A+    A-
(300) جار خوێندراوەتەوە

             

                هاوسەرگیری و یاسا و بازاڕ

 

 

 

                   شوشە عەلی

 

 

 

 

 ئەوە ڕوونە بەگوێرەی سەردەمەکان شێوە و ڕووکاری دیاردەکان دەگۆڕێن، بەتایبەت لە سەردەمی سەرمایەدارییدا گرێبەستی ھاوسەرگیرییش کە سرووتێكی باوی کۆمەڵگایە بێبەش نیە لە کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییانە. لەم سەردەمەدا شتێک کە بەرەنگاری دەبینەوە و لێی ڕادەکەین نیھیلیزمە، واتە بێبەھابوونی بەھاکان کە لە ھەموو جیھان ڕووبەرووی بووینەتەوە. گرێبەستی ھاوسەرگیرییش یەکێکە لەوانەی تووشی ئەم بێ بەھاییە هاتووە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی و خۆرھەڵات کە بابەتێکی گرنگە بە لایانەوە و بێ بەھاش بووە، بۆیە پێویستی بە ھۆکارێکی ترە بۆ پێکەوەبەستنەوەی دوولایەن بە تایبەت کە گرێبەستێکی ڕەزامەندانەیە.

 لە یاسای عێراقییدا ھاتووە «ھاوسەرگیری، گرێبەستێکی ڕەزامەندانەیە لەنێوان ژن و پیاوێکدا کە لەڕووی شەرعییەوە ھەر یەکەیان بۆ ئەویتریان حەڵاڵدەکات، ئامانجیش درووستکردنی خێزانە لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی و میھرەبانی و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش بەپێی حوكمەكانی ئەم قانونە». لەم مادەیەدا ئاماژە بە گرێبەست دەکرێت لەسەر بنەمای ڕەزامەندی، واتا ھەر یەک لە لایەنەکان کە ژن و پیاون ڕەزامەند بن بەم گرێبەستە و گۆڕینی پەیوەندییان بۆ حەڵاڵی یەکتری، بنەماکەی خۆشەویستی و میھرەبانی و بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی ڕەخنەی لێدەگیرێت لەم پێناسەدا ئاماژەدانیەتی به بەپرسیاریەتیی ھاوبەش، چونکە لە مادەکانی ھەمان یاسادا ئاماژە بە واجببوونی (نەفەقە -مارەیی) دەکات لەسەر شانی پیاو، کە پێناسەی مارەیی دەکرێت بەوەی (مارەیی بریتییە لەو مافە ماڵییەی کە ئافرەتەکە دەیکەوێت بە ھۆی گرێبەست لەگەڵی یان چوونە لای)، کە لێرەدا مافێکە بۆ ئافرەت و دەبێت پیاو بیدات ئیتر مارەیی (نموونەیی یان ناونراو بێت). هەروەها لەبری مارەیی بە یەکجار بدرێت یان بە مارەیی پێشەکی و پاشەکی، کە بۆ ئەمانە دەگەڕێینەوە سەر ناوەڕۆکی گرێبەست، و لە ئاماژەدان بە نەفەقە لە مادەی بیستوسێ(23)ـی یاسای باری کەسێتیدا ھاتووە «نەفەقەکێشانی ژن لەسەر مێردەکەی پێویستە»، کە نەفەقە بریتییە لە پێداویستییەکانی ئافرەت و دابینکردنی لەلایەن پیاوەوە. لێرەوە بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە دەستەواژەی «بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش» تەنھا دەستەواژەیەكە و لە دەقەکەدا ھیچ ئەركێكی نیە، و ئەرکی بەخێوکردنی خێزان و دارایی ماڵ لەسەر پیاوە، لێرەدا ئەمە پێچەوانە دەوەستێتەوە لەگەڵ گرێبەست کە ڕەزامەندانەیە، چونکە دەبێت ھەردوو لایەن ڕۆڵێکی چالاك و وەک یەک بگێڕن، بەڵام لێرەدا پاسیڤبوونی ڕۆڵی ژن لە بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش و وەرگرتنی مارەیی و نەفەقە لە پیاوەوە، کە ئەمە لەگەڵ ڕۆحی سەردەمەكەدا ناگونجێت(كە كۆمەڵێك بەهای یونیڤێرساڵی لە خۆیدا هەڵگرتووە)، چونکە لایەنی ئەکتیڤ وەک دەسەڵاتی باڵا دەردەکەوێت و لایەنەکەکەی تریش ملکەچکراو، لەکاتێکدا ئەم گرێبەستە پێویستی بە بنەمای ئازادیی بڕیاردان و نەتوانەوەی لایەنێکە لەوی تردا.

بەڵام لەم سەردەمە و لێرەدا ئەو ھۆکارانەی دەبنە بنەما بۆ ئەم گرێبەستە ئایا خۆشەویستی و بەرپرسیاریەتییە؟ ئەوە ڕوونە کە ئەم گرێبەستەش پاش لاوازبوونی پەیوەندییە خۆشەویستی و کۆمەڵایەتییەکان، بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێت بۆ مانەوەی گرێبەستەکە کە لێرەدا پارە دەبێتە «باشترین!» بەدیل و ھۆکاری بەستنەوە بەم گرێبەستەوە، لە پێناو پاراستنی بەھاکان بە ناوی کەلتور و دین و نەریت. هەروەها هەژموونی بازاڕ و ڕۆڵی گرنگی پارە لە ھەموو بوارەکان وەک جێگرەوەیەک، چونکە تاک دەتوانێت بێ خۆشەویستی بژی بەڵام بێ پارە و پێداویستییە جۆراوجۆرەکان نا، کە ئەمەش بە کاریگەریی دین + بازاڕ درووستدەبێت کە لێرەدا بوونی مارەیی دەقۆزرێتەوە بۆ بەستنەوەی لایەنی بەرامبەر بە عەقدێک کە بنچینەی ژیانی ھاوبەش و بەرھەمھێنانی مناڵ و درووستبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو نرخەیە کە تۆ دەتوانیت پێشکەشی بکەیت، و پێداویستییەکانی بەرامبەرت پڕکاتەوە. پاشان بە پەشیمانبوونەوە ئاوا پێویستە دوو نرخ بدەیت، کە بە شێوەکی ناڕاستەوخۆ دەتخاتە زیندانێکی ئەبەدییەوە، لەکاتێکدا ئامانجی مارەیی وەک ڕێزپێدانەکە بە ئافرەت کە لە ماڵی باوکیەوە دەچێتە ماڵی خۆی تا ھەست بە دڵتەنگی نەکات، بەڵام دەبینین ئەمە بەتەواوی پێچەوانەبووەتەوە کە مارەیی بوەتە ڕێژەیەک کە تۆ دەتوانیت لایەنێک بکڕیت و لایەنێک ببەستیتەوە بە گرێبەستێکەوە(کە لێرەدا وەک کاڵا دەردەکەوێت) و دەرچوون لێی ببێتە بارگرانی. لێرەدا دیاردەیەکی تر ڕووبەڕووی ئەم گرێبەستە دەبێتەوە کە دەچێتە خانەی مەسرەفگەرایی مۆدێرنەوە بە تایبەت کە لێرەدا و ئەم سەردەمەی ئێستا بەردەوام ھەستی جۆراوجۆر درووستدەکات کە لەیەک کەسدا کۆنابنەوە و ناتوانیت ھەردەم بەردەوام بیت لە پەیوەندییەکی ناچاری. لە ھەمان کاتدا مۆدێرنە و تەکنەلۆژیا و دیاردەکانی پێت دەڵێت چۆن بەو چی بکە، تۆ پێویستە خاوەن لەش و لارێکی جوان بیت بەو شێوەی کە بۆت دانراوە و ئەویتر ڕابکێشیت بۆ لای خۆت بۆیە بەردەوام خەریکی نەشتەرگەرییە جیاوازەکانی جوانکارییە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەویتردا ھەست بە کەمی نەکات، و بەردەوامیی تۆڕی کۆمەڵایەتییش، بینینی ھەر یەک لە لایەنەکان بە ھەزارەھا بەرکەوتن لەگەل ھەزارەھای تر.

 

                                                    

 

 کاتێك دوای ھاوسەرگیری بە لەشولار و دیوە شاراوەکانی یەک ئاشنا دەبن، ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە ئەمە ئەو نمونەیە نیە  وێنام بۆ کردبوو، بە تایبەت کە بەژنوباڵا و لەشی نمونەیی بەردەوام لە سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە و ڕۆژانە بەریەک کەوتن لەگەڵ تاکەکاندا دەکات، بۆیە وا دەکات چیتر ئەم ھاوسەرەی کە پێشتر ئامادە بوو گیانی بداتێ ئەو نیە، چونکە ئەم چیتر حەز و ئارەزووی ئەو پڕناکاتەوە؛ ئەویش ناتوانێت پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە و دەبێتەھۆی درووستبوونی ساردییەک کە چیتر ھاوسەرگیری و ھاوسەرەکانیش وێنەیەکی بێزراون کە بەردەوام بەریەکتر دەکەون(لێرەوەیە یاسا پێویستی بە درووستكردنی لۆژیكێكی ناوەكییە لەگەڵ سەردەمدا). ئەمەش واتای گۆڕینی ھاوسەرگیری و پەیوەندیی خۆشەویستی بۆ جەستە و بەدیھینانی ماڵ و ڤێلاو پارە و پێداویستییە کۆتایینەھاتووەکان، کەواتە لێرەدا ھەم گرێبەستی ھاوسەرگیری و ھەروەھا ھاوسەرگیرییش تووشی بێبەھابوون بوونەتەوە، بە تایبەت کە ڕێژەیەکی مارەیی بگاتە سێ ملیار ئەوە ڕوونکردنەوەی بارودۆخە ،کە چیتر بێ بەھا بووەو ئێمە بە ھۆی ناوەندیی پارە یەکتری ناچار دەکەین بە مانەوە، چونکە چیتر تاک ناتوانێت ھەموو ژیانی لەگەڵ کەسێک بەسەر ببات لە بەر ئەوەی تۆ ڕۆژانە بەرامبەر ھەزاران دەبیتەوە و کاتێ دەتەوێت لە ھاوسەرەکەتدا ئەو شتانە ھەبن چیتر نین، بۆیە ھەستی خۆشویستن و چێژ وەردەگەڕێت بۆ ڕقلێبوونەوە و قێزلێبوونەوە. لە ھەمان کاتدا ئەم گرێبەستە دەبێتە تانەیەک بۆ ھەر گرێبەستێكی ھاوسەرگیری لە بەر ئەوەی ھەمیشە بە لایەنی بەرامبەر دەوترێت مارەیی زیاتر یاخود خۆ ئێمە مارەییمان ھیچ نیە، ھی ئەوان ملیارە و جۆرەھا شتی لەم شێوە، بەتایبەت کە خۆچوواندن بە ئەویتر بەرچاویترین دیاردەیە کە چیتر ژیانی ھاوسەری سەیری ئەویتر ناکات کە ژیانی لەسەر بنەمای خۆشویستن و بەھاکان بنیاتناوە، بەڵکو سەیری ئەویتر دەکات کە خاوەنی سەرمایە و لەشولار و سەیارە و ماڵی نمونەییە. ئەمانە و چەندین ھۆکار بوونەتەھۆی بێبەھابوونی گرێبەستی ھاوسەرگیری بە جۆرێك كە ئەوەی گرنگە چیتر ژیان و عەقد نیە، بەڵکو دەوەستێتە سەر ئەوەی چەندێک لە پێداویستییە ناکۆتاکان بۆ یەکتر پڕدەکەنەوە کە بازاڕ بۆی درووستکردووە و ئاراستەمان دەکات بۆی. چونکە تۆ چیتر خۆت نیت، دەبێت ببیە ئەوەی دەمەوێت و ئەم ویستنەش بەردەوام دەگۆڕێت. بۆیە ھاوسەرگیری و خۆشەویستیش تووشی ئەم بێ بەھایی بوونە هاتوون کە ھاوسەرگیری دەکرێت بەھۆی ئەم ھۆکارانەوەیە، بۆیە چەند لەم جۆرە عەقدانە زیادبکات بەردەوام ڕێژەی جیابوونەوە و تەڵاق لەبەرزبوونەوەدایە چونکە کە تۆ پارەت نیە و ئەو جەستە نموونەییە نیت کە دەمەوێت و پێداویستییەکانم بۆ پڕناکەیتەوە کەواتە بیانووم نیە بۆ بەردەوامبوون.

گرنگترین شت لەم گرێبەستەدا ڕۆڵی ژنە لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵێکی پاسیڤی ھەیە، کە شەرع و یاسا پێیداوە، لە ھەمان کاتدا سیستەمی سەرمایەداری کردوویەتی بە کاڵایەک بۆ ڕیکلامی جۆراوجۆر و بەکارھێنانی جەستەی ئافرەت وەک کاڵایەکی بازرگانیی جیھانی و پەرە دان بە ڕێڕەوی خۆی. ترسناکیی ئەم دیاردەش ئەوەیە کە ژنان قبوڵیانکردووە و لێرەدا جارێک بە کاڵا کراون و جارێکیش بە کۆیلە، بۆیە لێرەدا گرنگیی گرێبەستی ھاوسەرگیری و تەنانەت خۆشەویستی، وەک بەھای بەرزی کۆمەڵایەتی تووشی بێ بەھایی دەبنەوە ،چونکە چیتر پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێر و مێ نیە، بەڵکو دەبێتە پەیوەندیی بەکاربراو و بەکارھێنەر. لە کۆتاییدا ئەوەی پێویستە لەسەر کچی کورد ئەوەیە  کە ھاوسەرگیری وەک پرۆسەیەک سەیرنەکات کە گواستنەوەیەتی لە خاوەندارێتیی باوکیەوە بۆ ھاوسەرەکەی و بەخێوکردنی، یاخود وەک گرێبەستێکی ڕەق و نەگۆڕ نەیبینێت. بەڵكو وەک پرۆسەیەک سەیری بکات کە دەبێت بۆ ژیانێکی ھاوبەش و خۆبنیاتنانێکی نوێ بێت، نەک لە چوارچێوەی بڕێکی زۆری مارەیی یاخود لە ژێر کاریگەریی ھەستوسۆزی كپێنراوی منداڵیدا بێت، تاکو بتوانێت ژیانێکی ئینسانی فەراھەم بکات.