A+    A-
(3,384) جار خوێندراوەتەوە

                                   چەمکی شۆڕش و پرسی «مۆدێرن»

 

 

 

                                            ئۆلیڤەر و. هۆڵمز

                                             و. وریا ئەحمەد

                                                                pdf

   

 

 

ئاماژەیەک:

چی ڕوویدا بەم جۆرە لەپڕێکدا "خێرایی" بوو بە تایتڵی بەرجەستەی ئەم چاخە؟ ماھیەتی ئەو ڕووداوە چی بوو کە مانای چەمکی "شۆڕش"ی سەرنگونکرد و گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا ھێنا؟ چ قەڵەمبازێک بوو "زەمەن" و "مێژوو"ی لە خاوی و جووڵەی کیسەڵئاسا قوتارکرد و تین و تاو و خێرایی پێبەخشی؟ داخۆ ئەم خێرایی و ھەڵپەیە لەم چاخەدا بەو ڕادەیە شۆکھێنەرن کە فەیلەسوفێکی ھەڵاسازی وەک سلاڤۆی ژیژەک لەبارەیەوە بڵێت "فریای ئەوە ناکەوین لێکدانەوەی فەلسەفی بۆ ڕووداوەکان بکەین"؟! داخۆ جووڵەی زەمەن و ڕووداوەکان لەقۆناغی پێشمۆدێرنەدا ھێندە خاو و کیسەڵییانە بوون کە دانیال دێنیت دەڵێت "فەیلەسوفێک دەیتوانی بەدەم باوێشکدانەوە لەگوندێکدا پاڵبکەوێت و فریای تەفسیر و لێکدانەوەی ھەموو شتێک بکەوێت"؟ لەئێستای پاش مۆدێرنەدا پێدەچێت شتەکان لەدەست ترازابن و خێرایی ڕووداوەکان و تین و تاوی پڕ لەھەڵپەی دونیای ئەمڕۆ خۆیان لەدەست تەفسیری فەلسەفی ڕاپسکاندبێت. یۆڤال نوح ھەراری دەڵێت "داھێنەر و زانا و بزنسمانە ھەڵپەکارەکان و بازاڕەکانی بۆرسە و دراو چاوەڕێی ئەوە ناکەن فەیلەسوفێک لەبورجی عاجی خۆیەوە ئەرگۆمێنتی ئەخلاقی بۆ لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیا ڕیزبکات، ئەوان بە پڕتاو و بەخێرایی بایی ملیاران دۆلار داھێنان دەخەنە بازاڕەکانەوە". ئەوە بەتەنیا گەشەی بازاڕ، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، بەرھەمھێنانی کاڵا و داھێنانە زانستییەکان نین خێراتر و پڕ تین و تاوتر بوون، بەتەنھا مەجرای ڕووداوەکان خێرانین، تۆ بەتەنیا لەجیھانێکی خێرادا ناژیت کە ھێندەی کلیکێک لەشتەکانەوە دووربیت و خواردنی خێرا و ھۆکاری گواستنەوەی خێرا و شمەکی سەفەری خێرا بەکاربھێنیت، بەڵکو کۆی پەیوەندییە سۆزداری و ئەزموونە دەروونییەکانی تۆش خێرا و سەفەری و ئاڵۆز بوونەتەوە. بەخێرایی سۆزەکانت سەرفدەکەیت، سەفەرییانە و بەخێرایی تووڕەیی، عەشق، ھاورێیەتی، فیکر و لایەنگریى خۆت لەفەزای مەجازیدا سەرفدەکەیت و وەک کولە، نەوەک قالۆنجەکەی کافکا، ھەرجارەو لەبژاردەیەکەوە بەخێرایی بازدەدەیتە سەربژاردەیەکی تر. ھەنووکە لەجیھانی پاش مۆدێرنەدا، "گوڕخوازی" و "ھەڵپەگەرایی" چەشنی ئایدۆلۆژیایەک لەکاردان و ھەوادار و تیۆریست و بیرمەندی خۆیانیان ھەیە. بیرمەندێکی ھەڵپەگەرای وەک ستیڤ گۆدمان دێژێت "خێرایی تاقانە ڕۆژەڤی پەڕینەوەیە بەرەو ئایندە و پێویستە تین و تاوی زیاتری پێبدرێت. گەشەی ئالگۆریتمەکان و پەرەسەندنی خێرای سمارتفۆنەکان و پێشکەوتنی خێرای ھۆشی دەستکرد، دەبێت خێراتر بکرێنەوە!!". ستیڤ گۆدمان ھیچکات ئەوەی بۆ گرنگ نیە ئەم ھەموو ئۆپشن و بژاردانە کە بەخێرایی گەشەدەکەن، نەوەک تا بینەقاقا کاتەکانی مرۆڤیان قەپاتکردووە، بەڵکو مرۆڤ ناچارە خەو و پشووی شەوان لە خۆی حەرام بکات تا فریای بەکارھێنانیان بکەوێت. گوڕخواز و ھەڵپەگەرای ئەمریکی ستیڤن چاڤیرۆ لە کتێبی ̎خێرایی بەبێ سنور̎ کە لەساڵی ٢٠١٥ بڵاوی کردەوە، دبێژێت "پێتان خۆش بێت یان نا، ھەنوکە ھەموومان ھەڵپەکار و گوڕخوازین". وە نەبێت ئاگایی خێرایی لەم دواییانەدا سەریھەڵدابێت، بەڵکو ھەر لەساتە یەکەمینەکانی پرۆسەی مۆدێرنە و ڕێک لەھەناوی شۆڕشی فەڕەنسی-دا ئاگایی لەبارەی پێویستی خێرایی و تین و تاو بەخشین بەڕووداوەکان سەرھەڵدەدات. لەساڵی ١٧٩٣ و لەناو ئەنجومەنی گەلدا، ڕۆبسپێر، ڕابەرە خوێنڕێژ و سەرکەشەکەی شۆڕش لەوتارێکدا دەڵێت "ئەم شۆڕشە بەرھەمی پێشکەوتنی عەقڵی مرۆڤە. بۆیە ئەرکی سەرشانی ئێوەیە بەلەز بن و خێرایی و تین تاوی زیاتر بە شۆڕش بدەن و ئازادییش ھەر بەم جۆرە دەستەبەردەبێت". لەپێش مۆدێرنەدا و پێش ئەوەی چەمکی کات و چەمکی شۆڕش مۆدێرنیزە بکرێن، وا وێنا دەکرا کە گوایە زەمان(کات) جووڵەیەکی بەکاوەخۆ و کیسەڵئاسا و شێوە بازنەیی ھەیە. یان بەواتایەکی تر مرۆڤ بەم جۆرە و لەژێر ڕۆشنایی تێگەیشتنی خۆی بۆ خولانەوەی تەنە ئاسمانیەکان، کات و زەمەن و جووڵەی ڕووداوەکانی وێنادەکرد. زەمەن لەناو مێژوودا بەسەر خۆیدا و لەناو خولگەی سوڕانەوەیەکی دووبارەبووەدا گیریخواردبوو. لە ئەفلاتونەوە تا بە جان پاتیستا ڤیگۆی باوکی مێژوونوسیی نوێ دەگات و لەڕوانگەی جۆن لۆک و تۆماس ھۆبز و دەیڤید ھیومیشدا، شۆڕش، ڕووداو و مێژوو، بەھێڵێکی ڕاست بۆ پێشەوە پەرەیان نەدەسەند! بەڵکو لەژێر جەبری یاسا گەردوونیەکاندا خەسڵەتی دەوەران و خولانەوە و دووبارەبوونەوە زاڵبوو بەسەریاندا. ڕووداو نەدەبووە ھۆی بچڕان و دابڕان لەڕابردوو، شۆڕش بریتی نەبوو لەقەڵەمبازێک بۆ پێشەوە، بەڵکو ڕووداوەکان و شۆڕشەکان تەنھا جووڵەیەک بوون و کە خاڵی دەسپێکیان دەبڕی، بەشێوازی بازنەیی دەخولانەوە و دووبارە دەھاتنەوە بۆ ھەمان خاڵ و ھەمان تاسوحەمامی ڕابردووییان دەبوژانەوە. جان باتیستا ڤیگۆ باوەڕی وابوو کەلتور و شارستانیەت بەرەو کامڵبوون زەمەن دەبڕێت، لێ دوچاری جەبری دەوەرانی کات دەبێت و ھیچ کات ناگات بەپلەی کامڵی و سەرلەنوێ بۆ خاڵی دەسپێک دەگەڕێتەوە!

کاتێک سەرنجی تیۆریزەکردنەکانی کەسانی وەک ئەفلاتون، تۆماس ھۆبز، جۆن لۆک یان کەسانی وەک جان پاتیستا ڤیگۆ و بێنییە دێتۆکرۆچە دەدەیت، وێڕای ئەوەی باوەڕی ئەوان لەسەر جەبری خولانەوەیی زەمەن و داخرانی مێژوو بەناو خۆیدا و گیرخواردنی ڕووداوەکان لە بۆتەقەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوودا، سەرنجت ڕادەکێشن، وێڕای ئەوەی بەئاشکرا شکۆمەندی ڕابردوو و نەزمگەرایی و ترس لە کایۆس لە ھزریاندا دەبینیت، ھاوکات ئەوەش ھەست پێدەکەیت کە لەدیدی ئەواندا ڕووداوەکان و جوڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕشەکان بەئامانجی قەڵەمباز ڕووبەرەو ئایندە و خولقاندنی دونیایەکی نوێ ڕوونادەن، بەڵکو کۆی جووڵەکان ھیچ نین جگە لە کایۆس و بێسەرەوبەرەییەکی مەودا کورت نەبێت کە وردەوردە ڕامدەکرێن و دووبارە شکۆی ڕابردوو دەگەڕێتەوە سەر تەختەی شانۆی ڕۆژگار. لەم ڕەھەندەوە بوو جۆن لۆک پێی وابوو خەڵکی بەجۆرێک ڕقیان لەوەیە دەستبەرداری ڕابردوو و شکۆی نەریتە داسەپاوەکان ببن، کە خودی ئەم ڕق و ترسە دواجار نەوەک ھەر شۆڕش و جووڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەخەسێنێت، بەڵکو سەرئەنجام ھەمان سیستەمی کۆن زیندوودەکاتەوە و دەیسەپێنێت. ھەر ئەم باوەڕە بە لۆژیکی دەوەران و بازنەییبوونی زەمەن، تۆماس ھۆبزی خستبووە سەر ئەو باوەڕەی کە پێی وابێت لەغیابی پادشایەکی تاکڕەو و سیستەمێکی حوکمڕانی ستەمکار و داپڵۆسێندا، ھەرەج و مەرەج و ئاژاوەگێڕی و جەنگی ھەموان دژبە ھەموان دەستپێدەکات. بۆیە ھۆبز پێیوابوو ڕووداوەکان و ئاژاوە و شۆڕشەکان چەندی بخایەنن، دواجار خودی خەڵکی ڕووبەرەو ھێنانەوەی پادشای ستەمکار و سیستەمی پۆڵاین دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی لە ھەرەج و مەرەج ڕزگاریان ببێت. چەمکاندنی زەمەنی مێژوویی بەم لۆژیکە و پێدانی خەسڵەتی خولانەوەی بازنەیی بە ڕووداوەکان و ئەم فۆرمە لەھزرین، ھۆکار بوو بۆ ئەوەی لەھەموو ململانییەکاندا دەست بە ڕابردووەوە بگیرێت و ھەر کەسێکی شۆرشگێڕیش بە یاخی و لەیاسادەرچوو ھەژماربکرێت. ھەر ئەم تایپە لە وێناکردنی مرۆڤ بۆ مێژوو و زەمەن، لەدیدی دانیال دێنتدا زەمینەی ئەوەیان رەخساندبوو ڕووداوەکان شتێکی نوێ نەبن و ھەموو شتەکان دووبارە و جۆرە خولانەوەیەک بن بەدەوری خۆیاندا. بۆیە دانیال دێنیت پێی وابوو جیھانی پێش مۆدێرن ھێندە خاو و دووبارە بوو، فەیلەسوفێک لە گوندێک پاڵیدەدایەوە و لێکدانەوەی بۆ زەمین و زەمان و ئاسمان دەکرد! بەمانا مارکسی/فیورباخییەکەی ئەم لنگاوقوچکردنەوەیەی وێنەی جیھان و مێژوو، ئەوەی جیھان و مێژوو لەواقیعدا شتێکی تر بوون و ئەوەی مرۆڤی پێشمۆدێرن چۆن وێنای دەکردن شتێکی تر بوو، خۆی لەخۆیدا کاریگەریی گەورەی لەسەر ڕەوتی ژیان و خاوی زەمەن و جوڵەی کیسەڵئاسای ڕەوتی ڕووداوەکان بەجێھێشت. ئاخر وەک یۆڤاڵ نوح ھەراری دەیگوت، مرۆڤی تایپی ھۆمۆساپێنس ھێزی لەودایە دەتوانێت وەھم بخولقێنێت و باوەڕ بەو وەھمەش بکات و جەنگی گەورەی لەپێناودا سەرپێخات.

مرۆڤی پێشمۆدێرن، بەوەھمەکانی خۆی حەقیقەتی جیھانی ئینکارکرد و خەیاڵی خۆی بۆ جیھان کرد بە وێنای حەقیقەتی جیھان. سەرئەنجام جیھانی پێشمۆدێرن پڕ بوو لەخوداکان و ھێزە میتافیزیکی و گەردونیەکان، وەک جان پابتیستا ڤیگۆ پێیوابوو مەشییەت و ئیرادەی خودا مێژوو ئاڕاستە دەکات. بۆیە دواجار مرۆڤ خۆی ڕۆڵێکی ئەوتۆی بۆ نەمابوو، بگرە وەک کائینێکی دەستوپێ سپی وێنای خۆی دەکرد کە چاوی لەئاسمان و لەفەریاد ڕەسێک بوو. لەپڕدا یاسای یارییەکان گۆڕدران. مۆدێرنیتە دەستکارییەکی گەورەی ڕوانگەی مرۆڤی کرد. شۆڕشە زانستیەکان و شۆڕشی تەکنەلۆژیا و شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا، ڕاپسکان و بچڕان و دادڕینێکیان لەمێژوودا خوڵقاند. لەملپەڕاندنی پادشا و پەلاماردنانی دەسڵاتی پاپا لەشۆڕشی فەڕەنسیەوە تا بە چەمکی "تێپەڕاندن" و گوزارەی "خودا مرد"ی نیتچە، ئەو زەمینلەرزە بەرینە بوون کە ئاگایی مرۆڤیان دادڕی. لەپڕدا مرۆڤی پاش مۆدێرن تێگەیشت کە خۆی تاقانە ڕۆڵگێڕی سەرەکییە لەمێژوودا و خوداکان و ھێزە نادیارەکان ڕستێک وێنای خەیاڵی ناو سەری خۆی بوون. لێرەوە و بەتایبەت لەسیاقی شۆڕشی گەورەی فەڕەنساوە، چەمکی شۆڕش گۆڕانی ڕیشەیی بەسەرا ھات. گەر پێشتر چەمکی شۆڕش بەواتای (گەڕانەوە، خولانەوە و وەرچەرخان بەرەو دواوە و بەرەو خاڵی دەستپێک ) ھاتبێت و کۆپەرنیکۆس ئەم چەمکەی لەبۆ وەسفی جوڵەی زەوی و جوڵەی بازنەیی ھەسارە و ئەستێرەکان بەکار بردبێت و دواجار فەیلەسوفانی سەدەی حەڤدە ئەم چەمکەیان بەھەمان ماناوە بۆ وەسفی ڕووداوەکانی ساڵی ١٦٦٠ی بەریتانیا بەکاربردبێت، ئەوا لەپاش شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا چەمکی شۆڕش لەم سیاق و مانایە دادەماڵدرێت و مۆدێرنیزە دەکرێت و بەواتای سەرنگونکردنی ئێستا و وێرانکردنی ڕابردوو و خێراترکردنی ڕووداوەکان نەوەک کۆنترۆڵکردنیان، لەپێناو ڕیسکی گەیشتن بە ئایندەیەکی زێڕین. لەساڵی ١٦٦٠ خانەدانی ستیوارتییەکان دوای ئەوەی لەساڵی ١٦٤٨ لە حوکم دوورخرابوونەوە، ھاتنەوە سەر حوکمی پادشایەتی و بیرمەندانی ئەو کات ئەم گەڕانەوەیەی ئەستێرەی بەختی پادشایەتییان بە شۆڕش وەسفکرد. لێ لەپاش شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا چیتر گەڕانەوە و خولانەوە و جووڵەی بازنەیی زەمەن لەکارخران، خێرایی و پەلەکردن و تین و تاو بوون بە خەسڵەتی شۆڕش، شۆڕشێک کە ملنانی پڕ لە ڕیسکی مرۆڤ بوو بەرەو ئایندەیەک کە ئازادی و مافى تیا دەستەبەربن. (وەرگێڕ).

                                                                ***

 

 

شۆڕشی فەڕەنسی چەمکی مۆدێرنی "شۆڕش"ـی ڕوونکردەوە. ئەم چەمکە بەشێک بوو لە تایبەتمەندییەکانی فیکری ئەورووپایی لەپاش سەدەی ھەژدەیەم. تاوەکو پێش سەدەی ھەژدە، لەبۆ تەفسیرکردن و گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بەزۆری سود لە دوو گوتاری سرووشتی لەپەیوەندیدا بە زەمەنی مێژووییەوە دەبینرا. یەکیان بریتیبوو لە سوڕانەوەی تەنە ئاسمانییەکان (ئەستێرە و ھەسارەکان) و ئەویتریان بریتیبوو لە ڕەچەتەی بەدوای یەکدا ھاتنی سرووشتییانەی فەرمانڕەواکان و خانەدانەکان، یان زنجیرەی فەرمانڕەوایی پادشاکان (سیستەمی حوکمڕانی پشتاوپشت). دەرکەوتنی کات-ێک بەتەنیا پەیوەست بێت بەڕەوتی مێژووەوە و لەھەر جۆرە ھەیمەنەیەکی تەفسیری سرووشتی یان گەردوونناسیانە داماڵدراوبێت، بەرھەمی تێڕامانێکی فەلسەفی بوو لەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی کە زەمان و کاتی مێژوویی پێ جیا دەکرێتەوە. ئەزموونی شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩، بووبە بنەمای ئەم تێڕامانە فەلسەفییە. لە دەمی شۆڕشی فەڕەنسا بەدواوە، وا دەھاتە پێش چاو کە ئەزموونی خێرایی و تاوسەندنی جووڵەی زەمەنی مێژوویی، پێش ھەموو ئەزموونەکانی جاران کەوتبێت. (بەواتایەکی تر، زەمەن و کاتی مێژوویی لە سیاقی تەفسیرە کلاسیکییەکاندا و تەنانەت لەسیاقی تەفسیرەکانی ھۆبز و ھیوم لەسەدەی حەڤدەدا، سرووشتێکی خاو و بەکاوەخۆی ھەبوو کە لەژێر جەبری خولانەوە لەبازنەدا گیریخواردبوو، ھاوکات شۆڕش لەسیاقی ئەم کاتە بازنەییەدا بەواتای ھەڵگەڕانەوە و وەڕسوڕان و ھاتنەوە بوو بۆ خاڵی دەستپێک. لەکاتێکدا کات لەسیاقی تەفسیری مۆدێرندا، دەبێتە ھەڵگری سرووشتی خێرایی و ھاوکات تین و تاو و ھەڵپەی قەڵەمبازانە بۆ پێشەوە وەک خەسڵەت بەخۆوە دەگرێت، شۆڕش لەسیاقی ئەم کاتەدا، بەواتای سەرنگونکردنی واقیعی ئێستا و ڕابردوو و وێرانکردنی خاڵی دەستپێک و بەلەز ڕۆیشتن بەرەو ئایندە دێت. لەپاش شۆڕشی فەڕەنسا کات و بەتایبەت ڕووداوەکان خێرا و بەگڕوتین دەبن و سەرئەنجام تەفسیری مۆدێرنانەی کات باڵادەست دەبێت. و.). چەمکی "شۆڕش" بەدرێژایی مێژوو مانا و دەلالەتی جیاجیای لەخۆگرتووە. ماوەیەک و بەتایبەت لەسەدەی حەڤدە، ھەم بەمانای ناسەقامگیریی دۆخی کۆمەڵایەتی یان شەڕی ناوخۆیی دەھات و ھەم بەمانای گۆڕانکاریی دوورمەودا لەقاڵبی ڕاستینە و واقیعیەتی ڕۆژانەدا دەھات. لەڕاستیدا ئەم چەمکە قەڵەمڕەوێکی واتایی بەرینی دەگرتەوە. لەلایەکەوە واتای یاخیبوون و سەرھەڵدانە خوێناوییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لەخۆدەگرت. لەلایەکی تریشەوە ئاماژە بوو بۆ ئەو دۆزینەوە و دەستکەوتە زانستییانەی بەھۆی نوێگەرییەوە لەکایەی زاستییدا دەستەبەر بووبوون. ڕوونتر بدوێین، چەمکی شۆڕش ھێما و ئاماژە بوو لەبۆ دۆزینەوە زانستییەکانی کۆپەرنیکۆس و ھەم ئاماژە بوو بۆ ئەو بارگۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی لەسەدەی حەڤدە لە بەریتانیای گەورە سەریانھەڵدا. لێ ھێشتا لەھەردوو بارەکەدا ئەم چەمکە ھەر بەمانای گەڕانەوە و خولانەوەی بازنەیی کات و ڕووداوەکان دەھات. ھاوکات و سەرباری ئەمانە، چەمکی شۆڕش لەکۆتا مانای خۆیدا و لە سیاقی مۆدێرندا ھێما و ئاماژەیەکی کۆنکرێتییە بۆ تێگەیشتنی ئێمە لە پرۆسەی مۆدێرنە. کەواتە لەم وتارەدا ھەوڵدەدەین بەدوای میراتی ئەم چەمکە لەپێش و لەسەروەختی قۆناغە سەرەتاییەکانی شۆڕشی فەڕەنسادا بڕۆین و بەو ئەمانجەی سەرنجبدەین داخۆ ئەو تایبەتمەندییانە چین کەوا ئەم چەمکە مۆدێرنیزە دەکەن. چەمکی شۆڕش ڕیشەیەکی لاتینیی ھەیە و دوو مانای گشتی و گرنگ لەخۆدەگرێت. ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم/ گۆڕانکارییەک کە لە جووڵە و جێگۆڕکێی شتێک یان تەنێکەوە بەبار ھاتبێت. دووەم/ جوڵەی شتێک یان تەنێک کە بۆ سەرچاوەکەی خۆی و خاڵی دەستپێک بگەڕێتەوە. لەماوەی سەدەی شانزەدا، چەمکی شۆڕش ڕەواج و کاراییەکی گشتیی پەیداکرد، بەتایبەت لەبۆ وەسف و ڕوونکردنەوەی جووڵەی تەنە ئاسمانییەکان زۆر بەکاردەبرا. ئەودەم کۆپەرنیکۆس تیۆر و گریمانە زانستییەکانی خۆی بڵاوکردەوە و خشتەی پێوان و ئەندازەگرتنی جووڵەی ئەستێرە و ھەسارەکانی شیکارکرد و دواتر لە قاڵبی نوسراوێک-دا بەناونیشانی "شۆڕشە گەردوونییەکان" کە لەساڵی ١٥٤٣ بڵاوی کردەوە، پەرەیپێدا. دوا بەدوای ئەمە چەمکی (شۆڕش - revolution: خولانەوە، گەڕان، سوڕانەوە) گۆڕدرا بۆ چەمکێکی تەکنیکی لەبواری ئەستێرەناسی و گەردونناسی-دا و لەبۆ وەسفی سوڕانەوەی زەوی ھەم بەدەوری خولگەی خۆی و ھەم بەدەوری خولگەی خۆر و ھاوکات بۆ وەسفی جووڵەی تەنە گۆییەکانی ئاسمان و مەودا و دووریی کات لەنێوانیاندا بەکاربرا. دواجار کارکرد و کارایی ئەم چەمکە لە لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی جووڵەی بازنەیی تەنە ئاسمانییەکانەوە پەرەیسەند و پەڕییەوە بۆ ناو بوارەکانی تر و جووڵە و بزاڤە سیاسییەکانیشی گرتەوە. بۆچی لێکچواندنی جووڵەی نوێی ئەستێرەکان بە چالاکی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەراپای سەدەی شانزە، بووە شتێکی باو و بەربڵاو؟ گوایە جووڵەی سرووشتیی لەگەردوون-دا ڕەنگڕێژی جووڵەی ھاوشێوە دەکات لەسەر ڕووی زەوی. بەواتایەکی تر، ھێشتا عەقڵیەتى مرۆڤ لەسەدەی شانزە و بگرە سەدەی حەڤدەشدا، عەقڵیەتێک بوو ئەفسون و جادووی ئاسمان و جووڵەی ھەسارە و ئەستێرەکان بەرینەدابوو، بەجۆرێک ئەم زەینە نەیدەتوانی باوەڕ بەوە بکات بزاڤی تەنەکان لەبۆشایی ئاسماندا کار لە واقیعیاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ناکەن. بۆیە بەختگرتنەوە/بورج خوێندنەوەی ڕۆژگاری دێرین لەگەڵ ئەستێرەناسیی نوێدا تێکەڵکران و وەک ھەوێنێکی مەعریفی لەبۆ تەفسیری ڕووداوەکان بەکاربران. بەم جۆرە چەمکی "شۆڕش" کە ھەم بەواتای جووڵە دەھات ھەم بەمانای گەڕانەوەش بۆ خاڵی دەستپێک، بووبە چەمکێکی یەکجار گونجاو کە دەکرا وەک یەکێک لەو چەمکە سیاسییانە بەکاربھێنرێت کە پەیوەستن بە پرسی گۆڕینی حکومەت، یان ئەو جۆرە باوەڕەی پێ لێکبدرێتەوە کە گۆڕان و جۆرە گەشەیەکی جەبرگەرایانە و بازنەئاسای سیاسی بەبنەما دەگرێت. دەستەواژەی شۆڕش بەکاوەخۆ فۆرمی بە چەمکە بنەڕەتییەکانی ناو پانتایی زمانی سیاسی سەدەی حەڤدە بەخشی، بەتایبەت لەسیاقی توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنی پرەنسیپە دەزگایییەکانی شۆڕشی پیوریتانییەکان (پاکدینەکانی بەریتانیا - پەڕلەمانخوازەکان) لەساڵی ١٦٤٨() و شۆڕشی شکۆمەندیی ١٦٨٨ وەک دەستەواژەیەک لە پرۆسەی چەمکاندن و لێکدانەوەدا ڕۆڵی گێڕا. لەبۆ ھەندێک لە تیۆریستەکان، یاخی بوونە سیاسیەکان ڕەنگدانەوەی زنجیرەیەک جووڵە و بزوتنی گەردونیین! گواستنەوەی ئەم چەمکە لە دونیای ئەستێرەناسیییەوە بۆ ناو کایەی سیاسەت لە بەرھەمەکانی ئیدوارد ھێید و کۆنت کلۆردن-دا بەرچاو دەکەوێت. کلۆردن لەکتێبی (مێژووی یاخیبوون و جەنگە ناوخۆییەکان لە ئینگلاند) ئاماژەی بۆ چەند ھێز و دینامیکیەتێک کرد کە بە ژێرخانی ئەم ڕووداوانەی ساڵی ١٦٦٠ ھەژماری دەکردن. کلۆردن ئەم ھێز و بزاڤانە بە داینەمۆی "جوڵەی ئەم بیست ساڵەی دوای - بیست ساڵی تەمەنی جەنگە ناوخۆییەکانی بەریتانیا" ناودێردەکات کە گوایە "لەئەنجامی کاریگەری و ھەیمەنەی بەڵائاسای ئەستێرەی ئەھریمەنی-بەختی شووم-"ـەوە سەرچاوەیان گرتووە! گەرچی کلۆردن ئەو "ئەستێرە ئەھریمەنییە" یان "بەختی شووم"ـەی بە ھۆکاری ئاژاوە و بەڵای ئەو بیست ساڵە دەزانی، لێ پەسنی ئەو بەڵایەی دەدا و وەک پرۆسەی دووبارە گێڕانەوە و وەرگرتنەوەی دەسەڵات ھەژماری دەکرد. ئەمەش پاش ئەوەی ستیوارتییەکان (خانەدانی پادشایەتی چارلسی یەکەم و چارلسی دووەمی کوڕی) جارێکی تر بۆ سەر کورسیی دەسەڵات گەڕانەوە، کلۆردن ئەم جۆرە ھەڵھێنجاندنانەی کرد و ئەم گەڕانەوەیەی وەک شۆڕش لێکدایەوە، شۆڕشێک کە ئاکامەکەی خێر بووە. تۆماس ھۆبزیش لەڕووداوە مێژووییەکان-دا پاڵپشتی لەبۆ تیۆرەی خولانەوەی بازنەیی و دۆنادۆنی دەسەڵات-ی نوسەرە کلاسیکییەکان دۆزییەوە، بەوەی بەدیدی خۆی سەرنجی دۆخی دەوەران و سوڕانەوەی ڕووداوەکانی سەدەی حەڤدەی بەریتانیای دا و لەکەوتنی خانەدانی پادشایەتیی ستیوارتیەکانەوە تا دووبارە ھاتنەوە سەر حوکمی ھەمان خانەدان، ئەرگۆمێنتی واقیعی بۆ تیۆری خولانەوەیی کات دۆزییەوە.

ھۆبز لە کتێبی "مشتومڕێک دەربارەی شەڕی لەیادنەکراوی ناوخۆ" دەڵێت: "من لەم شۆڕش و ھەرایەدا بینەری جووڵەی بازنەیی و وەڕسوڕان و دەوەران دەوری دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بووم، دەسەڵات لەدەستی دوو ھەلپەرستەوە کە باوک و کوڕ بوون بەناوی (ئۆلیڤەر کرۆمۆڵ و ڕیچارد کرۆمۆڵ) گەڕایەوە بۆ دەستی چارلسی دووەمی کوڕی چارلسی یەکەمی پادشای شەرعی و کۆچکردووی وڵات... چونکە دەسەڵاتی چارڵسی یەکەم (پاش کوژرانی) بۆ ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی ناو پەڕلەمان گواسترایەوە (کە لە ١٦٤٠ تا ١٦٦٠ درێژەی بە کارەکانی دا) و دواتر لەم پەڕلەمانەوە دەسەڵات کەوتە دەست ئەنجومەنی گشتیی پەڕلەمان و لەمەوە بۆ ئۆلیڤەر کرۆمۆڵ و لەئۆلیڤەر کرۆمۆڵەوە دەسەڵات بۆ ڕیچارد کرۆمۆڵی کوڕی گواسترایەوە و لەمەوە دەسەڵات کەوتەوە دەست ئەنجومەنی پیاوماقووڵانی ناو پەرلەمان و دواجار لێرەوە دەسەڵات بۆ چارلسی دووەم (خانەدانی ستیوارتییەکان )کە دەسەڵاتی ئەم زۆری خایاند، گەڕایەوە". ھۆبز، پرسی خولانەوە و دەوەرانی بازنەیی دەسەڵاتی وەک یەکێک لە ڕەھەندە زاتی و خودییەکانی "شۆڕش" بەبنەماگرت و لێرەوە زەمینەی بەرچاوڕوونییەکی زیاتری ڕەخساند لەبۆ بینینی نمونەی ھاوشێوەی ئەم جۆرە بەکاربردنانەی چەمکی شۆڕش لەناو کاری تیۆریستە کلاسیکییەکان-دا. یان گەر دەقیقتر قسە بکەین، ئەم لێکدانەوەیەی تۆماس ھۆبز بۆ ڕووداوەکان و ئەوەی کە خەسڵەتی جەبرییانەی خولانەوە و دەورانکردنی کاتی دایە پاڵ شۆڕش، ھێڵێکی فیکری بەبارھێنا لەنێوان تیۆریزەکردنی فەلسەفییانەی سەدەی حەڤدە و تیۆریزەکردنی فەلسەییانەى فەیلەسوفە کلاسیکییەکان، کە ئەمانیش ھەمان تیۆرەی خولانەوە و وەرسوڕانی کات پەسەنددەکەن. بۆ نمونە ئەفلاتوون لەکتێبی (تیماخۆس)دا کۆمەڵێک تێز و قسەی ھاوشێوە دەخاتەڕوو، ئەمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کەوا تیۆریستەکانی سەدەی حەڤدە لەپەیوەندیدا بە جووڵەی ئەستێرە و تەنە ئاسمانییەکانەوە، بەڕادەیەکی زۆر لاسایی ئەفلاتوونیانیان کردووەتەوە : "یەک مانگ، ئەو ماوە زەمەنییەیە تێیدا مانگ خولگەی بازنەیی خۆی بە تەواوەتی تەیدەکات و لەکۆتاییدا کامڵدەبێت و دەگات بە خۆر. ساڵێک ئەو ماوەیەیە تێیدا خۆر یەکجار خولگەی بازنەیی خۆی تەیدەکات و بۆ ھەمان خاڵی دەستپێک دەگەڕێتەوە. مرۆڤەکان، کەمینەیەکیان نەبێت، گرنگییان بە خولانەوەی تەنەکانی دیکەی ئاسمان نەداوە. گریمانەی ئەوە لەئارادایە دەشێت تەواوی ئەو ژمارانەی لەژماردنی کاتدا بەکاردێن، یەک ساڵی کامڵ پێکبێنن و کۆتایی ئەم ساڵەش بریتییە لەو چرکەساتەی ھەر ھەشت ئەستێرەکە پێکەوە ماوەی خولانەوەکەیان کۆتایی پێھێنابێت و جارێکی تر بۆ خاڵی دەستپێک گەڕابێتنەوە. کۆی ئەمانەش دەکاتە ماوەی خولانەوەیەکی تەواو و ھەردەم ئەم ماوەیەش بە یەکسانی و بێ زیاد و کەم تەیدەکرێت. پوختەی قسە، ھەموو ئەو ئەستێرانەی بۆشایی ئاسمان تەیدەکەن، بە مەبەستی ئەوە ئەفرێنراون تاوەکو ھەرچیی زیاتر لێکچوونی نێوان ئەم جیھانە زیندووە و جیھانی نمونەیی، کە تەنیا لەرێگەی عەقڵەوە درکدەکرێت، زیاتر بکەن".

ئەم مۆدێلە لە بەکاربردنی چەمکی "شۆڕش"، بەجۆرێک لەجۆرەکان لەبۆ ڕووداوە مێژووییەکانی ساڵی ١٦٨٨-یش دەگونجێت. "ئەستێرەناسیی نوێ" و "سیاسەتی نوێ" یەک دەگرن. جۆن لۆک، ماھییەتی دەورانی و خولاوەیی چەمکی "شۆڕش"ی لەقاڵبی "نامەی دووەمی حکومەتی مەدەنی"دا دەربڕى، ئەویش کاتێک دبێژێت: "ھێواشی و خاووخلیچکی و ترسی خەڵکی لەوەی بتوانن دەستوبردانە دەستبەرداری یاسا و دەستورە کۆنەکان ببن لەناو مەجرای زۆرێک لەڕووداوە مێژووییەکاندا، کە لەم سیستەمە پادشایەتییەی ئێستا و سیستەمەکانی دەورانی ڕابوردوو ھەستی پێدەکرێت، ھۆکارە تا لەپاش وچانێک لەدوای ھەوڵ و کۆششێکی بێ بەر و بێ ئەنجام، ھێشتا بمانگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵاتی پادشایەتیی سنورداری جارانی شا و نەجیبزادە و ڕەعییەت". واتە لەدیدی لۆک-دا خاویی تێپەڕینى کات و ترسی خەڵکی لەوەی لە بونیادە یاسایی و نەریتییە کۆنەکان داببڕدرێن، ھۆکارە بۆ ئەوەی ھەم ڕووداوەکان بێ ئاکام بن و ھەم مەجرای ڕووداوەکان خولگەیی ببێتەوە و بۆ خاڵی سفر بگەڕێتەوە. لەساڵی ١٦٩٤، فەرھەنگی زانستی زمانەوانیی فەڕەنسا، مانای یەکەمی دەستەواژەی شۆڕشی بە "شۆڕش"ی ھەسارەکان واتاکردەوە. ئەم جۆرە واتاکردنەوەیە، خۆی لەخۆیدا ئاماژەیەک بوو بۆ ڕەوشی ئاسایی ئەو ململانێیانەی کە ھەردەم دەگەڕانەوە بۆ دۆخی یاساسەروەری پێشوو، ئەوەی جۆن لۆک ڕوانگەی خۆی لەسەر بەیانکردن. ھاوکات شۆڕشی سیاسی لەپەیوەندیدا بە خۆ دووپاتکردنەوەی فۆرمە کۆنەکانی یاسا و دەستورەوە، وەک کردەیەکى (دووبارە و دووبارەکردنەوە) وێنادەکرا. لەبەرانبەردا نائارامی وسەرھەڵدانە کۆمەڵایەتییەکان ھێندەی وەک یاخیگەری (rebellion) دەناسێنران، ھێندە وەک شۆڕش نەدەبینران. لێ ئەم مۆدێلە لە مانا و واتاکردنەوەی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، لەماوەی سەدەی ھەژدەدا گۆڕانی بەسەردا ھات. یەکێک لە بەرھەمە گرنگەکانی وڵاتی فەڕەنسا کە ھێما بوو بۆ پێشکەوتوویی و پەرەسەندنی ڕۆشنگەرانەی زەینی مرۆڤ، بریتیبوو لە (ئینیسکلۆپیدیا)ی شکۆمەندی فەڕەنسی. ئەم ئینسکلۆپیدیایە لە بیست و دوو بەرگ و لەماوەی نێوان ساڵانی ١٧٥١ بۆ ١٧٧٧ بڵاوکرایەوە. ئەو فۆرمە لە "مێژووی عەقڵانیەتی بەڵگەدار" کە لەم ئینسکلۆپیدیایەدا خرابووەڕوو، کۆمەکێکی شایستەی بەگوتاری باوی سەدەی ھەژدە لەمەڕ شۆڕش کرد. لەمیانەی ئەو وتارەی "لویس دۆ ژۆکۆر" لەھەمبەر شۆڕش کە لەم ئینسکلۆپیدیایەدا جێگیر کراوە، چەمکی شۆڕش بەم جۆرە واتا کراوەتەوە: "لە فەرھەنگی سیاسی-دا، شۆڕش بریتییە لەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی کە لەیاسا و دەستوری حوکمڕانییدا ڕوودەدات". ئەم تێگەیشتنە بۆ خۆی بەرەنجامی ھەڵسەنگاندنی شۆڕش و گۆڕانکارییەکانی وڵاتی بەریتانیا بوو. بە تێگەیشتنی دۆژۆکۆر و لەڕوانگەی ئەودا، ئەو گۆڕانکارییانەی لەدەستور و یاسا بنەڕەتییەکانی کایەی سیاسی-دا ڕوویاندا، پڕاوپڕ واتا گشتییەکانی چەمکی شۆڕشیان لەخۆدەگرت. بە باوەڕی لویس دۆژۆکۆر ئەو گریمانەیە ئێجگار دوورە لەواقیعەوە کە بشێت دەوڵەتێک ھەبێت کەمتازۆر نەکەوتبێتە بەر شاڵاوی شۆڕش و گۆڕانکاری. نوسەر لەدرێژەی وتارەکەیدا دبێژێت: " بەریتانیای گەورە شۆڕشی زۆری بەخۆوە بینیووە. بەتایبەت ئینگلیزەکان چەمکی شۆڕشیان بۆ ئەو گۆڕانکاری و نائارامییانەی ساڵی ١٦٨٨ بەکار برد کە تێیدا ولیامی سێیەمی میری ئۆرنج لەجێگەی چارلس جیمس ستیوارتی خەزوری لەسەر تەختی پادشایەتی ڕۆنیشت. بەوتەی لۆرد بالینبۆرک، کەمتەرخەمی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خراپ لەلایەن شا چارلس جەیمسەوە، زەروورەتی ڕوودانی شۆڕشی خستە ڕۆژەڤەوە و زەمینەی لەباری بۆ پراکتیزەبوونی شۆڕش ڕەخساند. لێ کەمتەرخەمی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خراپ لە حوکمڕانیدا و بەکارھێنانی ستەم لەلایەن شا چارلس جەیمسەوە لەگەڵ کەمتەرخەمی ھەموو فەرمانڕەواکانی پێشووتردا، کێشەیەکی ڕیشەدار بوو. ڕیشەی ئەم کێشەیە دەگەڕایەوە بۆ دڵبەندیی کوێرانەی ئەوان بۆ پاپای گەورە و میر و شازادە ستەمکارەکان. ئەم دڵبەندییەش ھۆکار بوو بۆ ئەوەی ئەوان گوێیەکیان لەبۆ بیستنی ئاگادرکردنەوەکان نەبێت. دواجار ئەم دڵبەندییە دوورخستنەوەی خانەدانی پاشایەتیی لێکەوتەوە، ئەم دوورخستنەوەیە بەدەستبەسەراگرتنی تەختی فەرمانڕەوایەتی لەلایەن چارلس کرامۆڵ دەستپێکرد، ئەم دەستدەستدرێژیەش بۆ سەر تەختی پادشایەتی بەھۆی شۆڕشێکەوە مەیسەر بوو کە پێشتر ڕوویدابوو، شۆڕشێک کە ناکرێت بڵێین خواستی ئازادیی تیا غایب بوو، لێ ئەوەی گرنگ بوو، ئەم شۆڕشە بێ بوونی ھیچ بەڵگەیەکی دانپێدانراو، بە موبارەکەی ئاین سەرپێکەوت ". لەم لێکدانەوەیەدا جۆرە خۆ ڕاپسکاندنێک لە تەوقی جەبرییانەی خولانەوەی کات ھەستپێدەکرێت. چونکە لەدیدی لویس دۆژۆکۆرەوە لانیکەم ڕووداوەکانی بەریتانیا لەساڵی ١٦٨٨دا بە دوورخستنەوەی یەکجارەکیی پادشایەتیی ڕەھا و جێکەوتکردنی پادشایەتیی سنوردار کۆتاییھات.

لۆران دالێمپەر لەمیانەی وتارێکدا بەناوی "لەستایشی مۆنتیسکیۆ"، یاسای دەوەران و خولانەوەی ڕووداوە سیاسییەکانی لە ڕووبەری دەوڵەت-نەتەوەکانەوە بۆ ناو ڕووبەری ئیمپراتۆریەتەکان گواستەوە. دالێمپەر لە باسەکەیدا تایبەت بە "سیاسەتی عەقڵانی"ـى مۆنتیسکیۆ و لێکدانەوەی مێژووی چوارچێوەدار بەیاسای ھۆکار، شکۆمەندی و لادان و کەوتنی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، بەم جۆرە گرنگی ئەم یاسای دەورکردنەوەیەی دووپاتکردەوە: " ئیمپراتۆرییەتەکان، درووست وەک مرۆڤەکان، دەبێت گەشەبکەن و پیرببن و بمرن. لێ ئەم گۆڕانکاری و شۆڕشە بەگشتی ھۆکاری شاراوەى خۆی ھەیە و گەردو غوبار و تەمومژی زەمەن لەچاوانی ئێمەی دەشارێتەوە و ھەندێکجار نھێنی و ڕازی ئەوەی لەڕووکەشدا بە بچوک و ناچیز دەردەکەون، چاوی ھەندێک لە کەسانی ھاوچەرخیش لەئاست دیتینیان کوێردەکات. لەم ڕووەوە ھیچ شتێک ھێندەی مێژووی کۆن لەمێژووی مۆدێرن ناچێت". دەیڤید ھیوم، لە باس و خواسێکدا دەربارەی ئەوەی بۆچی سیستەمی پادشایەتیی ڕەھا لەھەموو جۆرەکانی تری سیستەمی حوکم بە شیاوتر دەزانێت، دەنوسێت: "وا باوە دەبێت ھەموو فەرمانڕەواییەک بگات بە ھەلومەرجی سەرەو لێژبوونەوە و کەوتن، مەرگ بەھەمان ئەندازە کە بۆ جەستەی گیانداران شتێکی حەتمییە، بۆ جەستە سیاسییەکانیش حەتمی و ناچارییە". لەسەر بنەمای ئەم لێکدانەوە و تەفسیرانە، جیھانی سیاسەت، کە لەھەناویدا شۆڕش و گۆڕانکارییەکان دەقەومان، جھانێکی سیستەماتیک و دووبارەبووەوە و ملکەچی بنەڕەتێکی یاسایی بوو، ھەردەم لەسیاقی ڕووداوە سیاسییەکاندا هەست بە گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک و سەرلەنوێ تێھەڵچوونەوە دەکرا. شۆڕشی سیاسی بەمانا سرووشتگەراییەکەی، ئەو باوەڕەی پێشدەخست کە زەمەنی مێژووی لەڕووی چلۆنایەتییەوە فۆرمێکی ھەمەکی و یونیفۆرمی ھەیە و ھەم بەناوخۆیدا داخراوە و ھەم دۆخێکی دووبارەبوەوەیە کە بەردەوام خۆی دووپاتدەکاتەوە. لێ کۆنسێپتی شۆڕش، لە سیاقی مانایی سەروو پرەنسیپی مێژوویی خۆیدا، چوارچێوەیەک بوو ھەموو جۆرە بابەتێکی سیاسیی تیا جێکەوت کرابوو. بەدرێژایی سەدەی ھەژدە، دوو چەمکی "شۆڕش " و "شەڕی ناوخۆیی" دووانەیەک بوون نە بەتەواوی ھاوواتای یەکدی بوون و نە بەتەواوی دژ-واتاش بوون. شەڕی ناوخۆیی ھێما بوو بۆ ئەو زنجیرە ڕووداوە خوێناوییانەی لەمیانەیاندا و لەپاش بەلایەکداکەوتنی ململانییەکان، ناولێنان و نازناوبازیی یاسایی ھەڵدەھێنجێنران. ئەم پرۆسیسی ناولێنان و نازناوە یاساییانەش لەپراکتیزەبوونیاندا ململانێی کۆنکرێتی و دژبەری بێ چارەسەریان بەباردەھێنا کە تێیدا ھەر دژبەرێکی سیاسی ھاوکات بە کەسێکی شۆڕشگێڕ و یاخی و لەیاسا دەرچوو ھەژماردەکرا. شۆڕش کە لەسەرەتادا بە پرۆسەیەکی سەروومێژوویی و پەیوەست بە فاکتەرە سرووشتییەکان واتا دەکرا، ھۆشیارانە و بەئاگاییەوە وەک میتافۆرێک بەکارھێنرا بۆ وەسفکردنی ڕووداوە سیاسییە درێژخایەنەکان یان بەتایبەت بۆ شیکاریی ڕووداوە کتوپڕ و لەناکاوەکان. بەم مانا و تێگەیشتنەوە، چەمکی شۆڕش بەشێوەیەکی سرووشتی، ڕەگەز و پێکھاتەی واتایی شەڕی ناوخۆی لەخۆدەگرت. شۆڕشی شکۆمەندی ساڵی ١٦٨٨ ئەوەی پیشانداین چۆنچۆنی دەشێت سیستەمی پادشایەتی کە ھەم سیستەمێکی خۆشویستراو نیە و ھەم ناجەماوەرییشە، بەبێ خوێنڕشتن سەرنگونبکرێت و جێگەکەی بە سیستەمی پەرلەمانی پڕبکرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا جەنگە ناوخۆییەکانی پێش ئەم ڕووداوە، خوێناوی و پڕ لە توندوتیژی بوون. ڤۆڵتێر بە ئاوازێکی ستایشکارانەوە دەنوسێت: "شۆڕشێک لە بەریتانیای گەورە ڕوویدا. بەپێچەوانەی وڵاتانی تر کە تەنیا بینەری ئاژاوە و جەنگی خوێناوی و بێ بەرھەمی ناوخۆیی بوون". لەبەرئەمە و لەچەند لایەنێکەوە، جەنگی ناوخۆ ھێما و ئاماژەیەکی کۆنکرێتی بوو بۆ خولانەوەیەکی پووچ بەدەوری خۆدا، کە شۆڕش لەم نێوەندەدا ھەوڵێک بوو بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییەی ماھیەتی شەڕی ناوخۆ، دەیویست چاخێکی نوێ سەرپێبخات.

 دالێمپەر لەوتارێکدا بەناوی (ئیکسپریمێنتاڵ) لێکدانەوەیەکی فەلسەفیی بۆ پرۆسەی مێژوو دەخاتەڕوو. ئەو لەمیانەی ئەم لێکدانەوەیەدا چەمکی (نەوە - وەچە) لەسەنتەری باسەکەدا جێکەوتدەکات. لەم لێکدانەوەی دالێمپەردا، "شۆڕش"ی ڕیشەیی لەبواری زانستدا وا پیشان دراوە کە لەگرەوی دەستکەوتەکەی نیوتندایە لەبواری زانستی دا، نیوتن بەو دۆزینەوەیەی سیاقی خولانەوەی تێکشکاند و نەوەیەکی نوێی لەزانست بەبارھێنا. ئەم مۆدێلە لەتێگەیشتن بۆ چەمکی شۆڕش لای دالێمپەر، ھێما و ئاماژە بوو بۆ پرۆسەی فۆرمەلەبوون و شێوەوەرگرتنی نەوەکان بەدوای یەکدا، بەجۆرێک کە ھەر نەوەیەک لەسەربنەمای داھێنان یان ڕووداوە نوێیەکانی پێش خۆی شێوە و فۆرم بەخۆوە دەگرێت. ئەم تێگەیشتنەی دالێمپەر لەمەڕ شۆڕش لە دژبەرییەکی ئاشکرادا بوو لەگەڵ تێگەیشتنی پێشووتری ئەو لەچوارچێوەی ئەو وتارەی کە لەبارەی شۆڕش نوسیبووی. لەسیاقی وتارەکەی پێشوویدا، مانای شۆڕش لەسەربنەمای تیۆری کلاسیکی ئەندازیاری و ئەستێرەناسی لێکدرابوویەوە، بەجۆرێک شۆڕش وەک: "جووڵەیەکی شێوە بازنەیی فلات و گرامافۆنئاسا کە بەدەوری خاڵێکی جێگیردا دەخولێتەوە بەمانا ھەندەسییەکەی و وەک جووڵەی ھەسارە یان ئەستێرەیەکی کلکدار لە خولگەکەیدا بەمانا ئەستێرەناسییەکەی" شیکاری بۆ کرابوو، ئەمەش واتە "بەرەوپێشڤەچوونی ھەنگاو بەھەنگاوی شۆڕش ئەو دەمەی خاڵی دەستپێک جێدەھێڵێت و داخڵبوونی بە مەجرای خولانەوەی بازنەیی تا دەگاتەوە بەھەمان خاڵی دەستپێک". لێ، لەم وتارەی دواتریدا دالێمپەر دەیویست بڵێت ئەودەم کە بنەوان و بنچینەی شۆڕشێک دادەڕێژرێت، وەچە و نەوەی دواتر ھەردەم لەسەر ئەم بنەوان و بنچینەیە دەڕۆن و پرۆسەکە کامڵدەکەن. ئەمەش واتا چەمکی نەوە یان وەچە، دەبێتە ئەو ھێزەی کە بە کاریگەریی ڕووداوە نوێیەکان بارگاوییە و ناخوازێت بۆ خاڵی سفر بگەڕێتەوە و ڕوەوە قەڵەمباز ملدەنێت. لەم سیاقەوە، شۆڕشی فەڕەنسا لەساڵی ١٧٨٩ وەک ئەکت و کردەی ئەفراندنی نەوەی ئایندە وابوو. لێرەوە شۆڕش بەرەو چەمک و واتای مۆدێرنی خۆی وەرچەرخا. لەپاش شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ چەمکی شۆڕش بەیەکجاری لە سەرچاوە سرووشتگەراکەی خۆی دابڕا و وەک چەمکێک ئەرکی ئەوەی لێ بارکرا کە لەمیانەیەوە ئەو ئەزموونە گەورە و چارەنووسسازانە تەفسیر و ڕێکبخرێت کە لە سیاقی مێژوودا دووبارەدەبنەوە. بەم جۆرە شۆڕشی فەڕەنسا مانایەکی ترانسێندێنتاڵی بەخۆوەگرت و بووبە یەکێک لە بنەڕەتەکانی ڕێکخستنی ئەو مەعریفە و کردە مرۆییانەی کە لە سیاقی مەجرای شۆڕشدا جێکەوت دەبن. لەم چرکەساتە مێژووییە بەدواوە، پرۆسەی شۆڕش ھاوکات بوو لەگەڵ جۆرە ئاگامەندییەکی دیاریکراو. ئاگامەندییەک لەلایەکەوە پەیوەست بوو بە شۆڕشەوە و لەلایەکی ترەوە ھەم کاریگەری بەسەر شۆرشەوە ھەبوو ھەم لەژێر کارتێکەری شۆڕشدا بوو. لێرە بەدواوە، ھەموو خەسڵەت و تایبەتمەندییە سەروو-مێژووییەکانی چەمکی مۆدێڕنی شۆڕش، لەم پاشخانەوە ھێزی مانا و واتاییان وەردەگرت. شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕەنسا، بەرگریی لەبنەمای "ئازادی"ـى کرد بەو ئومێدەی جیھان بەئاراستەی ڕۆشنگەری بگۆڕێت و بەئومێدی ئەوەی بەخستنەڕووی ژێرخانی نوێ، ھەموو ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان ھەڵتەکێنێت. ئەم شۆڕشە، کۆنگرەی گەل و دەزگای مەدەنی و سیاسیی نوێی ئاواکرد، بەو ھیوایەی بتوانێت "نەتەوەی تازە" لەسەر بنەمای ئەم فۆرمە نوێیانەی سیستەمی حوکمڕانی بنیات بنێت. لەم میانەیدا ئایدیاکانی وەک ئازادی و بەرابەری و مافی تاکەکەس، ھەردەم بابەتی گەرم و جێگا مشتومڕ بوون. میرابۆ، رۆبسپێر و (Marquis de Condorcet - مارکیوس دی کۆندێرسە) دەستپێشخەرییان کرد و دەرگایان لەسەر مشتومڕ لەبارەی بنەماکانی دەستوری نوێ خستە سەرپشت. ئەوان لەوەدا بوونە پێشەنگ کە پڕەنسیپە گەردوونییەکانی وەک "جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و مافی ھاوڵاتیان"یان بە پرسی ئازادی جولەکەکان و ڕزگارکردنی کۆیلەکانەوە گرێدا. گەلی فەڕەنسا بەھۆی ئەم بنەما گەردوونییانەوە، بووە مینای ڕێنیشاندەری زەریای ھێمن لەبۆ گەلانی تر. میرابۆ، لەبڵاوکراوەکەی خۆیدا، (کۆریە دی پرڤانس)، لەساڵی ١٧٩٢ ئەوەی ڕاگەیاند کە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، کە بنەمای دەستوری ئایندە پێکدێنێت، وەکچۆن لەفەڕەنسا کاریپێدەکرێت، بەھەمان شێوە لەداگیرگە و کۆڵۆنیاڵەکانیشدا کارا دەبێت: " پاش ئەوەی کۆنگرەی گەل بنەماکانی دەستوری نوێی بەتەواوی ڕاگەیاند، دادگەرانەترین و شەرعیترین پەیام و لێکەوتەکانی ئەم دەستورە پشتگوێناخات. وتەی کۆنگرەی گەل ئەوەیە؛ چی لەفەڕەنسا بێت یاخۆ لەوڵاتانی ملکەچ بۆ یاساکانی فەڕەنسا، ھیچ مرۆڤێک وەک کۆیلە چیتر بوونی نامێنێت و مرۆڤەکان ئازاد و بەرابەر دەبن". ڕۆبسپێر لەدەی ئایاری ١٧٩٣ و لەمیانەی یەکێک لەوتارە بەناوبانگەکانی لەبارەی شۆڕش، ڕایگەیاند: "مرۆڤەکان بەئازادی و بەختەوەرییەوە لەدایکدەبن، لێ لەھەموو شوێنێک دەکرێن بەکۆیلە و بەختەوەرییان لێ زەوتدەکرێت. لەکاتێکدا ئامانجی کۆمەڵگا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دەستبەرکردنی مافی تەعبیرلەخۆکردنە بەکامڵترین شێواز، لێ کۆمەڵگاکان مرۆڤ دەچەوسێننەوە ستەمی لێدەکەن. کاتی ئەوە ھاتووە ھەریەک لەئێمە ددان بە پێگە و مەکانەتی ڕاستەقینەی مرۆڤ-دا بنێین. پێشکەوتنی عەقڵی مرۆڤ زەمینەی بۆ ڕوودانی ئەم شۆڕشە گەورەیە ڕەخساند، ئێستا ئەرکی ئەوەی گڕوتین بەم شۆڕشە بدرێت لەئەستۆی ئێوەدایە".

 مانگێک دواتر مارکیوس دی کۆندێرسە لەمیانەی وتارێکدا کە لە ئەنجومەنی یاسادانان پێشکەشیکرد، پەیامێکی ھاوشێوەی خستەڕوو: "وشەی شۆڕش تەنیا دەدرێتەپاڵ ئەو جووڵانەوانەی ئازادیی مرۆڤ وەک ئامانج دەبینن. یاسای شۆڕش دەبێت پاراستنی ئەم شۆڕشە و خێراکردنەوە یان ڕێکخستنی ئاراستەی جووڵەکەی بکات بە ئامانج". لەسیاقی ئەم ئارگۆمێنتانەدا، ئایدیای ئازادی و ڕۆڵی مرۆڤ لەوەی زەمینە بۆ خێرایی جێبەبەجێبوونی ئایدیای ئازادی بڕەخسێنێت، جێکەوت کران و شۆڕش وەک دەستپێکێکی نوێ پیشاندرا. لەڕوانگەی رۆبسپێر و کۆندێرسەوە، خێرایی و تینوتاو بەخشین بە زەمەنی مێژوویی، بەشێک بوو لەئەرکی سەرشانی ئەو مرۆڤەی چاوی لەسەر سەردەمێکی لێوانلێو لەئازادی و بەختەوەرییە، چاخی زێڕین. پێداگری رۆبسپێر و کۆندێرسە لەسەر پێویستی خێرایی‌بەخشین بە جووڵەی شۆڕشی فەڕەنسا لەپێناو ھەرچی زووتر بەدیھاتنی ئازادی -دا، خۆی لەخۆیدا ھێما بوو بۆ بەسیکۆلاربوونی بەڵێن و خەونەکان. لەڕوانگەی نوسینەوەی مێژووەوە ھەنووکە ئێمە بەو جێگایە گەیشتووین کە دەتوانین مێژووی ڕۆژئاوا لە قاڵبی سێ گوتاردا قۆناغبەندی بکەین؛ قۆناغی کۆن و ناڤین و مۆدێرن. شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی ١٧٨٩ دەستپێکی قۆناغ و سەردەمی مۆدێرن بوو. ھاوکات بانگەوازێک بوو لەبۆ سێ بنەمای گرنگ کە بریتیبوون لە ئیرادەی عەقڵانی و ئازادی مرۆڤ و تەعبیر کردن لە خۆ. شۆڕشی فەڕەنسا نمایەک بوو لە ھوشیاری سەردەمێک کە لەپەیوەندیدا بە جیھانی کۆن خۆی بەرھەمھێنا و  لەمیانەی ڕوانینێکی ڕەخنەییەوە بۆ جیھانی ڕابردوو ھەوڵی هێنانەدیى شوناسی خۆی دەدا و لێرەوە ئەم سەردەمە بووە قۆناغی پەڕینەوە لە کۆنەوە بۆ نوێ. شۆڕشگێڕان بە ھۆشیاری و ئاگاییەکی دابڕاو لە جیھانبینی کۆن و لە ڕابردوو، لەڕێگەی جاڕنامەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و بەیاننامەکانی تایبەت بە بنەماکانی یاسای چاکسازی، فۆرمی نوێیان لەبۆ بەیانکردنی بیروباوەڕی خۆیان داھێنا. لێرە بەدواوە، تێپەڕین لە کۆنەوە بۆ نوێ، لە شۆڕشی سیاسییەوە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی، ھێما و ئاماژەیە بۆ مانای مۆدێرنی شۆڕش. ئەم بیرۆکەیەی کە گوایە دەبێت ئامانجی کۆتایی شۆڕشێکی سیاسی بریتی‌بێت لە ڕەخساندنی ئازادی لەبۆ ڕەگەزی مرۆیی و لەمەشەوە بپەڕێتەوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەدا بیرۆکەیەکی نوێ بوو. ھەر ئەوەندەی کە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و ھاوڵاتیان، لەماوەی ساڵانی ١٧٨٩ بۆ ١٧٩٣، لەگەڵ خەون و ھیوای ڕادیکاڵیستانەی شۆڕشی فەڕەنسا لەبۆ ھەڵتەکاندنی ھەموو فۆرمەکانی کۆیلایەتی و چەوسانەوەی مرۆڤ یەکیگرتەوە، ئیتر زۆرترینی ئەو چاکسازییانەی پەیوەست بوون بە بواری یاسادانانەوە، لەژێر تایتڵی ئازادی یان یەکسانی یاخۆ ھەردووکیان پێکەوە، زەمینەی جێبەجێبوونیان بۆ ڕەخسا. لەم ڕەھەندەوە، شۆڕش مەحکوم بوو بەوەی لەڕووی شوێنەوە فۆرمێکی جیھانی بەخۆی ببەخشێت و لەڕووی کاتیشەوە بەردەوامی بەخۆی بدات، تاوەکو ئامانجی شۆڕش دەستەبەر ببێت. ڕۆبسپێر دەنوسێت: " سرووشت پێمان دەڵێت مرۆڤ لەپێناو ئازادیدا لەدایکدەبێت. لێ ئەزموونی سەردەم و سەدەکانی زوو پێمان دەڵێن مرۆڤ کۆیلەیە. مافەکانی ئەو وەک مرۆڤێک لەدڵیدا ھەڵکۆڵراوە و سوکایەتی و چەوسانەوەشی لەمێژوودا نوسراوە.... جیھان گۆڕدراوە، دەبێت لەمە زیاتریش بگۆڕدرێت. ھەموو شتێک لە نەزمی ماتڕیاڵدا گۆڕدراوە، دەبێت لەقاڵبی سیستەمی ئەخلاقی و یاساییشدا ھەموو شتێک بگۆڕدرێت. شۆڕشی جیھانی نیوەی بەئەنجام گەیشتووە، دەبێت نیوەکەی تریشی بەئەنجام بگات". مەغزا و کاکڵەی ئەم بنەمایەی ڕۆبسپێر ئاماژەی بۆ کرد، زەمینەی ڕەخساند تاوەکو دەوڵەتی شۆڕش ڕایبگەیەنێت: " شۆڕش، بریتییە لە جەنگ لەپێناو ئازادی-دا دژبە نەیارانی ئازادی". ئەم ڕستەیە ھێما بوو بە پابەندبوونی شۆڕش بە ماھییەتی گەردوونی و ڕەوایەتیی جیھانگیرییانەی خۆی و بەردەوامیدان بە خۆی، کە کۆی ئەمانە لەسەر بنەمای ئایدیای ئازادی وەستابوو. شۆڕشێک کە ئازادی مرۆڤەکانی کردووە بەئامانج و بانگەوازی دەستپێکی چاخێکی نوێ دەکات کە مرۆڤی نوێ و تاکی نوێ لەخۆ دەگرێت. ئەم ئایدیا مۆدێرنەی ئازادی، سەرەتای میراتێکی نوێ بوو لەبۆ چەمکی شۆڕش.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

 (*)زنجیرە جەنگێکی خوێناوی ناوخۆیی بوو لەنێوان پەڕلەمانخوازەکان و ھەوادارانی شا چارلس جیمسی یەکەم ڕوویدا و لەساڵی ١٦٤٢ تا ١٦٥١ی خایاند. لەم ماوەیەدا لەنێوان پەڕلەمانخوازەکان و پاشایەتیخوازکاندا چەندین پێکداکێشان و پیلانگێڕی ڕوویاندا و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەری