A+    A-
(907) جار خوێندراوەتەوە

دوو جۆر "نەزۆكی"

 

وەلید عومەر

 

 


ڕەنگە بتوانین دوو جۆر نەزۆكی دیاریبكەین: نەزۆكیی بایۆلۆژی و نەزۆكیی سیمبوڵی. هەموو دەزانین نەزۆكیی بایۆلۆژی ئەو پرۆسەیەیە كە ژنێك(پیاوێك) مناڵی نابێت و هۆكارەكەش كۆمەڵێك گرفتی جەستەییە وەك نەپیتانی هێلكە و خەلەل لە هێلكەدان و گرفتی هۆرمۆنەكان و هتد. بەڵام نەزۆكیی سیمبوڵی، نەزۆكییەكی ناجەستەییە، نەزۆكییەكە كەسێك یان كۆمەڵگایەك چیدی توانای بەرهەمهێنان و ئەفراندنی شتێكی نوێی نیە. لێرەدا لەسەر فیلمێكی دەرهێنەری مەكسیكی "ئالفۆنسۆ كوارۆن" دەوەستین بەناوی ڕۆڵەكانی مرۆڤ(Children Of Men) كە فیلمێكی زانستی-خەیاڵییە و ساڵی 2006 بەرهەمیهێناوە(گەرچی فیلمەكە فیلمێكی باوی زانستی- خەیاڵی نیە و پتر هەڵكشانی واقیعی مرۆڤایەتییە بۆ كۆمەڵێك سیمای خەیاڵی). بەكورتی چیرۆكی فیلمەكە بەم جۆرەیە:

ڕووداوەكان لە ساڵی 2027دا دەگوزەرێت و مرۆڤایەتی تووشی نەزۆكی هاتووە و چیدی كەس مناڵی نابێت. دیارە هۆكاری مناڵنەبوونەكە، نەزانراوە. ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە مرۆڤایەتی لە هەر چوارلاوە توشی شەڕ و ماڵوێرانی و ڕەگەزپەرستی و برسێتی بووەتەوە. دوایین چركەساتی مناڵبوون بەر لە 18 ساڵ بووە و ئەو مناڵەی كە گەیشتووەتە تەمەنی 18 ساڵ و چوارمانگ دەكوژرێت و هەواڵی مردنەكەی وەك هەواڵێكی ناخۆش لە تەلەفزیۆنەوە بەناو خەڵكدا بڵاودەبێتەوە. شێوازی كوشتنەكەشی دیسان سەیرە و بیرخەرەوەی نەزۆكییە لە سەردەمی ئێمەدا. ئەم كوڕە لە بۆینس ئایرس لەلایەن كەسێكەوە دەكوژرێت كە داوای ئیمزای لەم كردووە و ئەمیش ڕەتیكردووەتەوە(دیارە ئەم كوڕە جۆرێك بووە لە سیمبوڵ كە گەنجترین توخمی مرۆڤە لەسەر زەوی ماوەتەوە و دوایین یادەوەریی مرۆڤایەتییە لەگەڵ زایین و لەدایكبووندا). لەم دۆخەدا تەنیا وڵاتێكی وەك ئینگلتەرا ماوەتەوە بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ و ئەوێش سیمای شكستهێنانی دامودەزگاكانی سیستەمی سەرمایەداریی پێوە دیارە و ئاشوبێكی زۆر لە شەقامەكانی لەندەندا دەبینرێت. ڕووناكییەكی چكۆلە كە لە فیلمەكەدا دیارە، ئەوەیە كە ژنێكی ڕەشپێستی پەنابەر سەرەنجام سكی پڕ دەبێت و ناشزانرێت چۆن پڕ بووە و هێمای مناڵبوونی تیا دەردەكەوێت. پیاوێكی نائومێدیش بەناوی تیۆدۆر كە پاڵەوانی فیلمەكەشە، ئەركی ئەوەیە پارێزگاری لەم ژنە بكات و نەهێڵێت تیابچێت و بیبایەت بۆ كەناری دەریایەكی هێمن تاكو مناڵەكەی ببێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ تەفسیری فەیلەسوفی چەپ، سلاڤۆی ژیژەك بكەین بۆ ئەم فیلمە. ژیژەك لە كتێبی توندوتیژی دا پێی وایە ئەم نەزۆكبوونەی مرۆڤەكان، نەزۆكبوونی سیستەمە كۆمەڵایەتییەكەی ئەمڕۆمانە كە چیدی ناتوانێت بەهای نوێ و ئایدیای نوێ بەرهەمبێنێت و گەیشتووەتە بنبەست. مەبەستی ژیژەك پتر ئەو سیستەمە لیبراڵ دیموكراسییەی خۆرئاوایە كە بەناوی سەرمایەدارییەوە بەرەو هەموو جیهان كشاوە. ئەو سیستەمەی كە لە خۆرئاوا مرۆڤێكی بەرهەمهێناوە كە لەڕووی بەهای نوێ و خەونی نوێوە نەزۆكە و سوبێكتێكی سست و تەمەڵ و چێژپەرستە و لەناو نیهیلیزمێكی پاسیڤدا دەخولێتەوە. ئەم تەفسیرەی ژیژەك دەرگامان بۆ دەكاتەوە تاكو نەزۆكییەكە لە سیستەمە كۆمەڵایەتییەكەوە بگوازینەوە بۆ نەزۆكیی ژن: ژن وەك مۆدێلێك لە ژن لەناو ئەم سیستەمەی ئێستای جیهاندا.

نەزۆكبوونی ژن بایۆلۆژی بێت یان سیمبوڵی، بەشێك لە خەتای پیاویشی تیایە. ژن و پیاو وەك دوو بوونەوەری هاوبەش لەسەر زەوی و لەناو كۆمەڵگادا دەژین. بەڵام بەو پێیەی كە لەڕووی ژێندەرییەوە فیلمە تەركیزی خستۆتە سەر نەزۆكیی ژن، ئەوا پرسیارەكە بەم جۆرە دەبێت: ئایا ئەم تایپە لە ژن لەناو ئەم سیستەمەدا توانای ئەفراندن و ڕزگاركردنی هەموانی هەیە؟ ئایا دەتوانێت خۆی ڕزگاربكات؟ ئایا كۆی جەوهەرە ژێندەرییەكەی نەچووەتە خزمەتی سیستەمی سەرمایەدارییەوە؟ یان ڕوونتر: ئەو كۆمەڵگا نمایشییەی كە درووستبووە، چەندی لە ئەستۆی ژنە؟ ژن تا چەند كراوەتە كەرەستەی بازاڕ؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە فیلمەكە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و تەمومژاوی بیرماندەخاتەوە. 
ئەم فیلمە لە ڕۆمانێكەوە وەرگیراوە بە هەمان ناو، ئەویش لەلایەن ژنە نوسەرێكی ئینگڵیزەوە نوسراوە بەناوی پ.د. جەیمس. جەیمس لە جێیەكدا ئاماژە بەوە دەكات كە «من ئەو كتێبەم لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا نوسی كە ئەگەر ئایندەیەك لەئارادا نەبێت، ئەوا مرۆڤەكان چۆنچۆنی هەڵسوكەوت دەكەن؟». دەتوانین وشەی ژن بخەینە جێی وشەی مرۆڤەكان و جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە ژنان چۆن دەتوانن ئەفرێنەر بن و لەم نەزۆكییە دەرچن؟ چۆن ئەو بنبەستانە تێپەڕێنن كە پیاو درووستیكردووە، چونكە هەموو دەزانین بەشێك لەم تایپە ژیانەی ئەمڕۆ لەلایەن پیاوەوە بەرهەمهاتووە. 

لە جێیەكدا دەتوانین هەردوو جۆر نەزۆكییەكە پەیوەست بكەینەوە بە یەكترەوە و بڵێین: گەر ژنەكان بەردەوام لە دۆخی زاییندا بن و مناڵ بێننە ئەم جیهانەوە، ئایا ئەم مناڵانە خزمەت بە چی سیستەمێك دەكەن؟ ئاخۆ ئەم مناڵانە نابنە دەستی كار/بێكاری بۆ سیستەمی سەرمایەداری و سیستەمە ناوخۆییەكانی تر؟ ئایا ئەم زایینە بایۆلۆژییە، خۆی خاڵێكی نەرێنی نیە؟ ئەویش بەو مانایەی كە مرۆڤەكان لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بن و مرۆڤگەلێك بێننە جیهانەوە كە خزمەت بە سیستەمێكی ستەمكار دەكات و لە زۆر حاڵەتی تریشدا دەبێتە زیادە و پاشماوەیەكی بێكەڵك بۆ سیستەم. ئەمڕۆ هەر مناڵێك بێتە دنیاوە، یان كرێكار و بێكارە یاخود مەسرەفكار. لە هەردوو حاڵەتەكەدا نەزۆكییە مرۆییەكە بەردەوامە و ئەم سیستەمە نەزۆكەی كە مرۆڤی تێكەوتووە درێژە بە خۆی دەدات.

فیلمەكە لۆژیكی خۆی لە لۆژیكی فیلمە زانستییە خەیاڵییەكانەوە وەرگرتووە كە ڕووداوەكان دەكەونە ئایندەوە. واتە جۆرێك لە ناهاوكاتی و ناتەبایی لەگەڵ زەمەنی ئێستا لەئارادایە و ساڵەكە دەكاتە ساڵی 2027ـی زایینی. ئەم ناهاوكاتییە، بەنیسبەت كۆمەڵگای ئێمەوە جێی سەرنجە. كۆمەڵگای ئێمە(كۆمەڵگای كوردی)، خۆی لە ناهاوكاتییەكدا دەژی لەگەڵ مێژووی جیهان و مێژووی مۆدێرنەدا. وەك بڵێی ڕێكەوتێكی زانستی خەیاڵییمان لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتییدا هەیە و ژنی كوردیش بەشێكە لەم ناهاوكاتییە. تایپێك لە ژن كە دەستی بە ئامرازەكانی مۆدێرنە و سیستەمدا دەگات، بەڵام لە ناوەوە بەهای نوێی تێهەڵكێش نەكردووە بە سوبێكتیڤیتە و كارەكتەری خۆی. بۆیە گەرچی لە سەردەمێكی جیهانگیردا دەژین، بەڵام جۆرێك لە ناتەبایی و ناهاوكاتی لەنێوان ژنی كورد و ژنێكی خۆرئاواییدا هەیە. ئەم تایپە ژنەی ئێرە چیتر بەرهەمی زانكۆیە، بەڵام بەرهەمی بەها خۆرئاواییەكان نیە. ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، بەڵام بەرهەمی ئەو یاسا خۆرئاواییانە نیە كە یاساكانی هاتوچۆی لە عەقڵانیەتی مۆدێرنەوە وەرگرتووە. ئەم ژنە دەستی بە ئەنتەرنێت دەگات بەڵام ناتوانێت بەتەواوی ئەو خواستانە بەدیبهێنێت كە بۆی درووستدەبێت. ئەم ناكۆكییانە بەرهەمی ناهاوكاتیی ئێمە بە مۆدێرنەی خۆرئاوایی. بەڵام دەتوانین وزە مێینەكان بكەینەوە بە گژ عەقڵیەتی پیاوسالارییدا و جۆرێك لە هاوكاتی درووستبكەین. نمونەیەكی سادە و تاڕادەیەك تەوسئامێز لێرەدا شۆفێرییە: كاتێك بەرهەمەكانی مۆدێرنە/سەرمایەداری بەدەستی ژنانەوەیە، پێدەچێت بڕێك ئیمكانی باشتری پێوە بێت تا بەتەنیا بەدەستی پیاوەوە بێت. كاتێك ژنان وەك شۆفێر دەردەكەون، بەشێك لەو ڕێسا پیاوسالارییە تێكدەشكێت كە نێرایەتیی خۆی لەسەر جادە نمایشدەكات و زەبروزەنگ بەرهەمدەهێنێت. دیارە ئەم شتانە لاوەكی دەردەكەون و بەشێك نین لە ئەفراندنە گەورەكەی ژن كە ئەم سیستەمە بخاتە مەترسییەوە. بەڵام گەر كۆنكرێتیی بیربكەینەوە، ئەوا ناچارین لە مەودا بچوكەكاندا سود لە پانتایی مێینە ببینین بۆ باشتركردنی ژیان.

لە فیلمەكەدا ئەوەی عاقیبەت دێتەدنیاوە، مێینەیەكە، مناڵێكی كچە. مێینەیەك، مێینەیەكی تری دەبێت. بەڵام نازانین ئاخۆ ئەو مناڵەچ ڕزگارییەكی پێیە. چونكە خودی مناڵبوونەكە ئامانج نیە و تەنیا پرسێكی فۆرماڵە. ئەو مناڵەی دەیهێنینەوە دنیاوە، چ پێگەیەكی لەناو ئەم سیستەمەدا دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە فیلمەكە بەكراوەیی جێی دەهێڵێت و مرۆڤایەتی لەناو نەزۆكییەكی گەورەتردا دەهێڵێتەوە.