A+    A-
(2,055) جار خوێندراوەتەوە

 


               کۆمۆنیزم بۆ مناڵان...کۆمۆنیزم بۆ هەمووان

 

                        


گفتوگۆ لەگەڵ بینی ئادەمزاک(Bini Adamczak) نوسەری  کتێبی "کۆمۆنیزم بۆ مناڵان"                                    لێرەوە بە pdf دایبگرە

                  لە ئینگلیزییەوە  شلێر ڕەشید


 

 


 

  • بۆچی کتێبی "کۆمۆنیزم بۆ مناڵان"ت نوسی؟

 کتێبەکە لەو نێوەندەدا نوسراوە کە پێی دەگوترێت "کۆتایی مێژوو"، چەرخی مێژوویی نێوان ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و هەستانی بەهاری عەرەبی. ئەوە ئەو کاتە بوو کە بزووتنەوەیەک لە بزاوتندا بوو دژی جیهانگیری لەژێر دروشمی "جیهانێکی تر مومکینە[1]." دا. درووشمەکە هێندە بەهێزبوو چونکە ناونیشانێک بوو بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی، هەستی زۆرێک بوو لەو کاتەدا. سەرمایەداری براوە بوو، دیموکراسیەتی لیبراڵی تاکە هەڵبژاردە بوو کە بتوانرێت لە ڕێیەوە خەباتبکرێت بۆ وەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی کەم. هەموو کەسێک بۆ خۆی بوو، ئەو بوارەش بۆ کارکردن زۆر تاکلایەنە بوو.
وتنی: "دنیایەکی تر مومکینە"  لەخۆیدا هەستێکی بەرەنگاریی هاوبەش بوو.

دووەم مەرجی کۆمەڵایەتی بۆ کتێبەکە، بەشبەشبوونی چەپ بوو، کە پەیوەست بوو بە "کۆتایی مێژوو" هەروەها هەستکردن بە ئەزموونی شکستخواردووی سۆسیالیزمی بنیاتنراو"، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە خەڵک بەردەوامبوون لە جەنگ بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی، زۆربەی کاتیش لە هەوڵدانی تاکەکەسیدا دەمایەوە. زۆربەی جاریش لەسەر یەک کێشەی جیاواز هاوپەیمانی دەکرا ، و بە زۆری لە ڕابردوودا شکستی هێناوە.

لە ٢٠٠٣ گروپیکی چەپی نادۆگمی دژی فاشیزم و ڕادیکاڵ، لەفرانکفۆرت ڕێکخرا، پێیان دەگوترا: "کۆمۆنیزمی دیارینەکراو"، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە. ئامانجیان لەم کارە کۆکردنەوەی باڵە جیاجیاکانی چەپ و دژی ڕەگەزپەرستی و دژی جیاوازی ڕەگەزی نێرومێ و زانایانی ژینگە" ئیکۆڵۆجست" و دژی سەرمایەداری بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشنتر و ڕادیکاڵانەتر بۆ کۆمۆنیزم.

لەو هەل ومەرجەدا کتێبەکەم نووسی بە ناونیشانی تیۆر و دیدگای کارڵ مارکس بۆ داهاتوو، بەڵام کتوپڕو دەستبەجێ لە لایەن کۆمەڵێک نوسەرەوە دژایەتیم کرا. تێگەشتم لە دونیای " کۆتایی مێژوو"دا سەبارەت بە ئارەزووەکانت بۆ دونیایەکی ئازاد لە هەژموونی دەسەڵاتداران بە زمانێکی تەواو ئازادەوە زەحمەتە بتوانی بنووسیت"

 

 

کەوابێ کتێبەکە بۆ منداڵان نییە؟

  • نەخێر، بۆ هەموو کەسێکە. بەدڵنیاییەوە منداڵان کتێبەکە دەخوێننەوە. هەندێک جار کە مناڵان پرسیاردەکەن لە چەشنی: " سەرمایەداری چییە؟" یان " قەیران چییە؟" گەورەکان کتێبەکەیان بیر دێتەوە و هەندێجار هەوڵدەدەن لە ڕۆژێکدا یەک بەشی بۆ مناڵان بخوێننەوە. بەڵام ئەگەر بڕیاربووایە بۆ منداڵانی بنووسم دەبووایە بە شێوەیەکی جیاوازتر بمنوسیایە. کتێبەکە بۆ هەموو کەسێکە کە چێژی لێ دەبینێت" وەکو زمانی مناڵ" زمانەکەی سادە و ئاسانە، ئەم کتێبە بۆ تەمەن نییە. بە پێچەوانەوە دەربارەی بوونی خەونە ڕادیکاڵەکانە.  هیوام وایە کە پێویست نەکا باسی بکەم. بەڵکو تەنها ڕوون بێت، ئەگەر بتەوێت دنیا بگۆڕێت وگفتوگۆ لەسەر نمونە ڕادیکاڵەکانی گۆڕان بکەیت. پێویست ناکات زانستی سیاسی بخوێنیت، هەروەها بۆ ئەوانەش کە لە تێکستی سادە دەترسن (ترسیان لە تێکستی تازەیە). تیۆری کۆتاییش هەیە. ئەم کتێبەکە وشەی " بۆ مناڵان" دەگرێتەخۆ لە ناونیشانەکەی چونکە هەموو کەسێک وەک مناڵ ناوزەد دەکات، گرنگ نییە تەمەنەکەی چەندە. "مناڵن". بەزۆری شەوان کاتی کتێب خوێندنەوەیە، زۆربەی جار کاتژمێر ١٠ دەست پێدەکات، زۆر جاریش بەوە دەست پیدەکەم دەڵێم:" دڵخۆشم کە ڕێگەت پێدراوە تا ئەو کاتە درەنگە بمێنیتەوە، بەڵێن دەدەم، لە کۆمیونیزم نابێ کەس زوو بچێت بۆ خەو". کتێبەکە وا لە خوێنەردەکات ڕادیکاڵانە خەیاڵبکات، بۆیە ئەو درۆیە وەلاوەدەنرێت کە پێی وایە دنیا وەکو خۆی دەمێنێتەوە(وەکو ئەوەی کە هەمیشە هەروا بووبێت).

 

 

لە چیرۆکەکەدا وەها وەسفی هەوڵەکان کە دەبێت وابکەین کۆمۆنیزم بێتەدی، ئیلهامی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم چییە؟

  • زۆربەی هەوڵەکان بەشێوەی پایەیەکی مێژوویی یان یۆتۆبیایی ئازادانە شکڵدەگرێت: دیموکراسیی کۆمەڵایەتی، سەندیکایی، دەوڵەتی سۆسیالیستی، لۆدیزم (luddism) و هەندێک فۆرمی تری وەک (techno-hedonism). هەموو کۆمۆنیستێک هەوڵەکانی و خەونەکانی لە هەندێک ڕووەوە تووشی شکست دێن، بەڵام بەهەوڵێکی تر دەستپێدەکرێتەوە. لێرەوە ئینسانەکان فێری هەستانەوە دەبن. هەوڵدراوە و پرسیارکراوە. ئایا نمونەی یۆتۆپیا چارەسەرە بۆ سەرمایەداریی سەرکوتکەر؟ یان کامی تریان؟ ئایا لە سایەی سەرمایەدارییدا ژیانی ئێستا باشترە لە ژیانی پێشتر؟ ئەی لە چ ڕوویەکەوە؟ ئایا دڕندەییەکانی پێشوتر سەر هەڵدەدەنەوە، ئایا دڕندەیی نوێ سەرهەڵدەدات؟ ئەی چی دەمێنێتەوە؟ بەم شێوەیە دەتوانرێت یۆتۆبیا جیاوازەکان لە گفتوگۆیەکدا کۆبکرێنەوە. ئێستا دەتوانرێت ڕەخنە لە یەک بەیەکیان بگیرێت، لێرەدا خاڵە بە هێزەکانی و سنوری دەردەکەوێت. هەوڵەکان دەخرێنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕییەکان و زاڵبوون بەسەریاندا. بەدڵنیاییەوە بەگرتنە بەرچاوی سەردەمە مێژووییەکەی. زۆرترین هەوڵ لە شەش لاپەڕە تێپەرناکات.

 

 

 

دەتوانیت نمونەمان بدەیتێ لەسەریەکێک لەو زنجیرانە؟


* بە دڵنییاییەوە، لەناو کتێبەکەدا لەو بارەوە دەق هەیە:

" کۆمەڵێک خەڵک بەدەوری مێزێکدا دانیشتون، پێشیان پڕە لە ژەمە خواردنی سوک، دۆلکەیەک لە شەربەتی مێوژ و دونیایەک لە تکتی زیادەی فیلم، لەگەڵ زەحمەتییەکی زۆر بۆ ئەوەی جارێکی تر شوێنپێی خۆیان بدۆزنەوە. هەوڵدەدەن بە پێوە بوەستن و باشتر بیربکەنەوە. لە ڕاستیشدا گێلتر لە پێشتر دێنە بەرچاو لە سای سیستەمی سەرمایەداريیدا. وەک ئەوەی بڵێی کلیلی کێشەکانیان دۆزیبێتەوە، یەکێکیان دەڵێ: " دۆزیمەوە" ئەگەر هەموو کەسێک وەکو یەکیان دەستبکەوێت، ئیتر کەس ئارەزووی کارکردنی نامێنێت. هەر بۆیە هەمووان تەمەڵ دەبین. چارەسەر ئاسانە: هەموو کەسێک ئەوەی دەست بکەوێت کە خۆی درووستيدەکات."

بەم شێوەیە دەبینین هێواش هێواش خەڵک بیردەکەنەوە. بیریان دەکەوێتەوە قسە لەسەر ئەو شتانە بکەن کە هەست دەکەن ناڕاستن."ئەمە ئایدیایەکی باش نییە" کەسێک هاوار دەکات" کەسانێک ناتوانن وەک ئەوانیتر کاری قورس ئەنجامبدەن. کەسانێکیش کەمتریان دەوێت لە کەسانی ترو پێویستی جیاوازتریان هەیە. چونکە خەڵکانێک هەن ناتوانن وەک کەسانی تر گورجوگۆڵ بن و کاری قورس ئەنجام بدەن، ئەمە مانای ئەوە نییە شتی زۆرتری پێبدرێت. ئەمەیان دادپەروەری نییە."

کەسێکی تر وتی: " ئەوەیان ڕاستە لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەموو باسەکەمان بەدەوری ئەو شتە گەمژانەدا دەسوڕێتەوە، ئێمە ڕاڕاین، هەریەکە لەئێمە چەنێ شت درووستدەکەین، وە چەند کەس دەستی دەکەویت، دیسانەوە ئێمە پرسیارە سەرەکیەکە فەرامۆش دەکەین، دەمانەوێت چۆن بژێین؟" ( ٦١-٦٢).

 

 

 


لە کۆتاییدا دەنوسیت زۆربەی ڕەخنەکان لە سەرمایەداری جەخت دەکاتەوە سەر یەک لایەنی سەرمایەداری،لە کۆتاییدا ئەمە وادەکات پشتیوانی لە توخمێکی سەرمایەداری بکرێت بەرامبەر بە توخمێکی تری. دەتوانیت ئەمە ڕوونبکەیتەوە؟ هەروەها چۆن خۆمان لەمە بپارێزین؟

  •  کۆتاییدا، جیاوازی دەکەم لە نێوان ئاڵوگۆڕی بەرهەمهێنان و فۆرمی بەرخۆری لە دژی سەرمایەداری، هەریەکە لەوانە کاتێکی دیاریکراوی سەرمایەداری پیشاندەدات و دەیسپێرێت بە کاتەکانی تر. بۆ نمونە لە سەر شێوەی ڕەخنەی دژی سەرمایەداری کە تەرکیز دەکاتە سەر دابەشکردن گفتوگۆدەکەم. لە یەکەم چاوپیاخشاندا زۆر ئاسایی دەردەکەوێت: شەڕی جیاوازییە گەورەکانی ئابوری، ئێمە پێویستمان بە دانانی باجی گەورەتر هەیە لەسەر دەوڵەمەندەکان، باج لەسەر ئاڵوگۆری پول و هتد.... پاشان دەوڵەت سەرلە نوێ دەستبکاتەوە به دابەشکردنی سەروەت و وەبەرهێنانی ژێرخانێکی باشتر و  بیمە کۆمەڵایەتییەکان و هتد... بەڵام چۆن ئەم نایەکسانییە لە شوێنی یەکەمدا دەردەکەوێت؟  کێ سامان بەرهەمدێنێت و کێ سودمەند دەبێت لێی؟ ئایا بەڕاست دەوڵەتی بەهێز لە قازانجی ئێمەدایە؟ یان ئێمە باشتر ڕێکخراو دەبین؟ ئەم پرسیارانە بەم شێوەیە دژایەتی درووستناکات بەرامبەر بە سەرمایەداری؟

ڕەخنەیەکی تر لە سەرمایەداری زیاتر زاڵ بووە لەم دەیەیەی دواییدا. تەرکیز دەکاتە سەر بەرخۆری: کەلتوری براند و مارکە، ڕیکلامکردن، کێشەکانی ژینگە و تەندرووستی. ئەم ڕوانینە زۆر گرنگە، بەڵام زۆرتر مەیلی  تاکگەرایی بەسەریدا زاڵە و لە ڕووی ئاکار و ڕەوشتە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێیان دەڕوانێت و نایانبەستێتەوە بە پەیوەندییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە و وەکو تاک سەیری بەرخۆر دەکات. وەک یەکەیەکی سروشتی سەیری خێزان دەکات، وەکو ئەوەی ئەمانە هەمیشە نان دەخۆن، پیسایی دەکەن، سەیری تەلەفزیۆن دەکەن و بەتەنها لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا دانیشتوون و قفڵێکی گەورەیان لە دەرگای ماڵەکانیان داوە.

شێوەیەکی تری ڕەخنەگرتن هەیە لە دژی سەرمایەداری زۆرتر سەرنجی دەخاتە سەر شێوەی کارکردنمان بێ تێگەشتن لە شێووەو شوێنی کارکردنمان. ئەم ڕەخنەیە زۆر باو بوو لە ١٩٦٨  و لە زۆر بواریشدا جێکەوت ببوو... لەو کاتەشەوە بۆ ئێستا کار زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە: کاری بەکۆمەڵ، شێوەکاری ئاسان، سەعاتی کاری گونجاو. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو ئاسانکارییانە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر بووە نەوەک بۆ خزمەتی ئێمە.

پێشنییار دەکەم ئەم شێوە ڕەخنانە ی بەدژی یەکتر دانەنرێن، بەڵکو لەیەکتریان هەڵکێشین. ژیانی باش بە مانای بەرخۆریەکی درووست و دابەشکردنێکی دادپەروەرانە نییە، بەڵکو دابەشکاریی سەرمایەداری لە بواری کۆمەڵایەتییدا بۆ خۆی لە خۆیداهەڵگری کێشەی گەورەیە.
 

 


 

چەند گرنگە لە ڕێگەی تێگەیشتنی سەرمایەدارییەوە کۆمۆنیزم بێنیتە پێشچاو.

  • بە ڕاستگۆییەوە بڵێـم بڕواناکەم ئەوەندە گرنگ بێت، کرستین سیفیک پرۆگرامەری سۆفت وێرە، هەروەها  تیۆریستێکی مارکسیییە هەوڵیدا لە ویکیپیدیا و  لینوکس هەروەها ئەوانەی کە دژی بەرهەمهێنانی بنچینەیی باون یان هاوبەشیان بەرهەمهێناوە.   common based peer productionکۆنسێپتەکە گشتگیربکاتەوە.

جارێکیان پرسیاریک هاتە ئاراوە: "ئایا پێویستە لە سەرمایەداری تێبگەیت بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵبیت ؟"

وەڵامەکەی "نەخێر" بوو. پاش هەموو شتێک ئینسان دەتوانێت بەشداربێت لە یەکخستنی سیاسی و درووستکردنی هاوپشتی و یەکسانی بەبێ هیچ شیکارییەکی گشتی بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. بیر لە بۆرژوازی بکەرەوە لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، بازرگانەکان، دەریاوان، کرێکارانی ڕۆژ – ئەمانە لەسەر بەرهەمهێنانی نوێ هۆشیارییان نەبوو بۆ ئەوەی سەردەمی دەرەبەگایەتی ڕەتبکەنەوە.

بەهەرحاڵ هەبوونی شیكردنەوەی سەرمایەداری زانیاری دەربارەی مێژووی کۆمۆنیزم و خەباتی کۆمەڵایەتی یارمەتیماندەدات زۆرێک لەو هەڵانەی کە کراون جارێکی تر نەیەنەوە ڕێگامان. بۆ نمونە بە هۆی ستراكتۆری نوێی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، ئەو کەسانەی دەستیان دایە خەبات دژی نایەكسانیی ئابوری، زۆر جار کاریان بەوە تەواو دەبێت کە سیاسەت کورتبکەنەوە بۆ ڕوانگەی ئەخلاقی و شەخسی، بەتایبەت لەو کاتانەی کە دەرکەوتە نایەكسانەكانی ئابوری وادەردەکەوێت کە هۆکاری بەڕیوەبەرە دڵڕەق و خوێنمژەکانە یان سیاسییە شەیتانەکان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان بێت. خوێندنەوەیەکی شێلگیرانە بۆ سەرمایەداری یارمەتیماندەدات لەوە تێبگەین،  ئەوە بەس نییە کە تەنها لە ڕێی دەزگاکانی دەوڵەتەوە سەروەتی کۆمەڵایەتی دابەشبکرێت، چونکە ئەمە تەنها وەکو بەرخۆرێک کێشەی تاکەکان چارەسەردەکات.  لەجیاتیی ئەوە دەتوانین بەکۆمەڵ ئەم پرسیارە بکەین، ئایا ئەوەی دەمانەوێت ئەو کارەیە کە پێی دڵخۆش دەبین؟ یان باشترە بوترێت: چۆن دەمانەوێت بژین؟.

 

 

چۆنەپاش ئەو ڕوداوو کارەساتانەی سەدەی ڕابردووتاکو ئێستا بیری کۆمۆنیزم هەربە زیندویەتی ماوەتەوە؟

  • پێویستە ڕوون بین: بەهێزترین مشتومڕ لە دژی کۆمۆنیزم، کۆمۆنیزم خۆیەتی، کۆمۆنیزمی ڕابردوو لە ڕێگەی کۆمۆنیزمی داهاتوو دەوەستێت، ئەمە گونجاوە بۆ هەموو کەسێک کە خەون بە جیهانێکی جیاوازەوە دەبینێت. ئێمە بەشدارین لەمیراتی خەونی ئازادی کە گۆڕا بۆ مۆتەکەیەکی کۆنەپەرستی.

لە ١٩٨٩-بۆ١٩٩١ سۆسیالیزمی دەوڵەتیی یەکیەتیی سۆڤییەت هەرەسی هێنا. ئەمەش لە خۆیدا شکستێک بوو دژ بە سەرمایەداریی جیهانی. کەوتنی سۆسیالیزمی سۆڤیەتی زۆر زووتر پێش ئەو مێژووە ڕوویدا. بۆیە لەڕاستییدا ژمارەیەکی زۆر کەوتن هەبوو لە ساڵەکانی ١٩٢٧،١٩٣٧،١٩٣٩،١٩٤٥،١٩٥٦، ١٩٦٨،١٩١٧،١٩٢١ زۆربەی ئەم ساڵانە ئەگەری گەڕانەوەی تێدابوو بەرەو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری لەسەر بنچینەی پرۆژەی کۆمۆنیست، بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش. لە ١٩٩٠  بەشێوەیەکی گشتی هەموو تواناکان بۆ گۆڕانکاری بوون بە شتێکی نادیار و لەبیرکران، مێژووی کوشتن و بیرۆکراسی ئەو ئەگەرانەی لەگۆڕنا. سەرەڕای گەڕانەوەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئازادیخواز بە هێزێکی زۆرەوە لە جیهاندا لە کۆتایی ١٩٦٠ کاندا ، بەڵام ئەم یاخیبوونەش لە کۆتایی ١٩٨٠کاندا شکستیهێنا.

بەو جۆرە دنیایەکی جیاوازتر کەوتە بەر دوو هەڵبژاردەوە: سۆییالیزمێکی دەوڵەتیی خراپ یان  سەرمایەداریی نیۆلیبڕاڵ، کە زۆرجار لەژێر دەمامکی دیموکراتیی کۆمەڵایەتیی خۆیان دەشاردەوە. ئەمە وایکرد سەرباری دیموكراسیی لیبراڵی لای زۆرێک لەو خەڵكانەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەردا ژیابوون وەک بەدیلێکی درووست دەربکەوێت. لە دەستەکەی تریشدا هیچ بەدیلێک نەمابووەوە لە بەرانبەر سەرمایەداریی نیولیبراڵیزمدا. لەو بوارەدا مارگرێت تاچەر بە شێوەیەکی دیاریکراو ئەو مافەی وەرگرت چونکە ئەڵتەرناتیڤە واقیعییەکانی لە مێژوودا سڕانەوە. لە دەیەکانی دواییدا وەهمی ئەوەی کە سەرمایەداری دەتوانێت ئەرکی وەکو کۆتایی مێژوو باشکردنی ژیانی زۆربە بێت. پێیانوابوو ئەوە دیاردەیەکی ڕۆشنە. ئەوەی کە سەرمایەداری بە "مەدەنی" کرابوو، بە هۆی ئەو خەباتانەوە بوو کە لەدژی ئەنجامدەدرا، هەروەها بوونی یەکێتیی سۆڤیەت "کە زۆربەی جار وەک هاوکارێکی نەبینراوی سێیەمی ڕۆژئاوا وابوو" . زۆر پێویست نییە ئەو کارەساتانەی کەسەرمایەداری ڕۆژانە بۆمان درووستدەکەن لێرەدا ئاماژەیان پێبدەین. ئینسان ئەگەر زۆر بەسادەیی پەیوەندیی نێوان هەژاری خۆی و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی  ببینێت و بیر لە بەدیلێک بکاتەوە، ئەوە درک بە تارمایی کۆمۆنیزم دەکات. ئارەزووکردنی ژیانێکی یەکسان و هاوپشتیکردن و دامەزراندنی کۆمۆنەکان کارێکی زۆرشێتانە نییە، لە بەرانبەر تاکگەرایی و نامۆبون و پێشبرکێی بەردەوام. ئارەزووکردن بۆ کۆمۆنیزم کات و سەردەمی خۆی دێت سەرباری میراتە نائومێدییەکەی کە دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕوو ببینەوەو ناکرێت خۆمانی لێ لابدەین.

 

ئەو کاتەی کە یەکەمجار لە ٢٠٠٤ لە ئەڵمانیا "کۆمۆنیزم بۆ مناڵان"ت بڵاوکردەوە کارەکەت تەرکیزی خستە سەرچی؟

  • ئەرکی کۆمۆنیزم بۆ مناڵان دووبارە داهێنانەوەی داهاتووە لە نێوەندی کۆتایی مێژوودا. کاتێک کە بەڕاستی سەرمایەداری خۆی وا نمایش کرد کە بێ ڕکابەرە، دەرفەتێک کە بۆمان مابووەوە، یادهێنانەوەی خەونە یۆتۆپییەكانمان بوو. خۆخەڵەتاندنێکمان هەبوو بۆ ئەوەی جورئەتی خەونی گەورەمان هەبێت، ئەمە لە خۆیدا گەورەتر بوو لە کاری تاکگەرایی و ڕیفۆرمەکانی ئێرەو ئەوێ. هەر بەتەنها بیرکردنەوە لە داهاتوو بینینی سەرمایەداری وەک هەمیشەیی، ڕابردووش خۆی نمایشدەکاتەوە.
    ترس، وەکو هیوا، بەشێکە لە داهاتوو، لەهەمان کاتدا ئەمە بەشێکە لە ڕابردوو. ئایا سبەینێ هاوشێوەی دوێنێ دەبێت؟ ئایا هەوڵەکانمان بۆ نەمانی سەرمایەداری بەهەمان خەونی سۆسیالیزمی دەوڵەتیی سەرکوتگەر کۆتایی پێدێت؟شۆڕشەکان هەمان هەڵەکانی پێش خۆیان دووبارەدەکەنەوە؟ ئەم پرسیارانە لە سەدەی نۆزدەدا گرنگ نەبوون.

هەرگیز ناتوانین بەسادەیی خەوببینین وەکو ئەوەی لەسەدەی نۆزدەدا هەبوو. ئایا پاش ئەزمونەکانی سەدەی بیستەم، جەماوەر مافی ئەوەی نییە ترسی هەبێت لە گۆڕانە ڕیشەییەکان و پێی وابێت ئەم ئایدیایە هەڵەیە لەسەدەی بیستەمدا ئەگەر جەماوەر  ترسی هەبێت لە گۆڕانی ڕادیکاڵ، ئایدیایەکی پێ هەڵە بێت لەبەرانبەر ئایدیایەکی تردا؟

کۆمۆنیزم بۆ مناڵان بەم پرسیارە کۆتاییدێت. ئایا بۆ جیهانی پاش سەرمایەداری بێ لەئەستۆگرتنی میراتی ستالین و قوربانییەکانی توانای شەڕکردن هەیە بۆ کۆمۆنیزم؟
سۆسیالیزمی دەوڵەتی لەم دەورانەی دواییدا بە شێوەیەکی کەموکورت ڕەخنەی لێگیراوە، بەڵام زۆر بەکورتی، نەک لەئاستی باڵادا، بە هەمان شێوەی ئەزموونی سەندیکاکان کە پشت بەبازاڕ دەبەستێت.  لەگەڵ ئەو قسانەی خەڵكدا کاتێک دەڵێن "نا، نا  ئەمە کۆمۆنیزم نییە" هەوڵەکانی سۆسیالیزمی دەوڵەتی کۆتاییاندێت. بەڵام هێزی ئەم وشانە چین؟ بۆ زیاتر لە نیوسەدە،  سۆسیالیزمی دەوڵەتی سەرکوتگەر سێ لەسەر یەک تا پێنج لەسەر یەکی گۆی زەوی گرتبووەوە.  کۆمۆنیست نەبوون، بەڵام ناکۆمۆنیستیش نەبوون.
 لەگەڵ کتێبی داهاتووم " داهاتووی بەسەرچوو" لەسەر یەکیەتی و تارمایی کۆمۆنیزم و درووستکردنەوەی سبەینێ.

بۆ یەکەمجار لە ٢٠٠٧ بڵاو بووەوە، لە چاپی دووەمیشی لە ٢٠١١  قوڵتر چوومە ناو پرسیارەکانەوە. کتێبەکە باسکردنە دەربارەی بابەتە سیاسییە گەرمەکان، ڕووبەڕووی ڕابردوو دەبێتەوە کە داهاتووی لە خۆیدا ناشتووە. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ دواوە بۆ تیرۆرە زۆرەکانی 9-1937و پاشان شکستی چەپ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سۆسیالیزمی نیشتمانی و سەرکەوتنی ستالین بۆ دەسەڵات و کرۆنشتات، لە کۆتایشدا بۆ ١٩١٧. زۆر پرسیاریش هاتوونەتە پێشەوە وامان بەباش زانیوە خۆمانی لێ لابدەین.

دوو کتێبەکەی ترم  "بۆ یادی سەدساڵەی شۆڕشی ڕووسیا" لە ئەڵمانیا بڵاو دەبێتەوە،  لەوێدا هەوڵدەدەم  بەشیوەیەکی زۆر دیاریکراو، ئەم پرسیارانە بخەمە ڕوو. وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
ئایا شۆڕشی ڕووسیا توانیی سەرکەوتووبێت؟ چۆن؟ شۆڕش چییە؟ چۆن زاڵدەبین بەسەر خەیاڵی شۆڕشدا؟ ئایا ئەم بیرکردنەوەیە ڕێگری بۆ شۆرش درووستدەکات یان بەرەو پێشی دەبات.
من ڕەخنەم هەیە لە شۆڕشی عەقیدەیی و بتی خەیاڵی، کە بەهەمان شێوە لە یەکەم بەشی کۆمۆنیزم بۆ مناڵاندا بەرچاودەکەوێت. پێشنییاردەکەم بە چاوپیاخشاندنەوەی هەردوو دەستەواژە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا، گۆڕان و یۆتۆبیا، شۆرش و کۆمۆنیزم، ئامراز و ئامانج؟

لە کتێبەکەی ترمدا، ١٩١٧ و ١٩٦٨ چەپی کۆن و چەپی نوێ لە پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی هاوبەشدا دادەنرێن، بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا و درووستکردنی کەشێکی باشتر بۆ تێگەیشتن لە کۆمۆنیزم.، کتێبەکە لایەنگرییەکی سەرسەختانە لە تیۆری شۆڕشگێرانە و سیاسەتی هاوپشتی و فیمینیزم دەکات.

 

 

قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و قەیرانی یۆرۆی ٢٠١٠ کاریان کردە سەر ئەڵمانیا بەتایبەت بەرلین، کە خۆتان لەوێ دەژین؟

  • لەکاتی قەیرانی ئابوریی جیهانییەوە، سەرمایەداریی جیهانی بەنائومێدییەوە بەدوایی سەرمایەگوزارییدا دەگەڕێت. لەو کاتەشەوە کە قازانجی دراو سودەکەی کەمە، و ئاسان نییە بتوانرێت وەبەرهێنانی نوێ پەیدابکرێت، بۆیە کڕینی خانوبەرە و زەویی زۆرتر جێگای دڵنیایین بۆ سەرمایە زیادەکان. ئەم دیاردەیە بەڕوونی لە بەرلین دەردەکەوت لەڕێی فشار و پاڵەپەستۆی کرێی خانووبەرەوە.

کۆچکردن و ئاوارەیی و دەرکردنی بەزۆر، بوو بە بوارێکی سەرەکی بۆ خەباتکردنی کۆمەڵایەتی لە شاردا.

ئەم خەباتکردنە ڕەهەندێکی دژە کەپیتالیزمی هەیە تا ئەو شوێنەی جیاوازییەکانی بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهایی بەکارهێنان دەردەخات. کێ دەتوانێت و دەبێت بڕیار لەسەر خانوو بدات؟ ئەوانەی خاوەندارێتی دەکەن، یان ئەوانەی تێیدا دەژین؟ بزووتنەوەی دژی نوێکردنەوەی خانووبەرە لە بەرلین بەتایبەت لە کروزبرگ زۆر بەهێز بوو. هەستدەکرا لەو بارەوە کاری باش ئەنجامدرابێت. لەگەڵ ئەوەی هەندێک کاری کەمی نوێ دەستەبەر دەبوو، بەڵام چالاکوانەکان توانیان ڕێ لە دەربەدەری و بێخانەولانەیی زۆرێک لە خەڵک بگرن.

جارێکی تریش لێرەوە و بەبەردەوامی ڕووبەڕووی فۆرمگەلێکی ئەخلاقی دەبینەوە لە چەشنی دژایەتیکردنی سەرمایەداری، بەڵام لە هەمان کاتدا. دەبینین و ئەوپەڕی ئاگاییەکی پووچانە بەکاردەهێنرێت بۆ دژایەتیکردنی جوولەکە. لە هەموو ئەوانە گرنگتر بەڕاشکاوی دەبینین کە چۆن خەباتکردن لە شار پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکەکانی دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی تەندرووست. لێرەوە تێدەگەین لەوەی هاوپشتیکردن تەنها ئامرازێک نییە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی، بەڵکو ڕێگەیەکیشە بۆ ئازادی و کۆمۆنیزم.

 

ئایا لە ئەڵمانیا ڕەگەزپەرستی لەڕێی ئەوروپاو وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بڵاوبووەوە؟ بە بڕوای تۆ چۆن شەڕی ئەوە بکرێت؟

  •  هەموو دنیا و بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەڵمانیا زۆرجار گەشەسەندووتر دەبینرێت لە ڕووی ڕەگەزی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتییەوە. ئەمەش دەرەنجامی مێژووی چەندەها سەدەی پەیوەندییە گشتییەکانە. ئەو کەسانەی کە ئەڵمانیا باش دەناسن زۆرجار سەریان سوڕدەمێنێت لەو شێوەیەی کە دەبینرێت، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵی ئەڵمانیا ‌قێزەون بوو لە قەیرانی ئابوریی جیهاندا و بەتایبەتیش لە ئەوروپادا. ئەڵمانیا بەهێزترین هێزی ئابورییە لە ئەوروپا، هەروەها یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی دونیا لە ڕووی ئابورییەوە.لە کاتی قەیران و شکانی دراودا، بەشدار بوو لە قوڵکردنەوەی قەیرانەکەدا، لەو ڕێیەشەوە قازانجێکی زۆری کرد.

ئەنجێلا مێرکڵ وەکو ڕابەرێکی لیبڕاڵ دەرکەوێت، بەڵام توانیی قەیرانی ئەڵمانیا هەناردەی خوارووی وڵاتە ئەوروپییەکان بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو ژیان خراپ بکات. لەگەڵ ئەوەشذا ئەنجێلا مێرکڵ بەشێک نییە لە ڕەگەزپەرستەکان و فاشستە نوێیە دڕندەکان کە لە ئاکامی قەیرانەکانەوە درووست بوون. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەنتی فاشیزم  بووە بە ئەرکی سەرەکی لە جیهانی سیاسەتدا.

پاش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، مێرکڵ وەکو  سەرۆکی واقعی جیهانی ئازاد ناسرا. بەڵام دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت: لەکاتی قەیرانەکاندا ناکرێت تەنها بەرگری لە هەلومەرجەکە بکەین. ئەمە ئەو وانەیەیە کە هیلاری کلینتۆن بە درووستی بیرماندەخاتەوە. دژە فاشیزمبوون و خۆبەپاڵەوانکردن کارناکات. ئەرکی پاڵەوان ئەوەیە کە ئەوپەڕی شەڕانگێزی ڕاگرێت، کە پلانێکی داهێنەرانەی هەیە بۆ وێرانکردنی دونیا. پاڵەوانی ڕاستەقینە لەکۆتاییدا ئەم پلانە شەڕانگێزییە هەڵدەوەشێنێتەوە. کۆتاییەکی دڵخۆش ...و جیهان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەبوو. ئەوەی ئەم کارە ناکات و ڕێگرە لە پێشی: سۆسیال دیموکراتەکان، پارێزگاران و سیاسەتی نیولیبراڵەکانە بەگشتی.
بۆ ئەوەی شەڕی فاشیزمی نوێ بکەین، ناتوانین بەرگری لە کۆمەڵگەیەک بکەین تەنها ڕووکەشانە بەرگریدەکات. ئێمە شەڕێکی جیاوازمان لە پێشە، ئەگەر بەنیاز بین دنیابگۆڕین، دەبێت لە ڕیشەوە بیگۆڕین.

 

 

 

 

سەرچاوە
https://www.viewpointmag.com/2017/05/16/communism-for-everybody-an-interview-with-bini-adamczak-author-of-communism-for-kids

 


[1]. “another world is possible.”