وه‌رچه‌رخانی وێنە-کات لە سینەمادا
ژیل دۆڵۆز
له فەڕه‌نسییه‌وه: فازڵ مه‌حمود
له سه‌رده‌می یۆنانییه‌كانه‌وه تا ده‌گاته كانت به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده شۆڕشێك له فه‌لسه‌فه‌دا ڕوویداوه: ملكه‌چیی كات به‌ره‌و جووڵه پێچه‌وانه‌وه بوویه‌وه، كات چیتر پێوه‌ری جووڵه‌یه‌كی نۆرماڵ نه‌بوو، و به‌ره‌به‌ره ده‌ركه‌وتنی به خۆیه‌وه بینی و بووه هۆكاری خولقاندنی جووڵه‌ی پارادۆكسیکاڵ. كات له چوارچێوه‌كانی ترازا: ئه‌و وشه‌یه‌ی هاملێت ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌كات كه كات چیتر ملكه‌چی جووڵه نییه، به‌ڵكوو جووڵه ملكه‌چی كاته. ده‌كرێت سینه‌ما تووشی ئه‌زموونێكی هاوشێوه هاتبێت: هه‌مان وه‌رچه‌رخان و ئاوه‌ژووبوون، ئه‌ویش له نێو هه‌لومەرجه خێراكاندا. "وێنه ـ جووڵه"ی سینه‌مای كلاسیك پاش جه‌نگ بووه جێگری "وێنه ـ كاتێك"ی ڕاسته‌وخۆ. بێگومان ئه‌م ئایدیا گشتییه ده‌بێت به وردی باسبكرێت و ڕێك بكرێت و به‌راوردبكرێت به نموونه كۆنكرێتییه‌كان.
بۆچی جه‌نگ وه‌ك درزێك دیاره؟ چونكه له ئه‌وروپای پاش جه‌نگدا هه‌ندێك بارودۆخ هه‌بوون كه نه‌مانده‌زانی چۆن كاردانه‌وەیان بەرامبەر بنوێنین، ئه‌مانه له نێو چه‌ندین فه‌زادا په‌رش و بڵاو بوونه‌وه كه چیتر نه‌مانده‌زانی چۆن هه‌ڵیانسه‌نگێنین. ئه‌مانه فه‌زا "ئاساییه‌كان" و بیابانه‌كانن كه له هه‌مانكاتدا شوێنی نیشته‌جێبوون بوون، كۆگا چۆڵه‌كان، چۆڵاییه‌كان و یان شاره كاولەكان یان ئه‌وان خه‌ریكی نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان بوون. له نێو ئه‌م فه‌زا ئاساییانه‌دا ، ڕه‌گه‌زی كاره‌كته‌ری نوێ ، كاره‌كته‌رێكی گۆڕاو، ده‌ستیان به كاردانه‌وه كرد. له‌ڕاستیدا ئه‌وان زیاتر بینه‌ر بوون تاكو كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت، ئه‌وانه بوون كه شتی نه‌بینراویان ده‌بینی. سه‌یری سێ فیلمه مه‌زنه‌كه‌ی رۆسۆلینی بكه‌ن: ئه‌ورووپای 51، سترۆمبلی، ئه‌ڵمانیای ساڵی سفر: مناڵێك له نێو شارێكی كاولكراودا، نامۆیه‌ك له نێو دوورگه‌یه‌ك، ژنێكی بۆرژوا كه "سه‌یر"ی چوارده‌وری خۆی ده‌كات. ئه‌م بارودۆخانه ده‌كرێت ناوازه بن یان به پێچه‌وانه‌وه بارودۆخێكی ڕۆتینیی رۆژانه بن، یان به جارێك هه‌ردووكیان بن: ئه‌وه‌ی وا ده‌ست به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و یان بێ نرخكردنی خۆی ده‌كات، ئه‌و چوارچێوه گشتییه‌ی هه‌ست ـ مه‌كینه‌یه، كه "وێنه ـ ئه‌كت" ی له سینه‌مای كۆندا درووستده‌كرد. له به‌رهۆكاری لاوازبوونی و سستیی هێڵی نێوان هه‌ست ـ مه‌كینه‌یه ، كه كات "واته كات له حاڵه‌تی په‌تی دا" ، له‌سه‌ر پانتایی په‌رده‌ی سینه‌ما ده‌ركه‌وت. كات چیتر له ئه‌نجامی جووڵه‌وه درووستنابێت، و ته‌نیا له پێناو خۆیدا مانیفێستده‌بێت و جووڵه ساخته‌كان له نێوخۆی‌دا ده‌هێنێته‌ده‌ره‌وه. ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته هۆكاری گرنگبوونی پێكەوه‌به‌ستنه ساخته‌كان له‌نێو سینه‌مای مۆدێرندا: وێنه‌كانی چیتر له ڕێگای پێكه‌وه‌به‌ستن و پچڕانێكی عه‌قڵانییه‌وه درووستنابن، به‌ڵكو له‌ڕێگای پێكه‌وه‌به‌ستنه ساخته‌كان یا پچڕانه ناعه‌قڵانییه‌كانەوە سه‌رله‌نوێ پێكه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه. ته‌نانه‌ت جه‌سته چیتر سەرچاوەى جووڵە نییه، واته سوبێكتی جووڵه و كه‌ره‌سته‌ی ئه‌كت نییه، به‌ڵكو زیاتر ده‌بێته هۆكاری ئاشكراكردنی كات، و به‌ڵگه‌یه له سه‌ر كات ئه‌ویش له‌ڕێگای ماندووبوون و چاوه‌ڕوانییه‌كانییه‌وه. (بۆ نموونه ئیشه‌كانی مایکڵ ئانجیلۆ ئه‌نتۆنیی ده‌رهێنه‌ری ئیتالی).
ئه‌گه‌ر بڵێن وێنه‌ی سینه‌ماتۆگرافیك له كاتی ئێستادایه ئه‌وا قسه‌كه‌مان له جێی خۆی نابێت. ئه‌و شته‌ی وێنه "نواندنه‌وه"ی بۆ ده‌كات، ئه‌وه له كاتی ئێستادایه، به‌ڵام نه‌ك وێنه‌كه خۆی، چونكه له سینه‌مادا هاوشێوه‌ی هونه‌ری وێنه‌كێشان وێنه خۆی جیاوازه له‌و شته‌ی كه نواندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. وێنه خۆی سیستمێكی په‌یوه‌ندییه له نێو ره‌گه‌زه‌كانی خۆیدا، واته كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی كات كه كاتی ئێستای گۆڕاو یه‌كێكه له به‌ره‌نجامه‌كانی. به‌م واتایه، پێم وایه تاركۆڤسكی كاتێك جیاوازیی نێوان مۆنتاژ و گرته‌ی خسته ژێر پرسیاره‌وه هه‌ر ئه‌م مه‌به‌سته‌ی هه‌بوو و ئه‌و سینه‌مای وه‌ك "گوشاری كات" له نێو گرته‌یه‌كدا پێناسه‌ده‌كرد[1]. ئه‌وه‌ی كه تایبه‌ته به وێنه و واده‌كات وێنه‌یه‌كی داهێنه‌رانه ده‌ركه‌وێت، و به‌رجه‌سته و هه‌ستپێكراوی ده‌كات، و له نێو په‌یوه‌ندییه‌كانی كات دا بینراوی ده‌كات، له نێو بابه‌تی نواندێنراودا به‌دیناكرێن، و له كاتی ئێستادا كورتناكرێنه‌وه. گرته‌ی قووڵی مه‌یدان[2] لای ئۆرسن وێڵز و یان گرته‌یه‌كی جووڵاو[3] لای ڤیسكۆنتی : ناچنه نێو كاته‌وه تاكوو فه‌زایه‌ك تێنه‌په‌ڕێنن، له سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌ی ڤیسۆكنتی دا ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ساندرا له نێو كات دا كوژاوه‌ته‌وه، و ئه‌كته‌ره‌كانی ئۆرسن وێڵزیش له نێو كات دا شوێنێكی گه‌وره‌یان داگیركردووه و له نێو فه‌زادا هیچ شوێنێك ناگۆڕن. ئه‌مه به‌و واتایه نایەت كه وێنه ـ كات هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به فلاشباك یان ته‌نانه‌ت به بیره‌وه‌رییشه‌وه نییه. بیره‌وه‌ره‌ی ته‌نیا كاتی ئێستایه‌كی كۆنه، له كاتێكدا ئه‌كته‌ره‌كانی سینه‌مای مۆدێرن كه تووشی بیرچوونه‌وه هاتوون ڕێك له نێو كاتی ڕابردوودا نغرۆده‌بن یان له‌وێوه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، تاكو ئه‌وه ده‌ربخه‌ن كه چ شتێك ده‌توانێت ته‌نانه‌ت له بیره‌وه‌ریش شاراوه بێت.
فلاشباك ته‌نیا تابلۆیه‌كی ڕێنماییه، و كاتێك له لایه‌ن دانه‌ره مه‌زنه‌كانه‌وه[4] به‌كارده‌هێنرێت ته‌نیا به مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی ستراكچه‌ره كاتمه‌داره زۆر ئاڵۆزه‌كانه (بۆ نموونه لای مانكیویچ[5] "كات" ده‌بێت به "دووكه‌رته‌وه": به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی چركه‌ساتێكه كه "كات" ده‌یتوانی ئاراسته‌یه‌كی تر وه‌رگرێت...). به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌وه‌ی ناوی لێده‌نێن ستراكچه‌ری كاتمه‌دار، یان وێنه كاتی راسته‌وخۆ، به ئاشكرا بریتییه له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌دوایەكداهاتنه ئه‌زموونییه ڕه‌هایه‌ی كات واته: كاتی ڕابردوو ـ ئێستاـ داهاتوو. بۆ نمونه جۆرێك له پێكه‌وه‌ژیانی "ماوه‌ی جیاواز" بوونی هه‌یه، یان ئاستی ماوه، چونكه ته‌نانه‌ت رووداوێك ده‌توانێت له چه‌ند ئاستێكدا به‌شدار بێت: دیوه‌كانی ڕابردوو له نێو نه‌زمێكی نا كرۆنۆلۆژیك[6] ده‌توانن پێكه‌وه بژین، ده‌توانین ئه‌م شته لای ئۆرسن وێڵز له نێو ئه‌و هێزه ناوه‌كییه‌ی بۆ زه‌وی به‌دی بكه‌ین، یان لای ئالێن ڕێنێ له ڕێگای ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه وڵاتی مردووه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئنجا ستراكچه‌ری كاتمه‌داری تر بوونی هه‌یه: هه‌ر بابه‌تێكی ئه‌م كتێبه شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه سینه‌ماتۆگرافیانه‌یه كه توانیویانه فێركارییه‌كانی زانست و یان ئه‌و شتانه‌ی هونه‌ره‌كانی تر بۆ ئێمه ئاشكرای ده‌كه‌ین یان ئه‌وه‌ی كه فه‌لسه‌فه یارمه‌تییان ده‌دات له‌م شتانه تێبگه‌ین ده‌ستبخات و ئاشكرای بكات. شتێكی كاڵفامانه‌یه كاتێك باس له مه‌رگی سینه‌ما ده‌كه‌ن، چونكه سینه‌ما هێشتا له سه‌ره‌تای ئه‌م گه‌ڕانانه‌دایه: واته ئاشكراكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی كات كه ته‌نیا له نێو ئافراندنی وێنه‌دا ده‌رده‌كه‌ون. سینه‌ما هیچ پێویستی به ته‌له‌فزیۆن نییه، چونكه جێی داخه كه وێنه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ته‌نیا له كاتی ئێستادا ده‌مێنێته‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی له سینه‌ماوه وه‌رگرتبێت. په‌یوه‌ندی و پچڕانه‌كانی نێوان بینین و ده‌نگ، له نێوان ئه‌و شته‌ی بینراوه‌و و بیستراوه، ئه‌م كێشه‌یه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌بات و هێزێكی نوێ ده‌به‌خشێته سینه‌ما بۆ داگیركردنی كات له نێو وێنه‌دا (به شێوازێكی زۆر جیاواز بۆ [ده‌رهێنه‌رانی] وه‌ك پیه‌ر پیرۆ، سترۆبه‌كان، سیبێربێرگ...). به‌ڵێ، سینه‌ما ئه‌گه‌ر به مردنێكی كوشنده نه‌مردایه، هێزه‌كه‌ی سه‌ره‌تای خۆی نه‌ده‌پاراست. به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت ئێمه له نێو سینه‌ما پێش جه‌نگ و ته‌نانه‌ت له نێو سینه‌مای بێده‌نگ دا له ئیشی وێنه ـ كات ێكی زۆر په‌تی تێبگه‌ین كه هاوكات وێنه ـ جووڵه‌ی وه‌رگرتووه و له خۆی گرتووه: سروشتی ـ مردووی ئۆزو وه‌ك فۆرمێكی نه‌گۆڕی كات؟
[1] Tarkovski, «De la figure cinématographique», Positif N 249, décembre, 1981.
[2] La profondeur de temps
[3] travlling
[4] دۆلوز زۆر جار له باتی وشه‌ی ده‌رهێنه‌ر وشه‌ی دانه‌ر auteur به‌كار ده‌بات و لێره‌شدا مه‌به‌ستی ده‌رهێنه‌ره، دۆلوز قه‌ناعه‌تی وایه ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كان له ئاستی فه‌یله‌سووفه مه‌زنه‌كانن بۆیه دانه‌ر هه‌میشه له ته‌نیشت ناوه گه‌وره‌كانی نێو سینه‌ما داده‌نێت.
[5] Joseph Leo Mankiewicz
[6] Un ordre non-chronoligique
سه‌رچاوه:
Deleuze, Gilles, Deux régimes de fous et autres textes «préface pour L'édition Américaine de l'image-temps » (1975-1995, Édition préparée par David Lapoujade) , paris, PP. 329-331.
تێبینی: دۆڵۆز ئه‌م پێشه‌كییه‌ی بۆ چاپه ئه‌مریكییه‌كه‌ی كتێبی دووه‌می سینه‌ماكه‌ی واته وێنه ـ كات نووسیووه.