A+    A-
(206) جار خوێندراوەتەوە

 

                   دیمانە لەگەڵ سلاڤۆی ژیژەک‌دا

                         و. دێرسیم فایەق    pdf

 

 

 

 

 

 

  • دەڵێیت 'بینینی خەڵکانی گەمژە بە دلخۆشی' خەمبارتدەکات. بە ئاوڕدانەوە لە سیاسەتی جیهانی، ئایا ئێستا هەست بە بێهیوایی دەکەیت؟

بەدڵنیاییەوە. لەو بڕوایەدام نەزمێکی نوێ لە دەرکەوتندایە.  یاسایەک کە ئایدۆلۆژییانە و سیاسییانە دەڵیت 'ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوە'؛ ڕووسیا لە پێش هەموو شتێکەوە'؛ 'چین لە پێش هەموو شتێکەوە'؛ 'تورکیا لە پێش هەموو شتێکەوە' .... دەبێت ئەم ئاستە تێپەڕێنین. چونکە باسەکە بابەتی مان و نەمانە.

لەم ڕووەوەیە من، گەر بە سادەییش بێت، پەیوەستم بە بیرۆکەی یەکێتیی ئەورووپاوە. بەڕوونی دیارە، لە تێڕوانینی ئەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی دەبینەوە وەک هەڕەشەی ژینگەیی هەندێک شتی دیاریکراو ناتوانرێت لە ئاستی دەوڵەتی نەتەوەییدا یەکلابکرێتەوە. پێویستمان بە داهێنانی هەماهەنگییەكی نێونەتەوەیی زەبەلاح هەیە. بەلامەوە گرنگ نیە گەر ئەورووپی یا زەریای هێمنی یا هەرشتیکی تر  بێت – پێویستمان بە هەماهەنگییەک و ڕێکخراوێکی بەهێزی فرەنەتەوەییە. گەر ساکاریش دەربکەوێت، پێویستمان بە ئینتەرناسیۆنالیزمێکی نوێیە؛ بەبێ شتێکی لەم جۆرە دۆڕاوین.

هەمان شتیش بۆ زیندە-بۆماوەیی(biogenetics ) هەر ڕاستە. پێویستی بە ئاستێکی هەماهەنگیی نێونەتەوەییە.

بەهەمان شێوە هەمان شت بۆ پەنابەران و ئاوارەکانیش درووستە– کێشەکە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییە. گەر بتەوێت هاوکاریی پەنابەران بکەیت شتێک بکە بۆ یەمەن و سوریا – کە ملیۆنان پەنابەری نوێی لێوە دێت.

  • لە کتێبە نوێیەکەتدا، 'وەک دزێک لە ڕۆژی ڕووناکدا' باس لەوە دەکەیت جڵەوەی ژیانمان لە دەستی خۆماندا وەردەگیرێتەوە– بەتایبەت لەلایەن سیستەمە دیجیتاڵییە نوێیەکەوە. ئایا پێتوایە دەبێت ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات؟

پێموانیە کە تەنانەت پرسیشمان پێ کرابێت کە ڕێگە دەدەین یا نا. پرۆسە جیهانییەکان تا ڕادەیەکی زۆر چارەنووسمان دیاریدەکەن، بەڵام ئێمە نەک هەر ناتوانین کاریگەرییمان لەسەری هەبێت، بەڵکو هەروا  زیاتر و زیاتر ئەبستراکتن لەو ڕووەوەی کە ئێمە بە تەواوەتی ئاگاداری نین. وەک شتێکی لە تێگەتشتن‌بەدەریان لێهاتووە بۆمان.

لێکدژییەکە ئەوەیە ئێمە زیاتر و زیاتر وەک سوبێکتگەلێكی ئازاد هەڵسوکەوتمانمان لەگەڵدا دەکرێت: هەڵبژاردنی ئازاد، هەموو شتێک کەوتۆتەوە سەرخۆمان ... بەڵام لەهەمان کاتدا زیاتر و زیاتر خەسڵەتپێدراوی کایە ئابوری و تەنانەت سەربازییەکانین کە لە دەرەقەت نایەن. [ئیرادە و] بریکارێتیمان لێسەندراوەتەوە.

دەزانم کە یەکەم هەنگاو دەبێت ئەوە بێت خەڵکی بزانن تا چی ڕادەیەک کۆنترۆڵکراون. پێم مەڵی ئەمە شتێكی ئاسانە. پێموانیە زۆرینەی خەڵک بیانەوێت بزانن چۆن کۆنترۆڵکراون. زۆربەی خەڵک ژیانێکی ئاشتەواییان دەوێت. ئەو مشتومڕانەی گوانتانامۆ و ئەشکەنجەدان[1]ـەکانت بیردێتەوە؟ قسەم لەگەڵ کۆمەڵناسێكی ئەمریکییدا کرد کە  شتێکی خەمناکی پێ وتم: کاردانەوەی بەشی زۆری خەڵک ئەوە نەبوو "ئەی خودایە، نابێت ئەشکەنجەی ئەم گومانلێکراوە تیرۆریستانە بدەین"؛ یاخود تەنانەت پێچەوانەکەشی "دەبێت ئەشکەنجەیان بدەین، ئەوانە هەڕەشەن". بەڵكو خەڵک پێیان وابوو دەزگا نهێنییەکانی دەوڵەت دەبێت بە زیرەکانە کارەکە ئەنجامبدەن بەڵام ئەوان نایەنەوێت ئاگایان لێوەی بێت.

بە واتەیەک، ئەو هەواڵەی کە چۆن ئێمە کۆنترۆلکراوین جێی بەگەرمەوەهاتنی خەڵک نابێت. زیاد لە ڕادە مەیان‌نرخێنن – شتانێک هەن نایەنەوێت بزانن.

 

  • ئەو تەکنۆلۆژیا دیجیتاڵییانەی ئێستا دەستیان بەسەر ژیانماندا گرتووە لەلایەن چەند کۆمپانیا و دامەزراوەیەکەوە خاوەندارێتی دەکرێن نەک حکومەت. ئایا پێتوایە ئەمە بەپێی کات دەگۆڕێت و هێڵەکان تەڵختر دەبن؟

بە دڵنیایەوە. گەر لە کامبریج ئانالایتیکا[2] و NSAیەوە شتێک فێربووبین، تەنانەت گەر لەلایەن دامەزراوە گەورەکانیشەوە خاوەندارێتی بکرێن؛ نابێت ڕەچاوی ئەو ڕادە گەورەیەی هەماهەنگییە زیرەکانەکەیان نەکەین.

باوەڕم بەو ڕایە نیە کە لە سەردەمی جیهانی نیولیبراڵ‌دا، دامەزراوە گەورەکانی – دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت – هەڕەشە بن. واقیعەکە ئەوەیە پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان دەزگا دەوڵەتییەکان و ئابوری و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا هەیە.

 

  • کۆمیدیاکاری بەریتانی "ستیوارت لی" وتی تویتەر 'شتازی[3] نەوەی یاری Angry Birds 'ـە. هاوڕایت لەگەڵ ئەوانەی پێیان وایە ئێمە زۆر زانیاريی تایبەت دەدەینە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟

لەبنەڕەتدا هاوڕام لەگەل بیرۆکری ئەو 'شتازی'یەدا. بۆیە بە گوڕەوە بەرگری لە ژولیان ئاسانژ دەکەم کاتێک خەلکی دەڵین بۆچی تەنها 'هێرش' دەکاتە سەر ئەمریکا و هیچ ناڵێت لەسەر چین و ڕووسیا. خەڵکی چین و ڕووسیا لەو وەهمەدا  نین کە لە کۆمەڵگەیەکی ئازادی ڕاستەقینەدا بژین. ئاگاداری کۆتوبەندەکان و دەزانن لە دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەرادا دەژین.

نائازاديی مەترسیداری ڕاستەقینە، ئەو نائازادییە کە تەنانەت لێشی ئاگادار نیت، کە وەکو ئازادیی خودی خۆت ئەزموونی دەکەیت. ئایا تویتەر ئەوپەڕی فۆرمی ئازادی سوبێکتیڤی نیە؟ ئەو بیرۆکەیەی 'من لەبەردەم کۆمپیوتەرێکدا دانیشتووم؛ بەوناوەدا دەگەڕێم؛ هەرچییەکم بوێت دەیکەم؛ بە خواستی خۆم پەیوەندی دەبەستم'. چی شتێکی تر هەیە لەمە ئازادانە تر بێت؟ بەڵام هێشتا خەڵک دیسان ئاراستە و جڵەوگیر دەکرێن بە شێوازی جودا.
لە لایەکی ترەوە، لەگەڵ ئەو ڕایەدا نیم کە تویتەر و فەیسبووک میدیای جڵەوگیرین و ئێمە دەبێت دەستبەرداریان بین. ئایا دەتوانیت بیر لە شێوازە مۆدێرنەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتی بکەیتەوە بەبێ تۆڕێ کۆمەڵایەتی؟ هیچ بەهارێکی عەرەبی ڕووینەدەدا.

 

  • دەكرێت گۆڕان چۆن ڕووبدات لە کاتێکدا خەڵک نازانن باوەڕ بە چی زانیارییەک بکەن، بە تایبەتی زانیاریی سەر ئینتەرنێت؟

هیچ چارەسەرێکی ئاسان نیە. ئایدۆلۆژیای باڵادەست حەزی بەوەیە ئاماژە بەو هێڵانە بکات کە لێوەی جڵەوگیرکراوین؛ بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ شتێک بکەین، بۆیە تەنها چێژ لە ژیانەکەمان دەبینین. بەڵام کاتێک خەڵکی بە جەستەیی و هۆشی بەئاگادێنەوە لە بابەتی وەک گەرمبوونی زەوی و کۆچ و قەیرانە ئابورییەکان و چی و چیی تر، ئەمە بە کاوەخۆ دەکرێت هێزێکیان پێبدات بۆ ئەوەی شتێک بکەن.

 توانای خەڵک بە کەم سەیر مەکە. باوەڕم بە موعجیزە و پەرجووە. مەبەستم لە 'پەرجوو' ئەوەیە چؤن شتەکان دەکرێت ڕووبدەن بێ ئەوەی لە چاوەڕوانیی ئێمەدا بن و شتێک بتەقێتەوە. کێ پێشبینیی سوریای دەکرد، تەنانەت گەر ئەو کاتەش شکستی تەواوەتیی بهێنایە؟ کێ پێشبینیی شتێکی وەک بێرنی ساندەری دەکرد لە ئەمریکادا؟

من ڕەشبینێکی گەشبینم. باجێکی گەورەی جەماوەریم دا کاتێک وتم دەنگمدەدا بە ترەمپ. ترەمپ مۆتەکەیە. بەڵام دەڵێم کە بەبێ ترەمپ هیچ #MeToo و بێرنی ساندەرسێک نەدەبوو. ئایدیایەک هەیە کە هەندێک جار نەیارێکی زیاتر ڕادیکاڵ فەزایەکی نوێ بەڕووماندا دەکاتەوە و شتێکی نوێ لەوانەیە لێوەی دەربکەوێت. ئەمە گەشبینییەکی خەمناکانەیە.

 

  • پێگەی [بەرەی] ڕاستی سیاسی لە زیادبووندایە. بۆچی چەپ لە شکستدایە؟ زۆر ناکارایە؟ زۆر پەرشە؟ زۆر خاوە؟ دیبەیتی زۆر، لە کاتێکدا ڕاست لە پێشڕەویدایە؟

زۆر ڕاستە. زۆر ئاسانە ڕەخنە لە سۆسیال دیموکراتی لیبراڵ بگریت لەوەی وەک پێویست ڕادیکاڵ  نیە؛ یاخود ڕەخنەی مەیلە نیۆ-فاشیستەکان بکەیت. بەڵام ئایا چەپی ڕادیکاڵ هیچ مۆدێلێکی ئاڵتەرناتیڤ و جێگرەوەی هەیە؟ چییان دەوێت؟ چۆن پلان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە دادەنێن؟

کۆتا دەرئەنجامی ئەوەی ئێمە لە کوێداین ئەو گۆڕانکارییانەیە کە پێویستن بۆ پرسە سیاسی و ژینگەییەکان، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم چەپ وەڵامێکی کردەیی پێ بێت.

  • ئایا فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتی وەک دەنگێکی بەهێز دەردەکەون لەمڕۆدا؟ لەو باوەڕەدایت هیچ کاریگەرییەکیان هەبێت؟

نازانم تا چی ڕادەیەک بەهێزە. بەڵام من شەعیەتپێدانێکی پسپۆڕانە، و لەوانەشە سادە و ساکارانەم، هەبێت: کاتێک گفتوگۆی هۆشی دەستکرد و جڵەوگیری هۆش و بایۆجینات و ژینگە و هتد دەکەین، ئەو پرسیارانە دەهێنینە پێشەوە کە تا ئەوپەڕی فەلسەفیین: ئایا ویستی ئازادمان هەیە؟ بەچی واتایەک دێت ویستی ئازادمان هەبێت؟ کەرامەتی مرۆییمان لەسەر بنیاتنراوە؟ ئەمڕۆ بە گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لە دۆخە مرۆییەکەمان دا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە فەلسەفەیە.

لەبەر ئەوەیە حەز دەکەم بڵێم کە لەوانەیە پێویستبکات تێزی ١١ی مارکس هەڵبگێڕینەوە. لەوانەیە لە سەدەی بیستەمدا ویستبێتمان زۆر بە خێرایی جیهان بگۆڕین. ئێستا، لە جیاتیی تەنها گۆڕینی جیهان، دەبێت بگەڕێینە دواوە و دووبارە بە شیوازێکی باشتر شرۆڤەی بکەینەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] Waterboarding: جۆرێکە لە ئەشکەنجە دان لەڕێی کردنی ئاوكردن بە دەم‌وچاوی گومانلێکراودا.

[2] Cambridge Analytica: دەزگایەیەکی ڕاوێژکاری سیاسییە. لە ساڵی ٢٠١٨دا ئاشکرابوو لە داتای فەیسبوکی ملیۆنان بەکارهێنەری ئەمریکیی کۆکردووەتەوە و خستوویەتییە خزمەت بەرژەوەندیی سیاسییەوە لە هەڵبژاردنەوەکاندا.

[3] Stasi: دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای خۆرهەڵات بوو.

 

 

سەرچاوە:

https://newint.org/features/2019/02/11/interview-Slavoj-Zizek