A+    A-
(262) جار خوێندراوەتەوە

بەشی یەکەم: تاكە ڕاستیی جێگیر بریتییە لەگۆڕان

 ڕەگەزی مرۆڤ ڕووبەڕووی شۆڕش و ھەڵگەڕانەوەی بێ پێشینە دەبێتەوە. ھەموو حەکایەتە دێرینەکانمان وردوخاشدەبن و تا ھەنوکەش ھیچ جۆرە حەکایەتێکی نوێ لەدایکنەبووە تاوەکو جێگەیان پڕبکاتەوە. چۆن دەتوانین خۆمان و نەوەکانمان بۆ دنیایەک ئامادەبکەین کە بەم چەشنە لەژێر کاریگەریی گۆڕانکاری و ھەڵگەڕانەوەی بێ پێشینەدایە و ھیچ جۆرە حەقیقەتێکی یەکلاکەرەوەی بونیادیی تێدا نیە؟ منداڵێک کە ئێستا لەدایکدەبێت، لەساڵی ٢٠٥٠دا دەبێتە سی و ئەوەندە ساڵ. گەر ھەموو شت بە باشی بڕواتە پێش، ئەو منداڵە لەساڵی ٢١٠٠ ھێشتا لەژیاندا دەبێت و ڕەنگە ببێتە ھاوڵاتیەکی چالاکی سەدەی بیست و دوو! دەبێت چی شتێک فێری ئەو منداڵە بکەین تا ھاوکاری بێت لە دونیای ٢٠٥٠ یان سەدەی بیست و دوو بەسەلامەتی بمێنێتەوە و گەشە بکات؟ ئەو کوڕێژگەیە یان کیژۆڵەیە پێویستی بە چ جۆرە بەھرە و توانایەکە تا کاری دەست بکەوێت و تێبگات لەدەوروبەریدا چی ڕوودەدات و ڕێگای خۆی لەنێو ھەزاربەھەزاری ژیاندا بدۆزێتەوە؟ چونکە ھیچ کەس نازانێت جیھان لەساڵی ٢٠٥٠دا چۆنە، چ بگات بە ساڵی ٢١٠٠، بۆیە بەداخەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانین. ھەڵبەت مرۆڤەکان ھیچ کات نەیانتوانیوە بەوردی و درووستی پێشبینیی ئایندە بکەن. بەڵام ئەمڕۆ دژوارتر و سەختترە لەچاو ڕابردوودا، چونکە کاتێک تەکنەلۆژیا ئیمکانی دیزاینی جەستە و مێشک و زەینمان پێ دەبەخشێت، ئیتر ناتوانین لەبارەی ھیچ شتێکەوە، بەتایبەت لەبارەی ئەو شتانەی کە لەڕابردوودا جێگیر و ئەبەدی دەھاتنە پێشچاو، ھێندەش دڵنیا بین. ھەزار ساڵ پێش ئێستا، لە ساڵی ١٠١٨، خەڵکی شتێکی ئەوتۆیان لەبارەی ئایندەوە نەدەزانی، بەڵام بە ھەر بەدبەختییەک بووبێت باوەڕیان بە خۆیان ھێنابوو کە بڕیار نیە تایبەتمەندییە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا بگۆڕدرێن. گەر لەساڵی ١٠١٨ لە چین ژیانت بەسەر بردبایە، ئەوەت دەزانی کە ڕەنگە لەساڵی ١٠٥٠ ئیمپراتۆریەتی (سانگ: یەکێک لەزنجیرە فەرمانڕەواییەکانی چین بوو، کە لەماوەی نێوان ٩٦٠ - ١٢٧٩ز حوکمی کردووە) ھەرەس بھێنێت، ڕەنگە (خیتانیەکان: ئیمپراتۆریەتێکی گەورە بوو کە لەماوەی نێوان ساڵانی ٩٠٧ - ١١٢٥ز حوکمی مەغۆلستان و بەشێک لە قەزاخستان و باکوری چینی کردووە) لەباکورەوە ھێرش بێنن، و پەتا و نەخۆشی جۆراو جۆر گیانی ملیۆنان کەس بسێنن. بەڵام ئەوەتان لا ڕوون بوو کە لەساڵی ١٠٥٠ ھێشتا زۆرینەی خەڵک ھەر جوتیار دەبوون و بە ڕستن و چنینەوە سەرقاڵ دەبوون، فەرمانڕەوایان بۆ پڕکردنەوەی ڕیزەکانی سوپا ھێشتا ھەر پشتیان بە خەڵکی دەبەست، پیاوان ھەر بەسەر ژناندا زاڵ دەبوون و ھێشتا تەمەنی چل ساڵی درێژترین مەودای تەمەن دەبوو، ھەروا جەستەی مرۆڤیش ھەر بەوجۆرەی کە ھەیە دەمایەوە (چونکە زانستێک لەئارادا نەبوو دەستکاریی بکات). بۆیە باوانی چینی لەساڵی ١٠١٨ چاندنی برنج یان ڕستن و چنینی ئاوریشمیی فێری نەوەکانی دەکرد، و دایک و باوکە دەوڵەمەندەکانیش نەوەکانیان فێردەکرد چۆن تێکستی ئاینی کۆنفوسیۆش بخوێننەوە یان چۆن فێری ھونەری خەتجوانی ببن و لەسەر پشتی ئەسپ بجەنگن، و کچەکانیشیان فێردەکرد کە چۆن ھاوسەرێکی سەنگین و گوێڕایەڵ بن. چونکە ڕوونە کە لەساڵی ١٠٥٠یش ھێشتا ئەم بەھرانە پێویستن. لەبەرانبەردا ئەمڕۆ ھیچ وێنا و ئایدیایەکمان نیە لەسەر ئەوەی کە چین یان تەواوی جیھان لەساڵی ٢٠٥٠ بە چی شێوەیەک دەبن؟! نازانین خەڵکی بۆ گوزرانی ژیانیان چی دەکەن؟ نازانین میکانیزمی سوپا یان دامودەزگاکان چییان بەسەر دێت. نازانین پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ چۆن دەبن. بەئەگەرێک ھەندێک لەمرۆڤەکانی ئایندە تەمەنێکی درێژتریان دەبێت بەراورد بە ئێستا، و جەستەی مرۆڤیش بە مەرحەمەتی "بایۆ تەکنیک" و ئامرازی پەیوەنديی ڕاستەوخۆی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر، ڕەنگە دووچاری گۆڕانکاريی بێ پێشێنە و سەیروسەمەرە بێتەوە. بەشێکی گەورە لەوەی کە منداڵەکان لەئێستادا فێریان دەبن، بەئەگەری زۆر چیتر لەساڵی ٢٠٥٠ بە كەڵكی هیچ نایەن. لەئێستادا زۆرێک لە خوێندنگاکان پێداگری لەسەر کەڵەکەکردنی زانیاری دەکەن! بۆ ڕابردوو، ئەم کارە ڕێی تێدەچوو و لۆژیکیش بوو، چونکە زانیارییەکان کەم و دەگمەن بوون و سانسۆریش بەبەردەوامی تەنانەت کۆسپی بەردەم ئەو چۆڕە کەمەی زانیاری بوو کە دەبەخشرایەوە. گەر لەساڵی ١٨٠٠ بۆنمونە لەیەکێک لە شارۆچکە بچوکەکانی وڵاتی مەکسیک ژیانت بەسەربردبایە، بەڕاستی دژوار بوو بەدەستھێنانی زانیاری لەسەر شوێنەکانی تر لەجیھاا. نە ڕادیۆیەک لەئارادا بوو، نە تەلەفزیۆنێک لەئارادا بوو، نە ڕۆژنامەیەک یان کتێبخانەیەکی گشتی بوونی ھەبوو. تەنانەت گەر خوێنەوارییت ھەبووایە و دەستت بەکتێبخانەیەکی تایبەتی بگەشتبا، جگە لە ڕۆمان و نامە و پەیامە ئاینییەکان شتێکی تری تێدا نەبوو. ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا سانسۆرێکی بەرفراوانی خستبووەسەر تێکستە چاپکراوە ناوخۆییەكان و تەنھا ڕێگەی دەدا شتێکی کەم لە بەرھەمە چاپکراوەکانی دەرەوە، ئەویش بەشێوازی گوڵبژێرکراو، بڵاوبکرێنەوە. گەر لە شارۆچکەیەکی ڕووسیا یان تورکیا یاخود ھند و چین بژیایتایە، دیسان ھەمان تاس و ھەمان حەمام بوو. کاتێک خوێندنگە و قوتابخانە مۆدێرنەکان دەرکەوتن کە نوسین و خوێندنەوەیان فێری مناڵان دەکرد و ڕاستینە بنەڕەتیەکانیان لەبارەی جوگرافیا و مێژوو و زیندەوەرناسی بۆ دەگواستنەوە، بوون بە نوێنەری پێشکەوتن و پەرەسەندنێکی ئاوارتە و سەیر. لەبەرانبەر ئەمەدا، لەسەدەی بیست و یەک قەبارەیەکی زەبەلاح لە داتا و زانیاری کەوت بەسەرماندا و تەنانەت چیتر سانسۆرچییەکان ھەوڵنادەن پێشی پێ بگرن. بەپێچەوانەوە بە پەخش و بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاریی نادرووستەوە سەرقاڵین، یان زەینی خۆمان بە شتانێکی کەمبایەخەوە سەرقاڵکردووە. گەر لە شارۆچکەیەکی مەکسیک بژیت و سمارتفۆنێکت پێ بێت، ئەوا خوێندنەوەی ویکیپیدیا و گوێگرتن لە وتارەکانی کۆنفرانسی (تێد - Ted: Technology, Entertainment, Design)و بەشداریکردن لە خولە خۆڕاییە ئۆنلاینەکان، دەتوانێت چەندینجار کات و تەمەنت پڕبکاتەوە و سەراپای ژیانت داگیربکات! وێنا و ئایدیای ئەوەی کە تەواوی زانیاری و داتا نادرووست و ڕووشێنەرەکان سانسۆربکرێن، شتێکە بە فیکر و خەیاڵی ھیچ حكومەتێکدا تێناپەڕێت. بەڵام لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی ڕاپۆرت و داتا و زانیاریی دژبەیەک جمەی خەڵک و زۆرینەی عەوام دەبرێنە سەر کانی و ھەروا دەھێنرێنەوە! ئەم کارە بەشێوەیەک ئاسان و ئاسایی بووە کە مایەی نیگەرانییە. دانیشتوانی زەوی لەگەڵ ھەواڵی بۆمبارانکردنی شاری حەلەب یان توانەوەی سەھۆڵی جەمسەرەکان، تەنیا ھێندەی چەند کلیکێک دوورن. بەڵام حەکایەت و گێڕانەوەکان لەم بارەیەوە ھێندە زۆر و دژبەیەکن، سەخت و دژوارە بزانیت کە پێویستە باوەڕ بە کامیان بکەیت. سەربار، زۆرێک لە شتەکانی تریش ھەن زەین ئاڵۆز و تەرکیز پەرتدەکەن کە مەودا و دووری لێیان تەنیا ھێندەی چەند کلیکێکە. کاتێک پرسە سیاسی یان زانستییەکان ئاڵۆز دێنەپێشچاو، وەسوەسەدەبین کە بەرەو بینینی ڤیدیۆی خۆش لەبارەی پشیلەکان یان ھەرزە قسە و وێنەی پووچ بڕۆین. لە دنیایەکی لەم شێوەدا، بەڕاستی زانیاری، کۆتا شتە کە دەبێت مامۆستا بە خوێندکارەکانی ببەخشێت. ئەوان ھەر ئێستا زیاد لەپێویست زانیارییان لەبەردەستە. لەبری ئەمە خەڵکی پێویستیان بەو توانایەیە چۆن لە زانیاریەکان تێبگەن. توانایی ئەوەی شتی بەبایەخ لە شتی بێ بایەخ جودابکەنەوە. لەوەش گرنگتر پێویستیان بەوەیە چۆن وردە زانیارییەکان پێکەوە بنوسێنن تا وێنایەکی گشتی لەسەر جیھان درووستبکەن. لەڕاستییدا ئەم پرسە، بەدرێژایی سەدەکانی ڕابردوو، ئامانجی باڵای پەروەردەی لیبراڵی ڕۆژئاوایی بووە. بەڵام زۆرێک لە قوتابخانەکان لە خۆرئاوا تاوەکو ئەم ڕۆژگارەش ئەم پرسەیان پشتگوێخستووە. مامۆستاکان ئەوەیان بە خۆیان ڕەوا دەبینی کە ھەوڵەکانیان لەسەر داتا و زانیاری ئاخنینە مێشکی خوێندکار چڕبکەنەوە و ھانی خوێندکار بدەن کە سەربەخۆ و جیا لە پرسی ھەمەکی و گشتگیر، بیربکەنەوە! قوتابخانە لیبراڵەکان بەھۆی ترسیان لە "ھێزگەرایی" و "پاوانخوازی"، فۆبیای حەکایەتە گەورەکانیان لەمێشکدا بوو. ئەم قوتابخانانە گریمانەی ئەوەیان دەکرد گەر بێتوو خەرمانێک لە داتا و زانیاری لەگەڵ نەختێک ئازادی بە خوێندکار ببەخشرێت، ئەوا فێرخواز وێنای تایبەتی خۆی لەسەر جیھان درووستدەکات! تەنانەت گەر ئەم جیلە نەتوانن داتا و پێدراوە زانستی و زانیارییەکان لە قاڵبی حەکایەتێکی گشتگیر و ماناداردا بسازێنن، ئەوا لەئایندەدا کات بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی درووست، زۆرە. ئێستا چیتر کاتمان لە بەردەستدا نەماوە، ئەو بڕیارانەی کە لە چەند دەیەی ئایندەدا دەیدەین، فۆرم و شێوازی سەرەکیی ژیان دەستنیشاندەکات. دەبێت ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای جیھانبینی ئێستامان بدەین. گەر ئەم جیلە خاوەندارێتی لە ھیچ حەکایەتێکی گەورە و دیدگایەکی گشتی لەبارەی گەردوونەوە نەکات، ئەوا ئایندەمان بە قەزا و قەدەر سپاردووە.

 

 

بەشی دووەم: ئێستا کاتی ھاتووە!

 جیا لەزانیارییەکان، ئەرکی سەرەکیی زۆربەی قوتابخانەکان ئەوەیە کە چەند بەھرە و توانایەکی دیاریکراو فێری فێرخوازان بکەن. شتانێکی وەکو شیکارکردنی ھاوکێشەکانی (دیفرانسێڵ - Differential)، یان نوسینی بەرنامە کۆمپیوتەرییەکان بەزمانی (++C)، یاخود ناسینەوەی مادەی نێو لوولەیەک یاخۆ قسەکردن بەزمانی چینی! بەڵام چونکە ھیچ ئایدیایەکمان نیە لەسەر ئەوەی بازاڕ و پێگەی کاری لەساڵی ٢٠٥٠ چییان لێ بەسەر دێت، بەڕاستی نازانین خەڵکی چ جۆرە بەھرە و توانایەکیان پێویستە؟! خۆ ڕەنگە ھەوڵێکی زۆر بدەین تا مناڵەکانمان فێرببن بە (++C) بنوسن یان بە زمانی چینی قسەبکەن، بەڵام کاتێک بە ٢٠٥٠ دەگەین و تێیدا ئەوە بزانین کە ھۆشی دەستکرد ئێجگار لەمرۆڤەکان باشتر (جفرەنوسین و کۆدڕێژکردن) دەزانێت و جۆرە (سۆفت وێر)ێکی نوێی گوگڵ ئیمکانی ئەوەت پێ ببەخشێت کە بێ ھیچ گرفتێک بە شێوەزاری (مندرین) و (کانتۆنیا) یان (ھاکا: سێ شێوەزاری وڵاتی چینن) قسە بکەیت گەرچی تەنھا (نی ھاو - سڵاو) بزانیت! ئەوکات چی؟! کەواتە پێویستە چی شتێک بخەینە چوارچێوەی پەروەردە و فێرکردنەوە؟! زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێرکردن دەڵێن پێویستە قوتابخانەکان بەرەو سیستەمی (چوار،سی - four C) بڕۆن. کە بریتیە لە: (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی - critical thinking), (پەیوەندییەکان - communication), (ھاوکاری - collaboration) و (داھێنان - creativity). بەواتایەکی گشتیتر، قوتابخانەکان دەبێت دەست لە بەھرە و توانا تەکنیکییەکان بشۆن و ڕوو بۆ بەھرە گشتییەکانی نێو کایەی ژیان بھێنن. وەک بەھرە و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاری، فێربوونی شتی نوێ و پاراستنی ھاوسەنگیی دەروونی لە دۆخە نائاشنا و نامۆکاندا. لەپێناو ئەوەی ھەنگا و بە ھەنگاو لەگەڵ جیھانی ٢٠٥٠دا بڕۆێتە پێش، ئەفراندنی ئایدیا و بەرھەمی نوێ بەس نیە، بەڵکو لەسەرووی ھەموو ئەمانەوە، پێویستە بەردەوام خۆتان نوێ بکەنەوە و خۆتان بەرھەمبێننەوە! چونکە بە خێراتربوونی گۆڕانکارییەکان، نەوەک ھەر ئابوری، بگرە بنەڕەتی مانای "مرۆڤبوون"یش بەئەگەری زۆر گۆڕانی بەسەردا دێت. لەساڵی ١٨٤٨ مانیفستۆی کۆمۆنیزم(communist manifesto) ئەوەی درکاند: " ئەوەی پتەو و بەستووە، دەبێت بە دووکەڵ و بە ھەوادا دەچێت!". بەڵام ئەوەی لە فیکری مارکس و ئەنگڵسدا بوو، ئاشکرایە بریتی بوو لە پێکھاتە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان. مێژوو کە بگاتە بە ساڵی ٢٠٤٨، پێکھاتە فیسۆلۆژی و زەینیەکانیش دەبن بەھەڵم و دەچن بە ھەوادا! یان ڕۆدەچنە نێو ھەوری پێکھاتوو لە کۆدی داتاکان! لەساڵی ١٨٤٨ پیشەی ملیۆنان کەس لەنێو کێڵگە لادێیەکان دا لەدەستدەچوو و خەڵکی بەرەو شارە گەورەکان کۆچیاندەکرد تاوەکو لە کارگەکاندا کاربکەن. بەڵام ھەرکە بە شارەکان دەگەیشتن، دوور بوو لەوەی کە ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن یان ھەستی شەشەم بەدەستبێنن. و گەر کارێکیان لە کارخانەیەکی ڕستن و چنین دەستکەوتایە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرا کە ئەوەی لەتەمەنیان ماوە لەو کارەدا بەسەری ببەن! مێژوو کە بگاتە ساڵی ٢٠٤٨، خەڵکی بەئەگەری زۆر ناچاردەبن لەمیانەی کۆچی گەورە بەرەو ناو فەزای مەجازی، لەگەڵ ناسنامەی شل و پەرتی ڕەگەزی و ئەزموون و ھەستی بەدەستھاتوو بەھۆی ئیمپلیتە کۆمپیوتەرییەکان ڕابێن. گەر دیزاین و نەخشەسازیی مۆدێلی سات بەساتی و دەمودەست بۆ یارییەکی سێ ڕەھەندیی نێو واقعی مەجازی بتوانێت جۆرە پیشەیەک و جۆرە مانایەکیان بۆ فەراھەمبکات، ئەوا لەماوەی تەنھا دە ساڵدا ھۆشی دەستکرد بەئەگەری زۆر نەوەک ھەر جێگا بەم پیشەیە چۆڵدەکات، بەڵکو جێی ھەموو ئەو پیشانەش دەگرێتەوە کە وابەستەی ئەم ئاستە لە داھێنان و بەھرەمەندیی ھونەریین. کەواتە دۆخەکە تا بڕواتە پێشەوە وای لێ دێت: لە بیست و پێنج ساڵی لە وێب سایتێکی (دۆزینەوەی ھاوسەر) بەم جۆرە خۆتان دەناسێنن: "ژنێکی ئاسایی بیستوپێنج ساڵی دانیشتووی لەندەن کە لە دووکانێکی بواری مۆددا کاردەکات". بەڵام کە بوون بە سی و پێنج ساڵ، ئەوا دەڵێیت: " مرۆڤێک بەبێ ڕەگەزێکی دیار، کە لەنێو پرۆسەی جێبەجێکردنی تەمەنیدایە و بەشی زۆری چالاکییە ھەستەکی و زەینییەکانی لەنێو جیھانی مەجازی NewCosmos دا دەگوزەرێنێت و ئەرکی لە ژیاندا بریتییە لە ڕۆیشتن بۆ جێگایەک کە ھیچ دیزاینەرێکی بواری مۆد پێی تێ نەخستبێت"! کە تەمەنت بە چل و پێنج ساڵی بگات، دۆزینەوەی ھاوسەر و خۆناساندن ھەڵوەشاونەتەوە و نەماون! بۆ خۆت دادەنیشیت تا ئالگۆریتمێک ھاوسەرێکی نایاب و بێ کەموکووڕیتان بۆ بدۆزێتەوە یان بۆ دروست بکات! لەو دەمەدا لەبواری دیزاینی ھونەری یانی مۆد، ئالگۆریتمەکان بەشێوەیەک پێشتان کەوتوون، کە ئاوڕدانەوەتان بۆ کار و داھێنانە نایابەکانتان لەبواری مۆددا لەدەیەکانی ڕابردوو، زیاتر دەبێتە مایەی شەرم و نەنگی بۆتان تا ئەوەی شانازیی پێوە بکەن. و لە چل و پێنج ساڵی تەمەنتان ھێشتا چەند دەیەیەک لە گۆڕانی ڕادیکاڵی لەپێشتانەوە ماوە. تکایە وا گومان مەبەن کە ئەم سیناریۆیە خاڵ بە خاڵ و وەک خۆی ڕوودەدات. لەڕاستییدا ھیچکەس ناتوانێت پێشبینیی ئەو گۆڕانکارییانە بکات کە بەم زووانە دەیانبینین. ھەر سیناریۆیەکی دیاریکراو کە دەخرێتەڕوو، ئەگەری ئەوە لەئارادایە زۆر لەگەڵ حەقیقەتدا جیاواز بێت. گەر کەسێک جییھانی نیوەی سەدەی بیستویەک بۆ ئێوە بە چەشنێک باس بکات کە لەداستانێکی خەیاڵی زانستی بچێت، ئەگەری ھەیە وێنایەکی نادرووستی پێ بەخشیبن. بەڵام گەر یەکێک جییھانی نیوەی سەدەی بیستویەک بۆ ئێوە باسبکات کە لە داستانە خەیاڵە زانستییەکان نەچێت، بێ دوودڵی وێنایەکی تەواو نادرووستی پێ بەخشیون. لەبارەی وردەکارییە تایبەتەکانی ئەو سەردەمە ناتوانین زۆر دڵنیابین کە چین؟ بەڵام گۆڕان تاقانە ڕووداوی حەتمییە. ئەم گۆڕانە ڕیشەییە، بەئەگەری زۆر پێکھاتە و فۆرمی سەرەکیی ژیان ھەڵدەگێڕێتەوە، بە چەشنێک کە پچڕان و لەبەریەک ھەڵوەشانەوە دەبن بە تایبەتمەندیی ژیان. لە ئەزەلەوە ژیان بۆ دووبەشی یەکتر تەواوکەر دابەشدەکرا. یەکیان بریتی بوو لە بازنەی فێربوون، ئەوی تریان بەدوایدا بریتی بوو لە بازنەی کار. لەبەشی یەکەمی ژیاندا تۆ بە خستنەسەریەکی زانیارییەکان، پەرەپێدانی بەھرە و تواناکان، خوڵقاندنی جیھانبینییەک و ناسنامە و شوناسێکی جێگیر بۆ خۆت، سەرقاڵ دەبوویت. تەنانەت گەر لە پانزە ساڵی تەمەنیشتدا بەشی زۆری کاتەکانت لەبری قوتابخانە لەنێو کێڵگەی برنجی خانەوادەکەت بەسەرببردایە، گرنگترین ئەرکی سەرشانت برتی بوو لە فێربوون: چۆن برنج بچێنیت؟ چۆن لەگەڵ بازرگانە چاوچنۆکەکانی برنج کە لە شارە گەورەکانەوە دەھاتن مامەڵەبکەیت؟ چۆن کێشە و گرفتەکان لەسەر زەوی و ئاو لەگەڵ دانیشتوانی تری گوندەکەدا چارەسەربکەیت؟ لە بەشی دووەمی ژیاندا، بە پشتبەستن بەو توانا و بەھرانەی کە لەسەریەک کەڵەکەتکردبوون، ڕێگای خۆت لەژیاندا دەدۆزییەوە و ژیانی خۆت دابیندەکرد و لەنێو کۆمەڵگادا ڕۆڵێکت دەبوو. ھەڵبەت لەپەنجا ساڵی تەمەنیشدا ھێشتا شتانێکی زیاتر لەبارەی برنج و بازرگانان و کێشە و گرفتەکانەوە فێردەبوویت. لە نیوەی سەدەی بیستویەک و لەساڵی ٢٠٥٠دا، گۆڕانە خێرا و کتوپڕەکان لەگەڵ تەمەنی درێژتر ئەم نمونە کلاسیکییە دەسڕنەوە. ژیان لە خاڵەکانی پێکبەستی خۆیدا تووشی پچڕان دەبێت و پەیوەندی لەنێوان بازنە جیاواز و یەکتر تەواوکەرەکانی ژیاندا ڕۆژبەڕۆژ کەمتر دەبێت. پرسیاری "من کێم؟" بەجۆرێک ئاڵۆز و پێویست دەبێت کە لەوە پێش وێنەی نەبووە. ئەم دۆخە بەئەگەری زۆر سترێس و فشاری دەروونی زۆر لەگەڵ خۆیدا درووستدەكات: چونکە گۆڕانکاری ھەمیشە نیگەرانكەر و سترێسھێنەرە، و زۆرینەی مرۆڤەکان لەپاش تەمەنێکی دیاریکراو ئیتر گۆڕان قبوڵناکەن. ھێشتا پانزە ساڵت لەبەر ڕۆیشتووە، سەراپای ژیانت پڕە لە گۆڕانکاری. جەستەتان گەشەدەکات و زەینتان پەرەدەسێنێت و پەیوەندییەکانتان قوڵتردەبێتەوە. ھەمووشت لە شەپۆلاندایە و ھەموو شتێک نوێیە، سەرگەرمن بە ئەفراندن و خوڵقاندنی خۆتان. ئەم دۆخە بۆ زۆرینەی ھەرزەکاران ترسناک، بەڵام ھاوکات پڕە لە جۆشوخرۆشیش. دیدگا و ئاسۆی نوێ لە بەرچاوتاندا دەکرێتەوە و ھەموو جیھان لەوێدا چاوەڕێیە تا ئێوە فەتحی بکەن. ھەرکە گەیشتی بە پەنجا ساڵی چیتر گۆڕانکارییت ناوێت، و زۆرینە کەسەکان لەم تەمەنەدا دەستبەرداری فەتحکردنی جیھان بوون. لەم تەمەنەدا جێگیری بەلامانەوە پەسەندترە. بەجۆرێک لەسەر بەھرە و توانایی و پیشە و شوناس و جیھانبینیەکانتان کارتانکردووە، کە چیتر ناتانەوێت سەرلەنوێ ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکەنەوە. ھەرچەند بۆ خوڵقاندنی شتێک سەختتر و دژوارتر کارتانکردبێت، دەستبەرداربوونی و بواردان بە شتێکی نوێ دژوارتر و سەختتر دەبێت. بەئەگەرێک ڕەنگە ھێشتا ئەزموونگەلی نوێ و چاکسازیی بەشەكی قبوڵبکەیت، بەڵام زۆربەی ئەوانەی لە تەمەنی پەنجا ساڵی تێپەڕیون، ئامادە نین بونیادە قووڵەکانی شوناس و ناسنامە و کەسێتیی خۆیان ھەڵتەکێنن و سەرلەنوێ بنیاتی بنێنەوە. ئەم پرسە ڕیشەیەکی دەمارناسی (Neurological) ھەیە. مێشکی بەتەمەنەکان لەوە زیاتر نەرمتر و لەبارترە بۆ گۆڕان، وەک لەڕابردوودا وێنادەکرا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەراورد بە مێشکی گەنجان، کەمتر بەرگەی چەکوشی گۆڕانکارییەکان دەگرن. پێکەوە بەستنی دووبارەی (نیرۆن و خانەكان) و لێکگریدانی سەرلەنوێی "تۆڕە دەمارییەکان" ئێجگار قورس و گرانە. بەڵام لەسەدەی بیستویەک، نەگۆڕی و جێگیری چیتر بۆ ئێوە کارا و بەسود نیە. گەر ھەوڵبدەیت بە پیشەیەک، یان جیھانبینيیەک یاخود شوناسێکەوە بنوسێت، بەئەگەری زۆر دوادەکەویت. چونکە جیھان بەدەم بوقلێدانەوە بەجێتدەھێڵێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئومێد بەژیان زیاتر دەبێت، ئەوکات ڕەنگە ناچاربیت چەندین دەیە تەنھا وەک جۆرە ڕەگەزێکی وێڵ و سەرگەردان و بێ بونیاد بەسەرببەیت. لەپێناو ئەوەی بەدەردی شتێک بخۆیت، لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتيیەوە، تەنانەت لە تەمەنی پەنجاساڵیيشدا دەبێت توانا و تاقەتی فێربوون و سەرلەنوێ خۆبەرھەمھێنانەوە و نوێکردنەوەی خۆتانتان ھەبێت. لەو لایەنەوە کە نامۆبوون و غوربەت دەبێتە بەھای نوێ لەژیاندا، ئەزموونی ڕابردووتان و ھەروەھا ئەزموونەکانی ھەموو مرۆڤایەتی، ناتوانن چیتر ڕێنماییکەرێکی باش بن! ھەم تاک تاکی مرۆڤەکان و ھەم ھەموو مرۆڤایەتی ناچارن ڕۆژانە لەگەڵ شتانێکی زۆردا دەرگیرببن کە تا ئێستا تووشی ھیچ کەس نەھاتوون. شتانێکی وەکو (ئامێری سۆپەر سمارت) و (جەستەی دیزاینکراوی دەست بایۆتەکنیک) و (ئالگۆریتم)گەلێک کە دەتوانن بە وردیی و دیقەتێکی لەڕادەی ئاسایی بەدەر ھەیەجان و ھەستوسۆزەکان دەستکاری بکەن، گۆڕانکارییە ڕیشەیيە ژینگەیيەکان کە دەستکردی مرۆڤن و ھەروا پێویستی ئەوەش دێتەئاراوە کە ڕۆژانە قسە و بیروڕای خۆتان بگۆڕن. لەبەرامبەر دۆخێکی تەواو بێ پێشینەدا کە لەمێژوودا وێنەی نەبووە، کاری درووست و ھەڵوێستی گونجاو چیە؟ لەنێو ئەم لێشاوە قەبەیەی قەبارەی زانیاری و داتاکاندا، کاتێک ھیچ ڕێگایەک بۆ ڕاکێشان و لێکدانەوەیان بوونی نیە، پێویستە چی بکرێت؟ لە جیھانێکدا کە نەبوونی حوکمی یەکلاکەرەوە و حەکايەتی ڕەھا، نەک کەموکورتی، بگرە تایبەتمەندیيە دیارەکەی بێت، پێویستە چۆن بژیت؟ بۆ ئەوەی لە جیھانێکی لەم شێوەیەدا بەسەلامەتی بمێنیتەوە و گەشەبکەیت، پێویستە بەئەندازەیەکی زۆر لەڕووی دەروونيیەوە توانای خۆگونجان و زوو گۆڕانت تێدا بێت و پاشخانێکی گەورەت لە توانای ڕاگرتنی ھاوسەنگی سۆز و ھەڵچوون پێویستە. بەبەردەوامی و چەندین جار ئەو فاکتە دێتە پێشت کە ئەوەی زۆر بە باشی دەیزانیت و لەبارەیەوە شارەزايیت ھەیە، ناچاری دەستی لێ بکێشیتەوە و لەگەڵ ئەوەدا کە نامۆیە بۆ ئێوە، دەست و پەنجە نەرم بکەیت. بەداخەوە فێرکردن و ڕاھێنانی منداڵان لەسەر قبوڵکردنی بابەتی نامۆ و نائاشنا و ڕاگرتنی ھاوسەنگيی ڕۆحی و دەروونی کارێکی ئێجگار سەختتر و دژوارترە لەوەی کە فێریانبکەیت چۆن ھاوکێشەیەکی فیزیایی شیکاربکەن یان ھۆکاری جەنگی یەکەمی جیھانی بزانن. بەخوێندنەوەی تەنھا یەک کتێب یان گوێگرتن لە وانەیەک، ئارامی و خۆڕاگريیتان گەشەناکات. خودی مامۆستاکانیش ئەو ڕۆحیەتە گونجاو و لاستیکيیەیان نیە بۆ سەدەی بیستویەک، چونکە بەرھەمی سیستەمی پەروەردەی کۆنن. شۆڕشی پیشەسازی، تێۆری ھێڵی بەرھەمھێنانی لەزەمینەی پەروەردەدا بۆ ڕەخساندین. لەناوەندی شاردا، باڵەخانەیەکی گەورەی لەخشتدرووستکراو ھەیە کە بەسەر چەندین ژووری ھاوشێوە و ھاو ئەندازەدا دابەشکراون، ژوورگەلێک کە ھەریەکەیان بەچەند ڕیزێک مێز و کورسی ڕازێنراونەتەوە. لەگەڵ دەنگی زەنگەکەدا، ھاوڕێ لەگەڵ سی منداڵی تر کە ھەموویان ھاوتەمەنی تۆن، بۆ یەکێک لەو ژوورانە دەڕۆن. سەری ھەر کاتژمێرێک، کەسێکی بەتەمەنتر لەئێوە دێتە ژوورەوە و دەست بە قسەکردن دەکات. ھەموو ئەمانە پارە لە حکومەت وەردەگرن تا بەم ئەرکە ھەستن. یەکێک لەبارەی شێوەی زەوی و ئەویتر لەبارەی ڕابردووی مرۆڤایەتی و یەکێکی تر لەبارەی جەستەی مرۆڤەوە قسەتان بۆ دەکات. سەرنج بدەن ئەم مۆدێلە چەندە مایەی پێکەنینە. سەرەڕای دەستکەوتەکانی ڕابوردووی، لەئێستا شکستی ھێناوە. بەڵام تا ئێستاش ئەڵتەرناتڤێکی جێگیرمان بۆ نەدۆزیوەتەوە. ئەڵتەرناتیڤە پێشنیازکراوەکانیش شتانێکی گشتی و گونجاو نین لەگەڵ پێوەرەکاندا، تا بکرێت جگە لە ناوچە و زۆنە دەوڵەمەندنشینەکانی کالیفۆرنیا، لە دەوروبەری گوندەکانی مەکسیکیش پیادە بکرێن.

 

بەشی سێیەم: ھاککردنی مرۆڤەکان

 کەواتە باشترین ئامۆژگاریی من بۆ ئەو ھەرزەکارە پانزە ساڵەی کە لەچوارچێوەی قوتابخانەیەکی کۆندا لە ھند، مەکسیک یان ئالاباما گیری خواردووە، ئەوەیە: زۆر پشت بە کەسانی بەتەمەن مەبەستە. بەزۆری نییەتیان باشە. بەڵام لەجیھانی ھەنووکە تێناگەن. لە ڕابردوودا پەیڕەویکردن و شوێنپێ ھەڵگرتنی کەسانی بەتەمەنتر، بڕیارێکی درووست و ژیرانە بوو، چونکە ئەوکات جیھانیان تاڕادەیەک باش دەناسی و گۆڕانکارییەکانی جیھان خاو و خلیچک بوون. بەڵام بڕیار وایە سەدەی بیستویەک جیاواز بێت. بەھۆی خێرایی ڕوو لەھەڵکشانی گۆڕانکارییەکان، ھیچ کات لەوە تێناگەیت کە قسەی بەتەمەنەکان حیکمەت و پەندێکی ئەزەلییە یان وتەیەکی بەتاڵ و لەکارکەوتوو؟! لەبری ئەمە دەتوانین پشت بەچی ببەستین؟ تەکنۆلۆژیا؟ ئەم قومارە تەنانەت لەوەی پێشوتریش مەترسیدارترە. تەکنۆلۆژیا دەتوانێت سودێکی زۆر بەتۆ بگەیەنێت. بەڵام ھەرکە ھێز و ھەژمونی بەسەر ژیانی ئێوەدا شکایەوە، بەئەگەری زۆر دەبن بە بارمتە و دیلی بەرنامەکانی. مرۆڤەکان ھەزاران ساڵ پێش ئێستا کشتوکاڵیان دۆزییەوە، بەڵام پیشەسازی و تەکنۆلۆژیا تەنھا توێژێکی کەمینەی دەوڵەمەندکرد، لەکاتێکدا زۆرینەی مرۆڤەکانی کرد بە کۆیلە. زۆرینەی خەڵکی لە خۆرھەڵاتنەوە تا خۆرئاوابوون، سەرقاڵی چنینەوەی بەروبووم و ئاودێری و ھەڵگرتنەوەی دانەکانی دانەوێڵە بوون لەژێر تیشکی سوتێنەری خۆردا. ئەم ڕووداوە دەکرێت بەسەر تۆشدا بێت. تەکنۆلۆژیا ھێندەش خراپ نیە گەر بزانیت لەژیاندا بەدوای چیەوەیت، تەکنۆلۆژیا ھاوکارت دەبێت تا بەئاسانی پێی بگەیت. بەڵام گەر نەزانیت چیت دەوێت، ئەوا تەکنۆلۆژیا زۆر بەسانایی دەتوانێت ئامانجێک بۆ ئێوە لەبەرچاو بگرێت و ژیانی ئێوە کۆنترۆڵبکات. بەتایبەت لەئێستادا کە تەکنۆلۆژیا لە درک و تێگەیشتنی بۆ مرۆڤەکان، وردتر و بەئەزموونتر بووە و دەبێت. لەم دۆخەدا ڕەنگە تۆ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بکەویتە ژێر باری خزمەتکردن بە تەکنۆلۆژیاوە تاوەکو ئەوەی ئەو لەخزمەتی تۆدا بێت. ئەو زۆمبییانەتان بینیوە کە سەریان بەسەر سمارتفۆنەکانیاندا شۆڕکردۆتەوە و بەسەر شەقامەکانەوە دێن و دەڕۆن؟ بە باوەڕی ئێوە ئەوان تەکنۆلۆژیایان کۆنترۆڵکردووە یان تەکنۆلۆژیا ئەوانی کۆنترۆڵکردووە؟ باشە، کەواتە ئایا پێویستە پشت بەخۆتان ببەستن؟ ئەم ئامۆژگارییە بەدەردی زنجیرە ئەنیمەیشنی (شەقامی سێسمە - Sesame Street) یان فیلمە کۆنەکانی (دیزنی) دەخوات. بەڵام لەژیانی ڕاستەقینەدا ھێندە سودی نیە. تەنانەت (دیزنی)یش وردەوردە لەمە تێگەیشتووە. زۆرینەی خەڵکی ھەروەک (ڕایڵی ئەندرسۆن) لە ئەنیمەیشنی (لەناو دەرەوەدا - inside out) زۆر دوورن لەوەی بچنەوە سەرخۆیان و خۆیان بناسن. ئەو دەمەی ھەوڵدەدەن گوێ لەخۆیان ڕاگرن، بەسادەیی دەکەونە داوی فریوەکانی جیھانی دەرەوە. ئەو دەنگەی کە لەنێو سەرماندا دێتە بەرگوێ، ھیچکات مایەی دڵنیایی نیە. چونکە ھەمیشە دەنگدانەوەی پاگەندە دەوڵەتییەکان و مێشک شۆردنەوە ئایدۆلۆژییەکان و پەیامە ڕیکلامییەکان لەسەرمان دا دەزرینگێنەوە و ئێستاش پرسی دەستکارییە (بایۆکیمیکاڵ جیناتی)یەكانی مێشکمان زیادیکردووە. ھەرچەندە بایۆتەکنیک و پرۆسەی فێربوونی ئامێرەکان گەشەبکەن، دەستکاریکردنی قوڵترین ھەست و سۆز و ھەیەجانەکانی خەڵکی ئاسانتردەبێت و سەرئەنجام شوێنکەوتنی خواستی خۆت (گەر خواستی خۆت بن) مەترسیدارتر دەبێت. کاتێک کۆکاکۆلا یان ئەمازۆن یاخود حکومەت بتوانن و بزانن کە چۆن پەتی دڵتان ڕابکێشن و پەنجە بە دوگمەی مێشکی ئێوەدا بنێن، ئایا ھێشتا دەتوانیت جیاوازی لەنێوان خودی خۆت و پسپۆڕانی ساغکردنەوەی کاڵای ئەو کۆمپانیا و لایەنانەدا بکەیت؟ بۆ سەرکەوتن لە کارێکی ئاوا پڕ مەترسی، پێویستە بەسەختی کۆشش بکەیت تا سیستەمی کارکردی ناوەوەی خۆت بەباشی بناسیت، تا تێبگەیت کە تۆ کێیت و چیت لەژیان دەوێت؟ ھەڵبەت ئەمە کۆنترین ئامۆژگاریی مێژووە: خۆت بناسە. فەیلەسوفان و پەیامبەران ھەزاران ساڵ خەڵکیان ھانداوە بەرەو خودناسی. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە ھیچکات ھێندەی سەدەی بیستویەک نەبووە بە زەروورەت. چونکە بەپێچەوانەی ڕۆژگارانی سەردەمی (لائۆتسی) و (سوکرات)، ھەنوکە تۆ نەیاری جدییت ھەیە. کۆکاکۆلا و ئەمازۆن و حکومەت، ھەموویان بەشوێن ھاککردنی تۆوەن. نە سمارتفۆنەکەتان، نە کۆمپیوتەرەکەتان و نە ھەژماری بانکییتان، پارێزراو نین و بگرە خودی ئەوانە لە کێبڕکێدان تاوەکو کلیلی ناوەکیی ئۆرگانیی ئێوە ھاکبکەن. ڕەنگە بیستبێتان کە لە چاخی ھاککردنی کۆمپیوتەرەکاندا دەژین. بەڵام ئەم وتەیە تەنانەت نیوەی حەقیقەتەکەش نیە، لەڕاستییدا ئێمە لە چاخی ھاککردنی مرۆڤەکاندا دەژین. ئالگۆریتمەکان ھەر ئێستا لەدۆخی چاودێریکردنی ئێوەدان. ئەوان بەشوێنتانەوەن تا بزانن بۆ کوێ دەڕۆیت و چی دەکڕیت و لەگەڵ کێدا چاوپێکەوتن سازدەکەیت. بەم زووانە دانە بەدانەی ھەنگاوەکانی ئێوە و ھەناسەکانتان و ترپەکانی دڵتان دەخەنەژێر چاودێرییەوە. ئەوان بەپشتبەستن بە ناوەندە زەبەلاحەکانی داتا و زانیاری و بەپشتبەستن بە پرۆسەی فێربوونی ڕۆبۆتەکان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر و زیاتر ئێوە دەناسن. دەتوانن ئێوە کۆنترۆڵ و دەستکاری بکەن. و چیتر کارێکی ئەوتۆتان لەدەستنایەت. ئەودەم ئیتر ئێوە لەنێو ماترێکس یان شتێکی ھاوشێوەی فیلمی ( نمایشی ترومان - the Truman show) ژیان بەسەر دەبەن. دواجار ئەمە جۆرە پرسێکی ئەزمونییە، ئەگەر ئالگۆریتمەکان باشتر لەوەی کەخۆتان دەیزانن، بزانن کە لەناوەوەی ئێوە چی ڕوودەدات، ئەوکات ئەوان باڵادەست دەبن. ھەڵبەت ئەگەری ھەیە بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە باڵایی و کۆنترۆڵی کاروبارەکان بە ئالگۆریتمەکان بسپێرن و متمانەیان پێ بکەن تا لەبری ئێوە و تەواوی جیھان بڕیاربدەن. گەر ئاوایە، ئاسودەبن و بە خۆشی ڕابوێرن. پێویست ناکات ھیچ کارێک ئەنجامبدەن. ئالگۆریتمەکان ھەموو شتێک جێبەجێدەکەن. بەڵام گەر دەتانەوێت نەختێک کۆنترۆڵتان بەسەر وجودی کەسیی خۆتان و پاشەڕۆژتانەوە ھەبێت، پێویستە خێراتر لە ئالگۆریتمەکان ڕابکەیت، خێراتر لە ئەمازۆن و حکومەت، لەپێش ئەوانەوە بگە بە خودناسی. لەپێناو ئەوەی خێراتر ڕابکەیت، باروبنەیەکی زۆر ھەڵمەگرە، ھەموو خەیاڵە خاوەکان واز لێبێنە، چونکە بارێکی قورس لەسەر شانتانە.

 

 

 

 

 

 

 

 

* تێبینی: لە كتێبی "چەپ و مۆدێرنە"دا بڵاوكراوەتەوە.