چه‌ند تێزێک سه‌باره‌ت به نزیکایه‌تیی به‌رهه‌می هونه‌ری و زبڵ
1. هه‌ردووکیان به‌رامبه‌ر به "به‌ش"ـه‌کانی خۆیان بێباکن:
سه‌له‌یه‌ک زبڵ، له که‌ڵه‌که‌یه‌ک زبڵ و وردکه و پرتکه‌ی »به‌شه‌کی و بەش بەش» پێکهاتووه، که تێکڕا و له کۆدا نایه‌نه به‌رچاو، لە ژماردان نایەن، جێگۆڕینیان هیچ گۆڕانێک لە زبڵێتیی کۆی زبڵه‌که‌دا درووستناكات. هه‌ر به‌شێک هه‌م خۆی زبڵه و هه‌م زیادهیهکیشه به‌سه‌ر زبڵه‌که‌وه. بەشەكان و ورده‌كارييه‌كان ئه‌و کاته بایەخ وەردەگرن که که‌سێک بیه‌وێت ئه‌و شته پەیدابكاتەوە که به‌هه‌ڵه فڕێی داوه‌ته ناو سەتڵی زبڵه‌که‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا و له‌وێدا که دوای مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ک ده‌کەوێت، ئیدی بەوردی به‌ش بە به‌شی زبڵه‌که ده‌پشکنێت، ڕێک وه‌کچۆن كۆكەرەوە(كۆڵكسیۆنەر) و گەلەریدار یان فرۆشیاری پیشه‌یی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مێکدا بەم جۆرە دهجوڵێتهوە. لەو جێیەدا که به‌شه‌کان زیاد له ڕاده بایەخ وەردەگرن، ئیدی نه زبڵێك بوونی هه‌یه و نه به‌رهه‌مێکی هونه‌ریش.
2. هه‌ردووکیان به نێوانگریی کرده‌یه‌کی سوبێکتیڤەوە ناوده‌نرێن و پێشوه‌خت هیچ پێناسه‌یه‌کیان نییه:
بڕ و هەمەڕەنگیی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان و ئه‌و شتانه‌ی که به زبڵ داده‌نرێن هێنده زۆرە که له‌ڕاستیدا قسەکردن له چه‌مکی زبڵ یان چه‌مکی هونه‌ر، هیچ یارمەتییەکمان نادات بۆ تێگه‌یشتنیان. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێت وتوویانه: هونه‌ر بوونی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رهه‌می هونه‌رییه. ڕێک له‌به‌ر هه‌مان هۆ، هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ناتوانین پێناسه‌ی "زبڵ" بکه‌ین، به‌ڵکو ته‌نیا شتگه‌لێک هه‌ن و پێیان ده‌وترێت زبڵ. دیسان ڕێک له‌به‌ر هه‌مان هۆیه که زۆرێک له‌و شتانه‌ی به زبڵ داده‌نرێن، زبڵ نین و به‌پێچه‌وانەشە‌وه: [ڕەنگە زۆرجار] ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت "به‌رهه‌می هونه‌ری" زبڵ بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه.
3. هيچیان بەكارناهێنرێن(مەسرەفناكرێن)
زبڵه‌کان که‌متازۆر هه‌ر جۆره "بههایهکیبەكارهێنان "یان له‌ده‌ستداوه، هه‌ڵبه‌ت مه‌گه‌ر وه‌کو کهرهستهيهكی سه‌ره‌تایی "دووباره وه‌ده‌ستهاتوو" به کاربهێنرێنەوە.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش بڕیاره هیچ مه‌سره‌ف و به‌کارهێنانێکیان نه‌بێت، هیچ سوود و پێویستییەك پڕنەكەنەوە. ته‌نانه‌ت ناشیانه‌وێت ڕۆڵێکی ئارایشتی و دیکۆرییان هەبێت. بڕێک زبڵی ڕاسته‌قینه‌ش هیچ به کارهێنانێکی ئارایشتیانهی نییه. ئه‌و کاته‌ی که خه‌سڵه‌تێکی ئارایشتییان هه‌یه و به‌کارده‌هێنرێن، چیتر نه زبڵن و نه به‌رهه‌می هونه‌رییش.
4. هه‌ردووکیان، له هه‌ندێک حاڵه‌تدا، هه‌روا به‌ساده‌یی ده‌گۆڕێن بۆ یه‌کتر:
زبڵ و به‌رهه‌می هونه‌ری له‌و شته كهمانهن که توانایه‌کی سه‌یریان هه‌یه بۆ گۆڕینی جێگاکانیان، چ جێگای ڕه‌مزی بێت یان جێگای فیزیکی. زبڵه‌کان ده‌توانن هه‌روا بنرێنە یەكەوە و وه‌ک به‌رهه‌می هونه‌ری بچنه مۆزه‌خانه یان گه‌له‌رییه‌وه. زۆرێک له زبڵه‌کان، پێشوه‌خت خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێکی ئاماده‌ی هونه‌ریین. له‌وه‌ش گرنگتر، زۆرێک له "به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان" لەڕاستیدا جگه لە زبڵ هیچی تر نین.
5. هه‌ردووکیان به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی«به‌کاڵابوون»ن:
تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ر زبڵێک ڕۆژێک له ڕۆژان کاڵا بووه. تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌موو به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان ناچارن و "حهزیشدهکهن" ڕۆژێک له ڕۆژان ببنه کاڵا. سه‌رمایه‌داری و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی، له ئاسته جیاوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن و مهسرهفکردندا، قه‌باره‌یه‌کی گه‌وره‌ی خاشاک و زبڵ و گهنوگوو و شتى بەهەدەردراو بەرههمدێنێت. گۆڕانی "زبڵ و خاشاك"یش بۆ "كێشە"یەكی(ژینگەیی، كۆمةڵایەتی، و تەنانەت سیاسییش) تەنیا لە هەناوی بەرهەمهێنانی كەپیتاڵیستی و كۆمەڵگای پیشەسازییدا خۆى ده‌رخستووه. بەرهەمە هونەرییەكانیش، تەنیا لە هەناوی ئەبستراكتگەرايی و داماڵین لە خەسڵەت و بەكاڵابوونی سەرمایەدارانەدا توانیویانە ببنە شتانێكی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم، هاوكات وابەستە بە بازاڕی بەرهەمهێنان و مەسرەفەوە.
6. هه‌ردووکیان، به پێچه‌وانه‌ی کاڵاکانه‌وه نا-جوان و نا_پاكوپوختهن:
ئه‌مڕۆ چه‌مکی "جوانی" و "قه‌شه‌نگی" ته‌نیا سه‌باره‌ت به کاڵاکان ته‌واو ڕاست و مانادار ده‌رده‌چێت. کاڵاکان له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له لوتکه‌ی هارمۆنییه‌تی فۆرماڵ و لەخشتەبردن و عیشوه‌گه‌ری و دره‌وشانه‌وه و وردبینیی پێكهاتەبەندی و بیناسازییانەدان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه، "باشترین" به‌رهه‌میش تەواو بەنێوانگریی لاساییکردنه‌وه‌ی کاڵاکانه که ده‌توانن جێیه‌کیان له بازاڕدا هه‌بێت. لاسایی و ڕکابەرییهك که دواجار سه‌رتاپای به‌رهه‌مەكە ده‌کاته کاڵایه‌کی په‌تی، و گرژیی نێوان کاڵایبوون و سەربەخۆبوون یه‌کسه‌ر لە بەرژەوەندیی یه‌که‌میان لادەبات. له به‌رامبەردا، به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان هه‌میشه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ناقۆڵا و نا-جوانن و یان وەك دەوترێت »بە بای خەیاڵیاندا نایەت [چۆن سەیردەكرێن]». گه‌رچی زۆر گرنگی به ناسکی و ته‌ڕ و تازهيی ناده‌ن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا بهویقارن و ئسوڵ و ئاداب پەیڕەودەكەن. "بێباكى"يەكەیان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به دزێوی و گاڵتهجاڕيی کاڵاکانه‌وه نییه. زبڵه‌کانیش، به ته‌نیشت مرۆڤه به‌دبه‌خت و بێچارە و پەراوێزكەوتووهكانهوه، نیشانه‌ی شته ناشیرینه‌کانن له دنیای سه‌رمایه‌دارییدا؛ تەنانەت ئه‌وانە به جۆرێک له جۆره‌کان جوان يان "وه‌فادار"ێكـی ناشیرینيش نين.
7. هه‌ردووکیان خه‌سڵه‌تێکی نا/سرووشتییان هه‌یه:
به‌پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی باوه‌وه، سرووشت زۆر له‌ناوبه‌ره، به‌ڵام ئەو شتەی كە ناوی »زبڵ»ـە؛ تایبه‌ته به سرووشتی دووه‌م یان هه‌مان کۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازیی مۆدێرن و بەرههمهێنانه کاڵاییهکه تایبەتەكەی. به‌رهه‌می هونه‌رییش وه‌کو توخمێکی نائه‌ندامی(نائۆرگانی) و پێچەوانەی نەپسان و یه‌کڕه‌نگیی چۆنییه‌تیی نواندنه‌وه‌ی واقیع کارده‌کات. به پێچه‌وانه‌ی شته سرووشتییه‌کانه‌وه، به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان بەشگەلێک نین له خزمه‌تی گشت دا بن و كۆك و هەماهەنگ بن لەگەڵیدا.
8. هه‌ردووکیان وەك زیاده وان: ناتوانین له شه‌ڕ و بەڵای هیچکامیان ڕزگارمان بێت؛ ناشتن یان سوتاندیان بێسووده:
زبڵه‌کان له ڕاستییدا بریتین له به‌شی بەكارنەهێنراو و مهسرهفنهکراوی ئه‌و شتانه‌ی که ده‌توانرێت مەسرهف بکرێن. ئه‌م به‌شانه به زه‌رووره‌ت وه‌کو زیاده‌یه‌ک لکاونهته شته مهسرهفییهکانهوه، وه‌کو کاغه‌زی پێکه‌وه‌به‌ستنی شیرینییه‌کان، یان سندووق و كەوڵی تەلهفزیۆنێک، یان لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه که بڕیاره هه‌ڵگری زانیارییه‌کان بن وەک کاڵاکان و ...
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش وه‌کو زیاده‌یه‌ک لکاون به جه‌سته‌ی پانتايی ڕه‌مزی و پەیوەندیگرتنەوە. ئه‌وانه ناسێنه‌ری شتێکن که ده‌رنابڕدرێن و بێمانان و له هه‌ر جۆره ده‌ربڕین و په‌یوه‌ندی و گواستنه‌وه‌یه‌کی مانادا خۆیان حەشارداوە. گه‌ر مەسرەف(کاڵاکان و زانیارییه‌کان) و په‌یوه‌ندییه‌کان(له خزمه‌تی کاڵاکان و زانیارییەکاندا بە دوو ئامانجی سه‌ره‌کیی سه‌رمایه‌داریی دوایین بزانین، ئه‌وا زیادەکانیان بریتیین لە زبڵه‌کان و به‌رهه‌مه هونەرییەكان.
9. هه‌ردووکیان، به جۆرێکی ناڕاسته‌وخۆ و ناوهندیدار، هه‌ڵگری به‌ڵێنی ڕزگاریین:
زەبوونی و بێنەوایی زبڵه‌کان له بهرامبهرشكۆ و دره‌وشاوه‌یی کاڵا(یەكدا که خۆی ڕۆژێک له ڕۆژان وه‌ها بووە)، زەبوونی و بێ نه‌وایی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش لەبەرامبه‌ر شكۆ و دره‌وشاوه‌یی ئایدیا یان ئایدیاڵی هونه‌ردا (که بڕیاربووه ده‌ستی پێی بگات) زه‌رووره‌تی ڕزگاربوون و ده‌ربازبوون "یان" ئاشکراده‌کرد. ڕه‌نگه هه‌ر لەم ڕووهشەوه بێت که له هونه‌ری مۆدێرندا، زبڵ ده‌توانێت جێی به‌رهه‌می هونه‌ری داگیربکات(له‌وانه‌یه ئێستاش ته‌نیا زبڵه‌کان بن که ده‌توانن شوێنێکی وه‌ها داگیربکەن)، به‌م جۆره‌ش مه‌ودای شته بهشهکییهکه(ههژارییهکهشی له بەراورددا) بەهۆی شوێنی به‌تاڵی هونه‌ره‌وه له خۆیدا پیشان بدات. (تابلۆی چوارگۆشه‌ی ڕه‌ش به‌سه‌ر ڕووی سپیەوە، بەرهەمی کاسیمێر ماڵڤیچ، بەشێوەیەكی فۆرماڵ و رواڵەتی ئەم مەودایەی بەرجەستەكردووە).
10. هه‌ردووکیان توانای به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌یان تیایه:
به‌ته‌نیشت پرۆسه‌ی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی زبڵه‌کانه‌وه که فۆرمی زه‌مینیی ڕزگاربوونیانه(چونکه بڕیاره ببنه‌وه به‌و کاڵایه‌ی که پێشتر هەبوون)، وه‌ک ده‌وترێت به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش ئه‌مڕۆ به لوتفی ده‌زگاکان و که‌سایه‌تییه "که‌لتورییه دیارەکان"ـی وه‌ک خاتوو س و ئاغای ص و... ده‌توانن لانیکه‌م سه‌باره‌ت به هونەرمهندانی خواپێداوی درووستکه‌ری په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه »پێویسته‌کان!» بەدهستبهێنرێنهوه، یان له جۆری دۆزینه‌وه له هه‌ڕاجی کریستی و ... بفرۆشرێن و بگه‌نه ئامانجی خۆیان، که ڕزگارییه.
11. هه‌ردووکیان پێویستیان به جۆرێک له ڕێوڕەسمی عەشای ڕەببانی(دواشەوی مەسیح) هەیە:
ده‌توانین هه‌م زبڵ و هه‌م به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانیش به تاکه پاشماوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پرۆسه‌ى تیۆلۆژيی گۆڕانی جه‌وهه‌ری یان «عه‌شای ڕه‌ببانی» بزانین. به‌و جۆره‌ی كە قەشه به لوتفی پێگه ڕه‌مزییه‌که‌ی، لانیکه‌م له ئاینزای کاسۆلیکدا، ده‌توانێت نان و شه‌رابی ئاسایی بگۆڕێت بۆ گۆشت و خوێنی مه‌سیح، ئه‌مڕۆش که‌سانێک هه‌ن دەتوانن تەنیا به پشتبه‌ستن به "ناوبانگ" یان پێگه‌ی ڕه‌مزیی خۆیان، هه‌موو زبڵێک بگۆڕن بۆ هونه‌ر؛ یاخود به‌رهه‌می هونه‌ریی ڕاسته‌قینه فڕێبده‌نه سه‌تڵی زبڵی بەرهەمه فهرامۆشکراوهکانهوه. به وته‌ی ژاك ڕانسێر، ئه‌وه‌ی كە بڕیاربێت چ شتانێك ببینرێن یان ببیسترێن یان له جیهانی هەستپێكراوەكان/مه‌حسوسات بسڕدرێنه‌وه، نه‌ک پرۆسه‌یه‌کی ئێستاتیکی نيه به‌ڵکو سه‌رتاپا سیاسییه. ئه‌مڕۆ له که‌لتوری به‌ناو سیکۆلاردا هێشتا که‌سانێک هه‌ن که ته‌نانه‌ت هونهریبوونی غه‌زه‌له‌کانی حافز]ـی شیرازی[یش په‌یوه‌سته به چه‌شه‌ی قودسی و دینییانه‌وه، چ بگات به زبڵه‌کان.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ئەم دوو تێزه‌ی کۆتایی، واته 10 و 11، ئایدیای «جێشانازی»ـی موراد فەرهادپورن. که‌متازۆر هه‌موو ده‌سته‌واژه و شێوازبهندییهکانی ئه‌م دوو تێزه په‌یوه‌ستن به‌وه‌وه.
ئوميد ميهرهگان
و. وهليد عومه‌ر 2014