A+    A-
(1,855) جار خوێندراوەتەوە

 

         وێنە، بیرکردنەوە

گفتوگۆ لەگەڵ ̎بیژەن عەبدولکەریمى̎ دەربارەى ئینستاگرام

pdf

 

 

       و. وەلید عومەر

 

 

 

 

ئینستاگرام ئێستا نزیکەى [یەک ملیار] ئەندامى هەیە. تێکڕا ڕۆژانە ٧٠ ملیۆن پۆست و هەر چرکەیەکیش [سەرووى] ١٠٠٠ پۆستى تیا شەیردەکرێت. بە ڕاى تۆ ئەم پێشوازییە سەیروسەمەرەیە لە تۆڕێکى کۆمەڵایەتى چیە؟ ئاخۆ بووەتەهۆى ڕەوینەوەى هەستى مەلەل مرۆڤەکاندا بەرامبەر بە ژیان؟ ئایا نەبوونى مانا یان غیابى سیاسەت و ناچالاکبوونى سیاسیى لە ژیانى مرۆڤەکاندا پڕکردووەتەوە؟

  • یەکەمین خأڵ کە ئاماژەى بۆ بکەم ئەوەیە دیاردەکان و بەتایبەتییش دیاردە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە لەسەر ئامانجێکى بەرایى و پێشوەختە درووستنابن, واتە لەوانەیە دیاردەیەک ڕووبدات پاشان ئەم دیاردەیە دەرەنجام و زەروورەتى پێشبینینەکراو و نەژمێردراوى لێ بکەوێتەوە. تەکنۆلۆژیا بەگشتى و تەکنۆلۆژیاى میدیایى لەڕاستییدا جۆرێکن لە ڕوودان. واتە سەرەتا لە ڕەوتى وەرچەرخانە تەکنۆلۆژییەکاندا شتانێک ڕوویداوە و تەکنۆلۆژیا پەرەیسەندووە و پاشان ئەم پەرەسەندنە کۆمەڵێک دەرەنجام و پێویستیى درووستکردووە کە بە ئەگەرى زۆرەوە خودى بنیاتنەرانی ئەو تەکنۆلۆژیایەش سەرەتا پێشبینینییان نەکردووە. خاڵێکى تر باسى بکەین ئەوەیە کە دیاردەکان فرەڕەهەند و فرەبەهان. تۆ‌ڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک ئینستاگرام بە مانایەک لە ماناکان تاکێتیى تاک دەردەخەن و مۆڵەت دەڕەخسێنن تاکو تاکەکەس لەم دونیایەدا حزوورى خۆى ڕاگەیەنێت و میدیا لە دەستى دەسەڵاتەکان [ـى وەک سیاسەت و پانتایى کۆمەڵایەتى و خێزان و هتد] دەربێنێت. بەڵام ئەم تۆڕانە هاوکات کۆمەڵێک زیانیشیان هەیە کە ناتوانین هەروا بێباک بەلایاندا تێپەڕین.

هەروەها ئینستاگرام ناتوانێت مەلەل و ڕۆژانەییبوونەوە و تەنیایى مرۆڤ لاببات, و مانا بە ژیانى مرۆڤەکان ببەخشێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرەتا کۆمەڵێک ئەفسوونیان هەیە بەڵام ئەم سەرنجڕاکێشى و ئەفسوونانە تێکڕا سەرابن و خێرا تێدەپەڕن و پاش ماوەیەک هەر خۆیان مەلەل درووستدەکەنەوە.

بوار بدەن با بە شێوەیەکى ڕیشەییتر بپەرژێمە سەر پرسیارەکەتان. بەهۆى ئەووەرچەرخانانەوە کە لە پانتایى میدیاکانى پەیوەندیگرتندا درووستبووە, وەک مرۆڤ چووینەتە ناو «دووەمین شۆڕشى پیشەسازى»ـەوە. شۆڕشى پیشەسازیى یەکەم, تەنیا بە ماناى درووستبوونى کۆمەڵێک ئامراز و زیادبوونى هەندێک جیهاز نەبوو بۆ سەر جیهان. «شۆڕشى پیشەسازى»ـى یەکەم تەنیا بە ماناى «شۆڕشکردن» نەبوو لە «پیشەسازى»دا, بەڵکو ئەم شۆڕشە بە ماناى شۆڕشکردنیش دەهات بەسەر ژین‌جیهانى مێژوویى مرۆڤ و بە ماناى شۆڕش دەهات لە ̎جیهانێتیى جیهان̎دا, و ڕووبەرى گۆڕانکارییەکانیشى زۆر بەرفراوان بوو و هەموو کایەکانى ژیانى لادێ و گەشەى شارنشینى و پەیوەندییە خێزانییەکان و هەڵوەشانەوەى خانەوادە گەورەکان و گۆڕانیان بەرەو خانەوادەى تاکلانە دەگرتەوە, هەروەها گۆڕانى دامەزراوە دینی و کەلتوری و ئەخلاقییەکان و تەنانەت گۆڕان لە شەخسییترین پانتاییەکانى بوونى مرۆڤدا وەک هەستى دینى و خواپەرستییەکەشى لە خەڵوەتدا دەگرتەوە. ئێستا, لەگەڵ شۆڕشى پیشەسازیى دووەمدا, واتە لەگەڵ ئەو شۆڕشەدا کە لە کایەى تەکنۆلۆژیا تازەکانى میدیادا هاتۆتەئاراوە جیهان و مرۆڤێکى نوێ هاتوونەتەگۆڕێ, جیهانێک کە دەتوانین ناوى بنێین «جیهانى بەمیدیایی‌بوو». ئەم وەرچەرخانە تەکنۆلۆژییانە تەنیا لە ڕووبەرى جیهانى دەرەوە و چواردەورماندا ڕوونادەن بەڵکو بوونەتەهۆى سەرهەڵدانى کۆمەڵێک گۆڕانکاریى مرۆڤناسانە(ئەنترۆپۆلۆژى) و بوونناسانەش(ئۆنتۆلۆژى). واتە مرۆڤێکى نوێ دەبینین کە دەکرێت ناوبنرێت «مرۆڤى ئۆنلاین». مرۆڤێک کە نەک هەر لەگەڵ مرۆڤى نەریتى‌دا, بەڵکو تەنانەت لە مرۆڤەکانى سەردەمى مۆدێرنەى سەرەتاییشدا جیاوازە. بۆ ئەم چەشنە مرۆڤە, کردە و بکەربوون ماناى نوێى وەرگرتووە. «مرۆڤى ئۆنلاین», چیتر ناتوانێت وەک پێشوو کردار بنوێنیت. چیتر لەناو جیلە تازەکاندا نمونەى کەسانى وەک لینین و ترۆتسکى و گیڤارا و کاسترۆ و بیژەن جەزنى و حەنیف نەژاد نایەتەدەرێ. نەک لەبەر ئەوەى کە جیلە تازەکان نایانەوێت وەکو ئەوان بن, بەڵکو لەبەر ئەوەى هەر لەبنەڕەتەوە چیتر کردە و بکەربوون بە ماناکەى پێشینان لەناو خۆمان و سەردەمەکەماندا ناڕەخسێت. لە ڕۆژگارى ئێستادا هەر جۆرە کردەیەک کە بە نیەتى «خەباتگێڕى» بکرێت, وەک جۆرێک لە پشێوى سەیردەکرێت. چالاکیى ئەم مرۆڤە ئۆنلاینە, چالاکییەکى کلیکی‌یە. واتە هەوڵدەدات لەڕێگەى مۆبایل و تابلێت و کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکەیەوە چالاکى بنوێنیت. لە سەردەمى خۆماندا, چالاکیى دەرەکى و سەر شەقام خراوەتەلاوە و چالاکیى ئۆنلاین جێى گرتووەتەوە. دیارە ئەم چالاکییەى سەردەمى خۆیشمان هەندێک کاریگەریى بەهێزى هەیە.

بە دەربڕینێکى تر, دەتوانین بڵێین, لە سەردەمى ئێستادا «هێزى نەفیکردن» لەناوچووە. لە سەردەمى خۆماندا چیتر هیچ هێزێکى نەرێکار بوونى نیە. گەر لەڕابردوودا, واى دانێ بڕیاربوو پرۆلیتاریا زنجیرى دیلێتیى مرۆڤایەتى بقرتینێت و بەهۆى شۆڕشێکى سۆسیالیستییەوە مرۆڤ لە کۆتى ئیمپریالیزم و چەوسانەوەى کەپیتالیزم ڕزگاربکات, یاخۆ ئەوە ڕۆشنبیران بوون دەستیاندەدایە ڕەخنەکردنى ڕادیکاڵانەى دۆخى باڵادەستى جیهان؛ بەڵام لە سەردەمى خۆماندا نە پرۆلیتاریا و نە ڕۆشنبیر و نە هیچ هێزێکى نەفیکارى ترى ڕەسەن لە جیهاندا بوونى نیە تا هەوڵبدات ڕووبەڕووى ئەم ڕەوتەى ئێستاى جیهان ببێتەوە. وەک‌بڵێى ئەمڕۆ جیهان بەسەر جادەیەکى یەک‌سایددا دەڕوات. لە جیهانێکى وادا ڕەسەنێتى(authenticity)ش مردووە. چیتر هێزێکى مرۆیى خۆڕسک بوونى نیە کە شەڕ بۆ یۆتۆپیا و ئایدیاڵێک بکات. لە سەردەمى ئێمەدا سوبێکتى خاوەن کردە بوونى نیە کە خۆراک لە هێزە ناوەکییەکانى خۆیەوە وەرگرێت و جیهان ڕووبەڕووى نەفیکردن بکاتەوە. بۆیە ئەو کارەى کە لەمەوبەر بۆنمونە پارتیزانێک یان ڕۆشنبیرێک یاخود هێزە ئەنارشیست و شۆڕشگێڕەکان دەیانکرد, ئەمڕۆ وەرگەڕاوە بۆ چالاکى لەناو فەزاى مەجازی‌دا.

 

فەرمووتان تۆڕە مەجازییەکان ناتوانن لەدەستچوونى مانا و مەلەلى ژیان قەرەبووبکەنەوە. ئایا خودى ئەم تۆڕانە بەرەنجامى بێمانایى ژیانى مرۆڤى مۆدێرن و بەرهەمى شەپۆلى سێهەمى نیهیلیزم نین؟

  • لەم نێوانەدا پەیوەندییەکى دیالەکتیکى بوونى هەیە. سوبێکتى مۆدێرنەى دوایین, بەهۆى مەلولى و بێمانایى ژیانیەوە پەنا بۆ تۆڕ(net) دەبات و تۆ‌ڕیش لە‌ڕاستییدا خۆى دەبێتە هۆکارى گەشەى مەلەل و بێمانایی.

 

بە بۆچوونى ئێوە ئەم تامەزرۆییە بۆ دەرخستنى خۆت, کە بەتایبەت لە تۆڕێکى وەک ئینستاگرامدا دەبینرێت, لەکوێوە سەرچاوەدەگرێت؟

  • بە بۆچوونى من ئەمە بەرهەمى پەرەسەندنى تاکگەراییە کە لەگەڵ سەردەمى نوێ و دەرکەوتنى مۆدێرنەدا پێگەیشت. بەپێى ئەم تاکگەراییە, مرۆڤەکان تەواو ئەتۆمیزە بوون [واتە بوون بە گەردیلەى بچوکى دابڕاو لە یەکترى]. لە دونیایەکى وەهادا, تاکەکەس بۆ دەرچوون لەم تاکایەتییە هێجگار پێویستى بەوەیە خۆى نمایشبکات تاکو ببینرێت و هەستى پێ بکرێت, و ئا لەم بینین و هەستپێکرانەدا تاک بەدواى مانا و شوناسدا دەگەڕێت.

بەڵام دیارە تاکایەتیى تاک بە مانا مۆدێرن و لیبراڵەکەى ناتوانێت سەرچاوەى مانا بێت. تاکگەرایى هاوسێى نیهیلیزمە و بگرە خودى نیهیلیزمیشە. ئەم تامەزرۆییە بۆ خۆدەرخستن, گوزارشتە لەوەى کە مرۆڤى سەردەمى خۆمان هێجگار خاڵى بووەتەوە لە سەرچاوە ناوەکییەکانى ئۆتۆریتە و مانا. ئەم بەتاڵییە لە خۆدەرخستنى خۆیدا شکرادەکات. مرۆڤى سەردەمانى پێشوو چەندقات لە مرۆڤى مۆدێرن خەڵوەت(تەنیایى شەخسى)ـى و چرکەساتى ڕەسەنـى هەبوو. سەر بە بوونناسییەکیش بوو کە دەبووە بابەتى گرنگیدان و هەستپێکرانى ئەوانیتر. هەستپێکرانـى مرۆڤى پێشوو لە بەردەوامبوونەکەیدا بوو, بەڵام مرۆڤى سەردەمى خۆمان تا ئەو جێیە بوونى هەیە کە خۆى نمایشدەکات؛ لە چەشنى زۆرێک لەو کەسایەتییە هونەرى و سیاسییانەى کە مادام دەکەونە بەر چاوى کامێرا و میدیا ئەوا بوونیان هەیە, بەڵام هەرکە لە کامێرا دوورکەونەوە و لە ڕاگەیاندنەکان فتبکرێن ئیدى بوونیشیان کۆتاییدێت. ئەوانە لەڕاستییدا کەسایەتیى واقیعى و ڕەسەن نین, بەڵکو کەسایەتیى میدیایی‌ن, واتە بوونەکەیان بوونێکى ناحەقیقى و مەجازى و میدیاییە.

سەبارەت بە ئارەزووى دەرکەوتن و نمایش, ڕستەیەکى بۆدریار هەیە دەڵێت: ئێمە چیتر شتەکان مەسرەفناکەین بەڵکو خەسڵەتە سیمبوڵییەکانیان مەسرەفدەکەین. ئەمڕۆ دەبینین بۆنمونە خەڵک لە سەفەرەکانیاندا بەر لەوەى بیانەوێت چێژ لە سەفەر یان سرووشت وەربگرن, کێشەکەیان وێنەگرتنە بە هەموو جۆرە ژێستێکەوە و پاشان دانانى لە ئینستاگرام.

وەک تەواوکەرێک بۆ قسەکەى بۆدریار دەتوانین بڵێین, تەنانەت خودى خۆیشمان وەرگەڕاوین بۆ سیمبوڵ. ئەوە تەنیا شتەکان و دونیاى سیمبوڵى نیە وایان لێ هاتووە بەڵکو خودى خۆیشمان تووشى جۆرێک لە بەتاڵێتى هاتووین و بوونیشمان بووەتە جۆرێک لە بوونى سیمبوڵى. ئەمڕۆ کەم نین ئەوانەى کە ئامادەن پارەیەکى مۆڵ بدەن تا لە میدیاوە دەرکەون. کەسایەتییەکان, بە سیاسى و ناسیاسییەوە, بەردەوام داوا لە پەیامنێران و فۆتۆگرافەران دەکەن زوومى کامێرایان بخەنەسەر و حەزدەکەن دایم لەبەردەم کامێرادا بن. میدیاگەرى لە دونیاى ئەمڕۆدا نیشانە و زایەڵەیەکە بۆ بەتاڵبوونەوەى جیهان و مرۆڤى سەردەمى خۆمان.

 

بەو پێیەى چالاکیى سەرەکیى ئێوە لە بوارى فەلسەفەدایە, تکایە ئەوەمان بۆ باسبکە کە ڕیشە فەلسەفییەکانى ئەم نمایشیبوونەى هەمووشتێک لەکوێوەیە؟ یان بە وتەى گەى دى بۆر کۆمەڵگاى نمایشى...

  • لەگەڵ دەرکەوتنى دیکارت و فەلسەفەى مۆدێرندا, وەرچەرخانێکى گەورە لە فەلسەفەدا ڕوودەدات. فەلسەفە تەقلیدی و پێش‌دیکارتییەکان فەلسەفەى بوون‌تەوەرن, بەڵام لەگەڵ هاتنى دیکارت و فەلسەفەى نوێدا بیرکردنەوە لە فاکتەکانەوە بەرەو ئاگایى وەردەگەڕێت. لەگەڵ دیکارت و فەلسەفەى نوێدا پارادایمێکى نوێ درووستدەبێت کە لەگەڵ فەلسەفە بوون‌تەوەرەکانى پێشوودا زۆر جیایە. ئەم پارادایمە نوێیە, پارادایمێکى ئاگایى‌تەوەرـە. لەگەڵ هاتنى دیکارت و کانتدا, کە لەڕاستییدا لەڕووى فەلسەفییەوە بنیاتنەرانى دونیاى مۆدێرنیشن, کێشە سەرەکییەکە دەبێتە کێشەى پرسیارکردن لە ئاگایى و جیهان, جیهانى دەرکەوتوو و فینۆمیناڵ. جیهانى فینۆمیناڵ ئەو جیهانەیە کە بۆ ئاگایى دەردەکەوێت. شۆپنهاوەر کتێبێکى هەیە بەناوى جیهان وەک ویست و وێنا. با لێرەدا واز لە باسى ویست بێنین. بەڵام لە تێڕوانینى ئەودا جیهان لە ئاستى وێنادایە, واتە جیهان ئەو جیهانەیە کە لە وێنا و ئاگایى دا و بەهۆى کاتیگۆرییەکانى منـەوە خۆى دەگرێت. ئەم جیھانە فینۆمیناڵـە زات و جەوهەرى خۆى کە بریتییە لە وجود لەدەستدەدات و بە دەربڕینە قەشەنگەکەى هایدگەر جیهان وەردەگەڕێت بۆ وێنەى جیهان. ئەم میتافیزیکە بەتەواوى لەگەڵ تەکنۆلۆژیاى مۆدێرندا تەبادێتەوە, و لەڕاستییشدا  تەکنۆلۆژیا تازە میدیاییەکان بریتیین لە بەدیهاتنى ئەم میتافیزیکە و لەگەڵ هەمان ئۆنتۆلۆژیاشدا تەبادێتەوە.

با بگەڕێینەوە بۆ مەسەلەى ئینستاگرام. ئاشکرایە فەیسبوک پێش ئینستاگرام هات و بووە دڵخوازى زۆرینە. دەکرێت لە فەیسبوکدا تێکستى تاڕادەیەک درێژ بنوسیت. بەڵام ئێستا ئیتر بەهۆى هاتنى ئینستاگرام و تویتەرەوە, وەک دەوترێت فەیسبوک باوى نەماوە و بەگشتییش ئەو میدیایانەى کە دەکرێت تێکستى درێژى تیا بنوسیت تادێت لایەنگریان کەمتردەبێتەوە. تۆ بڵێى ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لە نوسین و وشە دوورکەوینەوە و بەرەو وێنە بڕۆین؟ نمونە بۆ دیوە هونەرییەکەى ئەم کێشەیەش بریتییە لە کاڵبوونەوەى خولیاى ڕۆمانخوێندنەوە و ئاوڕدانەوەى زۆرتر لە سینەما.

بەڵام دەبێت تێبینیى ئەوەش بکەین کە وێنە خۆیشى بەپێى ڕێساى خيرایى و گوڕخوازى کاردەکات. ئەوە تەنیا وێنە نیە کە جێى وشە دەگرێتەوە و تەنیا فیلم نیە جێى ڕۆمان و شیعر دەگرێتەوە, بەڵکو تەنانەت ئیتر کەم کەس تاقەتى بینینى فیلمە دوورودرێژ و کەم‌جووڵەکانى وەک بەرهەمەکانى تارکۆفسکییشى دەمێنێت. بۆ بەردەنگ(موخاتەب)ـى ئەمڕۆ وێنەکانیش دەبێت هەڵگرى جۆشوخرۆش و گوڕ و خێرایى بن. هەتا لە هەندێ فەزاى مەجازیى وەک ئینستاگرام یان تێلیگرامیشدا گەر ماوەى کلیپێکى ڤیدیۆیى لە دووسێ خولەک زیاتر بێت, یان ڤیدیۆیەک هەڵگرى ئایدیایەکى باڵا و سەرووڕۆژانەیى بێت, وەک خستنەڕووى ئایدیایەکى قووڵى فەلسەفى و مێژوویى یان کۆمەڵایەتى, ئەوا کەس تاقەتى نیە بیبینێت. هەمووشت تێهەڵکێش بووە بە جۆرێک لە پەلەپەل و ڕووکەشى. مرۆڤى سەردەمى خۆمان مرۆڤێکى بێ‌کاتـە. گەرچى وا بڕیارە بەهۆى تەکنۆلۆژیا تازەکانەوە کاتێکى زۆرترمان بۆ بگەڕێتەوە, کەچى هەتا گوڕ و خێرایى ژیان زیاتردەبێت ئێمە بێ‌کاتتر دەبین.

دەبێت سەرنجى ئەوەش بدەین کە لە هیچ سەردەمێکدا وەکو ئەم سەردەمە, «دەمى ئێستا» زاڵنەبووە. مرۆڤ ھەمیشە ڕ‌ابردوو و ئایندەى هەبووە. بەڵام مرۆڤى سەردەمى ئێمە هەم بێ ڕابردووە و هەم بێ ئایندەش. مەبەستم لە ڕابردوو میراتى مێژووییە. مرۆڤى ئەمڕۆ ڕابردووى نیە. بەو مانایەى کە پەیوەندیى بە میراتە مێژووییەکەى خۆیەوە پچڕاندووە[...]. مەبەستم لە ئایندەش هەبوونى هیوا و ئارەزوو و داڕشتنى ئایدیایەک و چاوەڕوانییەکە بۆ بەدیهێنانى یۆتۆپیایەک. بەڵام مرۆڤى ئەمڕۆ هیچ یۆتۆپیا و چاوەڕوانییەکى نیە بۆ بەدیهاتنى نەخشەیەک لە ئایندەدا, واتە ئایندەى نیە. مرۆڤى ئەمڕۆمان پەیوەندیى بە ڕابردوو و میراتە مێژووییەکەیەوە پچڕاوە و هیچ ئایندە و ئایدیاڵ و یۆتۆپیایەکى نیە. تاکە شتێک کە بوونى هەبێت بریتییە لە ژیانى ڕۆژانە لە دەمى ئیستادا. هەر بەهۆى ئەم زاڵبوونەى دەمى ئێستا و دابڕانى مرۆڤەوەیە لە ڕابردوو و ئایندە, بۆیە ئاسۆى مرۆڤى سەردەمى خۆمان زۆر بەرتەسک و ناڕوون بووە. گوتەزاى ئەبەدیەتیش لە زەین و هەست و ژیانى مرۆڤى ئەمڕۆدا باریکردووە چونکە ناتوانێت خۆى لە ئاوێنەى ئەبەدیەتدا بخوێنێتەوە. [ئەبەدیەت دەکەوێتە بەرامبەر ژیانى ڕۆژانەوە کە تادێت زاڵدەبێت].

خاڵێکى تر ئەوەیە کە بوونى مرۆڤ, دوو پانتایى هەیە: یەکیان پانتایى ئەگزیستانسێل و ڕەسەنە و ئەویترشیان پانتایى ناڕەسەن و مەجازى. ئەو مرۆڤەى کە بە ماناى ڕەسەنى وشەکە ̎کات̎ـى نیە, واتە ئەو مرۆڤەى کە خاوەنى هیچ جۆرە ئەزموونێکى ژینکراوى هونەرى و حزوورى شاعیرانە لەم جیهانەدا و تەنهابوونەوە لەگەڵ خۆیدا نیە, ئەوا ژیانێکى ڕەسەن و ڕاستەقینەى نیە و هەمیشە کاتەکەشى کورتدێنێت. ئەم چەشنە مرۆڤە دەبێتە مرۆڤێکى مەجازى کە بوونى پەیوەستە بە تۆڕە مەجازییەکانەوە, واتە دەبێتە مرۆڤێک کە خودێکى ڕەسەن و ڕاستەقینەى نیە و بە وتەى کیرکەگارد دەبێتە «تاکێکى پەرش».

 

بە دیدى ئێوە ئەو کاریگەرییەى کە ئەم تۆڕانە لەسەر پەیوەندییە مرۆییەکان دایناوە, چى بووە؟ ئایا ئینستاگرام دەتوانێت تەنیایى مرۆڤە بەگەردیلەبووەکان(خۆتان وتەنى) پڕبکاتەوە؟

  • یەکێک لە هۆکارەکانى ئامادەبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تێرکردنى هەستى پێکەوەبوونە. بەڵام تەنیایى مرۆڤەکان بە هیچ کلۆجێک بەهۆى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قەرەبوونابێتەوە. باڵادەستبوونى عەقڵى ئامرازى و تەکنۆلۆژى, تا جێیەک ڕۆیشتووە کە «ئەویتر» وەرگەڕاوە بۆ «ئۆبێکت و شمەک»؛ غیابى هاوسۆزى و پێکەوەبوونیش لەگەڵ ئەویتردا, سەرەنجام سەریکێشاوە بۆ تەنیاییەکى قووڵ لەنێو مرۆڤەکانى سەردەمى خۆماندا. مرۆڤ لە هیچ سەردەمێکدا, هێندەى ئێستا ئیمکانى پەیوەندیگرتنى لەبەردەستدا نەبووە بەڵام سەرەڕاى ئەم هەمووە ئامرازەى پەیوەندیگرتنیش, کەچى قەت ئەوەندەش تەنیا نەبووە. لەم زەمانەى خۆماندا, «دڵبەندى» و هەستى پەیوەستبوون بەویترەوە, ئیتر چ هەستى پەیوەستبوون بێت بە کەسێکى ترەوە وەک دیاردەکانى هاوڕێیەتى و عەشق, و چ هەست پەیوەستبوون بێت بە کۆمەڵگاوە وەک پرسى سیاسى و قوربانیدان و خۆبەختکردن, تاڕادەیەکى زۆر لەناوچووە. لە دۆخێکى وەهادا تاکە جێیەک کە مرۆڤ دەتوانێت مانا خۆى تیا بدۆزێتەوە, مەسرەف و بەرخۆریى زیاتر و زیاترە. دیارە ئەم ڕێگایەش لەبەر هەژارییە بەرفراوانەکەى, بە ڕووى بەشى هەرە زۆرى خەڵکى دونیادا داخراوە. بۆیە ناچارە تەنیا بیر لە بەرخۆریى زیاتر بکاتەوە بەبێ ئەوەى بتوانێت بەدییانبهێنێت.

 

گەر کۆک بیت هەڵوەستە لەسەر ئینستاگرامى ئێرانى [و کوردى] دەکەین. ئێرانییەکان بەشێوەیەکى سونەتى و بەپێى کەلتورى دێرین و پاک و پەسەندى خۆیان بڕوایان پاراستنى حەرەمى تایبەتى و پەردەپۆشى هەبووە, دژ بە هەر جۆرە حەیابردن و هەڵماڵینێک بوون؛ چۆن ئاوا پێشوازى لە ئینستاگرام دەکەن و تایبەتترین دیوەکانى ژیانى شەخسییان دەخەنەڕوو؟ ئاخۆ ئەمە گوزارشت لەوە دەکات گۆڕانێکى بنچینەیى بەسەر کۆمەڵگاکەدا هاتووە؟

  • بەڵێ بێگومان کۆمەڵێک گۆڕانى بنچینەیى بەسەر کۆمەڵگاکەماندا هاتووە. لەم چەند دەیەى دواییدا نەک هەر دونیاى نەریت هەرەسیهێناوە, بەڵکو دونیاى مۆدێرنیش بەبەرچاومانەوە داڕووخاوە. واتە دونیاى مۆدێرن خۆیشى بووەتە بەشێک لە دونیا کۆنەکە. بەپێى دەربڕینە قەشەنگەکەى مارکس, «ئەوەى ڕەق و پتەوە, دەبێتەهەڵم و بە حەوادا دەچێت». ئەم قسەیەى مارکس لەم نیو سەدەیەى دواییدا, خێرایى و گوڕ و توندبوونەوەیەکى دووجاى وەرگرتووە.

 

کاریگەریى تۆڕەکانى وەک ئینستاگرام لەسەر هۆشیارى چیە؟ زۆرێک لەو باوەڕدان کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن هۆشیارى ببەخشنەوە؟  

  • تۆڕى جیهانى(ئەنتەرنێت) و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەتوانن تا ڕادەیەکى زۆر هۆشیارکەرەوە بن بەڵام هۆشیارکردنەوە بە مانایەکى تایبەت و سنوردار. ئەفلاتوون باسى دوو جۆر هۆشیاری(ئاگایى)ـى دەکرد: یەکیان «هۆشیاریى باو» کە لە سەرجادە و ناو کۆڵان هەیە و قابیلى فێربوون و فێرکردنە و تواناى گوێزرانەوەى هەیە بۆ ئەویتر, ئەویتریشیان «هۆشیاریى شاهانە» یان ئەو شتەیە کە یۆنانییەکان پێى‌دەڵێن سۆفیا و ئەفلاتونیش پێى‌دەوت خۆشویستنى سۆفیا و زانین, یان فیلۆسۆفیا- فەلسەفە. قسەکەى ئەفلاتوون ئەوە بوو کە سۆفستاییەکان پارە وەردەگرن و ئەم هۆشیارییە عامى و باوە بڵاودەکەنەوە بەڵام ناتوانن هۆشیاریى شاهانە بڵاوبکەنەوە چونکە ئەم هۆشیارییە, یان باشترە بڵێین ئەم خودهۆشیارییە, لە توخمێکى ترە و جیایە لە «زانیارى». دەوترێت شارستانیەتى نوێ شارستانیەتێکى زانین‌تەوەرە. بڕى ئەو زانین و هۆشیارییەى کە لە سەردەمى خۆماندا بەرهەمدێت بەراوردناکرێت بە هیچ سەردەمێکى ناو مێژووى مرۆڤ. دەوترێت بڕى ئەو زانین و ئاگاییەى کە ئەم سەدەیەى دوایى, مرۆڤ بەرهەمیهێناوە لە هەموو ئەو زانینە زیاترە کە مرۆڤ بەدرێژایى چەندین هەزارساڵ لەسەر زەوى بەرهەمیهێناوە [لەڕاستییدا ئامارى سەرسوڕهێنەتر لەم بارەیەوە هەیە کە شتى وردتریش دەڵێت]. دەشگوترێت لە چەند دەیەى داهاتوودا, لە هەر چەند مانگێکدا, و تەنانەت لە بڕگەیەکى کورتترى زەمەنییدا, قەبارەى زانینى مرۆیى دووجادەبێتەوە. بەڵام دەبێت سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕاستییەى کە لە سەردەمى نوێدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ هۆشیارییدایە بە ماناى مۆدێرنى وشەکە, بەڵام ناتوانین خودئاگایى(خوهۆشیارى) یان ئەو هۆشیارییە شاهانەیەى تیا بدۆزینەوە کە ئەفلاتوون باسیدەکرد؛ چونکە میدیاکان هەر لەبنەڕەتەوە ئیمکانى نواندنەوەى ئەم جۆرە هۆشیارییە یان خودهۆشیارییەیان نیە. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەى کە خودئاگایى سەر بەو ئاگاییانە نیە کە قابیلى نواندنەوەیە و دەنوێنرێتەوە. لەبەر ئەمەشە پێموایە میدیا تازەکان لەگەڵ میتافیزیک و سیستەمێکى ئەپستمۆلۆژیى تایبەتدا تەبادێنەوە کە دەکاتە هۆشیارى بە مانا مۆدێرنەکەى. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆ سەروکارت لەگەڵ هۆشیارییدایە بە مانایەکى تایبەت کە دەکاتە زانیارى. بەڵام زانیاریى ڕووت بۆ مرۆڤ بەس نیە. مرۆڤ بۆ ئەوەى مرۆییانە بژى, پێویستى بە جنسێکى ترە لە هۆشیارى کە خوالێخۆشبوو ئەحمەد فەردید پێى دەوت دڵ‌ئاگایى. ئەم خودئاگاییە یان دڵ‌ئاگاییە, یاخود ئەوەى هیادگەر پێى‌دەوت «حزوورى شاعیرانە لەناو جیهاندا», شتێک نیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانى سفر و یەک یان دووانى(Binary Language) و بەو زمانەش گوزارشتى لێ بکرێت و لە شاشەکانەوە پیشانبدرێت. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بێشومار زانیارى و هۆشیارى لەئارادایە بەڵام ناتوانین شوێنەوارەکانى خودئاگایى و دڵ‌ئاگایى و حزوورى شاعیرانەى تیا بەدیبکەین یان ئەو شتەى تیا بەدیبکەین کەهندییەکان پێى دەڵێن ڤیدا و یۆنانییەکانیش سۆفیا و ئێرانییەکانیش حیکمەت...

نیل پۆستمەن, پسپۆڕى ئەمریکى لە بوارى میدیادا دەڵێت: مرۆڤى ڕابردوو پڕ گۆزەیەک زانیاریى هەبوو, و تا دوا چۆڕ هەر لێى دەخواردەوە بەڵام مرۆڤى مۆدێرن بەتەنیشت ئۆقیانووسێکى گەورەى زانیارییەوە دەمرێت. بۆ؟ چونکە بە بڕواى من دەروون و ڕۆحى مرۆڤ پێویستى بە جۆرێکى ترە لە هۆشیارى کە سەر بەم زانیارى و هۆشیارییە باوانە نیە. مرۆڤ پێویستى بە جۆرێک لە خودئاگاییە کە نەک هەر لەگەڵ درککردنیدا بەڵکو لەگەڵ ڕۆحیشیدا لە پەیوەندییدایە و ڕووناکى و گەرمى واتە ئاراستە و ماناى پێ‌دەبەخشێت. ئەم هۆشیارییەش لە جۆرێک لە حزوور و ئامادەییەوە سەرچاوەدەگرێت لەناو جیهاندا, نەک ئەوەى بەرهەمى پۆزەتیڤیتە و چەمکە پۆزەتیڤیستەکان بێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا دەتوانن زانیارى و هۆشیاریى پۆزەتیڤیستى(یان هۆشیاریى فاکت‌مەند) پەخشکەنەوە.

 

کەواتە بە ڕاى ئێوە, مەک لۆهان ڕاستیدەکرد کە دەیوت میدیا یان میدیۆم خۆى ناوەڕۆکى پەیامەکەیە؟

  • پێموایە مەک لۆهان لەم ڕووەوە زۆر ڕاستیدەکرد. هەر میدیایەک(هەر میدیۆمێک) تەنیا ئامرازێک نیە بۆ گواستنەوە و گەیاندن, بەڵکو هەڵگرى جۆرێک لە ئۆنتۆلۆژیا و میتافیزیکى تایبەت بە خۆیشیەتى. بەداخەوە تاڕادەیەک زۆرینەى ئەوانەى لە کۆمةڵگاى ئێمەدا خاوەن‌ڕان لە کایەى میدیادا, تێگەیشتنێکى ئەوتۆیان بۆ بوونناسى و میتافیزیکى میدیا تازەکان نیە. میتافیزیکى میدیا بەشێکە لە پەیامى میدیا و ئەم میتافیزیکە بە بڕواى من نیهیلیستانەیە. من لەگەڵ ژان بۆدریاردا هاوڕام کە «تۆڕ, واتە تەقینەوەى ناوەکیى مانا».

 

 

 

 

 

 

 

 


[1]. ڕووبەرى شەخسى و ناوەکیى مرۆڤ خۆى. پێدەچێت وشەى هەرێم-ى ناو زمانى کوردییش هەر لێرەوە سەرچاوەى گرتبێت. نالى دەڵێت: من لە ئیحرامی ئەدەبدام و ،ئەتۆش صەیدی حەرەم - موددەعی،هەروەکو سەگ ، بۆچی بە ئێمە دەوەڕێ؟- و

[2] . کۆى وشەى غەیر, نەناس و بێگانەکان- و

 

 

سەرچاوە: هەفتەنامەى «کرگدن»