مالیخۆلیای وێنه‌گری
[فۆتۆگرافی]
یەك:
فەنتازیای «ئه‌و ڕۆژگاره‌ی که مێژوو به هێواشی ڕێى ده‌كرد» گه‌رچی یه‌کێک له نمونه‌کانی کرده‌ی ڕووله‌دوا(ڕیترۆئەكتیڤ)ـی ئێمه‌یه بۆ درووست‌کردنی ڕابردوو (سه‌رده‌می پێش‌مۆدێرن)، به‌ڵام شتێکی گرنگمان ده‌رباره‌ی ئێستا واته ده‌رباره‌ی خودی مۆدێرنه پێ ده‌ڵێت:مرۆڤی مۆدێرن ئه‌زمونی ماناداری مێژووی له ده‌ستداوه. له لایه‌که‌وه مێژوو وه‌ک نمایشێکی بێ‌مانا به ڕیتمێکی تونده‌وه به‌سه‌ر په‌رده‌وه "ته‌ماشا" ده‌کات، نمایشێک که خێراییه سه‌رسامهێنه‌که‌ی، سیفه‌تێکی تارماییانه‌ی پێداوه و له لایه‌کی تریشه‌وه وه‌خت و ناوه‌خت به هه‌ره‌سی ئه‌و مه‌ودایه‌ی که پێگه‌ی ته‌ماشاکه‌رێکی بۆ فه‌راهه‌م کردووه، خۆی به هه‌ڵدراوی بۆ ناو ئه‌م نمایشه بێمانایه ده‌دۆزێته‌وه و به‌م شێوه‌یه، هه‌مان تارمایی، ژیانی داگیر و سه‌ره‌وژێر ده‌کات. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بێت وێناکردنی «ئه‌و ڕۆژگاره‌ی که مێژوو به هێواشی ڕێی ده‌کرد» ده‌توانێت هاوڕێ و هاوشان بێت بە حه‌سره‌ت و داخ و نۆستالیژیا، یان، مالیخۆلیا:
ڕۆژگارێک که مێژوو له ئێستا هێواشتر ڕێی ده‌کرد، هێنده هێواش که ده‌یتوانی زەمینەیەكی تا ڕاده‌یه‌ک پته‌و و به‌رده‌وام بۆ کردار و ئه‌زموونه فه‌ردی و کۆمه‌ڵاتییه‌کانی مرۆڤ بڕەخسێنێت، زەمینەیەك که لانیکه‌م تا ئه‌و ئاسته نه‌گۆڕ و خۆگرتوو بێت که شاعیران به ته‌ختی شانۆی بچوێنن، ته‌ختێک که گه‌رچی کت‌وپڕ ده‌گۆڕێت به‌ڵام هێنده به‌رده‌وامیی هه‌یه، که بتوانیت بەبێ دڵه‌ڕاوکێ شانۆی ژیانی بەسەرەوە نمایشبکه‌يت. له ڕۆژگارێکی وه‌هادا مرۆڤه‌کان ده‌رفه‌تێکی زیاتریان هه‌یه تاکو ئاگاداری ڕووداوه‌کان بن، کاردانه‌وه‌یان هه‌بێت، ته‌فسیری بکه‌ن و پێگه‌ی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌وانه‌دا یان له هه‌ناوی ئه‌وانه‌دا ده‌ستنشانبکه‌ن. ڕۆژگارێک به‌ر له ده‌ستپێکی ڕۆژگاری ئێمه ...، ڕۆژگارێک به‌رله‌وه‌ی که گێژه‌ڵووکه‌ی جڵه‌وبڕی مۆدێرنه ته‌خته‌که سه‌ره‌وژێربکات ... .
به‌ڵام ده‌رکه‌وتنی مۆدێرنه کت‌وپڕ مێژووی گۆڕی بۆ گێژه‌ڵووکه‌یه‌کی سه‌رخۆش و بێ ئۆقره، گێژه‌ڵووکه‌یه‌ک که هه‌رجاره و ته‌خته‌که وێرانده‌کات و پارچه‌کانی په‌رشوبڵاوده‌کاته‌وه، هاوکاتیش هه‌رجاره و ئه‌م پارچانه له تێهه‌ڵکێشی تازه‌دا کۆده‌کاته‌وه و فۆڕمیان پێ ده‌به‌خشێت، هه‌ر وه‌کو ئه‌و گێژه‌ڵووكه‌یه‌ی که ئۆکتافیۆ پاز باسىیده‌كات «ئه‌وه‌ی که پێی ڕاستی ده‌شکێنێت، له‌ژێر پێی چه‌پیدا چرۆده‌کاته‌وه«. به‌م شێوه له ڕۆژگاری مۆدێرندا، مێژوو ئیتر وه‌کو ڕه‌وتێکی ئارام و بەكاوەخۆی ئه‌ستێره‌کان ناگوزه‌رێت به‌ڵکو وه‌کو تۆفانێکی مه‌ست تێده‌پەڕێت، بایه‌کی بەتاو که به ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه و هه‌موو که‌س و هه‌موو شت وه‌کو خۆڵ و تۆزێک له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ملاو و به‌ولادا ڕاده‌کێشێت: پرۆسه‌ی به‌رده‌وامی وێرانکردن و بنیاتنانه‌وه، ڕووخساری شاره‌کان به‌خێرایی گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، شێوه‌ی جلوبه‌رگه‌کان به‌رده‌وام ده‌گۆڕێت، بۆنه و ڕێوڕه‌سمه‌کان بەردەوام ده‌گۆڕێن و وه‌کو ئه‌وه‌ی که مارکس ده‌یوت: ئه‌وه‌ی ڕه‌ق و پته‌وه، ده‌بێته دووکه‌ڵ و به هه‌وادا ده‌چێت. به‌م جۆره‌یه که ئه‌زموونی مێژوو له چنگی مرۆڤ هه‌ڵدێت. هه‌ر به ڕێکه‌وت ئه‌مڕۆ به جۆرێکی ناكۆك و پارادۆكسیكاڵ، بۆ مرۆڤی دانیشتووی ناو گوندی «په‌یوه‌ندییه‌کان» که هه‌ر چرکه‌یه‌ک ده‌توانێت ئاگاداری دوا ڕووداوه‌کانی هه‌ر کونجێکی جیهان بێت، ئه‌زموونی مێژوو زیاد له هه‌ر ڕۆژگارێکی تر لاڵ و لێڵ و خه‌ونباوە: ئه‌زموونی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی خێراخێرای هه‌واڵه‌کان و ئه‌و ڕووداوانه‌ی که، یه‌کسه‌ر جێی خۆیان بۆ ڕووداوی دواتر چۆڵده‌که‌ن و هه‌ر ده‌ڵێی بۆ ئه‌به‌د له‌پشت پێڵووه داخراوه‌کانی له‌بیرچوونه‌وه و مه‌رگه‌وه ونده‌بن، وه‌ک بڵێی ڕووداوه‌کان و هه‌واڵه‌کان له مه‌سیره‌یه‌کی بێوچاندا به‌ره‌و عه‌ده‌ن ته‌کانده‌ده‌ن، مێژوویش له ساته‌وه‌ختی قڵپبوونه‌وه و غلۆربوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه له‌و شته‌ی که واڵته‌ر بینیامین به‌توانجه‌وه پێی ده‌وت: "زاکیره‌ی خودا". هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که به بۆچوونی بادیۆ، ئه‌مڕۆ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ربه‌ڕاست شۆشگێرانه، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی "هێواش"ـە.
به‌ڵام گه‌ر مێژوو له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه و به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو خێرا بووبێته‌وه، ده‌توانین ڕه‌ونه‌قگرتنی چه‌مکی مێژوو و مێژوونووسین له‌م سه‌ده‌یه‌دا و هه‌روه‌ها تامه‌زرۆیی ڕۆماننووسانی ئه‌م سه‌ده‌یه بۆ تۆمارکردنی ورده‌کارییه ورده‌کانی شوێن و جلوبه‌رگ، مه‌راسیم و بۆنه‌کان و شێوه‌زاره‌کانی وه‌ک كۆمه‌ڵێك کاردانه‌وه به‌م "خێرابوونه‌وه‌ی مێژوو"يه‌ی درککرد. به‌ڵام ئایا ده‌توانن به هه‌ما لۆژیک بیر له سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی وێنه‌گری بکه‌ینه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا. ئایا هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان دیارده‌ی وێنه‌گری و خێرابوونه‌وه‌ی مێژوودا هه‌یه؟
دوو:
وای دابنێن وێنه‌گرێک چه‌ند وێنه‌یه‌کی ئه‌و که‌سه بگرێت که خه‌ریکە قسه‌تان له‌گه‌ڵدا دەكات و پاشانیش پیشانتان بدات. ده‌توانن له‌و وێنانه‌دا به‌ئاسانی ژێست و جووڵه و دۆخه‌کانی ڕووخسار و ده‌ستانی که‌سه‌که ببینن که له کاتی قسه‌کردن له‌گه‌ڵیدا نه‌تانتوانیوه ده‌ستنیشانی بکه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که زۆرجار ته‌ماشاكردنی وێنه‌کانی ئەو میواندارییه‌ی که تیا ئاماده‌بووین، کۆمه‌ڵێک ورده‌کاريی نوێ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. نموونه‌ی دواتری ئه‌م ئه‌زموونه، ئه‌و توانایانه‌یه که کۆنترۆڵی ته‌له‌فزیۆن له کاتی بینینی فیلم‌دا دروستی ده‌کات، واته توانای وه‌ستاندنی وێنه، یان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ بینینی ئه‌و شتانه‌ی که له ته‌ماشاکردنی ئاسایی فیلمه‌که‌دا له‌ده‌ستده‌چن. ده‌توانین درێژه به‌م نموونانه بده‌ین: له دیمه‌نێکی فیلمی "ئاگراندیسمان"ی ئه‌نتۆنیۆنیدا، وێنه‌گرێک گەورەكردن و به‌ئاگراندیسماندکردنی په‌ڵه‌یه‌کی ناڕوون که به‌ڕێکه‌وت له سووچێکی چوارچێوه‌ی یه‌کێک له وێنه‌کانیدا جێی گرتبوو، له ڕوودانی تاوانێک ئاگادارده‌بێته‌وه. وه‌ک چۆن که ده‌زانین که‌شفی کتوپڕی وێنه‌ی بکوژه‌کان و ڕۆحه‌کان له گۆشه و که‌ناری په‌رت و بێبایه‌خی ئه‌و وێنانه‌ی که به‌ڕێکه‌وت گیراون، یه‌کێکه له کلیله کڵێشه‌ییه باوه‌کان له فیلمى پۆلیسی و ترسناكدا. له‌و هه‌موو نموونه وا ده‌رده‌که‌وێت که وێنه به‌شێک له‌و واقیعه به ده‌ست دێنێته‌وه که له توێی په‌نجه‌کانی د‌رکی ئاسایی ئێمه‌وه ده‌خزێت و له ده‌ست ده‌چێت. وه‌هم و خه‌یاڵی کامێرا وه‌کو گیرفانبڕێکی زیره‌ک، په‌نجه‌ی زیره‌ک و پێکه‌وه‌نووساوی به‌دزییه‌وه ده‌خزێنێته قه‌ڵه‌مڕه‌وی له‌بیرچوونه‌وه و مه‌رگه‌وه، بۆ هه‌ناوی تاریکییه‌کانی "زاکیره‌ی خودا" و شتگه‌لێک له هه‌ناوییه‌وه دێنه‌ده‌رێ و ڕزگاریانده‌کات. هه‌ڵبه‌ت به‌رهه‌می ئه‌م خوێڕیلەدزییەی هەر ئه‌و جادووه‌یه که "تاریکخانه" و ژووری تاریك ده‌گۆڕێت بۆ "ژووری ڕووناک".
که‌واته ئایا ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه قسه له جۆره "بەرەنگاری"یه‌ک بکه‌ین له وێنه‌گرییدا؟ ئایا ده‌توانین په‌یوه‌ندییه‌کی وه‌ها ڕاسته‌وخۆ و بێ نێوانگر له‌نێوان وێنه‌گری و ڕزگارییدا درووستكەین، په‌یوه‌ندییه‌ک که له‌سه‌ر بنه‌مای جۆره دژیه‌کییه‌کی ساده‌ی نێوان "تۆمارکردن" و "بیرچوونه‌وه" درووستده‌بێت؟
وا ده‌رده‌که‌وێت له ئه‌زموونی وێنه‌گری و په‌یوه‌ندیی به چرکه‌ساتی خزی هه‌ندێک ڕووکار‌ی ئاڵۆزتره‌وه نووستووه. ڕووکارگه‌لێک که په‌یوه‌ندیی وێنه‌گری به ڕزگاری و بەرەنگارییەوە ده‌گۆڕێت.
سێ:
وێنه شتێک تۆمارده‌کات که له ساتێکی دیاریکراودا له به‌رامبه‌ر کامێرادا ئامادەیی هه‌بووه یان ڕوویداوه. تایبه‌تمه‌نديی سه‌ره‌کیی هه‌ر وێنه‌یه‌ک له‌م خاڵه‌دا نووستووه. وێنه، شایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێ و له‌و ساته تایبه‌ته‌دا ده‌دات که له به‌رامبه‌ر کامێرادا ئاماده بووه. به‌ڵام ئه‌م تۆمارکردنه‌ی واقیع، ئه‌م کۆپیکردنه و ئه‌م زۆرکردنه‌ی واقیع دیوێکی تریشی هه‌یه:
وه‌رن بیر له‌و ترس و تۆقینە بکه‌نه‌وه که خه‌ڵک له یه‌که‌مین هۆڵه‌کانی سینه‌مادا ئه‌زموونیانکرد. سه‌یره که ئه‌م نواندنه‌وه‌يه تاڕاده‌یه‌ک ڕاستگۆییه‌ی واقیعی ديده‌كى و بينراو، ده‌بووه هۆی ئه‌و ترسه‌ی که له بنه‌ڕه‌ته‌وه جیاوازبوو له ترسی بینینی وێنه خه‌یاڵییه تۆقێنه‌ره‌کان. ڕه‌نگه بتوانین نموونه‌ی پێشووتری ئه‌م ترسه له ئه‌زموونی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وێنه‌گرییدا بدۆزیته‌وه. وتوویانه که له ئاوێنه‌کاندا شتێکی ترسناک و شه‌یتانی هه‌یه، چونکه جیهان دووهێنده ده‌کاته‌وه! به‌مجۆره "جادوو"ی سینه‌ما ڕێک له تەبابوونە سه‌رسوڕهێنه‌ره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ "واقیع"دا، له "دووهێنده‌کردنی واقیع"دا، ده‌رده‌که‌وێته‌وه، به‌م مانایه ئه‌زموونی جادووی سینه‌ما هاوتای ئه‌زموونی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ "دووانه"ی واقیعدا، ئه‌زموونێک که ده‌بێته‌هۆی بێگانەبوون و غه‌ریب‌بوونی واقیعی ئاشنا و نزیک. شوێنەواری وه‌ها ئه‌زموونێک له پانتایی وێنه‌گرییشدا به‌دیده‌کرێت: له ژیانی ڕۆژانه و ئاوێنه‌کاندا ناتوانین خۆمان له‌و گۆشانه‌وه ببینین که هه‌ندێک له وێنه‌کانمان پیشانمان ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌مه، بۆ هه‌موومان ئه‌زموونێکی ئاشنایه که به هه‌ستێکی نامۆیی و حه‌په‌سان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جاریش بێزرانه‌وه سه‌یری خۆمان بکه‌ین له هه‌ندێک وێنه‌دا. (ئا له‌م توانای وێنه‌گری و سینه‌ماییه‌دايه كه واقيعه باوه‌كه له شێوه‌ى -دوانه-يه‌كى نامۆدا نامۆده‌كات، بۆيه‌شه ڕه‌نگه ئه‌مڕۆ هه‌روا بتوانین جۆره بەرەنگارییەك بدۆزینه‌وه.)
به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بێت بۆ ئه‌و واقیعه به‌ڵگه‌نه‌ویسته بگه‌ڕێينه‌وه که ئه‌مڕۆ جگه له چه‌ند حاڵه‌تێکی که‌م، ئه‌زموونی ته‌ماشا کردنی وێنه و فیلم، ئه‌زموونێکی زۆر ئاسایی و تڕ‌ۆ و سواوه. گه‌رچی وێنه‌گری هه‌میشه دیارده‌یه‌کی فراوانتر بووه له پانتایی پڕۆفیشناڵ و پسپۆڕیانه‌ی خۆی و له نێوان چینه جیاوازه‌کانی خه‌ڵکدا بره‌وی هه‌بووه، ده‌بێت بڵێین ئه‌مڕۆ ئه‌م گشتیبوونه، کۆمه‌ڵێک دیوی بێ پێشینه‌ی له‌خۆ گرتووه. ئێمه که هه‌موومان به هیمەتی که‌رامات و موعجیزاتی سه‌رمایه‌داری، له هه‌ر چرکه‌یه‌کدا ده‌توانین به کامێراکان و مۆبایله‌کان و ماقڵە گه‌ورانه‌کانی خۆمان وێنەبگرین، هه‌ر پێشوه‌خت کامێرابه‌ده‌ست له لێشاوێک وێنه‌ی بزواو و نه‌بزواودا مه‌له ده‌که‌ین.
چوار:
وه‌ک ده‌زانین فۆتۆ شایه‌تی ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌وێ و له‌و ساته تایبه‌ته‌دا له به‌رامبه‌ر کامێرادا ئاماده‌يی هه‌بووه. ده‌توانین بڵێین ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، ماهیه‌تێکی دۆکیومێنتاری به وێنه ده‌به‌خشێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به تامه‌زرۆیی وێنه‌گری بۆ تۆمارکردنی ئه‌و شتانه‌ی له‌بیرده‌چنه‌وه و له‌ده‌ستده‌چن باسمانکرد، ده‌بێت ئه‌وه‌شی بۆ زیادبکه‌ین که ئه‌م ئاگاییه دەرهەق بە "حزوور- ئاماده‌يی" زۆرجار له‌گه‌ڵ ئاگایی له گوزه‌رکردنی ئه‌م ئاماده‌ییه‌دا، هاوشانە بە ئاگایی له غیابه‌که‌یدا له ئاینده‌دا: ئه‌وه‌ی که له به‌رامبه‌ر کامێرادایه به‌م زووانه چیتر نابێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه، ئێمه وێنه‌ی چرکه‌ساته گرنگه‌کانی ژیانمان ده‌گرین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه که وێنه‌گره‌کان خه‌ریکی ڕاوکردنی چرکه‌ساته‌کانن. به‌ڵام ئه‌م ئاگاییه پێشوەختەی له‌ده‌ستدانی ئاینده، په‌یوه‌ندیی وێنه‌گر و ئۆبێکته‌که‌ی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌گۆڕێت. به کورتی مالیخۆلیايی ده‌کات.
تێگه‌یشتنی باو بۆ دژیه‌کيی ماته‌م و مالیخۆلیای فرۆیدی شتێکی له‌م جۆره‌یه: که‌سێک که ماته‌م ده‌گێڕێت، به‌م کاره غیاب و نوقسانیی ئۆبێکته له‌ده‌ستچووه‌که‌ی قبوڵده‌کات و له‌گه‌ڵیدا ڕادێت، به‌ڵام که‌سی مالیخۆلیایی ئاماده نیه له‌گه‌ڵ ئه‌م غیاب و له‌ده‌ستدانه‌دا ڕووبه‌ڕووبێته‌وه، به‌مجۆره هه‌روا ده‌نووسێته ئۆبێکتی له‌ده‌ستچووه‌وه. به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه بتوانین بڵێین خووگرتن به نوقمبوون له سه‌یرکردنی ئه‌لبوومه کۆنه‌کان وه‌ک کرده‌یه‌کی ماخۆلیایی به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ژیان و قوتخوادنی یاده‌وه‌ری و ئه‌زموونه‌کان له ئه‌سیدی بیرچوونه‌وه و تیاچووندا لێک بدرێته‌وه. به‌ڵام سلاڤۆی ژیژه‌ک به پشتبه‌ستن به ڕسته‌یه‌ک له وتاره به ناوبانگه‌که‌ی فرۆید، پێچێکی ناسک به چه‌مکی مالیخۆلیا[1] دەبەخشێت. ژیژه‌ک وا له فرۆید ده‌گێڕێته‌وه که مالیخۆلیا بریتییه له ماته‌مێکی زووگه‌یشتوو. که‌سی مالیخۆلیایی ئه‌و کاته ماته‌م بۆ ئۆبێکت ده‌گێڕێت که ئۆبێکت هێشتا له‌ده‌ستنه‌چووه. له‌ڕاستییدا ئه‌مه "سێبه‌ری له‌ده‌ستدانی ئاینده"یه، که پێشوه‌خت به‌سه‌ر شته‌که‌وه و به‌سه‌ر چرکه‌ساتی ئێستاوه ده‌خزێته خواره‌وه، وه‌ک چۆن ڕه‌نگه ئاگایی دوو که‌سی عاشق له‌وپه‌ڕی جۆشوخرۆشی عاشقانه‌یاندا، له‌و ڕاستییه‌ی که دواجار ئه‌م جۆشوخرۆشه یه‌ک ڕۆژ و بۆ ئه‌به‌د کۆتایی دێت، په‌یوه‌ندییه‌که‌یان مالیخۆلیايی بکات، هه‌ر وه‌ک ئه‌و مه‌یله‌ی بۆ وێنه‌گرتن که به‌هۆی ئاگایی له "ئه‌وه‌ی له‌وێیه به زووی چیتر بوونی نابێت." ده‌ورووژێت، ژیژه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌وڵده‌دات هه‌ڵوێسته مالیخۆلیاییه‌کانی ده‌رهه‌ق به بزووتنه‌وه‌ی ۆڵستریت ڕه‌خنه‌بکات، واته ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی که -زۆرجار له کاتی هاوخه‌میدا- پێشوه‌خت ماته‌م بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌گێڕن. به‌ڵام ژیژه‌ک په‌نجه ده‌خاته سه‌ر شتێکی شاراوه‌تریش: که‌سی مالیخۆلیايی که پێشوه‌خت و له‌و کاته‌ی که هێشتا ئۆبێکت ئاماده‌یه ماته‌م ده‌گێڕێت، به‌و هۆیه‌وه‌یه که ئیتر ئاره‌زووی بۆ ئۆبێکت ده‌رنابڕێت. ئه‌وه‌ی که که‌سی مالیخۆلیايی له‌ده‌ستیداوه ئۆبێکتی ئاره‌زوو نییه به‌ڵکو "هۆکاری ئۆبێکتی ئاره‌زوو"ـه، واته ئه‌وه‌ی که له ئۆبێکتدا له خودی ئۆبێکتەكە زیاترە و ئاره‌زوومان بۆ ئۆبێکت ده‌ورووژێنێت. ژیژه‌ک پڕۆسه‌ی کۆچکردن به نموونه ده‌هێنێته‌وه. به بۆچوونی ئه‌و، ئه‌وه‌ی که ئازاری کۆچبه‌ر ده‌دات ڕاسته‌وخۆ دووری نییه له نیشتیمان و بیرهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی نییه، به‌ڵکو ئه‌و ئاگاییه‌یه که به‌پێی تێپه‌ڕینی زه‌مه‌نێکی زۆردرێژیش نا، نیشتمان له‌بیرده‌کات و تێهه‌ڵکێشی کۆمه‌ڵگه تازه‌که ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه ئه‌وه‌ی که که‌سی مالیخۆلیايی سه‌رپێچیی لێ ده‌کات ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه نییه له‌گه‌ڵ نوقسانی و له‌ده‌ستدانی ئۆبێکتدا به‌ڵکو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانی [پرۆسەی] ئاره‌زووكردنی خۆي‌دا.
پێنج:
... به‌م شێوه‌یه‌یه که هه‌میشه ئێمه له‌جیاتیی ئه‌زموونکردنی ئه‌و چرکانه‌ی که ده‌زانین نائومێدانه له‌ده‌ستده‌چن، ئه‌و چرکانه له وێنه‌کاندا تۆمارده‌که‌ین، به‌م شێوه‌یه‌یه که چه‌ندین و چه‌ندین جار له شه‌قامه‌کاندا ئێستێک ده‌که‌ین، وه‌سیله‌ی گه‌مه و یارییه‌کانمان ده‌گرین به ده‌ستمانه‌وه و وێنه‌ی پێکدادانی ئۆتۆمبێله گرانبه‌هاکان و شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌کان و که‌سانی به‌ناوبانگ و ژه‌نیارانی سه‌رشه‌قام و ته‌نانه‌ت وێنه‌ی خه‌مهێنه‌ری گیانده‌رچوونی مرۆڤێک ده‌گرین، به‌م شێوه‌یه‌یه که له سه‌فه‌ره‌کانماندا، له جه‌ژنه‌کانماندا، له پرسه و ماته‌مه‌کانماندا، له خۆشه‌ویستترین و به‌ڕێزترین چرکه‌کانی ژیانماندا هه‌میشه و به‌رده‌وام وێنه ده‌گرین و وێنه ده‌گرین و ...
به‌م شێوه‌یه‌یه که ئیتر به‌رامبه‌ر به جیهان ئاره‌زوو ده‌رنابڕین، به‌م شێوه‌یه‌یه که نائومێدانه پرسه و ماته‌م بۆ جیهانێک ده‌گێڕین که هێشتا له‌ده‌ستنه‌چووه.
نیما په‌رژام
و. نێگەتیڤ- ئەرشیف 2014