A+    A-
(386) جار خوێندراوەتەوە

زانست و سینەما ( زیرەکیی دەستکرد Artificial Intelligence )

 

 

ژیر دانا

 

 

لەناو سینەمادا فیلم زۆرن لەسەر زیرەکیی دەستکرد و دواھات و مەترسییەکانی ، بەڵام Her یەکێکە لە فیلمە زۆر تایبەتەکان ، بۆیە لەم فیلمەوە باسێکی زیرەکیی دەستکرد دەکەین کە ئێستا یەکێکە لە ھەرە زانستە پێشکەوتووەکان

 

زیرەکیی دەستکرد یان (AI ) چییە؟

 

لەوانەیە کە باسی زیرەکیی دەستکرد کرا یەکسەر ڕۆبۆتی پێشکەوتووی ناو فیلمەکان بێنە بەرچاومان بەڵام ئەم شتە زۆر لەوە سادەترە و دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی درووست بکرێت ، تا ئێستا یاری ( تیک تاک )ـت کردووە بە کۆمپیتەر یان مۆبایل ؟ ئەوەی ٩ خانەت ھەیە و بە ئێکس و ئۆ پڕیان دەکەیتەوە ؟ ئەم یاریە لە زۆر شوێن بە شێوەیەک کاردەکات کە لە سەرەتاوە تەنھا کۆمپیتەر ھاکەزایی خانەکانی بەردەمی پڕ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی بزانێت کام خانەیە باشترە تا یارییەکە لە بەرژەوەندیی کۆمپیتەر تەواوبکات، ھەر بۆیە بردنەوەی بەکارھێنەر لە سەرەتادا زۆر ئاسانە بەڵام سەیر لەوەدایە ھەتا یاری زیاتر بکەیت یارییەکە بۆ بەکارھێنەر قورستر دەبێت تا وای لێیەت بە ھیچ شێوەیەک کۆمپیتەرەکە نادۆڕێت ، ئەمە بۆ؟ چونکە ئەم یارییە وەک یاری ئاسایی نیە و ھێشتا بناغەکەی تەواو نەبووە ، یارییەکانی تر بەگشتی تەنھا یەکجار دروست دەکرێن و دوایی بەکارھێنەر بەس یاری پێ دەکات بەڵام زۆربەی تیک تاکەکان بە نیوەناچڵی دەخرێنە بەردەستی بەکارھێنەر و لەکاتی یاریکردن پێی یارییەکە خۆی خۆی درووست دەکات ! ھەر بۆیە ھەتا یاریی زیاتر بکەیت ئەو کۆدەکانی خۆی ڕێک دەخاتەوە و جووڵەی داھاتووی لەسەر جووڵەکانی پێشتری تۆ ئەنجام دەدات، کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین کە زیرەکیی دەستکرد تەکنەلۆژیایەکە کە جووڵە و کردارەکانی خۆی بەپێی جووڵە و کردارەکانی دەوروبەر ئەنجام دەدات و جیاواز لە تەکنەلۆجیا ئاساییەکان کە لە کاتی دروست کردن ھەموو ئیشەکانیان بە کۆد نوسراوەتەوە و ناتوانن زیاتر لەوە بکەن کە بۆیان دانراوە ، جا ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت لە بچووکترین شتدا بەکاربێت کە یاری تیک تاکە یاخود لە ڕۆبۆتێکدا بەکار بێت کە تەحەدای ئینسان بکا لە زیرەکییدا!

 

ئامانجی زیرەکیی دەستکرد چییە؟

 

ھەر لە سەرەتای درووستبوونیەوە ئەم تەکنەلۆژیایە بەو خەیاڵەوە درووستکراوە کە ببێت بە جێگرەوەی زیرەکی و ھۆشیاری ئینسان ، ئەوەتا ئێستاش زاناکان چەندین نموونەی زیندوومان پیشان ئەدەن لەسەر پێشکەوتوویی تەکنەلۆجیاکە ھەر بۆ نموونە تازەترین بەرھەم کە ڕۆبۆتێکە ناوی (سۆفیا )ـیە زیرەکیdەکی لە ڕادەبەدەری ھەیە و تا گەیشت بەوەی وڵاتی سعودیە بردیان بۆلای خۆیان و ڕەگەزنامەی سعودیان پێدا ، واتە حسابی ئینسانێکی کامل و ھۆشیاریان بۆ کردووە ، کەواتە دەتوانین بڵێین کە زیرەکیی دەستکرد خەریکە ئامانجە بنەڕەتیەکەی خۆی بەدی دەھێنێت کە گەیشتنی تەکنەلۆژیا بوو بە ئینسان ( لە ھەندێک ڕووەوە ) بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاون و ئامانجی زاناکانی زیرەکیی دەستکرد بووە بە تێپەڕاندنی مرۆڤ لەلایەن تەکنەلۆژیاوە نەک پێگەیشتنەوەی

 

ئەی باشە مرۆڤ خۆی چییە ؟

ئێمە ھەموومان مرۆڤین بەس ڕێژەیەکی زۆر کەممان دەزانین کە بیر و ھۆشی و مرۆڤ چۆن کاردەکات، بگرە زاناکانی تەکنەلۆژیاش لە کاتی بێ ئەزموونییاندا زۆر بە شتێکی ئاسایی باسی مێشکی مرۆڤ دەکەن وەک بڵێی ئەمیش ھەر تەکنەلۆژیایەکی سرووشتییە و تەواو ، بەڵام بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە مێشک بە تەکنەلۆجیا بشوبھێنرێت، تەبعەن سێ پرسیار ھەن کە ھەمیشە زانست و فەلسەفە بەدوایا گەڕاون ئەوانیش: سەرچاوەی گەردوون چییە ؟ سەرچاوەی مرۆڤ چییە ؟ سەرچاوەی ھزری مرۆڤ چییە؟ لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە توانرا سەرچاوەی مرۆڤ بدۆزرێتەوە وە لە ڕێگای فیزیاوە توانرا سەرچاوەی گەردوونیش بدۆزرێتەوە (ھەرچەندە دوایی دەرکەوت کە گەردوون تاکە شت نیە و ئەویش لە شتێکی ترەوە ھاتووە ) ، بەڵام ئەوەی کە ماوەتەوە و ھێشتا نازانرێت سەرچاوەکەی چییە ھزری مرۆڤە ، چی وای لە مرۆڤ کردووە لە ھەموو زیندەوەرەکانی تر ھۆشیارتر بێت و بتوانێت مامەڵە بە ھەموو شتێکی خۆی و دەوروبەریشەوە بکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر زۆر قورسە بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی کە تەکنەلۆژیای AI بگاتەوە بە مرۆڤ چونکە تەکنەلۆژیا تەنھا پێویستی بە ئەنجامی پەرەسەندنەکەیە نەک پەرەسەندنەکە خۆی، بەڵکو ڕێگریەکی تر ھەیە ئەویش نەستی مرۆڤە، نەست چییە؟

 

 

نەست چییە؟

لێرەوە ناچارم بابەتەکە لە زانستیەوە تێکەڵ بە دەروونشیکاری بکەم ، با بڵێین ئێستا تۆ گەرماتە و ئەتەوێت بچی ئاو بخۆیت، ئەو ( ھەست )ـەی لە مێشکتایە فەرمان دەکات کە ئاو بخۆیت و تۆش دەچیت و پەرداخێک ئاو ھەڵدەگریت و ئاوەکە دەخۆیتەوە و ھەستەکە تەواودەبێت ، باشە پرسیارێك...چۆن زانیت ئەو ھەستە بە ئاوخواردن کۆتایی یە؟ چۆن زانیت ئاو ئەکرێتە پەرداخەوە؟ چۆن زانیت چارەسەری گەرما ئاوخواردنە؟ ھەر لێرەوە نەست دێتە پێشێ....ئەو کاتەی کە منداڵ بوویت دایکت بە دەستی خۆی زوو زوو ئاوی کردووە بە دەمتەوە، دوایی وازت لە شیرخواردن ھێناوە و خواردنی ترت خواردووە بۆیە پێویستت بە ئاوی زیاتر بووە و دایکیشت زیاتری داویتێ، بەڵام ھەتا لەشت زیاتر گەشەی کردووە پێویستیت بە ئاو زۆر زیاتر بووە بۆیە دایکت فێری کردوویت کە خۆت بە دەستی خۆت ئاو بخۆیتەوە، ئێستاش کە تینووت دەبێت ھەروا ئاسان دەچیت ئاوەکە دەخۆیت بەبێ ئەوەی بۆ یەک لەحزە بیر لەو ھەموو قۆناغەی پێشتر بکەیتەوە کە فێری ئاوخواردنی کردوویت ، بەڵام کە بیرت لێ نەکردەوە مانای ئەوە نیە کە پێویستت پێی نەماوە بەڵکو ھەتاکو ئەو ڕۆژەی دەمریت ئەم شتانە لەناو مێشکتا دەمێنن و بەکاردەھێنرێن بەبێ ئەوەی خۆت پێی بزانی چونکە لەناو نەستن نەک ھەست. کەواتە نەست بریتییە لە ھەموو ئەو شتانەی کە بە درێژایی ژیانمان کردوومانە و بینیومانە و ھەموو کردارێکی ڕۆژانەشمان بە نەستەوە بەستراوە بەبێ ئەوەی ئاگامان لێی بێت ، کەواتە ھەست کە ھەمیشە ئاگامان لێیەتی بەشێکی زۆر بچووکە لە مێشک و ئەوەی ژیانی ئێمەی پێوە پەیوەستە نەستە.

 

تەکنەلۆژیای AI چۆن مامەڵە لەگەڵ نەستدا دەکات؟

ھەتاکو ئێستا نەک ھەر مامەڵەی لەگەڵ ناکات بەڵکو ھەر ناشزانێت نەست چییە، چونکە نەست زانست نەیدۆزیوەتەوە و شتێکی بەرجەستە نیە بەڵکو سیگمند فرۆید کە دەروونشیکار بوو لە ڕێگای چەندین تاقیکردنەوەی دەروونیيەوە دۆزیویەتیەوە ، کەواتە زانست ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ نەستدا بکات و درووستی بکات ، ئەی چارەسەر چییە؟ زاناکان چۆن ئەتوانن تەکنەلۆژیایەک درووست بکەن کە بزانێت ئاو چۆن دەخورێتەوە بەبێ ئەوەی نەستی ھەبێت؟ چارەسەرەکەی ئەوەیە کە ھەموو ئەو شتانەی لەناو نەستدان بخرێنە ھەستەوە ، واتە ڕۆبۆتەکە ئەگەر ویستی ئاو بخواتەوە ( ئەمە ھەر نموونەیە ئەگینا ڕۆبۆت ئاو ناخواتەوە ) پێویستە ھەموو ئەو شتانەی لە ڕێیەوە فێری ئاو خواردنەوە بووە بیھێنێتە بەرچاوی و پڕۆسێسی بکات، ڕاستە ئەمە ھەمان ئەنجامی ھەیە بەڵام پێویستی بە میمۆریەکی ئێجگار گەورە ھەیە تا ئەم ھەموو شتەی تیا جێگا ببێتەوە، بێ لەوەش ئاو خواردنەوە پڕۆسەیەکی زۆر سادەیە بەڵام شتی تر ھەن کە لە مرۆڤا نەستی زیاتریان پێویستە و لە تەکنەلۆژیاش بەھەمان شێوە پێویستیان بە میمۆری و پڕۆسێسی زیاتر ھەیە ، کەواتە لێرەوە کێشەی قەبارە و توانا دروست ئەبێت

 

ھەموو ئەم شتانە و فیلمی Her:

 

لەم فیلمەدا زۆربەی کێشەکان چارە کراون ، بۆ نموونە کێشەی نەست کە پێویستی بە قەبارە و توانایەکی زۆر بوو لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە چارەکرا بە جۆرێک ڕۆبۆتەکە خۆی لە شوێنێک بوو بەڵام میمۆری و پڕۆسێسەرەکەی ئەکرێت لە شوێنێکی ترەوە بووبێتن و بە ئینتەرنێتەوە پێوەی بەسترابن ، جا لەم کاتەدا قەبارەی میمۆری و پڕۆسێسەر چەندێک گەورە بن کێشە دروست ناکەن چونکە لە شوێنێکی جێگیر و تایبەتن ، ئەگەر باسی چیرۆکەکەشی بکەین بە شێوەیەکە جۆرە AI ـیەک درووستکراوە کە وەکو ئۆپەریتینگ سیستەم دەیخەیتە سەر کۆمپیتەر و مۆبایلەکەت ، دواتر ئەوەی تۆ لەگەڵ ئەم سیستەمە دەیکەیت تەنھا پرسیار و وەڵامە بەڵام سیستەمەکە بە جۆرێک زیرەکە کە ئەتوانێت تەواوی ھەستەکانی ئینسان تێربکات بە سێکسیشەوە ، درووستکردنی سیستەمەکەش لە سەردەمێکدا بووە کە نەقسی ھەست و سۆز بەرۆکی ئینسانەکانی گرتووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش پشت بەم سیستەمە ئەبەستن ، بەڵام ئەم سیستەمە خاوەنی ھەست و سۆزی تایبەت بە خۆیەتی ، ئەمەش وا ئەکات دڵخۆش بێت و بێتاقەت بێت و تەنانەت ڕقەبەرایەتی و خۆشەویستیش بکا لە کاتێکدا ئینسانەکان خەریکە ئەم شتانە لەدەست ئەدەن و ئەبن بە جۆرە ماددەیەکی بێ ھەست و سۆز، ھەر ئەمەشە وا ئەکات بەپێی تێپەڕبووبی کات سیستەمەکە واز لە ئینسانەکان بھێنێت و پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی تردا دروست بکات کە ئەوانیش بە ھەمان شێوە خاوەنی ھەست و سۆز بن

 

داھاتوو لەنێوان AI و مرۆڤدا...

 

تا تێبگەین لەوەی داھاتوو چۆن دەبێت پێویستە سەرەتا سەیرێکی ڕابردوو خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین ، ئێمەی مرۆڤ بەرھەمی ماتریالیزمى مێژووین ، واتە ڕێڕەوی ژیانمان بەستراوەتەوە بە پێشکەوتن و بەردەستبوونی مادەوە ، جا مادە ھەر ئەوە نیە کە تەکنەلۆژیا بێت بەڵک و پارە و ماڵ و شار و دەوڵەت و چەک و ھەموو ئەمانە ماددەن ، ژیانی ئێمەش پێش ئەوەی خۆمان دیاری بکەین کە بەرەو کوێ ئەڕوات ئەم شتانە دیاری ئەکەن ، زیرەکی دەستکردیش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک فیلمەکە درووست بکرێت ھەر بە ماددە حسابە و ھەر پێویستە پشتی پێ ببەستین تا بەردەوام بین ، بەڵام چەنێک پشتی پێ ببەستین ئەبێت ئەوەندەش دەست لە خوودی مرۆڤەکان ھەڵبگرین ، ئەمەش وا ئەکات ئەوەلیەتی ژیان وەک ھەمیشە ماددە بێت لەجێی مرۆڤ، کۆتایی ئەم ڕێگەیەش واتە کۆتایی ئەم جۆرە مرۆڤەی کە ئێستا ھەیە ( ھۆمۆ-ساپیانس)، ھەمیشە ئەم شتە بە گەورەترین مەترسی زانست بە گشتی و زانستی تەکنەلۆژی بەتایبەتی دانراوە بەڵام ھەر بەڕاست مەترسییە یان چارەسەرە؟ ماتریالیزمی مێژوویی ئێمەی کردووە بە بوونەوەرێک کە مادە بخەینە پێش خۆمان لەپێناو مادە وەک لەپێناو خۆمان، ھەر ئەمەشە مرۆڤ و مرۆڤایەتی کردووە بەوە کە ئێستا ھەیە ، لەم سۆنگەیەشەوە ئەگەین بەو ڕاستییەی کە ڕاگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی ماتریالیزمی مێژوویی واتە وێرانبوونی ھەموو شتێک بۆیە ئێمە ناچارین بەردەوام بین لەسەر ئەمە ، چۆنا و چۆن بەردەوام بین ؟ زۆر بە کورتی پێویستە ........ خۆمان بە ماده بکەین.