A+    A-
(4,396) جار خوێندراوەتەوە

   فیلمە سێکسییەکان و پڕکردنەوەی سوبێكتە بەتاڵەکان

 

 

 

هاوار نەسرەدین

 

 

 

بەگوێرەی سایتە پۆلێنبەندییەکان، ئەوانەی کە پڕبینەرترین سایتەکان تۆمار و پۆلێن دەکەن، سایتە پۆرنۆکان/ سێکسییەکان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهەرێمی کوردستانیشەوە، پڕبینەرترینن. واتە لە هەرێمی کورستاندا، زیاتر لە هەموو وێب سایتێکی تر، سایتە سێکسییەکان کلیک دەکرێن.

 

 

پۆرن؛ لەڕەگی لا مل نزیکتر

کەواتە کاتی ئەوەیە لەسەر بابەتێک قسە بکەین، کە زۆرترین بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی کوردی بەخۆیەوە مژۆڵ کردووە. کە ئەویش فیلمی پۆرنە، لە کوردستاندا بە فیلمی سێکسی و خیلاعی و فیلمی ڕووت و فیلمی خۆش و فیلمی تەڕەزان و فیلمی سایتە شینەکە و چەندان ناوی تر بەناوبانگە. هەر لەوەی کە بۆ یەک بابەت، چەندان ناوی جیاواز هەیە، ئەوە دەیسەلمێنێت کە زیاد لە ئەندازەی خۆی سەیرکەری هەیە.

فیلمە پۆرنەکان هێندە لە خەڵک نزیکبوونەتەوە، هیچ شتێکی تر هێندە نزیک نییە. خۆدەرخستنی ژنان و نمایشی سێکسی پیاوان، یاخود نەشتەرگەریی سنگ و سمتی ژنان و بەکارهێنانی دەرمانی گەورەکردن و درێژکردنی ئەندامی پیاوان یان زەقکردنەوە و خۆنواندنی ژنان لەوێنە یادگارییەکاندا، دەرخەری ئەم نزیکبوونەوەیەیە. بەجۆرێک ژنان لەکاتی وێنە گرنگەکاندا، هێندە لەهەوڵی ئەوەدان سمت و سنگیان بەرز دەربکەوێت، کەمتر گرنگی بە شتی تر دەدەن. ئاشکرایە ئەمانەیش، دەرئەنجامی کاریگەربوونە بە پۆرن، کە زەوق و سەلیقەی بینەرەکانی دەستکاری کردووە.

 

فرۆشتن بە خۆڕایی!

وەشاندن و پەخشکردنی فیلم بەشێوەی خۆڕایی، بۆ خۆی جێگەی پرسیارە. بۆ دەبێت چەندان کۆمپانیا، بە کۆمەڵێک خەرجی فرەوە، فیلمێک بەرهەم بهێنن و بەخۆڕایی بیخەنە بەردەستی بینەر؟ لێرەدا نابێت بەسەر یەکێک لە پەردە هەڵماڵینەکانی "سلاڤۆی ژیژەک" فەیلەسوفی سلۆڤانیدا، باز بدەین. ژیژەک ئاماژە بەوە دەکات کە فیلم و ڕیکلام، زەوق و چەشەی بینەر دەگۆڕن و بەو جۆرەی کە خۆیان دەیانەوێت ئاراستەی دەکەن. بۆ نموونە ئەگەر تا ئێستا تۆ حەزت لە برنجی دەنک درێژ نەبووبێت، ڕیکلام وات لێ دەکات کە لەمەودوا حەزی لێ بکەیت یاخود جارێک تاقی بکەیتەوە، با برنجەکە نایلۆن و نیشاستە بێت و بۆ تەندروستیت چاک نەبێت.

هەروەها بۆ پۆرنیش هەمان شێوەی برنجەکەیە. بەشێوەیەکی سەرەنجڕاکێش و بە خۆڕایی، هەزاران فیلم دەخاتە بەردەستت. هەر لەسەرەتاوە ئاڵۆش و هەستی سێکسیت دەجوڵێنێت، وات لێ دەکات بێ ئەوەی کاتت بەلاوە گرنگ بێت، بەدیار فیلمێکی زۆرەوە دابنشیت.

 

سێکسکردن لەبری تۆ

یەکێک لە چەمکە سەرەنجڕاکێشەکانی سلاڤۆی ژيژه‌ك بریتییە لە چالاكیى ناچالاك، چێژەکان لە ئێمە دەدزن و لەجیاتی ئێمە چێژ وەردەگرن. واتە ئه‌ستێره‌كان له‌جياتیی ئێمه‌ سێكس ده‌كه‌ن. ئه‌و هه‌سته‌مان ده‌ده‌نێ كه‌ له‌برى ئێمه‌ سێکس ده‌كه‌ن و چێژ دەبینن. ئەستێرەکان بە چالاکییەکە هەڵدەستن و بینەر بەتەنها لەکاتی ئەنجامدانی چالاکییەکە، سەیری دەکات، کەچی بینەر ئۆرگازم دەبێت بەبێ ئەوەی چالاکییەکی ئەنجام دابێت. ئەمەیش بەتەنها، ئۆرگازمێکی فیسیۆلۆژییە، چێژەکە لای بینەری ئۆرگازمبوو نییە، بەڵکو ئەوە ئەستێرەکەیە کە چێژ دەبینێت و لەجیاتی بینەریش سێکس دەکات.

 

وەرە تا پڕبکرێیتەوە

هەروەها لەمەڕ کاریگەرییەکی پڕ مەترسی پۆرنۆکان بەسەر مرۆڤەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە مرۆڤ خودێکی "سوبێكت" بۆشه‌ و بەئاسانی پڕ ده‌كرێته‌وه‌. شتەکانی تر، وەک ئەوەی کە بیانەوێت، کاریگەرییان بەسەرەوە هەیە و پڕی دەکەنەوە، ڕای دەهێنن و ئاراستەی دەکەن. مرۆڤ سوبێكتێكى مێژوویی و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌، له‌ناو مێژوو و كۆمه‌ڵگەدا دروست ده‌بێت. بە واتەیەکی تر دەکرێت بڵێین: بەتێپەڕبوونی کات و دووبارەکردنەوەی شتێک، هەروەها ژیان لەناو کۆمەڵگەدا و لە بەستێنێکی دیاریکراودا، بەو جۆرەی کە هەیە، مرۆڤ وەبار دەهێنن. بێگومان پۆرنۆکان بەو جۆرەی کە دەیانەوێت، مرۆڤەکان دەگۆڕن و کاریگەرییان لەسەر دادەنێن.

پڕکردنەوەی مرۆڤ لەلایەن پۆرنۆکانەوە، شتێکی هێندە ئاسایی نییە، کە نەبێتە جێگەی مەترسی و نیگەرانی. وێبسایتە پۆرنۆکان بە ئاسایی و بە ئاسانی فیلمی هاوڕەگەزخوازی بڵاو دەکەنەوە و دەیڕازێننەوە. ئەستێرەکانی پۆرن، ڕۆڵی مەحرەمی یەکتر دەگێڕن و بەیەکەوە سێکس دەکەن. بۆ نموونە ئەو ئەستێرانەی کە بەزۆری ڕۆڵی دایک دەبینن، ناوبانگێکی زۆریان هەیە و فیلمەکانیان پڕبینەرە. کەواتە بەم ڕێگەیە ناخی بۆشی ملیۆنانی پڕکردووەتەوە و سێکسی مەحرەمی لا ئاسایی کردووەتەوە. ئاساییکردنەوەی سێکسی کۆم، کە زیانی زۆرە و هەردوو ڕەگەز بە زوویی تووشی نەخۆشی دەکات، بەتایبەت "ئایدز"، یەکێکی ترە لەو پڕکردنەوانە. ڕۆژانە و بەردەوام پۆرنۆکان پێی هەڵدەستن و کرۆکی مرۆڤە بەتاڵەکان، بەم دیمەن و وێنەیانە پڕ دەکەنەوە.

 

پۆرن ڕوح و ئاینتە

هەر وەک ئاڵتۆسێر پێى وايه‌: ئايدۆلۆژيا نه‌سته‌. ئەوەیە کە لە نەستی مرۆڤدا هەیە و پێی دەژێت و باوەڕی پێی هەیە و پێی کاریگەرە. پۆرنۆکانیش ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ نه‌ستى كۆمه‌ڵايه‌تی، وێنەکان لە نەستی مرۆڤدا دەمێننەوە و دووبارە دەبنەوە. بەو جۆرەی لە نەستدا هەیە دەجوڵێتەوە و سەرسامە. پێوانەی جوانییەکان لە نەستیدا دەگۆڕێت، ئەوەی لە پۆرنۆکاندا دەبینرێت و پەسەندی دەکات، لە واقیعیشدا هەر ئەوەی دەوێ. ئاشکرایە تێکشاندنی ئەم ئایدۆلۆژیایە ئەستەمە، بە تایبەت بەهۆی ئەوەوە کە سوبێکت، باوەڕ بەوە ناکات، هێندە لەژێر کاریگەریی پێوانەی جوانکاری پۆرنۆکانە.

لەمەوە مرۆڤ، بەرامبەر هاوسەرەکەی خۆی دوودڵ و دڵکرمێ دەبێت. ئەوەی لە شاشەکانەوە پێی سەرسامە، دەیەوێت لە واقعیشدا دووبارەی بکاتەوە. پیاو هەمان جەستە و هەمان جوڵە و هەمان شێوازی دەوێت. ژنیش هەمان قەبارەی ئەندامی ئەو پیاوەی دەوێت کە پێی سەرسامە. هەروەها بەرامبەر بە ئەندام و جەستەی خۆیشیان دڵکرمێ دەبن و پێی ڕازی نین. ئاشکرایشە، ئەو جەستە کارتۆنی و بەرهەمێنراوە، لە واقعیشدا دەست ناکەوێت. بۆیە پۆرنۆکان وا لە مرۆڤ دەکەن، هەموو کات هەست بە کەمی و بچووکی بکەن، هیچ کاتێک لە خۆی و لە هاوسەری خۆی ڕازی نەبێت، هەموو کاتیش بە دوای نموونە ئایدیاڵەکەی خۆیەوە وێڵ بێت.

 

تەجمیل، کچی پۆرنە

هەر بۆیە لێرەوە نەشتەرگەری و جوانکاریی، رۆژبەڕۆژ لەبەرەودایە. بەرزکردنەوەی سنگ و سمت، لە ڕیزی زۆرترین نەشتەرگەرییەکانی جیهانەوەن. ئەمەیش وێڕای کێشەی دابینکردنی پارە و لێکەوتەی نەرێنی تەندروستی...هتد، ئاشکرایشە کە پەنابردن بۆ نەشتەرگەریی و جوانکاریی، بۆ نزیکبوونەوەیە لەو نموونە ئایدیاڵییەی کە پۆرنۆکان خستوویانەتە نەستی مرۆڤەوە، یاخود بۆ ڕازیکردنی ئاڵۆشی ڕەگەزی بەرامبەرە. بەهەمان شێوەیش، نەشتەرگەریی و دەرمانخواردنی پیاوان، بۆ درێژکردن و گەورەکردنی چووکیان، هەمان کێشەی بەرزکردنەوەی سمتی ژنانە. سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە، لە هەرێمی کوردستاندا کچەیلێکی فرە هەن شوویان نەکردووە و نەشتەرگەریی بەرزکردنەوەی سمت و سنگ دەکەن، دواییش باڵاپۆشی ئیسلامیین!

 

ڕاوی سێکس

خەمۆکیی مرۆڤ بەرامبەر نەبوونی سێکس، جا چ ژن یاخود پیاو، هەروەها هەوڵدان بۆ بەدەست خستنی سێکس یاخود تەقەلای کڕینی سێکس "لای پیاوان"، هەمان کێشەیە کە ئاڵتۆسێر ئاماژەی پێکردووە. بۆ پیشاندانی نیازپاکی و گوێڕایەڵی تاک بەرامبەر ئایدۆلۆژیاکەی، کە لەناخ و کرۆکدا باوەڕی پێهێناوە. پێویستە ئەوەی دەیبینێت و فێری دەبێت یان باشتر وایە بڵێین ئەوەی داوای لێکراوە و لەسەری فەرزکراوە، جێبەجێی بکات. لەکاتی دەست ڕانەگەیشتن بە ئەنجامدانی سێکس، هێندە نیگەرانی ئەوەیە کە لاسایی فیلمەکان ناکاتەوە، هێندە نیگەرانی ئەوە نییە کە وەک جەستە پێویستێتی.

لەسەردەمی ئێستاماندا، پۆرن بووەته‌ نوسخه‌ى ئه‌سڵ. سێکسی واقيعى پاشه‌كشه‌ى كردووه. تاکەکەس بەرامبەر پۆرنێک دادەنیشێت و بە هەموو بوونییەوە لەتەک ئەستێرەیەکدا سێکس دەکات و ئۆرگازم دەبێت. ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ نامۆبوونى جه‌سته‌، بگره‌ جۆرێكە له‌ عيرفان یاخود جۆرێكە له‌ پاشه‌كشه‌ى جه‌سته‌، زوهد و خۆگرتن له‌ چێژى واقيعی...