A+    A-
(2,468) جار خوێندراوەتەوە

 

           ئاگایی، وەھمێکە لە «سەروو تێگەیشتن»ـەوە

 گوزەرێک بەنێو کتێبی (لە بەکتریاوە تا باخ و بەپێچەوانەوە: پەرەسەندنی زەینەکان)

 

 

تۆماس ناگیل

ئامادەكردن و وەرگێڕانی: وریا ئەحمەد                                                    pdf

 

 

 

قسەیەكی وەرگێڕ:

 (خودئاگایی وەھمێکە، قابیلی تێگەیشتن نیە! مرۆڤ سەراپا کائینێکی فیزیکاڵ بایۆلۆژییە و ھیچی تر.... کەلتور و شارستانیەتیش تەنھا دیوە وەھمییەکەی پەرەسەندنن، ئەو دیوەن کە مرۆڤ لای بووە بە واقعیەتی ژیان و پێیان ڕاھاتووە!).

 بەم دێڕانە دەست پێدەکەم؛ زمان کە لەدیدی دانیال دێنیتدا دەزگایەکی سەرەتا ئۆرگانی و پاشان کەلتوریی پەرەسەندووە، ئەو پانتاییەیە کە تێیدا ئاگایی و مەعریفە و ناسینەوەی جیھان بەباردێن. تائێرە کێشەیەکمان نیە، سۆمەرییەکان بە داھێنانی نوسین، پرۆسیسی پەرەسەندنی زمانیان خێراترکرد، واتە ئەوان زەمینەیان ڕەخساند تا ئاگاییش پەرەبسێنێت. بەڵام ئاخۆ خودئاگایی و مەعریفە و ناسینەوەی جیھان لەنێو ڕەمزەکانی زمانی سۆمەرییدا، شتانێکی حەقیقی بوون یان وەھم و خەیاڵپڵاوی؟ ئاخر لەناو سۆمەرییەکاندا و لەسیاقی زمانی ئەواندا، جیھان ئێجگار خورافی و مێتۆلۆژییانە بوو، جیھانی وەھم ئامێزی خوداکان و مرۆڤەکان تێکەڵ بەیەکتر ببوون. ئاسمان سەرزەمینی خودا زۆرو زەبەندەکانی سۆمەری بوو. ئایا دەتوانین بڵێن ئەو خودئاگاییەی مرۆڤی سۆمەری لەسیاقی ئەم زمانەدا پێی گەیشتووە، وەھم نیە و واقعیەتی ھەبووە؟ ئەم زمانە ئاگایی و مەعریفەی سۆمەری لەسەر خۆیان و مرۆڤ و شارەکانیان، دەبردەوە سەر خورافە و خودا وەھمییەکان، واتە بەچەشنێک زەینی مرۆڤی سۆمەری و بەدوایدا میتۆلۆژییەکانی تر و کلتورە ئاینییە ئاسمانییەکانیشی بەلاڕێدا برد، ھەزاران ساڵی پێ چوو تا مرۆڤ بەشێوەیەكی زانستییانە پەی بەوە ببات کە ئەو ھەر لەسەر زەوییەوە بەدیھاتووە و پەرەیسەندووە....

 

دانیال دێنیت، بەتەنھا ڕستە و تێزەکانی ھەڵاساز نیە، بەڵکو یارمەتیدەریشە تا توانای خەیاڵ و ئەندێشەکردنمان فراوانتر و دورمەوداتر بکەین. دورمەودا، ھەم بەرەو ئایندەیەکی شێوە تراژیدی کە بە گریمانەیەک ڕەنگە تێیدا ئامێری زیرەک لەبری مرۆڤ و ھاردوێری پەرەپێدراویش لەبری مێشک، کارەکان ھەڵسوڕێنن! ھەمیش بەرەو ڕابوردووە دوورەکان، بەرەو قۆناغی ئۆرگانە فیزیکاڵە تاک-خانەییەکانی سەرەتای دەستپێکی ژیان! ئاخر دانیال دێنیت پێی وایە پەچەکرداری ئەو ئۆرگانە تاک-خانەییانە لەئاست ژینگەی دەوروبەریان، ھەنگاوە سەرەتاییەکانی درووستبوونی ئاگایی و ھۆشیاریی ئەمڕۆکەی مرۆڤایەتییان تێدا پەنھانە! کاتێک سەرنجی وتە و ڕستەکانی ئەم فەیلەسوفە داروینییە دەدەیت، خێرا ھەستێکی سەیرت لا درووستدەبێت، ھەستی ئەوەی کە ئێمە لەنێو خودی واقعییەتی جیھان ھەر بەو جۆرەی کە ھەیە، ناژین! بەڵکو لەنێو ئەو وێنا و وێنەیەی جیھاندا دەژین، کە خودئاگایی پەرەسەندووی ئێمە سازاندوونی! دانیال دێنیت ئەمە ناودەنێت بەركەوتنی ئێمە لەگەڵ وەھمی کۆپی و لەبەرگیراوەکانی واقع، ئەگینا واقیع شتێکی ترە، ئاڵۆزتر و وردتر و بەتەواویش لەگەڵ تێگەیشتنێک کە ئێمە پێی ڕاھاتووین، یەکناگرێتەوە. ڕەنگە دیوێکی تێزەکانی دێنیت، ئەوە بێت کە ئێمە ھێشتا لەنێو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون تەشریفمان نەھێناوەتە دەرەوە و ھێشتا سەروکارمان لەگەڵ سێبەرەکاندایە! بەو جیاوازییە، ئەشکەوت لێرەدا ھێما و میتافۆرە بۆ کەلتور و نەریت و ئاین و ئیدۆلۆژیا و تەواوی ئەو کۆپەیوەندییە سیمبولیکانەی کۆمەڵگا مرۆییەکان، کە مرۆڤ تێیدا بەحیسابی خۆی دەگات بە پلەی خودئاگایی و ھێزی ناسینەوە و درککی جیھانیان لێوە وەردەگرێت. ئەمە لێدانە لە نەرجسیەت و جاڕدانی کۆتاییھاتنی ئەو خەوە خۆشەیە کە مرۆڤ خۆی بە سوبێكتێكی بەئاگا، ژیر و ھۆشمەند دەزانێت! ئێمە پێمان وایە لەنێو کۆپەیوەندییە ڕەمزییەکان و لەفەزای کەلتور و شارستانیەتی مرۆڤایەتییدا، بەئاگادێینەوە و خودئاگاییمان بەدەستدێنین و خۆمان و دەوروبەرمان دەناسین و کەشفدەکەین، بەڵام گەر دانیال دێنیتیانە بدوێین، ئەمە بەئاگاھاتنەوە نیە، ئەمە تەنیا ڕۆیشتنە لە خەوێکەوە بەرەو خەوێکی تر. دانیال دێنیت وا دەڵێت، خودئاگایی وەھمە، وەھمێک کە قابیلی تێگەیشتن نیە..... دانیال دێنیت، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پشت بە تێورەیەکی جیاکارییانەی ( وێڵفێرد سێلیریز) دەبەستێت. جیاکاری لەنێوان دوو جۆر بینین و دیدگا بۆ جیھان، ئەوانیش بریتیین لە: وێنەی ئاشکرا و وێنەی زانستی. جیھان، لەسیاقی وێنەی ئاشکرادا، ئەو جیھانەیە کە ڕۆژانە ژیانی خۆمانی تێدا دەگوزەرێنین، لێی ڕاھاتووین و لەو شتانە پێکھاتووە کە دەیانبینین و دەیانبیستین و ھەستیان پێ دەکەین، درەختەکان، دەریاکان، ھەست و سۆزەکان، ئاین و ئیدۆلۆژییەکان.... بەڵام لای دێنیت ئەمە ڕووکار یان لەبەرگیراوەی واقعیەتێکی نەبینراوە و خودی واقعی جیھان نیە! واقعی جیھان، تێگەیشتن لێی لەئەستۆی (وێنەی زانستی)دایە، جیھانی ناو وێنەی زانستی، لە ئەتۆم و کوارکەکان و ھەستەوەرە دەمارە خانەییەکان و گەردیلە و وزەی تاریک و ھێزی کێشکردن و وزەی لاوازی بارکراو لە بۆزۆن و کوارک و وزەی بەھێزی بارکراو لەئەتۆمەکان و کارۆموگناتیسی.....ھتد پێکھاتووە. دێنیت، وێنەی زانستی بە واقیعیەتی ژێرخان و بنەمای حەقیقی بۆ وێنەی ئاشکرا، دەداتە قەڵەم. واتە وێنەی ئاشکرای جیھان ھیچ نیە، جگە لە وەهمێك نەبێت کە لەسەر شاشەی خودئاگایی ئێمە دەردەکەوێت! دانیال دێنیت ئەمە بەراورد دەکات بە ئامێرێکی وەکو کۆمپیوتەر و بۆ ڕوونکردنەوەش، چەمکی ( بەکاربەرە - وەھم ) دێنێتە بەرباس. سیستەمی ھاردوێر و سیستەمی داڕێژراوی ماتماتیکی ناوەوەی کۆمپیوتەر، ھێند ئاڵۆز و ورد و چڕکراوەیە، کە بەکاربەر ھیچ سەروکارێکی لەگەڵدا نیە، بەڵکو سەروکاری بەکاربەر لەگەڵ شاشەی کۆمپیوتەر و ھێماکانی سەر شاشەدایە. لەکاتێکدا ئەوەی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر ڕوودەدات، ھیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیستەمی ناوەوەی کۆمپیوتەرەکەوە نیە و ھیچ شتێک لەسەر ناوەوەی کۆمپیوتەرەکەش بە «بەکارهێنەر» ناڵێت، بەڵکو ھێماکانی سەر شاشە، زنجیرەیەک ئەکتی ئاسانکراون کە دیزاینەرانی کۆمپیوتەر ڕەخساندوویانن تا چاوی ئێمە ھەستیان پێ بکات و بەکاریان بێنین. سەرئەنجام، وێنەی ئاشکرای جیھان، ئەو شاشە دیسکتۆپە ئاسانکراوەیە کە ئێمە بەركەوتنێكی ھێمایی و زمانەوانیمان لەگەڵیدا ھەیە، و سیستەمی ھاردوێر و ناوەوەی کۆمپیوتەریش بریتیە لەو واقیعیەتە ئەتۆمی و تاک خانەیی و کوارکی و وزەییە ئاڵۆز و نەدیتراوەی پشتەوەی ئەم شاشەیە و زانست سەروکاری لەگەڵدا ھەیە. زانست، بەمانا داروینیزمەکەی و لەقاڵبی تێورەی پەرەسەندندا، ئەو ھێزی تێگەیشتنەیە کە دێنیت ھەوڵدەدات بیکات بە بەدیلی خودئاگاییە وەھم بینەکەی ئێمە. لێرەوە دانیال دێنیت ڕستەیەک دەڵێت کە بارتەقای گەشبینی لەئاست پەیامی نێو ڕستەکە، دەبێت بترسین و نیگەران بین. ئاخر ڕستەکە باس لە کۆنترۆڵکاری مرۆڤ دەکات! دێنیت دەڵێ: ئەمڕۆ ئێمە لە پەرەسەندن (ئیڤۆلەیشن) تێگەیشتووین و دەتوانین کۆنترۆڵی بکەین! ئەمە خستنە سەرپشتی دەرگایەکە بەڕووی جیھانێکدا کە ڕەنگە تێیدا وەزیفەی مرۆڤ و خودئاگاییە وەھمیەکەی کۆتایی پێ بێت! ئایا دەکرێت زیرەکی سەدان زانا و ئەزموونی نێو سەدان تاقیگەی زانستی چڕبکەینەوە و لە میمۆری یان ھاردوێرێکدا پرۆگرامی بکەین؟ سمارت فۆن و ئامێری زیرەک و داھێنانی سۆپەر کۆمپیوتەرە ئاڵۆزەکان چین؟ جگە لە پەرەدانێکی دەستکرد و ئەلیکترۆنیانە نەبێت بە مێشکی مرۆڤ؟ گەر مرۆڤ تەنھا کائینێکی فیزیکاڵ و ڕۆبۆتێکی پەرەسەندوی بایۆلۆژی بێت و مێشکی ئەو تەنھا دەزگایەکی چڕکراوەی ھەستەوەرە دەماری ئاڵۆز بێت کە خودی خۆیشی لەشێوازی کارکردنی تێنەگات، بۆ نمونە مرۆڤ لەوە تێناگات چۆن مێشک بەھاوکاریی گوێ و پەردەی گوێ، شەپۆلێکی دەنگی دەگۆڕێت بۆ وشە و ڕستە و وێنای مانادار! دەمەوێت بڵێم گەر ئەمە واقیعیەتی مرۆڤ بێت، ئایا ئیمکانی ئەوە ئاسان نیە مێشکی دەستکرد و مەصنوعی و ئەلیکترۆنی درووسبکرێت و بکرێت بە نمونەیەکی ئێجگار پەرەسەندووتری مێشکی مرۆڤ؟ مەگەر تەلیسکۆپی ھابڵ چیە؟ کە وێنەی ھەسارە و کاکێشان و گالاکسیەکان دەچرکێنێت بە کوالێتیەکی بەرز و لەدوری ملێۆنەھا کیلۆمەترەوە؟ جگە لە چاوێکی ئەلیکترۆنیی ئاڵۆز و پەرەپێدراو نەبێت؟ .......و بەم جۆرە مرۆڤ دەستکاریی پەرەسەندنیشی کرد! لەکۆتاییدا، دانیال دێنیت وای دەیبینێت، یەکەمین پەرچەکردارە کیمکاڵەکانی ئۆرگانە تاک-خانەییەکانی پێش چاخی (کامبرین) لەھەناوی خۆیاندا مژدەی یەکەمین ھەنگاوەکانی ئاگاییان ھەڵگرتبوو، ئاگاییەک کە ملیۆنەھا ساڵ پەرەدەسێنێت و لە کۆنسێرتی چوارەمی (براندنبۆرگ)دا دەرفەتی ئەوە بە باخی موسزێۆن دەدات شاکارەکەی بخولقێنێت. ئایا دانیال دێنیت، لەکتێبی ( لەبەکتریاوە تا باخ و بە پێچەوانەوە) دەیەوێت بڵێ گەشتی پەرەسەندنانەی ئاگایی لەناو زیندەوەرە تاک-خانەییەکانەوە دەستیپێکرد و بە گیاندارێکی فرە خانە و ئاڵۆزی وەک ئێمە گەشت و ئێمەش چونکە لە پەرەسەندن تێگەیشتووین، دەتوانین لەمیانەی داھێنراوە ئەلیکترۆنیەکانەوە توانستە پەرەسەندووەکانی مێشکمان بە سمارت ماشێن و ھاردوێرە ئاڵۆز و سۆپەر کۆمپیوتەرەکان ببەخشین و جیھان و کاروبارەکانی بۆ ئامێرەکان بەجێ بھێڵین؟ ڕەنگە فیکری دانیال دێنیت بۆ زۆرێک وەک فەنتازیای ناو فلیمێکی خەیاڵی زانستی ھۆڵیود بێتە بەرچاو، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە جیھانی ئێستا دێنیت پێویستە. جیھانێک کە داھێنراوە ئەلیکترۆنی و سمارتییەکان و نێتۆرکەکان بەجۆرێک لەجۆرەکان کۆنترۆڵیان کردووە و وەختە ئەپەکان و ئینتەرنێت ببنە بەشێک لە ئاگایی و بینینی مرۆڤ بۆ دەورو بەر و جیھان....


 

                 ***              ***               ***

 

پەنجا ساڵ دەبێت کە دانیال دێنیتی فەیلەسوف بە پشتبەستن بەزانست، لەپێناو ڕزگارکردنی ئێمە لەو شتەی ئەو بە (وەھم) لێی گەیشتووە، لەگەڵ پرۆژەیەکی گەورەدا دەربارەی (داماڵینی وەھم لە جیھانی مرۆیی) دەرگیرە. لەدیدی ئەودا ڕزگاربوون لەم وەھمانە، سەختە، بەو بەڵگەیەی کە زۆر سرووشتیین. دێنیت، لە ھەژدەھەمین کتێبی خۆیدا: (لەبەکتریاوە تا باخ و بەپێچەوانەوە: پەرەسەندنی زەینەکان)، نوسینێکی پڕ بەھا و ھەروەک چاوەڕواندەکرا، درەوشاوە، لەسەر جیھانبینیی خۆی، دەدات بەدەستەوە. ئەو سەرەڕای سودبینین لە خەرمانی پێدراوە زانستیەکان، ڕایدەگەیەنێت کە زۆرێک لەوەی وتوویەتی، پێشبینی و گریمانەیە! نەوەک پاگەندەگەلێکی سەلمێنراو بن، چ لەڕووی فەلسەفی و چ لەڕووی ئەزمونییەوە. دێنیت، ھەمیشە ھاونشینێکی خۆش مەشرەب بووە. ئەو ھەڵپەیەکی سەیری بۆ (پرۆسەی ناسینی زانستیی) تێدایە، و لە گێڕانەوە و ڕوونکردنەوەی گرنگی ئەم (پرۆسەی ناسینەوەیە)دا، بەڕوونی و بێ ڕووکەش بینی، یەکێکە لەباشترینی ئەو کەسانەی کە من دەیانناسم. فۆرمی نوسینی ئەو، خۆش مەشرەبی و تەنزئامێزی و دەستڕەنگینیی پێوە دیارە. بەتایبەت لەم کتێبەی دا، گەرچی بێ پەردە لایەنگری دیدگایەکە، بەڵام بەسەختی دەکۆشیت لە ھۆکارەکانی خۆبەدەستەوەنەدان بەم دیدگایەی تێ بگات و دواتر بێ کاریگەرییان بکات. ئەو خۆی دان بەوەدا دەنێت ئەوەی دەیەوێت ئێمە باوەڕی پێبکەین، بەشێک لەم ویستنەی، بەتەواوی پێچەوانە و دژە لەگەڵ تێگەیشتنی ھاوسەنگ و بەرانبەردا. لەکۆتایی دا ئەوە ڕووندەکەمەوە بۆچی سەراپای ئەم پرۆژەیەی (دێنیت) ناگات بە ئاکامێک. بەڵام سەرەتا ڕووخسەتم دەوێت کە ئەسڵی بابەتەکە بخەمەڕوو: بابەتێک کە بەشی زۆری ڕاست و مایەی قبوڵە. ئەم کتێبە (لە بەکتریاوە تا باخ و بەپێچەوانەوە...)، پێکھاتەیەکی مێژوویی ھەیە، کە دەستمان دەگرێت و لە جیھانی (پێش ژیان)ـەوە بە زەین و شارستانیەتی مرۆییمان دەگەیەنێت. ئەم بەرھەمە وەک گرنگترین ڕەوش و شێوازی ڕوونکردنەوە و ڕۆشنکردنەوە، کە پشت بە وێنا و نمونەگەلی جیاوازی پەرەسەندن لەڕێگەی ھەڵبژاردنی سرووشتی دەبەستێت، بەگشتی لەخۆگری پەرەسەندنی بایۆلۆژییانە و پەرەسەندنی کەلتورییانەیە. دێنیت، بەخێرایی خۆی دەنوسێنێت بەو گریمانەیەوە کە ئێمە بەتەواوی بوونەوەرگەلێكی فیزیکاڵین و ھەر دیاردە و دەرکەوتەیەکی پێچەوانەی ئەمەش دەبێت بەجۆرێک ڕوونبکرێتەوە، تا لەگەڵ ئەم گریمانەیدا سازگار و گونجاو بێت. بەھرەی داھێنەرانەی باخ یان پیکاسۆ و ئەزمونی ئاگاییانە و ھۆشمەندانەی ئێمە لە بیستنی ( کۆنسێرتی چوارەمی براندنبۆرگ)ـی باخ، یان بینینی تابلۆی (کچی بەرامبەر ئاوێنەكە)ـی پیکاسۆ، ھەمووی لە زنجیرە ڕووداوگەلێکی فیزیکاڵیەوە سەرچاوەدەگرن کە ئەم (زنجیرە ڕووداوە فیزیکاڵییانە) لە پێکھاتەی کیمیایی سەر ڕووی زەوییەوە، پێش پەیدابوونی ئۆرگانە تاک-خانەییەکان، دەستیانپێکردووە و درووست بوون! دانیال دێنیت لەم مەسیرەدا، دوو پرسی بێ وەڵام شیکاری دەکات: سەرچاوەی ژیان لەدەستپێکەوە و سەرچاوەی کەلتوری مرۆیی کە ئێجگار تازەترە، بەڵام ئەمە ئێمە لە گومانکردن ناوەستێنێت.   ئەرکێک کە دانیال دێنێت خستویەتییە سەر شانی خۆی، بەرمەبنای جیاکارییەکی بەناوبانگ دروستبووە، کە ( وێڵفێرد سێلریز)ی فەیلەسوف لەنێوان (وێنەی ئاشکرا٢) و (وێنەی زانستی٣)دا کردوویەتی. ئەم دوو وێنەیە، شێوازی ڕوانینە بۆ جیھانێک کە تێیدا دەژین. دێنێت دەنوسێت: " لەسەر بنەمای (وێنەی ئاشکرا)، جیھان لێوانلێوە لە مرۆڤەکان، گیا و درەختەکان، ئاژەڵەكان، کەرەستە و کاڵاکان، خانووەکان و ئۆتۆمبێلەکان....... و ڕەنگ و پەلکەزێڕینە و خۆرئاوابوونەکان و دەنگەکان و سەرتاشخانەکان و تەفرە و فریوەکان و دۆلارەکان، کێشە و قەیران و ھەڵەکان و ھەلەکان و زۆرێک لەشتەکانی تریش. ئەمانە بێ ھەژمار (شتانێکن) کە ئێمە بەسادەیی پەییان پێ دەبەین، ئاماژەیان پێ دەکەین، عاشقیان دەبین یان نەفرەتیان لێ دەکەین، و لەزۆربەی بوارەکانیشدا دەستکاری یان تەنانەت دەیانخولقێنین..... ئەمە جیھانە لە دیدگای ئێمەوە ". لەلایەکی ترەوە دێنیت لەڕووی (وێنەی زانستی)یەوە جیھان بەشوێنێک دەزانێت کە: "خانەکان، ئەتۆمەکان، ئەلیکترۆنەکان، ھێزی کێشکردن، کوارکەکان، کێ چوزانێت کە چ شتانێکی تریش ( وزەی تاریک....مادەی تاریک....) داگیریانکردووە". لەدیدگای دانیال دێنیتەوە، جیھان نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو خۆی لەخۆیدا ھەر بەو جۆرەیە، ئەرکی ئێمە ئەوەیە بە شێوازێکی زانستی ڕوونیبکەینەوە کە چۆن جیھانی (خانەکان) بە ئاستێک گەیشتووە بووە بە لەخۆگری گیاندارانێکی وەک ئێمە، واتە بوونەوەرێکی فیزیکاڵی ئاڵۆز و فرەخانە، کە بۆ ئەم بوونەوەرە ھەموو شت و لەنێوانیشدا خودی خۆی، بەم ئەندازەیە جیاواز دێتە بەرچاو؟! ئەو، دیدگای (سێلریز)ی بەم تێبینیە، زۆر پەرەپێدا کە واتا و مەفھومی (وێنەی ئاشکرا) دەتوانرێت بگشتێنرێت، تاوەکو نەوەک ھەر بدرێتە پاڵ مرۆڤ، بەڵکو بدرێتەپاڵ ھەموو بوونە زیندووەکان کە لەھەموو ڕێگاکانەوە دەچنەوە سەر بەکتریا و بە بەکتریا کۆتاییاندێت! ھەموو ئۆرگانەکان، ھەستەوەری ژینگەیی و پەرچەكرداری فیزیکاڵییان ھەیە کە بواری ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت تا بەشێوازی گونجاو، تەنھا کاروبارگەلێکی دیاریکراو لە دەوروبەریان درکبکەن و لەئاستیاندا پەچەکردار بنوێنن. کاروبارگەلی وەک: خۆراک، زیانبار، ئاسایش، مەترسیدار، سەرچاوەی وزە یان توانستی بەرھەمھێنانەوە، ڕاوچییان یان نێچیری گریمانەیی. دانیال دێنیت ئەمانە ناو دەنێت: "توانستی کردار". بۆ ھەر جۆرە ئۆرگانێک، چ گیایی بێت و چ ئاژەڵی، توانستی کردار شتێکە کە جیھانەکەیان بۆ ڕووندەکاتەوە. جیھانێک کە بۆ ئەوان بەرجەستە و بەبایەخە، جگە لەمە، ئەوان دەتوانن شتەکانی تر وەک نەبوو بژمێرن و لەبەرچاوی نەگرن. میکانیزمی فیزیۆلۆژی ھەرچی بێت، ناوەڕۆک و کاکڵەی (وێنەی ئاشکرا) خۆی لەکاری ئۆرگانیزمەکان و چۆنیەتیی پەچەکردارنواندنیان لەھەمبەر ژینگەی دەوروبەریان، ئاشکرا دەکات. پێویستە ئەوەش بڵێین، ئەم قسەیەی سەرەوە بەو واتایە نایەت کە ئۆرگانەکان وەستانەوەیەکی ئاگاییانەیان لەھەمبەر دەوروبەریانەوە ھەبێت. بەڵام لەم فۆرمە زۆر سەرەتاییانەوە (کە ئۆرگانەکانن)، (توانستی کردار و پەرچەکردار) یەکەمین ھەنگاوە لەڕێگەی ھوشیارییدا. پرۆسەی دوورودرێژی (پەرەسەندن) کە ئەم ئەنجامانە دەخولقێنێت: سەرەتا بایۆلۆژییانە و دواتر بەنیسبەت ئێمەی مرۆڤەوە، کەلتورییانەیە، و تەنھا لەخاڵی کۆتاییدا کە لەڕێگەی توانا ھەرە تایبەتییەکانی زەین و شارستانیەتی مرۆییەوە ئیمکانی بۆ ڕەخساوە، تا ڕادەیەک پلانێکی ھۆشمەندانە ئاراستەیکردووە. ئەگینا پێشتر وەک دێنیت دەڵێت؛ فەزای ژینگە لەسەرەتای ھەر شتێکەوە، لە کۆدی جینەتیکی گونجێنراو لەنێو (دی ئێن ئەی)دا تا بە میتاپۆلیزمی ئۆرگانەکان دەگات و تا بە شێوازی کارکردی توانای بینین لەمرۆڤ دەگات، بە نەخشە و پلانگەلێک داڕێژراوە، کە ھیچ مەبەستێک لەپشتیانەوە نەبووە و پشتبەستوو نەبووە بە فەھم و تێگەیشتنی پێشوەخت. یەکێک لەگرنگترین پاگەندەکانی دانیال دێنیت ئەوەیە کە بەزۆری ئەو کارانەی ئێمە و ئۆرگانیزمە ھاوجۆرەکانی ئێمە بۆ زیندوومانەوە، مامەڵە لەگەڵ جیھان و یەکتردا، و خستنەوەی وەچە، ئەنجامیدەدەین، بۆ ئێمە یان ئەوان (ئۆرگانیزمەکان) قابیلی تێگەیشتن نیە، ئەم کارانە، تواناگەلێکن بەبێ درککردن. ئەم خاڵە بەئاشکرا دەربارەی ئۆرگانیزمەکانی وەک بەکتریا و گیاکان، کە ھیچ جۆرە ھێزێکی تیگەیشتنیان نیە، ڕاستە. بەڵام بەھەمان ئەندازەش دەربارەی گیاندارانێکی وەک ئێمە، کە بۆ زۆرێک لە شتەکان تێگەیشتنمان ھەیە، ھەر ڕاستە. بەگشتی ئەوەی ئەنجامیدەدەین و ئەوەی جەستەی ئێمە پێی ھەڵدەستێت، ھەرسی خۆراک، جووڵەی ئەندامێکی دیاریکراو بۆ دەسگری دەرگایەک، یان گۆڕانی کاریگەریی شەپۆلی دەنگی لەسەر پەردەی گوێمان بۆ چەمک و واتای مانادار، بە ھۆکارگەلێک و بیانوویەک ڕوودەدەن کە ھۆکار و بیانووی ئێمە نین! بەڵکو ئەمانە شتانێکن کە دێنیت بە ( دەلیل و ھۆکاری ھەڵواستراو) ناویان دێنێت. دەلیل و ھۆکارگەلێک کە بەرمەبنای فشاری ھەڵبژاردنی سرووشتی درووستبوونە و دەبنە زەمینەسازی ئەم ڕەفتار و پرۆسە کردارانە و لەکۆگای (ناخودئاگای) ئێمەدا دەیچەسپێنن. ھۆکارگەلێک بوونی ھەیە کە بۆچی ئەم نمونە ڕەفتارییانە دەردەکەون و دەمێننەوە، بەڵام ئێمە ئەو ھۆکارانە نازانین، و بۆ خستنەڕووی ئەو توانستانەی کە زەمینەی کردارنواندن بۆ ئێمە دەڕەخسێنن، پێویست ناکات ئەو ھۆکارانە بزانین. ھەروەھا پێویستمان بەوە نیە میکانیزمە ناوەکییەکانی ئەو تواناییانەش درکبکەین. دێنیت بە خوازەیەکی ڕۆشنگەرانە پاگەندەی ئەوە دەکات (وێنەی ئاشکرا) " وێنەیەک جیھان ھەر بەو جۆرە پیشاندەدات کە ئێمە ژیانی ڕۆژانەمانی تیا بەسەر دەبەین" لە زنجیرەیەک لە ( بەکارھێنەرە _ وەھمییەکان ) پێکھاتووە: " وەک نمونەی ئەو (بەکارھێنەرە - وەھمییە) داھێنەرانەیەی کە لە ھێما وێنەییەکانی کلیککردن و کێشان (drag)، دروستکراون، یان ئەو زەرفە ئەلیکترۆنیە ڕەنگ زەردە بچوکەی سەر شاشەی کۆمپیتەر کە دەتوانرێت فایلەکانیان لەناودا ھەڵبگیرێت و تەواوی ئەو پێکھاتانەی تر کە دەتوانرێت لەسەر دیسکتۆپی کۆمپیتەرەکەتان ببینرێن. ئەمانەی سەر دیسکتۆپ وەھمی بەکارھێنەرن و شتێکیش کە لەواقیعدا لەپشتەوەی دیسکتۆپدا دەگوزەرێت بە شێوازێکی تاقەت پڕوکێن، ئاڵۆز و ناڕوونە. بەڵام پێویست نیە بەکارھێنەران لەبارەی ئەمەوە بزانن. ھەر بۆیە دیزانەرانی بەئاگای ئەم کەرەستانە، بەشێوازێکی تایبەت ئەم کارانەیان سادەکردووەتەوە تاوەکو ھەستپێکراو بن بۆ چاوەکانی مرۆڤ و بۆ ڕاکێشانی سەرنجیش، چەندین جۆر دەنگیان بۆ زیادکردووە (کە بەکارهێنەر لەکاتی بەكارهێنانی کۆمپیوتەر و سمارت فۆندا، گوێبیستی ئەو دەنگانە دەبێت. و). ھیچ شتێکی پەیوەندیدار و پەیوەست بەیەک و ھەستپێکراو لەناوەوەی دیسکتۆپ دا بوونی نیە کە لەگەڵ ئەو زەرفە ئەلیکترۆنیە ڕەنگ زەردە بچوکەی سەر شاشەکە بگونجێت یان پەیوەندییان پێکەوە ھەبێت!" دێنیت باوەڕی وایە: " کە (وێنەی ئاشکرا)ی ھەر جۆرێک لە بوونەکان، خۆی لەخۆیدا (بەکارھێنەرە _ وەھمییەکە)، کە لەڕێگەی پەرەسەندنەوە بە چەشنێک دیزاینکراوە تا لەگەڵ نیاز و پێویستی بەکارھێنەرانی بگونجێت.". بەپێچەوانەی دەستەواژەی (وەھم)، دێنیت نایەوێت واقیعی ئەو شتانەی (وێنای ئاشکرا)یان پێکھێناوە، نادیدە بگرێت. ئەو شتانەی دەیانبینین و دەیانبیستین و لەئاستیاندا پەچەکردار دەنوێنین، " وەھم و خەیاڵی پەتی نین، بەڵکو لەبەرگیراوەیەکی جیاوازترن لەوەی کە لەواقیعدا ھەیە: نمونە واقعییەکان". لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم واقیعە ژێرخانییەی جیھانی ھەستپێکراو، خۆی لەخۆیدا بۆ ئێمە و گیاندارانی تر بەشێوازی پەتی و ئەپستراکت بوونی نیە، بەڵکو بەشێوازێکی ورد دەتوانرێت تەنھا لەڕێگەی (وێنەی زانستی) و لەکۆتاییدا بە زمانی فیزیا و کیمیا و بایۆلۆژیای خانەیی، و توێکاری خانە دەمارییەکان، بخرێتەڕوو.   (بەکارھێنەرە - وەھمییەکانی) ئێمە - کە مەبەست ئەو دیاردە و وێنانەیە لەسەر پەردەی زەینمان بەو جۆرە دەردەکەون کە پێیان ڕاھاتووین. و- ، بەپێچەوانەی ھێما بچوکەکانی سەر دیسکتۆپ بەدەستی ئەندازیارێکی ئاگامەندی کۆمپیوتەر درووستنەکراون. دەتوانین بڵێین ھەموو ئەوانە وەک وێنای ئێمە بۆ مرۆڤەکان، ڕووخسارەکان، دەنگەکان و ڕەفتارەکان، ھەستی چێژ یان ئاسودەبوون، بێزاری لەھەندێک لەشتەکان و مەترسیدار بوونی ھەندێکی تریان، پرۆسەیەکی دیزاینکراو و نەخشەسازییەکی (لە خوارەوە بۆ سەرەوە)ن، کە لەڕێگەی تێۆرەی پەرەسەندنی ھەڵھێنجراو لە ھەڵبژاردنی سروشتیی دەتوانرێت درکبکرێت، ئەم دیزاینە، دیزاینی (لە سەرەوە بۆ خوارەوە)ـی بوونەوەرێکی ھۆشمەند نیە. داروین، لەوەدا کە دانیال دێنیت بە " جۆرێک لە لنگاوقوچبوونی درک و تێگەیشتن " ناویدەبات، پیشانمانی دەدات چۆن لەبەرانبەری شێوازی مەیلی تێگەیشتن و درکی ھەمیشەییمان بوەستینەوە و خۆمانی ڕادەست نەکەین، تێگەیشتن و درکێک کە دیزانی جیھان و ئەگەرەکان، بەپشتبەستن بە ھەبوونی دیزاینەرێکی ھۆشمەند ڕووندەکاتەوە، و چۆن تێگەیشتن لەڕێگەی ھەڵبژاردنی سرووشتی و پرۆسەی ناھۆشیارانە و بەڕێکەوتی گۆڕانی ڕیشەیی جۆرەکان(٤) و وەچەخستنەوە و ھاوتاسازیی جۆرەکان(٥) و مانەوەی جۆرە خۆگونجێنەکان (٦)، بکەین بە ئەڵتەرناتیڤی ئەو مەیلە. ئالان تورینگی داھێنەری کۆمپیوتەر، لەوە تێگەیشت كە چۆن ئامێرێکی ناھۆشمەند دەتوانێت بەشێوازێکی تەواو و کامڵ کاری ژمێریاری و ئامار ئەنجامبدات، بەبێ ئەوەی بزانێت چی دەکات! بە کۆمەکی ئەم تێگەیشتنەی ئەو، ئەمڕۆ ئێمە لە بواری میکانیزمە بنەڕەتییەکان ئایدیایەکی گشتیمان ھەیە، ئەوەی کە چۆن ئەو میکانیزمانە دەتوانن وەک ھۆکارێکی دیکەی لنگاوقوچبوونی تێگەیشتن و درک، کارسازبن. ئەم بابەتە دەتوانرێت بەسەر تەواوی جۆرەکانی ئامار و کۆنترۆڵی بارودۆخ لە سرووشت و تەنانەت لە سیستەمە دەستکردەکانی دەستی مرۆڤیشدا بگشتێنرێت و بەکارببرێت، تاوەکو توانایەکانی ئەمانە پشت بە تێگەیشتن و ئاگایی نەبەستن. پاگەندەی "دێنیت" ئەوەیە کاتێک ئێمە ئەم دوو جۆرە لە دیدگا، لەتەنیشتی یەکەوە دادەنێین، لەوە دەگەین کە: «ھەموو ھۆش و تێگەیشتنێک لەجیھاندا، لەکۆتاییدا لە تواناگەلێکی بەبێ ئاگایی و درککردن پێکھاتوون کە بەدرێژایی کات لەسەر یەک کەڵەکە بوون تا سیستەمگەلێکی کاراتر و سەرەنجام سیستەمگەلێکی خاوەن ئاگایی و درک بێننە بوون! لەڕاستیدا ئەمە لنگاوقوچکردنێکی سەیرە کە وێنای پێش داروینیزمیی (پێشکەوتنی زەین بەسەر مادەی)ی لە ئافراندندا ھەڵتەکاند تاوەکو وێنای ( لەپاش مادە زەین)ی لەجێگادا دابنێت». ئەو درێژەی پێدەدات: " خودی (تورینگ) یەکێکە لە چڵەکانی درەختی ژیان، و داھێنانەکانی ئەو، چ بەرجەستە بن یان ئەبستراکت، پرۆسەگەلێکی ناڕاستەوخۆی نێو پرۆسە کوێرانەکانی پەرەسەندنی داروینیین! ھەر ڕێک بەو ئەندازەیەی کە تاڵەکانی تۆڕی جاڵجاڵۆکە یان بەنداوەکانی سەگی ئاوی وان!" قۆناغی سەرەکی و خاڵی لوتکەی ئەم پرۆسیسە، پەرەسەندنی کەلتورییە، کە بە باوەڕی دێنیت بەشی گەورەی ئەم پەرەسەندنە، ھەروەک پەرەسەندنی سرووشتی و بایۆلۆژی، بەبێ ژیری و تێگەیشتن ڕوویداوە. دێنیت، پێناسەکەی ( پیتەر گادفێری ئیسمیت ) نقڵدەکات و بەرمەبنای ئەمە ڕووندەبێتەوە کە دەتوانرێت چەمكی پەرەسەندن بە واتایەکی بەرینتر بەکار ببرێت: «پەرەسەندن بەھۆی ھەڵبژاردنی سرووشتییەوە، گۆڕانکارییەکە لەگرووپێکدا بەھۆی: ئەلف/ بازدانی جینەتیكی و گۆڕانی ڕیشەیی تایبەتمەندی ئەندامەکانی ئەو گرووپە. ب/ کە ئەمەش دەبێتە زەمینەسازی بۆ دەرکەوتنی پلەی جیاواز و جۆربەجۆر لەخستنەوەی وەچە و ھاوڕەگەزسازی (یان ھاوتاسازی، کە پرۆسەی کەرتبوون و دابەشبوونی بەکتریا و بوونەوەرە تاک-خانەیەکانە و ھەمان پرۆسەی زاوزێیە لای گیاندارانێکی وەک ئێمە. و). ج/ سەرئەنجام ئەم سیفاتە گۆڕاوانە، دەتوانرێت لە سیاقی بۆماوەییدا بگوازرێنەوە». گۆڕانی جۆرەکان لە نێو لۆژیکی ژینگەییدا، بەرەنجامی بازدانی جینەتیكییە لەنێو (دی ئێن ئەی)دا و لەڕێگەی خستنەوەی وەچە یان ھاوتاسازییەوە، دەتوانرێت وەک سیفاتی بۆماوەیی، ئەم گۆڕانکارییە بگوازرێتەوە. بەڵام ھەر ئەم نمونەیە دەتوانرێت بەسەر گۆڕانکارییە ڕیشەییە ڕەفتارییەکانیشدا جێ بەجێ بکرێت، کە ئەمەیان بەھۆی بازدانی جینەتیكییەوە ڕووینەداوە، و تەنھا لەو ڕوەوە قابیلی گواستنەوەیە بەمانا (بۆماوەییەکەی) کە ئەندامانی تری ھەمان گرووپ بتوانن لە بەری بگرنەوە و لاسایی بکەنەوە، ئیتر جیاوازی نیە کە ئەو ڕەفتارە ئاخۆ شێوازێکی گەمە و یارییە، یان وشەیەكە، یاخۆ خورافەیەکە یا جۆرە پاساوێکە. ئەم فەزا و قەڵەمڕەوە شتێکە کە ڕیچارد داوکینز ناونیشانی ( لەیادمانەوەی میمەکان )ی بۆ داناوە. دانیال دێنیت ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم چەمكە لە وەسفکردنی فۆرمەلەبوون و چۆنیەتی پەرەسەندنی کەلتوری، ئێجگار کارامەندە. لەم ڕوەوە ئەو بەم جۆرە وەسفی (مێمەکان) دەکات: «ئەوانە، دەتوانین بڵێین جۆرێک لە شێوازی ڕەفتاریین کە دەتوانرێت لەسەریان بگیرێتەوە و قابیلیەتی لاساییکردنەوەیان تێدایە، دەتوانرێت بگوازرێنەوە، بە یادگە بسپێدرێن، بخرێنە پرۆسەی فێرکردنەوە، ببێزرێن، لەڕوو بدرێنەوە، ناشیرین بکرێن، گاڵتەئامێز پیشانبدرێن، سانسۆربکرێن یان پیرۆزبکرێن».

 (میمەکان) دەکرێت شتانێکی وەک لنگاوقوچ لەسەر کردنی کڵاوی باستیکبۆل یان درووستکردنی ڤێلۆنێک بەشێوازێکی تایبەتی بن. بەڵام باشترین نمونەی (میم) بریتییە لە چەمکەکان. چەمکێک یان دەستەواژەیەک، چەشنی ڤایرۆس، لە بۆ ھاوتاسازی و گەراخستن، پێویستی بە خانەخوێیەکە، و تەنھا بە یەک شێواز قابیلی مانەوەن، ئەویش پێویستە لەکۆتاییدا بۆ خانەخوێیەکانی تر بگوازرێنەوە؛ کەسانێک کە بە لاساییکردنەوە فێریان دەبن:  «چەمک و دەستەواژە، ھەر وەک ڤایرۆس، بەگشتی لەڕێگەی پەرەسەندنەوە، بۆ ھێنانەبوون و پێشخستنی ھاوتا و ڕەگەزی خۆیان دیزاینکراون، و ھەر نمونەیەک لەچەمکەکان کە واتا بەبار دێنێت، زنجیرەیەک ھاوتا بەدوای خۆیدا دەخاتەوە، بەم جۆرە نمونەگەلێکی سەرچاوەگرتوو لەنمونەی یەکەمەوە، (جۆرێک) پێکدەھێنن. ئەمەش ھەر ھاوشێوەی جۆرە ئۆرگانیەکانن ( بۆ نمونە جۆرێکی گیانلەبەر یان ڕووەک)....». (مەبەست لەمە، ئەوەیە ھەر چەمک یان وشە و ناوێک، کە دەڕواتە نێو فەرھەنگی ئاوەزی ئاخێوەران و قسەکەرانەوە، چەندین شێواز و وێنای پیتی لە ناو زمانی ئەو ئاخێوەرانەدا بۆ خۆی درووستدەکات، بەڵام لەھەموو فۆرمە پیتییەکانیدا ھەر ھەمان واتای ھەیە و بۆ ئەمەش قەرزاری درکی ئاخێوەرانە. خۆ ڕەنگە ئەو وشەیە بەگوێرەی کەلتوری ئاخێوەران مەفھومێکی تەواو جیاوازتر لەو شتەی بۆی داڕێژراوە، پێکبھێنیت و بۆ جۆرە ئیدیۆم یان میتافۆرێک پەرەبسێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەر سەر بە یەکەمین فۆرمی سەرەتایانەی واتایی خۆیەتی. و.) جیاوازی لەنێوان (بنەڕەتی جۆر) و (لێکەوتەکانی جۆر)، لەفەلسەفەی زمانەوە سەرچاوە دەگرێت. وشەی (tomato) بنەڕەتی جۆرێکە و خۆی لەخۆیدا جۆرێکە، بەڵام فۆرمە جیاجیاکانی بەیانکردنی (نووسین، دەربڕین، ئەندێشەکردنی)ی بریتییە لەنمونە و لێکەوتەی ئەو جۆرە. نمونە جیاجیاکانی، دەتوانن ئێجگار جیاواز بن لەیەک، بۆ نمونە تۆ بڵێ: tomayto و من دەڵێم: tomahto، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئەم نمونانە یەکدەخات، توانایی درککردنی ئاخێوەرە جیاوازەکانە لە تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ھەموو ئەو جیاوازیانەی دەربڕین، نمونەگەلێکی لەبەرگیراوەی ھەمان جۆری بنەڕەتین. لەبەر ئەم ھۆکارەش ئەو کەسانەی لەناو سیاقی یەک زماندا بەچەند شێوەزار یان زارێکی جیا جیا دەپەیڤن، یان لە تایپدا فۆنتی جیاواز بەکار دەبەن، دەتوانن لەمەبەستی یەکتر تێبگەن. منداڵ، زمانی دایکی خۆی، بەبێ ئەوەی ھیچ دەرکێکی لە چۆنیەتیی کارکردی ھەبێت، فێردەبێت. دێنیت بەشێوازێک کە مایەی قبوڵە، لەو باوەڕەدایە زمان ھەر بەم جۆرە و بەبێ ھیچ دیزاینێکی ئاگاییانە و بێ ھیچ بەرنامەیەک سەریھەڵداوە و لەوەشە لەسەرەتاوە زمان ھەر ئەو پەیوەندییە ناچارییەی نێوان (دەنگ و ئەندێشە)ی پێش قۆناغی زمانی بووبێت! نەوەک ھەر دەنگەکان، بگرە ھێما و ئاماژەکانیش. ھەروەک دێنیت ئاماژەی پێ دەکات، بۆ ئێمە زۆر سەختە بەبێ جوڵەی سەر یان دەست قسەبکەین. ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە گریمانەدەکرێت سەرەتاییترین زمان، زمانی ناگوفتاری یان ئاماژە بووبێت. لەکۆتاییدا ئەم (میم)ـانە لەقاڵبی زمان گەلێکدا فۆرمەلە بوون، کە ئێمە پێیان ئاشناین، زمان ئەو پێکھاتە ئاڵۆزەی کە قابیلیەتی فراوان بوونی ھەیە و کۆمەڵانێکی زۆر تێیدا ھاوبەشن. زمان، توانایی ئەوە بە ئێمە دەبەخشێت لەڕێگەی قسەکردن لەبارەی ئەو شتەی بوونی نیە، پێ بخەینە ئەو دیوی سنورەکانی «کات و شوێن»ـەوە، تاوەکو تۆپەڵە و بڕی بەدەستھاتووی ھاوبەشەکییانەی پرۆسیسی ناسینەوە لەسەر یەک کەڵەکەبکەین و لەڕێگەی نوسینەوە، لەدەرەوەی زەینی تاکەکەس، مۆڵیان بدەین و بیانپارێزین. ئەمەش دەبێتە زەمینەسازی بەبارھاتنی خەرمانێک لە پرۆسەی ناسین و مەعریفە و کرداری دەستەجەمعی، کە لەنێو زەینەکاندا دەبێتە بوونیادنەری شارستانیەتە پەرش و بڵاوەکان. ھەروەھا زمان توانایی ئەوەشمان پێ دەدات تا سەرنجمان لەسەر بیرەكانی خۆمان چڕ بکەینەوە، و لەشێوازی بەھرەی (لەسەرەوە بۆ خوارەوە کە تایبەتی زانست و ھونەر و تەکنۆلۆژیاییە) پەرەیان پێبدەین. بەڵام شتێکی لەم شێوەیە، بەدیھێنان و پەرەدان لەفۆرمی (لە سەرەوە بۆ خوارەوە)، تەنھا لەسەر بنەمایەکی قوڵی توانایی ئیمکانی ڕوودانی ھەیە، کە پەرەسەندنی ئەم توانایە بەگشتی لە فۆرمی (لەخوارەوە بۆ سەرەوە) یان بەواتایەکی تر، بەرھەمی پەرەسەندنی کلتور لەڕێگەی ھەڵبژاردنیی سروشتییەوە بووە. دانیال دێنیت، بەبێ ئەوەی پشکی بەھرە و لێھاتووی تاکە کەس نادیدە بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێت بێ ئاگا بین لە پێش مەرجی حەتمیی ئەو بەھرەو لێھاتووییە، واتە پێشینەی ململانێی خۆ پڕچەککردنی (میمە ڕکابەرەکان) بەدرێژایی ھەزاران ساڵ، کە بەڵگەی ڕاستێتی ئەمەش بریتییە لە پەرەسەندن، مانەوە و لەناوچوونی زمانەکان، کە خۆی لەخۆیدا ھەموو ئەمانە بەبێ بەرنامەی پێشوەخت ڕوویانداوە. ھەڵبەت پەرەسەندنی بایۆلۆژییانەی مێشک کە ھاوکات بووە لەگەڵ جۆرێک لە پەرەسەندنی پێ بەپێ و دیالیکتیکیانەی مێشک و کەلتور بەدرێژایی پێنج ھەزار ساڵی ڕابوردوو، ئیمکانی بۆ ھەبوونی ھەموو ئەمانە ڕەخساندووە. بەڵام ئێستا دەتوانین گومان لەبارەی ھەموو ئەوانەوە بكەین کە ڕوویانداوە. دێنیت بۆ بەرگریکردن لەم دیدگایە پشت بە لێکۆڵینەوەگەلێکی نوێ دەبەستێت. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە، پێکھاتەی مێشکی مرۆڤ بەرھەمی ململانێی لەخوارەوە بۆ سەرەوە و (فۆرمبەخشی ھەرەوەزییانە)ـی خانەدەمارییەکانە، ئەمە پرۆسیسێکە کە تاڕادەیەک لەڕێگەی پەچەکردارنواندن لەئاست ھێرشی (میمەکان) بەرەو پێش دەڕوات. بەڵام بە چاوپۆشی لە وردەکارییەکان، گەر دێنیت لەسەرحەق بێت لەوەی ئێمە بوونەوەرانێکی فیزیکاڵین، ئەوا ئەم ئەنجامە بەدەست دێت کەوا ھەموو تواناییەکانی تێگەیشتن، ھەموو بەھاکان، درککردنەکان و ئەندێشەکان کە (وێنەی ئاشکرا) بە ئێمە دەبەخشن و توانای ئەوەمان پێ دەدەن تاوەکو (وێنەی زانستی) پۆلێنبەندی بکەین، بوونی واقیعییانەی خۆیان وەک سیستەمگەلێکی دیاردەناسی، قەرزاری سیستەمەدەماری سەنتراڵیین. 

 ئەم بابەتە ئێمە بە پرسی ئاگایی دەگەیەنێت، کە دێنیت لەبارەیەوە ھەڵوێستێکی جیاواز و بەئاشکرا دژبەیەکی ھەیە. (وێنەی ئاشکرا)ی ئێمە لەسەر جیھان و خۆمان، بەگشتی نەوەک ھەر جەستەی فیزیکاڵی ئێمە و سیستەمی سەنتراڵی خانەدەمارییەکان دەگرێتەوە، بەڵکو ئاگاییە تایبەتەکەی ئێمە بەتەواوی تایبەتمەندییە ناوازەکانیەوە - ھەستەوەری، سۆزداری و عەقڵی - و ھەروەھا ئاگایی ھەموو مرۆڤەکانی تر و زۆرێک لە جۆرە نامرۆییەکانی تریش دەگرێتەوە. دێنیت ھاوئاھەنگ لەگەڵ دیدگای گشتگیری خۆی لەبارەی (وێنەی ئاشکرا) باوەڕی وایە ئاگایی بەشێک نیە لە واقیع، بەو جۆرەی کە مێشک بەشێکە لە واقیع. بەڵکو ئاگایی (بەکارھێنەرە وەھم)ێکی ئێجگار دیار و قەناعەتپێكەرە، وەھمێک لە مامەڵەی ئێمە لەگەڵ یەکتر و لە جووڵە و کۆنترۆڵی خۆماندا، پێویستییەکی ناچارییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاگایی ھەر وەھمێکە و ھیچی تر. دیارە مافی ئەوەتان ھەیە بپرسن چۆن دەکرێت ئاگایی وەھمێک بێت؟ چونکە ھەر وەھمێک خۆی لەخۆیدا ئەزمونێکی ئاگایانەیە، دیاردەیەکە کە لەگەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە. کەواتە ناتوانم وای وێنا بکەم بەئاگام، لەکاتێکدا نیم. ھەر بەو جۆرەی دیکارت بەدرووستی دەریبڕی، کە واقعییەتی ئاگایی خودی من، شتێکە ناتوانم لەئاستیدا غافڵ بم. میتۆدێک کە دێنیت بۆ خۆلادان لەم دژیەکییە ئاشکرایە دەیگرێتە پێش، دەمانباتەوە سەر کرۆکی بابەتەکەی. بابەتێک کە بایەخ و گرنگیی (دیمەنی ڕۆڵی کەسی یەکەم ٧) لە ئاست ئاگایی و بەگشتی لەئاست زەیندا نادیدەدەگرێت. ئەم تێڕوانینە ھێندە ناسروشتیە، ڕوونکردنەوەی سەخت دێتە پێش چاو. بەڵام خاڵێکی ھاوبەشی لەگەڵ (ڕەفتارگەرایی)دا، کە لەدەروونشیکاری ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو برەوی ھەبوو، ھەیە. دێنیت باوەڕی وایە تێگەیشتنی ئێمە لە گیاندارانی ئاگامەندی خاوەنی ژیانی زەینی و مەعنەوی (کە ناتوانرێت تەنیا بە چەمکە فیزیکاڵیەکان وەسف بکرێن) تێگەیشتنێکی ساختە، بەڵام کارا و بەسودە، و توانای ئەوە بە ئێمە دەدات تاوەکو پێشبینی چۆنیەتی ڕەفتاری ئەو گیاندارانە بکەین و لەگەڵیان دا ھەڵسوکەوت بکەین. دێنیت چەمکی ( نا دیاردەناسی) بۆ ئەم پرۆسەی ناولێنانە (تەواو دۆزنانەیە) داتاشی. ئەوەی ھەریەک لەئێمە نمایشێکی زەینی و دەروونی (کە لێوڕێژە لە ئەزموونە ھەستەکییەکانی وەک ڕەنگەکان و شێوەکان و تامەکان و دەنگەکان و وێنەکان و کاڵا و شمەکەکان....ھتد) دەدەینە پاڵ ئەوانیتر، کە لەخۆگری وێناکردنی ئەوانە بۆ جیھان. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرمەبنای ئایدیای دانیال دێنیت، واقیع ئەوەیە کە وێناکانی ناو ھەناوی ڕەفتارە مرۆییەکان، لە نێو پێکھاتەی خانە دەمارییەکانەوە دێنە بوون، کە ئێمە زۆر کەم لەبارەیانەوە دەزانین. ھەر ھەمان نمونە، بۆ ئەو وێنایەی کە بۆ زەینی خۆمان ھەمانە، دەگونجێت (زەین و وێناکانی بەرئەنجامی زنجیرەیەک کردە و پەچەکرداری کیمیایی و فیزیکاڵین. و. ). تێگەیشتن و درکی ئێمە، واقیعێكی دەروونی و خۆبەخۆیی نیە، بەڵکو تەنھا پەیامێکە لە پێویستیی ئێمەوە بۆ دەربڕینی توانایەکان و شایستەیەکان و مەیل و حەزە جیاوازەکانمان لەبەرامبەر ئەوانیتر، سەرچاوەیگرتووە، تا بەشێوەیەک بۆیان بخەینە ڕوو، قابیلی تێگەیشتن بێت (ھەندێک جاریش لە پێویستیی ئێمەوە بۆ شاردنەوە و پەنھانکردنیان، سەرچاوەدەگرن): " کەواتە، (دیمەنی رۆڵی کەسی یەکەم)ی ئێمە لە زەینی خۆماندا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ (دیمەنی ڕۆڵی کەسی دووەم)ی ئێمە لەزەینی ئەوانیتردا نیە. ئێمە ئەو دەزگا ئاڵۆزە خانەدەمارییەی کە بەبەردەوامی لە مێشکماندا کار دەکات، نابینین و نایبیستین و یان ھەستی پێ ناکەین، بەڵکو دەبێت بە نوسخەیەکی لەبەرگیراوەی، ڕازی ببین. ئەویش بریتییە لە (بەکارھێنەرە وەھم)، کە ھێندە بۆ ئێمە ئاشنا و بەردەستە، نەوەک ھەر بەواقیعی دەژمێرین، بگرە وەک بابەتێک کە ھیچ گومان ھەڵناگرێت و وەک ئاشناترین ڕاستی بەکاری دەبەین".   لایەنی کێشەسازی ئەنجامگیرییەکەی دێنیت ئەوەیە نەوەک بە تەنھا شتانێکی زۆر لەپشتی پەردەی توانا ڕەفتارییەکانی ئێمە کە لە (دیمەنی ڕۆڵی کەسی یەکەم)ەوە بۆ ئێمە ئاشکرادەبێت، بوونیان ھەیە، (کە ئەم خاڵە بە بێ گومان ڕاستە)، بەڵکو ھیچ شتێک بۆ (دیمەنی ڕۆڵی کەسی یەکەم) ئاشکرا نابێت جگە لە لەبەرگیراوە و نوسخەیەکی دەزگای کۆئەندامی خانەدەمارییەکان نەبێت. بە واتایەکی تر، کاتێک من بۆ ئاڵای ئەمریکا دەڕوانم، ڕەنگە وا بێتە پێش چاوم کە پارچە قوماشێکی بە ھێڵی سور نەخشێنراو لە ناوچەی بینینی زەینی من بوونی ھەیە، بەڵام ئەمە وەھمێکە! تەنھا واقیعیەتێک کە بوونی ھەبێت ( و ئەو تێگەیشتنەی لای سەرەوەی منیش ھیچ نیە جگە لە نوسخە و لەبەرگیراوەیەکی تەفسیر کراو و گۆڕدراوی ئەو واقعیەتە) ئەوەیە کە پرۆسەیەکی فیزیکاڵ لە توێژاڵی بەشی بینینی مێشک لەڕووداندایە و من ناتوانم وەسفی بکەم. ئەو دەربڕینەی برایانی (مارکس ٨) دێنینەوە یادمان " باوەڕ بە چی کەسێک دەکەیت؟ من یان چاوەکانت؟". دێنیت لە ئێمەی دەوێت پشت بکەینە شتێک کە ئێجگار ڕوون و ئاشکرایە: ئەوەی کە ئێمە لە ئاگاییدا، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەزمونی زەینیی واقیعێک لە ڕەنگەکان، بۆنەکان، دەنگەکان، تامەکان و ھەستی بەرکەوتنەکان ڕووبەڕووین، کە ناتوانرێت لەسەر بنەمای چەمک و دەستەواژە دەمارناسییەکان بەتەواوی وەسف بکرێن، ھەرچەند ھۆکاری خانە دەماریشیان لەپشتەوە بێت ( یا جیاواز لە ھۆکارە ئەزمونییەکان، ھۆکاری دەماری لەپشتیانەوە بێت). ئەو چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیەی لەئێمە ھەیە، چونکە واقعیەتی ئەم دیاردانە لەگەڵ ماتریالیزمی زانستیدا (کە لەدیدی دێنیت دا سنور و فەزا دەرەکییەکانی واقعیەت دیاری دەکات) یەکناگرنەوە. ئەو بە واتا ئەرستۆییەکەی: «خۆی دەنوسێنێت بەیەک دیدگاوە! ئیتر تێچوو و ئاکامەکەی ھەرچی بێت». قسەکانی دێنیت، گەر درووست تێیگەیشتبم، ئێمە پابەنددەکات بەوەی تەفسیرێکی ڕەفتارگەرایانەمان بۆ خودی خۆمان ھەبێت: کاتێک وا بیردەکەمەوە ئەزمونێکی ئاگاییانەی زەینییم ھەیە، ئەو ئەزمونە تەنھا باوەڕێکە کە لە چوارچێوەی ئەوەی ئارەزووی دەربڕین و وتنی دەکەم ، دەربڕدراوە. بەپێی دیدگای دێنیت، ئەو شریتە سورانەی کە لە ناوچەی بینینی من لە کاتی سەیرکردنی ئاڵای ئەمریکا بەدەردەکەوێت، تەنھا (بابەتێکی ئنتێنشناڵێتی ٩) ئەو جۆرە باوەڕەیە. ھەر وەک چۆن بابا نوئێل تەنیا بابەتێکی ئنتێنشناڵێتی باوەڕی منداڵێکە بە ھەبونی بابا نوئێل. ھیچ یەک لەوانە واقیعی نین. لەبیرتان بێت تەنانەت بەکتریا و درەختەکانیش (وێنەیەکی ئاشکرا)یان ھەیە، کە پێویستە لەڕێگەی ڕەفتاری دەرەکییانەوە درکبکرێت. وا دیارە بۆ ئێمەش ئەم بابەتە ھەر ڕاستە، وێنەی ئاشکرا، ھەرچۆنێک بێت، وێنەیەک نیە. ھیچ ھۆکارێک بوونی نیە تا بەناوی زانستەوە، بەدوای ئەم چەوت و چەوێڵییە زەینیانەدا بچین. پێشکەوتنی زانستی فیزیا لەسەدەی حەڤدە بە کردنە دەرەوەی زەین لە فەزای تیۆرییدا، ڕوویدا. وتنی ئەوەی کە فیزیا توانای ڕوونکردنەوەی ھەموو واقیعی نیە (پێدانی تەفسیرێکی ھەمەکی بۆ واقیع)، جۆرێک لە نھێنیپارێزی نیە، بەڵکو پاڵپشتییەکە بۆ ئەوەی ھێشتا ئێمە بە ھیچ جۆرێک لە تیۆرییەی (دەربارەی ھەموو شت) نزیکنەبووینەتەوە. دەبێت زانست بە ئاستێک بەرین و فراوان بێت تا لەگەڵ ئەو جۆرە واقیعانە بگونجێت کە لەبنەڕەتدا لەگەڵ ئەو واقیعانەی فیزیا بۆ ڕوونکردنەوەیان داھێنراوە، جیاوازییان ھەیە. ئەوەی کە ڕەنگە پەیامگەلی زیادەڕەوانە و توند بەتایبەت بۆ زانستی سرووشتیی جێگاپەسەند لای دێنیت، بایۆلۆژی درووستببێت، نابێت ئێمە تووشی شڵەژان بکات. ڕەنگە تیۆری پەرەسەندن (کە لەئێستادا تیۆرێكی تەواو فیزیکاڵییە)، بۆ ڕوونکردنەوەی ئاگایی (ئەگەر ئاگایی بە پێچەوانەی گومانی ئەوەوە، وەھمێک نەبێت)، ناچار بێت میکانیزم و ھۆکاری نا فیزیکاڵیش بەکاربهێنێت. ماتریالیزم ھێشتا وەک دیدگایەکی بەربڵاو ھەر دەمێنێتەوە، بەڵام زانست بە سازاندن و گونجاندنی پێدراوەکانی خۆی لەبۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ تیئۆریەیەکی گشتگیر و ھەمەکی، پێشکەوتن دەستبەر ناکات.   بابەتگەلێکی زۆر لەم کتێبەدا ھەن، کە لێرەدا ھیچم لەسەر نەوتوون: دەربارەی پەروەردە و فێرکردن، تیۆری زانیارییەکان، کیمیای پێش ژیان، شیکاری واتایی، ڕۆڵی دەروونناسی گریمانەیی، پۆلێنبەندیی جۆرەکانی زەین، و ھۆشمەندیی دەستکرد. تێڕامانەکانی دێنیت دەربارەی مێژوو و پرسی دورمەودای ھۆشیاری دەستکرد، و ئەوەی ئێمە چۆن پەرەپێدانی ئەمە ئیدارە بدەین و پەیوەندیمان لەگەڵیدا، پەروەردەییانە و حیکمەتئامێزە، ئەو بەم جۆرە ئەنجامگیری دەکات: "بە باوەڕی من مەترسی ڕاستەقینە لەوەدا نیە ئامێری زیرەک تر لەئێمە، ڕۆڵی ئێمە وەک فەرمانڕەوا بەسەر چارەنوسی خۆمان، بە زۆر لەئێمە بستێننەوە، بەڵکو مەترسیی ڕاستەقینە ئەوەیە ئێمە لە ھەڵسەنگاندنی تێگەیشتنی خۆمان بۆ کۆتا کەرەستەگەلی (داھێنراوی) بیرمان، زیادەڕەوی بکەین و پێش کاتی خۆی، بژاردەی زیاتر لە شایستەیی و توانایی خۆیانیان پێ ببەخشین. دەبێت ئومێدەواربین کە دیزاینی ئامێرە زیرەکەکان بە جۆرێک بەردەوامیی پێ بدرێت کە ژێر دەستە و کەرەستەی ئێمە بن، نەوەک ھاوکار و ھاو دەستی ئێمە. تاکە ئامانجی ( دەروونی و ناوەوەی) ئەو ئامێرانە، کە لەڕێگەی داھێنەرەکانیانەوە تێیاندا بەرنامەڕێژدەکرێت، دەبێت بریتی بێت لە بەدەستەوەدانی وەڵامی گونجاو و ڕوون بە خواستی بەكارهێنەران". دێنیت دەربارەی سرووشتی ڕاستەقینەی زەینی مرۆیی، بەتەنھا دەکەوێتە لایەکی ئەو ئارگۆمێنت و باسە کۆنەوە کە سەرچاوەکەی دەچێتەوە لای دیکارت. دێنیت بە ڕێزەوە باسی دیکارت دەکات، بەئاماژەکردن بەوەی کە بە ( ھێزی ڕاکێشانی دیکارتی ) ناویدەبات، واتە ھەمان پرسی (دیمەنی ڕۆڵی کەسی یەکەم)، قەڵەمڕەوی ئاگایی کە بە وتەی دێنیت وەھمە، بە (شانۆی دیکارتی) ناو دەنێت. بێگومان ئەم باسوخواس و ئەرگۆمێنتە تا ماوەیەکی دورو درێژ بەردەوام دەبێت. تاکە ڕێگا بۆ تێگەیشتنی زیاتر، بریتیە لەوەی ھەردوولای باسەکە تا ئەو جێگایەی ئیمکانی ھەیە، گرنگی بە فراوانکردن و بەرگریکردنی تەواوەتی لە تێگەیشتنی ڕکابەر و نەیارەکانیان بدەن، ھەر بەو جۆرەی دێنیت وەھای