A+    A-
(1,472) جار خوێندراوەتەوە

     بە چاوی بەستراوەوە بەرەو قیامەتی ھۆشی دەستکرد مل دەنێین

 

      (گوزەرێک بەنێو کتێبی "ژیانی ٣.٠"ـی تگمارک دا)

 

 

 

یۆڤال نوح هەراری

 و. وریا ئەحمەد

 

pdf

 

 

ئێمە لە چرکەساتی ڕووداوێکداین، ڕووداوێک پچڕێنەر و کەرتکەر و ھەڵتەکێنەرە، قورسایی ئەم ڕووداوە لەوەوە سەرچاوەدەگرێت کە داری جادوویی پەرەسەندن لەدەستی سرووشت وەردەگرێتەوە و بەدەستی مرۆڤی دەسپێرێت. چی لەوە ترسناکترە کاتێک مرۆڤی ھەڵپەکەری مێشک بەزانست شۆراوی قازانجگەرای نێو سیستەمی کەپیتالیزم ئەم دارە جادووییەی دەستدەکەوێت؟ ھۆشی دەستکرد، ئەو دارە جادووییەی کە لەناو خۆیدا ھێزی بەدیستۆپیاکردن یان بە یۆتۆپیاکردنی ئایندەی ھەڵگرتووە. بەم جۆرە ئێمە ھەنووکە لە لێواری چاخێکی نوێ دا وەستاوین، ئەوەی سەردەمانێک بە فەنتازیای زانستی ھەژماردەکرا، ئێستا ڕەنگ و ڕووی واقعی بەخۆوە گرتووە. ھۆشی دەستکرد لەتەواوی پانتاییەکانی وجوددا تۆوی بومەلەرزەیەكی گەورەی چاندووە. قوڵایی کاولکاریی ئەم بومەلەرزەیە بە ئەگەری زۆر لە ناوکی گۆڕانی ڕیشەیی سوبێکتی مرۆییدا پەنھانە. مانای مرۆڤ بوون دەگۆڕدرێت. بەقەولی یوڤاڵ نوح ھەراری، مرۆڤێکی خودائاسا، کە ئیکسیری بایۆتەکنۆلۆژی و ھۆشی دەستکرد ڕژاوەتە جەستەیەوە دێتە بوون. مەودای ئەم زەمینلەرزەیە تا ھەڵتەکاندنی فۆرمی کلاسیکی کۆمەڵگای چینایەتی و پەیوەندیی نێر و مێ و بەھای باوکسالاری دەڕوات. ڕەنگە کۆمەڵگایەک بە جیاوازیی بایۆجیناتەوە بێتە بوون! ھۆشی دەستکرد لەپاڵ پرسی بایۆتەکنۆلۆژی لە ھەر تەکنۆلۆژیایەکی تر زیاتر ھێزی ھەڵتەکاندنی داهاتووی ھاوبەشی ئێمەی لەخۆیدا ھەڵگرتووە. بۆ تێگەیشتن و دەرکی ئەو داهاتووە، یوڤاڵ نوح ھەراری لەم وتارەیدا بەکورتی لەسەر کتێبی (ژیانی ٣.٠)ی ماکس تگمارک نوسیویەتی. ماکس تگمارک مامۆستا و پرۆفیسۆری بواری (M I T) و سەرۆکی دامەزراوەی (ئایندەی ژیان. ماکس نوسەری کتێبی (جیھانی ماتماتیکی ئێمە)یە و لەچەندین بەرنامەی دیکۆمێنتاری زانستییدا بەشداریی کردووە. ماکس تگمارک لەم کتێبەیدا، (ژیانی ٣.٠) کە پشتبەستووە بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەی بەھێزی زانستی، دەست بۆ قوڵاییەکانی مەفھومی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییە دەبات، کە ھۆشی دەستکرد لە داهاتوودا بەباری دێنێت. یۆڤاڵ نوح ھەراری، کە مێژووی ملیاران ساڵی گەشەی زەین و ئاگایی لە کتێبی (مرۆڤی ژیر: کورتە مێژوویەکی مرۆڤ) و مێژووی داهاتووی لە دووتوێی کتێبی (مرۆڤی خودائاسا)دا گێڕاوەتەوە، لەم کورتە باسەداچەند سەرنجێکی ناوازە لەسەر کتێبەکەی ماکس تگمارک دەخاتەڕوو(وەرگێڕ).

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

ھۆشی دەستکرد بە ئەگەری زۆر گرنگترین فاکتەری گۆڕانکاری دەبێت لە سەدەی بیست و یەک. ئابوری، کەلتور، سیاسەت، تەنانەت زەین و جەستەکانی ئێمەش بەجۆرێک ھەڵدەگەڕێنێتەوە، کە زۆرینەی خەڵکی بەسەختی دەتوانن وێنای بکەن! گەر سیناریۆیەک دەربارەی جیھان لەساڵی ٢٠٥٠دا ببیستیت کە ھاوشێوەی چیرۆكە خەیاڵییە زانستیەکان بێت، بە ئەگەرێک دەکرێت نادرووست بێت. بەڵام گەر سیناریۆیەک دەربارەی جیھان لەساڵی ٢٠٥٠ ببیستیت و ھاوشێوەی چیرۆكە خەیاڵییە زانستییەکان نەبێت بەدڵنیاییەوە نادرووست و ھەڵەیە! تەکنۆلۆژیا خۆی لەخۆیدا ھیچ کات بابەتێکی بێلایەن نیە. دەتوانرێت بۆ خوڵقاندن و بونیادنانی چەندین جۆری جیاواز لە کۆمەڵگا بەکار بھێنرێت. لەسەدەی بیستدا، ڕادیۆ و ھێڵی ئاسن و ئەلیکتریک سودیان لێ بینرا بۆ بونیادنانی دیکتاتۆریەتی نازی و فاشی و ھاوکات بۆ پەرەدان بە دیمۆکراسیەتی لیبراڵ و بازاڕی ئازادیش بەکارهێنران. لە سەدەی بیست و یەک، ھۆشی دەستکرد دەرگا لەسەر پانتاییەکی بەرینتری پڕاوپڕ لە ئەگەر و گریمانە دەکاتەوە. بڕیاردان لەسەر پیادەکردنی ھەریەک لەو گریمانە و ئەگەرانە، بەدڵنیاییەوە گرنگترین ھەڵبژاردنی مرۆڤایەتی دەبێت لەم چەند دەیەیەی کە لەپێشمانەوەیە. ئەم ھەڵبژاردنە پرسێکی ئەندازیاری یان زانستی پەتی نیە. پرسێکی سیاسییە. کەواتە ئەمە شتێک نیە کە لێی گەڕێین و دەستبەرداری ببین بۆ سلیکۆن ڤۆلی. بەڵکو پێویستە بخرێتە نێو گرنگترین بابەتەکانی نێو بەرنامەی کاری سیاسییمانەوە. بەداخەوە تا ئێستا پرسی ھۆشی دەستکرد بەدەگمەن کەوتووەتە ناو مەودای سەرنجی سیاسییەوە. لەھیچ یەک لە پرۆسەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بابەتی سەرەکی نەبووە و زۆرینەی پارت و سیاسەتمەدار و دەنگدەرەکان وەک بڵێی ھیچ ڕا و بۆچوونێکیان لەبارەیەوە نەبێت. ھۆکاری سەرەکیی ئەم خەمساردییە، ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی تێگەیشتنێکی تەمومژاوی و ناتەواویان دەربارەی پرسی «فێربوونی ڕۆبۆتەکان» و «تۆڕە دەستکردە دەمارییەکان» و ھۆشی دەستکرد ھەیە. بەشی زۆری ئایدیا و وێنا پەسندکراوەکان لەسەر ھۆشی دەستکرد لە زەینی خەڵکیدا، لە فیلمی خەیاڵی زانستیی ھاوشێوەی فیلمی «تێرمیناتۆر-the terminator» و «ماترێکس - the matrix»ەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەبێ تێگەیشتنێکی وردتر لەسەر ئەم بابەتە، ناتوانین بەسەر ئەو دووڕێیانی ھات و نەھاتەدا زاڵ بین کە لەئایندەدا دێنە ڕێمان.

ئەو دەمەی زانست بەسیاسیدەکرێت، نەزانیی زانستی دەبێتە ھۆکاری کارەساتی سیاسی. کتێبی (ژیانی ٣.٠ - life 3.0)ی ماکس تگمارک «Max Temark» ھەوڵێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەمساردییە. ئەم کتێبە کە سەرنجڕاکێش و ھاوکات ئاسان بۆ تێگەیشتن نوسراوە و ھەموو خوێنەرێكی کردووە بە ئامانجی خۆی، نەخشیەکی سیاسی و فەلسەفی لە بەڵێن و مەترسییەکانی پرسی شۆڕشی ھۆشی دەستکرد دەخاتە ڕوو. تگمارک لەبری تەرکیزخستنەسەر تەنھا بەرنامەیەک یان خولانەوە بەدەوری پێشبینییەکی دیاریکراودا، دەست بۆ زۆرترین گریمانە و ئەگەری مومکین دەبات و بەدوای فرەڕەنگی و ھەمەچەشنیی سیناریۆی جۆربەجۆرەوەیە لەپەیوەندیدا بە کاریگەریی ھۆشی دەستکردەوە بەسەر بازاڕ، کار، جەنگ و سیستەمە سیاسییەکانەوە. کتێبی (ژیانی ٣.٠) لەڕووی ڕوونکردنەوەی چەمکە سەرەکییەکان و پرسە بنەڕەتییەکان و پوچەڵکردنەوەی خورافە و ئەفسانە باوەکان لەسەر ھۆشی دەستکرد، بەباشی کاری تێدا کراوە. بۆ نمونە لەکاتێکدا داستانە خەیاڵییە زانستییەکان زەمینەسازیی ئەوەیان کردووە کەسانێکی زۆر نیگەرانی ڕۆبۆتی خراپەکار و ترسێنەر بن، تگمارک بەدرووستی ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە کێشەی ڕاستەقینە شتێکی ترە و لە شوێنێکی ترە، ئەویش بریتییە لە: لێکەوتە پێشبینی نەکراوەکانی پرۆسەی پەرەپێدان بە ھۆشی دەستکردی زۆر بەتوانا. پێویست ناکات ھۆشی دەستکرد خراپەکار یان شەقاوە بێت و پێویستیش ناکات بەمەبەستی زیانگەیاندن بئاخنرێتە نێو لەشی ڕۆبۆتێکەوە. بە وتەی تگمارک: "مەترسیی ڕاستەقینەی ھۆشی دەستکرد، نەوەک خراپەکاری، بەڵکو تواناکەیەتی. ھۆشێکی دەستکردی سۆپەرسمارت لەگەیشتن بەئامانجەکانی ئێجگار لێھاتووانە دەجووڵێتەوە و ھەرکە ئەو ئامانجانەی لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمەدا یەکیان نەگرتەوە، ئیتر قوڕمان بۆ گیراوەتەوە!" لەپەیوەندیدا بە دڵنیگەرانییەکان لەئاست پرسی ڕۆبۆتەکان، پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت کە سیستمێکی چاودێری(سیستەمێک کە بەردەوام شوێنپێی خەڵکی ھەڵدەگرێت و لەڕێگەی ئالگۆریتمە گەورەکانەوە شیکاری ڕەفتار و کەساییەتیان دەکات) دەتوانێت حەرەمی کەسی، تاکگەرایی و سیمبول و دەزگا دیموکراسییەکانی ئێمە وێرانبکات و ھیچ پێویست بە ڕۆبۆتی پیاوکوژی ھاوشێوەی فیلمی تێرمیناتۆر ناکات. ئاساییە کە ئەوەی تگمارک وێنای دەکات کامڵ نیە، بەتایبەت وەک پێویست تیشک ناخاتە سەر پرسی گریمانەی تێکەڵکردنی ھۆشی دەستکرد لەگەڵ بایۆتەکنۆلۆژی.

سەدەی بیست و یەک بەتەنھا تەکنۆلۆژیای داتا و زانیاری ڕەنگڕێژی ناکات، بەڵکو ئەم سەدەیە بە تێھەڵکێشکردنی تەکنۆلۆژیای زانیاری و بایۆتەکنۆلۆژیا، فۆرم و شێوە وەردەگرێت. ھۆشی دەستکرد بەدرووستی لەبەر ئەم فاکتەرە خاوەنی گرنگییەکی ژیارییە، کە توانا و ئیمکانی پێویست بە ئێمە دەبەخشێت بۆ ھاککردنی ئۆرگانیزمی مرۆیی. سەردەمانێکی زۆر پێش سەرھەڵدانی کۆمپیوتەری سۆپەرسمارت، کۆمەڵگاکەمان لەلایەن ھۆشێکی دەستکردەوە و لەو شوێنەی کە تێیدا سەرکێش و کەم ھۆشین، بەگشتی ھەڵدەگێڕدرێتەوە و دەستکاری دەکرێت، چەندە کردەیەکی نایابە کە مرۆڤەکان ھاک بکات و پێشبینیی ھەست و سۆزەکانیان بکات و حەزەکانیان ئاراستەبکات. ئەو دەمەی کە ئالگۆریتمەکان ئێوە لە خۆتان باشتر بناسێت، دەزگا و بەھاکانی وەک ھەڵبژاردنی دیموکراسییانە و بازاڕی ئازاد لە بەھا و سود دەکەون و دەسەڵات و ھەژموون لەمرۆڤەکانەوە بۆ ئالگۆریتمەکان دەگوازرێتەوە. لەبری ترسان لە ڕۆبۆتە خوێنڕێژەکانەوە کە ھەوڵی لەناوبردنمان دەدەن، پێویستە نیگەرانی ئەو تۆڕە بەرینە لەڕۆبۆتی ورد و زیرەک بین کە لەدایکمان زیاتر و باشتر دەتوانن سۆز و ھەستەکانمان بناسن و بیانورووژێنن و لەم توانا جادوییەی خۆیان کەڵک وەربگرن بۆ ھاندانمان لەپێناو کڕینی کاڵاکان و فرۆشتنی شتانێکی تر پێمان. لەئەنجامی زیادەڕەویی ناکۆتا لەکڕین دا، ڕەنگە بەکۆتا بگەین! بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەم کتێبەی تگمارک لەوەدایە زۆر زوو دیلی سنورە بەرتەسکەکانی پرسە سیاسییەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەبێت. شۆڕشی ھۆشی دەستکرد، زۆرێک لە پرسە فەلسەفییەکانی بۆ پرسی سیاسی و سیاسەت گۆڕیوە و ناچاری کردووین تا بە قەولی (نیک بۆسترۆم)ی فەیلەسوف دەرگیری فەلسەفە ببین بەلۆژیکی ڕۆژی مەوعود (ئاخر زەمان - رۆژی دوایی). فەیلسوفان ھەزاران ساڵە لەبارەی ئاگایی و ئیرادەی ئازادەوە باس و خواس دەکەن و بەئەنجامێکی گشتگیر نەگەیشتوون. ئەم پرسە (ھۆشی دەستکرد) لە ڕۆژگاری ئەفلاتون و دیکارتدا ھیچ گرنگییەکی نەبوو. چونکە لەو ڕۆژگارانەدا تۆ تەنھا دەتوانیت لەزەین و فەنتازیای خۆتدا مەخلوقات و بوونەوەری سۆپەرھوشیار بخوڵقێنیت. بەڵام لەسەدەی بیست و یەک ئەم باس و خواسانە وا بارگە و بنەی خۆیان لە ژوورە فەلسەفییەکانی زانکۆوە بۆ باڵەخانەکانی ئەندازیاری و زانستی کۆمپیوتەری دەگوازنەوە. لەکاتێکدا کە فەیلسوفان بوونەوەرانێکی دان بەخۆداگرتوو و ئارامن، ئەندازیاران و دیزاینەران کەسانی ھەڵپەکەر و نائارامن و لەوان کەم حەوسەڵەتریش ئەو سەرمایەدارانەن کە تێچووی ئەم جۆرە پرۆژانە دابیندەکەن. کاتێک دیزاینەران و ئەندازیارانی کۆمپانیای «تسێلا» سەرکەوتوودەبن لە دیزاینكردنی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆماتیكیی سمارتدا، ناتوانن دان بەخۆیاندا بگرن تا فەیلسوفان بێن و لەبارەی ئەم داھێنانەوە ئەرگۆمێنتی ئەخلاقی ڕیزبکەن.

یەک بەدوای یەک، تگمارک زۆر زوو باسوخواسە سواوەکان لەبارەی بازاڕی کار و حەرەمی تایبەتی و چەکی کۆکوژ تێدەپەرێنێت و پێ دەخاتە نێو جیھانگەلێک کە تائێرە لەبری سیاسەت، بە فەلسەفە و لاھوت و میتۆلۆژیاوە پەیوەست بوون. خۆلادان لەم پرسە دژوار و سەختە. لەو ڕووە وە کە داھێنانی ھۆشی دەستکردی سۆپەرسمارت، بەتەنھا ڕووداوێکی لۆکاڵی نیە، بگرە ڕووداوێکی جیھانی و تەنانەت گەردوونییە. بەدرێژایی چوار ملیار ساڵ ژیان لەسەر زەوی بەرمەبنای یاسای ھەڵبژاردنی سرووشتی و کارلێکی کیمیایی پەرەیسەند. ئێستا زانست لە سەروبەندی دەستپێکی چاخێکی نائۆرگانیی دەستکرددایە کە لەلایەن دیزاینەرێکی ھۆشمەندەوە پەرەی پێدەدرێت و ئاوا ژیانێک زۆر ڕێی تێدەچێت کە لەکۆتاییدا لەمەودای زەوی دەربچێت و تەواوی گەردوون بتەنێتەوە. ھەڵبژاردن و بڕیارەکانی ئێستامان دەتوانێت کاریگەریی قووڵ لەسەر ڕەوتی بەرەوپێشڤەچوونی ژیان لە ھەزارەھا ساڵی ئایندە و تاوەکو دووردەستترین جێگا و تا ئەو دیوی مەوداکانی ھەسارەکەشمان، بەجێ بھێڵێت. ھەرچەند بەئەگەرێک تگمارک لەوەدا ڕاستە کە دامێنی ئەم باسوخواسە بۆ ناو ئاستە گەردوونییەکەی ڕادەکێشێت، بەڵام نیگەرانی و ترسی من ئەوەیە کە بەشێک یان زۆرینەی خوێنەرانی تا ئەو ئاستە دوورە شوێنپێی تگمارک ھەڵنەگرن و لێی تێنەگەن. سیستەمە سیاسییەکانی ئێمە و زەینی فەردیی ئێمە، بەڕاستی بۆ بیرکردنەوە لەوەھا ئاست و مەودایەکی بەرز و بەریندا، نەخوڵقاون. میکانیزمە سیاسییەکانی ئێستا بەدەگمەن دەتوانن و توانیویانە بڕیار لەسەر ستراتیژی چەند دەیەیەکی داهاتوو بدەن، کەواتە چۆن دەتوانن بڕیار لەئاستی پێوانەیی ھەزاران ساڵدا بدەن؟ چ کەسێک کاتی ئەوەی ھەیە نیگەرانی پرسی ھۆشی دەستکرد بێت، کاتێک لەئێستادا ناچارە دەستوپەنجە لەگەڵ ترامپ و برگزێت نەرم بکات؟ دەربارەی پرسی شۆڕشی ھۆشی دەستکرد، ھەروەک زۆربەی چرکەساتە ھەستیارەکانی تری مێژووی مرۆڤایەتی، بەئەگەری زۆر وقوڵترین و کاریگەرترین بڕیارەکانمان لەسەرپایەی تێبینیە کورتمەودا و کورتبینەکان دەدەین(بۆ ئەمە مێژووی چەوت و چەوێل و پڕ لەنادادی مرۆڤایەتی شایەتە، کە ھەڵپە و چاوچنۆکی و بەرژەوەندیی تەسکی چینی خۆشگوزران ھەردەم ملیان بەڕەوتی مێژوو ناوە. و.). ئەو سیاسەتمەدارە بێ بەندوبارانەی کە بەھەموو لایەکدا فۆبیای تیرۆریزم پەخشدەکەنەوە، ئەو خاوەن پشکانەی کە نیگەرانی داھاتی وەرزیی خۆیانن، ئەو پسپۆڕانەی بواری دۆزینەوەی بازاڕ و ساغکردنەوەی کاڵا کە بە ھەڵپەھەڵپ دەکۆشن ئاستی کاڵاپەرستی و توانای کڕین لەکڕیاردا بگەیننە باڵاترین ئاست، ئا ئەم جۆرە بوونەوەرانە داهاتووی ژیان لەسەر زەوی یەکلادەکەنەوە.

 

 

 

 

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی the guardian