A+    A-
(2,178) جار خوێندراوەتەوە

 

 

                          نامۆبوونی کار

 

 

                                    زه‌رده‌شت نوره‌دين                          pdf

 

 

 

لە سادەترین پێناسەدا، کار بریتییە لە چالاکيی ئاگامەند و بەکەڵکی مرۆڤەکان، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە. کار، گرنگترین و حەیاتیيترین چالاکيی مرۆڤە. مرۆڤ بە تەنیشت ئەوەی کە توانيی لەڕێگەی کارەوە درێژە بە بوونی فیزیکيی خۆی وەک جۆرێک بدات، ئەوا لە هەمانکاتدا لەڕێگەی "کار"ـەوە گەيشتووە بە ئاستێک لە بەرهەمهێنانەوەی خۆی کە نەک جیابۆتەوە لە جۆرەکانی تر، بەڵکو چارەنووسی جۆرەکان و عەرزیش لە ئێستادا لە دەستی مرۆڤدایە. لەم پنتەوە مرۆڤ لەڕێگەی "کار"ەوە  و بەناو "کار"دا دەسەڵاتی ڕەهای هاوشێوەی دەسەڵاتی خودای ناو ئوستورە و ئاینەکانی وەرگرتووە(بۆیە نامۆبوونی کار، نەک بە تەنیا چارەنوسی جۆری مرۆڤ بەڵکو هەموو جۆرەکانی تر و بگرە گۆی زەويیش دەخاتە مەترسییەوە). گرنگی و کاریگەريی کار بەجۆرێکە کە «زانایانی بواری ئابوریی سیاسی دەڵێن: کار سەرچاوە و زاگەی هەموو سامانەکانە. لە ڕاستیدا کار، پاش سرووشت کە ماتریاڵ و مەواد بۆ بەرهەمهێنانی سامان فەراهەمدەکات؛ سەرچاوە و زاگەی هەموو سامانەکانە. تەنانەت گرنگی و بایەخی کار زۆر لەمە زیاترە. کار مەرجی بنەڕەتییە بۆ هەموو بوونی مرۆڤ، بەمانایەک دەتوانین بڵێین کار مرۆڤی ئافراندووە[1]».

وەک ئەنگڵس ئاماژەی پێدەدات یەکەم هۆکاری بنچینەيی کە ڕۆڵی هەبووە لە پەرەسەندنی مرۆڤدا، کار بووە. بەدەربڕینێکی تر کار بووە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان کەرەستە درووستکەن و کەرەستە بووەهۆی ئەوەی مرۆڤەکان باشتر و کاریگەرتر کاربکەن. پەرەسەندنی کار و کەرەستەکان زیاتر مرۆڤەکانی لەدەور یەک کۆکردەوە و بە کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لەدەور یەک، زمان پەرەیسەند. لەم پنتەوە کۆمەڵی سەرەتایی مرۆڤ سەرپێکەوت. مرۆڤەکان بە کۆمەڵ ڕاویان دەکرد و بە کۆمەڵ ڕەگ، میوە و گژوگیای خۆراکییان کۆدەکردەوە و بە کۆمەڵ مەسرەفیان دەکرد. بەم پێیەش کار، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ.

پێکەوەبوونی مرۆڤ، لە فۆرمە سەرەتاییەکانی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە زیاتر هەڵکشا و جۆرێک لە ماناسازی، لە ژیانی کۆمەڵایەتيی مرۆڤەکاندا هاته‌کایەوە. پاش ئەوەی مرۆڤ توانيی لەڕێگەی کارەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان تا ڕادەیەک خۆی لە سرووشتدا جێگیربکات و بەشێکی کەم لە سرووشت بگۆڕێت و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆیەوە؛ ئەوا پاشان پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی سرووشت و بەخۆییکردنی سرووشت لەڕێگەی ئوستورەسازییەوە دەستیپێکرد. ڕیتواڵ و مەراسیمە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە فۆرمی جادووگەری، ئانیمیزم و پاشان ئوستورەسازيیدا هەوڵی مرۆڤ بووە بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی سرووشت لە پانتایی سوبێکتیڤ و زەینى‌دا. مانا بەخشین بە سرووشت، ژیان و مرۆڤ لە ڕێگەی ئوستورەسازییەوە پێکەوەبوونی مرۆڤی لە ژیانی ڕووتی ڕۆژانە دەرکرد و ئەمەش پێگەی کاری لە ژیانی مرۆڤدا دوو هێند بەچەق و سەنتەرکرد. دەشێت ئەمە بە یەکەم درز و  کەلێنی نێوان کاری هزری و کاری دەستی ئەژمار بکەین و زاگەی سەرەتایی ئەو دابەشبوونە بۆ ئەم قۆناغە بگێڕینەوە ئەگەرچی لەسەرەتادا ئەم دابەشبوونە لە کاری ڕۆژانەدا ڕاستەوخۆ دەرنەکەوت.

لێرەوە دەشێت باس لەوە بکەین کە مرۆڤ لەڕێگەی کارەوە بەکۆمەڵژیانی ڕەخساند و بەشێوەیەکی فیزیکی تاڕادەیەک دەستی بەسەر سرووشتدا گرت و مانای بە هەموو شت بەخشی. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە دواتر قڵپدەبێتەوە و ئایدیالیزەدەکرێت. وەک گۆتە دەڵێت: «لە سەرەتادا کار و ئەکت بوو»  نەوەک وشە، وەک ئەوەی لە ترادسیۆنی ئاینیيدا هەیە. دواتر ڕۆڵی گرنگی کار لەبەرچاوناگیرێت و سەرچاوە و هۆکارەکان بۆ زەین و مێشک دەگێردرێتەوە و لەم سۆنگەوە ئایدیالیزم سەرپێدەکەوێت. مرۆڤ تا زیاتر لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی سرووشت دوورکەوتەوە و تا زیاتر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەبستراکت بوو ئيتر زیاتر لە ماتریالیزم و زەمینگەرایی دوورکەوتەوە و زۆرتر خزایە باوه‌شی ئایدیالیزم و ئاسمانگەرایيه‌وه‌.

«بەر لە هەموو شت، مرۆڤ تەنیا لەڕێگەی کارەکەیەوەیەتی، خۆی وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و کۆلێکتیڤ لە جیهانی ئۆبێکتیڤ و هەستپێکراودا ئیسپاتدەکات. ئەم بەرهەمهێنانە [لەڕێگەی کارەوە دەبێتە] ژیانی چالاکانەی بەکۆمەڵ و کۆلێکتیڤ. لەڕێگە و بەهۆی بەرهەمهێنانەوەیە کە سرووشت وەک کار و واقیعی دەردەکەوێت. بەم پێیەش ئۆبێکت و بابەتی کار، هاتنەدی و بەرهەستبوونی ژیانی کۆمەڵایەتيی مرۆڤە. لەبەرئەوەی لەڕێگەی زەینییەوە واتە تەنیا لە ناو ئاگاییدا خۆی بەرهەمناهێنێتەوە بەڵکو بەشێوەیەکی چالاک لە واقیعیشدا خۆی بەرهەمدێنێتەوە و لەو جیهانەی کە بەرهەمیهێناوە خۆی دەکاتە بابەتی بیرکردنەوە[2]».

لەم پاراگرافەی مارکسەوە تێدەگەین کە کار، گرنترین چالاکيی مرۆڤە لە هەموو ڕوویەکەوە. هەموو پەیوەندییەکان، هەموو بیرکردنەوەکان، هەموو چالاکییە بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەکان، هەموو جۆرە ئەکتێکی مرۆڤ و ... هتد ڕاستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ بۆ کار دەگەڕێتەوە و کاریگەريی لەسەر دادەنێت. لەم پنتەوە "کار" شێوەپێدەر و ڕێکخەری تەواوی چالاکییە تیۆری و پراکتیکییەکانی مرۆڤە. ئەمەش ئەو تێڕوانینە ورد و دەقیقەیە کە کار لە چالاکییەکی دەرەکی و ئامرازی دەردەکات و دەیکات بە جەوهەر و ناواخنی مرۆڤ. کار دەبێتە میدیۆمی بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ سرووشت و جیهاندا و هەروەها دەبێتە میدیۆمی بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ و ئەوانیتردا. ئەگەر بشێت باس لە ئۆنتۆلۆژیای مارکسی بکەین ئەوا بێگومان دەبێتە ئۆنتۆلۆژیای کار لە فراوانترین مانایدا. بەم پێیەش ئەگەر باس لە دیوە فەلسەفییەکەی کتێبی "سەرمایە" بکەین ئەوا دەبێت باس لە ئۆنتۆلۆژیای کار بکەین لە جیاتی ئۆنتۆلۆژیای میتافیزيکی یان سرووشتی. لەم ڕەهەندەدا کە باس لە ئۆنتۆلۆژیای کار دەکەین دەبێت ئەو هۆشدارییەى هۆرکایمەر لەبەرچاوبگرین کە وتی «کار ئەو شتە گرنگەیە کە دەتوانێت دڵنیايی ئەوە بدات کە هەموو شت باش دەبێت. بەڵام ئەگەر بە کار پێگەیەکی هاوشێوەی خودا بدەین، ئەوا لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە[3]». بۆیە هەردەم دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە نابێت کار وەک هێزێکی دەرەکی یان بان‌سرووشتی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆم هەموو شت بۆ کار یان هەلومەرجی کار بگێڕینەوە. لەم ڕووەوە دەبێت کار وەک زیندووترین و گۆڕاوترین و فرەڕەهەندترین چالاکی و ئەکتی مرۆڤ سەیربکرێت.

لێرەدا مارکس لە بیریاران و فەیلەسوفانی پێش خۆی بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ جیادەبێتەوە، لەبەرئەوەی چیدی جەوهەرێکی نەگۆڕی سایکۆلۆژی یان سرووشتی یان قەدەرێکی ئیلاهی ...تاد دەستنیشانکەر و یەکلاکەرەوە نین لە ژیانی مرۆڤدا و ژیانی مرۆڤ بەدەوری ئەوانەدا پێناسە نابێت، بەڵکو کار و چالاکيی مرۆڤ ئەو ڕۆڵە وەردەگرێت. دەشێت ئاماژەش بەوە بدەین کە هەلومەرج و ڕەوشی "کار"کردن کاریگەريی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر مرۆڤ؛ بۆیە زانینی ئەوەی کە لە ژیانی مرۆڤدا کار سەنتەر و چەقە، خۆبەخۆ نابێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ ڕزگاری ببێت. هەر لەم گۆشەنیگایەشەوەیە کە مارکس ئازادی و ڕزگاری تەواوی مرۆڤەکان دەبەستێتەوە بە ئازادی و ڕزگاريی کرێکارانەوە؛ واتە تا کرێکار ڕزگاری نەبێت ئەوا مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ ڕزگاری نابێت. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە دەبێت حەتمەن کرێکار شۆڕش بکات و تەنیا کرێکار بکەری شۆرشە و ئەگەر شۆڕشێک کرێکار نەیکات سۆسیالیستی یان کۆمۆنیستی نیە؛ بەڵکو ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە لەڕووی شێوازی کارکردنەوە ڕزگاريی کرێکار بووە بە پێشمەرجی ڕزگاريی تەواوی مرۆڤەکان. هۆکارەکەشی سادەیە؛ "کار"کردن. تا "کار" ڕزگار نەکرێت، کرێکار ڕزگاری نابێت و تا کرێکار بەمانا فراوانەکەی ڕزگاری نەبێت تەواوی مرۆڤەکان ڕزگاری نابێت.

مارکس تەنانەت لە کتێبی "شەڕی ناوخۆى فەڕەنسا،١٨٧١" شارستانییەت ئیدانە دەکات و دەڵێت: "شارستانییەتی تاوانکار، کۆڵەکەکانی لەسەر کۆت و بەندکردنی کار بونیاتناوە". کۆت و بەندکردنی "کار" بەمانای کۆت و بەندکردنی مرۆڤ دێت، لەبەرئەوەی مرۆڤ لەڕێگەی کارەوە شوناس وەردەگرێت. لە پەیوەند بەمەوە فرۆیدیش ڕەخنەی بنەڕەتی لە شارستانییەت دەگرێت کە لەسەر چەپاندن بنیاتنراوە. بەم پێیە شارستانییەت نەخۆش و پاتۆلۆژیکە. ئەمەش کاتێک بەڕوونی دەردەکەوێت کە وێنە گشتییەکی کۆڕابردووی مرۆڤ ببین کە کەمتر لە سەدا سێی لە شارستانییەتدا ژیاوە.

لەم پنتەوە قسەکردن لەسەر نامۆبوونی کار بەمانای قسەکردن لەسەر نامۆبوونی کڕێکار، بەمانای قسەکردن لەسەر نامۆبوونی مرۆڤ دێت. بنکی ماتریاڵی و واقیعی نامۆبوونی مرۆڤ لە ناموبوونی کاردایە نەوەک لە نامۆبوونی ئاینی یان نامۆبوونی سروشتيیدا. لەڕاستیدا نامۆبوونی ئاینی و نامۆبوونی سرووشتیش بەهۆی نامۆبوونی کارەوەیە. لێرەدا بە گەڕانەوە بۆ کتێبی "دەستنوسە ئابوری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤"ـی کارل مارکس نامۆبوونی کار شیدەکەینەوە. لەم شیکردنەوەدا کرێکار و کار لە گشتیيترین شێوەیاندا خراونەتە بەرباس کە هەموو جۆرەکانی کرێکار و کارکردن دەگرێتەوە.

 

١- نامۆبوونی بەرهەم

لەڕوانگەی مارکسەوە کار بەشێوەیەکی گشتی لەسەر چوار ئاست یان بە چوار شێوە نامۆدەبێت. یەکەم دەرکەوتەی نامۆبوونی کار کە هاوکات ڕاستەوخۆترین و بەرجەستەترین جۆری نامۆبوونە لە بەرهەمی کارکردندا بەدیار دەکەوێت. لەم پەرەگرافەی خوارەوەدا مارکس بەم شێوەیە نامۆبوونی کار لە بەرهەمی کاردا ڕووندەکاتەوە؛ «کرێکار تا سامان زیاتر بەرهەمبێنێت و بەرهەمەکانی لەڕووی هێز و ژمارەوە زیاتر بێت؛ ئەوا هەژارتر دەبێت. کرێکار تا کاڵای زیاتر بەرهەمبهێنێت ئەوا خۆی دەبێتە کاڵایەکی هەرزانتر. بەرزبوونەوە و هەڵکشانی بەهای جیهانی شتەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ نزمبوونەوە و داکشانی بەهای جیهانی مرۆڤەکان. کرێکار بە تەنیا کاڵا بەرهەمناهێنێت بەڵکو خۆی و کرێکار وەک کاڵا بەرهەمدەهێنێت و ئەمەش بە هەمان شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵایە.»[4]

هەر ڕستەیەکی ئەم پاراگرافە تێزێکی سەربەخۆیە و هاوکات لەگەڵ ڕستەکانی تردا کۆی کێشەکە دەخاتەڕوو. لەم ڕووەوە واباشترە ڕستە بە ڕستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین. «کرێکار تا سامان زیاتر بەرهەمبێنێت و بەرهەمەکانی لەڕووی هێز و ژمارەوە زیاتر بێت؛ ئەوا هەژارتر دەبێت». ئەوە ڕوونە لە سیستەمی سەرمایەداریيدا کرێکار جگە لە هێزی کار کە سەرمایەی ژیانێتی، هیچی تری نییە. هێزی کار بە مانای توانا و وزەی زەینی و جه‌سته‌يی کرێکار دێت بۆ کارکردن و سنوردارە بە ڕەوشی جەستە و هەلومەرجی چینایەتییەوە. بەو پێیەی کرێکار نە کەرەستەی بەرهەمهێنان و نە مادەی خاوی کارکردنی هەیە ئەوا ناچارە هێزی کاری خۆی بفرۆشێت و لەڕێگەی کاری کرێگرتەوە بژی. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کرێکار بێبەری دەبێت لەو بەرهەمانەی کە خۆی بەرهەمیدێنێت؛ لەبەرانبەر ئەو بڕە پارەی کە وەک کرێی کارەکەی وەریگرتووە. لەم ڕوەوەوە کرێکار تا سامان و سەرمایەی زیاتر بە کارکردنی لەڕێگەی بەرهەمەکانیەوە، بەرهەمبهێنێت و چۆنیەتی و چەندێتيی کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی باشتر و زیاتر بکات ئەوا خۆی هەژارتر دەبێت. لەبەرئەوەی پێشوەختە لەڕێگەی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە هەموو بەرهەمە بەرهەمهێنراو و نەهێنراوەکانیشی فڕۆشتووە. بۆیە ژمارە، چەندێتی و چۆنیەتيی کاڵای زیاتر و باشتر هیچ کاریگەريی لەسەر سامان و داهاتی کرێکار ناکات بە ئەرێنی، بەڵکو هەژارتری دەکات لەبەرئەوەی بەرهەم و کاڵای زیاتر پێداویستيی زیاتر دەکاتە زەروورەتی ژیانی مرۆڤ و کرێکاریش وەک مرۆڤێک ناچارە پێداویستییە نوێکانی دەستەبەربکات، لەسەر هەمان بڕە پارەی هێزی کار. ڕوویەکی تری ئەم هەژاربوونی کرێکارە مەعنەوییە. بەو مانایەی ئەو بەرهەمانەی کە کرێکار بەرهەمیهێناوە دەبوو هی خۆدی خۆی بایە؛ لەبەرئەوەی بە گۆشت و خوێنی خۆی بەرهەمی هێناوە  و بەشێکە لە وجودی کۆمەڵایەتی خۆی بەڵام لە واقیعدا وانییە.

ڕستەی دووەم؛ «کرێکار تا کاڵای زیاتر بەرهەمبهێنێت ئەوا خۆی دەبێتە کاڵایەکی هەرزانتر». کرێکار لە پانتایی کارکردندا، کورتدەبێتەوە بۆ هێزی کارەکەی و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبێت. بەدەربڕینێکی تر، بوونی کرێکار لە پانتایی کارکردندا تەنیا بریتییە لە هێزی کار و ناچارە بۆ ژیانی دەرەوەی پانتایی کار و بۆ ژیانی ناوەوەی پانتایی کار بیفرۆشێت. کرێکار بوونێکی کاڵایی هەیە و کاڵاش دواجار لە بازاڕدا بەگوێرەی خواستن و خستنەڕوو بەرز و نزم دەبێتەوە. شتێکی تر لە پەیوەند بەمەوە زیادە بەرهەمهێنانە کە بەهۆی بەرهەمهێنانی کاڵای زۆرەوە ڕوودەدات. لەکاتی زیادەبەرهەمهێناندا، هێزی کار، هەرزان دەبێت لەبەرئەوەی خواستی کەمتر لەسەرە. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە «کرێکار تا کاڵای زیاتر بەرهەمبهێنێت ئەوا خۆی دەبێتە کاڵایەکی هەرزانتر».

ڕستەی سێیەم؛ «بەرزبوونەوە و هەڵکشانی بەهای جیهانی شتەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ نزمبوونەوە و داکشانی بەهای جیهانی مرۆڤەکان». ئەم تێزەیان دەلالەتە لە کۆی نامۆبوون بە گشتی و کۆی وتارەکە دواجار بەجۆرێک دەبێتە شیکردنەوەی. لە قوڵاییدا ئەم تێزە ئەوە ڕادەگەێنێت کە تا جیهان زیاتر کاڵایی بێتەوە و هەموو شتەکان بکرێنە کاڵا؛ ئەوا لە بەرانبەردا بەهەمان ئەندازە ویست و تایبەتمەنديی مرۆڤانەی مرۆڤ کە ئازاديی کۆمەڵایەتییە بەرەو نەمان و لەناوچوون دەچێت و دوا دیمەنی ئەم پرۆسەی نامۆبوونی مرۆڤە کە پرۆسەی لەمرۆڤداماڵینی مرۆڤە بەوە کۆتاییدێت کە مرۆڤ دەبێتە کویلەی بەرهەمهێنراوەکانی خۆی و چیدی خۆی ناتوانێت بڕیار لەسەر چارەنوسی شەخسی و جەمعيی خۆی بدات. ئەمەش تاریکترین داهاتووە کە چاوەڕیی مرۆڤ دەکات کە زۆرجار لە فیلمە ئاپۆکالیپسیەکاندا بەری دەکەوین کە پیشاندەری کۆتایی وێرانکەرانەی مرۆڤ و جۆرەکانی تر و گۆی زەوییە.

ڕستەی چوارەم؛«کرێکار بە تەنیا کاڵا بەرهەمناهێنێت بەڵکو خۆی و کرێکار وەک کاڵا بەرهەمدەهێنێت و ئەمەش بە هەمان شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵایە». لە شیکردنەوەی ڕستەی دووەمدا ئەوەمان ڕوونکردەوە کە چۆن کرێکار لە پانتایی کارکردندا دەبێتە کاڵا لەڕێگەی فرۆشتنی هێزی کاریەوە هاوکات لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە کرێکار چۆن وەک بەرهەمهێنانی کاڵا، خۆی وەک کاڵا و خۆی وەک خۆی کاڵائاسا بەرهەمدەهێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەی کرێکار بەناچار بۆ ژیانی هێزی کاری دەفرۆشێت ئەوا دەبێتە کاڵا و لەگەڵ کرێکارانی تردا دەکەوێتەوە کێبڕکێوە بۆ بەدەستهێنانی کار، بەم جۆرە خۆی وەک بوونێکی کاڵایی لە فۆرمی کرێکاردا بەرهەمدەهێنێتەوە. لە بەرانبەر ئەمەدا لە دەرەوه‌ی کار و بوونی کرێکاری، دووبارە خۆی وەک کاڵا بەرهەمدەهێنیتەوە؛ ئەمجارەیان نەک لەڕێگەی فرۆيشتنی هێزی کاری خۆیەوە بەڵکو لەڕێگەی کڕینی بەرهەمە فرۆشراوەکانی خۆی و کرێکارانی ترەوە. بەدەربڕینێکی تر، مرۆڤ لە دەرەوەی بوونی کرێکاری بەهۆی گیرخواردنی لە کۆپەیوەنديی کاڵاییدا خۆی وەک کاڵا بەرهەمدەهێنێتەوە لەڕێگەی کڕینی کاڵاوە کە شوناس و ژیانی پێدەبەخشێت؛ بێگومان شوناس و ژیانێکی کاڵایی. دەرکەوتەی بەرجەستەی ئەمەش ئەوەیە کە چیدی ئەوە خودی خه‌سڵەتە ناوەکییەکانی مرۆڤ و ئەدگارە تایبەتییە کۆمەڵایەتییەکانی نیە کە پەیوەنديی کۆمەڵایەتی و خه‌سڵەتی ناوەکيی مرۆڤ درووستدەکات، بەڵکو ئەوە کاڵا و ئاڵ و وێری کاڵاییە کە ئەو کارە دەکات. لە دیارترین نمونە هاوسەرگیرییە کە پێشوەختە دوو هاوژینەکە لەڕێگەی کاڵا و لەناو پەیوەنديی کاڵاییدا بەیەک گەيشتوون و دڵخۆشی، وەفا، بەختەوەری و ... هتد لەڕێگەی کاڵاوە بۆ یەکتری ئیسپاتدەکەن و دانپێدانانی کاڵایی لە یەکتری وەردەگرن.

«هەموو ئەم دەرەنجامانە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەدەگرێت کە پەیوەنديی کرێکار لەگەڵ بەرهەمەکەی خۆیدا، پەیوەندییە لەگەڵ شتی نامۆدا ... نامۆبوونی کرێکار لەو بەرهەمانەی کە درووستیدەکات تەنیا بەمانای ئەوە نایەت کە کارەکەی بووە بە شت یان بوونێکی دەرەکی بەڵکو بە مانای ئەوەش دێت کە کارەکەی لەدەرەوەی خۆی و سەربەخۆ لەخۆی وەک شتێکی نامۆ، بوونی هەیە و دەبێتە هێزێک کە بەرانبەری دەوەستێتەوە. شتەکان لەگەڵ ئەوەی کرێکار دەیانهێنێتەبوون بەڵام وەک شتێکی نامۆ بەرانبەری دەوەستنەوە»[5]. کار ماتەوزە و جەوهەری مرۆڤە کە نەک تەنیا خۆی بەڵکو کۆی ژیان، کەلتور و شارستانیەتی پێ‌بەرهەمدەهێنێت. بەم پێیەش نامۆبوونی کار لە فۆرمی بەرهەمدا، نامۆبوونی مرۆڤ بەرانبەر ژیان، کەلتور و شارستانییەتی لێدەکەویتەوە. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە لەسەردەمی نامۆبوونی کاردا سەرەڕای بەرەهەمە ڕۆژانەییەکانی کار، کۆی ژیان، کەلتور و شارستانییە بە مرۆڤ نامۆیە. هەر لە هەڕەمەکانی میسرە و باخچە هەڵواسراوەکانی بابلەوە بیگرە تا شاری جوان و بورجی خەلیفە، هەمویان بەرهەمە نامۆکانی مرۆڤن و تەنیا نوخبەیەکی دەستەبژێر چێژی لێ بینیوە و بۆ زۆرینەی مرۆڤایەتی دڵتەنگی و نامۆبوونی هێناوە، ئەمە جگە لە چەوساندنەوە ڕاستەوخۆکانی ئەو کرێکارانەی کە بەرهەمیانهێناوە و درووستیانکردووە.

 

٢- نامۆبوونی کار لە پرۆسەی کارکردندا

دووەم شێوەی نامۆبوونی کار لە پرۆسەی کارکردندا ڕوودەدات. تا پرۆسەی کارکردن پرۆسەیەکی نامۆکراو نەبێت ئەوا نامۆبوونی بەرهەم ڕوونادات. پرۆسەی کار، پرۆسەی بەرهەمهێنانە کە کرێکار لە ڕێگەی چالاکی نامۆکراوی کارەوە، بەرهەمی نامۆ بەرهەمدەهێنێت. خودی پرۆسەی کار کە چالاکی کرێکارە لەبەرهەمهێناندا، پرۆسەی نامۆبوونی کرێکارە و ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە کارکردن پەیوەندی بە ناواخنی خودی کرێکارەوە نییە و بە ئاراستەی هاتنەدی ئارەزووە ناوەکییەکانی کرێکاردا کارناکات. بەدەربڕینێکی تر کرێکار کار ناکات وەک ئەوەی ئارەزوو یان ناواخنی خودی خۆی دەهێنێتەدی، بەڵکو بۆ پارە کار دەکات تا لە ڕێگەی پارەوە بتوانێت ئارەزو یان ناواخنی خۆی بێنێتەدی. کارکردن بۆ کرێکار ئامرازێکی دەرەکی ناچارییە بۆئەوەی ناواخنی ناوەکی خۆی پێبهێنێتەدی، لەکاتێکدا خودی کارکردن باڵاترین چالاکی مرۆڤە کە شوناسی دروستدەکات و بوونی پێدەبەخشێت.

«کار نیسبەت بە کرێکار، ڕەگەزێکی دەرەکییە، واتە پەیوەنديی بە ناواخنی خودی کرێکارەوە نیە؛ بۆیە بەدرێژایی کاركردن نەک هەر خۆی بەدیناهێنێت، بەڵکو خۆی نەفیدەکات. لەجیاتی مورتاحی و ئاسودەیی، هەست بە ئازار و بێزاری دەکات. نەک هەر وزەی جەستەیی و زەینی خۆی ئازادانە گەشەپێنادات، بەڵکو جەستەی خۆی بەفیڕۆدەدات و زەینی خۆی دەپووکێنێتەوە. کەواتە کرێکار تەنیا کاتێک کە لەدەرەوەی شوێنی کارەکەیەتی، خۆیەتی و کاتێک کە لە شوێنی کارەکەیەتی، لەدەرەوەی خۆیەتی [ و بەخۆی نامۆیە]. ئەو کاتە مورتاح و ئاسوده‌یە کە کارناکات و ئەوکاتەی کە کاردەکات نامورتاح و بێزارە. بەم پێیەش کارەکەی بە ویستی خۆی نییە بەڵکو بەسەریدا سەپاوە؛ ئەم کارە، کاری ئیجبارییە، بۆیە هیچ پێداویستییەکی [ناوەکی] دەستەبەرناکات بەڵکو تەنیا ئامرازێکی ڕووتە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو پێداویستییانەی کە نیسبەت بەخۆی دەرەکییە. تایبەتمەنديی نامۆبوون لەو ڕاستییەدا بەڕوونی هەستی پێدەکرێت کە لەگەڵ ئەوەی ئیلتیزام و پابەندبوونی فیزیکی یان هەر جۆرە ئیلتیزامێکی تر [لەمەڕ کارکردن] نەمێنێت ئەوا وەک تاعون لێی‌ دووردەکەنەوە [و کەس کارناکات]»[6].

یەکەم، کاری نامۆبوو؛ کاری ئیجباریی شاراوەیە. دووەم، کاری کەمپی زۆرەملێ؛ کاری ئیجباريی ئاشکرایە. لەوەی یەکەمدا ئازادی کە کاری ئیجباری بکەیت، بەڵام ئازاد نیت کە کاری ئیجباری نەکەیت؛ لەبەرئەوەی لە سیستەمی سەرمایەداريیدا، پێش مەرجی بوونی کرێکار، کارە و ئەگەر کارنەکات ئەوا بوونیشی نیە و ناتوانیت لە ژیان بەردەوام بێت. بەم پێیەش "ئازادە کاری ئیجباری بکات" بە مانای مومارەسەکردنی ئازادی نایەت، بەڵکو بەمانای ئەوە دێت کە ئازادە لە نیوان مردن و ژیاندا هەڵبژێرێت و هەڵبژاردنی ژیان یەکسان دەبێت بە کاری ئیجباریکردن بە ئازادی (ئەمە بۆ ئازاديی مرۆڤیش ڕاستە لە ئاینی ئیسلامدا کە خودا ئازادی کردەوە لەوەی کە ڕێگەی راست هەڵدەبژێرێت یان ڕێگەی هەڵە. بەڵام ئەگەر ڕێگەی هەڵە هەڵبژێرێت ئەوا سزای ئەبەدی دەدرێت بۆیە لەواقیعدا ئازاد نیە). وەهمی گەورەی ئازادی لەوێدا دەردەکەوێت کە مرۆڤ چاوبەستی ئەوەی لێدەکرێت ئازاد نیە و نەبوونی ئازاديی وەک ئازادی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەوەی دووەمدا ئیجباری، کە کاری ئیجباری بکەیت. تاکە جیاوازيی نێوان یەکەم و دووەم ئەوەیە لەوەی دووەمدا وەهمی ئازادی لە ئارادا نیە، بەڵکو مرۆڤ بەر ئەو حەقیقەتە دەکەوێت کە ئازاد نیە لە کارکردن بەڵکو ئیجبارە کاربکات. لێرەوە جارێکی تر ئەو تێزە گرنگەی مارکس دەزرنگێتەوە کە تا کار ئازاد نەکرێت مرۆڤ ئازادنابێت.

 

٣- نامۆبوونی مرۆڤ لە سرووشتی بەکۆمەڵ و هەرەوه‌زيیانەی خۆی

سێیەم شێوەی نامۆبوونی کار، نامۆبوونی مرۆڤە لە سرووشتی بەکۆمەڵ و هەرەوه‌زيیانەی خۆی. بەو پێیەی مرۆڤ بە کۆمەڵ دەژی، بەکۆمەڵ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان دەستەبەردەکات، لەناو کۆمەڵدا فێری ئادابی ژیانکردن دەبێت و دواجار هەر لەڕێگەی کۆمەڵەوە فێری زمان دەبێت، بۆيه‌ مرۆڤ بەسرووشت و بەجەوهەر بوونێکی بەکۆمەڵ هەرەوه‌زيیانە وەردەگرێت. بەدەربڕينێكی تر جۆری مرۆڤ بەچەشنیک پەرەیسەندووە کە بەتوندی چارەنوسی مانەوەی گرێدراوە بە کۆمەڵەوە و لەناو هەموو جۆرەکانی تردا، ساوای مرۆڤ بەراورد بە ساوای جۆرەکانی تر لە هەموویان کەمتر ئەگەری مانەوەی هەیە بە تەنیا؛ لە حاڵەتی مانەوەشدا نە فێری زمان دەبێت و نە هیچ جۆرە ئەدگارێکی کۆمەڵایەتيی مرۆڤ وەردەگرێت. سەرەڕای پانتایی زمان کە تەنیا تایبەتە بە جۆری مرۆڤ، مرۆڤ تاکە بوونەوەری ئاگامەندە کە خۆی ئەوانیتر و سرووشت دەبێتە بابەت و ئۆبێکتی بیرکردنەوەی، کە بنەڕەتیيانە لە جۆرەکانی تری جیادەکاتەوە. هەم دەستەبەرکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی مانەوە و بەردەوامبوون، هەم زمان و هەم ئاگامەندی بەجەوهەر پرۆسەی کۆمەڵیيانە و هەرەوه‌زيیانەن.

هەموو ئەم تایبەتمەندییە تاقانانەی مرۆڤ لە حەیاتیيترین و زەروورترین چالاکيی مرۆڤدا کە بەرهەمهێنانە لەڕێگەی کاردنەوە هەرەوه‌زیيانە بەیەکدەگەن. جەوهەر و کرۆکی بەرهەمهێنانی هەرەوه‌زيیانە و کۆمەڵیيانەیە. وێڕای ئەوەی مرۆڤ لە کۆمەڵدا و کۆمەڵیيانە فێری کۆمەڵێك شت بووە، بۆيه‌ خودی بەرهەمهێنانی سادەترین بەرهەم بەکۆمەڵدەکرێت. ئەگەر "نان" بە نموونە بهێنینەوە؛ گەنم بەکۆمەڵ بەرهەمدێت و پاشانیش بە کۆمەڵ دەکرێت بە ئارد و دواتر هەر بەکۆمەڵ دەکرێت بە نان ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش نانەنەکە بکات لەبەرئەوەی پێشتر خودی گەنم یان ئاردەکە بە کۆمەڵ بەرهەمهاتووە، ئەمە جگە لەوەی کەرەستەکانی بەرەهمهێنانی نان وەک تیرۆک، پنە، ماوە و ساج و ... هتد بە کۆمەڵ بەرهەمهاتووە چ وەک زانیاری درووستکردنیان و چ وەک چالاکی بەرهەمهێنانیان.

«لەڕاستیدا کار بە مانای چالاکيی حەیاتی و ژیانی بەرهەمهێنان دێت کە لە ئاستی یەکەمدا، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیی مانەوە و بەردەوامبوونی مرۆڤ دەرکەوتووە. بەم پێیەش ژیانی بەرهەمهێنان، [ژیانی بەکۆمەڵ و هەرەوزیانەی] جۆری مرۆڤە. ئەم جۆرە ژیانە بەرەهەمهێنەری ژیانە. خه‌سڵەتی گشتیی جۆرەکان، خه‌سڵەتە کۆمەڵیانەکەی لە سرووشت و جەوهەری چالاکيی حەیاتيیدا دەردەکەوێت و چالاکيی ئازاد و ئاگامەندانە خه‌سڵەتی جۆری مرۆڤە. ژیان تەنیا لە پێگەی ئامرازێک بۆ ژیانکردن بەدیاردەکەوێت»[7]. کاری نامۆبوو هەردوو خه‌سڵەتە کۆمەڵیيه‌کەی جۆری مرۆڤ لە مرۆڤ دادەماڵێت؛ بۆیە مرۆڤ لە خۆی نامۆدەبێت؛ واتە مرۆڤ لە کرۆکی بەکۆمەڵ و هەرەوه‌زيیانەی خۆی نامۆدەبێت. لوتکەی ئەم پرۆسەی نامۆبوونە کاتێک ڕوودەدات کە «کاری نامۆبوو ژیانی بەکۆمەڵ و هەرەوه‌زيیانەی مرۆڤ دەکاتە ئامرازێک بۆ ژیانی تاکەکه‌سی. لە ئاستی یەکەمدا ژیانی کۆمەڵیيانە و ژیانی تاکەکەسی نامۆدەکات و پاشان ژیانی تاکەکەسی لە فۆرمە هەڵکەنراو و تەجریدييەکەیدا دەکات بە ئامانجی ژیانی کۆمەڵیانە، ئەم گۆڕانەش بەشێوەیەکی نامۆکراو و هەڵکەنراو [لە بەستێنە واقیعییەکەی] ڕوودەدات»[8].

 بەدەربڕینێکی تر، کاری نامۆبوو ژیانی کۆمەڵیيانە دەکاتە ئامرازی ژیانی تاکەکەسی بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ژیانی تاکەکەسی کاتێک کە لە بەستێنە کۆمەڵیيه‌نەکەی هەڵدەکەنرێت نامۆدەبێت و تاک هەستدەکات کۆمەڵ شتێکی دەرەکییە و لە زۆرشوێندا لەبەردەم ئارەزووە تاکەکەسییە نامۆبووەکانیدا لەمپەر و ئاستەنگە. لەم کاتەدا ناکۆکيى سازشهەڵنەگر(ئەنتاگۆنیستی) لەنێوان تاک و کۆمەڵدا سەرپێدەکەوێت. هەر لە ناواخنی ئەم ناکۆکییە سازشهەڵنەگرەوەیە کە ڕق، بوغز و حەسودی لە پانتایی کۆمەڵایەتيیدا بەدامەزراوەيی دەبێت و دواجار شۆڕدەبێتەوە بۆ ئاستی تاک و دەبێتە بەشێکی ناوەکی و جیانەبووە لە هەناوی تاکی نامۆبوودا. لەم شێوە ڕێکخستنی کۆمەڵگادا کە لەسەر کاری نامۆبوو بەهۆی خاوەندارێتيی تایبەتەوە هاتۆتەپێکهاتن کۆمەڵگا بریتی دەبێت لە ژیانی تاکە نامۆبووەکان بە کرۆکی کۆمەڵیيانە بۆیە سەرەڕای نامۆبوونەکەی کۆمەڵگایەکی نەخۆش و پاتۆلۆژیکە.

 

٤- نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ

چوارەم شێوەی نامۆبوون کە زۆر پەیوەستە بە شێوەی سێیەمی نامۆبوونەوە، نامۆبوونی مرۆڤە لە مرۆڤ. «لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤ لە بەرهەمی کاری خۆی، لە چالاکيی حەیاتيی خۆی و لە بوونی کۆمەڵیيانەی خۆی نامۆدەبێت؛ بریتییە لە نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ. کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە وەک ئەوە وایە ڕووبەڕووی ئەوانیتر بووبێتەوە. ئەو [نامۆبوونەی] کە ڕاستە سەبارەت بە پەیوەنديی نێوان مرۆڤ، کارە و بەرهەمەکەی، ئەوا بۆ پەیوەندیی خۆيشی لەگەڵ خۆیدا ڕاستە. هەروەها ئەم جۆرە لە پەیوەندیی [نامۆبوو] بۆ پەیوەنديی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و لەگەڵ کار و بەرهەمەکانیاندا بەهەمان شێوە ڕاستە. لەڕاستيیدا ئەو پرسەی کە مرۆڤ لە سرووشتی کۆمەڵیيانەی خۆی نامۆبووە بەمانای ئەوە دێت مرۆڤەکان لە یەکتری و هەر کام لەوانەش لە سرووشتی کۆمەڵيیانەی مرۆڤ نامۆ بوون»[9].

نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ، کە دەرەنجامی نامۆبوونەکانی پێشووترە، بەستێنی مێژوويی و بنکی ماتریاڵیيمان بۆ دەڕەخسێنێت تاوەکو باشتر لە "ئەویتری بێگانە یان ئەویتری نامۆ" تێبگەین. هەروەها بەڕووی تێگەيشتنی ڕیشەيی لە ئازاری ئەبەدی و پەژارەی وجودیيدا دەمانکاتەوە. لە قوڵایی شێوە ژیانی ناو پارادایمی چینایەتی کە لەسەر خاوەندارێتيی تایبەت سەرپێکەوتووە و لەئێستادا ئاڵۆزتربووە؛ مرۆڤ نەک بەرانبەر ئەویتر نامۆیە، بەڵکو بەرانبەر خودی خۆشی نامۆیە؛ بۆیە نامۆیی مرۆڤەکان بە یەکتری دەرەنجامی نامۆبوونی خودی مرۆڤە بەخۆی. هەر ئەمەشە کە بێگانە درووستدەکات.

 هەموومان بەر چەند کڵێشەیەکی ئاینی کەوتووین کە کەم ئاین هەیە تێیدا نەبێت بەڵام بەدەربڕینی جیاواز؛ وەک "دراوسێکەت وەک خۆت خۆشبوێت" یان "ئەوەی بۆ خۆت پێتخۆشە بۆ ئەویتریش پێت خۆش بێت" و ... هتد. هەموو جۆرەکانی ئەم کڵێشانە لەو پێشگریمانەوە دەستپێدەکەن کە ئەویتر نامۆ و بێگانەیە و سەر بەناوەوەی من  نیە و نیسبەت بە ناواخن و جەوهەری مرۆڤانەی من دەرەکییە بۆیە دەبێت ئەویترم وەک خۆم خۆش بوێت تاوەکو لە ئەمان و ئاسایشدا بێت. جیاکردنەوەی ئەنتاگۆنیستيی نێوان "من" و "ئەو" لەو جیهانە نامۆوە سەرچاوەدەگرێت کە "من" و "ئەو" لەڕێگەی چالاکيی بەرهەمهێنانی نامۆبوو و کاری نامۆبووەوە درووستمانکردووە. کاتێک مرۆڤ نەک هەر بە دەوروبەری، بەڵکو بەخودی خۆشی نامۆدەبێت؛ ئەوکات هەست بە هیچ ڕەبتێکی ئۆرگانیکی و ناوەکی بەخۆی و بە جیهانەوە نەکات و واهەست دەکات شتێکی زیادە و بێ‌نرخە هەم بۆخۆی، هەم بۆ ئەوانی تر و هەم بۆ جیهان. لەم پنتەوە نیهیلیزم لەدایکدەبێت و ژیان نەفی دەکرێت و  دواجار جیهان لە تاریکییەکی ناکۆتادا وندەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە خۆی وەک "سەراب"، "موسافیر" و "بێگانە" دێتەپێشچاو.

موسافیربوون و بێگانەبوون لەسەر زەوی قوڵترین ئازار و قورسترین بار دەخاتە سەرشانی مرۆڤ. بۆیە هیچ سەیر نییە کە لە پارادایمی چینایەتيیدا، تێکڕا دینەکان لەسەر ئەوە کۆک دەبن کە ژیان ئازار، پەژارە و ناخۆشییە. ئەمە بەمانای ئەوە دێت ئاینەکان ئازار، ناخۆشی و تەنیایی دەکەن بە شتێکی وجودی و بەشێکی سرووشتيی خودی جەوهەری مرۆڤ و ژیان. دواتر ئەم تێگەشتنە بۆ ئازار و ناخۆشی لە فەلسەفەدا دێتە ناو ئۆنتۆلۆژیاوە و لە فەلسەفەدا بە دامەزراوەيی دەبێت و دەبێتە بەشی سەرەکيی فەلسەفە. دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو جەوهەر و سرووشتەی لە پارادایمی چینایەتيیدا بۆ مرۆڤ درووستدەبێت جەوهەر و سرووشتێکی نەخۆشانە و نامۆبووە. بۆیە ڕەنگدانەوەی ژیان، جەوهەر و سرووشتی مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە ئازاراوی و نەخۆشانە لە دەقە ئاینی، ئەدەبی و فەلسەفییەکاندا دەردەکەوێت. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە ئەوە جەوهەری نەگۆری مرۆڤ یان جەوهەرێکی وجودی نەگۆڕە، بەڵکو دەبێت بڵێین ئەوە جەوهەر و سرووشتی مرۆڤە کە لە بڕگەی پارادایمی چینایەتيیدا هاتۆتە پێکهاتن و بەوجۆرە شێوەی وەرگرتەوە. لە پارادایمی ناچینایەتيیدا جەوهەر و سرووشتی مرۆڤ، ژیان و جیهان بەشێوەیەکی تر دەبێت.

 مارکس و ئەنگلس بە کەشفکردنی زانستی مێژوو، گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵیان بەسەر تێگەيشتنی مرۆڤ بۆ ئۆنتۆلۆژیا، ئیپستمۆلۆژیا، میکانیزمی کارکردنی مێژوو، شارستانییەت و جەوهەری مرۆڤ و ... هتد هێنا. لەبەر ڕۆشنایی تێگەيشتنی ماتریالیستانەی مێژوو لە تیۆری هۆبز و ڕۆسۆ و ... هتد تێدەگەین کە، بەدەربڕینێکی تر تیۆرییە ئایینیەکان دووبارەدەکەنەوە و لە پێشگریمانە ئاینیيەکانەوە دەستپێدەکەن. هۆبز جەوهەری مرۆڤ بە شەڕانگێز دەبینێت و پێی‌وایە مرۆڤ بەتەواوی ملکەچی غەریزەکانێتی. بۆیە لە دۆخی سرووشتيیدا "شەڕی هەموان لە دژی هەموان"ـە. هۆبز لەبەرئەوەی فەیلەسوفێکی پێش-مارکسییە بۆیە تێگەيشتنی میتافیزيکی بۆ سرووشتی مرۆڤ و مێژوو هەبوو. ئەو مرۆڤە ئەبستراکتەی کە لە خەیاڵدانی هۆبزدا هەبوو، وێنای مرۆڤیکی ئەبستراکتی نامۆبوو بوو. لەم پنتەوە تیۆرە سیاسییەکەشی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هەرەسدێنێت.

ڕۆسۆش کە باس لە پەیمانی کۆمەڵایەتی دەکات و بە پێویستی دەزانێت بۆ پێکەوە ژیانی مەدەنی؛ بەهەمان شێوە لە پێشگریمانە ئاینییەکانەوە دەستپێدەکات. لەبەرئەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی لەو پێشگریمانەوە سەرچاوەدەگرێت کە مرۆڤەکان بەیەکدی نامۆن و دەبێت وەک دوو نامۆ هەرکامیان دەستبه‌رداری کۆمەڵێ شتی خۆیان بن و لەبەرانبەر یەکدا سازش بکەن، بۆئەوەی پێکەوە لەڕێگەی پەیمانی کۆمەڵایه‌تیيەوە هەڵکەن. ژیانی ئێستای مرۆڤ کە بەجۆرێک لەسەر تیۆرەکانی هۆبز و ڕۆسۆ و ... هتد پێکهاتووە ناتوانێت مرۆڤ لە نامۆبوون دەربازبکات و کۆتایی بە کاری نامۆبوو بهێنێت. ئەوەی هەیە سەرکوتکردن و ئیجبارکردنی نامۆکانە تاوەکو پێکەوە هەڵکەن و بەردەوام بن...

دواجار نامۆبوونی کار بە نامۆبوونی ژیان کۆتاییدێت و کۆی ژیان نامۆدەبێت. ئەو ژیانەی کە مرۆڤ لە ئیستادا دەژی ژیانێکی نامۆبووە لە جیهانێکی نامۆبوودا، بۆیە ئەستەمە نەک هەر کۆمەڵگایەک بەڵکو کۆمەڵێکی بچوکی ناو پارادایمی چینایەتی بدۆزیتەوە کە هەست بە بەختەوەری و ئاسودەيی بکەن یان نامۆ نەبووبن و خەمۆکی و بێزاری نەبووبێتە بەشێکی بنچینەیی ژیانیان. بە قەولی هاوڕێیەک جەوهەری خودی ژیان لەناو پاردایمی چینایەتيیدا نەخۆشە و تەندرووستی بەمانا فراوانەکەی حاڵەت و باری نائاسایی ژیانە. بەدەربڕینێکی تر خودی ژیان دەبێتە نەخۆشی و لەبەرانبەردا نەخۆشی و لادانی ڕادیکاڵ لەم شێوە ژیانەی ناو پارادایمی چینایەتی دەبێتە تەندرووستی.

 


[1]-The Part played by Labour in the Transition from Ape to Man/Frederick Engels

https://www.marxists.org/archive/marx/works/1876/part-played-labour/index.htm

[2] - دستنوشته‌ های اقتصادی و فلسفی 1844، نویسنده: کارل مارکس؛ مترجم: حسن مرتضوی

 

[3]- Towards a New Manifesto, Theodor Adorno and Max Horkheimer; Translated by Rodney Livingstone

[4] - دستنوشته‌ های اقتصادی و فلسفی 1844، نویسنده: کارل مارکس؛ مترجم: حسن مرتضوی

[5] - هەمان سەرچاوەی پێشوو

[6] - هەمان سەرچاوەی پێشوو

[7] - هەمان سەرچاوەی پێشوو

[8] - هەمان سەرچاوەی پێشوو

[9] - هەمان سەرچاوەی پێشوو