A+    A-
(156) جار خوێندراوەتەوە

        هیچ کەس لێم تێناگات؟: هیستریا 

 

 

     عەلی ئەحمەد

 

 



دەڵێن، هیگڵ گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی لەکاتی سەرەمەرگدا و دوا گوتەی وتوویەتی: ئەو لە من تێنەگەیشت.

با ئەم دوا گوتەیەی هیگڵ لە زمانی نیچە لە ڕۆمانی "کاتێ نیچە گریا" ی یرڤین یاڵۆم گوێلێبێ: ئەڵێن، هیگڵ لە سەرەمەرگدا خەفەتی دەخوارد، کە تەنیا یەک قوتابی هەبوو، کە لێی تێگەیشتووە، کەچی یەک قوتابییەکەش بە هەڵە تێگەیشتبوو! من تەنانەت ئەم یەک کەسەشم نیە شانازی پێوە بکەم.

ئایا هیگڵ کەسێکی هیستری بووە؟ بۆ ئێمە وەڵامدانەوە بە "بەڵێ" یا "نەخێر" سەختە. هیچ کەس لێم تێناگات - تۆنێکی خەماوییە، پەیوەندیی بە فۆرمەکان و نیشانەی نەخۆشی هیستریاوە هەیە. یرڤین یاڵۆم، کە خۆی پزیشکی تایبەتی دەروونییە (psychotherapist) و کار لەسەر سایکۆلۆجی بونگەرایی مرۆییەکان کردوە، دوو جار لە ڕۆمانی "کاتێک نیچە گریا" لە نێوان پاڵەوانەکان نیچە و برۆییەر ئامەژە بەم خەمەی هیگڵ دەکات. جۆزێف برۆییەر سایکۆلۆجیست، نیرۆپاتۆلۆژ و سایکەتێر، لە ساڵەکانی 1880 لە ئەوروپا بەناوبانگترین پزیشک بوو، کە نەخۆشی دیاریدەکرد ( "diagnosis" تشخيص) و چارەسەری بۆ هیستریا دەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەمەش، یالۆم ئاماژەی بە هیستریبوونی هێگڵ نەکردوە. کارڵ پۆپەر لە کتێبی "کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی" هێرش دەکاتە سەر هێگڵ و ئەو تۆمەتەی ئەخاتە پاڵ، کە بیرکردنەوەی سروشتێکی پاتۆلۆژی هەیە. وشە، ئایدیا و بیرکردنەوەکانی هیگڵ بە سیمپتۆمی"نیشانەی نەخۆشی" هیستریا ناو ئەبات. میتۆدەکەی هیگلیش تەنیا بۆ بابەتی لێکۆڵینەوەی دەرونشیکاری بە باش دەزانێ.

پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە چۆن لە هیستریا تێدەگەین، چونکە هیستریا فرەچەشن و فۆرمی جیاوازی هەیە، لەگەڵ سەردەم و کۆنتێکستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕەنگ و ڕووی خۆی دەگۆڕێ. فۆرماکانی هیستریای کۆتاییەکانی سەدەی نوزدە جیاوازن لەگەڵ پاش جەنگی جیهانی دووەم یا نیوەی دووەمی سەدەی بیست. هەندێ لە نەخۆشییەکانی هیستریا، وەک ئیفلیجی، ڕشانەوە، کوێری کەمبوونەتەوە. بە کۆمەکی دەرونشیکاری ژیژەک - لاکان، ئەتوانین بڵێین هەندێ جۆری هیستریا کەمبوونەتەوە، بەڵام بە فۆرمیتر و سیمپتۆمی جیاوازترەوە دەردەکەون. وەک کەمبوونەوە لە جۆری هیستریای پاشاکان: چی شتێک بوەتەوە هۆی ئەوەی من "پاشا" بم؟ ئەگەر دەسەڵات و تاجەکەم لێبسێننەوە، چیم دەمێنێتەوە؟ ئەو شتە چیە، کە من ئەکات بە پاشا؟
دەسەڵاتدار و سیاسییە تازەکانی کورد بە فۆرم و جۆری جیاوازتر توشی هیستریا دەبن، نەک بە تەواوی لە جۆری هیستریای پاشاکان. هەرچەندە پاشاکان و دەسەڵاتدارە تازەکانی کورد لەوەدا هاوبەشن، کە لە خانەوادەکەیانەوە دەسەڵاتیان بۆ ماوەتەوە، یا پێیان بەخشراوە. نەوەی دووەم و سێیەمی دەسەڵادارانی کورد هەمیشە شانازی بەوەوە دەکەن، کە (وەک خۆیان دەڵێن) کوڕی شورشگێرێكی گەورەی کوردن. ئەو شتە چیە، کە من ئەکات بە دەسەڵاتدار؟ ئەو شتە ناونیشانی ڕەمزیی "شوڕشگێڕی باوکمە"، کە بۆ من ماوەتەوە. ناونیشانە ڕەمزییەکەی باوکم شۆڕشگێڕییە و لە لایەن ئەوانیترەوە بە باوکم بەخشراوە. هەر ئەوانیتر ناونیشانە ڕەمزییەکەی باوکم بە منی"کوڕ" دەبەخشن. بوون بە دەسەڵادارێکی تازەی کورد، ئەبێت لە ڕێگەی میدیۆمێکەوە "ناوەند" بێت، ئەویش ناوەندی باوکە. واتا ناونیشانە ڕەمزییەکەت لە ڕیگەی میدیوم باوکەوە لە لایەن ئەوانیترەوە پێ دەبەخشرێت، نەک ڕاستەوخۆ. تێگەیشتن لە باسی پەیوەندیی کوڕ بە باوکەوە ڕاماندەکێشێت بۆ تێزێکی زۆر ئاڵۆز لە دەروونشیکاریی فرۆید و لاکان: ئۆدیپۆس کۆمپلێکس، باوکی ئەفسانەیی و "ناوەکانی باوک".

لێشاو و پاڵپاڵێنی خەڵک بۆ ئەوەی وێنە لەگەڵ دەسەڵاتدارێکی تازەی کورد بگرن، بۆ خۆی کەرنەڤاڵێکی هیسترییە. چ بۆ خەڵکەکە و چ بۆ دەسەڵاتدارەکە پەیوەندییەکە خولانەوەیە بە بازنەی پرسیارە سەرەکییەکانی کەسی هیستری, ئەو پرسیارانەی لای ژاک لاکان دەسپێکی هیستریایە : تۆ چیت لێم دەوێت؟ من چیم بۆ تۆ؟ من کێم بەبێ تۆ؟ زیاتر شۆڕبینەوە بۆ ناو گومان و پرسیاری"خەڵکەکە و دەسەڵادارەکە": ئایا وێنەکەم لەگەڵ تۆ، کە ئەوانیتر ئەیبینین، چی ئەبەخشێت بە من؟ ئەی ئەگەر وێنەم لەگەڵت نەبێ، من کێم بۆ ئەوانیتر؟ ئایا ئەگەر کوڕی باوکێکی شۆڕشگێڕ نەبوومایە، من چی ئەبووم بۆ تۆ؟ ئیتر بەو جۆرە...

هەر یەکێك لە ئێمە لانی کەم کەسێک دەناسێت، کە لە کاتی گفتوگۆی ناو کۆمەڵەدا ئەیەوێت بکەوێتە سەنتەری دەوروبەر و سەرنجی ئەوانیتر بۆ خۆی ڕاکێشێت. گەر بۆ ئەم کەسە بارودۆخ لەبار بێت و متمانەی کەسە نزیکەکانی خۆی بە دەست بێنێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە لە بەرامبەریاندا بە قاقای پێکەنین گفتوگۆ دەست پێبکات و دواتر بە گریان کۆتای پێ بێنێ، ئەمەش بۆ خۆی فۆرمێکی تری هیستریایە.
بۆ تێگەیشتنی باو و سادەی هیستریا، بیر لەو چرکەساتانە بکەرەوە کە لە یارییەکی بەهێزی فوتبۆڵ تێمێك گۆڵی بردنەوە تۆماردەکات. هەوادارانی براوە و دۆڕۆاوە لە یەک ساتدا بە جیا توشی حاڵەتی هیستریا دەبن. 
من بۆ هیچ کەسێك گرنگ نیم، هیچ کەسێ منی خۆشناوێت، هیچ کەسێ لە من تێناگات هتد.. ئەم ڕستە کورتانە نمونەی سکاڵای ئەو کەسە نەخۆشانەن کە لای تێراپێست بە تۆنێکی خەماوییەوە باس لە بارودۆخی خۆیان دەکەن. پەیوەندی دوکتۆری دەرونی (سایکۆتێراپێست) لەگەڵ ئەم نەخۆشانە دڵگیرانەیە، دۆکتۆر هیچ کاتێ بێزار نابێت. ئەم نەخۆشانە زۆر ڕووخۆشن و وەک منداڵ ڕاستەوخۆن لە پەیوەندییدا. سایکۆتێراپیا بە زۆری چارەسەرکردنی نەخۆشە بە "پەیوەندی" لەگەڵ دکتۆر.

هیپۆکرات پزیشک و فەیلەسوفی کۆنی گریک، یەکەم کەس بوو، کە باسی هیستریای کرد. هیپۆکرات، کەوتنە لەناکاوەکانی هەوەس، بوورانەوە، لەدەستدانی یادەوەری و ئیفلیجی بە هیستریا ناوی دەبرد. ئەو پێی وا بوو، هیستریا تەنیا لای ژنان دێتەکایەوە: ئەوەش بەهۆی مناڵدانیانەوە لە خۆدورگرتنی سێکسانە بۆ ماوەیەکی درێژی، واتا خۆ دورگرتن لە سێکس کاریگەری لەسەر ئۆرگانەکانی لەش و مێشک دادەنێت. هیستریا لە hystera زمانی یۆنانی هاتووە، واتا مناڵدان. هیپۆکرات بە ڕێگەی مەساجی مناڵدان هەوڵیئەدا چارەسەری ژنی هیستری بکات. ئەو بۆ دورکەوتنەوەی ژن لەم نەخۆشیە ئامۆژگاری کچانی دەکرد شو بکەن و چێژ لە ژیان وەرگرن.
ژان-مارتین شارکۆ پزیشکی نیرۆلۆگ و مامۆستای فرۆید، زۆر لەسەر نەخۆشی هیستری وەستاوە، هۆکاری نەخۆشییە هیسترییەکانی ژن ئەگەڕاندەوە بۆ نەخۆشییە دەرونییەکان. ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی، کە بیریان لە چارەسەری نەخۆش دەکردەوە بە ڕێگەی خەواندنی موگناتیسی -- "hepnosis,هاوشێوەی خەو یا نیوەخەو". شارکۆ، پێی وا بوو، گرنگترین شت ئەوەیە، نەخۆش دڵنیایی تەواوی بەوە هەبێت، کە چاک دەبێتەوە.
زیگمۆند فرۆید، هیستریای بە یەکێک لە جۆرەکانی نیرۆسی(neurosis) دادەنا. بە بۆچوونی فرۆید، هۆکارەکانی ڕەفتاری هیستریانەی نەخۆشەکانی لە کایەی سێکسواڵێتە نوستوون. فرۆید گەیشتە ئەو ئەنجامەی، هیستریا پەیوەندی هەیە بە هەموو ئۆدیپ (Ödipuskomplex)، سۆزی ئیرۆتیکی نائاگایی مناڵ بۆ دایک و باوک -- سۆزی نائاگای کچ بۆ باوک. ئەم سۆزە چەپێنراوانە ئەگەری هەیە بە شێوەی نیشانەی نەخۆش توندوتیژ دەرکەون و کچەکە "ژنەکە" توشی هیستریا بکەن.

هیستریا نەخۆشییەکی ژنانەیە. بەڵام لایەنی ژنانەی پیاویش دەگرێتەوە. لاکان ئەڵێ: پیاوە هیسترییەکان هاوشێوەی ژنن، سەرنجڕاکێشترینن لە پیاواندا. ئەوان هەست بە دڵنیایی ناکەن لەوەی، کە ئەوان پیاون. لای ژاک لاکان، وەک لەسەرەوە باسکرا، هیستریا لە هەندێ پرسیارەوە دەست پێدەکات: من کێم(چیم) بۆ تۆ؟ تۆ چۆن من دەنرخێنیت؟ ئەو پرسیارەی هیستریا پێناسەدەکات بریتییە لە: چیت لێم دەوێت؟ کەسی هیستری هەرگیز نازانێت ئەویتر چی لێ دەوێت. بۆیە بەردەوام دەرگیری جۆرێکە لە گومان و پرسیارکەردن لە خۆی. لای لاکان نیرۆسی وەسواسی یەکێكە لە جۆرەکانی هیستریا. ئەوانەی عاشق دەبن، ڕوبەڕوی جۆرێک لە ڕاتەکاندنی هیستریایی دەبنەوە و هەمیشە ئەم پرسیارانە دەکەن: من چیم بۆ تۆ؟ چی شتێک لە مندایە وات لێدەکات منت خۆشبوێت؟ دادوەر هیچ خەسڵەتێکی خۆرسکی "دادوەرانە"ی نیە لەگەڵی هاتبێتە دنیاوە، بەڵکو چەکوش و عەباکەی کە ناونیشانە ڕەمزییەکەی دادوەرن، پێگەی ڕەمزی دیاریدەکەن. پاشا و نەوی تازەی دەسەڵاتدارانی کورد بەهەمان شێوە پاشاییەتی یا دەسەڵادارییان لە خێزانێکی پاشاییەتیەوە - شۆڕشگێڕی پێببەخشراوە. ئەمە ماودایەکە لە نێوان کەسەکە و نیشانە ڕەمزییەکە، هەمیشە دەمێنێتەوە. دەسەڵاتدارە کوردەکە هەرگیز ناتوانێت بەبێ میدیۆم لەگەڵ ناونیشانە ڕەمزییەکەی یەکبگرێت و هاوشوناس بێت. هیستریا، ئەوەیە کە سوبێکت "کەسەکە" ناونیشانە ڕەمزییەکەی خۆی دەخاتە بەر پرسیار: بۆچی من ئەو شتەم، کە تۆ دەڵێیت ئەوەیت؟

هیستریا وەک نەخۆشیی دەروونی لە کایە پزیشکی و سایکۆلۆژییەکان میژوویەکی پڕ کێشمەکێش و ئاڵۆزی هەیە. نیشانەی نەخۆشی و فۆرم و جۆرەکانی هیستریا جیاوازن، ڕووداو و سەردەم و سیاقە جیاوازەکان هۆکارن بۆ ڕەفتاری کەسی هیستری. هیستریا نەخۆشییەکی ژنانەیە و دیوە ژنانەکەی پیاویش لەخۆدەگرێت. خەم و گلەیی: هیچ کەس لێم تێناگات - پرسیار و گومان: من کێم بۆ تۆ؟ خولانەوەن بە دەوری پرسی هیستریادا.