A+    A-
(1,786) جار خوێندراوەتەوە

 

 

 مرۆڤە هاککراوەکان و دیکتاتۆرە دیجیتاڵییەکان

   

 

 

-گفتوگۆ لەگەڵ یۆڤال نوح هەراری-

و. شاڵاو یاسین   pdf

 

 

 

 

 

 

 

 

پرسیار: ئەو ئاڵنگاری و مەترسییە سەرەکییانەی کە ئەمڕۆ و لە ئێستادا ڕووبەڕووماندەبێتەوە چین؟

 

وەڵام: سێ ئاڵنگاریی گەورە هەن، کە لە سەدەی بیست و یەکدا ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، ئەوانەش جەنگی ئەتۆمی، گۆڕانی کەشوهەوا و داوەشانی تەکنۆلۆژیین، بە تایبەتیش سەرهەڵدانی هۆشی دەسکرد و بایۆ-ئەندازیاری. ئەمانەش زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانی دونیا. خۆشبەختانە ئێمە دەتوانین ڕێگری لە جەنگی ئەتۆمی  و گۆڕانی کەشوهەوا بكەین لە ڕوودانیان. بەڵام داوەشانی تەکنۆلۆژی نزیکە ڕووبدات. ئێمە هێشتا چەند بژاردەیەکمان لە پێشدەمدایە دەربارەی هۆشی دەستکرد و بایۆ-ئەندازیاری بەوەی چ جۆرە  کاریگەرییەکیان بە سەر جیهانەوە هەیە، وەک لە هەرشتێکی دیکە کە پێشتر ڕوویداوە  دەتوانن ببنەهۆی گۆڕانی دونیا. ئەمانە تەحەدا سەرەکی و گرنگەکانن، دەنا هەرشتێکی تر خۆسەرقاڵکردن و دوورکەوتنەوەیە لە خاڵی مەبەست.

 

 

پرسیار: ڕای تۆ چیە لە سەر ئەوەی کە خەریکە ڕوودەدات لەڕێگەی داتای مەزن و بایۆ-ئەندازیاری و هۆشی دەستكرد؟ کاریگەری هەموو ئەمانە لە سەر ئێمە چیە؟

 

وەڵام: هەندێک شت لەڕاستییدا خەریکە ڕوودەدەن. بۆ نمونە، کۆمپیوتەر و ڕۆبۆت زیاتر و زیاتر جێگەی مرۆڤ دەگرنەوە. بەڵام دەکرێت بپرسین دەرئەنجامی ئەمە چی دەبێت؟ ئایا ئەمە کۆمەڵگایەکی تا ئەوپەڕی نایەکسان درووستدەکات کە دەستەبژێرێک کۆنترۆڵی ئابوری دەکەن و هەموو قازانجەکان دەبەن، لە هەمانکاتدا زۆربەی مرۆڤەکان دەبن بە بەشێک لە جۆرە چینێکی بێکەڵک؟ ئەمە شتێکی نادیار نیە بەڵکو بە خواست و ئارەزووی ئێمەیە. بە هەمان شێوە، تێکەڵە و یەکێتیی نێوان بایۆ-تەکنۆلۆژی و هۆشی دەستكرد مانای ئەوە دەدات کە ئێمە زۆر نزیکین لەو خاڵەی کە دەتوانرێت وجوودی مرۆڤ هاکبکرێت. قسە و قسەڵۆکێکی زۆر دەربارەی هاکی کۆمپیوتەر، ئیمەڵ و ئەکاونتە بانکییەکان هەیە. بەڵام ئێمە ئیتر دەچینە قۆناغ و سەردەمێکەوە کە هاکی مرۆڤەکان دەکرێت. دەشتوانم بڵێم فاکتەری هەرە گرنگ بۆ هەرکەسێک کە زیندووە و دەژی لەمڕۆدا پێویستی بە زانینە دەربارەی سەدەی بیست و یەک، سەدەیەک کە ئێمە دەبین بە ئاژەڵی هاککراو.

 

پرسیار: هاککراو! یانی چۆن؟

وەڵام: سەرەتا لە لایەن دەزگاکان و حوکمەتەکانەوە دەستپێدەکات و بڕێکی بێشومار لە داتا کۆدەکرێتەوە  دەربارەی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان بەوەی بۆ کوێ دەڕۆین، لە ئەنتەرنێتدا بە دوای چیدا دەگەڕێین و چی دەکڕین. بەڵام هەموو ئەمانە زانیاریی ڕووکەش و سەتحیین دەربارەی هەڵسوکەوتەکانمان لە جیهاندا. خاڵی وەرچەرخانی گەورە لەوەوە دێت کە تۆ بۆ یەکجار بتوانیت بگەڕێیت و چاودێری بکەیت پاشان دەزانرێت کە چی لە لەش و مێشکی تۆدا هەیە. پاشان بە ڕاستی تۆ دەتوانیت هاکی وجوودی مرۆڤ بکەیت، بۆیە ئێمە هێجگار لەو قۆناغەوە نزیکین. پێشتر، بەشیکی زۆر لە خەڵکی سەرقاڵی فیتنسی سانای فیتبیت بوون[1] ئەمەش وەک هەمیشە ئامێری پێوانی دڵ و پەستانی خوێنی مرۆڤی دەستنیشاندەکرد. تۆ ئەوەت تێپەڕاندووە کە چی دەکڕیت و بە دوای چیدا دەگەڕێیت، یاخود چی دەخوێنیتەوە و لە تیڤییەکانەوە تەماشای چی دەکەیت. تۆ تەماشای فیلمێک دەکەیت و لە هەمان کاتدا، نێتفلێکس دەزانێت لە ناو دڵ و مێشکتدا چی ڕوودەدات.

  کاتێک تۆ زیادە تێگەشتنەکانمان دەربارەی بایۆلۆژیا و بەتایبەتیش زانستی مێشک پێکەوە دەبەستیت، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتی کۆمپیوتەر کە ئامێر فێردەبێت و هۆشی دەستكرد پێمانی دەبەخشێت، ئەو کات چی شتێک لەو پێکەوە بەستنەوە بەدەستدەهێنیت جگە لە توانستی هاککردنی مرۆڤ، بەشێکی ئەم دەرئەنجامەش مانای پێشبینیکردنی بژاردەکانیانە، تێگەشتنە لە هەست و ئیحساساتەکانیان و مۆنۆپۆڵکردن و ڕامکردنیانە، هەروەها شوێنگرتنەوەیانە، چونکە گەر تۆ بتوانیت هاکی شتێک بکەیت دەتوانیت جێگرەوەشیان دانێیت. بە جۆرێکی تر بڵێم  گرنگترین فاکت لە ئێستادا ئەوەیە هەرکەسێک کە زیندووە لە لای خۆیەوە پێویستە بزانێت سەدەی بیستویەک ئێمە دەبین بە ئاژەڵی ئاسان هاککراو، گەر تۆ بتوانیت هاکی شتێک بکەیت، دەتوانیت شوێنی بگریتەوە.

 

پرسیار: چەندین نیگەرانی هەن سەبارەت بە هۆشی دەستکرد، بەوەی لە داهاتوودا ڕۆڵێکی ئێجگار گەورە دەگێڕێت. بەڵام پێناچێت تۆ نیگەرانییەکی ئەوتۆت دەربارەی هەبێت. دەکرێت پێمان بڵێیت بۆ؟

وەڵام: مەترسییە گەورەکە خودی هۆشی دەسکرد و بازاڕی کارە، کە خزمەتی ئەوە دەکات هێزێکی زۆر بە ژمارەیەکی کەمی خەڵکی بدات و پاشان دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵ درووستبکات. پێموایە کە بە شێوەیەکی وەها نزیک نین یان هەتا لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا نین کە هۆشی دەسکرد بتوانێت ئاگایی بەدەستبێنێت و لەڕێگەیەوە هەست و ئارەزووەکانی درووستبکات و پاشان دەست بە کوشتنی ئینسان بکات. ئەمە چیرۆک و خەیاڵی زانستییە. لەڕاستییدا حەزم لە خەیاڵی زانستییە بەڵام پێموایە خراپترین خزمەتگوزاری کە لەم چەند ساڵەی دواییدا پێسکەشکرا بۆ ئەوە بوو کە نیگای خەڵکی ڕابکێشرێتە نێو مەترسیی ڕاستەقینەی هۆشی دەستکردەوە، و سەرنجیان بخرێتە سەر سیناریۆگەلێکی ناڕاست. بە دڵنیاییشەوە هیچ دەلیل و ئاماژێک نیە کە هۆشی دەستکرد و  کۆمپیوتەرەکان لە هەموو شوێن و سەرڕێگاکان خەریکن هۆشیار دەبنەوە. من دژ بە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر نیم بە هۆشی زیرەک یان هۆشی دەستکرد، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کێ دەبیت بە سەرگەورە و مامۆستای ئەم ئامێرە زیرەکانە؟ ئایا خزمەتی نوخبەیەکی بچوک و کۆمپانیایەکی گەورە دەکەن؟ ئایا خزمەتی حوکمەتە دیکتاتۆرەکان دەکەن؟ یان خزمەتی من دەکەن؟  تۆ دەتوانیت هۆشی دەستکرد بەکاربێنیت بۆ درووستکردنی ڕژێمێکی چاودێریی حوکمڕانی، و دانیشتوان کۆنترۆڵبکات. لە گەڵ ئەوەشدا دەتوانیت بە کاریبێنیت لە پێناوی خەڵکیدا بۆ چاودێریکردن و ڕێککردنی حوکمەت و دڵنیا بیت لەوەی هیج گەندەڵییەک بوونی نیە. تەکنۆلۆژیای هاوشێوە دەتوانێت بە هەردوو ڕێگەکەدا بڕوات و بە کاربهێنرێت.

 

 

 پرسیار: پێشتر وتووتە کە کۆتا کتێبتان یەکێکە لەو کتێبانەی کە بۆ ئێستا نوسراوە و کتێێکی هەنوكەییە، سیاسەت لە حاڵی حازردا زۆر نیگەرانکار و لێڵکارە وەک لە هەرکات و زەمەنێکی دیدا، و پێشنیاری ئەوەتان کردووە کە برێکست لەوانەیە هەردوو بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لێکجودا بکاتەوە، چۆن دەکرێت ئەم کێشەیە جارەسەر بکرێت؟

 

وەڵام: هەروەک ئەوەی خەڵکی وردەوردە باوەڕ لەدەستدەدەن بۆ هاوکاریکردنی یەکدی و یان نەمانی توانای پشتگیری و هاوکاریکردنی وڵاتان بۆ یەکدی، ئەمە دەبێتەهۆی درووستبوونی بەسەنتەرکردنی خود، پاشان هەموو کەس ئامانج و بەرژەوەندیی خۆی دەخاتە پێش هەر شتێکەوە بۆیە لەدەرەنجامدا هەموو شتێک سەخت و سەختتریش دەبێت. باوەڕم بەوە نیە کە هەموو شتێک هەر بە سرووشتی و لە زگماکەوە هەڵە بێت بەنیسبەت برێکستەوە. ئێمە بەریتانیا  دەبینین کە خەریکە سەربەخۆیی وەردەگرێت لە یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە کێشەکە تەنها کاتە و چاوەڕوانیی دەوێت. هەموو کێشەکانی جیهان، هەر لە هۆشی دەستکردەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگی ئەتۆمی، چارەسەرێکی نەتەوەیی پێویست نییە. تۆ ناتوانیت لە سەر بنەمای نەتەوەیی ڕێگر بیت لە گۆڕانی کەشوهەوا. تۆ دەتوانیت گازی ماڵان بۆ ئاستی سفر کەمکەیتەوە. بەڵام گەر وڵاتانی تر نەتوانن هەمان شت دووبارە بکەنەوە یارمەتیدەر نابێت. بە هەمان شێوەش، تۆ ناتوانیت هۆشی دەستکرد ڕێکبخەیت و بە جۆرێک دەستی بەسەردا بگریت.

 

پرسیار: تا ئەندازەیەکی زۆر دەرچوونی بەریتانیا ئیلهام لە ترس لە زیادبوونی کۆچ و پەنابەر وەردەگرێت. ئایا ئەو ئایدیایانەی کە تۆ قسەت لەسەریکردووە وەک کەلتورگەرایی دەکرێت مۆڵەت بە خەڵکانێك بدات کە ڕەیسیست و ڕەگەزپەرەستن بترسن لە خەڵکێک کە وەک ئەوان نین و هاتوون بۆ ناوچەکانیان هەر وەک ئێستا لە ئەوروپا دەیبینین.

 

وەڵام: بەدڵنیایەوە لەوێدا ترسێک هەیە. جیاوازی نێوان ڕاسیزم و کەلتورگەرایی ئەوەیە کە ڕاسیزم ئەرگومێنت و باسوخواسێکە دەربارەی بایۆلۆژی. تۆ دەڵێیت ئەم خەڵکانە، شتێک لە خوێنیاندا هەیە، شتێک لە جیناتیاندا وجوودی هەیە، یان شتێک لە لەش و بایۆلۆژیایاندا هەیە کە بە شێوەیەکی حەتمی وایان لێدەکات کە ڕێگەیەکی دیاریکراو بگرنەبەر بۆیە ئەمە ناگۆڕێت و لە ناو بایۆلۆژیایاندا بوونی هەیە. کەلتورگەرایی وەک بایۆلۆژیا نییە. بە پێچەوانەوە دەڵێن شتێک لە کەلتوریاندا هەیە. بۆنمونە کەلتوری ئەوانیتر ڕێزێکی کەمتر لە ژنان دەگرن، کەلتوری ئەوانیتر زۆر ئۆتۆریتەخواز و دەسەڵاتخوازە، کەلتوری ئەوان...هەرشتێکی دی..  ئەو شتەی دەربارەی ئەرگومێنتەکانە کە هەندێجار نەک هەمیشە وا تەماشای کەلتور دەکات کە ڕاست بن، یانی هەندێجار هیچ بنەمایەکی زانستی نیە بۆ بیرکردنەوە لە جیاوازییەکی گەورەی بایۆلۆژی لەنێوان خەڵکدا، بە جۆرێکی دیکە زانست ناتوانێت بیسەلمێنێت کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان بوونیان هەیە. ئەوەی پێویستە یادمان بێتەوە ئەوەیە کە کەلتور و خەڵکان دەگۆڕێن. تەنانەت ئەگەر لە کەلتورێکی تایبەت و جیاوازدا هاتبێتی، ئەوە مانای ئەوە نادات ئیتر تۆ ناتوانیت بەتەواوی ژیانی خۆت دونیابینیت، ئەخلاق و ئەتوارت نەگۆڕیت. لە ماوەی ژیانی کەسێکدا، تەواوی کەلتورێک دەتوانێت بە ڕێگەیەکی زۆر گەورە بگۆڕدرێت. گەر تۆ سەرنجبدەیت و سەیری ئەڵمانیا بکەیت نزیکی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر چەندین گۆڕانکاریی کەلتوری یان کەلتوری جیاوازجیاوازی بەجێهێشتووە. کەلتوری ئەڵمانیا لە زەمەنی هیتلەر و لە زەمەنی مێرکڵدا بە تەواوی جیاوازە بە لایەنی کەمەوە هەندێک خەڵکیش هەمان شتە.

 

پرسیار: هەندێک لە هەڵسەنگێنەر و ڕەخنەگرە زبرەکانت دەڵێن تۆ زۆر باشیت لە دایەگنۆسکردن و دەوستنیشانكردنی کێشە و گۆڕانکارییەکان بەڵام بۆ ئەوەی کە دێت یان کە ڕوودەدات وەڵام و چارەسەرێکی ڕیشەییت پێ نییە؟

 

وەڵام: ڕاستە، ئەوە کارێکی ئێجگار سەختە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکان بەڵام هەروەها زۆر سەختیشە کە دەقاودەق چارەسەر بۆ کێشە و پرسیارەکان بدۆزیتەوە یان بە شێوەیەکی ورد دەستنیشانیان بکەیت. کارە سەرەکییەكەم لە ئێستادا ئەوەیە، دەبینم کە ڕوونێتی دەهێنیت و بەرچاوی خەڵکی ڕۆشندەکاتەوە و بەوەی شتەکان ببینن و وا لە خەڵکی دەکات کە فۆکەس بخنە سەر گرنگترین کێشەکان. پاشان بابەت و پرسەکە دێت. بۆیە  دەکرێت بپرسین چارەسەرەکان چین؟ لە چەندین ڕوەوە، ئێمە دەزانین کە چارەسەرەکان چین. بەڵام سەختە بتوانین بەبێ هاریکارییەکی جیهانی دەست بە چارەسەرەکان بکەین و جێبەجێیان بکەین. ئێمە دەزانین لە گەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا چارەسەرەکان چین. ئەمە بۆ خۆی چیدی ڕاز و نهێنێکی گەورە نییە. ئێمە دەزانین چ جۆرە تەکنۆلۆژیایەکمان پێویستە بۆ پێشخستن و  دەشتوانین بەم کارەش هەستین. یان دەزانین چ جۆرە ڕێکخستنێکی ژینگەییمان پێویستە بۆ ناچارکردن و ڕێلێگرتنی پیسکردنی ژینگە و وە دەتوانین بەمکارەش هەستین. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە هیچ ئیرادەیەکی سیاسی نییە لە ئێستادا. لە گەڵ هۆشی دەستکرد و ئەندازەزانیدا، دەکرێت بڵێین زۆر ئاڵۆزە بۆ درککردنی لە حاڵی حازردا چونکە هیچکەس نازانێت بەرەو کوێ ملدەنیت یان هیچ کەس نازانێت چ جۆرە شیمانەیەک لە پێشماندا دەکرێتەوە. تەنانەت لێرە، چەندین شت هەن دەتوانین بە ئەنجامیبگەیەنین. وەک وتم کێشەکە نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینەیە لە ئێستادا، زیاتر لەوەش نەبوونی هۆشیاری و گوێپێنەدانە. گەر خەڵکی سەرنج و فۆکەس بخەنە سەر ئەم پرسە جدییانە، باوەڕ ناکەم چارەسەری کێشەکان ئەوەندە سەخت و دژوار بن.

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] . Fitbit fitness trackers : فیتنیت کۆمپانیایەکی ئەمریکییە بارەگاکەی لە سانفرانسیسکۆ و کالیفۆرنیایە، ئامێرێکی تەکنۆلۆژیای نوێی بچووکە و شوێنپێ و هەنگاوەکانمان بۆ هەڵدەگرێت و دەژمێرێت لەڕێگەی داتاوە، ڕادەی توندی دڵ و جۆری خەو، هەڵزنان بە شوێنی بەرز، یان هەر چالاکییەکی دیکەی مەتریمان بۆ دەستنیشاندەکات- و

 

 

سەرچاوە:

https://www.aljazeera.com/indepth/features/hackable-humans-digital-dictators-qa-yuval-noah-harari-180824095306982.html