A+    A-
(333) جار خوێندراوەتەوە

فۆكۆ و ئه‌دۆرنۆ: دوو شێواز‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ مۆدێرنه

 

 

 

 

ئه‌كسێل هۆنێت[1]

وه‌رگێڕانی: شاڵاو خالید

pdf

 

 

 

 

بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگا لەڕێگەی توندوتیژییەوە

 سەرباری " دیالەکتیکی ڕۆشنگەری" ، کارە فەلسەفییە- مێژووییە بنچینەییەکەی تیۆری ڕەخنەیی، دەشێت لە کارە تیۆریەکانی میشێل فۆکۆ دا لەبارەی دەسەڵاتەوە ھەوڵێکی ڕادیکاڵتر بۆ پەردەھەڵماڵین لەسەر ڕۆشنگەریی ئەوروپی بەدیبکرێت. ئەم کارە لە توندی دا ھیچی کەمتر نیە لەو کتێبەی ئەدۆرنۆ و ھۆرکهایمەر کە پێشتر لە دەستپێکی ئەم وتارە دا ناوبرا [کتێبی دیالەکتیکی ڕۆشنگەری]. ھەروەکو "دیالەکتیکی ڕۆشنگەری"، ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنە لای فۆکۆ ئەزموونی تەشەنەکردنی دەسەڵات و توندوتیژیی سامناک لە خاڵی سەنتەر دا دادەنێت. بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگا بەلای ئەدۆرنۆوە ھەروەھا بەلای فۆکۆشەوە، واتە لکاندنی توندوتیژی بە جەستەی مرۆییەوە. وەک دەردەکەوێت خاڵی لێکنزیکبوونەوە لە ڕەخنەگرتنی مۆدێرنەدا کە ھەردوو بیریارەکە ئیشیان لەسەرکردووە دەکەوێتە ئەم تێزە کورتکراوەیەوه‌.

 فۆکۆ دیاگنۆسی ئێستا(تشخيص حاضر)ـی کرد وایلێکرد نزیک بێت لە "دیالەکتیکی ڕۆشنگەری"، بەڵام بە ڕێگاگەلێکی تەواو جیاواز لە ئەدۆرنۆ. بۆیدەرکەوت کە بەرەوپێشچوونە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆششە عەقڵیەکانی تاکەکان پێکنەھاتووە. بەڵکو پێی وابوو مرۆڤ دیلی زنجیرەیەک ڕووداوە کە بەھیچ شێوەیەک ناتواانێت ھەستەکیانە پەییان پێ ببەیت، ئەو زنجیرەیەی کە لەلایەن ڕێساگەلێکی ناونەنراوی سیستەمی کۆمەڵایەتی یان زمانەوانییەوە نەخشەکێشراوە. لە بنچینەدا ئەم ئەزموونە بنەڕەتییەی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان کە تاکی مرۆیی تێدەپەڕێنێت، ڕێگەی بۆ بزووتنەوەی فیکری بونیادگەری خۆشکرد لە پەنجاکانی سەدەی بیستدا بێتە مەیدانەکەوە. ئەو مەزاجە کەلتورییەش کە لەو ماوەیەدا بڵاوبوو، لە ڕۆمانەکانی پێشەنگەکانی ئەدەبی فەڕەنسییدا ئێستاتیکییانە دەنگیدایەوە.

فۆکۆ چەندبارە قسەی لەسەر ناوەڕۆکی ئەم ئەزموونە ئەدەبییە کردووە، وەک بڵێی ڕیشەکانی خۆی بۆخۆی ڕووندەکاتەوە. بەناوبانگترێن توێژینەوە ئەدەبییەکانی خۆیشی بۆ ئەوە تەرخانکردووە. فۆکۆ شێوازی "بیرکردنەوە لە دەرەوە"ـی لەو په‌ی پێ بردنه‌ی واقیع نا کە گوزارشتەکەی لە دەقەکانی ئەدیبە پێشەنگەکان دا بەدیکرد: "ئەم بیرکردنەوەیە خۆی دەخاتە دەرەوەی ھەموو سوبێکتیڤیتەیەکەوە، وەک ئەوەی بیەوێت لە دەرەوە سنورەکانی[خۆی] ببڕێت، تاوەکو کۆتاییەکەی ڕابگەیەنێت، تاوەکو پارچه‌پارچه‌كردنی سەرسامییەکەی بلوێنێت و غیابە یەکجارییەکەی دووپاتبکاتەوە" .

فۆکۆ بە چاویلکەی چاودێرێک کە کۆنتێکستی ماناکان و ئەو دەلالەتانەی پەیوەستن بە کەلتورەکەی خۆیەوە نامۆن پێی، ئەو نمونە فیکرییە شیکاردەکات کە مۆرکی لە مێژوومان داوە. ئەم ئارەزووە بۆ نامۆکردنی درووستکراوەکانی کەلتورەکەی خۆی وای لە فۆکۆ کرد کە ناسناوی "ئیتنۆلۆژیا" بکات بەبەر توێژینەوە زانستی/مێژوییەکانی دا : « مرۆڤ دەتوانێت وەک شیکردنەوەی ڕاستییەکانی شار بیناسێنێت، کە کەلتورەکەمانی جیاکردووەتەوە، بەوەش دەتوانین بڵێین شته‌كه‌ پەیوەندیی بە شتێکی وەک ئیتنۆلۆژیای تایبەت بەو کەلتورەوە ھەیە کە دەدرێینە پاڵی. لەڕاستییدا ھەوڵدەدەم لە دەرەوەی ئەو کەلتورە بوەستم کە دەدرێمە پاڵی، تاوەکو ھەلومەرجە شێوەییەکانی شیکار بکەم، تاوەکو تاڕادەیەک لە ڕەخنەکردنی وردببمەوە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی لە پۆلێنکردنەکانی کەمبکەوە، بەڵکو لەپێناو بینینی چۆنایەتییە ڕاستەقینەکەی درووستبوونی دا. کاتێک هەلومەرجەکانی عەقڵانییەتەکەمان شیکاردەکەم، ئەوا من زمانەکان(زمانەکەم) کە ھەڵدەستم بە شیکردنەوەی درووستبوونی، دەخەمە ژێر پرسیارەوه‌«.

فۆکۆ لە پێگەی ئەو  "دەرەکی"ـەوە کە لە کەلتورێکی نەناسراوەوه‌ بۆی ئیسنۆلۆژیا دەتوێژێتەوە، چاودێری "ڕاستییە ژیارییەکان"ـی کەلتوری ئەوروپی دەکات. ئەو لە ژێر ناونیشانی " ڕاستییە ژیارییەکان"دا بە پلەی یەک لەو سیستەمە مەعریفییانە تێدەگات کە کەلتوری کۆمەڵگایەک دیاریدەکەن. ئەو سیستەمە مەعریفییە کەلتورییەی کە مۆدێرنەی ئەورووپی بە مۆرکی خۆی مۆرکردووە، لەڕووی مێژووییەوە وەک دەرئەنجامی وەرچەرخانی سەدەی نۆزدە (شۆڕشی پیشەسازی و دۆزینەوە زانستییەکان .. ) پەیی پێدەبات. بێگومان گرنگیدانی فۆکۆ بەم پرۆسێسە مەعریفییە تەنھا دیکۆمێنتارییانە نیە، چونکە بزوێنەری بنچینەیی بۆ نوسینەوەی مێژوو لای ئه‌و  ئاراستەی ئەو زیانگەیاندنە ژیارییەیە کە بەھۆی مەعریفەی زانستییەوە تاکەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

دەتوانرێت بوترێت کە ئەوەی کە ھانیدا بە ئاراستەی گۆڕانکاری بەرەو تیۆری دەسەڵات، شکستی شۆڕشی ٦٨ ی فەڕەنسا بوو: شۆکێک لەو کاردانەوە ڕێکخراوە ستراتیژییانه‌ی سیستەمێکی سیاسیی دەسەڵاتخوازەوە هات، ئەمە فۆکۆی ھەڵنا بۆ پەرەپێدانی تیۆرییەکەی. ئەم گۆڕانکارییە لە ئێستا بەسەرەوە ڕێی پێدەدا تا سیستەمە کۆمەڵگەییەکان وەک بونیادێک کە تێیدا شێوازەکانی زانین بە ئەرکی دیاریکراو ھەڵدەستن، کە بەشداریکردنە لە گەورەکردنی دەسەڵات دا، درکبکات. تەنھا ئەم وەرچەرخان بەرەو تیۆری دەسەڵات بوو کە کارەکانی فۆکۆی والێکرد چوارچێوەی زانستی مێژوو بەجێبھێڵێت و بچێتە ناو شیکردنەوەی کۆمەڵگاوە: ستراتیژەکانی گونجاندنە کۆمەڵاییەتیە بەدامەزراوەییکراوەکان ئێستا شوێنی شێوەکانی ئەو مەعریفەیە دەگرنەوە کە کەلتوریانە دیاریکراوە. ئەپستمۆلۆژیا دەبێت بە تیۆری دەستبەسەرداگرتن. بەوەش فۆکۆ لەو بوارەدا دەجووڵێت کە نەریتی قوتابخانەی فرانکفۆرتیش تێیدا نیشتەجێ بوون.

 

 

دەسەڵات لە ژێرەوە دێت

لە تیۆرەکەی فۆکۆ دا لەبارەی دەسەڵاتەوە، قووڵترین پاڵنەرە داهێنه‌ره‌كانی، واتە ھەستیاری بەرانبەر ورووژێنەرە قەدەغەکان لەسەر جەستە و خەیاڵ، لەسەر شێوەی چەمکی " دیسپلینی جەستەیی" ته‌واوده‌كرێت. [فۆکۆ] باوەڕی وابوو کە زانستی سیاسەتی تەقلیدی و ھەروەھا ماکسیزمیش شکستیانھێناوە لە تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی شێوەگرتنی دەسەڵات لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان دا. فۆکۆ چەمکی دیسپلینکردنی جەستە لەبەرانبەر ئەم دوو تێڕوانینە دادەنێت، بێگومان ئەمەش بۆ خۆی چەمکێکی لێڵ و بگرە دژیەکیشە. لە لایەنی یەکەمەوە فۆکۆ زیادەڕۆیی دەکات لەوەی پەیدابوونی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ بارودۆخە سەرەتاییەکان، کە تاکە خاوەن بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە ھۆڵی کارگە و لە ڕاڕەوی قوتابخانەکان و ژوورەکانی ماڵەکان دا ڕووبەڕووی دەبنەوە. لێرەدا، لە ڕووداوە ستراتیژییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا پێویستە شیمانەکانی دەسەڵات لەدایکببێت، کە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەسەڵات دا وەک تۆڕێکی پتەو یەكیانگرتووه‌.

فۆکۆ دەڵێت: «دەسەڵات لەژێرەوە دێت، واتە پشت بە ماترێكسێكی گشتی نابەستێت بۆ دابەشکردنی دوالیزمێکی گشتگیر، کە دەسەڵاتداران و ژێردەستەکان دەخاتە بەرانبەر یەک، لەسەرەوە بۆ خوارەوە و زیاتر و زیاتر بەسەر گرووپە دیاریکراوەکاندا بڵاودەکاتەوە، تادەگاتە قووڵترین قوڵاییەکانی جەستەی کۆمەڵگا، باشترە بۆ مرۆڤ لە پەیوەندیە فرەییەکانی دەسەڵاتەوە دەستپێبکات، کە لە شوێنەکانی بەرھەمھێنان و لە خێزانەکان و گرووپەکان و دامەزراوە جیاجیاکان درووستدەبێت و پێی کاریگەر دەبێت، ئەوە وەک بنچینەگەلێک وایە کە لەکۆی درزبردنە درێژمەوداکاندا کە جەستەی کۆمەڵایەتی دەبڕن یارمەتیدەر دەبێت».

ئەم نزیکبوونەوە تیۆرییە لەگەڵ ئاراستەیەکی تر لە تیۆره‌کەی دا لەبارەی دەسەڵاتەوە دژ دەکەوێتەوە: ئاراستەی تیۆری سیستەم، لە پرۆسەیەکی بان- تاکگەراییەوە دەستپێدەکات بۆ باشترکردنی نەبڕاوەی تەکنیکەکانی دەسەڵات. لێرەدا چیتر وەک پۆتانشێڵێکی ھەڵقوڵاو " لەژێرەوە" لە دەسەڵات ناڕوانێت، کە لە جەرگەی ململانێ ڕۆژانەییەکاندا شێوەدەگرێت، بەڵکو بەوە لێی دەڕوانرێت کە پێکھاتەیەکی ئاڵۆزە و بەردەوام خۆی بەس بووە، پێکھاتەیەک لەو تەکنیکانەی دامەزراوەییانە ڕێکخراون، بە دابڕاو و دوور لە پێویستییەکانی تاکەکان و ئاواتەکانیان، پەرە بەخۆی دەدات. لە ھەردوو توێژینەوەکەیدا "لەدایکبوونی زیندان" و "سێکس و حەقیقەت"  ئەو ڕێڕەوە مێژووییانەی کە واباوە وەک دەستکەوتە یەکلاکەرەوەکانی ڕۆشنگەری و ھیومانیزم لێیدەڕوانێت، بەتایبەت چاکسازییەکانی یاسای خێزان و ئازادیی سێکسی ، وەک پرۆسەگەلێکی شاراوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات دادەنێت، تاوەکو دەسەڵاتداری بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییەوە بکات. وەک ئەوەی بیەوێت لێكچوونێكی زۆر لەگەڵ ھەردوو نوسەر ئەدۆرنۆ و ھۆرکھایمەر دا دووپاتبکاتەوە.

فۆکۆ لەوێدا کاتێک دەرئەنجامی توێژینەوەکەی " چاودێری و سزا" کورتدەکاتەوە، دەڵێت: « ئەو پرۆسە مێژووییەی کە لە ڕێگەیەوە بورژوازی لەماوەی سەدەی نوزدەدا بۆ چینیێکی ھەژمووندار لە ڕووی سیاسییەوە سەرکەوت، لە پشتەوەی  چوارچێوە ڕاشکاوه‌ ڕێکخراوەکەی کە لە ڕووی شێوەوە یەکسانە و وەک سیستەمێکی پەرلەمانیی نوێنەرایەتی دەرکەوتووە، خۆی شاردووه‌ته‌وه‌. بەڵام پەرەسەندن و گشتاندنی دەزگای تەمێکردن دیوە تاریکەکەی ئەم پرۆسەیە پێکدەھێنێت. شێوازی گشتی یاسا، کە بنەمای یەکسانی لە مافەکان لەخۆدەگرێت، پاڵیداوە بەم میکانیزمە شاراوەیه‌ ڕۆژانەیی و ماتریاڵییەوە، و سەر سیستەمە بچوکەکانی دەسەڵات، کە بەشێوەیەکی گەورە پۆلێننەکراون و ھاوڕێک نین[...] دیسپلینی حەقیقەت و جەستە بچینەو چینی ژێرەوەی ئازادییە ڕووکەش و قانونییەکەیان پێکھێناوە [...] و لە کارکردن لە پەیکەرە قانونییەکانی کۆمەڵگا لەژێرەوە نەوەستاون، تاوەکو ڕێگەخۆشکەر بن بۆ میکانیزمە ڕاستەقینەییەکانی دەسەڵات تا کردارە دژەکەی چوارچێوە ڕوکەشەکەی ئەنجامبدات.  ئەو « ڕۆشنگەریەی کە ئازادییەکانی دۆزییەوە، دیسپلینیشی ھێنایەکایەوە».

 

 

بەرھەمھێنانی تاکی کۆمەڵگای مۆدێرن

 تەنھا کاتێک کە شوێن فۆکۆ دەکەوین بۆ ئەم شوێنە چڕکراوەیە لە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی زیندانەوە، ئەو نزیکیایەتییە شاراوەیەمان بۆ ئاشکرادەبێت کە تیۆرەکەی لەبارەی دەسەڵاتەوە لەگەڵ فەلسەفەی مێژوو لای ئەدۆرنۆ کۆدەکاتەوە. بەگوێرەی ھەردووکیان لە ڕووی مێژووییەوە عەقڵانیەتی ئامرازی بنەمایەکی فیکریی کارا پێکدەھێنێت، کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ ناچاردەکرێت لەسەر مامەڵەیەکی توندوتیژیی ئەگەرییانەی ڕەفتاره‌ جەستەییە– ماتریاڵییه‌كه‌ی. بەم شێوەیە سەرەتا بە ڕەوانەکردنی بۆ ڕەھەندی ژیانیی جەستەی مرۆیی، ڕەخنەگرتن لە عەقڵانیەتی ئامرازی لە ھەردوو تیۆرەکەدا مەغزای تەواوەتیی خۆی وەردەگرێت ، کە وەک بوارێکی "پێش - عەقڵانی" کە لە ڕووی بنەماییەوە عەقڵانیەتی ئامرازی لەوەوه‌ بەھێز به‌ ئه‌نجام ده‌گات.

پێکھاتەی چەمکی عەقڵانیەت لای ئەدۆرنۆ ھەروەک لای فۆکۆش لە وریابوونەوەیەکی بەبەزەییانە بۆ كۆژان و ئازارچه‌شتنه‌كان(موعاناتەکان)ی جەستەی مرۆیی ئاراستەدەکرێن. نزیکایەتییە ناوەکییەکەیان لە ڕەخنەگرتیان دا لە مۆدێرنە دەکەوێتە ئێرەوە، کە وادەردەکەوێت ئەدۆرنۆ و فۆکۆ بەپێی باوەڕە بنچینەییە ھاوبەشەکەیان دابەشیدەکەن:

  • ڕوونە کە ڕەخنەی ئەدۆرنۆ لە مۆدێرنە، ھەروەھا شیکردنەوەی دەسەڵات لای فۆکۆ، لە ناو تیۆرێکی گشتگیردا ڕیشەیان داکوتاوە، كه‌ پێی وایه‌ پرۆسەی شارستانیەت ھیچ جگە لە بەعەقڵانیکردنی تەکنیکی یان ئامرازی نەبێت. لە کاتێک دا ئەدۆرنۆ بە پلەی یەک تێگەشتنی بۆ بەعەقڵانیکردن بەرەو نمونەی دەستەبەسەراگرتنی سرووشت دەکات، تێگەیشتنی فۆکۆ جەخت لەسەر نمونەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. بەڵام ھەردوو نوسەر پێشەکی گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئەم پرۆسە کاریگەریی فراوانی لە بەعەقڵانیکردندا بەرجەستەدەبێت، بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان لە دەستبەسەراگرتنی کۆمەڵایەتییدا دەگاتە پلەی کەماڵ، بەوەش تاکی کۆمەڵگای مۆدێرن بەرھەمدەھێنێت. زیادبوونی ھەژموون و درووستکردنی شوناس دوو ڕووی ھەمان دراون: پرۆسەی بەعەقڵانیکردنی ئامرازی. بەھای ڕێڕەوی ئەم بەعەقڵانیکردنە تێپەڕەی ئەم ماوە زەمەنیە کاتێک ڕووندەبێتەوە کە مرۆڤ لەوە دەڕوانێت کە فۆکۆ ناویدەنێت "دیوە تاریکەکەی پشتەوە"  و ئەدۆرنۆ و ھۆرکھایمەریش بە "مێژووی ژێر زەمینی" مۆدێرنیزاسیۆنی ئەورووپیی دادەنێن: ئەوە چیرۆکی ئازارچەشتنێکی درێژە، بەزۆر بە سەرپۆشی سەرخانە مافخوازییەکە داپۆشراوە، ئازارچەشتنی سوبێکتیڤێتیه‌كی زیندوو له‌ ده‌ست دیسپلین و ملکەچککردن.
  •  ڕێک وەک ئەدۆرنۆ، فۆکۆش پێیوایە کە قوربانی ڕاستەقینەی ئەو پرۆسەی بەعەقڵانیکردنی ئامرازییە گشتگیرە جەستەی مرۆییە. بە لای ھەردوکیانەوە سۆبێکتیڤیتەی زیندوو کە بەردەوام ملکەچی دیسپلین و چەوساندنەوە دەکرێت، سەرەتا لە ڕێگای وروژێنەرە ژیانییه‌کانی جەستەی مرۆییەوە جیادەکرێتەوە. لەم خاڵە بەدواوە ناکرێت سەیری چەمکی جەستەی مرۆیی بکرێت کە ھەردووکیان مەبەستیانە، تاوەکو وای لێ بکرێت بۆچوونەکانیان قبوڵکراو بێت. ئەوەی بەدڵنیاییەوە دیارە، تەنھا ئەوەیە ئەوەی ئەوان لێکەوتەکانی بەعەقڵانیکردنی ئامرازیی پێ دەپێون، بەشێوەیەکی ڕوون قەرزاری چەمکی فراوانی بە عەقڵانیکردن نیە، بەڵکو قەرزاری چەمکی سوبێکتیڤێتەی بەرجەستەیە. لە یەکەم نیگادا. چەوساندنەوە ڕەھەندێکی تری بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵایەتییه‌ [بابه‌تی هاوبه‌شیان نیه‌]، بەڵکو وێرانکردنی پەراوێزی جووڵەی ئازادیی جەستەیی بابەتی ھاوبەشی ھەردووکیانە. لەسەر بنه‌مای باگراوەندی ئەم دوو گریمانە بنچینەییەوه‌: چەمکی بەعەقڵانیکردنی ئامرازی گشتگیر و چەمکە دژیەکە تەمومژاوییەکە لەبارەی سوبێکتیڤیتەی جەستەییەوە، ئێستا ڕووندەبێتەوە کە داخوازییە ھاوبەشەکان لە تیۆری مۆدێرنە کە ئەدۆرنۆ و فۆکۆ دایان نا لەکوێدا شاراوەتەوە.
  • ئەدۆرنۆ و فۆکۆ پێکەوە پێیانوایه‌ گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی لە فیکر و سیاسەت دا کە لە دەوروبەری ١٨٠٠ز ڕوویاندا وەک ڕیشە ڕاستەقینەکانی مۆدێرنەی کۆمەڵگاییە. بەلای فۆکۆوە ئەم ماوەیە لە ڕووی کردارییەوە دەروازەیەکە لە نێوان دوو قۆناغ دا لە مێژووی دەسەڵات دا. لە سەرەتای سەدەی نۆزدە دا تەکنیکە جیاوازەکانی دیسپلینکردنی جەستە و زانستە مرۆییەکان پێکەوە گەشەدەکەن، تا ئەو دەسەڵاتە دیسپلینکارییە پێکبھێنن کە لەو کاتەوە مۆدێرنەی بە مۆرکی خۆی مۆرکردووە. ئاگایی فەلسەفەی ڕۆشنگەری بوو کە پەردەی ھیومانیزمی بەسەر ئەم پارچەیە لە مێژووی دەسەڵاتدا، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وەک ڕێبازێکی ئەخلاقیی گەردوونی. ھەرەوەھا ئەدۆرۆنۆش لە ڕەخنەگرتنی لە ئایدۆلۆژیادا لە ڕوانگەیەکی ھاوشێوەوە لە دەستکەوتە فەلسەفییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دەڕوانێت: وەک قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە جێگیربوونی بنچینەکانی بازاڕی سەرمایەداری دایدەنێت، بەڵام ڕێک ھەروەک فۆکۆ لە پاڵنەرەکانی بیرکردنەوەی گەردوونی ڕۆشنگەریدا، لە ئایدیای دادپەروەری و ئازادی بە پلەی یەک، تەوژمە توندوتیژەکەی ئه‌و بیرکردنەوەیه‌ ئاشکرادەکات كه‌ خاوەن شوناسێكی دیاریکراوه‌ و ھەموو ئەوەی جیاوازە دەسڕێتەوە. ھەردووکیان لەوەوە دەستپێدەکەن کە گشتاندنی داخوازییەکانی ده‌سه‌ڵاتی تیۆری و ئەخلاقی لە سەردەمی ڕۆشنگەری دا ڕێگای خۆشکرد بۆ مەعریفەیەکی زانستی کە دەسەڵاتخوازی دەپارێزێت، ھەروەھا بنچینەکانی سەرخانه‌ شێوە قانونیەکەش حەقیقەتی دەسەڵات دەشارێتەوە. ئەم گریمانەیە، کە وێنەی مۆدێرنەی ئەورووپی لە ھەردوو تیۆرەكەداپیشانده‌دات بەشێوەیەکی نامۆ سنوردار و دووباره‌یه‌: ئەدۆرنۆ و فۆکۆ دەستکەوتە کەلتوری و ئەخلاقیەیکانیان پشتگوێخست، کە کاریگەریی لەسەر دامەزراوە دەستورییەکان و به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌ش لە شێوازەکانی درووستکردنی بڕیاری دیموکراسییانەی، و لە نمونەکانی درووستکردنی شوناسی لە نەریت ئازادکراو کردووە. ھەموو پێدراوە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی کۆمەڵگای بۆرژوازی، دامەزراوەکان، شێوەکانی ئاگایی و کەلتورەکان کە بەرھەمیدەھێنێت، بەوە دەبێتە بەرجەستەکەری پاڵنەرە جووڵێنەرە بنەڕەتییەکە، کە ئارەزووی دەسەڵات و مەیلە بۆ ھەژموونکردن.
  •   لە کۆتاییش دا کۆلکەی چوارەمی ھاوبەش لەنێوان ئەدۆرنۆ و فۆکۆ ھەیە لە دیاگنۆسکردنی شێوەی خۆگۆنجاندنی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا ھاوچەرخەکان دا. ڕوونە کە ھەووکیان پێیانوایه‌ کە پرۆسە شارستانییەکەی بەعەقڵانیکردنی ئامرازی لەو ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازیانەدا دا دەگاتە ترۆپکی خۆی کە توانای چاودێرێکردن و کۆنترۆڵکردنی گشتگیری ھەیە بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییەوە. ئەو سەقامگیرییەی کە کۆمەڵگا پەرەسەندووەکان ھەیانە، تەنھا بەرھەمی کۆششەکانی ئەو کۆنترۆڵکردنەیە کە ڕێکخراوە کارگێڕییەکان بەوپەڕی ڕێکوپێکییەوە ئەنجامیدەدەن. بەگوێرەی تێگەیشتنەکانیان بۆ دەسەڵات ئەوا کۆمەڵگا مۆدێرنەکان لە بنەمادا کۆمەڵگای تۆتالیتارین. ئەگەر لەم دۆخە وردبووینەوە، یەکەم جیاوازی لەنێوانیان دا دەبینینەوە: کاتێک فۆکۆ باوەڕی وایە کە دەستکەوتەکانی گونجاندن لە ڕێگەی ڕێوشوێنەكانی دیسپلینکردنی جەستەوە بەشێوەیەکی باشتر زامندەکرێت، کە دەزگا ئه‌و جیاوازانه‌ی پەیوەندییەکی پان و پۆڕن لەنێوانیان دا هه‌یه‌ پێی ھەڵدەستن وەک قوتابخانە و کارگە و زیندان.

 

 

توندوتیژیی زۆردارانە

فۆکۆ توندوتیژیی زۆردارانە، کە لە دامەزراوەکانی دەستبەسەراگرتنەوە دەردەچێت، بە توندوتیژیی جەستە تێدەگات: شکاندنی ھاندەرە ژیانییەکانی جەستە بە توندوتیژی لە ڕێگای ڕێوشوێنە پەروەردەیی و تەمێکردنەکانەوە، لە شێوازێکی تەقلیدیی باو دا کۆدەکرێتەوە و بەمەش دیسپلیندەکرێت. ئەمڕۆ "سزادانە جەستەییەکان" بنكی مومارەسەکانی دەسەڵات پێکدەھێنێت. فۆکۆ بە بنەما دەتوانێت بە ئەزموونە تەکنەلۆژییە کاریگەرەکانی ئەم جەستەیە بەسیبکات، چونکە وایدادەنێت کە سیفەتە دەروونییەکانی تاکەکان، واتە کۆی بونیادی کەسایەتییان، بەرھەمگەلی پۆلە دیاریکراوەکانی تەمێکردنی جەستەیین: تایبەتمەندییە دەروونییەکانی تاک لەم ڕوانگەیەوە، بریتییە لە ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکان لەسەر جەستەی. بەم شێوەیە فۆکۆ لە میراتگیرییەکی سەیردا بۆ سەرەتا بونیادگەرییەکەی، ھەر لەسەرەتاوە گریمانەی ئەوەدەکات کە تاکەکان بوونەوەری بێ ئیرادە و  قابیلی گونجاندنن.

ھەرچی ئەدۆرنۆیە بە ڕێگایەکی تەواو جیاواز بەڵگەکاری دەکات: ئەو وەک توندنوتیژییه‌كی کاریگەریی دەروونی لە توندوتیژی زۆردارانە کە ڕێکخراوە کارگێڕییە ناوەندییەکانەوە دەردەچێت تێدەگات. تەکنیکەکانی یاریکردنی کەلتوری ئامرازەکانی ڕاگەیاندنە جەماوەرییەکان بنکی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی مۆدێرن پێکدەھێنێت. ئەدۆرنۆ گرنگییەکی زۆر بە ئەو ستراتیژانەی گەمەکردن دا ھەڵدەواسێت، تەنھا لەبەرئەوەی وەک سیفەتێکی ھاوپەیوەستیی سەرمایەداری پاش لیبراڵی دایدەنێت، به‌شێوه‌یه‌‌ك تاکەکان ئەو ھێزە دەروونییە لەدەستدەن کە تواناداریان دەکات لە دیاریکردنی چارەنووسی پراکتیکیان دا: ئەمڕۆ تەکنیکەکانی گەمەکردن دەتوانێت کۆنترۆڵی تاکەکان بکە تەنھا لەبەرئەوەی ھاونیشتیمانیان لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی شارستانێتیی درێژەوە توانا بەدەستھاتووەکانیان لەسەر حیسابی سامانە ئیستاتیکییەکەیان لەدەستدەدەن. ئەدۆرنۆ قابیلیەتی گونجاندن لای تاکەکان بەوە تێدەگات کە بەرھەمێکی مێژوویی ڕێڕەوی شارستانیەتی دوور ڕۆچووە لە سەردەمە زووەکان دا لە مێژووی ڕەگەزی مرۆیی دا.

ھەروەھا دەشێت ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنە لای فۆکۆ، کە وادەردەکەوێت لە ھەمان گرنگیدانی بەبەزەییانە بە برینەکانی جەستەی مرۆییەوە ھاندراوە، بەم شێوەیەش بفامرێت: دەشێت وەک گوزارشتێکی کۆمەڵایەتی لە ڕێوشوێنەكانی دیسپلین و چەوساندنەوە کە بینەر دەبینیێت جەستەی مرۆیی ڕووبەڕووکردووەتەوە، لە ئازارە دەروونییەکانی مرۆڤ بڕوانرێت. بەڵام ھیچ نزیکبوونەوەیەکی لەم شێوەیە لە ھیچ جێگایه‌ک لە کتێبەکانی فۆکۆ بەدیناکەین. لە ڕاستیشدا ئەوەی دەکەوێتە خوار ئەوەشەوە ڕەخنەگرتنێتی لە تاک. ئەوەی کە چوارچێوەی ئەم ڕەخنەیە پێکدەھێنێت وێرانکردنێکی پاساودراوە لە ڕێگەی فەلسەفەی زمانی تاکێکەوە کە ھەستەکییانە دروستبووە. بەپێی ئەوە لە کۆتایی دا تاک ھیچ نیە جگە لە یەکێتییەكی خەیاڵی نەبێت، کە لە ڕێگای ڕێساکانی گوتارێکەوە کە دانەرەکەی نەناسراوە لەدایکبووە یان لەڕێگەی ستراتیژە زاڵبوونە توندوتیژەکانەوە بەرھەمێنراوە. بەڵام کاتێک بەڕەھایی نکۆڵی لە ھەر بزوێنەرێکی ئیرادی تاک دەکرێت، ئەوا بەردەوامبوون لە لێکدانەوەی كۆژانە دەروونییەکانی تاک وەک گوزاشتێکی لاڵ لە ئەتککردنی جەستەی مرۆیی نەکردەیە. لە بەرانبەر دا جەستەی مرۆیی لەلای خۆیەوە ناکرێت وا ڕاڤەبکرێت کە دەنگدانەوەی ئازارچەشتنی دەرونییە. لەبەرئەوە فۆکۆ بۆ ھاوئاھەنگ بوون لەگەڵ ڕەخنە بونیادگەرییەکەیدا لە تاک، ناچاربوو بە پێشکەشکردنی جەستەی مرۆیی وەک بارستەیەکی وزەی بێ ئەدگار کە ناکۆتا قابیلی گونجاندنی بەزۆرە. بەڵام ئەم گیروگرفتە تێۆرییەی کە خۆی خستووەتە ناویەوە ئێستا ئاشکرایە: لەگەڵ ئەوەدا کە ھەموو شتێک لە ڕەخنەگرتنەکەی دا لە مۆدێرنە وادەردەکەوێت جەخت لەسەر ئازارچەشتن و موعاناتی جەستەی مرۆیی دەکاتەوە بەدەست مومارەسە چەوسێنەرەوەکانی دەزگا مۆدێرنەکانی دەسەڵاتەوە، لە تیۆرەکەیدا ھیچ شتێک نادۆزیتەوە کە گوزارشت لەم ئازارچەشتنانە بکات وەک ئازار چەشتن. بەم شێوەیە تیۆرەکەی لەبارەی مۆدێرنەوە لەکۆتایی دا بۆ کۆپییەکی كورتكراوه‌ی " دیالەکتیکی ڕۆشنگەری" ده‌پوكێته‌وه‌‌.

 

 

 


[1] . ئه‌كسیل هۆنێت، نوسه‌ری ئه‌م وتاره‌، فه‌یله‌سوفێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌ڵمانییه، مامۆستای زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ له‌ زانكۆی "گۆته‌" له‌ فرانكفۆرت. هۆنێت به‌ نوێنه‌ری نه‌وه‌ی سێیه‌می "قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت" داده‌نرێت، ئەویش پاش ئه‌دۆرنۆ و هۆركهایمه‌ر له‌ نه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌ر و هابه‌رماس له‌ نه‌وه‌ی دووه‌م.

 

سه‌رچاوه‌: https://www.alaraby.co.uk/diffah