پارادۆکسەکانی وێنەی فۆتۆگرافی
عبدالسلام بنعبد العالي
و. شاڵاو خاليد
ڕەنگە پارادۆکسە بنچینەییەکەی وێنەی فۆتۆگرافی ئەوەبێت کە مردن بەرھەمدەھێنێت لەکاتێکدا ھەوڵدەدات ژیان بپارێزێت و »نەمری بکات«. لەکاتێکدا وێنە دەکۆشێت نائامادە، ئامادەبکات، کەچی بەوە دەبێت گەواھیدەرێکی ڕاستەقینە لەسەر »نائامادەیی ئەو ئامادهيه« .
لەنێوان وێنە و مردن، لە نێوان وێنەگرتن و کوشتن دا زیاد لە ڕوویەکەوە نزیکایەتی ھەیە، بە دەستپێکردنی خودی پرۆسێسی وێنەگرتن و ئەو پێکانی ئامانج و پەستان خستنەسەر پەلەپیتکەی کە تێیدایە.
لەبەرئەوە وێنەگرتن جۆرێکە لە مۆمیاکردن. [وێنەگرتن] بریتیە لە دزين و گۆڕینی» شت بۆ وێنە، و ئەسڵ بۆ کۆپی، واقیع بۆ نمایش و بوونیش بۆ ڕواڵەت«. بە سرووشتی حاڵیش، ئەم بردنه دووقات دەبێت کاتێک کە "بارابازەکان" [دهشێت ئاماژهبێت بۆ باراباس كه تاوانبارێك بووه له سهردهمى ڕۆمادا له جهژنى فصح دا ئازادكراوه، دهڵێن گوايه چهته و ڕێگر بووه، بهڵام نوسهر دياريی نهكردووه مهبهستى ئهوه يان نا] دەستيبەسەردادەگرن و وێنەکە دەگۆڕن بۆ کاڵایەک کۆمەڵێک لایەنی جیاجیا سوودێکی گەورەی لێدەچننەوە.
ڕەنگە باشترین کەسێك کە وێنای ئەم تایبەتمەندیە دزێتييهى وێنەی کردبێت میشێل تۆرێنتی بێت لە » خاڵێک لە زێڕ» دا، کاتێک باسەکە پەیوەستە بە گەنجێکی جەزائیریی بیاباننشینەوە، بەبێ ویستی خۆی ژنه گەشتیارێک وێنەیەکی فۆتۆگرافی «لێدەڕفێنێت»، بۆ گەڕان بۆ وێنەکەی بۆ وڵاتەکەی دوای دەکەوێت. بەڵام ھێندە نەبرد کەوتە داوی عەدەسەکان و وێنەگرێکی سینەمایی دۆزییەوە تا بیگۆڕێت بۆ وێنە، تاوەکو دواتر بکەوێتە دەستی ئەو پەیکەرتاشەی کە لە بێ کۆتا وێنە و شێوەدا »مۆمیای کردووە» .
ڕۆلان بارت دزينى وێنە دەکاتە پێکھێنەرێک لە پێکھێنەرەکانی پێش ئەوەی بچێتە زنجیرەی بەرھەمھێنانی ڕاگەیاندنەوە، دانی پێدادەنێت کە ھەر جارێک وێنەی دەگیرێت، ھەست بە ساختەیی و »ناڕەسەنی« دەکات. وێنە لە ڕوانگەی بارتەوە »ئەو ساتەیە که تێیدا نە سۆبێکتم نە ئۆبێکت، بەڵکو سۆبێکتێکە ھەستدەکات بووە بە ئۆبێکت، کەواتە ئەوە ئەو ساتەیە کە تێیدا ئەزموونی مەرگێکی بچووک دەژیم: بەڕاستی من تێیدا دەبم بە تارماییەک».
بارت واژەی لاتینی Spectrum بۆ ئاماژەکردن بە ئامانجی وێنە و » بابەتەکەی« بەکاردەھێنێت. بارت ئەم وشەیه لە زانای فیزیایی ئیسحاق نیوتن دەخوازێت، کە ئەو ئەم ناوەی بۆ شەبەنگی ڕووناکی دانا، واتا بۆ ئەو زنجیرە ڕەنگانەی کە ڕووناکی سپی بۆ شیدەبێتەوە. وشەکە لە کرداری Specere ەوە ھاتووە کە بەمانای بینین(الرؤية) دێت، و ھاوتای ئەو وشە گریکییەیە کە ئاماژەیە بۆ تارمایی و شەبەنگ. کەواتە بابەتی وێنە گرێدراوە بە بینین و ديمهن و لێکچوونەوە، بەڵام لە بنچینەدا بەستراوە بە مردن و تارماییەکان و ئامادەیی نائامادە و »گەڕانەوەی مردوەکان «ـەوە.
وێنە ئامانجی ئەوەیە کە ساتێک نەمر بکات، وێنهى ئەوە بگرێت کە ژیانی لهبهردهڕوات، ئامانجی ئەوەیە گەواھی لەسەر ئەوە بدات که ڕابوردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێتوانایە لەوەی مێژوو بئافرێنێت و یادەوەری بچنێت. ئەمەش پارادۆکسێکی ترە لە پارادۆکسەکانی وێنەی فۆتۆگرافی. دەزانین کە [وێنهى فۆتۆگرافى] لەدایکبووی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمە، واتای ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ زانستی مێژوو دا لەدایکبووە، بەڵام لەکاتێکدا کە گوتاری مێژوویی ھەوڵی دووبارە گەڕاندنەوەی ڕووداوەکان و ڕێکخستن و بەستنەوەیان بە جگە لەخۆیانەوە دەدات، کەچی وێنەی فۆتۆگرافی بە پێی قسەی بارت »ڕابردوو ناگەڕێنێتەوە و نەمری ناکات، ئهگهر بكهوێته سهرم لە گەڕاندنەوەی ئەوەی لەناوچووە و سڕاوەتەوە دا دهرناكهوێت، بەڵکو لەو گەواھیدانەدا کە ئەوەی دەیبینم تەواوبووە و ڕوویداوە . «« مێژوو یادگەیەکە بەگوێرەی میتۆدگەلێکی بابهتى دەیچنين، گوتارێکی عەقڵانیە لەسەر پاشماوەی سەردەمی ئەفسانەیی دەوەستێت، ھەرچی وێنەی فۆتۆگرافیە بەدڵنیاییەوە ئەویش گەواھیدانە، بەڵام ئەو گەواھدانێکی ههڵهاتوو و خزە«.
لەبەرئەوە وتمان لە بنچینەدا وێنە ئاماژە بۆ نائامادەیی و لەدەستچوون و لەدەستدەرچوون دەکات. ھەر لەمبارەیەوە سۆزان سۆنتاگ لەپاش واڵتەر بنیامین دووبارەی دەکاتەوهو دهڵێت: «لە ساتێکدا دۆخی مرۆیی تێیدا وایلێھاتووە بەدەست بەرزبوونەوەی ڕیتمەکانی لهرينهوه گەورەکانەوە دەناڵێنێت، وێنەی فۆتۆگرافی دەستیپێکردووە و وێنەیەک لەبارەی جیھانەوە پێشکەشدەکات، لە ساتێکدا کە دەبینین کە ژمارەیەکی گەورە لە شێوازەکانی ژیانی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لەماوەیەکی کورتدا ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە، بەدیاریکراوی لەم ساتەدا وایلێھاتووە کە لەتواناماندایە وێنەی ئەوەی کە لەدەستدەردەچێت و دیارنامێنێت جێگيربكهين ».
وەک ئەوەی پەنابردن بۆ وێنە بۆ ئەوەبێت جۆری مرۆیی والێبکەین ڕووبەڕووی نەتوانینێکی گەورە ببێتەوە، ئەوەی کە چیتر ناتوانێت نە بە وێژدانی و نە بە ڕەمزی ههميشهيى بژێت. لەبەر ئەوە سەردەمی وێنە سەردەمی شۆڕشەکان و ناڕەزایەتییەکان و غافڵکوژییەکان و تەقینەوەکانیشە، یا بە پێی قسەی بارت »سەردەمی نەمانی سەبر« ە، سەردەمی درووستكردنی ههميشهيى بۆ بەرگریکردن لە لەدەستدەرچوون و »جێگیرکردنی « ئەوەی بە پەلە ههنگاودهنێت.
سەرچاوە: الفلسفة فنا للعيش، درار توبقال للنشر، الطبعة الاولى 2012، ص: 25-27.