A+    A-
(385) جار خوێندراوەتەوە

  

 

           گفتوگۆى ̎یورۆ نیوز̎ لەگەڵ

              یۆڤال نوح هەرارى

               pdf  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

   و. وەلید عومەر

                                                                                                         

 

 

 

دیدار و چالاکییە یەک لەدواى یەکەکانى یۆڤال نوح هەرارى, خەمخۆریى بێوچانى ئەم مرۆڤە پیشاندەدات دەرهەق بەو گۆڕانکارییانەى کە خەریکە بەسەر ماهیەتى مرۆڤدا دێت. بەڵام لەبەرامبەردا  خۆى دەڵێت: بەداخەوە ئەوانەى ڕەخنەیان دەکەم, پێشوازییم لێ دەکەن و بەم پێشوازییە خەسێنەرە ڕەخنەکانم پووچەڵدەکەنەوە. هەروەها ئەوانەشى کە شتێکیان پێ دەکرێت دەرهەق بەو دۆخە, ئەوا کاتیان  نیە. ئەم باسانە کە یۆڤال نوح دوایان کەوتووە, پرسى گشتەکى(کلى)ن و لە کۆدا پەیوەندییان بە مرۆفەوە هەیە لەسەرووى هەر شوناسێکى بەشەکى(جزئى)یەوە کە دەشێت نەتەوە و ڕەنگ و  ڕەگەز و چین و هتد بگرێتەوە. ئەم باسانە گەرچى بە زمانێکى زۆر تیۆرى ناخرێنەڕوو, بەڵام ئاسۆى فیکریى درێژخایەنیان لەپێشەوەیە. سلاڤۆى ژیژەک لە کتێبى ژیانکردن لە دوا ساتەکان(Living in the End Times)دا دەپەرژێتە سەر چوار کێشەى گشتەکى و سەرەکى کە کێشەى مرۆڤە لە ئاستە یونیڤێرساڵەکەیدا: کێشەى ژینگە, ئابورییەکى ناهاوسەنگ, شۆڕشى بایۆجینات(دەستکاریکردنى سرووشتیى بۆماوەیى مرۆڤ و گیانلەبەران), و کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان. باسەکانى یۆڤال و ژیژەک یەکتر دەبڕن و بەر یەکتر دەکەون, بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە ژیژەک فەیلەسوفێکى تیۆرییە و ناوکێکى سیاسیى هەیە و ئیشى چەمکاندن دەکات. بەکورتییەکەى, یۆڤال و ژیژەک بە تەنگ کۆمەڵێک پرسى گەردوونییەوەن کە شارستانیەتێکیان لەپشتەوەیە و ئەگەرى هەیە ئەم شارستانیەتە بەرەو بەدگۆڕان(مەسخ) ببەن. ئەوەى پەیوەندیى بە کۆمەڵگاى ئێمەوە هەیە, ئەوەیە کە هیچ بەشدارییەکى چالاکمان لە ڕێڕەوى ئەم پرسانەدا نیە و لێرەوە ئیشى فیکر دەبێتە چاودێرى و تیۆریزە بۆ بەرکەوتنى پنتە گڵۆباڵ و لۆکاڵەکە. واتە تێبینیى ئەو پانتاییە رەمزییەى کۆمەڵگاکە بکەین کە چیى لێ درووستدەبێت, ئیدى هەر لە سیاسەتەوە بۆ ئابورى و  کۆمەڵایەتى و هتد. بینینى دیاردەکان لەو جێیەدا کە لۆکاڵ-گڵۆباڵ بەریەکتر دەکەون, یەکێکە لە ئیشەکانى تیۆر. شەڕى دوو خێڵى ئەم دواییەى ئاکرێ نمونەیەکى بەراییە بۆ ئەوەى چۆن سمارت سوار ڕەهەندى خێڵ بووە و ژێستى شەڕکەرەکان لە ژێستى یاریى پۆبجى جیانابێتەوە. واتە دەشێت ڕەهەندێکى عەقڵى تەکنۆلۆژى ببێتە سەربار بۆ ڕەهەندێکى عەقڵى خێڵ و سەرەنجام پلەیەکى توندبوونەوە ببینین. وەک سیاسەتیش لە نیمچە-پاشایەتییەکدا دەژین کە دەستی بە هەموو ئەو پرۆگرامە زیرەکانەدا دەگات کە دەتوانێت خەڵکى پێ کۆنترۆڵبکات- وەرگێڕ

  

 

 

 

 

پرسیار: بەڕێز هەرارى سوپاسى بەشدارییت دەکەم لەم گفتوگۆیەدا. وەرن با گفتوگۆکەمان بە گرەوێک دەست پێ بکەین: هەڵبژاردنەکانى پارلەمانى ئەورووپا نزیکە و بەم هۆیەشەوە داهاتووى ئەم یەکێتییە بووەتە جێى باسوخواسى زۆر. ئامادەیت گرەو لەسەر ئەوە بکەیت کە تا ١٥ ساڵى تر یەکێتیى ئەورووپا هەروا بمێنێتەوە؟

هەرارى: نازانم. وەک مێژوونوسێک ئەوەندەى بزانم, ناتوانرێت پێشبینیى داهاتووى ئەم شتانە بکرێت. چونکە هەمیشە کۆمەڵێک ڕووداو هەیە و پێشبینى ناکرێن. مێژوو خۆى شایەتى ئەم قسەیەمە. تا چەند مانگێک بەر لە شۆڕشەکانى ١٩٨٩, کەس لە خۆرهەڵاتى ئەورووپا پێشبینیى شتى واى نەدەکرد و پێنج ساڵ لەوەو پێشیش شتى وا هەر لە فیلمى خەیاڵى-زانستى دەچوو. سەبارەت بە ئایندەى یەکێتیى ئەورووپاش هەر وایە و ناتوانین هیچ بڵێین. ئاواتەخوازم دەنگدەران بڕیارى درووستى خۆیان بدەن و ئەم یەکێتییە بهێڵنەوە. چونکە هێشتنەوەى یەکێتییەکى لەم جۆرە, هەم بۆ ئاشتى گرنگە لە سەرتاپاى ئەورووپادا و هەم بۆ خۆشگوزەرانییش لەم قاڕەیەدا. بەتایبەت لەوێوە کە ئاشتى و خۆشگوزەرانیى جیهان, بەستراوەتەوە بە خۆشگوزەرانییەوە لە ئەورووپادا.

 

ئێوە لە کتێبەکەتاندا(٢١ وانە بۆ سەدەى ٢١), ئاماژەتان بەوە کردووە ئەوە تەنیا لەڕێگەى هاریکارییەوەیە کە دەتوانرێت گرفت و ئاڵنگارییە جیهانییەکان چارەبکرێت. بەڵام حاڵى حازر وادەردەکەوێت کە هاریکاریى جیهانى, لەبەردەم کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەدایە. ناسیۆنالیزم لەم سەر بۆ ئەوسەرى دونیا لە بەهێزبووندایە. بە بۆچوونى تۆ بۆچى لایەنگرى زۆر لە دەورى ئەم جۆرە ئایدیایانە(ـى وەک ناسیۆنالیزم) کۆبوونەتەوە و چۆنییش مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین؟

هەرارى: خەڵک دەبێت لەوە تێبگەن کە حاڵى حازر مرۆڤایەتى لەبەردەم سێ هەڕەشەدایە. کۆمەڵێک هەڕەشە کە چارەسەرەکەیان لە ئاستى نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا نیە, و تەنیا لە ئاستى نێودەوڵەتییدا جێى چارەسەرکردنن. ئەو سێ هەڕەشەیەش بریتیین لە: هەڕەشەى پرسى ئەتۆمى[و پرسە پەیوەستەکانى چواردەورى ئەتۆم], گۆڕانى کەشوهەوا, و ئەو پشێوى و شێواندنانەى کە تەکنۆلۆژیا [لە هەموو ئاستەکاندا] درووستیدەکات, بەتایبەت لەوێوە کە پەیوەندیى بە هۆشى دەستکرد و بایۆ-ئەندازیارییەوە[1] هەیە. هۆشى دەستکرد و بایۆ-تەکنۆلۆژیا دەتوانن کۆتایى بەو شتە بێنن کە پێى دەوترێت مرۆڤایەتى. تاکە ڕێگەى مامەڵەکردن بەم پرسانەوە, هاریکارییەکى نێونەتەوەییە. گەر بچینە کێبڕکێوە بۆ خۆپڕچەککردنمان بە هۆشى دەستکرد و مەسەلەى جینات, ئەوا یەک ئەنجاممان دەستدەکەوێت کە لەناوچوونى مرۆڤایەتییە. بایەخێکى ئەوتۆى نیە کێ پێشبڕکێکە دەباتەوە, ئەوەى دەدۆڕێت و لەناودەچێت مرۆڤایەتى خۆیەتى.

     

بیرکردنەوەى دووانى(binary) کە هەموو شتێک تیایدا یان ڕەشە یان سپى, دەتوانێت بەقەدەر ناسیۆنالیزم مەترسیدار بێت.

هەرارى: ناسیۆنالیزم ڕووى باش و ڕووى خراپیشى هەیە. فیکرى ناسیۆنالیستى لە ئانوساتى ئەرێنییترین وەرچەرخانەکانى مێژووى مرۆڤیشدا هەر بینراوە, سەرەڕاى ئەمە دیوى نەرێنییشى هەیە. دیوە باشەکەى ناسیۆنالیزم لەوەدایە کە ئەو توانایە بە ملیۆنان مرۆڤى غەریبە دەبەخشێت ئاگایان لە یەکتر بێت و یارمەتیى یەکتر بدەن. بەڵام دیوە خراپەکەى ناسیۆنالیزم ڕقهاتنەوەیە لە خەڵکى بیانى. واتە ئەو شتەى کە بە بڕواى من [هێشتاش هەر] بە کرۆکى ناسیۆنالیزم هەژمارناکرێت. بەشێک لەو کێشەیەى ئەمڕۆ لە هەندێک گۆشە و کەنارى دونیادا دەیبینیت, ئەوەیە لەجیاتیى ئەوەى تەرکیز بخەنە سەر خۆشویستنى هاوچەشنەکانى خۆیان کەچى خەڵکانێک دەبینیت ڕقى خۆیان لەسەر بیانییەکان چڕکردووەتەوە. سەیرکە خەڵکانێک دەبینیت گەندەڵى دەکەن, پارە لە سیستەمى خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان دەگرنەوە, و ئارەزوویان بۆ پشتیوانیکردنى هاونیشتمانییەکانى خۆیان نیە و دواتریش ئەم کەسانە خۆیان بە نیشتمانپەروەر دەدەنەقەڵەم. بۆ؟ چونکە ڕقیان لە خەڵکى بیانییە و هیچى تر.

 

زۆرێک لە خەڵک لەجیاتیى خوێندنەوەى هەواڵى ڕاست و درووست, کەچى دواى ئەو هەواڵانە دەکەون کە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانیان پشتڕاستدەکاتەوە و بەهێزیشى دەکات. چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەر ڕێڕەوى گفتوگۆى عەقڵانی. ئەویش لەکاتێکدا کە هەندێک لە سەرکردەکان خۆیان لە وەڵامە مانادارەکانى کەسانى وەک جۆرج سوروس, و فەتحوڵا گولەن یان لیبراڵەکان لادەدەن؟

هەرارى: ئەم فەن‌وفێڵە شتێکى نوێ نیە, هەمیشە هەبووە. شتە تازەکە ئەوەیە کە ئێستا ئێمە بە یارمەتیى تەکنۆلۆژیا تازەکان دەسەڵاتێکى زۆر زۆرمان هەیە بۆ ڕفاندن و خراپ‌بەکارهێنانى سەرنجى مرۆڤەکان. ئەو کێشەیەى ئێستا دەستەویەخەى بووینەتەوە, ئەوەیە کە تەکنۆلۆژیا خەریکە بەسەر خاڵە لاوازەکانماندا سەردەکەوێت. ئێمە کۆمەڵێک تەکنۆلۆژیاى زۆر بەهێزمان هەیە کە دەتوانن پنتە لاوازەکانمان بناسن, بۆنمونە هەستت چۆنە و ڕقت لە چییە و دەشتوانن بەهۆى وروژاندنى ئەم پنتە عاتفییانەوە سەرنجتان بۆ ئەو شتانە ڕابکێشن کە خۆیان دەیانەوێت. یەکێک لەو هۆکارانەى کە دەبێت ئەم تەکنۆلۆژیایانە ڕێکخەین پشتیوانییە لە مرۆڤ لەبەرامبەر کۆنترۆڵ و خراپ بەکارھێناندا.

ئایا لەو شێوازە دیکتاتۆرییە نیگەرانیت کە لەلایەن جۆرج ئۆروێلەوە باسکراوە و ئەو خراپ بەکارهێنانەى میتا داتاکان(=داتا لەبارەى داتاوە)یش؟            

هەرارى: زۆریش نیگەرانم. پێموایە حاڵى حازر تەکنۆلۆژیا لە هەر کات و ساتێکى ترى ناو مێژووى مرۆڤ زیاتر, بوارى بۆ درووستبوونى ڕژێمە تۆتالیتارەکان ڕەخساندووە. تەنانەت لەوەش زۆر زیاتر کە جۆرج ئۆروێڵ وێناى دەکرد. چونکە ئۆروێل وێناى دۆخێکى دەکرد کە ڕژێمە تۆتالیتارەکان هەمووکات چالاکییەکانتان دەخەنە ژێر چاودێرییەوە بەڵام ئەم چاودێرییە تەنیا بەسەر دونیاى دەرەوەى مرۆڤەوە بوو. دەربارەى ئەوەى خەریکى چیت, بۆ کوێ دەچیت, چاوت بە کێ دەکەوێت, و چى دەڵێیت. ئێستا تەکنۆلۆژیایەکمان هەیە کە بە یارمەتیى سانسۆرە بایۆمەترییەکان(زیندەپێوى) و تێهەڵکێشێک لە تەکنۆلۆژیاکانى هۆشى دەستکرد و بایۆتەکنۆلۆژیا, هەر بیستوچوار کاتژمێرەکە خەڵک دەخەنە ژێر چاودێرییەوە؛ هەمووشت, هەم دونیاى دەرەوە و هەم ناوەوەشیان. بۆنمونە هەنوکە لە «چین» کۆمەڵێک قوتابخانە هەن کە قوتابییەکان دەستبەندى بایۆمەترى لەدەستدەکەن. چینییەکان دەڵێن بەکارهێنانى ئەم دەستبەندانە لەپێناوى باشتربوونى ئاستى پەروەردە و فێرکردندایە و بەم جۆرە مامۆستاکان تێدەگەن چ کاتێک ماندوودەبیت و چ کاتێکیش وەڕس و چ کاتێکیش کێشەیەکت هەیە. دەکرێت سود لەم تەکنۆلۆژیایە بۆ ئامانجە سیاسییەکانیش وەربگیرێت. ئەوەى ئێمە لە سەدەى بیستدا لە سەردەمانى ستالین یان هیتلەردا دەمانبینى, هەرگیز بەراوردناکرێت بەو شتانەى کە بە کۆمەکى تەکنۆلۆژیا ئەنجامدەدرێن. واتە ئەو تەکنۆلۆژیایانەى کە بەکارهێنانەکەیان هەر لەئێستاوە دەستیپێکردووە.

ئەگەر دەستەبژێرێک هەبووایە و بیتوانیایە ژیانى مرۆڤ درێژبکاتەوە و خەڵکانى بێ‌کەڵکى پێ ئازاربدایە ئەوا ئەوکات ڕووبەڕووى چ مەترسیگەلێک دەبووینەوە؟

هەرارى: گەر ئێمە بەشێوەیەکى درووست تەکنۆلۆژیا تازەکان بەکارنەهێنین ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە ئێوە باسى دەکەن. لە حاڵەتیکى وادا, زانینى بایۆتەکنۆلۆژى بەکاردەهێنرا بۆ بەرزکردنەوەى توانستى گرووپێکى بچوکى دەستەبژێر و گەیشتن بە ئاستێکى باڵا و لێرەشەوە مەودایەکى گەورە دەکەوتە نێوان ئەوان و زۆرینەى خەڵکەوە. بەم جۆرە خەڵک بەسەر چەشنی جیاجیادا دابەشدەبوو و بۆ یەکەمین جاریش لە مێژوودا, توخمى[2] مرۆڤە دەوڵەمەندەکان لەگەڵ توخمى مرۆڤە هەژارەکاندا جیاواز دەبوو. ئەمە گەورەترین جۆرى نایەکسانیى مێژووە. زۆر پیشە ئاوادەبوون و زۆر پیشەى تازەش دەهاتنەگۆڕێ. بەڵام لە دۆخێکى وەهادا کێشە واقیعییەکە لەناوچوونى پیشەکان نیە بەڵکو فێرکردن و پەروەردەى سەرلەنوێى خەڵکە. خەڵک ناچاردەبن هەمووجار ئیشەکانیان بگۆڕن و هەتا ماون هەر خەریکى فێربوون بن. سیستەمى پەروەردەى ئێستا, خەڵک بۆ شتی لەم جۆرە ئامادەناکات.

با چەند پرسیارێکى شەخسییش بکەم. وەک ھاوڵاتییەکى ئیسرائیلى, بیستنى پەیتاپەیتاى دەنگى هەڵدانى موشەکەکان و ئاژێرەکان چ کاریگەرییەکى لەسەر بیروبۆچوونت هەبووە؟

هەرارى: ھەموو ساتێک گوێم لە شتى وا نیە. جاروبار شتى وا ڕوودەدات. دۆخى غەزە, بۆ ئەو کەسانەى کە لەوێ دەژین هەر بەڕاستى ترسناکە. بەڵام زۆربەى خەڵک لە ئیسرائیل, بەشى هەرە زۆرى ژیانیان لە ئارامییدا دەژین. دیارە شتى وەها کاردەکاتە سەر بیرکردنەوەى منیش. پێموایە تێڕوانینم بۆ زۆرێک لەم گۆڕانکارییانە, کەمتر ساویلکانەیە. گەر لە سانفرانسیسکۆ یان کالیفۆرنیا بژیامایە, ئەوا ئاسودەتر دەمتوانى تێڕوانینى وەها سادە قبوڵبکەم کە «بەڵێ تەکنۆلۆژیا شتێکى ناوازەیە و کارى ناوازەشى بۆ مرۆڤایەتى پێ دەکرێت». گەر لە ئیسرائیل بژیت, تێدەگەیت مرۆڤایەتى دیوى چەند تاریکى هەیە!

 

ئێوە ساڵانە بەشداریى بەرنامە درێژخایەنەکانى میدیتەیشن دەکەن. لەپاش میدیتەیشنەکان چۆن دەگەڕێیتەوە بۆ ناو ژیانى ڕۆژانە؟

هەرارى: شتەکان خێرا دەچنەپێشێ. بۆنمونە تەکنۆلۆژیاکان و وەرچەرخانە سیاسییەکان. ئێستا لە هەموو کات زیاتر گرنگە مرۆڤ کات تەرخانبکات, پەیوەندیى بە هەموو شتەوە بپچڕێنێت, کات بداتە خۆى, خۆى زۆرباشتر بناسێت و قووڵتر بیر لەم بابەتانە بکاتەوە. ئێمە بەنزیکەیى کاتى پێویستمان بۆ هیچ کارێک نەماوە. سەربارى ئەمەش دەبێت ئەو چەند ساڵەى کە لەپێشمانەوەیە گرنگترین بڕیارەکانى ناو مێژووى مرۆڤ بدەین. ئێمە ئێستا ئیدى دەسەڵاتێکى ئیلاهییانەمان هەیە ھەم بۆ ئەفراندن و ھەم بۆ لەناوبردنیش. ئەوە مرۆڤەکانن نەک خوداکان کە دەبێت بڕیاربدەن چى بکەن و چى نەکەن. من بەو زووانە لەگەڵ مارک زوکەربێرگ-ـى بەڕێوەبەرى فەیسبوک و سباستیان کۆرتز (Sebastian Kurz)ـى ڕاوێژکارى نەمسا دانیشتم. یەکێک لە نیگەرانییەکانم لەگەڵ ئەم کەسایەتییە گرنگانەدا ئەوەیە کە کاتیان نیە. کاتى پێویستیان بۆ ئەوە نیە تەنها دانیشن و ئارامیى خۆیان وەرگرن و بەقووڵى بیر لە شتەکان بکەنەوە, و هەمیشە خەریکى چارەى قەیرانى جیاجیان.      

      

 

 

 

 

 


[1]. Bioengineering