A+    A-
(1,607) جار خوێندراوەتەوە

 

 

گۆڕانە بچوكەكان، بەشاراوەیی بەرەو گۆڕانی ترسناكمان دەبەن.

 

 

تیم ئادامس

و. وریا ئەحمەد                 

                                                   pdf

 

 

 

دەربارەی پرۆژە سەیروسەمەرەکەی نیک بۆسترۆم، فەیلەسوفێک کە بە پیامبەری "وێرانە" ناسراوە و بەزۆری خەوی شەوانی لەخۆی حەرام کردووە، لەبری ژەمە خۆراکەکانی، تەنھا شلەیەک دەخوات و گەرچی ھاوسەرگیريی ئەنجامداوە، بەڵام لەڕێگەی سکایپەوە ئەرکی مێردایەتيی خۆی بەجێ دەگەیەنێت. ھەموو ئەمانە لەپێناو پرۆژەکەیدا دەکات. لەچوارچێوەی پرۆژەکەیدا دوو ئەگەر و سینارێۆ دەخاتە بەردەم مرۆڤایەتی: یەکیان ترسناکە و دیستۆپیا بەرهەمدێنێت، ئەویتریان مایەی خۆشحاڵییە و یۆتۆپیای لێدەکەوێتەوە و بەسەر مەرگیشدا زاڵ دەبین! بەدیستۆپیابوون یان یۆتۆپیابوونی داهاتوو، لەگرەوی ئەوەدایە ئاخۆ سمارت ماشێن و ھۆشی دەستکرد لەکۆنترۆڵ دەردەچن یان نا؟ سیستەم چۆن چارەدەكرێت؟ چارەسەرە دێرینەكان چەندیان بەكەڵكی ئێستا دێن؟ پرسی چینایەتی دەكەوێتە كوێی ئەم هەنگاوە چۆنایەتییانەی مرۆڤەوە؟ ئەخلاق و فەلسەفەی ئەخلاق چییان لێدێت؟ ئەمە لەكاتێكدا كە ڕۆژانە گۆڕانی بچوك ڕوودەدەن و ئەو ماهیەتە دێرینە جێدەهێڵین كە مرۆڤی پێ دەناسرایەوە.

لە دیدگای "نیک بۆسترۆم"ـی فەیلەسوفی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە، ئامێرە سمارتەکان لە گۆڕانکارییە ژینگەیەکان مەترسیدارترن! نیک بۆسترۆم، ڕۆژگارێک سەودای ئەوەی لەسەردا بوو جەستەی لەئامێری (بەستن و متکردنی بایۆلۆژی)دا ھەڵبگیرێت، تا بەڵکو لەداهاتوودا بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو ژیان. ئێستا سەرۆکی دامەزراوەیەکی سەیری نێو زانکۆی ئۆکسفۆردە. جێگایەک کە بەگشتی تا بەرەبەیان لەپشتی مێزی کارکردنەکەیەوە دادەنیشێت و سیناریۆی گریمانەیی بۆ لەناوچوونی مرۆڤ بەدەستی ڕۆبۆتی زیرەک، تاوتوێدەکات. پڕۆفیسۆر نیک بۆسترۆم باوەڕی وایە ھۆشی دەستکرد، بەھەمان ئەو ئەندازەیەی خەون ئامێز و جوانە، ترسناک و کابوسئاساشە.

ـــــــــــــــــــــــ

 

 

دامەزراوەی داهاتووی مرۆڤایەتی (future of humanity institute) لەکۆتایی کووچەیەکی کەلەپوری شێوە سەدەکانی ناوەڕاستی، لەچەقی ئۆکسفۆرددا دەدۆزیتەوە. ئەم دامەزراوەیە کە پەیمانگایەکی توێژینەوەی سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆردە، دە ساڵ پێش ئێستا بوونیادنرا تاوەکو بەنوێنەرایەتیی ھەموومان (مرۆڤایەتی) پرسیارگەلێک بخاتە ڕوو. بەتایبەت پرسی: کامانەن ئەو ڕیسک و سەرکێشییە وجودییانەی کە ھەڕەشەن لەسەر داهاتووی ڕەگەزی مرۆڤایەتی؟ چۆن ئەو سەرکێشییانە بپێوین و قەبارەی مەترسییەکەیان بزانین؟ دەتوانین چ کارێک بۆ پێشگرتن لەڕوودانیان ئەنجام بدەین؟ یان بەواتایەکی وردتر: لەجیھانێکدا کە سەرشارە لەترسی جۆر بەجۆر، دەبێت لە چ شتێک زیاتر بتۆقین و بترسین؟ کاتێک دەگەمە ئەوێ، تا لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەکە، پڕۆفیسۆر نیک بۆسترۆم چاوپێکەوتن سازبدەم، دەبینم قەنەفەیەکی خەوتن بۆ نھۆمی دووەم دەگوازێتەوە! بەڵێ سەرکێشی و ڕیسکی وجودی، جۆرە چالاکییەکە شەو ڕۆژ ناناسێت، زۆر بە دەگمەن بۆسترۆم دەخەوێت، ھەڵبەت گەر بخەوێت! بۆسترۆم، فەیلەسوفێکی تەمەن چل و سێ ساڵ، لەدایکبووی وڵاتی سوید، بەم دواییانە بەپلەیەکی ھاوشێوەی پلەی «پەیامبەری وێرانە و لەناوچوون» گەیشتووە. ئەو لەنێو ئەو کەسانەی کە زۆرترین چالاکی بۆ فۆرمبەخشین بەشارستانیەتی ھەنوکەیی ئێمە ئەنجامدەدەن، ناوبانگی زۆری بەدەستھێناوە. بەتایبەت لەنێو ملیاردێرەکانی دونیای تەکنۆلۆژیا لە (سلیکۆن ڤۆلی، ناوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری سمارت ئەلیکترۆن)، ناوبانگی بۆسترۆم زیاتر بەھۆی کتێبەکەیەوە (ھۆشی باڵا:ڕێگاکان، مەترسییەکان و ستراتیژەکان) بوو. کتێبێک کە ساڵی پار بەشێوازێکی سەیر و سەرنجڕاکێش بوو بە پڕفرۆشترین کتێبی گۆڤاری «نیۆرک تایمز» و لەئێستادا بە بەرگێکی ناسکەوە خراوەتە بازاڕەوە. ئەم کتێبە دەستخۆشی و ئافەرینی "بیل گیتس" و "ئیلان ماسک"ـی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تسێلای بەدووی خۆیدا ھێنا و وتیان: ئەم کتێبە ھەر دەبێت بخوێنرێتەوە. تەنانەت "ئیلان ماسک" لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، یەک ملیۆن پاوەنی بەخشییە دەزگاکەی بۆسترۆم، تا لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی خۆی پەرە پێبدات !

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی تێۆرییانە و بەھرەمەندانەیە لە بارەی مەترسییەکی جیاواز کە بە بۆچوونی بۆسترۆم، دوای ساڵانێک لە وردبوونەوە و بەڵگەھێنانەوە، گریمانکراوترین مەترسی و ھەڕەشەیە لەسەر لەناوچوونی ئێمە. ئەم ھەڕەشەیە، گۆڕانی کەشوھەوا، نەخۆشییە گواستراوەکان یان کارەساتی ئەتۆمی نیە، بەڵکو داھێنانی گریمانکراو و چاوەڕوانکراوی ھۆش و زیرەکییەکی ھەمەکیی ئامێرییە بەم نزیکانە، کە لە ھۆش و زیرەکی خۆمان باڵاترە! بەرگی کتێبەکەی بۆسترۆم بە وێنەی کوندەپەپوویەک کە خاوەنی دوو چاوی شێتئاسایە، ڕازێنراوەتەوە. کوندەپەپوو بابەتی نواندنی سەرەتای کتێبەکەیە. گرووپێک لە چۆلەکەکان سەرقاڵی درووستکردنی ھێلانەن بۆ خۆیان. یەکێک لە چۆلەکەکان بە دەنگێکی ئارام دەجریوێنێت و دەڵێت: "ھەموو ئێمە ئێجگار بچوک و کەم تواناین، وێنای بکەن ژیان چەندە ئاسان دەبوو گەر ئێمە خاوەنی کوندەپەپوویەک بووینایە، دەیتوانی لە درووستکردنی ھێلانەکان یارمەتیمان بدات". ھەموو چۆلەکەکانی تر بەدەم جریواندنەوە، ڕازیبوونی خۆیان بۆ ئەم بۆچوونە ڕادەگەیەنن: کوندەپەپوو دەتوانێت بەرگری لە چۆلەکەکان بکات، دەتوانێت پارێزگاری لە گەورە و بچوکیان بکات، دەتوانێت ھەل و چانسی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنێت تا لە ئارامی و خۆشگوزەرانییدا بیگوزەرێن. بەم خەیاڵپڵاوییانەوە لە زەینی خۆیاندا، چۆلەکەکان چیتر ناتوانن جۆشوخرۆش و ھەڵچوونی خۆیان کۆنترۆڵبکەن و بۆ گەڕان بەدوای ڕزگارکەر و فریادڕەسێکدا، کە ژیانیان دەگۆڕێت، لەشەقەی باڵ دەدەن و دەفڕن. تەنھا یەک دەنگی جیاواز و دژ دێتە بەرگوێ، ئیسکرڤینگ فینگڵ، چۆلەکەیەکی یەک چاو و توڕە و بەدخوو، ئەو بەڵگە و بیانووانەی کە بۆ بەرگری لەم کارە دەھێنرێنەوە، قبوڵناکات. ئەو دەڵێت: " ئەم کارەتان، بێ گومان دەبێتە ھۆی لەناوچوونمان. ئایا نابێت سەرەتا بیر لەھونەری ڕامکردن و ماڵیکردنی کوندەپەپوو بکەینەوە، پێش ئەوەی ئەم جۆرە بوونەوەرە بێنینە ناو ژیانی خۆمانەوە؟". چۆلەکەکان ئەم ئاگادارییەی ئەو لەبەرچاوناگرن. ڕامکردن و ماڵی کردنی کوندەپەپوو کارێکی ئاڵۆزە، بۆ سەرەتا کوندەپەپووەکە نەھێنین و دواتر بەشەکانی تری کارەکە تەواو دەکەین؟ کتێبەکەی بۆسترۆم، کە ڕاگەیاندنی مەترسی و ھەڕەشەیەکی گوێکەڕکەرە، بە ئیسکرڤینگ فینگڵی چۆلەکەی ناڕازیی پێشکەشکراوە. بۆسترۆم ئاگادارییەکانی خۆی بە فۆرم و شێوازێکی شایستە و ھاوکات بە نیگەرانییەوە خستۆتەڕوو. ئەو، بە ئالودەبوو بەکار و وەسوەسە لەکاردا، ناوبانگی ڕۆیشتووە، جەستەیەکی لاواز و ڕەنگێکی پەڕیو، شەو بێدارێکی خەو لەچاوا زڕاو و بەزۆری تا دەمەو بەیان لە نوسینگەی کارەکەی دەمێنێتەوە. ئەو کەسێکە ھیچ شتێک بۆ سوتفە و ڕێکەوت بە جێ ناھێڵێت. بۆسترۆم لەبری ژەمەکانی خۆراک، بە باشی دەزانێت جۆرە ئیکسیرێکی شلەمەنی بخوات کە سەوزەوات و جۆ و شیر و پۆدری پەنیری تێ کراوە. ئەوانەی بۆ چاوپێکەوتن چوونەتە لای، دەڵێن بۆسترۆم بە بیانووی خۆپاراستن لە نەخۆشییە گواستراوەکان خۆی لە تەوقەکردن و دەستدان بەدوور دەگرێت! ئەو لەگەڵ مندا تەوقەی کرد، بەڵام وام ھەست کرد مادەی دژە بەکتریای لەدەستی دابێت تاوەکو لەپاش ڕۆیشتنی من، لەئالودە بوون پاکیان بکاتەوە. ڕەنگە بەھۆی ئەم كەڵكەڵانەوە بێت، نەختێک ناجێگیر و بێزار دیارە، و ھەڵبەت ھەوڵیش نادات ئەمە بشارێتەوە یان خۆی لێ لابدات. ئەو لەکتێبەکەیدا دەربارەی «تەقینەوەی ئاگایی» قسە دەکات، تەقینەوەیەک ئەو دەمە ڕوودەدات ئامێرە سمارتەکان کە ئێجگار لە ئێمە زیرەکترن، دەستدەکەن بە دیزاینی ئامێری تر بۆ خۆیان!

بۆسترۆم دەنوسێت: " لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیمەنی تەقینەوەی ئاگاییدا، ئێمەی مرۆڤ وەکو ئەو منداڵانە وەھاین کە یاری بە تەقەمەنی دەکەن. ئێمە نازانین تەقینەوەکە کەی ڕوودەدات. بەڵام گەر بۆمبەکە لەگوێی خۆمان نزیکبکەینەوە، گوێبیستی دەنگی تیگ تاگێکی ھێواش دەبین ". کاتێک لەگەڵ بۆسترۆمدا ھەڤپەیڤین دەکەیت، ھەست دەکەیت ئەو تیگ تاگە ھێواشە لەناو گوێیەکانی ئەو ھیچ کات بەتەواوی خامۆش نابێت. سەرەتا لەبارەی سەرکەوتنی کتێبەکەیەوە قسان دەکەین، ئەوەی کە چۆن بووە بەھۆی سەرنجڕاکێشان و پەرچەکردارنواندنی ھەموان. بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە ھاوكات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە کە ئیمزای ھەزار زانا و داھێنەری گەورەی بەسەرەوە بوو، لەوانەش ستیڤن ھۆکینگ و ( ستیڤ وازنیک ) یەکێک لەبوونیادنەرانی ئەپڵ و (ماسک)ی بەڕێبەری کۆمپانیای تسێلا. ئەم نامەیە لە ڤیستیڤاڵی نیودەوڵەتی «ژیریی دەستکرد» لەساڵی ڕابوردوودا، خوێنرایەوە. نامەکە خوازیارە پێش بە پەرەدان و بەکاربردنی چەکە ئۆتۆماتیکیەکان بگیرێت (ڕۆبۆتە بکوژەکانی ناو فیلمە خەیاڵییە زانستییەکان، کە بوون بە واقیعیان ئێجگار نزیکە). بۆسترۆم گەرچی لە بەھرە و تواناکانی خۆی بەئاگایە، بەڵام لەبارەی کاریگەری و ڕۆڵی خۆی، خۆنەویستانە ڕەفتاردەکات. ئەو وتی کە ئەم ڕێکەوتە ھاوکاتییە مایەی خۆشحاڵییە (ئەوەی کە ھاوکات و بەڕێککەوت نامەی ھەزاران زانا لەبارەی مەترسیی ڕۆبۆتە زیرەکەکان، و کتێبەکەی ئەم پێکەوە بڵاو بوونەوە). بۆسترۆم دەڵێت: "توانای فێربوونی ئامێر و فێربوونی قووڵ (ئەو ئۆلگۆ ڕیتمە کۆمپیوتەرییە پێشکەوتووە دەمارییانەن، کە بە دیقەت و وردییەکی بێ وێنەوە، لاسایی شێوازی کارکردنی مێشکی مرۆڤ دەکەنەوە)، لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لەوە خێراتر پێشکەوتن کە ئێمە پێشبینییمان کردبوو. ئەم بابەتە بێگومان یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە بۆچی ئەم پرسە بۆ مەسەلەیەکی ھێندە گەورە گۆڕدراوە. خەڵکی بەچاو دەیبینن کە بواری تەکنۆلۆژیا لەدۆخی پێشکەوتنیدایە، و ھەنگاوەکانی دواتر دەبێتە دەغدەغەی فیکریی ئەوان".

بۆسترۆم ئەم لێکەوتانە (بالقوە) و ئەگەرییانە وەها دەبینێت كە پرسێکی داروینین. ئەگەر ئێمە ( ھۆشێکی ئامێریی) لەخۆمان زیرەکتر دابھێنین، و دواتر ئازادی بکەین تاوەکو لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە فێرببێت و پەرەبەخۆی بدات، ھیچ بیانوو و دەلیلێک و ڕێگرییەکی نیە تا لەپێناو مسۆگەرکردنی دەسەڵات و ھەژموونی خۆی، ڕێ و شوێن و ستراتژی گەلێک نەگرێتەپێش. واتە ڕێک و ڕەوان ھەر بەو جۆرەی لە دونیای سرووشت و ژینگەی سروشتی دا  دەیبینین. بۆسترۆم ھەندێک جار سود لە نمونەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و شامپازەکان دەبینێت تا پەیوەندیی تاکلایەنەیی شێوەملکەچانە وەسف بکات. ھەروەک ڕووداوەکەی نێو پارکی کێوی (سینسیناتی)یش ئەم ڕاستەیە دەسەلمێنێت ( لەم پارکەدا بەھۆی ئەوەی منداڵێک دەچێتە ناو سیاجی شامپازەیەکەوە، بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکە، بەفیشەک شامپازەکە دەکوژن). ئەم پرسە ھەرگیز کۆتاییەکی دڵخۆشکەری نیە، ھۆش و زیرەکیی ئاست نزم بۆ مانەوەی خۆی لەژیاندا، وابەستەی ھۆش و زیرەکیی باڵا و ئاست بەرزە. کاتێک بۆسترۆم سیناریۆی جۆراوجۆر لەکتێبی "ھۆشی باڵا"دا دەخاتە بەرباس، ئەوھەستەت لا درووستدەبێت کە ئەو زیاد لەپێویست ئەو داستان و چیرۆکانەی بواری خەیاڵی زانستیـى خوێندۆتەوە کە خۆی وای پیشاندەدات لێیان بێزارە. یەکێک لەو سیناریۆیانە بەم جۆرەیە: سەرەنجام ڕۆژێک سیستەمێکی ھۆشیی دەستکرد، نانۆکارگەی نھێنی درووستدەکات و گازی ژەھراوی یان ڕۆبۆتی مێشولەئاسای گەڕۆک بەدوای ئامانج دا بەرھەمدێنێت! کە ئەگەری ئەوە لەئارادایە ھاوکات و لەپڕدا لەھەر مەترێکی چوارگۆشە لەم گۆی زەوییەوە بەلێشاو بێنە دەرەوە تاوەکو مرۆڤە کەم بایەخ و زیادە و لەخۆڕا ھەبووەکان لەناوبەرن. بەگوێرەی سیناریۆیییەکی تر، ڕەنگە ئەمەیان زیاتر جێگای باوەڕ بێت، ھۆشی باڵا پرۆسە سیاسییەکان کۆنترۆڵدەکات، دەستکاری بازاڕ و ناوەندەکانی دارایی دەکات و دەیانگۆڕێت بۆ فۆرمێکی تەواو ئاڵۆز، ڕەوتی زانیارییەکان بەلاڕێدا دەبات، یان سیستەمە جەنگی و بەرگرییەکانی دەستکردی مرۆڤ، ھاکدەکات! ھەمووی لەپێناو قەلاچۆکردنی ڕەگەزی مرۆڤ! ئایا ئەو خۆی لەپێگەی پەیامبەرێک دا دەبینێت؟ بۆسترۆم خەندەیەک دەکات: "نە بەو ڕادەیەش، شتەکە بەو جۆرە نیە کە من پێم وابێت دەزانم ڕووداوەکە چۆن ڕوودەدات و ئێستا من بێم و پەیامی خۆم لەم بارەیەوە بەجیھان ڕابگەیەنم. لەڕاستی دا زیاتر ھەستدەکەم لەمەڕ ئەم پرسەوە زۆر نەزان و ئێجگار سەرلێ شێواوم، بەڵام کاتێک ساڵانێکی دوورودرێژ لەسەر ئەم ئەگەر و گریمانانە لێکۆڵینەوە دەکەیت، دەتوانیت بەرچاوڕوونی بچوک و بەشەكی لێرە و لەوێ بەدەست بێنیت. ئەگەر ئەم بەرچاوڕوونییانە لەگەڵ بەرچاوڕوونیی تر کۆبکەیتەوە کە بەئەگەری زۆر خەڵکانێکی تر بەدەستیانھێناوە، ئەوکات ڕەنگە بگەین بە تێگەیشتنێکی باشتر".

 بۆسترۆم لەڕێڕەوی جووڵانەوەی " لەمرۆڤ سەرووترگەرایی "ییەوە بەم پرسیارانە گەیشتووە. بۆسترۆم چاخی دیتجیتاڵی بە چاخێک کە خاوەنی ماتەوزەیەكی بێ پێشینە و بێ وێنەیە، ھەژمار دەکات. ماتەوزەیەك بۆ باشترکردنی توانا فیزیکی و زەینییەکانی ئێمە و بەزاندنی سنوری مەرگ و فەنابوونی ئێمە. بۆسترۆم ھێشتا ئەم ئەگەرە وەک سیناریۆی باشترین حاڵەتی ھۆشی باڵا، لە داهاتوودا لەبەرچاودەگرێت. کە تێیدا ئێمە تەکنەلۆژیا ڕامدەکەین تاوەکو بەسەر نەخۆشی و ئازاردا سەربکەوین، خۆراکی دانیشتوانی زەوی دابین بکەین، و یۆتۆپیایەک بۆ شکۆفەکردنی بەھرەکانی مرۆڤ بەباربێنین و ڕەنگە سەرئەنجام مەرگیش ببەزێنین! بۆسترۆم لەڕابردوودا ئەندامی دەزگای ئالکور بووە. دەزگایەکی پێشەنگ و دەستپێشخەر لە بواری (ژینگەی بەستوو/ متکردنی بایۆلۆژی) کە بەڵێن دەدات جەستەی مرۆڤ لەئامێری ساردکەرەوەدا دەبەستێنێت، بەو ئومێدەی کەوا ڕۆژێک بتوانین وزە و ھێزێکی نوێ بە زەین ببەخشین و لەشێوەی دیجیتاڵدا ئاپلۆدی بکەین و ژیانی ئەبەدی بەدی بھێنین. کاتێک ڕاستەوخۆ و بێ پەردە لە بۆسترۆمم پرسی کە لەم زەمینەیەدا چ بەرنامەیەکی ھەیە، شەرمێک دایگرت و بەخەجاڵەتییەوە وتی: "وا ڕاھاتووم ھەرگیز لەبارەی شێوازی کفن و دفنی خۆم قسە نەکەم". ئایا پێت وایە توێژینەوەکانی بواری (متکردنی بایۆلۆژی) ھیچ بەھایەکیان ھەبێت؟ بۆسترۆم دەڵێت: " تاڕادەیەک عەقڵانی دەردەکەوێت کە خەڵکی بەم کارە ھەستن، ھەڵبەت گەر توانای داراییان ھەبێت بۆ ئەم کارە [چونكە ئەمەش ڕیشەیەكی مادی و چینایەتیی هەیە].

کاتێک بیردەکەیتەوە کە ژیان لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانێت چۆن بێت، ھەوڵ و کۆشش بۆ خەزنکردنی زانیاری لە نێو مێشکتان ھەڵبژاردەیەکی لۆژیکیترە بەبەراورد بەوەی کە مێشکی خۆتان بسوتێنن و فڕێی بدەن (یان لەپاش مەرگ مێشکتان دفن بکرێت و شی ببێتەوە)، مەگەر ئەوەی بەتەواوی لەوە دڵنیابیتەوە کە ئەو زانیارییانەی خەزندەکرێن ئیتر ھەرگیز سودمەند نین....." لەخۆم دەپرسم، لە چ خاڵێک و لەکوێ، گەشبینییە (لەمرۆڤ سەرووترگەرایی)یەکەی بۆسترۆم جێگەیان بۆ دیدگا کابوسئاساکەی لەبارەی ھۆشی باڵاوە چۆڵکردووە. ئەو دەڵێت بەڕاستی ھەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە، بەڵکو بە ھەردوو گریمانە و ئەگەرەکەوە، بەھەشت و دۆزەخی داهاتووی دیجیتاڵیی ئێمە، بە پارادۆکسێکی پڕ ئاشوبەوە، پابەندە! ئەو دەڵێت: " من بابەتی زۆرم لەسەر ئەخلاقی باشتربوونی توانا جەستەییەکانی مرۆڤ لە ناوەڕاستی دەیەی نەوەدەکان دا نوسی، زەمانێک کە بەشی زۆری ئەم قسە و باسانە لەلایەن ئەھلی زانکۆکانەوە ڕەتدەکرایەوە. ئەوان ھەمیشە ئەو ھزرەیان ھەبوو کە بۆچی لەبنەڕەتدا کەسێک لەڕووی گۆی زەوی دەیەوێت دەرمانی پیری بکات؟! ئەوان لەبارەی زۆربوونی لەڕادە بەدەری ژمارەی دانیشتوان و تاقەت پڕووکێنیی ژیانی دوورودرێژ و تەمەنی درێژ، قسە و باسیان دەکرد. ئەوان درکی ئەو خاڵەیان نەدەکرد کە ھەموو توێژینەوە پزیشکییەکان ھەر لەم پێناوەدا ئەنجامدەدرێن: لەپێناو درێژکردنەوەی تەمەن. ھەمان پرس بۆ گەشەدان بە توانا زەینییەکانی مرۆڤیش ڕاستە. گەر تۆ سەرنجی ئەو بابەتانە بدەیت لەو زەمانەدا نوسیومن، زیاتر لایەنی گەشبینیان پێوە دیارە. بەڵام من ھەمیشە لەبارەی سەرکێشی و ڕیسکەکانی وجودیشەوە، بیردەکەمەوە". یەکێک لەنیگەرانییە ھەمیشەییەکان ئەوەیە کە ئەم دەستکەوتانە، بۆ نمونە ئەو حەبانە دەتوانن تۆ زیرەکتر بکەن یان پرۆسەی پیربوون خاو بکەنەوە، بەپێچەوانەی سیستەمی سرووشتەوەیە، ئایا بۆسترۆم ئەم خاڵەی لەبەرچاوگرتووە؟ باسترۆم دەڵێت: " گومان ناکەم ھیچ کات پرسی سرووشتی و پرسی کاری باشم لەیەک ئاست و لەبەرانبەری یەک دانابێت. شێرپەنجە سرووشتییە، جەنگ سرووشتییە، ئەو مشەخۆرانەی کە ئەندامە ھەناوییەکانی جەستەی تۆ دەخۆن سرووشتیین، کەواتە لۆژیکی (بە بنەماگرتنی سرووشت)، ھیچ کات تێگەیشتنێکی ئەوەندە سودمەند نیە بۆ درکی ئەوەی کە ئێمە دەبێت چی بکەین. بەڵێ، چەندین تێبینی و سەرنجی ئەخلاقی لەئارادا ھەن، بەڵام تۆ دەبێت ھەنگاو بەھەنگاو و بەجیا لەبارەی ھەریەکەیانەوە حوکم بدەیت. دەبێت ئەوەت لەیاد بێت من كەسێكی «لەمرۆڤ سەرووترگەرایی/ trans-humanist»م. من حەبی درێژکردنی تەمەنی خۆم ھەر ئێستا دەوێت. ئەگەر حەبێک ھەبێت بتوانێت توانای زەینی من ١٠٪‏ زیاتر بکات، من ئامادەم پارەیەکی زۆری لەپێناودا خەرج بکەم". ئایا ئەو حەبانەی بەکارھێناوە کە پێی وایە تەرکیز زیاد دەکەن؟ بۆسترۆم : "تاقیمکردوونەتەوە، بەڵام زۆر نا. قاوە دەخۆمەوە، بنێشتی نیکۆتیندار دەجووم، ھەر ئەمانە و تەواو. ئەوەی کە من لەم بوارەدا شتێکی تر ناکەم، ھێشتا قەناعەتم نیە شتێکی تر ھەبێت لەم بوارەدا کاریگەر بێت". ئەو، بۆسترۆم، ھیچ ترسێکی لە تاقیکردنەوە و ئەزموون نیە. لەکاتی کاردا، وەک خووی پێوە گرتووە، لەگۆشەیەکی ژووری نوسینگەی کارەکەی لەنێوان دە بۆ بیست گڵۆپ دادەنیشێت! وا دیارە بۆ سەر سپاردن بە ئایدیایەکی ڕۆشنگەرانە ئەم کارە دەکات. بۆسترۆم تاقانە منداڵی خێزانێک بوو لە شاری کەنار دەریای ھلسینگ بۆرگ لە سوید گەورە بوو. ھەروەک زۆرێک لە منداڵە بەھرەدارەکانی تر، نەفرەتێکی گەورەی لە قوتابخانە ھەبوو. باوکی کارمەندی بانک و دایکی کارمەندی کۆمپانیاییەکی سویدی بوو. بە بیری نایەت لەسەر مێزی نانخواردن ھیچ جۆرە گفتوگۆیەک دەربارەی فەلسەفە یان ھونەر یاخود کتێب ئەنجامدرابێت. بە سەرسوڕمانەوە لەوەی کە چۆن ئەم پرسە گەورانە بوون بە وەسوەسەی فیکریی ئەو، لێی دەپرسم: ئایا تۆ ھەمیشە منداڵێکی دڵ پڕ لەترس و نیگەرانی بوویت؟ ئایا ھەمیشە ھەستێکی بەھێزت لەبارەی مەرگەوە ھەبوو؟ بۆسترۆم دەڵێت: "پێم وابێت ئەم ھەستەم ھەر لەسەرەتای منداڵیمەوە ھەبووبێت. نەوەک لەبەر ئەوەی لەئاستانەی مردن بووبێتم یان شتێکی لەم شێوەیە. بەڵام بیرمە لەمناڵیمدا زۆر بیرم لەوە دەکردەوە دایک و باوکم ڕەنگە تا ئێستا تەندرووست بن، بەڵام خۆ بڕیار نیە تاسەر ھەروا بەھێزتر و گەورەتر لە من بمێننەوە". ئایا ئەم بیرکردنەوە و ئەندێشانە شەوان بە بێداری دەیھێشتیتەوە؟ بۆسترۆم: " ئەم بیرکردنەوانەم لەئێستادا وەک نیگەرانییەک، نایەتەوە بیر، بەڵکو وەک جۆرە ھەستکردنێک بە خەمۆکی دێنەوە بیرم". ئایا ئارەزووی ژیانی نەمری ڕیشەی لەو بیرکردنەوانەی منداڵیت دا ھەبوو؟ بۆسترۆم: " نەخێر. پێم وانیە ھیچ جۆرە ئارەزوویەکی جیاواز و تایبەت بوونی ھەبووبێت کە من بە بەراورد بەوانی تر لەپەیوەندیدا بەم بابەتەوە، ھەمبووبێت. من نامەوێت تووشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەستورە ببم، کێ ئەمەی دەوێت؟ گەر پێنج سەد ساڵ بژیم کێ چوزانێت من چ جۆرە ھەستێکم دەبێت؟ پرسەکە ئەوەندەش وەسوەسەی ئەبەدیەت نیە، بابەتەکە تەنھا ئەوەیە کە مردنی پێش وەختە شتێکە لەنیگای یەکەمدا بەد و خراپە و تەواو". بەشێکی گەورەی کتێبەکەی پرسیارگەلی زۆر دەربارەی ئەوە دەخاتەڕوو کە چۆن دەتوانین ھۆشی باڵا، کە چ لە پەنجا ساڵی داهاتوودا بێتە بوون و چ لە پێنج سەد ساڵی داهاتوو، دەستەمۆبکەین و لەگەڵ مرۆڤبوونی خۆماندا بیگونجێنین؟ بۆسترۆم زیاتر ئەم پرسە وەک قەیرانێکی تەکنیکی وێنادەکات تا ئەوەی کێشەیەکی سیاسی یان فەلسەفی بێت. ھەرچەند من وای دەبینم بەشێکی گەورە لە چوارچێوەی ئەخلاقی ئێمە، ھەستکردنمان بە باشی، بەرمەبنای ئەزموون و تێگەیشتنمانە لە دەرد و ئازار، و ھەستکردنمان بە جەستەی خۆمان. چۆن ھۆشێکی نا ئۆرگانی دەتوانێت لەمە تێبگات؟ بۆسترۆم دەڵێت: " شتانێکی زۆر ھەن کە ڕۆبۆت و ئامێرەکان ناتوانن لێی تێبگەن، چونکە ھێشتا ھێندە ھۆشمەند نین. بەڵام کاتێک بەئەندازەی پێویست ھۆشمەند ببن، ئەوکات پێم وانیە ھیچ کێشەیەکی دیاری کراو لە تێگەیشتن لەمەرگ و ئازاری مرۆیی بێتە ڕێیان". ئەو دەڵێت ئەم تێگەیشتنە، دەتوانێت ڕێگایەک بێت تا فێریان بکەین ڕێز لەبەھاکانی مرۆڤ بگرن. "بەڵام ئەمە وابەستەی ئەو پرسیە کە گریمانەی تۆ بۆ ئەخلاق چیە. گریمانەیەکی لەم شێوە دەکرێت زیاتر پەیوەست بێت بە ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و ئازادی ئەوانیتر. یان بریتی بێت لە ھەوڵ و کۆشش بۆ دەستڕاگەیشتنی گروپ و کۆمەڵێک بە شتی جوان". بۆسترۆم لەم بارەوە بیردەکاتەوە، بەڵام نازانێت بەڕاستی چۆن ئەم بابەتانە لەسەرەتای بنیاتنانی پەیکەری ڕۆبۆت و ئامێرەکان دا تێیاندا بچێنرێت، تاوەکو بەر بە ڕوودانی کارەسات بگیرێت. بەھیچ جۆرێک گونجاو نیە سەرەتا کوندەپەپووەکە بێنیت و دواتر بیربکەیتەوە کە چۆن پەروەردەی بکەیت و لە بواری سیستەمە زیرەک و ھۆشمەندەکانەوە کە ھەر ئێستا لەچەندین بواری جیاوازدا باشترن لە ھۆشمەنترینی مرۆڤەکان، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئەم کارە، ھەر ئێستاش درەنگە. ھەستکردن بە گرنگیی بیرکردنەوە لەبارەی ھەموو ئەم شتانەوە، تا ڕادەیەک لەوشتەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆسترۆم بە ئەزمونی "کەشف و شھود" ناویدێنێت. ئەزموونێک کە لەقۆناغێ ھەرزەکاری ئەودا ڕوویدا. ئەو لەساڵی ١٩٨٩ دەچێتە کتێبخانە و بەڕێکەوت کتێبێک ھەڵدەبژێرێت کە ناوەڕۆکی کتێبەکە ھەڵبژاردەیەکە لە فەلسەفەی ئەڵمانیا لە سەدەی نۆزدەدا، کە لەخۆگری فەلسەفە و چەند بەرھەمێکی نیچە و شۆپنھاوەر بووە. ئەم کتێبە سەرنجی بۆسترۆم ڕادەکێشێت و لە دارستانێکی نزیک بە کتێبخانەکە دەیخوێنێتەوە، لەفەزایەکی کراوەدا کە ڕۆژانە دەچووە ئەوێ تا شیعر و ھۆنراوە بنوسێت. لەو چرکەساتەنەدا ئەو ھەستێکی نامۆ لەبارەی ئەگەرەکانی فێربوون ئەزمووندەکات. ئایا ئەمە ھاوشێوەی ئەزموونی ئاینگۆڕین بوو؟ بۆسترۆم دەڵێت: " زیاتر جۆرە بەئاگاھاتنەوەیەک بوو. وام ھەستکرد بەدرێژایی ژیان تا ئەو چرکەساتە تەنھا خەوگەڕییم کردووە و لەخەودا بووم، ئێستا لەبارەی جیھانێکی گەورەترەوە بەئاگا ھاتم کەپێشتر وێنایشیم نەکردبوو". بۆسترۆم، سەرەتا بە سودبینین لە پێڕست و ڕێنماییەکانی ناو کتێبە فەلسەفییەکان، پرۆسەی خۆفێرکردن دەستپێدەکات. بە ھەڵپە و شورەوە کتێب دەخوێنێتەوە، و لەکاتی دەستبەتاڵییدا شیعر دەنوسێت و وێنەدەکێشێت. سەرەنجام لە بەشی فەلسەفە و ماتماتیک لە زانکۆی گۆتەنبەرگ خوێندن تەواودەکات. دواتر لەزانکۆی ئابوریی لەندەن دکتۆراکەی تەواودەکات و لەزانکۆی «یێڵ» وانەدەڵێتەوە. ئایا دواتر درێژەی بەشیعر نوسین و وێنەکێشان داوە؟ بۆسترۆم دەڵێت: "لەخاڵێکدا وام بەبیردا ھات کە خوێندنەوەی ماتماتیک گرنگترە. باوەڕم بەوە ھێنابوو کە جیھان ھەر لە زووە چەندین تابلۆ و وێنەی تێدایە و پێویستی بە تابلۆ و وێنەکانی من نیە، بۆ شیعریش ھەروا، بەڵام کێ ناڵێت ئەم جیھانە پێویستی بەچەندین ئایدیای تر نەبێت لەبارەی بەڕێوەبردنی داهاتووەوە؟". یەکێک لەو بوارانەی کە ھۆشی دەستکرد تێیدا لەدۆخی پێشکەوتندایە، بریتییە لە توانایی لە درووستکردنی موزیک و ھێنانە بوونی بەرھەمی ھونەری، و تەنانەت لەنوسینیشدا. ئایا بۆسترۆم وا بیرناکاتەوە کە ئەم كایەیەش بەخێرایی لەلایەن ھۆشی باڵای ئامێرییەوە داگیر دەکرێت؟ یان دەبێتە دوا پەناگەی مرۆڤایەتی؟ "من ئەم پاگەندەیە قەبوڵ ناکەم گوایە ئەمڕۆ ژەنیارە ڕۆبۆتئاساکانی ھۆشی دەستکرد دەتوانن کێبەرکێی ژەنیارانی گەورە بکەن. ڕەنکە لە پارچە موزیکێکدا بتوانن، بەڵام بەدرێژایی سەمفۆنیایەک ناتوانن ئەم کارە بکەن. لەبارەی ھونەریشەوە، ڕەنگە بتوانرێت ھونەر کۆپی بکرێت، بەڵام خودی چالاکی ھونەری خۆ خۆی لەخۆیدا خاوەنی بەھایەکە، تۆ ھێشتا تەنیا لەپێناو خودی چێژی وێنەکێشانە کە نەقاشی دەکەیت".

 ڕەسەنایەتیی دەستکردی مرۆڤ، ڕۆژبەڕۆژ گرنگییەکەی زیاتر دەبێت؟ بۆسترۆم: " بەڵێ ئەمە تەنیا پەیوەندیی بەھونەرەوە نیە، تەنانەت ئەگەر ئامێر و ڕۆبۆتەکان ڕۆژێک بتوانن کاروبارەکان باشتر ئەنجام بدەن لەوەی کە ئێمە پێیان ھەڵدەستین، ھێشتا ئێمە درێژە بەو کارانە دەدەین، چونکە ئێمە چێژ لەو کارانە دەبینین. گەر خەڵکی یاری گۆڵف ئەنجامدەدەن، لەبەر ئەوە نیە کە پێویستیان بەوە بێت تۆپەکە بەشێوازێکی جوان بکەوێتە نێو کونەکانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوە بەم کارە ھەڵدەستن چونکە چێژی لێ دەبینن. ھەرچەند ئامێرەکان زیاتر و زیاتر بتوان ئەو کارانە ئەنجام بدەن کە ئێمە دەتوانین، ئەوا ئێمە زیاتر گرنگی بەوکارانە دەدەین چونکە بەھا و نرخیان ھەیە لامان". بۆسترۆم لەسەرەتای کاری فیکری دا، لەپێناو پەرەدان بە بەھرەکانی، چەندین جار نمایشی "ستاند ئاپ"ـی کۆمیدی فەلسەفیی ئەنجامداوە (نمایشێکی وتاردەرانە و تەنزئامێزی سەر شانۆیە). بۆیە کاتێک لەگەڵی دەدوێت یان بەرھەمەکانی دەخوێنیتەوە، دەبینیت لە شیکردنەوە و ئارگۆمێنتەکانی دا ھەمیشە ڕەگێکی کۆمیدی ئامادەیە. سێنتراڵ و کرۆکی نمونە و دیاردەکانی ناو وتارە سەیرو سەمەرەکانی ئەو، ھەردەم لەسەر بنەمای پێوەرگەلی وەک (خۆڕاگر)، (شکێنەر) و (دۆزەخی) ڕێکدەخرێن. لە پێشەکيی کتێبی "ھۆشی باڵا"دا، ئەم ڕستەیە " زۆرێک لەخاڵەکان و بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە بەئەگەرێک ناڕاستن" دەبینرێت کە لەپەرواێز دا ئەم ڕستەی بۆ داناوە: " من نازانم کام خاڵ و بابەتانەن کە ناڕاستن؟!". ئایا بؤسترۆم ھەندێک جار ھەست بەوە دەکات کە کەسێتی (داگلاس ئادەمس، سيناريؤنوس و نووسەری ھەندێک لە سیناریۆی فیلمەکانی ئالفرێد ھیچکۆک)ی لەخۆ گرتووە؟ بؤسترۆم دەڵێت: " ھەندێک جار نوسینەکەم سەیروسەمەرە دێتە بەرچاو. بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەوەش بۆ خۆی سەیروسەمەرەیە خەڵکی جیھان لەئاست ئەو شتانەی بڕیار وایە لەسەدەی بیست و یەک ڕووبدەن، بێ ھەڵوێست و بێ باکن. تەنانەت ئەوانەی کە لەبارەی پرسی گەرمبوونی زەوييەوە قسەدەکەن، ھیچ کات ھیچ ھەڕەشە و مەترسییەکیان لەلایەن ھۆشی دەستکردەوە باسنەکردووە!". چونکە ئەم بابەتە پەیامەكەی ئەوان لاوازدەکات یان كاڵیدەكاتەوە؟ بۆسترۆم: " ڕەنگە ھۆکارەکەی ئەوە بێت من پێموایە لەھەر قۆناغێکی مێژووییدا تەنیا یەک کەڵکەڵە و خەم و پرسی فەرمی دەتوانێت بوونی ھەبێت. ئەو پرسەی ئێستاش ھەیە، گۆڕانکارییەکانی کەش ھەوا یان پرسی تیرۆرە. کاتێک من گەنج بووم، پرسەکە بریتی بوو لەجەنگی ئەتۆمی. دواتر گۆڕا بۆ تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان. ئەم پرسانە یەک لەویتر ماقوڵترن، بەڵام ھەڵبژاردنیان وەک کێشە و پرس، بەڕاستی بەتەواوەتی ڕێکەوتە". بۆسترۆم دەیەوێت و ھەوڵدەدات ئەم ڕێکەوتبوونە بە سودبینین لە ماتماتیک شیبکاتەوە. ئایا وا بیردەکاتەوە کە نیگەرانییەکان لەبارەی ھۆشی دەستکردەوە وەک ڕووداوێکی چاوەڕوانکراوی نزیک، لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەسەر نیگەرانییەکانی گەرمبوونی زەوی زاڵدەبێت و پرسی ھۆشی دەستکرد دەبێتە پرسی رۆژ؟ بۆسترۆم دەڵێت: "بە دووری دەزانم، ئەم ڕووداوانە پلە بەپلە و بەفۆرمێکی ھەست پێنەکراو دێنە ڕوودان، بەبێ ئەوەی بوار بدەن گرنگییان پێ بدەین لەکاتی خۆیدا".

 گەر بمانەوێت سەرچاوەی دەرکەوتنی ئەم ڕووداوانە بزانین، ئەوا گوگڵ شوێنێکی گونجاوە، چونکە گۆگڵ لەدۆخی تەرخانکردنی بەشێک لە تواناکانی خۆیەتی بۆ تەکنۆلۆژیای ئالگۆریتم و فێربوونی قوڵ، و بەتایبەت گوگڵ کۆمپانیاییەکی دەستپێشخەریکەری لەبواری داھێنانی ھۆشی دەستکرد، بەناوی کۆمپانیایی دیپ مایند لەساڵی ٢٠١٤ کڕی. گوگڵ وا دەردەکەوێت خاوەنی لیژنەیەکی ئەخلاقی بن بۆ پرسی ھۆشی دەستکرد، تاوەکو ئەم لیژنەیە ڕووبەڕووی ئەم پرسانە بکرێنەوە. بەڵام ھیچ کەسێک نازانێت ئەندامەکانی ئەو لیژنەیە کێن؟ ئایا بۆسترۆم باوەڕی بە درووشمی ئەو لیژنەیە، واتە (شەیتانئاسا مەبن) ھەیە؟ بۆسترۆم دەڵێت: "بێ گومان لەنێو کەسانی ئامادە و ئەندام لەجیھانی تەکنۆلۆژی دا، ڕۆشنبیری و کەلتورێک بوونی ھەیە کە بەھۆیەوە دەیانەوێت وا ھەست بکەن سەرقاڵی کارێکن ئامانج لێی تەنھا پارە پەیداکردن نیە، بەڵکو کارەکەیان خاوەنی جۆرە ئامانجێکی ئەرێنیی کۆمەڵایەتییە. ئا ئەم ئایدیاڵگەراییە لەنێو ئەوان دا بوونی ھەیە". ئایا بۆسترۆم دەتوانێت لە فۆرمبەخشین بەم ئایدیاڵگەراییە ڕۆڵ بگێڕێت؟ بۆسترۆم دەڵێت: "پرسەکە بەگشتی ئەوە نیە کاریگەری و ڕۆڵی تاک و کەس گرنگ بێت. ھەر کەسێک کە خاوەنی ڕۆڵێک بێت لە خستنەڕووی ئەم ئەرگۆمێنتانە، ئەوا کەسێکی پڕ بایەخە. گەر بڕیار وایە دۆخی مرۆیی لەم سەدەیەی ئێمەدا بەشێوازێکی ڕیشەیی لنگاوقوچ ببێت، ئەوا ئێمە لە زەمەنێکی چارەنوسسازی مێژوویدا ھەڵکەوتووین". گەر پێشبینییە پووچگەراکانی بۆسترۆم ڕاست بن، ئەوا ئێمە تەنیا یەکجار چانس و ھەلی ئەوەمان ھەیە کە ماھیەتی ھۆشی دەستکرد، بەجوانی و بەدرووستی دابھێنین. (یەکجار ئەو ھەلە لەدەستبدەین و ماھیەتی ھۆشی دەستکرد لەدەستمان دەربچێت، کارلەکارترازاوە). باسترۆم ساڵی ڕابوردوو بووبە باوک. پرۆسەی ھاوسەرگیری و ژیانی خێزانی ئەو شتێکە کە زیاتر لەڕێگەی سکایپەوە بەڕێوە دەچێت! ھاوسەرەکەی پزیشکێکی دانیشتووی ھانکۆڤەرە! پێش ئەوەی من لەلای بڕۆم وەک رۆژنامە نووسێک لێی دەپرسم: ئایا بوونبە باوک، تێگەیشتنی ئەوی لەمەڕ ئەم پرسە ئایندەبینینانەی، ھیچ نەگۆڕیوە؟ بۆسترۆم: " تەنیا لەو لایەنەوە بوونبە باوک ئەو دیدگا پارادۆکسیە دەسەلمێنێت، سیناریۆ ئەرێنی و نەرێنییەکان. ئەم جۆرە فیكرانە، ئەوەی کە ئەگەری ئەوە لەئارادایە جیھانی ئێمە بەتەواوی لنگاوقوچ ببێت، ھەمیشە وا دەردەکەوێت قبوڵکردنی ئەم پرسە لەئاستی کەسیدا ئێجگار قورسە. گوماندەکەم تا ئەو جێگایەی بتوانم لەمێشکی خۆم دا بوار بۆ ھەردوو دیدگاکە و ھەردوو ئەگەرەکە، ئەرێنی و نەرێنی، دەسازێنم".

 بە بۆسترۆم دەڵێم، لەکاتێکدا تۆ تاقیکردنەوە فیکرییەکانی خۆت لە مێشکتدا دەسازێنیت، نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی لەبیری ئەوەدان ژەمە خۆراکی دواتریان لەکوێ دابین بکەن؟ ئایا مەترسی و ھەڕەشەی ھۆشی باڵا جۆرە کەڵکەڵە و نیگەرانییەکی دەستبژێرانە نیە؟ ئایا زۆربەی ئێمە لەبەر ئەوھۆکارە بیر لەنیگەرانییەکانی داهاتووە دووردەستەکان ناکەینەوە چونکە لەئێستادا نیگەرانی و خەمی لەڕادەی پێویست زیاتر بوونی ھەیە و پێوەیان دەناڵێنین؟ بۆسترۆم دەڵێت: " گەر ئەم کارە بەئاستێک بگەیشتایە ھەموو جیھان سەرقاڵی خەرجکردنی ملیارەھا دۆلاربان بۆ کارێکی وا و ھیچ پارەیەک بۆ کارە ئاساییەکانی تر خەرج نەکرایە، ئەوکات دەمانتوانی ئەم کارەی من ببەینە ژێر پرسیارەوە. گەر تۆ تەماشای تەواوی ئەوشتانە بکەیت کە جیھان لەدۆخی خەرجکردن و بەھەدەردانی پارەدایە لەپێناویان، و بەراوردی بکەیت بەوەی ئێمە، ئەوکات دەزانی ئەوەی ئێمە لەم بوارەدا خەرجی دەکەین پارەیەکی کەم و ناچیز و بگرە سەرسواڵکەرانەشە. تۆ بۆ شارێک گەشت دەکەیت و لە فڕۆکەخانەوە دەچیتە ھوتێلێک. لەڕێگادا و لەنێو شاڕێگا و شەقامەکاندا بینەری بینا و ئاپارتمانە زەبەلاحەکانی ئەو کۆمپانیایە دەبیت کە ھیچ کات ناوت نەبیستوون. ڕەنگە لەوکاتەدا ئەوان سەرقاڵی پلاندانان بن بۆ ڕووماڵێکی نوێی ڕیکلامی لەبارەی جۆرێکی موسی ڕیشتاشینەوە. تۆ بەتەنیشت سەدان نمونە لەم جۆرە ئاپارتمانانەدا گوزەردەکەیت. ھەریەک لەم کۆمپانیایانە سەرچاوەی دارایی وای لەبەردەستدایە، کە زۆر زیاترە لە ھەموو ئەو پارەیەی کە مرۆڤایەتی بۆ ئەم بوارەی منی خەرجدەکات. ئێمە نیوەی نھۆمێک لە ئاپارتمانێکی ئۆکسفۆردمان بەدەستەوەیە، دوو یان سێ گرووپی تریش ھەن کە ھاوشێوەی ئێمە لەم بوارەدا کار دەکەن. کەواتە من وا بیردەکەمەوە کە ئەم کارە ھیچ کێشەیەکی نیە". لێی دەپرسم، ئێمە وەک کەسانی ئاسایی و ھاوڵاتییەک چۆن دەتوانین لەبارەی ئەم مەترسییانەی کە ڕوو لە ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەکەن، بیربکەینەوە و لەچوارچێوەیەکیان بئاخنین؟ بۆسترۆم شانەکانی بۆسەرەوە هەڵدەتەكێنێت و دەڵێت: " گەر ئێمە بیر لەچوارچێوە و مەودایەکی زەمەنی زۆر دورتر و درێژتر بکەینەوە، ئەوکات ڕووندەبێتەوە ئەو کارە زۆر بچوکانەی لەئێستادا ئەنجامی دەدەین، دەتوانێت لە داهاتوودا جیاوازییەکی گەورە درووستبکات".

وتارێکی نوێی بۆسترۆم کە دواتر لەماڵەوە خوێندمەوە، یاسایەکی گشتی بچکۆلانە دەخاتە بەرباس، بەھای ئەوەی ھەیە لەیاد نەکرێت. بۆسترۆم بەم یاسایە دەڵێت "ماکسیپک". ئەم یاسایە لەسەر ئەم ئایدیایە بنیاتنراوە: کاتێک ئێمە بەرمەبنای خەمێک، بێ لایانانە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی وەک گشتێک کارێک ئەنجامدەدەین، ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر کۆی وجود، دەبێت لە ئەولەویەتدا بێت. ماکسیپک واتای چی؟ واتا: ئەگەری بەدەستھێنانی ئەنجامێکی باش بخەینە پێشینەی کارەکان، ئەنجامێکی باشیش دەتوانێت پێش بەڕوودانی کارەسات بگرێت. بێ گومان ئەم یاسایە نرخی ئەوەی ھەیە تاقیبکرێتەوە.

 

 

 

 

سەرچاوە: tarjomaan