A+    A-
(191) جار خوێندراوەتەوە

        بەختەوەری: لە نێوان مارکسیزم و سەرمایەداری‌دا

       (دەربارەی دیبەیتەكەی نێوان ژیژەک-پیتەرسۆن)

 

 

 

نوسینی: كادڵ لاست

وەرگێڕانی: دێرسیم فایەق

 

 

 

ساڵی ڕابردوو بانگەشەم بۆ ئەگەری ئەنجامدانی گفتوگۆیەک لە نێوان سلاڤۆی ژیژەک‌ـی فەیلەسوف و جۆردن پیتەرسۆنی دەروونناس‌دا دەکرد. لەو باوەڕەدا بووم دایالۆگێک لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییە مشتومڕسازەدا بە سودی گەورەی گوتاری سیاسی و ئابوری دەشکێتەوە. بەوەی لەسەر ئەو دوو کەسایەتییە دەمزانی، ئەوەم خستەڕوو گەر گفتوگۆکانیان بەسەر مەسیحیەت و پۆستمۆدێرنیزم و دەروونشیکاری‌دا چڕببێتەوە ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی باشتر لەو جیاکارییە وردانە بگەین کە هەر ڕۆشنبیرێکیان ئەم ئایدیا ئالۆزانە دەخەنەڕوو.

 

[1]

 

 

بەڵام سەرەڕای وەها دیبەتێک، مامەڵە لەگەل گوتاری ''بەختەوەری'' و پەیوەندیی بە مارکسیزم و سەرمایەدارییەوە دەکەین. پێموایە ئەم سەرجدانە سەرەکییە بەرچاوڕوونییەکمان دەداتێ لەسەر ئەوەی گفتوگۆکە لەسەر چی دەبێت؛ دەمەوێت لەڕێی ئەم وتارەوە ئەوە بخەمە بەرچاو کە پێم وایە دێتەگۆڕێ و دەتوانین هیواخوازی چی بین لەم کارلێکەوە بەدەستمان بێت.

یەکەم شت دەمەوێت ئەوە بڵێم چەمکی بەختەوەری وەک نەفییەکی سەرەکی دەردەکەوێت بۆ ژیژەک و پیتەرسۆنیش. بە واتایەکی دیکە، بەلای ژیژەک و پیتەرسۆنە بەختەوەری نابێت هەرگیز ئامانجێ نیاز و دوورمەودای بوونی مرۆڤ و هەبوونی مرۆڤایەتی بێت (هەرچەندە دەشێت لێوەبەرهەمهاتووی ئامانجەکانی دیکە بێت). ژیژەک بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات بەختەوەری ''کاتیگۆرییەکی سازشكار یان خۆگونجێنەر[2]''ـە و پیتەرسۆنیش لە ئاماژەداندایە بە ڕەخنەکردنی بزاوتی هەست‌وسۆزە ئەرێنییەکان  وەک بەد-زانین[3]ـێک تا ئاستێکی ''شەرمەزارکەرانە''.

ڕەگوڕیشەی هۆکاری پشتگوێخستنی بەختەوەری وەک بەهایەکی کۆتادار لە-خۆیدا دەگەڕێتەوە سەر مژووڵبوونی هەردوو ڕۆشنبیر بە بیرمەندە مێژوویی و دەروونشیکارییە قووڵەکانەوە. ژیژەک لە ژێر کاریگەریی پێداگریی هیگڵدایە بەوەی تەنها ''لاپەڕە بەتاڵەکان''ـی مێژوو بەختەوەرن؛ هەروەها پێداگریی لاکان لەسەر ئەوەی کۆتایی شیکاری [دەروونی] سەرنج‌خستنە سەر هەقیقەتێکی نائاسوودەیە نەک خود-بەختەوەرانە. پیتەرسۆن لەژێر کاریگەریی جەختکردنەوەی دۆستۆیڤیسکیدایە لەسەر ئەوەی مرۆڤی دڵخۆش دۆخەکەی خۆی بە دەستی خۆی وێراندەکات[4] و هەروەها مکوڕبوونی نیچە بەوەی ژیانی ڕاستەقینە سەرنجدەخاتە سەر هێزی-خود نەوەکو بەختەوەریی-خود.

لەبەر ئەوە، گەر لەڕووی تیۆرییەوە ژیژەک و پیتەرسۆن یەکبخەین، ئەوا پەیوەست بەو ڕاستییەوە دەبێت هەردوو بیرمەندەکە ئەو دابڕانە سەرەتاییەی فرۆیدییان پەژراندووە کە وەکو ''ئەودیوی'' پرەنسیپی چێژ[5] ناسێنراوە. بەلای فرۆیدەوە ژیانی مرۆڤ سەرەتا لەڕێی پرەنسیپی چێژەوە ڕێکدەخرێت، بەڵام دواتر لایەنە شاراوە نائاگایانەکەی خۆی تێهەڵکێشدەکات، کە پەیوەندیی بە حەقیقەتی 'ئید[6]'ـەوە هەیە نەوەکو چێژی ئیگۆ. پەسەندکردنی ئەم وانە بنەڕەتییە بەرەو ئاراستەی ژیانی پاڵنەرەکان[7] هەنگاودەنێت کە گرژی و ناکۆک[8]ـی ئاراستەی دەکات بەهەمان شێوەی ئەوەی ئارەزووەکانی ئیگۆ ئامانجی هاوئاهەنگی و هارمۆنی و بەختەوەرییە. بەم جۆرە پەسەندکردنی ژیانی پاڵنەرەکان دەبێتە مایەی ژیانێکی قورس، بەڵام لە هەمان کاتدا ژیانێکی ماناداریش.

چۆن ئەم یەکانگیرییە بنچینەییە تیۆرییەی نێوان ژیژەک و پیتەرسۆن دەبێتەهۆی دەرخستنی تێڕوانینیان بۆ بابەتە ئابوری و سیاسییەکان؟ دەتوانین لەم خاڵەدا تەنها پێشبینی بکەین بەڵام ئەوە دەزانین ژیژەک، بە هەموو ئاماژەکانیەوە، مارکسییەکی ناتەقلیدییە؛ هەروەها پیتەرسۆن، لەڕێی مەزەندەکردنەکانەوە، سەرمایەدارێکی پراگماتیکە. ژیژەک وێڵی ڕێگاگەلێکە لێوەی دووبارە بیر لە مارکسیزم بکاتەوە لەڕێی سەرلەنوێ شرۆڤەکردنەوەی دیالەکتیکیی مارکسییەوە بە هاوێنەی دیالەکتیکی هیگڵی (سەرچاوە ڕۆشنبییرییەکەی [ژیژەک])؛ هەروەها بەهام شێوەی زیادکردنی دۆزینەوە دەروونشیکارییەکان بۆ هەر تێگەیشتنێکی سەرەتاییانەی ئەوەی کۆمۆنیزمی کردەیی ڕاستەقینە[9] چۆن دەبێت. لەباری ئاساییدا ژیژەک تاڕادەیەک خاكەڕا یان خۆلێلادەرە (یاخوود هەردووکیانە) کاتێک باسەکە دێتەسەر هێنانەزمانی ڕاستەوخۆی ئەوەی کۆمۆنیزمی کردەیی ڕاستەقینە چۆن دەبێت، بەڵام بە ڕوونی ئەوە دەخاتەڕوو ئارکیتایپە مارکسییە یۆتۆپیاییە یەکسانیخوازەکە نابێت.

هەڵوێستە سیاسی و ئابورییەکانی پیتەرسۆن لەلایەکی دیکەوە زیاتر باو و تەقلیدییە. کەسێکە جەخت لەسەر تاک بەسەر دەستەجەمعی‌‌دا دەکاتەوە وەک بنەمایەکی میتافیزیکی‌، بۆیە کۆمۆنیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی دەستەجەمعی دەبینێت کە هەموو بنچینە بەڵگەنەویست[10]ـە گرنگەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە. هەروەها جەختکردنەوەکانی لەسەر تاکگەرایی هاوجووت دەکات لەگەڵ ڕەخنەی توندی ئەزموونە لە واقیع‌دا خۆڕاگەیاندوو[11]ـەکانی کۆمۆنیزمی سەدەی یستەم‌. پیتەرسۆن هیچ کێشەیەکی نیە لە بەراوردکردنی وێرانکارییەکان و خراپیەیکانی ئەم ئەزموونانە وەک نوسخەی چەپی ئەوەی لە ئەڵمانیای فاشیستی نازی‌دا ڕوویدا. بۆیە بەلای پیتەرسۆنەوە خاڵی پرۆژەی ئابوری-سیاسی سەدەی بیستویەک دەبێت پێش هەموو شتێک وەلانانی ئەم دوو جەمسەرە توندەوە بێت لە گەشەپێدان‌دا.

ئایا هیچ ئەگەرێکی تێهەڵکێش و سەنتێز هەیە لەم دیالۆگەدا کەوا هەر لە دەستپێکییەوە زۆر جەمسەرگیر دیارە؟ ئەگەر سەنتێزێک هەبێت ئەوە تەنها لە داننانە بەوەی هەردوو بیرمەندەکە ڕەخنەگری بنچینە ساکار[12]ـەکانی مارکسیزمن؛ هەروەها هەردوو بیرمەندەکە مکوڕن لە پێداگریکردن لەسەر گرنگیی ڕەنگدانەوەی دەروونی مرۆڤ لەسەر پاڵنەرە نائاگاکان. سەرەڕای ئەوە جیاوازن کاتێک دەگەنە سەر ئامانجە سەرەکییەکە. بەلای ژیژەکەوە، ئامانجی بنچینەیی دووبارە بیرکردنەوەیە لە چەپی جیهانی یاخود چەپی گەردوونی. چەپ دەبێت بە شێوازێکی نوێ بیر لە کێشە و ئاستەگەکانی ژیانی کۆمۆنەکان و کارایی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی و ئاقارەکانی تەکنۆلۆژیای نوێ (بۆماوەزانی، هۆشی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان و هتد) بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی سەرەکیی پیتەرسۆن کەوتۆتە سەر تاک و تواناییەکەی بۆ وەرچەرخان لەڕێی پەیوەندبوونی قووڵی لۆگۆسەوە. بەلای پیتەرسۆنەوە دەبێت تێگەیشتنمان بۆ خود لە ئاستە بنچینەیەکەی دا بگۆڕین، دواتر ڕەنگە بناخەیەکی ئابوری-سیاسیی نوێ دابمەزرێ لەژێر بنەمای خود-ئاگاییەکی ڕۆشنگەردا. بەم واتایە عەرەبانەکە دەخەینە پێش ئەسپەکەوە، ئەگەر بەبێ ڕەنگدانەوەی پێویستیی قووڵ لە سرووشتی خوددا بیر لە جیۆ-سیاسی جیهانی بکەینەوە. 

چی شتێک لە هەمباری ئەم دایالۆگەدایە؟ پێموایە زۆر شتی لە هەگبەدایە. پێش هەموو شتێکی تیۆریی پلەبەرز دەتوانرێت بەشێوەیەکی نوێ بیری لێبکرێتەوە. ئەگەر بهێڵرێت پێشبینیی چوار ئاستی سەرەکی بکەم تیایدا تیۆری باڵا بتوانرێت دووبارە بیری لێ بکرێتەوە ئەوە "کۆتایی بنەمای چێژی نیولیبراڵیزم" و "ئەرێکردنی هەڵبەز و دابەز[13]ـی دەروونی" و " گوتاری تاک بەرامبەر دەستەجەمعیبوون" و "ئاوێزانبوونی تاریکایی[14] مێژووی یاخوود سێبەرەکان[15]". هەریەک لەو ڕەهەندانەی تێگەیشتنی ساتەوەختیمان پێویستیان بە وێناکردنەوەیەکی کاریگەرانەیە بۆی.

 

 

 

 

نیولیبراڵیزم تەنها لەبەر هۆکاری ئابوری نیە کە کێشەیە، بەڵکو لەبەر هۆکاری ساکاری چێژیش. لە چاخی نیولیبراڵیزم‌دا ئێمە نوێنەرەوەی بەڵگەنەویستـ[16]ـێکی ئەخلاقیین کە بە دەوری پرەنسیپی چێژدا دەسوڕێتەوە، و بەرەو کۆمەڵگەیەکی تێرکردنی  یەکسەری ئارەزووەکان و خۆ-گرتنەوەیەک[17]ـی نزممان دەبات.

ئەرێكردنی هەڵبەزودابەزە دەروونییەکان پێویستن لەبەرئەوەی پێدەنێینە ناو پانتاییەک[18]ـی نوێی دەروونی لە جیهانەکەماندا. ئەم پانتاییە دەروونییە ناتوانرێت تەنیا لەڕێی هەست‌وسۆزە ئەرێنییەکانەوە بتەنرێتەوە، بەڵکو دەبێت دیالەکتیکییانە هاوسەنگیی نێوان هەست‌وسۆزە ئەرێنی و نەرێنییەکان ڕابگیرێت. هەردووکیان پێویستن و دەبێت تێکەڵکێش و ئاوێزان بکرێن بۆ گەیشتن بە ئاستێکی نوێی خود-ئاگایی.

گوتاری تاک و دەستەجەمعی‌بوون پێویستی بەوەیە وەربچەرخێت چونکە دایالۆگە سیاسییە کۆنەکانی نێوان ماف و ئەرک؛ پێشکەوتنخوازی و موحافیزکاری بەتەواوەتی لە ڕۆڵگێڕان کەوتوون و تێکشکاون. هەردوو ماف و ئەرک پێویستن بۆ کۆمەڵگەیەکی کردەیی، کە ئەو ئەرک و مافانەی ڕوون نیە. ئەمە دەکرێت ڕوویەکی بێت لەبەرهۆکاری ئەوەی  جیهانیبوون و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ئۆتۆماتیکیبوون و هەر ژمارەیەکی دیکەی هێزەکان کە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیان بە شیوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە.

لەکۆتاییدا، ئاوێزانبوونی تاریکایی مێژووی یا سێبەرەکان شتێکە دەبێت سازشی لەسەر بکەین لەناو دڵمان‌دا. بوونی مرۆیی توانای خراپترین دڕندایەتییە وێناکراوەکانی هەیە. ئەهریمەنێکی هاوجووت کارایە لەناو دڵی هەریەکێکماندا. ئەگەر بێبایەخ و ناڕەنگدەرەوە بەجێبهێلدرێت لەسەرمان ئەوە دەکەوینە مەترسی چەندبارەکردنەوەی خراپترین کارەساتەکانی سەدەی بیستەم.

بەگشتی، ئەم گفتوگۆیە لە نێوان ژیژەک و پیتەرسۆن دا: بەختەوەری لە نێوان مارکسیزم بەرامبەر سەرمایەداری‌دا، دەبێتە بەریەکەوتنی بیریارانێک بێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیردا دەمێنێتەوە. هیوادارم ئەم وتارە بەرچاوڕوونییەک ببەخشێت لەسەر ئەوەی ئەم دوو بیرمەندە چی کۆیاندەکاتەوە و چی دەکرێت وەک ئەگەری ئاوێزان و سەنتێزی تێگەشتنی نێوانیان بێت.

 

 

 

 

 

 

 


[1] . Phallogocentrism: چەمکێکی دێرێدایە ئاماژە بە ئیمتیازدان بە نێرینەیی (فالوس) دەکات لە بنیاتنانی واتادا.

 ڕەخنەی ژیژەک لە کەلتوری پۆستمۆدێرنیزم خۆی لە پووکانەوەی دەسەڵاتی ڕەمزیـدا دەبینێتەوە، ئەو دەسەڵاتەی کە "نا"ـیەکی سازشنەکاری دەخستەوە؛ لەجێی ئەوە "سوپەرئیگۆ"یەکی بارگرانتر شوێنی گرتۆتەوە کە بەردەوام دەڵێت "چێژبینە". –و  

 

[2] . Conformist category: ئاماژەیە بەوەی كە بەختەوەری جۆرێك خۆگونجاندنی تیایە و هاوكات خۆلادانیشی تیایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تراومایی. ئەمە بەپێچەوانەی حەقیقەتەوە كە ڕەهەندێکی زبر و ئازاربەخشی هەیە -و

 

[3] Ill-informed

[4] Self-sabotage

[5]Beyond  Pleasure principle

[6] id

[7] Drives: پاڵنەر و ئارەزوو دوو چەمکی نێوپەیوەندیین کە ژیژەک لە تەواوی کارەکانی دا بەکاریاندەهێنێت، هەر لە دەروونشیکارییەوە بۆ فەلسەفە و سیاسەت. لە دیدارێکدا لەگەڵ Glyn Daly  ژیژەک  ئاماژە بەوە دەکات "پاڵنەر کەڵکەڵەی سەرەکیی کارەکانمە": چەمکی پاڵنەری مەرگی فرۆیدی یاخوود ئەوەی لە ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا پێی دەوترێت نەفی. ئەگەر ئارەزوو خواست بێت بۆ  ئۆبێکتی لەدەستچوو ئەوا  پاڵنەر پێداگیرییەکی شێلگیرانەیە لەسەر خودی لەدەستچوووەکە و لەدەستچوون خۆی وەک ئۆبێکتێک. پاڵنەر دەتوانێت بەشەکی بێت و لە ئۆبێکتێکی دیاریکراودا بگیرسێتەوە، بەڵام هەروەها هەستێکی ڕەهایانە و پێداگرییانەی بێڕەچاوکردن یا لە ئەودیوی مەرگ و ژیانیشیەوە هەیە. بۆ نمونە کێشانی جگەرە، خەسڵەتی شتێکی زیادە و کۆنترۆڵنەکراوی هەیە کە دەتکوژێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە، و تەنانەت لەبەرئەوە، شەقڵی شتێکی هەیە کە ناتوانیت نەیکەیت.  هەر ئەم زیادەیە و شێتانەییە لەگەڵ تێکدانەکەیدا ئیمکان و شیانی شتی نوێ لەگەڵ خۆیدا دێنێت، هەروەک لاکان ئاماژەی پێدەدات "ویستی درووستکردنە لە سفرەوە و دووبارە دەستپیکردنەوەیە". ئەگەر ئارەزوو پێداگیری بێت لەسەر شتە سەرەتایی و کاتییەکان، ئەوا پاڵنەر جەختکردنەوەیە خاڵێکی دیاری کراو تەنانەت لە ئەودیوی پاساودانەوە ئەقڵانییەکانیشەوە. (سوود لە 'فەرهەنگی ژیژەک' وەرگیراوە بۆ ئەم پەراوێزە) -و

[8] Antagonism

[9] Actually Functioning

[10] Axiomatic

[11] Actually manifesting 

[12] Naïve

[13] Vicissitude

[14] Darkness

[15] Shadows

[16] Axiom

[17] Self-constraint

[18] Territory`d`

 

 

سەرچاوە:

https://www.cadelllast.net/blog-1/2019/3/4/happiness-marxism-versus-capitalism-anticipating-iek-peterson