سۆفستاييه پۆستمۆدێرنه‌كان
چه‌ند تێبينييه‌ك سه‌باره‌ت به ڕێژه‌گه‌رايى
ڕێژه‌گه‌رايى نه‌ك هه‌ر دوژمنى فه‌لسه‌فه بووه، [به‌ڵكو] تارمايى، جمك و دووانه، يان باشتر بڵێين سێبه‌ره تاريكه‌كه‌ى بووه؛ سێبه‌رێك كه هه‌ميشه فه‌لسه‌فه به ترسه‌وه لێى هه‌ڵهاتووه، ئه‌ويش بێئه‌وه‌ى تێبگات ئه‌م هه‌ڵهاتنه بێسوده يان تێبگات ئه‌وه له‌شه زل و زه‌به‌لاحه‌كه‌ى خۆيه‌تى ئه‌م سێبه‌ره‌ى درووستكردووه. له سه‌رده‌مى هاوچه‌رخدا، واته له سه‌رده‌مى له‌ناوچوونى ميتافيزيك و ده‌ركه‌وتنى فه‌لسه‌فه پۆست‌ميتافيزيكه‌كاندا، ئه‌م سێبه‌ره جارێكى تر ئاماده‌يى قورسى خۆى به‌سه‌ر بيركردنه‌وه‌ى فه‌لسه‌فيدا سه‌پاندووه. به‌جۆرێك كه ئه‌مڕۆ هه‌موو ئاراسته و قوتابخانه فه‌لسه‌فييه‌كان و هه‌موو بواره‌كانى زانسته مرۆييه‌كان، به‌شێكى به‌رچاوى هێزو وزه‌ى خۆيان له مشتومڕكردن له‌سه‌ر دواليزمى درۆيينه‌ى ڕێژه‌گه‌رايى-ئۆبێكتيڤيزم[بابه‌تگه‌رايى[1]] به‌فيڕۆده‌ده‌ن. دياره زۆريش ئاساييه كه له‌كاتى هه‌ڵاتن و ئاوابوونى خۆرى فه‌لسه‌فه‌ى ميتافيزيكيدا، ئه‌م سێبه‌ره، درێژتر و ترسناكتر ده‌ركه‌وێت.
ميتافيزيك كه ژيانى خۆى به له‌ئوستوره‌داماڵين و نه‌فيكردنى ئوستوره‌كان ده‌ستپێكرد؛ درێژه‌يدا به جه‌وهه‌رى ئوستوره، واته دووباره‌كردنه‌وه، ئه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌يه‌ى كه ئاسايش و سه‌قامگيرى "واقيعى بابه‌تى و ئۆبێكتيڤ" له‌گه‌ڵ خۆي‌دا بۆ مرۆڤ دێنێت. ئۆبێكتيڤيزم سه‌رده‌مانێك پێش ئه‌وه‌ى ببێته دين و ڕێبازى زانست و پوزه‌تيڤيزم، له فۆرمی ئوستوره‌دا ده‌ركه‌وت و غايه‌ت و ئامانجى ئوستوره‌ش بريتى‌بوو له ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونى مرۆڤ به‌سه‌ر فه‌وزاى تۆقێنه‌رى هێزه نه‌ناسراوه‌كانى سرووشتدا؛ هه‌م له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى خۆيشيدا. جه‌وهه‌رى ڕاسته‌قينه‌ى "دۆخى بابه‌تى و ئۆبێكتيڤيته" هه‌ميشه بريتى‌بووه له خۆپارێزى(صيانت نفس): هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى باڵاده‌ستى به‌سه‌ر ژياندا له‌ڕێگه‌ى كورتكردنه‌وه‌ى هه‌موو شتێكه‌وه بۆ چه‌مك و كۆنسێپته گشتييه‌كانى زه‌ينى مرۆڤ، ئه‌و زه‌ينه‌ى كه شوناسى جێ‌گير و له‌ناونه‌چووى خۆى وه‌ك "نه‌فس و خود"، "من"، يان "ڕۆح" به قه‌رزارى چه‌پاندنى غه‌ريزه‌كان و ڕێكخستنى سرووشتى ناوه‌كيى خۆى ده‌زانێت له‌ژێر كۆنترۆڵى ڕێساى "هاوشوناسى"دا. په‌يوه‌نديى نێوان تاسه و تينوێتيى "ئۆبێكتيڤيته" و خۆپارێزى به‌ڵگه‌يه‌كه بۆ خه‌سڵه‌تى ميتافيزيكيى گرنگترين ڕێساى ڕێژه‌گه‌راكانى سه‌رده‌مى كۆن: «مرۆڤ پێوه‌رى هه‌موو شتێكه». ڕێژه‌گه‌رايى هه‌رگيز جێگره‌وه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه نه‌بووه بۆ ئۆبێكتيڤيزم، به‌ڵكو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانيه‌وه هه‌موو تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى ئه‌و بيركردنه‌وه‌يه‌ى له‌خۆيدا دووباره‌كردۆته‌وه كه شه‌يداى ئۆبێكتيڤيته بووه: له تێڕوانينى په‌تى و ئه‌بستراكت و ئامرازى‌يه‌وه بۆ سرووشت و كۆمه‌ڵگا تا ده‌گاته ملكه‌چبوون بۆ قه‌ده‌رى ئوستوره‌يى. دوا به‌رهه‌مى ڕێژه‌گه‌رايى و ئۆبێكتيڤيزم، هيچ نيه جگه له نيهيڵيزم كه له‌سه‌ره‌تاوه، و ته‌نانه‌ت به‌ر له سوکراتيش، به‌شێك بووه له بيركردنه‌وه‌ى فه‌لسه‌فى و تێگه‌يشتن له واقيع و مه‌عريفه و زانين.
ڕێژه‌گه‌رايى هه‌ميشه جۆرێك بووه له كاردانه‌وه؛ بۆيه جێى سه‌رسوڕمان نيه ڕێژه‌گه‌را سه‌ره‌تاييه يۆنانييه‌كان، واته سۆفستاييه‌كان، له‌دواى فه‌يله‌سوفه يه‌كه‌مينه‌كان و تۆزێك دواتر هاتنه كايه‌وه. ئه‌وانه‌شى مێژووى ئايديا و بيروباوه‌ڕه‌كانيان نوسيوه‌ته‌وه، سۆفستاييگه‌رى به كاردانه‌وه‌يه‌ك ده‌زانن به‌ڕووى يه‌كه‌مين سيسته‌مه فه‌لسه‌فييه‌كانى يۆناندا كه هه‌ركاميان بانگه‌شه‌ى جۆرێك له شه‌رحى ئۆبێكتيڤ و عه‌قڵانيى ده‌كرد ده‌رباره‌ى كۆى جيهان[2].
به‌ڵام كاردانه‌وه‌ى سۆفستايى له‌ڕووى مێژووييه‌وه هاوشان و هاوئاراسته بووه له‌گه‌ڵ كرده و چالاكيى فه‌لسه‌فييدا. هه‌ردووكيان به‌رهه‌م و ده‌ركه‌وته‌ى له‌ناوچوون و كه‌وتنى دونياى يۆنانى بوون. له سه‌رده‌مى ده‌ركه‌وتنى يه‌كه‌مين سۆفستاييه‌كانه‌وه تا سه‌رده‌مى ئه‌رستۆ، واته له ماوه‌ى يه‌ك سه‌ده‌دا، ژين‌جيهان[3](Life World)ـى يۆنانى تاڕاده‌يه‌ك و بگره به‌ته‌واوييش له‌ناوچوو. بنه‌ماى سه‌ره‌كيى ئه‌م ژين‌جيهانه، هاوسه‌نگييه ته‌قليدييه‌كه‌ى نێوان تاك و كۆمه‌ڵ بوو كه له فۆرمی ده‌وڵه‌تشاردا به‌رجه‌سته‌ده‌بوو. له‌خۆڕا و بێ‌هۆ نيه كه دوايين فه‌يله‌سوفى گه‌وره‌ى يۆنان(ئه‌رستۆ)، مامۆستاى ئه‌سكه‌نده‌رى گه‌وره بوو؛ په‌يوه‌نديى نێوان ئه‌رستۆ و ئه‌سكه‌نده‌ر له هه‌ندێ ڕووه‌وه گوزارشتى زياترى تيايه تا په‌يوه‌نديى نێوان هيگڵ و ناپليۆن. له‌ناوچوونى ژين‌جيهانى يۆنانى له قاڵبى دوو ڕه‌وتى مێژووييدا هاته‌دى: 1) تێهه‌ڵكێشبوون و توانه‌وه‌ى هه‌موو ده‌وڵه‌تشاره سه‌ربه‌خۆ‌كانى يۆنان له ئيمپراتۆريه‌تى مه‌قدۆنيا و ده‌ركه‌وتنى ده‌وڵه‌تى ناوه‌ند وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارترين دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى 2) ئه‌تۆميزه‌بوون و ته‌نياكه‌وتنى كۆمه‌ڵگا يۆنانييه‌كان، له‌ناوچوونى نه‌ريته جه‌ماوه‌رييه‌كان[ـى وه‌ك كۆڕوكۆبوونه‌وه و ئاگۆرا و ده‌نگدان]، سه‌رهه‌ڵدانى تاكگه‌رايى و گۆڕ‌انى هاوڵاتيانى ئه‌سينايى و سپارتايى بۆ كۆيله و شوێنكه‌وته‌ى ئيمپراتۆريه‌ت. دياره له‌م نێوانه‌شدا، هه‌موو فۆرمه خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى و به‌شدارييه سياسييه‌كان له‌ناوچوون، ئيدى له ديموكراسيى ئه‌سينا‌وه بيگره تا ده‌گاته ئۆليگارشيه‌تى سپارتا.
هاوشانى په‌تيبوونه‌وه و ئه‌بستراكتبوونى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى، گوتاره تيۆرييه‌كانيش به‌هۆى وه‌رگرتنى مه‌وداوه له ژين‌جيهان و گرتنه‌به‌رى تێڕوانينێكى ئه‌بستراكت و ئامرازى، هه‌وڵياندا وه‌سفێكى عه‌قڵانى و بابه‌تى و سودمه‌ند سه‌باره‌ت به واقيع پێشكه‌ش بكه‌ن. له‌ئوستوره‌داماڵين ناواخنى سه‌ره‌كيى هه‌موو ئه‌م گوتارانه بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ى زيانى له‌م پرۆسه بينى، نه‌ريته جه‌ماوه‌رييه‌كان بوو، له‌كاتێكدا فه‌يله‌سوفان و سۆفستاييه‌كان، وه‌كو يه‌ك، جه‌ختيان له‌سه‌ر چاره‌نووسى ئوستوره‌يى/فه‌رمانڕه‌وايى هه‌تاهه‌تايى ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كرده‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵك و هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵات و زه‌رووره‌تى ململانێ له‌پێناوى مانه‌وه‌دا. بۆ ڕوونتربوونه‌وه‌ى ماهيه‌تى ڕاسته‌قينه‌ى له‌ئوستوره‌داماڵين هێنده به‌سه شته‌كه به‌راوردبكه‌ين به شێوازى تێڕوانينى تراژيدى‌نوسانى يۆنانى كۆن بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌يه-واته بۆ سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌ت و تياچوونى نه‌ريته‌كان-، و ده‌رگيربوونى دياله‌كتيكييان له‌گه‌ڵ ناواخنه ئوستوره‌ييه‌كاندا(دياره له‌م حاڵه‌ته‌دا تراژيدياى ئه‌نيتگۆناى سۆفۆكڵ، به‌رچاوترين نمونه‌يه). ململانێى مۆدێرنيزم و پۆستمۆدێرنيزم له سه‌رده‌مى ئێمه‌دا، له زۆر ڕووه‌وه، دووباره‌كردنه‌وه‌ى ململانێى فه‌يله‌سوفه‌كان و سۆفستاييه‌كانه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، ته‌وه‌رى سه‌ره‌كيى ململانێكه بريتييه له به‌رامبه‌ركێى نێوان ئۆبێكتيڤيزم و ڕێژه‌گه‌رايى. سۆفستاييه‌كانى سه‌رده‌مى ئێمه، واته تيۆريسته پۆستمۆدێرنه‌كان، وه‌كو باوانه دێرينه‌كانى خۆيان بڕوايان به ئه‌وله‌ويه‌تى ڕيتۆريك و ڕه‌وانبێژى هه‌يه به‌سه‌ر لۆژيكدا و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌گۆشه‌نيگاى ستراتيژييه شه‌خسى و گرووپييه‌كانه‌وه سه‌يرى ئه‌و پرسانه بكه‌ن كه په‌يوه‌ندييان به حه‌قيقه‌ته‌وه هه‌يه، ئه‌ويش بۆ به‌ديهاتنى به‌رژه‌وه‌ندى و خوليا و ئاره‌زووه شه‌خسييه‌كان(ده‌سه‌ڵات، سامان، چێژ و هتد). واده‌رده‌كه‌وێت هه‌ركات بيركردنه‌وه‌ى ميتافيزيكى، به‌هۆى گۆڕانكارييه مێژوويى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانه‌وه تووشى قه‌يران ده‌بێت، ئيدى ڕووكردنه ڕێژه‌گه‌راييش هه‌ڵده‌كشێت و په‌ره‌ده‌سێنێت. به‌ڵام ئه‌م ڕووتێكردنه هيچكات له چوارچێوه‌ى دژيه‌كى و به‌رامبه‌ركێ په‌تييه‌كانى تێڕوانينى ميتافيزيكى تێناپه‌ڕێت، به‌ڵكو به‌ته‌واوى به‌هۆى زه‌قكردنه‌وه‌ى جه‌مسه‌ره پێچه‌وانه‌كه‌وه ديدگا كلاسيكييه‌كه ئاوه‌ژووده‌كاته‌وه(بۆنمونه تاك به‌رامبه‌ر كۆ، هه‌ست به‌رامبه‌ر كردار). هاوكاتيش، زه‌رووره‌تى په‌نابردن بۆ تێڕامانى مێژوويى وه‌ك تاكه شێوازى ڕاسته‌قينه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئوستوره و ميتافيزيكدا به‌بێده‌نگى و ده‌ستلێنه‌دراوى ده‌هێڵێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت شتێكى به‌ڵگه‌نه‌ويسته كه زه‌مينه‌يى مێژوويى/كۆمه‌ڵايه‌تيى ئه‌م ململانێ فيكرييه، به‌ته‌واوى جياوازن. له‌م ڕووه‌وه ماهيه‌تى مێژوويى ڕێژه‌گه‌رايى پۆست‌مۆدێرن شتێكى جيايه له ڕێژه‌گه‌راييه كۆنه‌كه. بۆنمونه، به‌پێچه‌وانه‌ى سۆفستاييگه‌راييه‌وه كه وه‌ك جۆرێك له "قوتابخانه‌ى فيكرى" وابوو، وە له ژماره‌يه‌كى بچوكى ڕوناكبيران و نوخبه‌دا قه‌تيس مابووه‌وه، بەڵام پۆستمۆدێرنيزمى سه‌رده‌مى ئێمه ته‌عبيره له ڕه‌وتێكى كه‌لتوريى به‌رفراوان، يان به ده‌ربڕينێكى تر بريتييه له "لۆژيكى كه‌لتوريى سه‌رمايه‌داريى دوايين". ڕه‌خنه و خوێندنه‌وه‌ى مێژوويى "كه‌لتورى پۆست‌مۆدێرن"، له بابه‌تى سه‌ره‌كيى ئه‌م وتاره‌مان دوورده‌خاته‌وه كه ڕه‌خنه‌كردنى ڕێژه‌گه‌راييه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، بۆ تێگه‌يشتن له هه‌ندێك لێكچوونى مێژوويى، ده‌بێت ئاماژه بۆ چه‌ند خاڵێك بكه‌ين. گوتاره په‌تى و ئه‌بستراكته‌كان، تێكڕا خۆراكى خۆيان له ژين‌جيهان و نه‌ريته خه‌ڵكى و جه‌ماوه‌رييه‌كانى ناويه‌وه وه‌رده‌گرن. به ده‌ربڕينێكى ساده‌تر، ئه‌وانه كرمى زاڵ‌و و مشه‌خۆرى ژيانى ڕاسته‌قينه‌ى مرۆڤه‌كانن. گه‌ر ڕۆژێك كۆى ئه‌م نه‌ريتانه له‌ژێر گوشارى هێزه ئه‌بستراكته‌كانى سياسه‌ت و ئابووریيدا له‌ناوبچن و سه‌رتاپاى ژين‌جيهان له‌و دامه‌زراوانه‌دا بتوێنه‌وه كه له‌سه‌ر بازاڕ و بۆرۆكراسى به‌ندن، ئه‌وا خودى سيسته‌مى ده‌سه‌ڵاتيش تووشى قه‌يران ده‌بێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه ده‌توانين بڵێين هۆكارى سه‌ره‌كيى بره‌وى پۆستمۆدێرنيزم له ڕۆژگارى ئێمه‌دا هيچ نه‌بووه جگه له كاردانه‌وه‌ى سيسته‌مى سه‌رمايه‌داريى بیرۆكراسييانه به‌ڕووى شوێنپێ و شوێنه‌واره‌كانى قه‌يرانێكى وه‌هادا له چه‌ند ده‌يه‌ى پاش جه‌نگى جيهانيى دووه‌م.
وادياره دياريكردنى زه‌مينه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى ده‌ركه‌وتنى ڕێژه‌گه‌رايى له سه‌رده‌مى كۆن و ڕۆژگارى ئێمه‌دا، يارمه‌تيى ڕوونبوونه‌وه‌ى ئه‌م خاڵه ده‌دات. له چاوى ئه‌و ئه‌سينايى‌يانه‌وه كه سوکراتيان دادگايى و مه‌حكومكرد، ئه‌ويش يه‌كێك بوو له سۆفستاييه‌كان. دياره وێنه‌ى سوکراتيش له دايالۆگه سه‌ره‌تاييه‌كاندا، له‌به‌رامبه‌ر سوکراتى دايالۆگه‌كانى دواتر و بۆچوونه‌كانى دواترى ئه‌فلاتوندا، پشتڕاستكه‌ره‌وه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌يه. به‌ڵام داوه‌ريى ئه‌سيناييه‌كان ڕيشه‌يه‌كى قووڵترى هه‌بوو. ئه‌وان ده‌يانزانى، يان لانيكه‌م هه‌ستيان به‌وه ده‌كرد، كه عه‌قڵانيه‌تى سوکرات و تاكگه‌رايى سۆفستاييه‌كان ده‌رخه‌رى دوو لايه‌نى سه‌ره‌كيى پرۆسه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تشار و ژين‌جيهانى يۆنانيين: سه‌رهه‌ڵدانى دامه‌زراوه مه‌ركه‌زييه‌كان به‌هۆى ئه‌بستراكتبوونى په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و دابڕان و ئه‌تۆميزه‌بوونى تاكه‌كانه‌وه به‌هۆى كه‌رتبوونى ژين‌جيهان و پێكه‌وه‌بوونى ته‌قليدى و نه‌ريتييه‌وه. هه‌ردوو ڕه‌وته‌كه، ماهيه‌تى ئه‌بستراكتى سيسته‌مى نوێى ده‌سه‌ڵاتيان له بونياده چه‌مكييه‌كه‌ى خۆي‌دا به‌رهه‌مهێنايه‌وه. به‌ڵام هاوكات فه‌يله‌سوفه‌كان هه‌وڵياندا به‌په‌نابردن بۆ ئامرازى عه‌قڵ و بنياتنانى سيسته‌مێكى لۆژيكى/ميتافيزيكى، جه‌وهه‌رى مێژوويى ئه‌م سيسته‌مه كۆمه‌ڵايه‌تييه پاساوبده‌نه‌وه و دركى بكه‌ن، سۆفستاييه‌كان به پاساو‌دانى هه‌ندێك لايه‌نى ڕواڵه‌تى و دابڕاوى پرۆسه‌ى وه‌رچه‌رخانى مێژوويى كيفايه‌تيان كرد و وه‌ستان. گه‌رچى ڕه‌نگه واده‌ركه‌وێت سۆفستاييگه‌رايى به‌هۆى ئاماژه‌ى ئاشكراوه بۆ لينكى حه‌قيقه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى و خوليا و ئاره‌زووه شه‌خسييه‌كاندا، خه‌سڵه‌تێكى ئاشكراكه‌ر و دژه‌ئايدۆلۆژيى هه‌بووه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له‌بير بكه‌ين كه ئه‌وان هه‌ميشه ئاماده‌بوون توانا فيكرى و كه‌لتورييه‌كانى خۆيان بخه‌نه به‌رده‌ستى ده‌سه‌ڵاتداران و سامانداران، چونكه سه‌رده‌مانێك پێش ليبراڵه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده و پێناسه‌كه‌يان بۆ مرۆڤ وه‌ك "گيانه‌وه‌رێكى ئابووری"، گه‌يشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه گه‌ڕان به‌دواى قازانج و به‌رژه‌وه‌ندييه شه‌خسييه‌كاندا تاكه پێوه‌رى گوفتار و كردارى عه‌قڵانييه. به‌هه‌رحاڵ، به له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ندێك حاڵه‌تى وه‌ك ماناى ڕاسته‌قينه‌ى چه‌مكى به‌ديهاتنى «زات» له گوتارى فه‌لسه‌فيدا-واته ڕۆيشتن له "ئه‌وه‌ى هه‌يه" به‌ره‌و "ئه‌وه‌ى ده‌بێت ببێت" به‌هۆى چالاكيى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسيى مرۆڤه‌كانه‌وه- يان وه‌سف و پێناسه‌ى ئه‌رستۆ بۆ مرۆڤ وه‌ك "گيانه‌وه‌رێكى سياسى"، ده‌توانين به‌دڵنياييه‌وه بڵێين فيكرى ڕه‌خنه‌يى و يۆتۆپى له‌بنچينه‌وه و له‌چوارچێوه‌ى گوتارى فه‌لسه‌فييدا گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هات. به‌ڵام په‌يوه‌ندى و لينكى نزيكترى فه‌لسه‌فه له‌گه‌ڵ حه‌قيقه‌تدا، له بونياده لۆژيكى و عه‌قڵانيه‌كه‌يه‌وه سه‌رچاوه‌ناگرێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى به‌ره‌نجامى ده‌رگيربوونێكى قووڵترى فه‌لسه‌فه‌يه له‌گه‌ڵ كێشه و ناكۆكييه مێژووييه/كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا كه هه‌ميشه له كه‌وڵى هه‌ندێك كێشه‌ى ئۆنتۆلۆژى و ئه‌پيستمۆلۆژى و ئه‌خلاقييدا جێى مشتومڕى فه‌يله‌سوفان بووه.
گۆڕانكارييه مێژووييه‌كانى سه‌رده‌مى خۆمان ده‌رخه‌رى ئه‌و دياله‌كتيكه‌ى نێوان "يه‌كێتى و فره‌يى" يان چڕبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و سامان و پارچه‌پارچه‌بوونى كۆمه‌ڵگايه. ڕوويه‌كى تر‌ى دراوه‌كه، ده‌ركه‌وتنى هه‌مه‌ڕه‌نگى و فره‌يى كه‌لتورى، درووستبوونى بازاڕى جيهانيى كاڵا كه‌لتورييه‌كانه له هه‌ناوى تۆڕى جيهانيى ميدياكان و سيسته‌مه زانيارييه‌كانه‌وه. له ساڵانى شه‌ست به‌ملاوه، له‌ژێر كاريگه‌ريى پرۆسه‌ى به‌جيهانيبوونى ئابووریيدا، زۆرێك له چالاكى و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان به‌قووڵى گۆڕانيان به‌سه‌ردا هاتووه. ته‌نانه‌ت ده‌زگا و دامه‌زراوه ئايدۆلۆژى و به‌هێزه‌كانى وه‌ك ده‌وڵه‌ت و ناسيۆناليزم به‌شێك له بايه‌خ و ڕۆڵ و كاركردى خۆيان له‌به‌رژه‌وه‌نديى بازاڕى جيهانى و كۆمپانيا فره‌نه‌ته‌وه‌ييه‌كاندا له‌ده‌ستداوه. به‌چاوپۆشى له‌و هه‌مووه بيروبۆچوونه‌ى ده‌رباره‌ى دۆخى ئێستا هه‌يه(له ڕاگه‌ياندنى كۆتايى مێژوو و كۆتايى مۆدێرنه‌وه بيگره تا ڕه‌خنه كلاسيكييه ماركسييه‌كه له سه‌رمايه‌داريى دوايين)، هيچ كه‌س له‌و ڕووه‌وه گومانى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه كه ئه‌وه‌ى ده‌يبينين زيادبوونى ئاڵۆزى و توندبوونه‌وه‌ى خه‌سڵه‌تى ئه‌بستراكتى په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و په‌ڕينه‌وه‌يه بۆ قۆناغ يان ئاستێكى نوێى "يه‌كێتى و يه‌كبوون"ـى كۆمه‌ڵگا مرۆييه‌كان. گه‌ر له سه‌ره‌تاكانى ئه‌م سه‌ده‌يه‌وه(سه‌ده‌ى 20)، چاره‌نووسى خه‌ڵك له‌لايه‌ن بۆرۆكراسييه خۆماڵييه‌كان و سه‌رمايه‌دارانى ناوخۆييه‌وه دياريده‌كرا، ئه‌وا ئه‌مڕۆ ژيانى تاكه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت قاڕه‌كانيش به‌ده‌ستى گۆڕانكارييه پێشبينينه‌كراوه‌كانى بازاڕه‌كانى بۆرسى نيۆرك و تۆكيۆوه‌يه. به‌ڵام زيادبوونى يه‌كێتى، پێكه‌وه‌يى و چوونيه‌كى، به‌شێوه‌يه‌كى دياله‌كتيكى هاوشانه له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى هه‌مه‌ڕه‌نگى و فره‌ييشدا، ڕێك وه‌كچۆن له سه‌رده‌مى كۆنيشدا سه‌رهه‌ڵدانى ئيمپراتۆريه‌تى مه‌ركه‌زيى ئه‌سكه‌نده‌ر و يه‌كێتيى نه‌ته‌وه و هۆزه‌كان و كه‌لتوره جۆراوجۆره‌كان له يه‌ك سيسته‌مى سياسيدا، پێويستى به كه‌رتبوونى ده‌وڵه‌تشاره يۆنانييه‌كان و توندبوونى تاكگه‌رايى بوو. به‌هه‌رحاڵ، به‌جيهانيبوون پرۆسه‌يه‌كى هێنده ئاڵۆز، خێرا، شل و گۆڕاو، فره‌چين و فره‌لۆ، ناكۆك و گێژكه‌ره كه بۆ ناسينى، هه‌ر پله‌يه‌ك له ئاڵۆزيى تيۆرى و چه‌مكايه‌تى، وه‌ك شتێكى ناكافى و ساويلكانه دێته به‌رچاو.
به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنى تێبينييه مێژووييه‌كانى سه‌ره‌وه ده‌توانين بڵێين ڕێژه‌گه‌رايى گوتارێكى ئه‌بستراكت و نامێژووييه كه به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌موو بانگه‌شه‌كانه‌وه، هيچكات له چوارچێوه‌ى بيركردنه‌وه‌ى ميتافيزيكى و ئوستوره‌يى تێناپه‌ڕێت. ڕێژه‌گه‌رايى هه‌ڵگرى هه‌موو تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى ميتافيزيكه: باڵاده‌ستيى چه‌مكه‌كان به‌سه‌ر بابه‌ته كۆنكرێتييه‌كانياندا، ڕه‌هاگه‌رايى چه‌مكايه‌تى، پاساودان و پاكانه‌كردن بۆ واقيعى باڵاده‌ست و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى له قاڵبى بونياده تيۆرييه‌كاندا، پاڵپشتيكردن له دژايه‌تيى سوبێكت و ئۆبێكت و ئه‌و دژيه‌كيانه‌شى كه لێيه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، پشتگوێخستنى مێژوو وه‌ك پانتايى پێكداچوون و نێوانگريى ئه‌م لايه‌ن و جه‌مسه‌ره لێكدابڕاوانه، دواجاريش پشتگيريكردن له خودگه‌رايى و سوبێكتيڤيزم كه خۆى ژێرخانى هه‌موو فۆرمه ئۆبێكتيڤيسته ميتافيزيكييه‌كانه.
هه‌ڵبه‌ت شه‌رحه‌كه‌ى سه‌ره‌وه له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌يه‌كى بڵند و ده‌ره‌كى به‌نده. تا ئه‌و جێيه‌ى په‌يوه‌نديى به ڕه‌خنه‌ى ناوه‌كى يان ناونشينى ڕێژه‌گه‌راييه‌وه هه‌يه، ئه‌وا نه‌ريتى فه‌لسه‌فى زۆرجار به باسكردنى ئه‌و خاڵه بڕاندوويه‌تيه‌وه كه هه‌رجۆره هێرشێك بۆسه‌ر عه‌قڵ و زانست به‌زه‌رووره‌ت دژه‌عه‌قڵانى و دژه‌زانسته، و له‌م ڕووه‌وه پێويست به وه‌ڵام ناكات. ئه‌م به‌ركه‌وتنه سته‌مكارانه‌يه، كه له‌ڕاستيدا گوزارشته له شێتى و جنونى فه‌لسه‌فه، تا ئه‌مڕۆش هه‌ر درێژه‌ى هه‌يه. ده‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م به‌ركه‌وتنه، له‌و تاكه به‌ڵگه و بورهانه پێشكه‌شكراوه‌دا دژى ڕێژه‌گه‌رايى ده‌گاته گوێ. به‌پێى ئه‌م به‌ڵگه و بورهانه، ڕێژه‌گه‌رايى هه‌ڵوێست و هه‌ڵوه‌سته‌يه‌كى ناكۆك و پارادۆكسيكاڵه و سه‌ره‌نجاميش نادرووسته. چونكه گوزاره‌ى هه‌موو «شتێك ڕێژه‌ييه» خۆى هه‌ڵگرى جۆرێك له ڕه‌هاگه‌رايى و موتڵه‌قگه‌راييه. شه‌يدابوون به "ئه‌نجامى لۆژيكى" و ترس و ڕق له "ناكۆكى و پارادۆكس"، كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كيى ئه‌م به‌ڵگه و بورهانه‌يه. ئه‌دۆرنۆ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگيى ئسلوبى ناونشين(ئيمانێنت) و ڕه‌خنه‌ى ناوه‌كيى ڕێژه‌گه‌رايى ده‌كاته‌وه و ده‌نوسێت:
وه‌رگرتنى ئه‌م ئسلوب و هه‌ڵوێسته دژى ڕێژه‌گه‌رايى، به كه‌موكورتى ماوه‌ته‌وه. چونكه به‌شى گه‌وره‌ى ڕه‌خنه‌كه لێى، تا ئه‌مڕۆ به‌جۆرێك بووه كه كه‌متازۆر تانوپۆى فيكرى ڕێژه‌گه‌رايانه‌ى به ده‌ست لێنه‌دراوى هێشتووه‌ته‌وه. بۆنمونه، ئه‌رگۆمێنته باوه‌كه دژى ئشپينگه‌ر-كه ڕێژه‌گه‌رايى لانيكه‌م پرسێكى موتڵەقە، واته ئيعتيبارى خۆى وه‌ك پێشگريمانه وه‌رده‌گرێت و سه‌ره‌نجاميش نوقسانه- ئه‌رگۆمێنتێكى بێهوده‌يه. ئه‌م ئه‌رگۆمێنته، نه‌فيكردنى گشته‌كيى پره‌نسيپێك له‌گه‌ڵ بڵندبوونه‌وه‌ى خودى ئه‌م نه‌فييه‌دا تێكه‌ڵده‌كات وه‌ك شتێكى پۆزه‌تيڤ؛ ئه‌ويش به‌بێ سه‌رنجدان له جياوازيى زه‌قى شوێنگه‌ى چه‌مكايه‌تيى هه‌ردووكيان[4].
كه‌شفكردنى ئه‌م ناكۆكييه لۆژيكييه، بۆ فيكرى ئه‌بستراكت وه‌ك سه‌لماندنى درۆى ناو ڕێژه‌گه‌رايى وايه و ده‌رخه‌رى كۆتايى پرۆسه‌ى لێكۆڵينه‌وه و بيركردنه‌وه‌يه. تاكه ئه‌نجامى ڕه‌خنه‌ى لۆژيكيى ڕێژه‌گه‌رايى، بريتييه له نه‌فييه ئه‌بستراكته‌كه‌ى كه سه‌ربارى سڕينه‌وه‌ى ته‌واوه‌تيى ڕێژه‌گه‌رايى، به‌فيعلى به ده‌ست لێنه‌دراوى ده‌يهێڵێته‌وه و هيچ گۆڕانێك له بابه‌تى ڕه‌خنه‌كه‌دا درووستناكات. به‌ڵكو ڕه‌خنه‌ى چه‌مكايه‌تيى-مێژوويى ڕێژه‌گه‌رايى، به‌هۆى ده‌رگيربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكى بابه‌تى ڕه‌خنه‌كه‌دا و فراوانكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌كانى ناوى، سه‌رده‌كێشێت بۆ نه‌فيى كۆنكرێتى ڕێژه‌گه‌رايى و گۆڕينى. سه‌ره‌نجام ئه‌وه خودى ڕێژه‌گه‌راييه كه به‌هۆى ده‌سگه‌يشتنى به خودئاگايى مێژووييه‌وه، خه‌سڵه‌تى درۆيينه‌ى خۆى وه‌ك ڕوانگه‌يه‌كى ئه‌بستراكت و تاكلايه‌نه ئاشكراده‌كات.
به‌م جۆره ئه‌وه ڕوونده‌بێته‌وه كه جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر نايه‌كانگيريى لۆژيكى، يان به ده‌ربڕينێكى درووستتر، ڕه‌خنه‌ى ئه‌پيستمۆلۆژيى ڕوانگه‌ى ڕێژه‌گه‌را ناگاته جێيه‌كى ئه‌وتۆ. ڕێژه‌گه‌رايى، ڕه‌وتێكه كه له ئه‌پيستمۆلۆژياوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، به‌تايبه‌ت ئه‌پيستمۆلۆژياى مۆدێرن كه ئيلهامى خۆى له ديكارت و كانته‌وه وه‌رگرتووه كه گه‌ڕانه‌كه‌ى به‌دواى دڵنيايى‌دا له‌ڕێگه‌ى ميتۆدى زانستى‌يه‌وه، خۆى به‌رهه‌مهێنه‌رى دواليزمه‌كانى وه‌ك خود و بابه‌ت(سوبێكت/ئۆبێكت)، ڕۆح و جه‌سته، بابه‌تگه‌رايى و ڕێژه‌گه‌راييه. له‌ڕاستيدا ڕێژه‌گه‌رايى، مناڵى ناشه‌رعيى ئه‌پيستمۆلۆژياى ئه‌بستراكته و له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه عه‌قڵانيه‌تى مۆدێرن هه‌ميشه به ڕقوكينه‌وه و وه‌ك جۆرێك له نه‌خۆشى و گوناهـ و فه‌سادى ئه‌خلاقى باسى لێوه كردووه. له ديدى نه‌ريتى ئه‌پيستمۆلۆژييه‌وه، ڕێژه‌گه‌رايى وه‌ك جۆرێك له "عه‌يبه‌ى خێزانى"يه كه وه‌ك نهێنييه‌ك نه‌وه به نه‌وه ده‌درێته‌ده‌ست ميراتگرانى ئه‌م نه‌ريته: ڕاز و نهێنييه‌ك كه ده‌بێت به هه‌ر جۆرێك بووه به‌نهێنى بمێنێته‌وه(بۆنمونه، به خۆپاراستن له ئاماژه‌كردن به "مێژووى ڕاسته‌قينه‌ى خێزانه‌كه" و هێشتنه‌وه‌ى شته‌كه به بێده‌نگى). ڕه‌خنه‌ى ڕاسته‌قينه‌ى ڕێژه‌گه‌رايى، پێويستى به ڕه‌خنه‌كردنى كۆى ئه‌پيستمۆلۆژيا و بابه‌تگه‌راييه شاراوه‌كه‌ى ناويه‌تى و لێره‌شه‌وه به شێوه‌ى جۆرێك له ميتا-ڕه‌خنه(metacritique) ده‌رده‌كه‌وێت.
به بڕواى ئه‌دۆرنۆ باشتر وايه ڕێژه‌گه‌رايى به ئاگايى يان تێڕوانينێكى سنوردار بزانين كه له‌گه‌ڵ تاكگه‌رايى بۆرژوازييدا سه‌ريهه‌ڵدا. به‌پێى ئه‌م تێڕوانينه «ئاگايى تاكه‌كه‌سى وه‌ك دوا شت سه‌يرده‌كرێت، و مافێكى يه‌كسان ده‌درێت به هه‌موو بيروباوه‌ڕه تاكه‌كه‌سييه‌كان؛ وه‌ك‌بڵێى هيچ پێوانه و پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕاستى و درووستييه‌كه‌يان بوونى نيه. ده‌بێت به‌شێوه‌يه‌كى زۆر كۆنكرێتى، به بانگه‌شه‌كارانى ئه‌م تێڕوانينه ئه‌بستراكته‌ى گوايا بيركردنه‌وه‌ى هه‌ركه‌سێك مه‌سه‌له‌يه‌كى مه‌رجدار و وابه‌سته‌يه، بگوترێت بيركردنه‌وه‌ى خۆيشيان هه‌مان دۆخى هه‌يه، و ناشتوانن ئه‌و ڕه‌گه‌زه سه‌روو-تاكه‌كه‌سييه ببينين كه تاكه فاكته‌رى گۆڕينى ئاگايى تاكه‌كه‌سييه بۆ بيركردنه‌وه. ڕوانينى نوستووى پشت ئه‌م تێڕوانينه، گوزارشته له سوككردنى زه‌ين و سه‌ردانه‌واندن بۆ ده‌سه‌ڵاتى زاڵى هه‌لومه‌رجى ماترياڵى»(هه‌مان سه‌رچاوه). ئاشكرايه ئه‌دۆرنۆ له ئاستى پياده‌كردنى ڕێژه‌گه‌رايى به‌سه‌ر خۆي‌دا و ئاشكراكردنى نايه‌كانگيريى لۆژيكيى ئه‌م تێڕوانينه زياتر ده‌ڕوات و ڕاسته‌وخۆ په‌نجه ده‌خاته سه‌ر جه‌وهه‌ره مێژوويى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌ى. ئه‌و باش ئاگاى له‌وه‌يه كه ڕه‌خنه‌كردنى ڕێژه‌گه‌رايى پێويستى به تێپه‌ڕينه له پانتايى فۆرماڵ و ئه‌بستراكتى ئه‌پيستمۆلۆژى:
جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر هه‌ر جۆره ناسين(زانينێك)، هه‌ميشه ته‌نيا له ده‌ره‌وه(ى پانتايى كۆمه‌ڵگا و مێژووه‌وه) مومكينه و ده‌ڕه‌خسێت. واته تا ئه‌و كاته‌ى كه هيچ جۆره ناسين يان كرده‌يه‌كى مه‌عريفيى كۆنكرێتى له‌ئارادا نه‌بێت. هه‌ركه ئاگايى دزه‌يكرده ناو شتێكى دياريكراوه‌وه و هه‌ركه ڕووبه‌ڕووى بانگه‌شه ناوه‌كى و زاتييه‌كه‌ى خۆى بووه‌وه سه‌باره‌ت به ڕاستبوون و هه‌ڵه‌بوون، ئيدى خه‌سڵه‌تى زه‌ينى و ڕێكه‌وتى بيركردنه‌وه‌ش له‌ناوده‌چێت.
له ڕوانگه‌ى ئه‌دۆرنۆوه، هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى كه ڕێژه‌گه‌راكان به شتى تاكه‌كه‌سى و ڕێكه‌وت و بونيادى و شينه‌كراوه‌يان ده‌زانن، «كۆمه‌ڵێك ديارده‌ى به‌زه‌رووره‌ت كۆمه‌ڵايه‌تيين» و به‌رهه‌مى «ئۆبێكتيڤيته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تيين». ته‌نانه‌ت وه‌سفكردن يان به‌رگريى "زانستى" له ڕێژه‌گه‌رايى كه له‌لايه‌ن هه‌ندێك كۆمه‌ڵناسى "زيره‌كتر"ـى وه‌ك پارتۆ و مانهايمه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو-ئه‌ويش به‌هۆى فراوانكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌گه‌رايى له پانتايى تاكه‌كه‌سييه‌وه بۆ پانتايى گرووپه‌كان و توێژه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان- ديسان هه‌ر له «كۆى كۆمه‌ڵگا و پانتايى ئۆبێكتيزڤ و بابه‌تييه‌وه ده‌رهێنراوه».نوخبه‌گه‌رىو سازشكارى، له فرمان و كاركرده ئايدۆلۆژييه‌كانى "تيۆره زانستييه‌كان"ـى كۆمه‌ڵناسيى ڕێژه‌گه‌رايه.
وێڕاى ئه‌مانه، ئه‌مڕۆ شيكردنه‌وه‌كه‌ى ئه‌دۆرنۆ خۆيشى، وه‌ك شيكردنه‌وه‌يه‌كى ناكافى و ناته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت. به وته‌ى خۆى «ئه‌وه‌ى پێى‌ده‌وترێت ڕێژه‌يبوونى كۆمه‌ڵايه‌تيى ڕوانگه‌كان، په‌يڕه‌وى له ياساى ئۆبێكتيڤى به‌رهه‌مهێنانى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌كات له‌ژێر هه‌لومه‌رجى خاوه‌ندارێتيى تايبه‌تى هۆيه‌كانى به‌رهه‌مهێناندا». ئه‌دۆرنۆ به‌م پێيه ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه «بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌گه‌رايى، پێويست به‌وه ناكات هيچ جۆره موتڵه‌قگه‌راييه‌كى بۆ بانگكه‌ين. ڕێژه‌گه‌رايى سه‌روسيمايه‌كى هه‌رچه‌ند پێشكه‌وتووى هه‌بێت، هێشتا و هه‌ميشه له ته‌واوى سه‌رده‌مه‌كاندا په‌يوه‌ستبووه به ديوه كۆنه‌په‌رستييه‌كانى كۆمه‌ڵگاوه. ئاماده‌يى سۆفستاييه‌كان بۆ خزمه‌تكردن به به‌رژه‌وه‌نديى ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نيا ده‌سپێكى ئه‌م په‌يوه‌ستبوونه بووه[5]». ئه‌دۆرنۆ خۆى له هه‌مووكه‌س زياتر ئاگاى له‌و خاڵه بوو كه "ئۆبێكتيڤيته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى" مه‌سه‌له‌يه‌كى سه‌رتاپا مێژوويى و گۆڕاوه، نه‌ك جۆرێك له سرووشتى دووه‌م. هه‌ر به‌و جۆره‌ى خۆى وتبووى، به‌هۆى گۆڕانكارييه مێژووييه‌كانى ناوه‌ڕاسته‌كانى ئه‌م سه‌ده‌يه‌وه، كه‌لتور خه‌سڵه‌تێكى پيشه‌سازييانه‌ى وه‌رگرت و گۆڕا بۆ پيشه‌سازيى كه‌لتور[6]. له دۆخێكى وه‌هادا، "خاوه‌ندارێتيى تايبه‌تيى هۆيه‌كانى به‌رهه‌مهێنان" ته‌نانه‌ت بۆ تێگه‌يشتن له ئابووریى سه‌رمايه‌دارى، كافى نيه. پۆستمۆدێرنيزم يان سۆفستايى سه‌رده‌مى خۆمان سه‌ره‌ڕاى ڕواڵه‌ته پلوراڵيستييه‌كه‌ى، جه‌ختكردنه‌وه‌يه له‌سه‌ر كه‌لتورى يه‌كه‌ى پاره(دراو) و مه‌سره‌ف. په‌يوه‌نديى ڕێژه‌گه‌رايى به سه‌رمايه‌داريى بۆرۆكراسييه‌وه له‌سه‌ر ژماره‌يه‌كى زۆر نێوانگر(ميديۆم) وه‌ستاوه كه زۆرجار په‌يوه‌ستن به كايه‌ى ئاڵوگۆڕ و مه‌سره‌فه‌وه نه‌ك به‌رهه‌مهێنان. ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وته‌كانى ڕێژه‌گه‌رايى، ژماره‌يه‌كى به‌رفراوان و هه‌مه‌ڕه‌نگ كايه ده‌گرێته‌وه كه هه‌موويان به‌و مانايه‌ى ئه‌دۆرنۆ مه‌به‌ستيه‌تى كۆنه‌په‌رستانه نين. به‌رفراوانى و هه‌مه‌ڕه‌نگيى ئه‌م كايانه، خۆى گوزارشته له‌و ڕاستييه‌ى كه به‌پێچه‌وانه‌ى تێڕوانينى ئه‌دۆرنۆوه، ڕێژه‌گه‌رايى ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه له‌ناوناچێت كه سنورداره. په‌ره‌سه‌ندنى ڕێژه‌گه‌رايى و هه‌مه‌ڕه‌نگييه‌كه‌ى، ته‌عبيره له په‌يوه‌ندييه‌كه‌ى به قه‌يرانى سه‌رده‌مه‌كه‌مانه‌وه. هه‌ر به‌م هۆيه‌وه، ڕه‌خنه‌كردنى كۆنكرێتيى ده‌ركه‌وته و ده‌رهاويشته‌كانى پرسێكى زه‌روورييه. پره‌نسيپه تيۆرييه‌كانى ڕه‌خنه‌كردنێكى له‌م جۆره، به‌كورتى بريتيين له‌مانه:
- سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى كه ڕێژه‌گه‌رايى وه‌ك تێڕوانينێكى تيۆرى، هه‌م په‌تى و ئه‌بستراكته و هه‌م نامێژووييش.
- ڕێژه‌گه‌رايى به ماناى دابڕان له بيركردنه‌وه‌ى ميتافيزيكى نايه‌ت، گوزارشتيش ناكات له زاڵبوون به‌سه‌ر ئۆبێكتييزمدا وه‌ك غايه‌ت و ئامانجى ئه‌م جۆره بيركردنه‌وه‌يه.
- خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌كييه‌كانى ڕێژه‌گه‌رايى، واته ئه‌بستراكتبوون و نامێژووييبوون، له‌ناوه‌وه گرێدراون به‌يه‌كتره‌وه. ئه‌زموونى فه‌لسه‌فيى هيگڵ ده‌ريخست كه زاڵبوون به‌سه‌ر دژيه‌كييه ئه‌بستراكته‌كاندا پێويستى به مێژووييبوونى فيكر و بيركردنه‌وه‌يه، ته‌نيا له‌ڕوانگه‌ى بيركردنه‌وه‌ى مێژووييشه‌وه‌يه كه ماهيه‌تى درۆزنانه‌ى ئه‌م دژيه‌كانه ئاشكراتر ده‌بێت و تێپه‌ڕين لێيان ده‌بێته شتێكى مومكين. پشتگوێخستنى جياكارييه كلاسيكييه‌كه‌ى نێوان لۆژيك و مێژوو، پێشمه‌رجى ڕه‌خنه‌كردنى ڕێژه‌گه‌رايى و ئۆبێكتيڤيزمه.
- ئه‌مڕۆ ڕێژه‌گه‌رايى ته‌وه‌رى سه‌ره‌كيى كه‌لتورى پۆستمۆدێرنى سه‌رده‌مى خۆمانه. ئه‌م كه‌لتوره به‌هۆى به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى جياوازى و فره‌ييه‌وه له ڕواڵه‌ت و ڕووكه‌شى په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا، واقيعى به‌جيهانيبوونى ئابووری و ده‌سه‌ڵاتى كه‌لتورى به‌رخۆرى به‌سه‌ر جيهاندا و هاوشێوه‌كردنى هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان و كه‌لتوره‌كان ده‌شارێته‌وه. له‌پاڵ فراوانبوونى بازاڕى جيهانيدا، جيهانيش، له هه‌موو ڕووكار و ڕه‌هه‌نده‌كانيه‌وه، تادێت بازاڕيتر ده‌بێت. به‌هۆى گۆڕانكارييه بونيادييه‌كان و ئه‌وله‌ويه‌تى پانتايى ئاڵوگۆڕ و مه‌سره‌فه‌وه، ئه‌مڕۆ كه‌لتورى پۆست‌مۆدێرن يه‌كێكه له كۆڵه‌كه بنه‌ڕه‌تييه‌كانى سيسته‌مى جيهانيى سه‌رمايه‌داريى بۆرۆكراسيى ڕێژه‌گه‌رايى، نه‌ك جۆرێك له "سه‌رخان" يان "ڕه‌نگدانه‌وه". له‌به‌ر ڕۆشنايى خاڵه‌كانى سه‌ره‌وه‌دايه كه بايه‌خى ڕه‌خنه‌كردنى ڕێژه‌گه‌رايى وه‌ك تێڕوانينێكى تيۆرى، و ڕۆڵى زه‌رووريى ئه‌م ڕه‌خنه‌كردنه له هه‌ر هه‌وڵێكدا بۆ تێگه‌يشتن له دۆخى مێژوويى جيهانى هاوچه‌رخ، ئاشكراده‌بێت.
[1]. واته پشتبه‌ستن به ده‌ره‌وه‌ى زه‌ينى مرۆڤ، پشتبه‌ستن به فاكت و دۆخى بابه‌تى و خۆدوورگرتن له خودگه‌رايى و پێوه‌رى سوبێكتيڤ و شه‌خسى بۆ تێگه‌شتن له ديارده‌كان- و
[2]. (كاپيڵستۆن، مێژووى فه‌لسه‌فه، لا101-102).
[3]. چەمكێكە لای هۆسرێڵ و هایدگەر و هابەرماس و هتد بەكارهاتووە و ئاماژەیە بۆ ئەو ژینگە وجودییە كۆمەڵایەتییە سیاسییە مێژووییە كەلتورییەی كە مرۆڤەكان پێكەوە تێیدا بەشداردەبن و مانای ژیانە شەخسییەكەیانی خۆیانی لێوە وەردەگرن و هاوكات پێوەرەكانی ژیانیشیانی لێوە وەردەگرن- و
[4]. (كتێبى دياله‌كتيكى نێگه‌تيڤ، ئه‌دۆرنۆ).
[5]. (هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو)
[6]. جگه له ماده، ئايديا و به‌رهه‌مه زه‌ينييه‌كانيش ده‌توانن ببنه كه‌لتور و به‌پيشه‌سازى بكرێن و سيسته‌مى باڵاده‌ست بيكات به كاڵايه‌ك و هه‌ژموونى خۆى پێ بسه‌پێنێت. زۆرێك له به‌رهه‌مه‌هونه‌رى و ميديايى و ئه‌ده‌بييه‌كانى ئه‌مڕۆ و زۆر ديارده‌ى تريش كراونبه پيشه‌سازيى كه‌لتور و پێشكه‌وتنى ته‌كنۆلۆژييش پاڵنه‌رى سه‌ره‌كيى پشت ئه‌م جۆره پيشه‌سازييه‌يه، چونكه ناواخنێكى چه‌ندێتى(كمى) به به‌رهه‌مه‌كان ده‌به‌خشێت و ده‌رهاويشته زه‌ينييه‌كان به‌شێوه‌يه‌ك