A+    A-
(1,795) جار خوێندراوەتەوە

              

                                ئاوێنە: ئۆبێکتى ترس

 

 

 

                                   میگان گۆ ئیبڵین

                                   و. بۆتان بەختیار

                                             

 

 

هیچ تەنێک(یان ئۆبێکتێک) هێندەی ئاوێنە ترس و پشێوى و دڵەڕاوکێى نەخۆشانەى بڵاونەکردووەتەوە. خورافات لە هەموو کەلتورێکدا بوونی هەیە: ئاوێنەی ژووری نەخۆشەکان لە زۆر وڵات ڕووپۆشکراون، نەوەک ڕۆحەکە لە جەستە دەردەدارەکە بێننەدەرەوە و دوای مردن چارشێودەکرێن بۆ ئەوەى ڕێ لە مانەوەی ڕۆحەکە بگرن. ئوستورەیەکی چین-ی هەیە دەڵێت: لەڕاستییدا وێنەکانی ناو ئاوێنەیەک بوونەوەری شەیتانیین کە وای نیشاندەدەن وێنا و ڕەنگدانەوەى ئێمەن، لە کاتێکدا بە بێدەنگی پلانی مردنمان دادەنێن. کاتێک منداڵ بووم، نەریتی باوى سەردەم دەیگوت ئەگەر لەبەردەم ئاوێنەیەکدا بە تاریکی بوەستیت و سێ جار سروودى"مەریەمی خوێناوی" بخوێنیت، ئەوا تووشی ئەهریمەنێکت دەکات ئەگەر لە تاقیکردنەوەکانی دەرنەچیت، ئەوا دەتکوژێت. هەرگیز نەموێرا تاقیکەمەوە، بەڵام چیرۆکە بەشی خۆی ترساندمی و خۆم لە ئاوێنە لادەدا لە تاریکیدا، دەترسام تەنها بیرکردنەوە لێی ئەهریمەنەکەم بۆ بانگبکات.

نارسیسۆس(Narcissus ) یەکەم کەس بوو بەهۆی سەیرکردنی وێنەى خۆیەوە لە ئاوێنەدا بمرێت. هەرچەندە هەندیک لە عارفەکان ئوستورەکەیان دەگەڕاندەوە بۆ ئادەم، وەک دەیان گووت، بەهۆى سەیرکردنی وێنەی خۆیەوە لە حەوزێکی ئاودا, عەرش و پێگەى پیرۆزی خۆى لەدەستدابوو. هەمووکات ئەم حەکایەتى «کەوتن- the Fall»ـەم پێ باشتر بووە. ئاوێنەکە، میتافۆڕێکی بەجێیە-زۆر لە سێوەکە زیاتر-, بۆ ئەوەی جێنێسیس یان سیفرى پەیدابوون دراماتیزەبکات: ئەو دەمەی مرۆڤەکان پەرەیانسەند و گەیشتنە خودئاگایی, ئیدى تێگەشتن-بۆ یەکەمجار- کە ناتوانن لە مردن هەڵبێن. ئەم تەجەلا[1] سەرەتایى و کۆنە بەردەوامی بە خۆی دەدات لەناو هەردوو مانای وشەى vanity دا، کە دەکاتە لەخۆباییبوون و بێهوودەیی, لە داوى ئێتیمۆلۆژیى وشەکە خۆیدا دەیهێڵێتەوە(وشەى hevel کە هاوتا عیبرییەکەى وشەى vanityیە و وشەى دڵخوازى سولەیمان بوو, دەکرێت بە نەفسى ڕووت mere breathیش وەرگێڕدرێت کە گوزارشت لە بن‌تۆنە ترسناکەکەى ئەو وشەیە دەکات).

 ئەنترۆپۆلۆژیستەکان(مرۆڤناسەکان) وایان مەزەندە کردووە کە ڕەنگدانەوەکان یان وێنەدانەوەکان[2] یەکەمین نوسخەى چەمکی ‌ڕۆح(soul)یان بەیانکردووە: وەختی خۆی پیاوێک ڕووخساری لە گۆمێکدا بینیەوە و باوەڕی وابوو ئەمە خودێکی ئاڵتەرناتیڤە[بەدیلە] کە دوای مردنی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر دوو ڕۆح هەبێت و نەمری(Immortality)ت بداتێ، دووبارە خەمێکی تر دەهاتەگۆڕێ: لێکچووەکەت[ڕۆحەکەت]دەتوانێت خۆیت لێ جیاکاتەوە و بۆ خۆی بژی، یان بکەوێتە دەستی دووژمنەکەت. زۆر لە تابووە سەرەتاییەکان دەربارەى وێنەدانەوە و سێبەر و پەیکەر لەو بیروباوەڕانەوە سەریهەڵدەدا کە دەڵێت: دەشێت ئازاری کەسێک بدەیت بە ئازاردانى پەیکەر و لێکچووەکەی. جادوو و جادووگەرەکان ئەو ترسەیان خستووەتە یادەوەریى دەستەجەمعییمانەوە کە ڕەنگە ڕۆژێک ببینە کۆیلەی سێبەرەکانمان. بیر لە دیمەنی ̎کچە مۆدێل̎ـی موزیکی ساڵی ۱۹٤٤ دەکەمەوە، کە وێنەدانەوەی جین کێڵی لە پەنجەرەی دووکانێکەوە ڕۆح و گیان وەردەگرێت و کێڵی تووشى تەلیسمێک دەکات تا لاسایی سەما نائاساییەکەی بکاتەوە، وەک‌بڵێى بوکەشووشەکەی بخاتە سەما. هەمان کۆریۆگرافی(تۆماری سەما) لە ئوستورەکانی سەردەمی ڕۆمانتیکیشدا دەدۆزرێتەوە، کە پاڵەوانەکە وێنەی خۆی دەداتە شەیتانەکە لەپێناو خۆشەویستیی ژنێک یان بەڵێنی گەنجیی هەتاهەتایى. ئاڵوگۆڕەکە هەرگیز بە خۆشی کۆتایی نایەت. وێنەدانەوەکە هەر کە هێنرایە ژیانەوە، هەموو خواستە چەپێنراوەکانی پاڵەوانەکە بەرجەستەدەکات و بەدناویدەکات، و بێگوومان بەرەو خۆکووشتنیشی دەبات. هەر وەک دەروونشیکار ئۆتۆ ڕانک لە لێکۆڵینەوەی "دووان(double)"ـەکەیدا ئاماژەی پێدەدات، ئەم چیرۆکانە وەک وانەیەک دەمێننەوە: گرنگ نیە وێنەدانەوەکە چەند سەیرەسەمەرە دەردەکەوێت، چونکە هەمیشە هەڵگرى مردنە.

 کێشەیەکی تری ئاوێنەکان لێکچوونیانە لەگەڵ پەنجەرەکاندا. هەردووکیان لە شێوەی سادەدا داتاشراون-خڕ، چوارگۆشەیی-, کە خراونەتە چوارچێوەوە. هەردووکیان شەقڵی قووڵی دەبەخشن، بانگماندەکەن بۆ بەشداریکردن لە بەکارهێنانیاندا: تێزکاتلیپۆکا(Tezcatlipoca )ـی پیرۆزی ئازتێکی دەگووترێت کە ئاوێنەیەکی سرووشتیی هەبووە، کە توانیویەتی بەهۆیەوە دڵی خەڵکی ببینێت. شتێکی وەک ئەو ئاوێنە ئازتێکییە بوو هێنرایەوە بۆ ئەورووپا لە سەرووبەندی ڕێنیسانسدا کە کەوتە دەست جۆن دیوی فەیلەسووفێکی نادیاری ئینگلیز کە پێشبینیکردنی داهاتووی لای خەڵک خۆشەویست کرد. بە بەکارهێنانی ئاوێنە یان ڕووە وێنەدەرەوەکان بۆ پێشبینیکردنی ڕووداوە دوورەکانی داهاتوو(جادووگەرە مۆدێرنەکانیش هێشتا لەسەر ئاوێنەی تاریک فاڵی خۆیان دەگرنەوە، کە لە کابینە بچوکەکانى نیوئەیج‌دا دەفرۆشرێن).

ئەمڕۆ هێشتا لەوە دەترسین کە خەڵک سەیرمان دەکەن لەودیوی ئاوێنەکانەوە، ئەویش بە لوتفى بەناوبانگییان وەک ئامێری چاودێری. بەهۆى ئاوێنە یەکدیوەکانی ژوورەکانی لێپێچینەوەوە، گومانلێکراوەکە نازانێت ئاخۆ چاودێریدەکرێت یان نا. ئاوێنە قۆقزەکانی ڕاڕەوەوەکانی سەرووى دەرمانخانەکان وا خۆیان دەنوێنن کە هەر جووڵەیەکمان لە لایەن کاشێرەکەوە چاودێری بکرێت. باوەڕی مناڵێک بە هەمووشتزانیی دایکوباوکی(parental omniscience), وەک ئاوێنەی دواوەی سەیارەیەک وایە، کە ئەفسانەی "چاو لە پشتەوەی سەردا" دەکاتە ڕاستی[ئاوێنەى پشت سەرى سەیارە, ئوستورەى چاوى پشت سەرى مرۆڤ دەکاتە شتێک کە مناڵ باوەڕى پێ بێنێت].

هەرچی لە ئاوێنەیەکدا ببینین، وەهمە. ژاک لاکان هاوشووناسبوونمان لەگەڵ وێنەدانەوەکەماندا بە هەڵەناسینەوە(Néconnaissance)  ناوزەددەکات. کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەین، وێنەیەکی خۆشحاڵکەرى کۆ دەبینین و دەیدەینە دەست فەنتازیایەکی زەین: ئایدیاڵی من. گەر سەیری یەکێک بکەیت کە دەڕوانێتە خۆی لە ئاوێنەوە، ئەوا تۆ دەتوانیت تێبینیی ئەم فەنتازیایە لە پراکتیکدا بکەیت. هەنێک خەڵک لێوی خۆیان دەگەزن, یاخود ملیان درێژدەکەن یان سەریان لاردەکەنەوە تا خۆیان ببینن. کونجکۆڵ و بەمەراقم بۆ ئەوەى ماهیەتى ڕۆحى مرۆڤ بناسم، بەڵام زۆر بەزەحمەت دەتوانم ئەو حەزە ڕووتوقووتە کە لەم ئاماژانەدا شاردراوەتەوە، ببینم. چارلز دیکنز لە ڕۆمانى نیکۆلاس نیکڵبایدا بە شێوەیەکى هەمیشەزیندوو دەنووسێت: کاتێک خزمەتکارێک تێبینیی خاتوو سکویرس دەکات، کە لە ئاوێنەوە لەخۆی دەڕوانێت دەڵێت: "وەک هەموومان, ئەویش خۆی نیە، بەڵکو وێنەدانەوەیەکی قایلکەرى خۆى لە زەینی خۆیدا دەبینى".

تا ئەم دواییانەش، کەس ئەم سیمایەى لە وێنەدا(photograph) نەدۆزیبووەوە. بەپێچەوانەی ئاوێنەوە، کە وێنەکەمان بە شێوەیەکی ئاسۆیی ئاوەژوودەکاتەوە(وەهمێک کە قبوڵکراوە)، وێنەکان بەو جۆرە پیشانماندەدەن کە خۆمان چۆن بۆ ئەوانیدی بخەینەڕوو. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بووبێت کە ئەو قەد و قیافەى لەبەر کامێرادا دەمانگرتە خۆمان, لەو شکڵە میهرەیان و ناخودئاگایەوە نزیکتر بوو کە پیشانى دونیامان دەدا. ئەمە گۆڕاوە، قەرزاری داهێنانی تەلەفۆنە زیرەکەکانین، و ئەو فۆرمەی کە بڵاوە-سێڵفی-ڕێماندەدەن خۆمان لەڕێی ئەو وێنەیەی دەیگرین ببینین. گەڕان بەنێو بابەتەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، وەک‌بڵێى لەبەردەم گەلەرییەکی هەڵەناسینەوەی لاکانی‌داین. ئەو ئارەزووە تایبەتەی بۆ ئاوێنەی حەماممان جیاکردووەتەوە، بۆتە ڕووخساری گشتییمان. هەروەها هێشتا ئەو وێنانە هێندەی خواستی خۆمان قایلکەر نین. کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکان، هاوشێوەی وێنەی هەڵگەڕاوەی ئاوێنەکانن، بەڵام فۆتۆ کە چرکێنرا, ئیدى تەکنۆلۆژیاى کامێرا پێچەاونەى دەکاتەوە و هەر دەڵێى وێنەیەکى سونەتی و کۆنە. دەرەنجام، وێنەکان خواروخێچ دێنە بەرچاومان: چاوەکانمان ناساف و نائاسایین، ئەندامەکانمان هەڵگێڕاوە و خوارن، دەموچاومان لەلایەک ئاوساوە. خۆشویستنى سێڵفی لە ئاوێنەدا، گوزارشتە لەوەى کە لە ترۆپکى دەستەوەسان و بێهیواییماندا دەمانەوێت ئەو وێنە وەهماوییە, واتە ئەو منە ئایدیاڵییەى کە لە زەینماندایە, بپارێزین.

ڕەخنەگرە کەلتورییەکانی هەموو نەوەیەک، بەتووندی شیوەنیان بۆ خۆپەرستیی سەردەمەکەیان کردووە، بەڵام هەرگیز ئۆبێکتێک نەبووە-مۆبایل-بۆ لەخۆگرتنی تەواوی قورسایی نەوەکەمان لەناو منگەرایى یان نەفسگەرایی(solipsism). لەوانەیە ئەم لەو ئایرۆنییەوە سەرهەڵبدات کە دەڵێت ئەم ئامێرانە لە بنەڕەتدا بۆ پەیوەندیگرتن(کۆمۆنیکاسیۆن) درووستکراون. لە دەرەوە بەرەو ناوەوە وەرچەرخاوین و ئەمەش خۆى نیشانەى ئەوەیە کە دەرگاى هەندێک لە فەنتازیا ڕێتێچووەکان خەریکە دادەخرێت: پەنجەرەیەک کە دەبێتە ئاوێنە. بەڵام ئەم پارچانەی بیرکردنەوە خۆیان کەمیی توانای وێناکردن دەردەخەن، چەندبارەکردنەوەی هەمان خاڵ دەربارەی لوسکردنی پێست و دیسمۆرفیای جەستە، ڕاستەوڕاست گووتنەوەی وتەیەکی کریسی تایگنە، کە جارێک بەبێ گوێدان بە هیچ شتێک وتبووی: سناپچات مەکینەیەکی خەیاڵیی خۆپەرستەکانە. وتەیەکی لەم چەشنە، بەدەگمەن هەڵوەشانەوە ئۆنتۆلۆژی و جمکسازییە سایکۆلۆژییەکە تێدەپەڕێنێت، کە وادەکات ئەم ئامێرانە زۆر جێگای بێ‌ئۆقرەیى بن. دەکرێت وێناى ئەوە بکەیت ئەگەر فرۆید یان یۆنگ ئەم فلتەرە جێگۆڕکییەى دەموژاویان دەبینى, واتە ئەو فلتەرەى کە تواناتان پێ دەبەخشێت ئیگۆى خۆتان بە ماناى تەواوەتیى وشەکە بهاوێژن سەر کەسێکى تر, ئەوا چ بەسەرهاتێکى پڕ جۆشوخرۆش درووستدەبوو! هەندێک کەس ئاماژەیان بەوە کردووە کە «بینایى کۆمپیوتەرى» ژێرخانى ئەم ئەپڵیکەیشنانەیە و ئەم قسەیەشیان بەڵگەیەکە بۆ ترسە دێرینەکانمان: ئەو ترسەى کە بوونەوەرێکى خاوەن هەست لەو دیوى ئاوێنەکەوە سەیرماندەکات, هەروەکو ئەو خزمەتکارەى کە لە چیرۆکى  Snow Whiteدا لە ئاوينە جادووییەکەى شاژنە شوومەکەدا گیریخواردووە. مەگەر دەکرێت چاو لەو ڕاستییە بپۆشین کە شاشەى ئەم ئامێرانە, کاتێک کە بێکار مانەوە,  هەمان شێوەی ئاوێنە ڕەشە سرووشتیەکەیان نەبێت؟ ڕۆژێک کەوتمە ناو کۆڕێکی نەناسراوی ئنتەرنێتەوە، خەڵکەکە بە پەرۆشەوە باسی ئەوەیان دەکرد ئایا ئایفۆنەکان یاخوود تابلێتەکان دەتوانن ببنە ئاوێنەی پێشبینیکەر(زۆرینە دەیانگوت بەڵێ). یەکێک لە بەکارهێنەران دواتر گووتی کە ئەم تەکنەلۆژیایانە کەرەستەى فاڵگرتنەوەن، ڕێگەمان دەدەن کە کەسان و شوێنانی دوور ببینین؛ بەڵام ئەم چەشنە دەرکەوتنانە تەنها دەرخەری خۆشباوەڕیمانن کە وا دەزانین پێشبینیکەرین نەک پێشبینیکراو.

بەدەگمەن ڕێککەوتووە لاى دیوە ڕۆشنەکەی ئاوێنە یەکڕووەکانەوە وەستابین: ئەوە وێنەکانمانن لەسەر ئامێرەکانی لانگلی و فۆرت مید. پلانی سڕینەوەی وێنەی سناپچات دوای چرکاندنی، لەسەر بنەمای خەمخواردنمان بۆ دووانەکە وا دانراوە سڕینەوەکە زۆربوونی خودە-سێبەرییەکان دەوەستێنێت، کە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و بۆ مەبەستی بەد بەکاردەهێنرێن. ڤیدیۆ و ئەپلیکەیشنە ساختەکان سیحری ڕەشن وەک کارى سەرانەوەرگرتن بەکاردێن، ڕێگە بە هاککەرەکان و کەپڵە کۆنەکان دەدات وێنەی ئێمە وەرگرن و لەجیاتیی قسە یان شتێک بکەن کە ئێمە هەرگیز نەمانکردووە. زۆربەی ئەم ڕەسمە دزراوانە لە کۆتاییدا لە پۆستەرە سێکسییەکاندا دەدۆزرێنەوە- ئەوەی گووگڵ پێى دەڵێت وێنەی درووستکراوی ناویستی پۆڕنۆگرافی-و قوربانییەکانیشی هاوشێوەی پاڵەوانی چیرۆکە ڕۆمانتیکەکە تێدەگات کە دووانەکەی ناوە باشەکەی ئەم دەزڕێنێت(یەکێک لە قوربانییەکانى دیپ‌فەیک deepfake  بە واشنتن پۆستى ڕاگەیاند: “’تەنیا بیرم لە کەسایەتیى خۆم دەکردەوە, ).

ئەنتەرنێت هۆڵێکی بێکۆتایی ئاوێنەکانە، کە هێڵی نێوان ئێمە و ڕۆحە سێبەرئاساکانماى تیا لەناوچووە. بە باریکترین تەلیسمەکان دژی ئەمانە دەوەستینەوە. ناخۆشترین ساتی ئەفسانەی ئاوێنەکان ئەو کاتەیە کە پاڵەوانەکە درک بەوە دەکات کە وێنەدانەوەکەی تێکنەشکێنراوە و تێکناشکێنرێت. کووشتنی هاوەڵەکەى یان جمکەکەى واتە خۆکوشتن. ئێستە فەزایەکمان درووستکردووە کە مردنى تیا زەحمەتە. تەنانەت ئەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا پێی دەوترێت مافی لێخۆشبوون(یان لەبیرکردن)، ئێستە لێمان حەرامە(مەگەر کەم بوون ئەو وێبلاگنوسانەى کە کۆى ئەرشیفەکەیان سڕییەوە بەڵام دواتر تێگیەشتن هەموو نوسینەکانیان لە ماڵپەڕێکى ئاوێنەییدا کۆپیکراوە؟). ئەمە بۆ ئەوە نیە بڵێین ئێمە هاوبەشى تاوانەکە نین. هەموومان بەشداریی ئەم ئیشەمان کردووە و لەگەڵ شەیتان چووینەتە مامەڵەوە، کێ درک بە خاڵێکی تری لاواز دەکات جگە لە ڤانیتی و خۆپەسەندییەکەمان؟ ڕەنگدانەوەکانى ئۆنلاینمان-ئەو وێنە بە ئایدیاڵکراوانەی لە گوگڵ دەردەکەون-بە ڕێژەیەکی زۆر ئۆبێکتی درووستکراوی خۆمانن، ڕاستەقینە ترن بۆ ئێمە وەک لە جەستەمان. بووینەتە بووکەڵەى دەستى ئەم خێو و سێبەرە دیجیتاڵییانە.

فرۆید باوەڕی وابوو جمکەکان(هاوەڵەکان) نیشانەی هەڵوەشانی ڕۆحى و دەروونیین. لە نیوەى سەدەى بیستەمەوە, ئەو ئەفرێنەرانەى بەرهەمە هونەرییەکان کە دەیانویست هاوشان بە دەرکەوتنى جمکێک, نمودێکى دراماتیکى ببەخشنە کەوتنى کەسایەتییەک بەرەو ناو شێتى(فیلمەکانى چوون پێرسۆنا کە هى بێرگمەنە, فیلمى سێ ژن کە هى ئاڵتمانە, و سەرەگێژەش کە هى هیچکۆکە), جۆرێک ئوستورەیان لە تیۆرەکەى فرۆید داتاشى. بەپێچەوانەى خودئەڤینیى سەرەتاییەوە لە مناڵاندا, کە سەرچاوەى هێز و شادییە, کەسى خودئەڤینى بەتەمەن جمکە سێبەرەکەى خۆى بە وەهماوى دەبینێت و بڕواى بەوە هێناوە دەیەوێت ئەزێتى ئەم بدات. گرفتى خۆبەزلزانەکان هەر ئەمەیە: ئەوان خۆیان لە هەموو جێیەکدا دەبینن و باوەڕیان بەوەیە ڕووداوەکان سەرلەبەر پەیوەندیى بەوانەوە هەیە. کەمیش نین ئەوانەى کە کە بتوانین تاوانى ئەم بەدگومانییە بخەینە ئۆباڵیان: کەسانى وەک لاتوپووتەکانى تویتەر, ئاژانسى ئاسایشى نەتەوەیى( NSA), بەرنامە چەپەڵەکان. بەڵام ئەو بێ‌ئۆقرەییەى کە لە فەزاى پيچەڵپێچى دیجیتاڵەوە ئەزموونیدەکەین. بیرخەرەوەى لۆژیکێکى قووڵتر و سەرەتاییترى چیرۆکەکانى سەر بە ژانرى ترس و ئەو مۆتەکانەشە کە لە هەمووى زیاتر پەشێوماندەکەن. ساتەوەختێک دەگات کە ناچاریت ئەوە قبوڵکەیت دەنگێک لەودیوى هێڵەکەوە, بەشێوەیەکى تۆقێنەر ئاشنایە و ناسراوە. لە ڕێڕەوەکەدا قوونى خۆت هەڵدەگریت و ڕادەکەیت, بەڵام کە لە پێچى کۆتایى تێدەپەڕیت سەیردەکەیت ڕووبەڕووى خۆت بوویتەتەوە.

هەڵبەتە دەمانەوێت لە دەست عاقیبەتى کۆتایى خۆمان هەڵبێین, چونکە دەزانین مردن بووکەڵەیەکى هەیە و سیماى هەریەکەمان بەسەریەوە نەخش دەبەستێت. ئەمڕۆ نوسخەیەکى مۆدێرنى ئوستورەى نارسیۆس(نەرجس)مان هەیە: «مردن بەهۆى سێڵفییەوە», ئەوانەى کە لە ناوەڕاستى ژێست‌نواندندا بەتەنیست قرشەکانەوە یان بەسەر لێوارى تاوێرەکانەوە گیانیان دەرچووە. ئەم خاڵە گوزارشت لەو حەقیقەتە دەکات کە نیوەوناچڵ لە یادەوەریماندا ماوەتەوە و دێت و دەچێت تا لە نەستەکۆماندا بنیشێت. ڕەنگە نمونەیەکى درووستتر, سێڵفیگرتن بێت لە مەراسیمى بەخاکسپاردندا. چەند ساڵێک لەمەوبەر هەواڵى ئەوەى گوایە کۆمەڵێک لە مەراسیمى بەخاکسپاردندا پۆرترێتى خۆیان کێشاوە و لە پەڕەکانى خۆیاندا بڵاویانکردووەتەوە بووە مایەى تووڕەیى خەڵک. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە ئەفسانەى لەو جۆرەمان لەبیرکردووە. ئەم دیاردەیە چیتر نابێتە مایەى سەرسوڕمانى ئەوانەى کە زۆر باش شارەزاى دەروونشیکاریین, چونکە هەر لە کۆنەوە دەزانین سەرچاوەى خۆپەرستى بریتییە لە باڵابوونەوەى سەرەتایى(primal sublimation)- واتە بێتواناییمان بەرامبەر بەو ڕاستییەى کە ناتوانین ئەوە قبوڵکەین ڕۆژێک دێت دەمرین.

کەسانێک هەن بەڵێنى ئەبەدى دەبەخشنە ئەو بەکارهێنەرەى کە پۆستى زۆر دادەنێت. بە وتەى ئەو کەسانە خۆیان, ڕەنگدانەوەکانمان جۆرێکن لە دى.ئێن.ئەىـــى دیجیتاڵى کە لە داهاتوویەکى دووردا بەکاردەهێنرێن تاکو زیندوومانکەنەوە. بەڵام من هەرگیز نەمتوانیوە ئەم ڕوانگەیە پەسەندبکەم. بە ئەگەرى زۆرترەوە, لە ڕۆحى ئێمە تەنیا ئەم وێنانە دەمێننەوە و هیچى تر. جاروبار پێموایە ئەرشیفە زەبەلاحەکەى ئەنتەرنێت هەر ئەو ژیانى پاشەڕۆژەیە کە حەزرەتى سولەیمان لە کتێبى (جامیعە یان Ecclesiastes)ـى پەیمانى کۆندا وێنەى کێشاوە: دونیاى تاریکى مردووەکان, بە خۆمان و سێبەرەکانمانەوە لەو ژێستە نەمرانەدا کە لە سەردەمانى ژیانماندا نواندبوومان, بە لێوێکى پێکەوەنوساو و کوڵمێکى قووپاوەوە, هاوشان بە زایەڵەى لایک و شەیرەکانمان, قۆشمەییەکانمان و نوکتە بێتامەکانمان و بەکورتییەکەى بە هەموو هەناسە لەدەستچووەکانمانەوە.

 

 

 

 

 


[1]. Epiphany