A+    A-
(1,804) جار خوێندراوەتەوە

 

             کێشەی فەیسبوک، فەیسبوکە

 

 

 

 

 کۆمیدیایەکی تاڵ لەژیانی ڕۆژانەی ناسراوترین ڕەخنەگرانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونی ھەیە. زۆرینەیان نەوەک ھەر چەندین سەعاتی ڕۆژانەیان بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکوژن، بەڵکو ھیچ بڕیارێکیشیان بۆ خستنەلاوەی ئەم تۆڕانە نیە. بۆچی؟ چونکە تەركکردن و وازھێنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیھانی ئەمڕۆدا، ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ نەفیکردن و دوورخستنەوە لەکۆمەڵگا نیە. ڕێک لەبەر ئەم ھۆکارەیە کە ھەوڵدان بۆ چاکسازی لەبواری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕەخنەی بێڕەحمانە لێیان، ئەرکی ھەموو لایەکە. تەنھا شتێک کە لە ھەبوون لەناو دنیای فەیسبوکدا خراپتر بێت، نەبوونە لەناو دنیای فەیسبوکدا! ئەمە تەنھا ئەنجامێکی ڕوونە کە دەتوانرێت لەم مشتومڕانەی کۆتایی بەدەستبھێنرێن، کە لەبارەی خۆشەویستترین تۆڕی کۆمەڵایەتی لە جیھاندا، واتە فەیسبوک، ئەنجامدراون. لەگەڵ ئەوەی سنوری حەرەمی کەسی مرۆڤەکان دەبەزێنێت، لەگەڵ ئەوەی پانتاییەکە بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ و تۆمەت، لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی توندی سیاسییەکان و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی لەسەرە، کەچی ھێشتا فەیسبوک قەبارەیەکی گەورە لەکات و ئاگایی مرۆڤەکان قووتدەدات. نوێترین ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیای فەیسبوک، کە لەپاش ڕیسوایی (کامبریج ئانالتیکا ١) و جووڵانەوە تویتەرییەکەی (ھاشتاگی فەیسبوک بسڕنەوە) بڵاوکرایەوە، ئەوە دەردەخات کە فەیسبوک لەماوەی تەنھا چوارمانگی سەرەتای ئەمساڵ ملێۆنان ئەندامی نوێی بۆ زیادبووە و قازانجی ڕیکلامیی کۆمپانیاکەش بەڕێژەیەکی سەیر ڕوو لەبەرزبوونەوە بووە. فەیسبوک ھەنووکە بۆ باشترین ھاوڕێیەکی دوژمن گۆڕدراوە. (سێڤا ڤیتیاناتن)، مامۆستای زانکۆ لە ڤێرجینیا لە کتێبی (ئەنتی سۆشیال میدیا)دا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل و ورد لەبارەی تاوانەکانی فەیسبوک بەدەستەوەدەدات. ھەرکەس پەیگیریی ھەواڵ لەبارەی ئەم کۆمپانیایەوە بووبێت، زیاتر ئاشنای ئەم ڕەخنانە دەبێت. تایبەتمەندیی دیاری ئەم کتێبە، بریتییە لە لێھاتوویی ڤیتیاناتن لە ھێنانی پرسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناو پانتایی بەرینتری «یاسا و مێژوو و سیاسەت». بۆ نمونە سێڤا، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی مشتومڕەکانی ئێمە دەربارەی حەرەم و سنوری تاکەکەسی، ھێندە بێ ئاکام و بێ ئەنجامن. بەگوێرەی بەندی چواری دەستوری ئەمریکا، «حەرەمی شەخسی و سنوری تایبەتیی کەسەکان» لەسەر بنەمای (قەدەغەکردنی پشکنین و دەستبەسەرکردنی بێ ھۆ) پاساودراوە، کەواتە حەرەمی شەخسی و سنوری تایبەتی بەگشتی لەسەربنەمای مەفھومی مافی سنوردار، ھەڵدەسەنگێنرێت. بۆیە، ئەوەی لەپەنا و خەڵوەتدا ئەنجامیدەدەین، لەبەرامبەر چاوی فزووڵ و لێپرسینەوەدا پارێزراوە. بەڵام ئەوەی لە شوێنی گشتی و بەبەرچاوی گشتییەوە ئەنجامیدەدەین، دەکەوێتە ناو سنوری دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەوە. ئێستا ئەو زانیاری و داتا تایبەتییە شەخسییانەی کە سەردەمانێک خەڵک لە قاسە و چەکمەچەی ماڵەوە دەیانپاراست، لە فەزای بەرینی مەجازیی کۆمپانیا گەورەکاندا ھەروا بەئاسانی بەردەستن. لێرەوە چیتر تایبەتمەندییە کۆنەکانی مافی حەرەم و سنوری تایبەتی کەسەکان لەناوچوون، ئیتر ھەموو شت لە بەردەم مەترسیی لێپرسینەوەدایە. لەڕووی یاساییەوە، لێکەوتەکانی ژیانی ژێر چاودێریی بەردەوام، ھیچ گرنگی و مانایەکی نیە. ئێمە سەرنجی ئەو پرسە نادەین کە لەژێر چاودێریدا بوون و پۆلێنبەندکردن، چۆن دەتوانێت سوکایەتی بێت بۆ شان و شکۆی مرۆڤ. لەبەرچاونەگرتنی لایەنی ئەخلاقی سنوری تایبەتیە کەسییەکان، لە سودی فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ترە. ئەم کۆمپانیاگەلە، توانیویانە پرسەکانی بواری سنوری تایبەتیی کەسەکان، لەڕێگەی ھێنانەپێشەوەی پرسی ھەڵبژاردنی بەکارھێنەرەوە، دیزەبەدەرخۆنە بکەن. بەم جۆرە سنوری تایبەتیی و حەرەمی شەخسیی کەسەکان دەبێتە شتێک، کە دەبێت لەگەڵ ئەپڵیکەیشنەکاندا، مامەڵەیان پێوە بکەین. (داونلۆدی ھەر ئەپڵیکەیشنێک، پێدانی زانیاری و کۆد و ڕەمزی شەخسیی مرۆڤەکان و ناو و شوێنی ژیانیانی پێویستە). ئەم ڕەخنەیەی ڤیتیاناتن لە فەیسبوک، توند بەڵام دادپەروەرانەشە.

ئەو ھەندێک لە پاگەندە پڕ لە زیادەڕەوییەکان دەربارەی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ڕای گشتی ڕەتدەکاتەوە. لەدیدی ئەودا بەڵگەی کەم بۆ سەلماندنی ئەو باوەڕە عەوامپەسەندە لەبەردەستدایە کە پێی وایە پیلانگێڕییە ئۆنلاینییەکان بۆ دەستکاریی ڕای دەنگدەران لەلایەن دەستی دەرەکییەوە، کاریگەریی چارەنوسسازی بەسەر ئەنجامی دەنگدانی (برکسێت) لەبریتانیا یان ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لەئەمریکا لەساڵی ٢٠١٦ ھەبووبێت.  لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وایە فەیسبوک و ھاوشێوەکانی، وا خەریکە سیاسەت تڕۆ و ڕیسوادەکەن. پەیامگەلێک کە لەفەزای فەیسبوکدا زۆرترین سەرنج بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن، پەیامی عەقڵانی نین، بەڵکو پەیامگەلێکن بە ژمارەیەک ئامانجی دیاریکراوەوە کە بەسەختی ھەستوسۆز دەورووژێنن. ئیتر پێویست ناکات لەم دنیایەدا، کاندیدەکان دیدگایەکی گشتی و فرەلایەن لەبارەی دەوڵەت یان کۆمەڵگاوە بخەنەڕوو (تەنیا بە ڕستەی کورتی سۆزدارانە، دەتوانن ملیۆنان کەس بورووژێنن). لەم چاخی پەیامە کورت و بەمۆدبووانەدا، دەمارگیری جێگای لێھاتوویی، و تێرکردن و ڕازیکردنی خواستەکان جێگای ھونەری سیاسەتی گرتووەتەوە. ڤیتیاناتن بەوە قەڵس و تووڕەیە کە (فەیسبوک خراپترین شوێنێکە بۆ کاری سیاسی)، کەچی ھەمووشمان بەلێشاو بۆ ئەم شوێنە ھاتووین و لێرە کۆبووینەتەوە. پرسەکە لەگەڵ ئەو فۆرمی کارکردنەی فەیسبوکدا ئاڵۆزتردەبێت کە تێیدا کۆمپانیاکە بەشێک لە کارمەندەکانی تۆڕەکە بۆ کارکردن لەپێناو ڕووماڵە سیاسییەکان تەرخاندەکات، تا لەوە دڵنیابێتەوە کە کاندیدەکان لە داتا و زانیارییەکان و ڕیکلامەکانی بە شێوازێکی کارا سودمەنددەبن. ڤیتیاناتن بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە کە پارێزەران و ڕاوێژکارانی فەیسبوک ڕۆڵێکی تایبەتی و سەرەکییان لە بە فۆرمبەخشین بە ڕیکلامە ئۆنلایینیەکانی دۆناڵد ترامپ بەدرێژایی کێبەرکێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەساڵی ٢٠١٦ بینی. ئەوان ڕووماڵی ھەڵبژاردنیان بە ئاڕاستەی ئەو پەیامە ھەڵاسازانە و لەڕووی بینراوییەوە بەربڵاوانە برد، کە ھەستوسۆز دەورووژێنن و لەناو تۆڕەکەدا بەشێوازێکی بەرفراوان شەیر دەکرێن. بەم جۆرە فەیسبوک بە فرۆشی ڕیکلامی زیاتر و ترامپیش بە ڕاکێشانی دەنگدەری زیاتر و خۆبەخشی زیاتر و ھاوکاری زیاتر، گەیشتن بەو سودەی کە خوازیاری بوون. ڤیتیاناتن باوەڕی وایە کە ترامپ لەڕێگەی ئەم (بەرژەوەندییە ھاوبەشانەوە) بوو کە پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێنا. کتێبی (ئەنتی سۆشیال میدیا)، کتێبێکی ئومێدبەخش نیە. ڤیتیاناتن ھیچ ئومێدێکی بە ڕیفۆرم و چاکسازیی ناوەکی لە فەیسبوک نیە. بۆیە ھەرکات (مارک زوکەربێرگ)ـی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای فەیسبوک، داوای لێبوردن بکات و بەڵێن بدات کە باشتر کاردەکەن، ڤیتیاناتن بۆی دەنوسێت «کێشەی فەیسبوک، فەیسبوکە». کێشەکە تەنیا ئەوە نیە کە ئەم کۆمپانیایە بەکاربەرانی خۆی دەکات بە بینەری ڕیکلامی کۆمپانیاکانی تر و بەمەش پارە دەردێنێت، کێشە ئەوەیە کە ئەم تۆڕە لەئێستادا ھێندە زەبەلاح بووە، تەنھا دوای زیانگەیاندن تێیدا دەتوانرێت ڕەگەزپەست و زیانبارەکان لاببرێن. ڤیتیاناتن بەم جۆرە ئەنجامگیری دەکات «فەیسبوک زۆر لەوە زەبەلاحترە کە بتوانرێت کۆنترۆڵبکرێت».

ئەم تۆڕە ھەمیشە لەدۆخی پاککردنەوەی خراپییەکانی خۆی و داوای لێبوردنی ڕۆتینانەدایە لە ئێمە.  جۆن لانێر، زانای بواری کۆمپیوتەر و ڕەخنەگری سەرسەختی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و (سێلیکۆن ڤۆیی ٢)، لەکتێبی (دە بەڵگە بۆ ئەوەی ھەر ئێستا ئەکاونتی تایبەتیی خۆتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە)دا، دەیەوێت قەناعەتمان پێ بکات کە فەیسبوک و تویتەر و ھاوشێوەکانیان ھێندە بەشێوازێکی قوڵ فاسدن و کاریگەرییەکانیان لەڕووی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەوە ھێندە زیانبارە، کە پێویستە ھەرچی زووتر خۆمان لەشەڕیان ڕزگاربکەین. جۆن لانێر دەنوسێت: وازلێھێنانی یەکجارەكی، تاكە ھەڵبژاردەیە بۆ گۆڕانکاری. لە دیدی جۆن لانێر، تۆڕە کۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیاییەکان سیستەمی دەستتێوەردانن و ھەرکەس و ھەرشتێک بخەنە داوەوە، سوک و ڕیسوای دەکەن. ھەرچەند زانیاریی زیاتر لەبارەی خۆمانەوە بکەین بە قوڕگی ئەم تۆڕانەدا، لەوسەرەوە ئەم تۆڕانە لە ئاراستەکردنی ئێمە و بیرکردنەوەکانمان، توانای زیاتر بەدەستدێنن. جۆن لانێر باوەڕی وایە کاری سەرەکیی کۆمپانیایەکی وەک فەیسبوک بریتییە لە گۆڕینی ڕەفتاری ئێمە. فەیسبوک نەوەک ھەر داتا و زانیاریی دەگمەن لەسەر زەوق و سەلیقەی کەسەکان بەدەستدێنێت، بەڵکو تاقیکردنەوەگەلێکی زۆروزەبەندیش ئەنجامدەدات تا بۆی دەربکەوێت کە چ جۆرە پەیامێک زۆرترین سەرنج ڕادەکێشێت و ورووژان درووستدەکات. بەم جۆرەیە، کە ھەموو ئەم تەکنیکە ئاڵۆزانە لەڕووی دەروونناسییەوە، بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت کاڵا بە ئێمە بفرۆشن، ئێجگار بەبایەخن. بەھەمان ئەندازەش بۆ ئەوانەی کە لەناو سیاسەتدان و دەیانەوێت فیکر و دیدگای ئێمە ئاراستەبکەن، ئەو تەکنیک و تاکتیکانەی فەیسبوک ھەر زۆر گرنگن. لەو ڕووەوە کە ئەم تەکنیکانە لەچاوی ئێمە پەنھانن، کۆمپانیاکان ئەم بابەتە وەک نھێنیی سەرکەوتنی کاروبارەکانیان ھەژماردەکەن. کەواتە ئێمە لەبارەی چۆنێتیی شێوازەکانی دەستتێوەردان و کۆنترۆڵکردنی ھزر و ڕەفتارمان، بەدەگمەن سەردەردەکەین و بەئاگادێینەوە. ھاوکات لەگەڵ کاریگەریی ھەڵکشاوی سیستەمی سۆفت وێر لەسەر ئەوەی کە ئێمە دەیبینین و ئەوەی بیری لێدەکەینەوە، وردەوردە ئیرادەی ئازاد و تەنانەت ھەستی تاکەکەسیی خۆیشمان لەدەستدەدەین. بە لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی خۆسەرانە، بەرەو سیستەمی قەبیلەگەرایی مل دەنێین. بە تەسلیمبوون و سەردانان لەپای بیرکردنەوەی گرووپی و دەستەجەمعی و تەسلیمبوون بە یەکێک لەھێزە بونیادییەکانی سرووشتی مرۆڤ (کە ژیانی نابەرپرسیارانەی ناو مێگەلە)، وا خەریکە فۆرم بە ڕەخنە لە ئەندێشەی جیاواز دەبەخشین. جۆن لانێر دەڵێت ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا غایبە، " فەزا گشتییەکان"ـی جیھانی فیزیکی و واقیعە، کە لەم فەزایانەدا ئامادەیی ئەوانیتر لێکچوون و خاڵی ھاوبەش بەباردێنێت، کە لەسەرووی جیاوازییەکانەوەیە. ئەمەش ھەستی ھاوبەشی مرۆڤانەیە، ئەم ھەستە کە ڕەگەزی سەرەکیی ژێرخانی کۆمەڵگایەکی باشە، ئەو کاتەی کە تاکەکان لەنێو زنجیرەیەک پەیامگەل و وێنەی مەجازی نغرۆدەبن، لەدەستدەچێت. جۆن لانێر دەڵێت تەنانەت لەمڕۆکەدا کە دەچینە شوێنە گشتییەکان، بەزۆری ھەر چاومان لەسەر تابلێت و شاشەی سمارتی ئامێرە دیجیتاڵییەکانی دەستمانە، نەوەک لەسەر دەوروبەرمان. گەرچی جۆن لانێر درێژدادڕ و وشەبازە، بەڵام ڕەخنەگرێکی تیژبینە و دەتوانێت شتانێک ببینێت کە ئێمە نایانبینین. لەگەڵ ئەوەشدا شیکردنەوە و لێکدانەوەکانی، بەھۆی گریمانەییانەوە، کەموکورتییان تێدایە. ئەو باوەڕی وایە کە بە داخستنی ھەژماری تایبەت و ئەکاونتە شەخسییەکانمان، (سیلیکۆن ڤۆلیی) ناچاردەکەین خۆی باشتربکات! و فۆرمی بازرگانیانەی خۆی بەجۆرێک ڕێکبخاتەوە کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەرپرسیارانە بێت. ئەم باوەڕە جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام سادە و ساویلکانەشە، ساویلکانەیە کە وا بیربکەینەوە بە داخستنی ئەکاونتەکانمان، (سیلیکۆن ڤۆلیی) خۆی ئیسڵاحدەکات و ھەڵەکانی ڕێکدەکاتەوە. کێشەکانی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتەنیا لە ستراتیژێتیی بازرگانی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێتەوە سەرچاوەناگرن. بەڵکو لەو تەکنەلۆژیایەوە سەرچاوەدەگرن کە ئەم کۆمپانیایانە بەکاریدەبەن و بە پڕبایەخ و بەھاداری دەزانن. تۆڕە کۆمپیوتەری و ئەنتەرنێتییەکان بە گۆڕینی تەواوی جۆرەکانی زانیاری و داتاکان بۆ ژمارەی کۆدی دوو-دوویی، تێکەڵبوون و یەکگرتنی ھەموو ئەو ڕاگەیاندنانەی کە سەردەمانێک جیاواز و ھەمەڕەنگ بوون و گۆڕینیان بۆ ئیمپراتۆریەتی داتا و زانیاری، دەکەن بە ئەمری واقیع. ئیمپراتۆریەتێکی بەھێز و بەرفراوان کە پێشتر نمونەی نەبووە. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە کە شێوازی دیزاین و دروستکردنی مۆبایلی زیرەک و ئەپڵیکەیشنەکان بەجۆرێکە، کە ئارامی و وردبینیی ئێمە لە بۆ ھەڵسەنگاندنی مانا و بەھای زانیارییەکانی سەر شاشە سمارتییەکانمان، لەناودەبەن. ھەر بەو جۆرەی جۆن لانێر پێی وایە، ڕووھێنانی میدیا ئینتەرنێتیەکان بۆ بەمۆدکردنی ورووژانی سۆز و پەرەدان بە ھەستگەرایی و دابەزاندنی ئاستی بیرکردنەوە و بێ بنەماکردنی فۆرمی گفتوگۆی شارستانی، ھەر لەسەرەتاوە دیاربووە، لەوکاتەی خەڵکی لە دەیەی حەفتاکاندا تازە فێری گفتوگۆی ئۆنلاین ببوون و ھێشتا ڕیکلام نەھاتبووە ناو دنیای مەجازەوە. کاتێک خەڵکی لەواقیعدا ڕووبەڕوو گفتوگۆدەکەن، بە شێوازێکی سرووشتی ھەست بە جۆرێک لەڕێز و نزیکایەتی دەکەن، گەرچی فیکریشیان جیاواز بێت.

ئەم ھەستی ڕێز و نزیکایەتییە، بێ متمانەیی لەناودەبات و ڕێز زیاتر دەکات. بەڵام ئەو دەمەی ھەمان ئەم گفتوگۆیە لەسەر ڕووی بێ گیانی تابلێت و شاشەی سمارت ئەنجامدەدرێت، بە ئەگەری زۆر بۆ ئاستی نەیارێتی و تۆمەت بەخشینەوەی دەمارگیرییانە دادەبەزێت. تەکنۆلۆژیای مەجاز خۆبەخۆ ئەو دۆخە دەرونییە بەباردێنێت کە جۆن لانێر ناوی لێدەنێت (troll: ترۆڵ، زاراوەیەکە لە گفتوگۆی ئینتەرنێتی و دنیای مەجازدا بەو کەسانە دەوترێت کە بە ڕەفتار و گوفتاری وێرانکەر و بێ قەید و شەرت، خولقاندنی کەشێکی پڕ لەھەستیاری و توڕەیی، و دەربڕینی بابەتی پڕ لەسوکایەتی و تۆمەت بەخشینەوە و وروژێنەر، بەدوای ڕاکێشانی سەرنجی ئەوانیتر و بەکارهێنەرانەوەن). ئێمە ناتوانین بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی (سێلیکۆن ڤۆلی) لە ئامێر و کەرەستەکانی جودابکەینەوە، ھەروا ناتوانین بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشە کۆمەڵایەتییەکان متمانە بە سەرمایەدارانی سەرکێش بکەین. تەنانەت ئەگەر خەڵکی بەیەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێنەدەرەوە، گەر بێتو کۆمپانیا ئەنتەرنێتییەکان بەم حاڵەی ئێستایانەوە دەستلێنەدرێن، ئەوا دەتوانن ئیمپراتۆرێتی ڕاگەیاندنی و سیستەمی تۆڕی مەجازی کۆمەڵایەتیی ھاوشێوە بە فۆرمێکی تر درووستبکەنەوە. ئەم کۆمپانیایانە بەئەگەری زۆر شێوازی نوێ و باشتر بۆ فریودانی ئێمە دادەھێنن.  بەھەرحاڵ ئەم بابەتە یەکلابووەتەوە. مەگەر گۆڕانێکی ڕیشەیی و ڕادیکاڵ ڕووبدات، ئەگینا سەختە وا بیربکەینەوە کە خەڵکی بەدەم بانگەوازی جۆن لانێرەوە بچن و ھەژمارەکانی خۆیان بسڕنەوە. ھەروەک چۆن ساڵی ڕابوردوو ئامارەکان ئەوەیان خستەڕوو کە تەنانەت کەسانێکیش کە لەدەست تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیانیان بینیوە و توڕەن، کەچی دواتر ھەر بۆلای فەیسبوک و تویتەر و سناپ چات و یوتیوب و سود بینین لێیان گەڕاونەتەوە. پرسەکە ئەوە نیە کە ئەمانە ئالودەبوون، پرسەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵی ھاوڕێیەتی، ھەستی خود بینین، کار و کاتە بەتاڵەکانی ژیانیان بووە و ئەستەمە لێک جودا بکرێنەوە. بۆیە ئەوان بە دوورکەوتنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆیان لەکۆمەڵگا نەفیدەکەن. ڕوونترین و ئاشکراترین چرکەسات لە کتێبی (ئەنتی سۆشیال میدیا) کاتێکە کە خودی ڤیتیاناتن ی نوسەری کتێبەکە پەردە لەسەر خوی لەسەرخەت بوونی بەردەوامی خۆی لادەدات. گەرچی ئاگاییەکی باشی لەبارەی کاریگەرییە زیانبارەکانی فەیسبوکەوە ھەیە، کەچی بۆ زیاتر لە دە ساڵ ئەندامێکی وەفادار و تەنانەت خۆشحاڵیشی ئەم تۆڕەیە. ڤیتیاناتن دانی پێدا دەنێت و دەنوسێت: من بەئدازەی ھەر کەسێکی تر لەجیھاندا ژیانی خۆمم لەنێو فەیسبوک گوزەراندووە. فەیسبوک سیستەمی ھۆکاری ژیانی من بوو. لەپەیوەندییدا بەئایندەوە، ڤیتیاناتن دەنوسێت: ھیچ بەرنامەیەکم بۆ تەرککردن و وازھێنان لە فەیسبوک نیە! کەواتە: کێشەی فەیسبوک تەنیا فەیسبوک نیە، خۆیشمانین.

 

 

 

نیکۆلاس کۆر- وێب سایتی واشنتۆن پۆست

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. Cambridge Analytica scandal: بریتییە لەو ھەڵایەی کە گوایە کۆمپانیای کامبریج ئانالتیکا دەستی بە زانیاریی شەخسیی بەکاربەرانی فەیسبوک گەیشتووە و دواتر سودی لەو زانیارییانە بینیووە بۆ کاریگەریدانان لەسەر دەنگدەران.

 

 2. سێلیکۆن ڤۆلیی: دۆڵێکە دەکەوێتە بەشی باشوری کەنداوی سان فرانسیسکۆ لە کالیفۆرنیای باکور. ئەم دۆڵە، ناوەندی زۆرێک لەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیای سمارتی و ئەلیکترۆنی و نێتۆرکییە و کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، گوگڵ، سیسکۆ، ئێچ پی، ئینتێڵ و ئۆراکڵ بنکەی سەرەکییان لێرەدایە.