A+    A-
(1,537) جار خوێندراوەتەوە

سەردەمانێک بەڕێوەیە کە مرۆڤ چیتر «ئەشرەفی ناو مەخلوقات» نابێت!

 

 

نوسینی: دەیڤید ڕانسیمن/گاردیان         وەرگێڕانی: وریا ئەحمەد                                             pdf

 

 

 

 

 

وێناکردنی ئەوەی کەسێک کتێبەکەی (یۆڤێل نوح ھەراری) بخوێنێتەوە و تووشی ترسێکی سەرسوڕھێنەر نەبێت، سەختە. ھەر دەڵێی جارێکی تر نیتچە قەڵەمی ھەڵگرتۆتەوە و ئایندەی ترسناکی مرۆڤایەتی پێشبینی دەکات. بەو جیاوازیە کە، ئەمڕۆ خێرایی گۆڕانکارییەکان لەجیھاندا بە شێوازێک لەکۆنترۆڵ دەرچوون، بە سەختی دەتوانیت وێنا و ئایدیایەکت لەبارەی ئایندەوە ھەبێت. ئەوەندە بەسە تەنیا بیر لەم پرسە بکەینەوە: ڕۆژێک ھۆشی دەستکردی دەزگای ھارد و میمۆری و [1]cpuپێش ھۆش و زیرەکیی مرۆڤ بداتەوە، چیمان بەسەر دێت ئەوکات؟

 

 لە هەناوی ئەم کتێبە ئەفسووناوییەی "یۆڤێل نوح ھێراری"دا، بيرۆكەیەكی سادە بەڵام ترسناك نوستووە: ماھیەتی مرۆڤ لەسەدەی بیستویەکدا لنگاوقوچ دەبێت! چونکە ھۆش و ژیری(Intelligence) خەریکە لە ھەست و ئاگایی(Consciousness) جیادەبێتەوە. ئێمە بەم زووانە نامانەوێت ئامێرگەلێک درووستبکەین کە ھاوشێوەی ئێمە خاوەنی ھەست و عاتیفە بن، ئەمە واتە ئاگایی. ڕۆبۆتەکان عاشقی یەکتر نابن (ھەڵبەت ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئێمەش عاشقی ڕۆبۆت نابین). بەڵام جیا لەمە، ئێمە تۆڕی بەرفراوانی "دەزگای زیرەکی داتا وەرگر"مان داھێناوە کە دەتوانن لەخۆمان باشتر لە ھەستەکانمان تێبگەن. ئەمە واتە ھۆش و ژیريی دەستکرد. گوگڵ، لێرەدا مەبەست لە سێرچی ئۆتۆماتيكی گوگڵە نەوەک کۆمپانیای گوگڵ، ھەست و سۆز یان حەزی نیە. بۆ گوگڵ ھیچ گرنگییەکی نیە کە ئێمە سێرچ بۆ چ شتێک دەکەین. گوگڵ لە ڕەفتارەکانی ئێمە ناڕەنجێت، بەڵام دەتوانێت ڕەفتارەکانی ئێمە درکبکات و وەریبگرێت و پێش ئەوەی خۆمان بەدرووستی بزانین چیمان دەوێت، خواستەکانی ئێمە دەناسێتەوە. دەکرێت ئەم ڕاستییە مانای مرۆڤبوون بگۆڕێت.

دواھەمین کتێبی (یۆڤێل نوح ھێراری) بە ناونیشانی هۆمۆ دیوس([2]Homo Deus) کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکان لەجیھاندا، لەگەڵ مێژووی حەفتاوپێنج ھەزار ساڵی مرۆڤ دەست و پەنجە نەرم دەکات، تا ئەوەمان بیرخاتەوە کە مرۆڤ بوون لەخۆگری ھیچ تایبەتمەندییەکی جیاواز یان پێویستییەکی حەتمی نیە. ئێمە ڕووداو یان ڕێککەوتێکین. مرۆڤی "ھۆشمەند و ژیر" تەنھا یەکێکە لە ڕێگة گریمانەیيەکانی مرۆڤبوون، گریمانەیەکی پەرەسەندوو ھەروەک ھەر گیاندارێکی تری سەر ھەسارەکە. کتێبەکە بەم تێگەیشتنەوە بە کۆتا دەگات کە: "مرۆڤی ھۆشمەند بەئەگەری زۆر لەکۆتایی خۆی نزیکبووەتەوە". ئەمڕۆ ئێمە لە لوتکەی بەھێزیداین، بەڵام ڕەنگە لەخاڵی کۆتاییشدا بین. یۆڤێل نوح ھیراری لە "ھۆمۆ دیۆس"دا پەیگیری ئەم تيۆرە دەبێت تا پیشانی بدات چۆن توانا ناوازەکانی ئێمە لەکۆنترۆڵکردنی جیھانی دەوروبەرمان، وا خەریکە ئێمە بۆ شتێکی نوێ دەگۆڕێت. بۆ ھەر لایەک بڕوانین نیشانەیەک لە ھێز و دەسەڵاتی مرۆڤ دەبینین. ئێمە نەوەک ھەر بەسەر سرووشتدا زاڵ بووین، بەڵکو گەورەترین دوژمنانی مرۆڤیشمان تێکشکاندووە: جەنگ بەشێوازێکی بەرچاو سڕدراوەتەوە و فۆرمی گۆڕدراوە، ئێستا ئیتر وشکەساڵی وەک دیاردەیەکی نامۆی لێ ھاتووە، پەتا و نەخۆشییەکان لەجیھاندا لە دۆخی چارەسەردان. ئێمە بە داھێنانی تۆڕی ئاڵۆزتر لەوەی پێشتر ھەبووە، کە لەگەڵ مرۆڤدا ھەروەک یەکەی زانیاری مامەڵە دەکەن، ھەموو ئەو سەرکەوتنانەی سەرەوەمان بەدەستھێناوە! زانستی پەرەسەندن ئەوەمان فێردەکات جگە لە ڕۆبۆتی "داتاوەرگر و گۆڕینی بۆ زانیاری" ھیچی تر نین! ئێمەش ئالگۆریتم[3] و سۆفت وێرین! بە سودبینینی تەندرووستانە لە داتاکان دەتوانین یان توانیومانە بەسەر چارەنوس و ژیانی خۆماندا زاڵ ببین [مرۆڤ ئالگۆریتمێكیبایۆلۆژیی پەرەسەندووی ئاڵۆزە، کە لەڕێگەی ھەستەکانیەوە دیاردەکانی جیھانی دەوروبەر وەک داتایەک وەردەگرێت و لە ھۆش و ئاوەزی خۆیدا دەیانکات بەزانیاری، بەمەش جیھانی دەوروبەر کۆنترۆڵدەکات].

کێشەکە لێرەدایە کە ئالگۆریتمەكانی تر و سۆفت وێرەکانی تر، ئەوانەی بەدەستی خودی ئێمە داھێنراون، لە خودی ئێمە باشتر کارەکان ئەنجامدەدەن! [وەرگرتنی داتا و گۆڕینی بۆ زانیاری، بەتایبەت سیستەمی شاشەی سمارت لەڕێگەی سیستەمی چڕکراوەی ژمارەیی و شاشەیی کوالێتی بەرزەوە دەتوانێت وێنە یان ئایدیاکانی ئێمە بۆ وێنە و نوسینی سەر شاشە بگۆڕێت. یان دەزگای پێوانەیی پەستانی خوێن کە ئێستا لەزۆربەی ماڵان بەردەستە، خێرا دەتوانێت داتاکانی خوێن لەڕێگەی پەنجەوە وەربگرێت و بۆ زانیاری تەندرووستی بیانگۆڕێت]. مەبەستی یۆڤێل نوح ھەراری لە جوداکردنەوەی ھۆش لە ھەست و ئاگایی ھەر ئەمەیە. پرۆژەی مۆدێڕنە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بنیاتنرا کە تاکەتاکەی مرۆڤەکان جیاواز لەوەی سەرچاوەی دەسەڵاتن، سەرچاوە و درووستکەری "مانا"شن. سرووشتی ئێمە وایە وەک دەنگدەرێک، بەکاربەرێک و عاشقێک خۆمان بڕیاربدەین چ پێشھات و ڕووداوێک لەژیانماندا ڕووبدات. بەڵام ئەمە چیتر حەقیقەتی نیە. ئێمە ھەر ئەو شتانەین! کە ھێز و دەسەڵاتمان بە تۆڕە ھۆشمەندەکان بەخشیوە. تۆڕەکانیش سود لە ئایدیا بەنرخەکانی ئێمە وەردەگرن، تا چارەنووسمان دیاریبکەن. بەڵام ھەموو ئەمانە شتانێکی نوێ و تازە نین، لەڕاستییدا دەوڵەتی مۆدێرنیش، کە چوارسەد ساڵێک بەسەر لەدایک بوونیدا تێدەپەڕێت، خۆی لەخۆیدا «ئامێری وەرگری داتا و زانیاری»یە. تۆماس ھۆبز، دەوڵەتی بە مرۆڤێکی ماشێنی دەناساند(ھەر ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێی دەڵێین ڕۆبۆت). تایبەتمەندییە ئامێرییەکەی دەوڵەت بۆ سەرچاوەی ھێز و دەسەڵاتەکەی و بێ ڕەحمییەکەی دەگەڕێتەوە. دەوڵەتەکان ویژدانیان نیە و ئەمەش ھەر ئەو ھۆکارەیە کە شەرعیەتی ئەوەیان پێ دەبەخشێت ھەندێک کات دەست بۆ دڕندانەترین کار ببەن. ئەوەی لەم ھاوکێشەیەدا گۆڕاوە، ئەوەیە ئەمڕۆ ئامێرەگەلێکی "وەرگری داتا و زانیاری" داھێنراون کە زۆر لە دەزگایەکی وەکو دەوڵەت کاراتر ئیشدەکەن. ھەر بەو جۆرەی یۆڤێل نوح ھەراری ئاماژەی پێ دەکات، پێشکەوتنی پێ بە پێی دەوڵەتەکان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، شتێکی نامومکینە! ھەروەھا دەستگرتن بەو باوەڕەوە کە گوایا لەپشتەوەی ھەر دەوڵەتێکەوە (لەئێستادا) مرۆڤگەلێکی پێکھاتوو لەگۆشت و خوێن و پێستی ڕاستەقینە بوونیان ھەیە، ئێجگار سەخت و دژوارە. پێداگری مۆدێرنە لەسەر ئاینی تاکگەرایی و خودباوەڕیی مرۆڤ، خۆی لەخۆیدا پاڵپشتییەکە بۆ ئەم دیدگایە: کە دەبێت ڕێگایەک بۆ دۆزینەوەی دڵێک بۆ ئەم جیھانە بێ دڵە بوونی ھەبێت. گەر بە وردی سەرنجی سیستەمی تەکنۆکرات و دیوانسالاری بێ ڕووخسار بدەین و کەمێک خۆمان ماندوو بکەین لەگەڕاندا، لەکۆتاییدا ڕووخساری فەرمانبەرێکی دەوڵەتی بە ھەست و سۆزی ڕاستەقینەوە ھەر دەبینین. بەڵام ھەرچەند لە سیستەمێکی سێرچ ئۆتۆماتیك ئەلیکتریکی ڕۆبۆتی ڕابمێنین، ھیچ شتێک جگە لە داتا نادۆزینەوە. ئێمە تازە لەسەرەتای پرۆسەی گۆڕانی فۆرمی «داتا سێنتراڵی»داین و یۆڤێل نوح ھەراری باوەڕی وایە ناتوانین شتێک بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدەین. «ھۆمۆ دیۆس» لە ڕیزبەندیی ئەو کتێبانەیە کە لەبارەی «کۆتایی مێژوو»ـەوە دواون. بەڵام نەوەک بەو مانا ساویلکەیانەوە کە ھەراری باوەڕی وابێت لەو کۆتاییەدا ھەموو شتێک لە جووڵە دەوەستێت، نەخێر، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە، شتەکان بە شێوازێک لە جووڵەی خێراندان، تەنانەت وێناکردنی ئەوەی کە داهاتوو چیی پێیە بۆمان، قورس و زەحمەت دەبێت. لەساڵی ١٨٠٠ دەتوانرا بە شێوازێکی قابیلی تێگەیشتن بیربکرێتەوە کە جیھان لەساڵی ١٩٠٠دا بەکوێ دەگات و پێگە و ڕۆڵی مرۆڤ تێیدا چی دەبێت؟

مێژوو واتە کۆمەڵە و زنجیرە ڕووداوێک کە مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکیی تیا گێڕاوە. بەڵام ئەمڕۆ ساڵی ٢١٠٠ قابیلی وێناکردن نیە، و لەپێگە و ڕۆڵی مرۆڤ لەو زەمەنەدا، ھەڵبەت گەر پێگە و ڕێگەیەکی مابێت، ھیچ زانیارییەکمان نیە. ئەگەری زۆرە لەو زەمەندا جیھانێکمان درووستکردبێت، کە تێیدا ھیچ شوێنێک بۆ ئێمە نەبێت! بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێۆرە نیگەرانکەرە، و بەسەرنجدان لەوەی ھێشتا بەدۆخێکی وا نەگەیشتووین، بۆچی ناتوانین کاری زیاتر بۆ وەستانی ئەم پێشھاتە ئەنجام بدەین؟ یۆڤێل نوح ھەراری پێی وایە ئەو باوەڕە مۆدێرنەیەی کە پێداگرە لەسەر ئەوەی مرۆڤ بەرپرسیارە لە چارەنووسی خۆی، ھیچ کات لە بازدان و خۆلادان و خۆگێلکردنێکی ئیمانی بەولاوە ھیچی تر نەبووە، و دەسەڵاتی ڕاستەقینە ھەمیشە بەدەستی تۆڕەکانەوە بووە. مرۆڤ وەک تاک کەم و زۆر بوونەوەرێکی لاواز و کەم توانا بووەو لەڕووی ھێزەوە، ھیچ کات لەگەڵ شێر یان ورچ بەراورد ناکرێت. ئەمە بەرئەنجامی کاری ھەرەوەزی و بەکۆمەڵی مرۆڤەکانە، کە توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم ھەسارەیەی پێ بەخشیون. ئەم گرووپە مرۆییانە، کە لەچوارچێوەی دەزگاکان و دەوڵەتەکان و ئاینەکاندا چالاکی دەکەن، ئەمڕۆ بەشێکن لە تۆڕی بزاوتە بەرفراوانەکانی داتا و زانیاری. دۆزینەوەی خاڵی بەرگری، جێگەیەک کە دەزگا بچوکترەکان توانایی بەرگرییان لەئاست شەپۆلە گشتگیرەکانی زانیاری ھەبێت، تا دێت سەختر و سەختر دەبێت. ھەندێک لە خەڵکی دەستبەرداری بەرخودان و بەرگری بوون. لەبری لیبرالیزم و دیموکراسی و تاکگەرایی، کە بنەچەکانی مۆدێرنەن، ئاینێکی نوێ بەناوی «داتاگەرایی[4]»یەوە ھاتۆتە بوون. پەیڕەوان و شوێنکەوتوانەی ئەم ئاینە، کە زۆربەیان لەناوچەی (B) لەکالیفۆرنیا نیشتەجێن، چاوی ئومید و ھیوایان لە "داتا و زانیاری"یە و ھانماندەدەن کە تەنیا داتا و زانیاری بە یەکەی پێوانەیی بەھاكان بزانین. ئێمە ھەمان ئەو ڕۆڵەین کە لە پێدانی زانیاریەکاندا بۆمان لەبەرچاودەگیرێت. ھەڵبەت داتاگەرایی بەشێوازی گریمانەیی لایەنی ئەرێنیشی ھەیە. بۆ نمونە بۆ دەستڕاگەیشتن بەو شتانەی کە دەمانەوێت، بەربەستی کەمتر و پاشان کەمتر دێتە ڕێگەمان، چونکە زانیاریی پێویست لەکەمتر لە چاوتروکانێکدا دێتە بەردەستمان. حەز و ئەزموونەکانمان لەناو بۆتەقەیەکدا دەتوێنەوە، ھەروەھا درێژیی تەمەنمان دەتوانرێت تا ئاستێکی گونجاو زیاتر ببێت! داتاگەرەکان باوەڕیان وایە نەمریی مەبەستی دواتری ئەوانە! بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لایەنی نەرێنیی ئەم حەكایەتە ئاشکرایە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئێمە جگە لە خەرمانەیەک لە خاڵی زانیاری چیتر دەبین؟

دیستۆپیا[5]ـی سیاسیی سەدەی بیستویەک بەدوای ئەوەوەیە لەڕێگەی ھێزی دەوڵەتەوە، تاکەکان سەرکوت و بێ دەنگ بکات. بەڵام لەم سەدەیەدا ئەم کارە چیتر پێویست نیە. ھەروەک یۆڤێل نوح ھەراری دەڵێت: " تاک بەدەستی برا گەورە لە ساحەكە وەدەرنانرێت، بەڵکو لە ناوەوە دادەڕووخێت". دەزگاکان و دەوڵەتەکان ھێشتاش لەبەرانبەر تاکگەرایی و پێداویستیە تایبەتیەکانی ئێمە، سەری ڕێز دادەنوێنن. بەڵام بۆ دەستبەرکردن و دابین کردنی ئەم پێداویستی و نیازانەمان ناچارن ئێمە بۆ "داتای بایۆلۆژییانە" پۆلێنبەندی بکەن و لەڕێگەی ئالگۆریتم و سۆفت وێری بەھێزەوە بەبەردەوامی چاودێری ئەو داتایانە بکەن. ئەم حەكایەتە خاوەنی ڕەھەندێکی سیاسیی دیستۆپیاییانەشە، مرۆڤە زوو کۆڵدەرەکان، واتە ئەوانەی کە زووتر دەچنە ناو پرۆژەی داتاگەراییەوە، دەبنە تاکە کەسانێک دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان دەکەوێتە دەست و دەسەڵاتیان بێ ڕکابەر دەبێت. چوونە ڕیزی ئەم دەستەبژێرە «عالی مەقام»ـانە! ئێجگار سەخت و دژوار دەبێت. بۆ گەیشتن بەئاستی ئەوان، پێویستە ئاستێکی زۆر باڵا لە خوێندن ببڕیت و جیا لەمەش نابێت بەھیچ جۆرێک لە تێکەڵکردنی شوناسی کەسییتان لەگەڵ ئامێری زیرەک، دڵت بڕەنجێت. بەم جۆرە دەتوانیت ببیتە یەکێک لە خودا نوێکان. ئەمە دیمەنێکی دڵتەزێن و مەترسیدارە: چینێکی بچوک لە پێشبینیكەرانی قەشەنوما، کە دەستیان بە باڵاترین سەرچاوەی زانست و زانیاری دەگات، و خەڵکانی تریش تەنھا کەرەستە و ئامرازن بۆ ئامانجە گەوەرەکانی ئەوان. دەکرێت داهاتوو نوسخەیەکی بەھێزی سەردەمی کۆن بێت: میسری کۆن، کە بەھێزی فەیسبوک زۆرتر بووە. یۆڤێل نوح ھەراری، لە پێشبینیکردنی بۆ بەدیھاتنی ئەم دیمەنە ترسناکە، لەخۆبوردووانە ڕەفتارناکات. ھەرچی بێت، داهاتوو نەناسراو و پێشبینی نەکراوە. ئەو بەھێزترین بۆچوونەکانی خۆی بۆ ڕەخنەگرتن لە دۆخی ھەنووکەیی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و گیانلەبەران و پەیوەندیی ئەم پرسە بە دۆخی داهاتووی مرۆڤەوە تەرخاندەکات. گەر ھۆش و ھەست(ئاگایی) لەدۆخی لەیەکتر جیابوونەوەدان، مرۆڤەکان تووشی ھەمان ھەلومەرج دەبن کە ئەمڕۆ گیانلەبەرانی تر تووشی ھاتوون. مرۆڤ دەبێت خۆی ئامادەبکات بۆ زەجرکێشان بەدەست خاوەنەكانی ھۆشی باڵاوە. وا دەرناکەوێت کە یۆڤێل نوح ھەراری نیگەرانی دیمەنێک بێت کە تێیدا ڕۆبۆتەکان لەگەڵ ئێمەدا ھەر بەو جۆرە دەجووڵێنەوە کە ئێمە ئێستا لەگەڵ مارو مێروودا دەیکەین، واتە بە بێ باکییەکی پڕ لەتوندوتیژییەوە. بەڵکو داواکاری ھێراری لەئێمە ئەوەیە کە لەبارەی ڕەفتاری خۆمان لەگەڵ ئاژەڵدا، لەنێو سیستەمی گەورەی پیشەسازی ئاژەڵداری، بھزرین. بێگومان بەرازەکان لە ژیانکردن لە ژینگەی تەنگ و بچوک و قەرەباڵەغ و جیاکراوە لە بێچووەکانیان، ئازار دەکێشن. ئەگەر وا بیر دەکەینەوە ئەمە بە ئازارکێشان ناژمێردرێت بەو بیانووەی گوایا بەرازەکان لەبەرامبەر ئێمەدا بە زیرەک و بەئاگا لەقەڵەم نادرێن، ئەوکات پێویستە بزانین کە لەدۆخی ھەڵکەندنی گۆڕداین بۆ خۆمان. بەم زووانە ھەمان ڕووداو بەسەر خۆشماندا دێت. ئەوکات ئازارکێشانی ئێمە چ بەھایەکی ھەیە.

 ئەم کتێبە، کتێبێکە ئێجگار زیرەکانە نوسراوە و پڕە لە دیدی تیژبین و ساتیرە ڕەخنەی توند. بەڵام ھەروا کە بەئەگەری زۆر خودی ھەراریش دانی پێدا دەنێن، ئەم کتێبە تەنھا لەسەر بنەمای پێوەرەکانی مرۆڤی ھۆشمەند، بەنرخە، مرۆڤێک کە ھیچ تایبەتمەندییەکی جیاوازی نیە. بەپێی پێوەری ھۆشمەندترینی ئامێرەکان، ئەم کتێبە ناڕون و ئاڵۆز و تێۆرێکە و ھیچی تر. کۆمەڵە ئامار و داتاکان ئێجگار کەم و سنوردارن تێیدا. دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەم کتێبە لەو ھەستە ئاگامەندە جیاوزەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەپشتیەوە پەنھانە. ئەم کتێبە سەیر و سەمەرە و پارچە سەھۆڵێکی لەدڵی خۆیدا ھەڵگرتووە. ھەراری نیگەرانی چارەنووسی ئەو ئاژەڵانەیە کە لەجیھانی مرۆڤەکاندا دەژین، کەچی لەبارەی چارەنووسی مرۆڤەکانەوە لەجیھانێکی داتامیحوەردا، تەواو بێ باکانە قسە دەکات! دەبێت دانی پێدا بنێم کە ئەم تایبەتمەندیەم لەم کتێبەدا زۆر خۆشویست. بەڵام دەکرێت ئەمە، جیا لەھەر شتێکی تر، بەو ھۆیەوە بێت کە من پیاوم و ھەموان لەم خاڵەدا ھاوڕا نەبن لەگەڵمدا. بەڵام وێنای ئەوەی کە کەسێک بتوانێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە و تووشی دڵەڕاوکێ و خورپە نەیەت، دژوارە. نیچە سەردەمانێک نوسیی: ئەمڕۆ کە مرۆڤایەتی ئەخلاقی مەسیحیەتی بەجێھێشتووە، لەلێواری گەشتێکدایە بەنێو دەریای ناکۆتادا. کتێبی ھۆمۆ دیۆس، دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەست بکەین لەپاش گەشتێکی دوورودرێژی پڕلە ھەڵبەز و دابەز، ھەنوکە لەلێواری خەرەندێکداین، وەک ئەوەی ئەو ڕێگایەی بڕیومانە ئیتر ھیچ بەھا و گرنگییەکی نەبێت. چونکە زۆرناخایەنێت دەبین بە دووکەڵ و بە هەوادا دەچین.

 

 

 

  •  
  •  
  •  

 

 


  1. Cpu  یان ناوەندە سمارتی وەرگری داتا و ئامارەکانە لەھەناوی مێشکی کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و سمارتفۆنەکاندا. تەواوی ئەو زانیاریانەی کە داخڵ دەکرێن یان دەردەچن، بەم ناوەندە ئۆتۆمات ئەلیکتریکەوە تێپەڕ دەبن و ئەم ناوەندە شی دەکاتەوە و دەیانگۆڕێت بۆ زانیاری پێویست.  

 

[2]. Harari, Yuval Noah. Homo Deus: A Brief History of Tomorrow. Random House, 2016

[3] . ئالگۆریتم: ھاوکێشە و پرۆگرامێکی پێ بەپێ و ھەنگاو بەھەنگاوە بۆ شیکاری پرسێک، کە زانای ئێرانی خواڕزمی داھێنەرێتی. ھەنووکە بەسیستەمی ناوەکی سۆفت وێر و ھارد وێر کە ھەنگاو بەھەنگاو داتا و فەرمانە ئەلیکتریکییەکان وەردەگرن و شیی دەکەنەوە و بە چۆنێتیی کارکردنی سۆفت وێر، دەوترێت ئالگۆریتم.

  1. Dataism

 

  1. [5] . دیستۆپیا، پێچەوانەی یۆتۆپیا، بەمانای وێرانەشار، یان زەمەنێک دێت کەتێیدا مرۆڤ وەک فەردێکی ئامانجدار ناتوانێت بژیت و تەواوی خەونەکانی نابود دەبێت و ھێزێکی داپڵۆسێنەر کە تەواوی ڕەگەزە خراپەکانی لەخۆیدا چڕکردووەتەوە، کۆنترۆڵی ھەموو شت دەگرێتە دەست.