A+    A-
(211) جار خوێندراوەتەوە

لە ئابوريی سیاسیەوە بۆ ئابوريی پەتی

 

 

 

سەمیر ئەمین

و. ئاكۆ حەسەن

 

 

 

 

لە ئێستەدا وانەیەکی شێوەنامۆ بووەتە بابەتی خوێندن و دیراسەکردن لە تەواوی زانکۆکانی جیهانی هاوچەرخدا، ناونیشانەکەی ((زانستی ئابوری))ە و، بواری لێکۆڵینەوەکانیشی ئەو ڕواڵەتانەن کە لە میانیانەوە دیاردە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی نوێ دەردەکەون: کرێ و پەرەسەندنەکانی، تێکڕای گەشەی بەرهەمهێنان، قەبارە و ڕێژەی وەبەرهێنان لە بنیاتنانی توانا وەبەرهێنیەکان، هەناردە و هاوردە، نرخ و هەڵاوسانەکان و...تاد.

لەوێوەی کە دیاردە ناوبراوەکان حوکم بە ژیانی ڕۆژانەی هەموانەوە دەکەن کەس ناکاوگیر و سەرسوڕماو نابێت لەو گرنگی پێدانەی کە جەماوەر بەو زانستەی دەدات. لەئەنجامدا خواست لەسەر دیراسەکردنی زانستیانەی بوەتە شتێکی دڵخواز و پێشوازی لێکراو تەنانەت وای لێهاتووە جەماوەر چاوەڕێی زانایانی ئابوری بن کە شیکار و تەفسیرێکی ڕازیکەریان بۆ بارودۆخەکان پێشکەش بکەن، بەڵکو تەنانەت وەڵام بە پرسیارەکانیشیان بدەنەوە بەوەی گەر شتەکە پێویستی کرد چ ڕێ و شوێنێک بگیرێتەبەر، و بۆ بەرەوپێش بردنی پەرەسەندنەکە ڕوەو باشتر. ئەوەیش گرنگی پێدانێکی لەبەرتر دەدات بە دیراسەکردنی زانستی ئابوری، لەوەشدا وەک فێرکردنی گشتی و تەندروستی و لێکۆڵینەوە لە زانستی سروشتی و پەرەپێدانە تەکنۆلۆژیەکان. لەو بارەیەوە دەگوترێت دڵنیایی کارایی و چالاکبونی حکومەتی ئابوری کەمتر جێی گرنگی نیە لە دەستەبەرکردنی تەندروستی پزیشکی و هۆکارەکانی ژیانی نوێ و، جەماوەریش دەڵێت : نیشتیمان پێویستیەکی چاو لێنەپۆشراوی هەیە بە دەستەبەرکردنی شارەزا ئابوریە خاوەن لێهاتوییەکان و، لەسەر حکومەتیشە پاڵپشتیان بکات لەپێناو دڵنیایی لە توانای هەڵسوڕاندنی کۆمەڵگەدا.

لەم وتارەدا گفتوگۆی بەڵگەنەویستەکان ناکەم، لەنێویاندا هەندێک دەربڕینی گەمژانە. لە شیکاریەکەمدا تەرکیز دەخەمە سەر پرسیارێکی دیکە ئەویش: ئایا زانستی ئابوری بۆ بەڵێنەکانی خۆی وەفادار بووە؟

 بەڵکو لەوەش زیاتر: ئایا ئەو زانستە دەتوانێت بۆ بەڵێنەکەی خۆی وەفاداربێت لەسەر بنەمای ئەو میتۆدەی لە لێکۆڵینەوەکانیدا پەیڕەوی کردووە؟ و گەر وەڵامەکەم بە نەرێنی بێت (کە هەروایە) ئەی ئەو هۆکارانە چین کە من وای دەبینم سەرچاوەی شکستەکەی بێت؟

لێرەدا قسە لە ((زانستی ئابوری)) دەکەم وەک ئەوەی کە لە زانکۆ هاوچەرخەکاندا خراوەتەڕو. و مەبەستیشم لەو زانستەیە کە لە هەندێک لە زانکۆ ئەمریکیەکاندا لە بیست و سیەکانی سەدەی بیست دا بنەمای دانرا، پاشان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردو{سەدەی بیست}دا هاتە ئەوروپای نوێوە بەجۆرێک ئێستە بوەتە بەشێک لە خوێندنی زانکۆیی لەسەر ئاستی جیهانی. پێش سەرکەوتنی ئەم((زانستی ئابوری))ە، بابەتێکی دیکە هەبوو دەخوێنرا و ناونیشانی ((ئابوری سیاسی))بوو.

ئەوکات بیری فەلسەفیانەی باڵادەست لە ئەوروپا و هاوەڵی پێکهاتنی نوێگەریی خەسڵەت سەرمایەداریانە دەستپێک لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەوە، لەسەر جیاکاریی نێوان بواری زانستە سروشتیەکان و بواری زانستە((مرۆیی))ەکان ڕاوەستابوو، کە بە دیاری کراوی بەوبۆنەیەوە ناوی ((زانستە ئەخلاقی و سیاسیەکان))ی لێنرابوو. بۆزانین چەمکی ((سیاسی)) لە سەدەی نۆزدەدا واتایەکی فراوانتری هەڵگرتبوو لە واتا هاوچەرخەکەی؛ بوارەکەی کورت نەبوبویەوە لەسەر هەڵسوڕاندنی دەسەڵاتدارێتی فەرمانڕەوایی بەڵکو هاوواتای چەمکی ((کۆمەڵگەیی)) هاوچەرخ بوو. و وەکتریش ئەوکات خوێندن و دیراسەی دیاردەکانی ژیانی ئابوری وا فام دەکرایەوە کە بەشێکی دانەبڕاوە لە دیراسەی شێوەکانی خستنەگەڕی تێکڕای ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتیەکان. و ناوی هەڵبژێردراو بۆ ناونیشانەکەی لەم ڕوانگەیەوەبوو ئەویش ((زانستی ئابوری سیاسی))بوو.

بەڵام زانستی ئابوری نوێمانا لێرەدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ((ناسیاسی))ە، واتە ((بابەتی))ە، و لایەنگری هیچ تیۆرێکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژێکی کاری سیاسی ناکات. لەبەرئەوە سیفەتی ((زانستی ئابوری پەتی)) بۆ ناونیشانەکەی خۆی زیاد دەکات، زانستێک خۆی پاک ڕاگرتوە لە پیسیەکانی سیاسەت.

بۆنمونە ((سامۆیلسۆن)) کتێبە بەناوبانگەکەی بۆ خوێندن کە لە سەرجەم کۆلێژە{ئابوری}ەکانی جیهاندا خوێندکارانی قۆناغی یەکەم لە {کۆلێژی} زانستی ئابوریدا دەیخوێنن، بەپوختی بەمجۆرە دەست پێدەکات/دەیکاتەوە:

"ئەم کتێبە هەوڵی نیشان گرتن لە دیاردە ئابوریەکان دەدات، پاشان- لەسەر بنەمای شیکار کردنی- هەڵهێنجانی یاسا((بابەتی))ەکان {کە} کارەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت سەپاندنێک بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ویست و ئیرادەی خەڵکی''!

ڕێباز و میتۆدی پەیڕەولێکراو لە نیشان گرتن لە دیاردە جێی مەبەستەکان و شیکار کردنی و هەڵهێنجانی ئەو یاسا ئابوریانەی کە حوکم بە کۆمەڵگەوە دەکەن کامانەن؟

زانستی ئابوری پەتی لە پێناسەکردنیەوە بۆ کۆمەڵگە و کورتکردنەوەی لەو کۆمەڵە تاک- ەدا کە لێی پێکدێت دەست پێدەکات، پاشان پێناسەیەک بۆ تاک زیاد دەکات بەوەی ((مرۆڤێکی ئابوریە)) ژیرانە حوکم بە ڕەفتاری خۆیەوە دەکات بەجۆرێک خزمەتی بەرژەوەندیەکانی بکات.

ئەو دوو پێناسەیە تەنها لەسەر ئاستێکی باڵای داماڵین/پەتی کردن ڕانەوەستاون، {بەڵکو} دوو پێناسەی ناواقیعیشن، سودێکیان نیە بۆ گەیشتن بەوەی کە نزیکە لە ناسینی واقیعی بەرپاوە. چونکە هەموان دەزانن کۆمەڵگە جەستەیەکی ئاڵۆزە و ڕەگەزەکانی ئەم ئاڵۆزیەی زۆر و جیاوازن. و مرۆڤ تەنیا خۆی بەو سیفەتە نابینێت کە بەکاربەرێکە بەڵکو بەو سیفەتەش کە هاووڵاتی دەوڵەتێکی دیاریکراوە، یان سەر بە چین یاخود دەستە و گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراویشە و، ڕەنگە هەروەها خۆی بە سیفەتی ئەندام لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی، دینی یان زمانیی یان فیکری یاخود سیاسیشدا ببینێت، لەبەرئەوەیە زۆرجار کردەیەک بە سیفەتی کۆ گۆ دەکات و دەڵێت ((بەرژەوەندیمان)) مەبەستی بەرژەوەندی خۆیەتی بەو سیفەتەی هاوڵاتی یان کرێکار یاخود خاوەن پارەیە و..تاد..

ئەوسا زانستەکانی کۆمەڵگەی کۆن (زانستە ئەخلاقی و سیاسییەکان، لەنێویشیاندا زانستی ئابوری سیاسی) دانی بە بەڵگەنەویستەکاندا دەنا و دەیویست حسابی بۆ بکات لە هەوڵی تەفسیرکردنیدا بۆ واقیعی ئاڵۆز و لەنێویشیاندا بژارە فرەلایەنەکانی کۆمەڵگەی دیراسەکراو. و وەکتریش ئەو زانستانە هەوڵیان دەدا زانستیبن بەواتا دروست و کامڵەکەی لەوێوەی ئەو لە تێبینی کردنی واقیعی بەرپاوە دەستی پێدەکرد.

بەڵام ئەو پێناسەیەی کە زانستی ئابوری پەتی پشتی پێ دەبەستێت لەبنچینەدا پێناسەیەکی نازانستیە. [تەنانەت] دەڵێم ئەوە پێناسەیەکی ئایدۆلۆژیانەی خەیاڵیی ڕوتیشە. و هەر لەبەرئەوەیە دەڵێم ئەو بژارە میتۆدیە سەرچاوەی بێهودەیی کارەکانی زانایانی ئابوری پەتیە.

زانستی ئابوری پەتی ناوەخنێکی فریودەرانە هەڵدەگرێت: ئایا دەیەوێت وێنەیەک بۆ واقیعی بەرپای ئەنجامگرتوو لە کارلێکی تاکەکەسە پەیوەندیدارەکانەوە بخاتەڕوو بەجۆرێک ئەو وێنەیە ببێتە شتێکی نزیک لە هەقیقەت؟ یاخود هەوڵ بۆ ئامانجێکی تر دەدات ئەویش پێشنیارکردنی نمونەیەکی پێوانەییە بۆ ئەو کۆمەڵگە((ئایدیاڵی/نمونەییە))ی کە پێویستە ببێت، ((کۆمەڵگەیەکی)) پێکهاتو لە تاکەکان بەبێ بونی نێوەندێکی لایەندارێتی بۆ چین و کۆمەڵە و نەتەوەکان و..تاد؟..

هەوڵی شاردنەوەی ڕەوایەتی لەسەر ئەو خاڵی دەستپێکە وەهمیە دەرگا بۆ لێزمەیەک لە وتاری سەرسوڕهێن دەکاتەوە. بۆنمونە (فۆن هایک)(کە ڕێنوێنیکەری ڕۆحیانەی ئابوریە لەنێو لیبراڵەکانی چەرخەکەماندا) ناچاردەبێت دان بنێت بە بونی نەتەوە و گەل و چینەکاندا، بەڵام وەک چاوگەیەکی نائەقڵانی لێینان دەڕوانێت!

بوونەوەری مرۆیی بەفیعلی ئاژەڵێکی ئەقڵانیە و لەوێوە دەشێت ڕەفتارەکانی، تەنانەت نامۆترینیشیان تەفسیر بکرێت. بەمەرجێک ئەو ئەقڵانیەتە جێی مەبەستە لەچوارچێوەیەکدا کە ڕێوشوێنەکانی دەستەبەر بکات ڕون بکرێتەوە. بەڵام مەزهەبی زانستی ئابوری پەتی ئەو فرەڕوییەی ئەقڵانیەت پشتگوێ دەخات کە داوای وەرگرتنی ناوەخنەکەی دەکات لە تەفسیری ڕەفتاری کارکەرانی بواری گۆڕەپانی ئابوریدا. بۆئەوەی یەک تاکە ڕوی بۆ دابهێنێت ئەویش ڕەفتاری بەکاربەرە لە هەڵبژاردنیدا لەنێوان کاڵا جۆراوجۆرەکانی کە بۆ فرۆشتن نمایش کراون. مرۆڤی نمونەیی لەم ڕوانینە کورتبینەدا مرۆڤێکی قۆرخ کراو/سەلبکراوە،  بەو واتایەی ئەو کردەکیانە لە ڕێوشوێنەکاندا شتێک بەدی دەکات کە وای بۆ دەردەکەوێت (یاساکانی ئابوری)بن، کردەی هێزە بابەتیەکانبن کە کارەکانی خۆی بە سەپاندن بەسەریدا دەسەپێنێت. تاوەکو ئەو مرۆڤە قبوڵی ئەوە بکات کە بێ توانا بمێنێتەوە، بێتوانا لەوەی لە خستنەگەڕی کۆمەڵگەدا بەشداربێت و وەکتریش ببێتە دروستکەری ئەو یاسایانەی کە حوکم بە ڕەوتی ژیانیەوە دەکەن.

پوختەی قسە ئەوەیە مەزهەبی زانستی ئابوری پەتی بەتەواوەتی ڕێوشوێنی قۆرخ کردنی کاڵایی پشتگوێ دەخات کە دیاردەیەکی نوێیە و لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا دەرکەوت و پوختەیەکی ئەویشە.

کەس ئینکاری ئەو هەقیقەتە بەڵگەنەویستە ناکات کە تاکەکەسەکان بنچینەیەکی بنەڕەتیی هەر کۆمەڵگەیەک پێکدێنن. بەڵام لەبەر چ هۆیەک پێویستە ئەو فیکرەیە قبوڵ بکەین کە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە بەتەنیا بەرەنجامی پێکداکێشانی ڕاستەوخۆیە لەنێوان کردە تاکەکەسیەکاندا؟ ئایا کۆمەڵگە بنیاتێکی ئاڵۆزتر نیە بەبێ پێوەر، تێیدا چین و نەتەوە و دەوڵەتان و کۆمپانیا و پرۆژە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدۆلۆژیەکان ململانێیانە؟

لێرەدا مەسەلەیەکی هەزەلیانە باس دەکەم: ئایا دەکرێت وێنای جۆرێک لە پزیشکی بکرێت کە بیەوێت ئەرکەکانی جەستەی مرۆیی بنیات بنێتەوە تەنها لەسەر بنچینەی کاری خانەکان – کە ڕەگەزە سەرەتاییەکانن – و بۆنمونە بونی ئەندامەکانی وەک دڵ و جگەر و دەماخ پشتگوێ بخات؟ لە خۆشبەختی ئێمە {زانستی}پزیشکی ((پزیشکیی پەتیی)) دانەهێناوە هاوشێوەی ئابوری پەتی.

پاشان هەوڵ دەدات خەسڵەتی ئاڵۆزیی کۆمەڵگە پشت گوێ بخات بە ڕەچاوکردنی ئەو ((یاسایانەی)) کە زانستی ئابوری پەتی لە شیکاریەکانیدا هەڵی دەهێنجێت کە وا بۆی دەردەکەوێت ((واقیع))بیت، بەوەی یاسای خەسڵەت ئەبەدین، حوکمی کۆمەڵگەکانی ئەوسا و ئێستەش دەکەن، لەکاتێکدا کۆمەڵگەکانی ئەوسا هەروەها لە تاکەکان پێک دەهاتن وەک چۆن شتەکە لە ئێستەشدا هەروایە.

ئەو زانستە جۆراوجۆرێتی ڕێکخستنی کۆمەڵگە یەک لەدوای یەکەکان لەڕەوتی مێژوودا پشتگوێ دەخات. جیاوازیەک نابینێتەوە لەنێوان سیستەمی کۆمەڵگەی سەرەتایی (و هەڵسوڕانی کاروباری ئابوریان) کە لەسەر هەژمونی نزیکایەتی/خزمایەتی(خیزان و خێڵ) بەندبووە و، کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی ((خەراجی، لەو تیۆرەی من لەو بارەیەوە خستومەتەڕو)) بەرپا لەسەر فەرمانڕەوایی ڕەهای پاڵپشتکراو بە ڕاڤەی گونجاوی بیروباوەڕە دینییەکان و، کۆمەڵگەی سەرمایەداریی نوێ و ئابوریەکەیدا. بەپلەیەک وشەی ((سەرمایەداریی)) بوونێکی لە کتێب و نوسراوەکانی زانستی ئابوری پەتیدا نیە. ئابوری پەتی هەڵدەستێت بە دابەزاندنێکی زۆرەکیانەی دیاردەکانی ئێستە بۆ سەر ڕابردویەک کە لەبیری خۆی بردوەتەوە.

کورتبونەوەی میتۆدی ئابوری پەتی لەسەر شیکاریی ڕەفتارەکانی ئەو مرۆڤە کورت کراوە ئابوریە و هەوڵ بۆ کەشف کردنی یاسا ئابوریە ئەبەدیەکان لەسەر ئەو بنەمایە نوقمی هەڵهاتنێکمان دەکات بۆ پێشەوەیەکی بێکۆتایی و بێ سود. و بەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی ژیر و ئاقڵە، ئەوا ڕەفتارەکانی خۆی بەپێی ئەوەی لە پەرچەکرداری ئەوانیتر وێنای دەکات ڕێک دەخات. لەبەرئەوە لەسەر زانستی ئابوری پەتیە نمونەکانی لەسەر بنەمای بەدەست هاتوە ئەقڵانیە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆکان بنیات نەنێت(گەر نرخ دابەزی زیاتر بکڕە) بەڵام ئەقڵانیەتی تەوقیتی پەرچەکرداری ئەوانیتر دەخاتە نێو حسابی خۆیەوە(دەست لە کڕینی خێرا هەڵگرە گەر زانیت نرخ لە دابەزین بەردەوام دەبێت).

لێرەدا گەشتینە کەشفکردنی مەودای ((چاوبەست))ی ئەم ((زانستە)) چونکە لێکۆڵەر دەتوانێت چۆنی دەوێت خەیاڵ بکات لەوەی کە پەیوەندی بە چاوەڕوانیە جێمەبەستەکانەوە هەیە. بە زانینی ئەوەی بەرەنجامە پوختەکراوەکان دوای ڕەچاوکردنی چاوەڕوانیە ناوبراوەکان و خستنە نێو چوارچێوەیەکی نمونەییەوە ئەویش خۆی بەستراوەتەوە بە ناوەڕۆکی چاوەڕوانیە شاراوەکانەوە. ((و نمونەکە)) دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت ئیسپاتی بکات! و هەمیشە دەتوانرێت ڕوبەڕوی نمونەیەک ببیتەوە کە بەرەنجامێک دێنێت ڕازیت ناکات {ئەویش} بە خەیاڵکردنی نمونەیەکی دیکە کە لەسەر چاوەڕوانی دیکە ڕاوەستابێت بەرەو بەرەنجامێکی دیکە دەڕوات پێدەچێت پێچەوانەیی بێت! کردەکە ((بۆ خوێنەری بەئاگا)) هاوشێوەی ئەوەیە کە چاوبەست پێشکەشی دەکات.

پێویستە لەسەر ئەو زانستە گرێکوێرەیەکی سەرلێشێوێنەرانە بکاتەوە : چۆن دەتوانرێت ئەوە ئیسپات بکرێت کە کارلێکی ڕەفتاری ((ئەقڵانیانە))ی تاکەکەسەکان بەوجۆرەی باسکرا لەتوانایدایە هاوسەنگیەکی گشتی بهێنێتەدی یان تاکە یاسایەک کە قابیلیەتی وەسف کردنی هەبێت، بە مەنزومەی نرخ و دابەشکردنی دەسهات و تێکڕای گەشەوە و..تاد؟

گەر مەنهەجی پەیڕەوکراو شکستی هێنا ئەوە ئیسپات بکات ئەوە بەواتای ئەوەدێت بێتوانایە لە تەفسیر کردنی واقیع دا. و ئەو تێزەی کە هەموشت تەفسیر دەکات و لە هەمان کاتدا هیچیش تەفسیر ناکات.

زانستی ئابوری سیاسی ئەو پرسیارانەی لەخۆی نەکردووە، و بەدوای دۆخێکی سەقامگیری بەرپا لەسەر بەدیهێنانی هاوسەنگیەکی گشتی جێگیردا نەگەڕاوە، بەواتای یەکسانی خواست و خراوەڕو/عرض لەسەر ئاستە جیاوازەکان. پێشەنگەکانی ئەو زانستە( ئادەم سمیث و ڕیکاردۆ) و دوای ئەوانیش(مارکس) لە کۆمەڵگەیان دەڕوانی بەوەی لە  جوڵە و گۆڕانێکی هەیشەییدایە [و] مەیلی بۆ دۆخێکی سەقامگیری جێگیر نیە. و مەنزومەکە لە دۆخی((ئەلف))ەوە بەرەو دۆخی ((باء)) و بەرەو دۆخی ((جیم))بێکۆتا بەڕێوەیە. و پرسیارەکان دەربارەی ئەو نیشانانەبوو کە دۆخی ((ئەلف))ی پێ وەسف دەکرا، پاشان دەرخستننی ئەو هێزانەی کە پاڵ بە گەشەسەندنەکەوە دەنێن لە دۆخی((ئەلف))ەوە بەرەو دۆخی ((باء)).

و کۆمەڵگە و گەردون لەو نیشانەیەدا هاوبەشن: جوڵەی هەمیشەیی.

زانای گەردون ناپرسێت – ئایا دەربارەی گەردونبێت تێکڕا یان دەربارەی بەشێکی بێت وەک گۆی زەوی – لەبارەی ئیمکان و مەرجەکانی گەیشتن بە دۆخێکی جێگیری وەهمی. بەڵکو بە وەسف کردنی نیشانەکانی قۆناخە یەک لەدوای یەکەکان دەربارەی جوڵەی هەمیشەیی گەردونی دیراسەکراو بەسەندەی کردووە.

گیر و گرفتی کەشفکردنی مەرجەکانی وەدیهاتنی هاوسەنگی جێگیر لە بواری ئابوریدا لەدوای((مارکس))ەوە وروژێنراوە. ئەویش لەپێناو ئیسپات کردنی مۆرکێکی هەمیشەیی بۆ سیستەمی سەرمایەداری بەو سیفەتەی مەنزومەیەکی بازاڕی بە گشتیکراوە، و دورخستنەوەی تێزی ((مارکس))ی بەرپا لەسەر نیشاندانی ئەو لێکدژیانەی کە چارەسەرکردنی لە چوارچێوەی سیستەمەکەدا نەکردەنیە/مستحیلە، و وەکتریش ڕەچاوکردنی ئەوەی سیستەمێکی مێژووییە کە سەرەتای هەیە و هەردەبێت کۆتاییەکیشی هەبێت کە دەستەبەری چارەسەری لێکدژیەکانی بکات لەمیانی داهێنانی سیستەمێکی نوێ و زیاتر پێشکەوتوەوە.

لەکۆتاییەکانی (سەدەی نۆزدە) دا، (والراس) هەستا بە یەکەم هەوڵەکانی خۆی کە کۆشش دەکات بۆ ئیسپات کردنی ئەوەی کردەی بازاڕە بە گشتیکراوەکان هاوسەنگیەکی گشتی وەدی دەهێنێت بەواتای کارلێکی خواست و خراوەڕو بۆ هەریەکە لە کاڵا بەرهەمهاتوەکان و هۆکارەکانی وەبەرهێنان لە چالاکیەکەدا. و...(والراس)شکستی هێنا و دانی نا بە شکستەکەشیدا. کاتێک گەیشتە بەرەنجامێکی نامۆ و لەبنچینەدا چاوەڕوان نەکراو. کارەساتبارتر ئەوەبوو هاوسەنگیەکە لەڕێی کردەی کێبەرکێی خۆبەخۆیانەوە وەدی نەهات کە ئەویش مەرجدارە بە بونی دەسەڵاتێکی ناوەندیەوە( کەسێک کە (والراس) ناوی ((بەڕیوەبەری مەزاد))ی لێنا) بەرەنجامی دەرچو لە چارەسەرێکی پێشوەختەی مەنزومەی ئەو هاوکێشانەوە ڕادەگەیاند کە دەربڕین لە دەست تێوەردانەکانی کڕیاران و فرۆشیاران دەکات بۆ هەر کاڵایەک بەجیا. پاشان – و دوای ئەو ڕاگەیاندنە – هەستانی لایەنەکانی بازاڕ بە فرۆشتن و کڕین بەو نرخەی ڕاگەیەندراوە!

پاشان کارەکانی (والراس) لەبیرکران تاوەکو هاتنی (سرافا) لە بیستەکانی سەدەی بیستدا، و بۆ چارەسەرکردنی هەمان گیروگرفت گەڕایەوە بە کەرەستەی بیرکاریانەی پێشکەوتوترەوە. و ((سرافا))یش شکستی هێنا. و من ئەو دوو هەوڵە گەورەیەم وەرگرتووە و هۆکاری شکستیانم لە کتێبەکەم((قانون  القیمە المعولمە))دا ڕون کردوەتەوە، و لێرەدا ناگەڕێمەوە بۆ وردەکاری گفت و گۆکەم لەوبارەیەوە.

پاشان مەزهەبی ئابوریی پەتی دەرکەوت ئەویش هەروەها ناچاربوو ئیسپاتی یاسای هاوسەنگی گشتی بکات لە مەنزومەی بازاڕە بە گشیکراوەکاندا، ئەویش لەمیانی کردەی کێبەرکێی ئازادەوە لەو بازاڕانەدا.      

 

 

 

 

 

  • "نێگەتیڤ" دەستكاریی ڕێنوس و داڕشتنی ئەم نوسینەی نەكردووە و وەك خۆی و بەپێی هەمان نوسخەی وەرگێڕ بڵاوكراوەتەوە.