ لە پای چاکەکارییەکانت، بۆیە مۆزەکەتم بدەرێ". هیچ شەمپانزییەک باوەڕ بەم چیرۆکە ناکات. تەنها مرۆڤ باوەڕ بەم چیرۆکانە دەکەن، هەر ئەمەش هۆکاری کۆنتڕۆڵکردنی زەوییە لەلایەن ئێمەوە. شەمپانزییەکانیش لە پارکی ئاژەڵان و تاقیگەکەندا نیشتەجێ بوون. ڕەنگە قایل بیت و بڵێی: بەڵێ، لە بازنەی ئاییندا مرۆڤەکان باوەڕ بەهەمان چیرۆکی خەیاڵی دەکەن و پێکەوە کاردەکەن. ملیۆنان کەس کۆدەبنەوە بۆ بنیاتنانى کاتێدرائییەک یان مزگەوتێک، یان لە شەڕێک لە پێناو خاچدا یان لە جیهاددا کۆ دەبنەوە، چونکە باوەڕیان بە هەمان چیرۆکە سەبارەت بە خودا و بەهەشت و دۆزەخ. بەڵام ئەوەی دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە ئەوەیە کە هەمان میکانیزم لە پشتی هەموو فۆرمەکانی پێکەوە کارکردنەکانە بە ژمارەی زۆر لە نێو مرۆڤەکاندا، نەوەک تەنها لە بازنەی ئایینیدا. بۆ نموونە بڕوانە کایەی یاسایی، هەموو سیستەمە یاساییەکان لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە مافەکانی مرۆڤ بونیادنراوە. بەڵام مافەکانی مرۆڤ چیین؟ مافەکانی مرۆڤ هاوشێوەی خودا و بەهەشت چیرۆکێکە خۆمان دامانڕشتووە. ئەوان حەقیقەتی ئۆبێکتیڤ نین، هەروەها کاریگەری بایۆلۆژی نین لەسەر هۆمۆ ساپێنس. مرۆڤێک بێنە بیکەرەوە و سەیری ناوەوەی بکە، دڵ و گورچیلە و دەمارەکان و هۆرمۆنەکان و DNA بەدی دەکەیت، بەڵام ماف نادۆزیتەوە. تاکە شوێن کە مافەکانی تێدا دەدۆزیتەوە، چیرۆکەکانن. کە خۆمان دامانڕشتووە و پەخشاندوومانە لە چەند سەدەی ڕابردوودا. ڕەنگە چیرۆکی پۆزەتیڤ و زۆر باش بن، بەڵام هێشتاش چیرۆکی خەیاڵیی درووستکراوی خۆمانن. بۆ کایەی سیاسەتیش هەمان شتە. گرنگترین و سەرەکییترین فاکتەر لە سیاسەتی مۆدێرندا بریتین لە دەوڵەت و نەتەوە. بەڵام دەوڵەت و نەتەوە چین؟ خۆ حەقیقەتی ئۆبێکتیڤ نین. چیاکان بوونێکی ئۆبێکتیڤن. دەتوانی بیبینیت، لەمسی بکەیت، بۆنی بکەیت. بەڵام دەوڵەت و نەتەوە وەکو ئیسرائیل و ئێران و فەرەنسا و ئەڵمانیا، چیرۆکگەلێکن خۆمان دروستمان کردوون و بە قووڵی پەیوەستیان بووین. بۆ ئابوورییش درووستە. لە ئێستادا گرنگتریین فاکتەری بوونیادنانی ئابووری لە جیهاندا، کۆمپانیا زەبەلاحەکانن. زۆرێک لە ئێوە ڕەنگە بۆ کۆمپانیاکان کاربکات، هاشێوەی کۆمپانیاکانی گووگڵ و تیۆتا و ماکدۆناڵدز. بەڵام لە راستیدا ئەم شتانە چین؟ ئەو شتەیە کە یاساناسان پێی دەڵێن خەیاڵی یاسایی. چیرۆکگەلێکن درووستکراون و پارێزگارییان لێکراوە لەلایەن کەسانێکی بە دەسەڵاتەوە کە بە پارێزەرەکان ناویان دەبەین. کۆمپانیاکان ڕۆژانە چی دەکەن؟ بە زۆری پارە کۆ دەکەنەوە. بەڵام پارە چییە؟ دووبارە پارەش حەقیقەتێکی ئوبێکتیڤ نییە، هیچ بەهایەکی ئۆبێکتیڤی نییە. ئەم کاغەزە سەوزە بگرە، یەک دۆلار، سەیریکە، هیچ بەهایەکی نییە. ناتوانیت بیخۆی، ناتوانیت بیخۆیتەوە، ناتوانیت بیپۆشیت. بەڵام دواتر ئەم چیرۆکگێڕەوە کارامانە هاتن، خاوەن بانکەکان، وەزیرەکانی ئابووری، سەرۆک وەزیرانەکان، هاتن و چیرۆکێکی قایلکەرییان بۆ گێڕاینەوە: "بڕوانە، ئەم کاغەزە سەوزە دەبینیت؟ بەهای دە مۆزی هەیە". ئەگەر من باوەڕ بەم چیرۆکە بکەم، و تۆش باوەڕی پێبکەیت و هەمووان باوەڕی پێ بکەین، ئەوا کاردەکات و دەبێتە ڕاستی. دەتوانم ئەم پارچە کاغەزە بێبەهایە ببەم و بڕۆمە سۆپەرمارکێتێک، بیدەم بە کەسێکی بێگانە کە لە ژیانمدا نەمبینیوە، لە بەرامبەردا مۆزی ڕاستەقینەم دەست بکەوێت کە دەتوانم بیخۆم. ئەمە سەرسوڕهێنەرە. هەرگیز ناتوانی لەگەڵ شەمپانزییەکدا ئەمە ئەنجام بدەیت. بەدڵنیایەوە شەمپانزییەکان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن: "باشە، گوێزێکی هیندیم بدەرێ، مۆزێکت پێدەدەم". ئەمە دەگونجێت. بەڵام وەرەقەیەکی بێکەڵکم بدەیتێ و داوا بکەیت مۆزەکەی خۆمت بدەمێ، مەحاڵە، من بەچی تێگەیشتوویی، خۆ مرۆڤ نییم؟ لە ڕاستیدا پارە سەرکەوتووتریین چیرۆکە کە مرۆڤ دایهێنابێت، چونکە تاکە چیرۆکە هەمووان باوەڕییان پێیەتی. هەمووان باوەڕیان بە خودا نییە، هەمووان باوەڕیان بە مافی مرۆڤ نییە، هەمووان باوەڕیان بە ناسیۆنالیزم نییە، بەڵام هەمووان باوەڕیان بە پارە و کاغەزی دۆلار هەیە. بۆ نموونە، ئوسامە بن لادن تەواو ڕقی لە سیاسەت و ئایین و کەلتووری ئەمریکی بوو، بەڵام بەهیچ جۆرێک دۆلاری ئەمریکی ڕەت نەدەکردەوە. لە ڕاستیدا زۆریش پەیوەست بوو بە دۆلارەوە. 
بە کورتی: ئێمەی مرۆڤ کۆنتڕۆڵی زەوی دەکەین، چونکە لە واقیعێکی دووانەییدا (dual reality) دەژین. گیاندارانی دیکە لە جیهانێکی ئۆبێکتیڤدا دەژین. جیهانەکەیان لە بوونی ئۆبێکتیڤ پێکهاتووە، وەکو ڕووبار و درەخت و شێر و فیل. ئێمەی مرۆڤیش لە جیهانی ئۆبێکتیڤدا دەژین. لە جیهانەکەی ئێمەشدا ڕووبار و درەخت و فیل هەیە. بەڵام بە درێژایی سەردەمەکان، ئێمە لەسەر ئەم واقیعە ئۆبێکتیڤەوە، چینێک لە واقیعی خەیاڵیمان بوونیادناوە. واقیعێک کە ڕەگەزەکانی لە بوونی خەیاڵی پێکهاتووە، وەکو نەتەوە، خودا، پارە و کۆمپانیا. ئەوەی سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە کە بە تێپەڕینی زەمەن، ئەم واقیعە خەیاڵییە هەژموونی زیاتر دەبێت. بەجۆرێک لە ئەمڕۆدا، بەهێزتریین دەسەڵاتەکان لە جیهاندا لەو بوونە خەیاڵییانە پێکدێت. ئەمڕۆ مانەوەی ڕووبار و درەخت و شێر و فیلەکان، بەندە بە بڕیار و خواستەکانی بوونە خەیاڵییەکانی هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و گووگڵ و بانکی نێودەوڵەتی. شتگەلێک کە تەنها لە خەیاڵی خۆماندا بوونیان هەیە.