A+    A-
(2,026) جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆ لەگەڵ دانیال دێنیت، فەیلەسوف و زانای بواری ناسين و درككردن

وەرگێڕانی: وریا ئەحمەد

 

 

 

 

دانیال دێنیت ھێندە هەڵاساز و جەنجاڵییە، تەنانەت "تویت"ـەکانی لە دونیای زانستە مرۆییەکاندا قسەوباسی زۆر بەدووی خۆیدا دێنێت، چ بگات بەوەی کتێبێکی نوێ بڵاوبکاتەوە. دینێت لەکتێبە نوێکەیدا، لە بەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە، پرسی ئاڵۆزی ئاگایی و چارەنووسی ئەم پرسەی لە جیھانی ئایندەدا خستۆتە بەرباس. لەدیدی ئەم فەیلەسوفە ئەمریکاییەوە، ئێمە لە دەروازەکانی قۆناغێکداین کە لەبەر  سەختیی ئاڵۆزبوونی پرسەکان، چیتر ھیچکەس توانستی تێگەیشتنی تەواوی لەسەر ھیچ بابەتێک نیە: چاخێکی خرۆشێنەر و سەرسامکەر.

ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ فەیلەسوفی عەقڵگەرای ئەمریکی سازدەکەم، ڕێك لە ڕۆژی ئاھەنگی بوون بە سەرۆک کۆماریی ترامپ، کە بێگومان ڕۆژێکی گونجاوە بۆ قوڵ بیركردنەوە لەبارەی ھەرەسی شارستانیەت لەبەرامبەر گۆڕانکارییە تەکنۆلۆژییەکاندا. دێنیت لەنوێترین کتێبیدا، هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە کردووە. دێنیت، فەیلەسوفێکی بێ ھاوتای نێو کایەی ڕۆشنبیریی ئەمریکایە، فەیلەسوفێکی حەفتاو چوارساڵە، بە قژ و ڕیشێکی سپییەوە، لێکۆڵینەوەکانی پرسگەلێک شیدەكاتەوە کە لەخاڵی پێکگەیشتنی زانست و تەکنۆلۆژیا و ئاگایی، بەرجەستەدەبن. بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەو، مێشکە، بەوەی کە چۆن مانا بەرھەمدێنێت، و مێشکی ئێمە چ دەرک و تێگەیشتنێکی دەربارەی ئایندەیەک ھەیە کە ئامێری زیرەك و ڕۆبۆت پەرەی تیا دەسێنن. دێنێت، بەھۆی بڵاوبوونەوەی نوێترین کتێبییەوە بەناوی ( لە بەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە)، ھاوڕێ لەگەڵ سۆزانی ھاوسەریدا، لە لەندەنە و لە باڵاخانەیەكی کرێدا لە گەڕەکی ناتینگ ھێڵ چاپێکەوتنی لەگەڵدا سازدەکەم. لەکاتێکدا کە بە ڕووگرژییەوە چاوی بڕیبووە شاشەی لاپتۆپەکەی، دەیگوت: خەریکبووم تویتێکم دەنارد، شتێکی لەم شێوەیە بوو «سیناتۆرە کۆمارییەکان لەپێگەیەکدان کە ئیرەییان پێ ببرێت. چەندجار کەسێک ئەو ھەلە ڕاستینەیەی بۆ دەستبەردەبێت تا ببێتە پاڵەوانی نەتەوەیی؟ چ کەسێک دەتوانێت پێ بخاتە سەر ستەیج و بچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە؟». دێنێت، پێگە فیکرییەکەی بەجۆرێکە، کە لێدوانەکانی دەتوانێت کاریگەری بەجێبھێڵێت. ئەو وتاربێژێکی ناسراوە لە بازنەی تید[1] و ھاوڕێی زۆرێک لەدەستبژێرانی سیلیکۆنە، بەڵام دێنیت لەوجۆرە دەگمەنانەیە، بوونێکی ئەفسانەیی ھەیە و خاوەن چاپەمەنییەکان لەخەونەکانی دەگەن، نوسەری کتێبگەلێکی جدی و ناوەڕۆکدار، کە ڕێژەی فرۆشیان بەرزە. ئاشکرایە کە نوێترین کتێبی لەکاتێکی تایبەتدا دانراوە و نوسراوە.  دێنێت ھاوپەیمانێکی ڕیچارد داوکینزە و ھەروەک ئەو جەنگاوەرێکی ئەتایستە و بڕیاریداوە كەلتور و شارستانیەت لە دیدی پەرەسەندن(ئیڤولەیشن)ـەوە بخاتە بەرباس. کۆتا بەشی کتێبەکەی، کە تێیدا بە بیرتیژییەوە ئایندەی تەکنۆلۆژیی ئێمەی خستۆتە بەرباس، بەو ئامانجەوە نوسراوە کە تێڕامان بەباربھێنێت. لەبری ئەمە، ئەم بەشەی کتێبەکەی تا ڕادەیەک ترسھێنەرە، ئەو دەنوسێت: ئێمە بەتازەیی لەدۆخی بەدەستھێنانی ئاگایین لەبارەی پەیامی گریمانکراوی تەکنۆلۆژیاگەلێک کە لەئێستادا سەرقاڵی داھێنانیانین! کەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە تێگەیشتن لەو پەیامانە بێ توانا دەبین. متمانە و ھاوکاریی مرۆیی، شتانێکی لەپێش بەدەستھاتوو نین، ئەوانە بەرھەمی لاوەکیی پرۆسیسێکی ڕۆشنبیریین کە دەکرێت پێچەوانەببنەوە. شارستانێتیی  زۆر زۆر لاواز و قابیلی شکانە، بەجۆرێک کە کەسمان نامانەوێت تەنانەت بیریشی لێ بکەینەوە(گاردیان).

            ***                     ***                    ***                  *** 

 

 

 کادلادار: خەریکبووم بیرم لەوە دەکردەوە کە ڕەنگە فەیلەسوفان هەر ئەو کەسانە بن ئێمە  لەئێستادا پێویستمان پێیانە. واتە جۆرێک لە قوڵبینین و بیرتیژی لەبارەی ئەوەی لەئێستادا لەدۆخی ڕووداندایە؟

دێنیت: بەڵێ، قوڵ بیرکردنەوە لەلایەن ھەموانەوە. مەترسیی ڕاستەقینە لەپێشمانەوە ئەوەیە کە ھەستی ڕێزگرتنمان لەحەقیقەت و واقیع لەدەستداوە. خەڵکی چیتر لەوە تێگەیشتوون کە ئێجگار ئاسانترە بۆ بەدەستھێنانی متمانە و بوونبەجێگای متمانەپێکردن، ئابڕووی ئەوانیتر ببەن، لەبری ئەوەی بەدوای بەدەستھێنانی ئابڕووەوە بن بۆ خۆیان. گرنگ نییە ئەوەی دەیڵێیت تاچەندە واقیعی و ڕاستە، چونکە کەسانی تر دەتوانن ئەو پڕوپاگەندەیە بڵاوبکەنەوە کە تۆ ھەواڵی ساختە پەخشدەکەیت. ئێمە لە لێواری خەرەندی قۆناغی نەبوونی حوکمی یەکلاکەرەوە و تاریکی مەعریفەی شوناسداین، کە لەسەدە تاریکەکانەوە تا ئێستا ئەزموونی لەم شێوەمان بەخۆمانەوە نەبینیوە.

 

  کادلادار: چەندساڵ پێش ئێستا، وتارێکت دەربارەی ئەوە نوسی کە چۆن تەکنۆلۆژیا بۆ خەڵکی و بۆ دەزگاکان، چ بیانەوێت یان نەیانەوێت، شەفافیەت بەباردێنێت، و کاریگەرییە گەورەکانی ئەم بابەتەت خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە، وادێتەبەرچاو کە ئەمە ھەمان ئەو شتەیە کە لەدۆخی ڕووداندایە، وا نیە؟

 دێنێت: بەڵێ من ئەو وتارەم بەھاوکاری دیب ڕۆی نوسی، زانایەکی گەنج و بەئاگای بواری زانستی کۆمپیتەری و ڕۆبۆتیکە کە ئێستا سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی تویتەرە. ئێمە ئەم ڕووداوەمان بە (تەقینەوەی کامبرین[2]) بەراوردکرد، کە بەچاخی داھێنراوە گەورەکان دێتەھەژمار، چاخی ھاتنەبوونی چەندین جۆری تری گیانلەبەران. لەم چاخەدا ھەموو جۆرە نوێکانی ژیان ھاتنەبوون، بەڵام ھاوزەمان بەھەمان ئەندازەش جۆرەکانی تری ژیان لەناوچوون! ئەو چاخە بەجۆرێک لەجۆرەکان کێبەرکێی خۆپڕچەککردن بوو.

 

کادلادار: لەسەر بنەمای ئەمە تۆ دەتەوێت بڵێیت زۆرێک لە ئامرازە سەرسوڕھێنەرەکان ھەن کە بڕیارە دابھێنرێن؟

   دێنێت: بەڵێ، و دژە ئامرازەکانیش!

 

  کادلادار: دەڵێیت کە ئەم کارە سەر بۆ جەنگی زانیاری دەکێشێت؟ بەرمەبنای ھەندێک لە وەسفەکان، ئەمە ڕێک دۆخی ئێستای ئێمەیە، ئاخۆ وا نیە؟

   دێنێت: ڕێک وایە، من لەھەمبەر شەفافیەتی زانیارییەکان زۆر خۆشحاڵ بووم، چونکە ئەم بابەتە زەمینەی باوەڕ و ئیمانی بەرتەسکدەکردەوە، بەڵام شتێکی لەم شێوەیە باشەی ڕەھا نیە و دەتوانێت ترسناک بێت.

 

 کادلادار: ئەم بۆچوونە ھەیە کە گوایە فەلسەفە بەشێکی تۆز لەسەر نیشتووە و بە بازنەی ئەکادیمیاوە پەیوەستە، بەڵام لەواقیعدا پرسگەلی ھاوشێوەی چیەتی واقع و چییەتیی حەقیقەت، پرسگەلی ڕیشەیی ئەمڕۆن، پرسگەلی ڕیشەیی ئەمڕۆن، وا نیە؟

 دێنیت: شێوازی مامەڵەكردنی فەلسەفە لەگەڵ ئەم پرسانەدا ھەمیشە مایەی شانازی نەبووە. ڕەنگە خەڵکی لەئێستادا ھێدی ھێدی لەوە تێبگەن کە فەیلەسوفان بەگشتی ھێندەش بێ زیان نین. ھەندێک جار دیدگاکان دەکرێت پەیامی ترسناکیان ھەبێت، پەیامگەلێک کە دەشێت لەواقیعدا بێنەدی. من وا بیردەکەمەوە ئەوەی پۆستمۆدێرنەکان ئەنجامیاندا، بەتەواوی کارێکی زیانبەخش بوو. ئەوان بەرپرسی ئەو مۆدێلەن لەفیکر کە ڕەشبینیی لەئاست حەقیقەت و واقیعدا پەرەپێدا و کردی بە کارێکی ڕێزلێگیراو. تۆ خەڵکانێکت دەبینی کە بۆ ھەرلا دەڕۆن، دەڵێن: باشە، تۆ بەشێکیت لەو دەستەیەی کە ھێشتاش باوەڕیان بە واقیع ھەیە؟!

 

  کادلادار: تێگەیشتنی من لە پۆستمۆدێرنە، ئەوەیە کە لە غیابی سۆپەرحەکایەتێکی گشتگیردا، ئێمە دەبینە بینەری حەکایەتە دژبەرەکان..... و تۆ ئاتەیستێکی زۆر بەناوبانگیت.....

دێنیت: بەڵێ، حەکایەتێک ڕاستە و ئەوانیتر ناڕاستن. یەکێک لەو حەکایەتانە حەقیقەتی تێدایە و ئەوانیتر بەو جۆرە نین، بابەتەکە بەم چەشنە سادەیە.

 

  کادلادار: دیاردەی ترامپ، پرسگەلێکی سەرنجڕاکێش لەبارەی شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکی و چۆنیەتیی کارکردنی مێشکی ئێمە دێنێتە ئاراوە، ئەمە ھەمان ئەو کارەیە کە تۆ ژیانی خۆت بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە تەرخانکرد، ئایا ئەم دیاردەیە (ترامپ) کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی تۆ بەجێدەھێڵێت؟

  دێنیت: بەرمەبنای شێوازە باوەكەی خۆم، وا بیردەکەمەوە بەشێک لەو کاتەی کە تەرخانی دەکەم بۆ کارە دڵخوازەکانی خۆم، دەبێت تەرخانی بکەم بۆ بیرکردنەوە لەبارەی کاروباری سیاسی لە ئایندەی نزیکدا، و ئەوەی کە تا ئاستێک بتوانم، چ ھەنگاوگەلێک بھاوم تا بەر بە ڕوودانی کارەسات بگرم. چالاکیی سیاسی، چالاکیی دڵخوازی من نیە، بەڵام ھەندێک جار مرۆڤ دەبێت بەم کارە ھەستێت. من وام ھەستکرد کە ئەرکێکی ئەخلاقییم لەسەرە تاوەکو شکاندنی تەلیسم[3] بنوسم (لێکۆڵینەوەیەک دێنیتەئاراوە دەربارەی دین ھەروەک دیاردەیەکی سرووشتی) چونکە لەھەمبەر دەرکەوتنی سیۆکراتی لە ئەمریکا و بەرفراوانبوونی ھەژموونی باڵی ڕاستی دینی، ئێجگار نیگەران بووم. ئەوەی کە بەڕاستی پێم خۆشە لەبارەیەوە بکۆڵمەوە، بریتییە لە پێشکەوتنە نوێ و زۆر سەرسامکەرەکان لە تێۆرەکانی ئاگاییدا، کە دەکرێت بڵێین ھیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نیە. من حەسرەت بۆ ئەو کاتژمێرانە دەخۆم کە لەبری ئەم کارە، ناچارم بۆ نیگەرانی لەبارەی پرسە سیاسیەکانەوە  بەفیڕۆیان بدەم.

 

 کادلادار: ئەمە ئەو کارەیە کە لەھەنگاوی دواتردا پێی ھەڵدەسیت؟

 دێنیت: من گەشبینێکی ئەبەدییم، ھەر سیناتۆرێکی کۆمارییەکان ئەو چانسەی ھەیە  شەھامەت بنوێنێت و بەرگری لە حەقیقەت و دادپەروەری و حوكمی یاسا بکات. ئومێدیکی تری من ئەوەیە کە گەر ترامپ ناچار بێت لەنێوان سیاسەت و ملیاردێربووندا، یەکیان ھەڵبژێرێت، بە دووری مەزانە کە ھەر ئێستا دەست لەکاربکیشێتەوە! 

 

کادلادار: ئەمە بۆ من ھەمان تایبەتمەندیی ئارامبەخشی دینی ھەیە. باوەڕ بە ھەبوونی بەھەشت خۆشە، باوەڕ بەوەش کە ترامپ دەستلەکار دەکێشتەوە، خۆشە......

  دێنیت: باشە، پێم وتی کە من مرۆڤێکی گەشبینم....

 

   کادلادار: بەڵام تۆ لە نوێترین کتێبتدا دەپرسی کە ئایا ئیمکانی ھەیە شارستانیەت شکست بھێنێت و دواتر ئەنجامگیری دەکەیت کە بەڵێ ئیمکانی ھەیە. دەڵێیت، مەترسییەکی گەورە و ئامادە بوونی ھەیە، چونکە جیھانی مۆدێرن ھێندە ئاڵۆز بووە، ڕێکخستنەوەی ئەستەمە! ئایا ئێستا بابەتەكە بەراورد بە ئەوکاتەی کتێبەکەت تێدا نوسی، دەنگدانەوەیەكی جیاوازی ھەیە؟  

دێنیت: باشە، ئەوەی کە بارودۆخ باشتر دەبێت، ھەڵبەت ئەمە دیدگای ئەوانەیە کە بەزیندوویی دەمێننەوە. ھەمان بابەتیش بۆ کەلتور ڕاستە. حەقیقەتی ھەژێنەر ئەوەیە ئێمە لەئێستادا تێگەیشتنێکی باشترمان لەبارەی چۆنیەتیی کارکردی پەرەسەندن (ئڤۆلەیشن)ەوە ھەیە، ھێدی ھێدی لەدۆخی کۆنترۆڵکردن و سودوەرگرتنداین لەم پەرەسەندنە. ھەر ئەم بابەتەش، ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە ھەندێک لە تایبەتمەندییەکانی جیھانی مۆدێرنە قابیلی تێکشکانن. ئێمە ئێستا دەبێت بەئاگا بین لەوەی بەھۆی تەکنۆلۆژیا نوێیەکانی خۆمانەوە، لەم لێواری خەرەندەوە نەکەوینە خوارەوە، بەبێ ئەوەی بەوردی پەیام و لێکەوتەکانی ئەم کەوتنەمان خستبێتە بەرباس.

 

   کادلادار: تۆ دەربارەی (میمەکان[4]) قسەدەکەیت، ناوێک کە ڕیچارد داوکینز بۆ یەکەکانی گوێزەرەوەی کەلتوری بەکاریهێناوە، ئایا لەدیدگای تۆدا ترامپ دەتوانێت میمێکی زۆر خراپ، بەڵام لەواقیعدا سەرکەوتوو بێت؟

   دێنیت: باشە، یەکێک لە بەشە زۆر بەھێز و پەرێشانکەرەکانی دیدگای داوکینز ئەوەیە کە میمەکان خاوەنی ھارمۆنیکا و گونجاویی تایبەت بەخۆیانن. ھەروەک چۆن بەکتریاکان و ڤایرۆسەکان خاوەنی ھێزی خۆگونجاندنی تایبەت بەخۆیانن. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە دەکرێت میمەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوونی ھەبێت، کە بەڕاستی ئێجگار مەترسیدار بێت.

 

   کادلادار: پێدەچێت گفتوگۆ دەربارەی ھەواڵی ساختە، مۆدێلێکی بچوکی ئەم پرسە بێت....  دێنیت: ڕێک وایە، بوارم بدە شتێک بەتۆ بڵێم کە منی سەرسامکردووە. پلەیەکی باڵاتری ڕەسەن بوونی ھەیە، کە من بەبەراورد بەوەی لەواقيعدا ڕوویدا، بایەخی زیاتری بۆ دادەنێم. لێگەڕێ نمونەیە بێنمەوە: بۆچی ڕیکلام لە کاتی کێبەرکێکانی سۆپەر بۆڵ[5]، ھێندە نرخیان بەرزە؟ وەڵام: پرسەکە بەتەنھا ئەوەنیە ملیۆنان کەس بینەری ئەو یاریانەن، بەڵکو ئەوەیە کە سەدان ملیۆن کەس دەزانن کەوا سەدان ملیۆن کەس لە حاڵەتی بینینی ئەو یارییانەدان. ھەر ئەمەش متمانە و قابیلی متمانەپێکردنی زیاتر و زیاتری پێدەبەخشێت و ئەنتەرنێت بەو جۆرە نیە. بەڵام کاتێک ترامپ بۆ ملیۆنان کەس پەیامی تویتەری دەنێرێت، ئەوان دەزانن کە ترامپ ھەموو جارێ ڕوو لە ملیۆنان کەس ئەم پەیامە ئاراستەدەکات. ئەو، سود لەیەکێک لەتایبەتمەندییە باشەکانی ئەم بابەتی متمانەیە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی دەرگیری کەموکورتیەکانی ببێت. کەواتە (کاریگەری سیلۆ) ئێجگار پەرێشانکەرە. ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی شەفافیەتی نوێ، کە زۆر زۆر مایەی نیگەرانییە. ئێمە ھەرکە (ھارد وێر)ێکمان بۆ پڕکردنەوەی پێداو ھارد وێر)ێکمان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەک داھێنا تا جیھان بکەین بەخاوەنی دەزگای ھەستەکی، ئەوا ئەومان وێرانکردووە. ئێمە لەبەردەم مەترسییەكی گەورەی کوێریداین!

 کادلادار: من بابەتگەلێکم دەربارەی پرسگەلێکی پەیوەندیدار بە (گەڕانی گوگڵی) نوسیوە، یەکێک لەو نمونانەی کە دۆزیمەوە ئەمەیە: کە ئەگەر تۆ لە سێرچی گوگڵدا ڕستەی "ھۆڵۆکۆست ...ێكە" تایپ بکەیت، گوگڵ بەدوای یەکدا ڕستەگەلی وەک "درۆیە..." و " فێڵە...."ت بۆ پێشنیازدەکات. ئەگەر لەسەر ڕستەی " ھۆلۆکۆست درۆیەكە" کلیک بکەیت، ئەوا دەیان لینکی سایتەکانی نیو نازییەکانت دێتە بەردەست کە دەڵێن: بەڵێ ھۆلۆکۆست درۆیەک بوو....

  دێنیت: زۆر سەیرە و مایەی نیگەرانیە، ئەمە بەشێکە لە کێبەرکێی خۆپڕچەکردنی ئامارازگەلێک، کە بەھۆی شەفافیەت، ئیمکانی ھاتنەبوونیان بۆ ڕەخساوە. ئەم بابەتە زۆرێک لەشتە باشەکان و زۆرێک لەشتە خراپەکانیش لەرزۆک دەکات. ئێمە لەدۆخی چونە ناوەوەی چاخێکین لە بێ یاسایی.

 

   کادلادار: گوگڵ شتێکی سەرسوڕھێنەرە، چونکە نەوەک ھەر دەروازەی ئێمەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕاستییەكان، بگرە هاوكات ئامرازێکی گوێزەرەوەی کەلتورییشە، ئەو ئامێرێکی میمەییە.

  دێنیت: بەڵێ، بەڵێ...

 

  کادلادار: ئایا تۆ کەسایەتییەکی کاریگەریت لەنێوان ئەندامانی سلیکۆن دا؟

  دینێت: تاڕادەیەک بەڵێ، بەجۆرێک لەجۆرەکان بەشێک لەکاتەکانی خۆم لەنێو ئەواندا بەسەردەبەم.

 

 کادلادار: ئایا پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکان و دەوڵەتی ئەمریکا، ئێوە نیگەراندەکات؟ بۆ نمونە بینینی ئامادەبوونی ھەموویان لە کۆنفرانسی تەکنۆلۆژیا، کە ترامپ ئەنجامیدا.

  دینێت: من ھێندەش پەیگیری ڕووداوەکانی ئەم کۆنفرانسە نەبووم، بەڵام بەڵێ لەم بارەوە خۆشحاڵ نیم. من جگە لە ھەڵبژاردەی (تەکنەلۆژیا تا ئاستی مومکین لەدەوڵەت دووربخەینەوە) ھیچ ھەڵبژاردەیەکی تر شکنابەم. ھاوڕێکەم، دێنی ھیڵس، وتارێکی پێشکەشکرد و دەیگوت: خزمەتگوزارییە ژیارییەکانی میللەت و گەل، زیاد لەڕادەی پێویست بە ئەنتەرنێتەوە بەستراونەتەوە. گەر ھێڵی ئینتەرنێت بپچڕێت، ڕەنگە زۆرێک لە خەڵکی بڵێن ئەمە کەم دەخایەنێت و کێشەیەکی كورتخایەنە، بەڵام بچڕانی ھێڵی ئەنتەرنێت دەبێتەھۆی پچڕانی تۆڕی کارەبا، موبایلەکان، ڕادێو و تەلەفزیۆنەکانیش، واتە ئێمە لەنێو تاریکیی ئەلیکترۆنییدا نغرۆدەبین. ئێمە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا ڕانەھاتووین. گەر تۆ وا پێتوایە ڕووداوی یانزەی سپتامبەر ترسناک بوو، ئەوا پێت دەڵێم ڕووداوی پچڕانی ھێڵی ئینتەرنێت و لێکەوتەکانی ئێجگار مەترسیدارترە و پێویستە خۆمان بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوی لەم شێوەیە ئامادەبکەین.

 

  کادلادار: تۆ دەڵێیت کە لەئاست دەستکەوتەکانی ئامێری زیرەك، تووشی سەرسوڕمان ھاتوویت، لەکاتێکدا نیگەرانی ئەوە نیت کە جۆری نوێی ڕۆبۆتەکان ئێمە بکەنە کۆیلەی خۆیان و تۆ لەشتانێکی تر نیگەرانیت......

   دینێت: ئاە، بێگومان، تێكڕای باسوخواسی (تاقانەیی[6]) شتێكی بێ مانایە، ئەم مشتومڕە لە پرسە گرنگەکانمان دووردەخاتەوە. ئەوەی لەئایندەدا ڕوودەدات، بریتییە لەداھێنانی ئامێرگەلێکی ھۆشمەند، کە دەچینە دۆخی سەروو وابەستەگییشەوە لەگەڵیان! و یەکێک لە مەترسییەکان کە لەپێشمانەوەیە، ئەوەیە کە ئێمە لەڕادەی پێویست زیاتر، دەسەڵات بەو ئامێرانە ببەخشین. مۆڵەتیان دەدەینێ کە دەربارەی شتانێک ڕاوێژمان پێشکەشبکەن، کە نابێت ڕێگەبدەین لەبارەی ئەو شتانەوە ئەم ئامێرانە ڕاوێژمان پێشکەشبکەن.

 

 کادلادار: تۆ، لە زمانی ھاوکارەکەتەوە، وتەیەکت بۆ گواستینەوە، کە دەڵێت، پێشنیازەکانی گەڕانی ناو گوگڵ کە سود لە ماشێنی زیرەک وەردەگرێت، دەتوانێت شێواز و فۆرمی دیدگای ئێمە بۆ جیھان، کۆنترۆڵبکات. ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە باوەڕت پێی ھەیە؟ ئەوەی کە ڕۆبۆتەکان ھەر لەئێستاوە زەینی ئێمەیان بە شێوازگەلێک کۆنترۆڵکردووە، ئێمە ھێشتا لەتێگەیشتن لەم شێوازانە ناتەوانین؟

 دینێت: بەڵێ، ئێمە ھێدی ھێدی خەریكە پێشبینیكەر و غەیبگۆی تەکنۆلۆژی دەرهەق بە خۆمان دەڕەخسێنین. دەتوانین بیسەلمێنین کە ئەم تەکنەلۆژیایانە ئەنجامی ئێجگار ورد بەدەستەوە دەدەن. ئەنجامگەلێک کە ئێمە ڕێگای تر شکنابەین بۆ گەیشتن پێیان. ھەروەھا دەزانین کە ناتوانین لەوەش تێبگەین کە چۆن ئەم کارانە ئەنجامدەدەن! خەڵکی لەبارەی (زانستی سندوقی ڕەش) قسان دەکەن! ئەمە تەنھا ھەواڵ نیە، ئەمە تەنھا سیاسەت نیە، ئەمە زانستە.

 

   کادلادار: جیھانێک کە تێیدا تەنانەت زاناکانیش نازانن دەزگا و ئامێرەکان چۆن کاردەکەن، چ مەترسییەکی بۆسەر ئێمە ھەیە؟

   دینێت: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کتێبەکەی من ئەوەیە، چۆن تا ئەم سەردەمانەی دوای جیھان وسرووشت بە توانستگەلی بەبێ تێگەیشتن، براون بەڕێوە؟ تێگەیشتنی جدی لەبارەی شتەکانەوە بابەتێکی نوێیە، تەنھا چەند ھەزارساڵێک پێشینەی ھەیە، پێشینەی ئەم بابەتە تەنانەت بۆ یەک ملیۆن ساڵیش ناگەڕێتەوە. بەڵام ئێمە لەئێستادا لە سنوری چوونە ناوەوەی چاخی  نەخشەسازی و دیزاینی ئامێری پۆست-زیرەکداین و چیتر بۆ تێگەیشتن لەشتەکان خۆمان ناخەینە زەحمەتەوە. ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئایدیاکان لەدیدی مندا. چونکە باش یان خراپ، تێگەیشتن(comprehension ) یەکێکە لە ئامانجە باڵاکانی من. من دەمەوێت ھەمووشتێک بزانم و تێیانبگەم. من دەمەوێت خەڵکی لەشتەکان تێبگەن. من تێگەیشتن لە شتەکانم خۆشدەوێت. ھەمیشە کەسانێکی زۆر ھەن کە بە بەڵگەی بیانودارەوە دەڵێن: پێویست ناکات زەحمەتی ئەوە بەخۆت بدەیت تا شێوازی کارکردنی مەکینەی ئۆتۆمبێل بۆ من شیبکەیتەوە، ئەم پرسە بۆ من گرنگ نیە، من تەنھا سویچەکە دەچەرخێنم و دەكەومەڕێ!  چی ڕوودەدات کاتێک لەئاست ھەموو شتێکدا ئەم دیدگایە ھەڵدەبژێرین؟!

 

 کادلادار: ئایا ئێستا لەدۆخێکداین کە تێیدا تەکنەلۆژیا بەئاستێک ئاڵۆزبووە کە تەنانەت داھێنەرەکانیشیان لەتێگەیشتنی تەواو لەبارەیانەوە، بێ توانان؟

   دێنیت: ئەمە ھەم مایەی نیگەرانی و ھەم ئیمکانی ھەیە وابێت. وا بیرناکەمەوە ھێشتا بەو خاڵە گەیشتبین. بەڵام دەکرێت بگەین بەم خاڵەش. بابەتی جێگاسەرنج ئەوەیە فەیلەسوفان سەدان ساڵ لەبارەی سنورداریی تێگەیشتنی مرۆڤەوە دواون، بەجۆرێک کە وەک ئەوە وابوو ئەم سنورانە بەربەست و دیواری دەنگی بن. ئەم دیوارە لەبەرانبەر ئێمەدا بوونی ھەبوو، ئێمە نەماندەتوانی تێیپەڕێنین، و ئەمە بەشێک بوو لە دۆخی تراژیدیی مرۆڤبوون. ئێستا خەریکین تایپێک کەشفدەکەین، گەر حەقیقەتی ھەبێت، حەقیقەتێکی خەمھێنەر و وەڕسکەرە. مەسەلەكە ئەوە نیە کە نھێنیگەلێک بوونیان ھەیە، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە تاکەڕێگا بۆ پێشکەوتنی ئێمە بریتییە لە دابەشکردنی کار و پسپۆڕی. بۆ نمونە وتارێکی خاوەن  پێنجسەد نوسەر لەلایەن دەزگای سێرنەوە[7] بڵاودەکرێتەوە، کە ھیچ یەک لەو نوسەرانە بەتەنھا  ھەموو وتارەکە یان ھێڵە گشتی و زانستییە ژێرخانییەکانی وتارەکە نازانن! میمە لەئایندەدا زیاتر و زیاتر بەم جۆرەی لێدێت. زیاتر و زیاتر، یەکەی تێگەیشتن لەئایندەدا دەبێتە  تێگەیشتنی دەستەجەمعی و بەكۆمەڵ. کە تێیدا تۆ دەبێت بەتەواوی پشت بە تیمێک یان گرووپێک لە کەسانی تر ببەستیت، چونکە بەتەواوی ناتوانیت لە ھەموو پرسەکان تێبگەیت. ئاە، ڕۆژگارێک دێت، دەبێت بڵێین، ھەڵبەت ھێندەش دوور نین، تا ئا ئەم سەدەی ھەژدەیە، کەسانێکی بەئاگا ھەبوون کە دەیانتوانی ئارەزووی ئەوە بکەن تێگەیشتنێکی تاڕادەیەک باش لەبارەی ھەموو شتێکەوە بەدەستبێنن.

 

   کادلادار: لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوە چیە؟

   دێنیت: باشە، ناسكی و سەروو-ناسكیی شارستانیەتیش ڕێک هەر لێرەدایە، هیچ دوور نیە هەموومان بۆ سەدەی نۆزدە بگەڕێنرێینەوە.

 

 

 

 

 


[1] . Ted دەزگایەکی ڕاگەیاندنە و وتارەکان بەبێ بەرامبەر لەفەزای مەجازییدا پەخشدەکات.

[2] . تەقینەوەی کامپرین: چاخی دەرکەوتنی سەرەتایی جۆرە  گرنگەکانی گیانلەبەران بوو، مێژووەکەی بۆ ٥٤١ ملیۆن ساڵی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

[3]. Breaking the Spell

[4] . Meme  یەکە بونیادییەکانن لە تێۆرەکان و ھێما یان کردەی کەلتوری کە لەڕێگەی گوفتار و ڕەفتار و ڕێوڕەسم ھەموو ئامرازەکانی تری لاسایکردنەوەوە دەتوانن لە زەینێکەوە بۆ زەینێکی تر بگوازرێنەوە.   

[5] . سۆپەر بۆڵ: کێبەرکێی تۆپی پێیە لەئەمریکا و پڕبینەرترین کێبەرکێیە کە لە تیڤييەکانەوە پەخشدەکرێت.

[6] . تاقانەیی(singularity): تێۆرەیەکە گریمانەی ئەوەدەکات کە ھەڵپەی تەکنۆلۆژیا لەکۆتایدا دەبێتە ھۆی ئەوەی ئامێری ھۆشمەند پێش ھۆشی مرۆڤ بکەوێت و ببێتە ھۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی یان تەنانەت کۆتایی بە شارستانێتی مرۆیش بھێنێت

 

[7] . سێرن: ڕێکخراوی بواری ناوکی ئەتۆمی و فیزیای کوانتۆمییە لە سویسرا.

 

 

 

سەرچاوە: www. http://tarjomaan.com