"ڕاپه‌رينى برسييه‌كان"
ناجى ئه‌فراسياو
ڕاپه‌ڕينى برسييه‌كان خه‌ريكه ده‌بێته زاراوه‌يه‌ك بۆ ئه‌و جووڵانه‌وانه‌ى خه‌ڵك كه له ناوچه‌كه ڕووده‌ده‌ن. به‌ته‌نيشتمانه‌وه خه‌ڵكى ئێرانيش دژى سيسته‌مى ئيسلامى هه‌ستاون و درووشمى ڕاديكاڵانه ده‌ڵێنه‌وه. برسێتى يه‌كێكه له ناوه‌ڕۆكى درووشمه‌كان، گه‌رچى هه‌مووى نيه. بۆ هه‌ر جووڵانه‌وه‌يه‌ك، هه‌رچه‌نده ماترياڵيستييش بێت، به‌ته‌نيا كورتناكرێته‌وه بۆ برسێتى؛ به‌ڵام برسێتى چڕكراوه‌ى هه‌موو هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانى تره و ده‌توانێت ميتافۆرێك بێت بۆ پاڵنه‌ره‌كانى تر‌ى پشت جووڵانه‌وه‌كان. له برسێتى‌دا ڕه‌هه‌ندێكى ڕاديكاڵ هه‌يه و خه‌ڵك ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دۆخى پێشوو. به‌م پێيه، برسييه‌كان ده‌توانن فه‌زاكه له‌و تێرانه‌ش تێكبده‌ن كه جگه له نان، زۆر شتى تريشيان هه‌يه.
"نێگه‌تيڤ"
له سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى داعش، و پاش دواخستن و بڕينى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى، يه‌كێك له به‌رپرسه باڵاكانى ده‌سه‌ڵاتى كوردى وتى "خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ كه خه‌ڵك خۆپيشاندان ده‌كه‌ن داواى مووچه و نان ده‌كه‌ن، جاران كۆده‌بوونه‌وه داواى ئازادييان ده‌كرد[1]". ده‌ربڕينى ئه‌م به‌رپرسه هه‌روا ئاخافتنێكى لاشعورى نييه به‌ڵكو گوزارشت له شعورى هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه ده‌كات كه چيتر بێزاربوون له‌وه‌ى به‌ناوى ديموكراسييه‌وه خه‌ڵك يه‌خه‌يان بگرێت و داواى مافى خۆيان بكه‌ن، كاتێك ژاك ڕانسێر ده‌ڵێت ڕقێكى دوولايه‌نه له‌مه‌ڕ ديموكراسى هه‌يه مه‌به‌ستى ڕقى خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته له ديموكراسى، له‌لايه‌ك كه‌مينه‌يه‌ك به‌ناوى زۆرينه‌ى ديموكراسييه‌وه حوكمڕانيى زۆرينه‌ى ڕه‌شوڕووت ده‌كه‌ن، له‌لايه‌كى تريشه‌وه ده‌سه‌ڵات پێى‌وايه خه‌ڵك له‌ژێر درووشمى ديموكراسييدا داواكاريى له‌ڕاده‌به‌ده‌رى هه‌يه.
ئه‌مڕۆ چيتر ده‌سه‌ڵات به مه‌رام و خواستى خۆى گه‌يشتووه، چيتر خه‌ڵك ته‌نها خه‌ياڵى لاى قووتى ڕۆژانه‌يه و ده‌يه‌وێت له‌برساندا نه‌مرێت. ئه‌وه‌ى لێره‌دا به‌سه‌ر مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و توێژه ڕاپه‌ڕيوه‌كاندا زاڵه غه‌ريزه‌ى مانه‌وه‌يهsurvival Instinct يان مه‌يلى خۆپاراستن self-preservation. بۆيه پێويسته بێ هيچ دوودڵييه‌ك توێژه چه‌وساوه‌كانى تر له كرێكارانى كه‌رتى گشتى و تايبه‌ت پشتيوانييان لێ بكه‌ن. چونكه ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ڕووده‌دات له ژێستى خۆپيشاندان تێپه‌ڕيوه و خه‌ڵك ڕيسك به هه‌موو شتێكه‌وه ده‌كات تاكو له‌م حاڵه‌ى ئێستا ڕزگارى ببێت، كاتێكيش كه‌سێك له دارستان له ترسى پڵنگێك ڕاده‌كات ڕه‌نگه ببێت به نێچيرى داوێكى تر. به‌ڵام مه‌رگى يه‌كه‌م چاوه‌ڕوان كراوه و ئه‌وه‌ى دووه‌م له هه‌وڵى هه‌ڵهاتن له مه‌رگى چاوه‌ڕوانكراو تووشى بووه و ده‌كرێت ناوى بنێين مه‌رگى ڕزگارى. ئه‌وانه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌كه‌ونه به‌رگوله‌ى پاسه‌وانى مافياكانى كوردايه‌تييه‌وه‌ده‌يانه‌وێت به‌سه‌رشۆڕى و زه‌ليلى نه‌مرن.
كاتێكيش گوێمان له ده‌سته‌واژه‌ى "شۆڕشى برسييه‌كان" ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ برسييه‌كانى ئه‌فريقامان بيردێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ وڵاته ئه‌فريقييه‌كان به‌ته‌نها نين، ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ى برسييه‌كان و ڕێژه‌ى كه‌ڵكه‌كردنى سه‌رمايه له زيادبووندايه. يه‌كێك له دروشمه‌كانى خۆپيشانده‌رانى ميسڕ بريتى بوو له "أنا م‌ش اخوان .. أنا جوعان" واتا من ئيخوان نيم من برسيمه. بۆيه ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ڕاپه‌ڕيوه ته‌نها نه‌وه‌ى نوێ و ڕيفۆرمخواز و ناڕازييه‌ى په‌رله‌مانييه‌كان نين، به‌ڵكو پێش ئه‌وان ئه‌و نه‌وه كۆن و به‌ساڵاچووه‌يه كه نه خێرى له سه‌دام بينى له بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى و بارزانى، ئه‌مڕۆ برسێتى به‌رۆكى هه‌موو چين و توێژه‌كانى گرتووه، جگه له تاقمێكى بچوك له ده‌سه‌ڵاتى ئۆليگارشيى نه‌وت و نه‌ته‌وه. خه‌ڵكيش له‌پێناوى مانه‌وه‌ى له ژيان په‌نا بۆ هه‌موو ئه‌و ئامراز و ميكانيزمانه ده‌بات كه درێژه به ژيانى ده‌ده‌ن. بۆ گه‌نجێك كه نه بستێك خاكى هه‌بێت و نه ڕۆژێك له ڕۆژان ياسايه‌ك له به‌رژه‌وه‌نديى ئه‌ودا ده‌رچوێنرابێت، دادگا و تاپۆ و فه‌رمانگه‌كانى تر هيچ پيرۆزييه‌كيان نابێت.
له‌دواى ئه‌و هه‌موو بێدادى و قه‌يرانه درووستكراوانه، ده‌سه‌ڵاتى كوردى زۆر بێشه‌رمانه لێدوان ده‌ده‌ن و پێمان ده‌ڵێن دۆخه‌كه مه‌ترسيداره وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆيان له‌و دۆخه به‌رپرس نه‌بن. به‌ڵام ديوێكى ئه‌م قسه‌يان ڕاسته كه چاره‌سه‌ر لاى ئه‌وان نييه، به‌ڵكو ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتيڤه‌ى ده‌توانێت دۆخه‌كه له ڕيشه‌وه بگۆڕێت و چاره‌سه‌رى بكات هێزێكى ڕاديكاڵه كه ئه‌م ڕاپه‌ڕينه‌ى چينى چه‌وساوه به‌ره‌وه شۆڕشێكى كۆمه‌ڵايه‌تى ئاراسته بكات و ده‌سه‌ڵات له ده‌ڵاڵى زلهێزه‌كان وه‌ربگرێته‌وه، و چيتر كه‌س نان و ئازادى وه‌ك سه‌ده‌قه و چاريتى نه‌به‌خشێته‌وه. پێموايه ئه‌مه‌ش ئه‌ركى چه‌په‌كانى كوردستانه كه ئه‌و ئه‌ركه بگرنه ئه‌ستۆ و سه‌رجه‌م چين و توێژه چه‌وساوه و برسييه‌كان له ده‌ورى ئايديايه‌كى ڕاديكاڵ كۆبكه‌نه‌وه.