A+    A-
(1,343) جار خوێندراوەتەوە

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى گۆڤارى (ئازاديى كۆمه‌ڵگا)ى نزيك له‌ په‌كه‌كه‌يه‌ ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌م دواييه‌ى كوردستان. له‌ دوايين ژماره‌ى گۆڤاره‌كه‌دا چاپ و بڵاوبووه‌ته‌وه‌: (زه‌رده‌شت نوره‌دين).

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

سەرەتا پرسیارەکەتان بەم جۆرە دادەڕێژمەوە؛ کێشەی بنەڕەتيی باشوری کوردستان چیە؟(واتە ئایا سیاسییە، کۆمەڵایەتییە، ئابورییە، ڕۆشنبیرییە و ... هتد) و بەدیل بۆ ئەو کێشە چییە؟

وه‌ڵامی ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی گشتی، پەیوەند دەبێت بە دیاگنۆسیسکردن(دەستنیشانکردن) و ڕەچەتەنوسینەوە کە ئەمەش لەڕوانگەی گۆڕینی دونیاوە سەرچاوەدەگرێت. ئەم ڕوانگەش بۆخۆی لەسەر ئەو بنەڕەتە کاردەکات کە هەم سوبێکت(بکەر) و هەم مێژوو قابیلی گۆڕان و دەستکاریکردنە. لەم پنتەوە ئاسۆی شۆڕش، ڕاپەڕین، ڕووداو و ... هتد دێتەناو مێژووەوە و مرۆڤ بەفیعلی دەستدەکات بە گۆڕینی دونیا. ئەم ئایدیایە بە ڕێکخراوی بۆ یەکەمجار، لەگەڵ مارکس و ئەنگڵسدا دێتەکایەوە و پاشان بۆ یەکەمجار لەگەڵ لینین‌دا پراکتیزەدەکرێت. مارکس و ئەنگڵس لەڕووی مێژووییەوە و لەسەر ئاستی گەردوونی، خاوەندارێتیی تایبەت کە کاری کرێگرتە، سەرمایە، چینایەتی، نامۆبوون ... هتد لێدەکەوێتەوە وەک کێشەی سەرەکيی پارادایمی چینایەتی دەستنیشانیانکرد و ڕەچەتەی کۆمۆنیزمیان بۆ نوسی. ئەگەرچی لەسەدەی بیستدا کۆمۆنیزم نەهاتەدی بەڵام بینەری دوو ئەزموونی سۆسیالیستيی گەورە بووین...

لێرەوە دەکرێت لەسەر کێشەی باشوری کوردستان و بەدیل قسەبکرێت. ئەوە ڕوونە کە کوردستان نیشتەجێی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانییە بە فۆرمی خۆی. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت باشوری کوردستان تەنیا کێشەی سیستەمی سەرمایەداريی هەیە و هەموو کێشە و نەخۆشییەکان لە سەرمایەداريیدا کورتکەینەوە (وەک ئەوەی چەپی کۆن دەیکەن). پێش هەموو شت دەبێت ئەوە بڵێن ئەگەرچی سەرمایەداری، جیهانییە بەڵام یەک فۆرمی نییە. لەم ڕووەوە دەبێت قسە لەسەر فۆرمە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداری بکرێت، سەرەڕای بنەما هاوبەشەکانی.

باشوری کوردستان لەناو داڕووخانێکی سەرتاسەری و ئیفلاسبوونێکی هەمەلایەنەدایە. حوکمڕانی و دەسەڵاتی کوردی بەجۆرێکی وەها سەرتاسەریانە داڕووخاوە کە بە هیچ جۆرێک ڕیفۆرم هەڵناگرێت و فیعلییەتی مێژوويی نەماوە و پێویستی دەستبەجێی بە گۆرانی ڕادیکاڵ هەیە و بەردەوامبوونی تەنیا بەهۆی دەزگا داپڵۆسێنەر و سەرکوتکارەکانی حکومەتەوەیە. بەدیوێکی تردا دەسەڵاتی ڕۆشنبیری، کەلتوری، کۆمەڵایەتی و ...هتد بەتەواوی ئیفلاسی هەمەلایەنەیان کردووە و هیچ شتێکی واقیعی و ڕزگاریخوازانەیان پێ‌نەماوە و ناتوانن ئەگەر و ئیمکانی ڕزگاری لەم بنبەستە هەمووگیرەدا بەرهەمبهێنن. بەدەربڕينی کۆنستانتین گۆرگیۆ، ئێستا لەباشوری کوردستان کاتژمێر ٢٥ـە. کاتژمێر ٢٥ دوا کاتژمێر نییە بەڵکو کاتژمێرێک دوای دوا کاتژمێرە. بۆیە ئەگەر مەسیحیش بگەڕێتەوە ناتوانێت دۆخەکە ڕزگاربکات. مەسیح لێرەدا میتافۆرە بۆ هەموو ئایدیا بەناو ڕزگاریخوازەکانی ناو سیستەم، ئەو ئایدیایانەی کە ڕۆژێک ڕۆشنبیرەکان و ڕۆژێک سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و کۆمەڵێک خەڵک بۆماوەیەکی کاتی لەدەور خۆیان کۆدەکەنەوە. کەواتە لە کاتژمێر ٢٥ دا هیچ ئایدیا و بەدیلێکی ڕزگاریخواز لە هەناوی سیستەمدا درووستنابێت، لەبەرئەوەی کاتژمێر ٢٥ لەحزەی دوای تاقیبوونەوە و جێبەجێبوونی هەموو ئایدیا بەناو ڕزگاریخوازەکانی ناو سیستەمە. هەمیشە کاتژمێر ٢٥ دۆخی درووستبوونی بەرەنگاريی خۆڕسکانەیە کە لەناو خەڵکدا سەرپێ‌دەکەوێت. بەڵام لە دوای لینینەوە ئەوە دەزانین کە بەرەنگاری خۆڕسکانە بەبێ‌ رێکخستن و دیسپلین پانتاییەکە بۆ درووستبوونەوەی هەمان چەوساندنەوە و ستەمکاريی دۆخی پێشوو لە فۆرمی جیاوازدا. لەم پنتەوە دەبێت ئەوە بڵێین؛ ئەم چرکەساتەی تێیداین، کاتژمێر ٢٥ـە. کاتی هەموو هێزە چەپە ڕادیکاڵەکانەولەبەرانبەر بەرپرسیارييه‌کی مێژوویى گەورەداین. بۆیە دەبێت دەستبدەینە ڕێکخستنی هەمه‌گیر و بە ڕێکخستن و سەرپێ‌خستنی بەرەنگاريی سەرتاسەری، دۆخەکە ڕزگاربکەین.

پرسیارە سەرەکییەکە لە ئێستادا ئەوەیە کە بۆچی هێزە چەپە ڕادیکاڵەکان ناتوانن شان بدەنە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە؟ پێموایە وه‌ڵامەکەی، دوو ڕووی هەیە؛ یەکەم جیهانییە و دووەم لۆکاڵییە. مارکسیزمی کلاسیک لە مارکسەوە تا ماوتسی تۆنگ کارگەی ستراتیژی گۆڕینی دۆخ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بوون لەسەدەی بیستدا. هەر کام لە لینین و گرامشی و ماوتسی تۆنگ ستراتیژ، کەرەستە و پلانی کۆنکرێتيی بەدەستەوەگرتن و گۆڕینی دەستەڵاتیان بۆ هەلومەرجی دیاریکراوی سەدەی بیست داهێنا کە هەموو ئازادیخوازەکان، بە کۆمۆنیست و ناکۆمۆنیستەوە سودیان لێ بینی و ئاڵوگۆڕییان پێ‌کرد.

ناکۆکیی سەرەکی لەپەیوەند بە گۆڕینی دونیاوە لەئێستادا لەنێوان هۆکارە سوبێکتیڤ و هۆکارە ئۆبێکتیڤەکاندایە؛ هۆکارە سوبێکتیڤەکان بەنیسبەت هۆکارە ئۆبێکتیڤەکانه‌وه‌ چەقبەستوو و وشکهەڵاتووە و لەناو مارکسیزمی کلاسیکدا مەنگ بووە، لەکاتێکدا هۆکارە ئۆبێکتیڤەکان تەواو گۆڕاون و پێشکەوتوون. لێرەدا ئاماژە بە سێ هۆکاری ئۆبێکتیڤ دەدەم کە گۆڕانکاريی ڕادیکاڵی بەسەردا هاتووە. یەکەم؛ جیهانگیری(گلۆباڵیزم) کە جیهانی یەکپارچە و تاک‌جەوهەر کردووە و هیچ سنورێک بۆ فیچقەکردنی سەرمایە نەماوە کە ئەمەش ڕاستەوخۆ قەیرانى جیهانییە پەیوەستدەکات بە لۆکاڵەوە و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە... دووەم؛ بەرخۆری(مەسرەفگەرایی) کە بووە بە کەلتوری هەمووگیری هەموو چینەکان... سێیەم؛ فەزای مەجازی کە ئەمە لەو دووەی پێشتر زیاتر گۆڕانکاريی لە ڕەگەزی ئۆبێکتیڤدا کردووە.

حیزبە کۆمۆنیستەکانی دونیا بەگشتی بەدەست هۆکاری سوبێکتیڤەوە دەناڵێنن و لەبەرئەوەی هەڵگری هەمان ستراتیژ و کەرەستەی مارکسیزمی کلاسیکن بۆ مۆبۆلیزە و درووستکردنی سوبێکت(بکەر)ى ئاڵوگۆڕی دونیا. بۆیە ناتوانن خەڵک و جەماوەر مۆبۆلیزە بکەن و ڕێکی بخەن و گۆڕانکاريی ڕادیکاڵی پێبکەن. لەبەرانبەر حیزبە کۆمۆنیستەکانیشدا، فەیلەسوفانی چەپی نوێ کۆمەڵێ ئاسۆی پراکتیکی سیاسی، نەک خودی پراکتیکی سیاسییان هێناوەتەگۆڕێ کە دەکرێت بە سود بێت بۆ داهێنانی فۆرمە نوێکانی پراکتیکی سیاسی.

باشوری کوردستان دۆخێکی تاقانە و سینگولاری هەیە. بۆیە دەبێت هەموو مامەڵه‌کردن و بەرکەوتنێکیش لەگەڵی دا تاقانە و سینگولار بێت. لەم پنتەوە بەر لە هەموو شت دەبێت عەقڵییەتی کۆپیکردن به‌لاوە بنێین و هەروەها واز لە ڕێكخستنی تەقلیدی و حیزبە کلاسیکییە کۆمۆنیستییەکان بهێنین کە چەقبەستوو و وشکهەڵاتوون. بەدیل لە ئێستادا سەنتێزکردنی پراکتیکی سیاسیی مارکسیزمی کلاسیک و هزری فەیلەسوفانی چەپى نوێیە کە لەدەره‌نجامدا بەگوێرەی واقیع و هەلومەرجی باشوری کوردستان ستراتیژ و کەرەستەی نوێی ڕێکخستن و مۆبۆلیزەکردنی کۆمەڵانی خەڵکی لێ بەرهەمبێت. بەدەربڕینێکی تر، دەبێت بەرەنگارییەکی سەرتاسەری و ناونشین لە باشوری کوردستان سەرپێ بکەوێت کە هەموو ئەمانەش چەپی نوێ درووستدەکات. چەپێک کە خۆی لە پاشەڕووی ڕابردوو، داماڵیوە و بووە بە پێشەنگی داهاتوو.