ده‌رباره‌ى جيهانێكى توندوتيژ
وهليد عومه‌ر
يه‌ك: سهرمايهداره «ڕاستگۆكان» و سيسته‌م
سه‌رمايه‌دارێكى كورد له جێيه‌كدا باسى ئه‌وه ده‌كات كه له‌ڕابردوودا قوتووى كۆكردووه‌ته‌وه و فرۆشتوويهتى. سه‌رمايه‌دارى ديكه‌ش هه‌بووه باسى ئه‌وه‌ى كردووه، تا دوێنێ شاگرد بووه. ئه‌م قسانه ڕووه‌و خه‌ڵك، بۆ ئه‌وه‌يه بڵێن: ئێمه به هه‌وڵ و ڕه‌نجى خۆمان به ئێره گه‌يشتووين و ده‌وڵه‌مه‌ند بووينه. گه‌رچى ئه‌م گێڕانه‌وه‌يه، كاريگه‌رى له زه‌ينى خه‌ڵك ده‌كات و وه‌ك ڕاستگۆيى وه‌رده‌گيرێت؛ به‌ڵام بۆشاييه‌كى لۆژيكى جێده‌مێنێت و نابێت به‌سه‌ريدا تێپه‌ڕين. ئه‌ويش ئه‌وه‌يه كه: ئێمه له چ جيهانێكدا ده‌ژين كه كۆكهرهوهى قوتوو و شاگردێك، به‌راورد به قوتوو كۆكهرهوهكانى تر و شاگردهكانى تر، يهكسهر ده‌بێته سهرمايهدار و ده‌وڵه‌مه‌ند؟ ئايا به‌ساده‌يى جێى خۆى نيه بپرسين ئه‌و جيهانهى تێيدا ده‌ژين خهلهلێكى تيايه؟ واته نابێت به‌پێچه‌وانه‌ى قسه باوه‌كانه‌وه، به سه‌رمايه‌داره‌كان بڵێين ئێوه درۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت بڵێين ئێوه زۆر ڕاستگۆن و باس له جيهانێك ده‌كه‌ن كه "هيچ كه‌س به هه‌وڵ و ڕه‌نجى خۆى نابێته سهرمايهدار". ئێوه ئاوارته و ئيستيسناكانى ناو جيهانێكن كه ڕێسا و قاعيدهكهى بريتييه له مليۆنان مرۆڤى هه‌ژار و جێماو. هاتنه سه‌ره‌وه‌ى ئه‌م باسوخواسانه له‌م يه‌ك دوو ساڵه‌ى پێشوودا، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه سياسه‌ت له سياسه‌تى ڕاسته‌قينه داده‌ماڵرێت و ته‌ماع ده‌كه‌وێته‌وه به‌ر هه‌ر كه‌سێك كه پاره‌ى هه‌بێت، سياسه‌ت بكات. له‌كاتێكدا سياسه‌تى ڕاسته‌قينه، لاى "تاكه‌كه‌سى فريادڕه‌س" نيه به‌ڵكو لاى "ئايدياى فريادڕه‌س"ـه. ئايديا پرسێكى جه‌ماعى و كۆيه نه‌ك تاكه‌كه‌سى. به‌ڵام له سهردهمێكيشدا ده‌ژين كه سه‌گباوه‌ڕى(سينيزم) و بێباوه‌ڕى له هه‌موو لايه‌كه‌وه فيچقهدهكات و ده‌رهه‌ق به هه‌ر ئايديايهك گومانێكى زۆر هه‌يه. ئه‌م گومانه هێنده‌ى نيشانه‌ى كۆنهپهرستييه، نيشانه‌ى گومانێكى ڕاديكاڵ نيه كه شتێكى تازه‌ى به‌دواوه بێت. گه‌ر بڕوا و يهقينێكيش بهدىبكرێت، له گومانه‌كه كۆنهپارێزتره. بۆنمونه، گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردايهتييهكى ساف و بێگه‌رد كه ئهتككراوه و ته‌نيا له‌ڕێگه‌ى ئه‌ده‌ب و تێكسته‌وه ده‌توانين به‌ده‌ستى بێنينه‌وه. له‌كاتێكدا خودى ئه‌م ئهدهبياته، نوێنه‌رى هيچ دۆزێكى لۆكاڵى و به‌رجه‌سته ناكات و ئه‌ده‌بێكه به پله‌ى ئيمتياز نامۆيه. بۆيه ده‌توانين له‌پاڵ چه‌ندين فۆرمى تر‌ى نامۆبووندا، باسى ئه‌م ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ش بكه‌ين و بزانين ڕيشه‌ى به كۆژانى ئينسانى ئێمه‌وه نيه. ئايا ئه‌م ئه‌ده‌به نامۆبووه، چى له خه‌م و كۆژانى گه‌نجێكى ناحيه و قه‌زاكانى كوردستان ده‌گۆڕێت؟ ئايا مهرههمێكى ئايدياڵيستى نيه، بۆ برينێكى ماترياڵيستى و ڕاسته‌قينه؟
ڕه‌هه‌ندێكى تر‌ى ئه‌م لهسياسهتداماڵينه باوه، گه‌ڕانه‌وه‌يه بۆ به‌هه‌شتى له‌ده‌ستچووى «نيشتمان»، ئه‌ويش نه‌ك له‌ڕێگه‌ى ئايدياى واقيعى و ميراتى واقيعيى ڕابردووه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ى شيوه‌ن و نۆستاليژيا بۆ ڕۆژانێك كه "نيشتمان هى هه‌موان بووه". ئه‌م شيوهنه، ديسان شيوهنيكى ئيزديواجى و دووڕووه. چونكه گه‌ر بڵێيت با بگه‌ڕێينه‌وه بۆ ئه‌و ڕابردووه و كاره‌كته‌ره‌كانى زيندووبكهينهوه، يهكسهر هه‌موان ده‌ڵێن: ئه‌و ڕابردووه بوونى نه‌بووه و گه‌ر كه‌سێكى پاكيشى تيا بووبێت، ئێستا ده‌بووه دز و گه‌نده‌ڵ. نمونه‌ى شاسوار جه‌لال "شه‌هيد ئارام" نمونهيهكى ڕوون و به‌رچاوه. ئه‌وانه‌ى كه شيوه‌ن بۆ ڕابردوو ده‌كه‌ن، هه‌ر خۆيشيان ده‌ڵێن: گه‌ر ئارام بمايه، ئێستا ئه‌ويش يه‌كێك ده‌بوو له دز و گه‌نده‌ڵه‌كان. واته پێشوه‌خت ئه‌و ئه‌گه‌ر و ئيمكانانه داده‌خه‌ن كه تاقينهكراوهتهوه و مێژوو سهركوتيكردووه. ئيزديواجيهتێكى تر‌ى ئه‌م شيوهنه ئه‌وه‌يه كه بۆ ڕابردوو ده‌گرى، به‌ڵام قسه‌ى بۆ داهاتوو پێ نيه. به ده‌ربڕينێكى تر، ڕابردووپهرسته، به‌ڵام سڵ له زاراوه‌كانى وه‌ك يۆتۆپيا و ئاينده و ئاسۆ و ئايديا و هتد ده‌كاته‌وه كه تێكڕا گوزارشتن له بنياتنانى داهاتوو نه‌ك شيوه‌ن بۆ ڕابردوو. له ڕووه فهلسهفييهكهوه، مه‌حكومكردنى ڕه‌هاى ڕابردوو، ڕێگه بۆ درووستبوونى مرۆڤێكى نيهيليست و هيچگهرا خۆشده‌كات كه ناتوانێت به‌هاى نوێ بۆ داهاتوو دابێنێت. ئه‌م بێباوه‌ڕييه به ئايديايه‌كى ڕزگارى و داهاتووى ڕزگارى، بێباوهڕييهكى تراژيدى-كۆميدييه، چونكه بازدانهكهى له هه‌مان بازنه‌دا ده‌سوڕێته‌وه: به‌هه‌شتى ئيمانداران و ئايدياكان جێده‌هێڵێت به‌ره‌و به‌هه‌شتى "كافران" كه بازاڕ و مۆڵه‌كان و مۆده و هتده و پاره به "كن فيكون"ێك خواسته‌كانى بهديدههێنێت.
ئه‌م بكه‌ر و سوبێكته‌ى كه هه‌مووشت ڕه‌تده‌كاته‌وه و نايه‌وێت "باوه‌ڕ"ـى هه‌بێت، سوكهڵهترين زه‌ينى هه‌يه و به‌رگه‌ى ئايدۆلۆژياى باڵاده‌ستى سه‌رده‌مه‌كه ناگرێت. ئه‌و له‌ناو جيهانێكدا گه‌وره‌ده‌بێت كه پێشوه‌خت تواناى به‌ره‌نگاريى لێ سه‌نراوه‌ته‌وه و كراوه به سوبێكتێكى خه‌سيو و ته‌مه‌ڵ و تواناى وه‌ستانى نيه. لێره‌دا ده‌توانين نمونهيهكى كۆنكرێتى و ئاشكرا بێنينه‌وه: پێش ده‌يه‌يه‌ك له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا گه‌ر كه‌سێك له ئيمانه‌وه بڕۆيشتايه به‌ره‌و ئيلحاد، يان له باوه‌ڕه‌وه بۆ بێباوه‌ڕى؛ ئه‌وا به كۆمه‌ڵێك ژان و گينگڵ و پلخواردندا تێده‌په‌ڕى. به‌ڵام ئه‌مڕۆ جيلى نوێى ناو ئايدۆلۆژياى باڵاده‌ست، ئه‌م ژانه ئهزموونناكهن. ئه‌وان پێشوه‌خت پێيان گرنگ نيه باوه‌ڕ يان بێباوه‌ڕى چيه، چونكه له‌بناغه‌دا تواناى به‌ره‌نگارى و هه‌ڵبژاردن و ههڵوهستهيان لێ سه‌نراوه‌ته‌وه. له ژێريشهوه، له ژيلهمۆكهشهوه، ئيمانێكى سارد و پاسيڤ نوستووه و به‌رگه‌ى شه‌پۆله‌كانى سيسته‌م و دياردهكانى سيسته‌م ناگرێت.
زه‌ينى ئه‌م چه‌شنه مرۆڤه، به‌جۆرێك هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه كه يه‌كه‌م كاردانه‌وه كه به ڕووى ڕووداوه‌كاندا دهينوێنێت: پێكه‌نينه. دياره پێكه‌نين لێره‌دا ڕۆڵى پێكه‌نين ناگێڕێت، به‌ڵكو گوزارشته له‌و ناجێگيرى و كاردانه‌وه خێرايهى كه سيسته‌م له‌ناو خه‌ڵكدا چاندوويهتى. هاوكات گوزارشته له پاشه‌كشه‌ى ڕامان و بيركردنه‌وه‌ى جدى. كاتێك ئايدياكان و ڕامانهكان پاشه‌كشه‌ده‌كه‌ن، پێكه‌نين ده‌بێته به‌ديلى وه‌ستان و ڕامان له‌سه‌ر شته‌كان. چونكه پێكه‌نين وه‌ك بونياد و ستراكتۆر، هاوتاى نه‌وه‌ستان و ڕۆبوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و صهيروورهيه. ئه‌م زهينه، بڕواى به‌وه نه‌ماوه كه شته‌كان په‌يوه‌ندييان به‌يه‌كه‌وه هه‌يه و تۆڕێك و شافاكتهرێك لهپشتهوهيانه به‌ناوى "سيسته‌م"ـه‌وه، بۆيه پێده‌چێت يه‌كێك له‌ماناكانى به‌ره‌نگارى له‌ئێستادا ئه‌وه بێت ئه‌وه له خه‌ڵك بگه‌يه‌نرێت كه هه‌موو شتێك له پهيوهندييدايه به‌يه‌كتره‌وه. هه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه خۆى باس له ڕێژهيىبوونى شته‌كان ده‌كات، به‌ڵام كه دێته سه‌ر په‌يوه‌نديى نێوان شته‌كان و سيسته‌م، يهكسهر ڕه‌تيده‌كه‌نه‌وه په‌يوه‌نديى له‌و جۆره هه‌بێت. ئه‌مه‌ش ديسان ڕياكارى و ئيزديواجيهتێكى تيايه و له ڕيشه‌ى زاراوه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. بۆنمونه، له زمانى ئينگڵيزييدا وشه‌ى "ڕێژه‌يى" ده‌بێت به (relative)، وشه‌ى پهيوهندييش ده‌بێت به (relation). واته هه‌موو شتێكى ڕێژه‌يى، له پهيوهندييدايه به شتێكى تره‌وه و ئازاد و ڕه‌ها نيه(واته موتڵه‌ق absolute نيه). مادام له‌ڕواڵه‌تدا بڕوامان به ڕێژهيبوونى شته‌كانه، ئه‌وا ده‌بێت بڕوامان به‌وه‌ش هه‌بێت دياردهكان و شته‌كان له په‌يوه‌ندييه‌كى جۆراوجۆردان به‌يه‌كتره‌وه. ئه‌م زهينه پێىسهيره شته‌كان له په‌يوه‌ندييه‌كى ئاڵۆزدان به سيسته‌مى كار و سه‌رمايه‌دارييه‌وه(جيهانى و ناوخۆيى) و سيسته‌مه‌كه وه‌ك مهكينهيهكى زه‌به‌لاح هزر و ده‌روون و زه‌وق و سلوكمان ئاراسته‌ده‌كات.
ده‌بێت چى بكرێت؟ پرسياره «شووم»ـه لينينىيهكه: ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌دا گرنگه جۆرێكه له "هيچنهكردن"، يان بيركردنه‌وه و خۆپه‌روه‌رده‌كردن به ئايديايه‌كى ڕاديكاڵ و نوێ(ئه‌وه‌ى به‌ناوى كارى خێرخوازييهوه ده‌كرێت، ئهكتێكى ناسياسييه و سهروسيماكانيشى به‌گشتى كۆنهپارێزانهن). ده‌بێت گومان له هه‌موو ئه‌وانه بكرێت كه ده‌يانه‌وێت شتى خێرا بكه‌ن، چونكه له سه‌رده‌مێكى خێرا و مهجازىدا، شته‌كان به‌م ڕيتمه ناتوانن پچڕان درووستبكه‌ن و شتى نوێ(The New) بێننهكايهوه. خه‌ڵكيش تادێت به‌ره‌و بهرخۆرى(مهسرهفگهرايى) ده‌برێت و ههژارهكانيش چيتر ناتوانن ده‌ست له دۆخى سياسى وه‌رده‌ن، ئه‌ويش ديسان كۆمه‌ڵێك هۆى هه‌يه كه بهرخۆرى يه‌كێكه له‌وانه: ئێستا و دهمێكيشه چيتر هه‌تيو و هه‌ژاران ئه‌و بێبه‌رگه نين كه كاتى خۆى "نالى" باسيكردوون و مه‌يلى هه‌تاويان كردووه تاكو له‌به‌ر بێجلى سه‌رمايان نه‌بێت، به‌ڵكو هه‌موان به هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه چوونه‌ته ناو پێشبڕكێى بهرخۆرييهوه و چيتر بێجلوبهرگ نيه(گه‌رچى ئيستيسنا و ئاوارته‌ى بچوكيش هه‌ن و تهعبيرن له خراپيى كۆى دۆخه‌كه، وه‌ك ئاواره‌كانى دووز كه جل و پێڵاويان نيه و له دهركراوهكانى سيستهمن). "كۆميته‌ى هه‌رێمه‌كان"ـى كۆمه‌ڵه‌ى ماركسيى لينينى كوردستان له ڕاگهيهنراوێكدا له مارسى 1976 و له‌پاش "ئاشبه‌تاڵ"ـى ئه‌وكاتدا به زمانێكى زبر ده‌نوسن: «دوور نيه له‌پڕ ببينى كه پارتيه داڕوخاوهكهى مه‌لا زيندو بكرێته‌وه و چه‌ند گه‌وجێك و ساويلكهيهك بكه‌ونه ده‌هۆڵ و زوڕنا لێدان(بۆ پێشه‌وه بارزانى)، ئێمه‌هه‌موو گه‌لى كوردستان وريا ئهكهينهوهو داوايان لێ ئه‌كه‌ين كه ئازايانه بێ سڵه‌مينه‌وه ئه‌و ڕێبازه داڕوخاوه نه‌گرنه‌وه وه به پڕوپاگه‌نده‌ى چڵكاوخۆرهكانى مه‌لا و ئێران و ئه‌مه‌ريكا ههڵنهخهڵهتێنهوه[1]».
له‌م په‌ره‌گرافه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، ترسێك له كۆنهپارێزيى سياسى هه‌يه كه پاش چل ساڵ بونيادهكهى وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه. ده‌توانين لێره‌دا "پارتى" وه‌ك ميتافۆرێك وه‌رگرين له‌جياتيى هه‌موو لايه‌نه سياسييه جياجيا باڵاده‌سته‌كان، چونكه پارتيى ئه‌وكاتيش ديسان گوزارشت بوو له تاكه هێزى سياسيى باڵاده‌ست كه شكستى خواردبوو. ئێستاش هه‌مان شكست ئاماده‌يه. بۆيه گه‌ر بڕياره بێباوه‌ڕ بين، ده‌بێت ده‌ست به‌م بێباوهڕييهوه بگرين و تهسليمى هيچ "به‌ديل"ێكى خێراى نه‌كه‌ين.
دوو: توندوتيژى
شيكردنه‌وه‌ى زۆر وردمان ناوێت تا تێبگه‌ين ئێمه له جيهانێكى توندوتيژدا ده‌ژين. ههريهكهمان به زمانێك گوزارشت له‌م توندوتيژييه ده‌كه‌ين: يه‌كێك ده‌ڵێت بارى دهروونييم باش نيه، يه‌كێكى تر ده‌ڵێت به هيچدا ڕاناگهين، يه‌كێكى تر هيچ ناڵێت به‌ڵام زه‌بروزه‌نگى سه‌رده‌مه‌كه له‌سه‌ر ژيانى ده‌بينرێت، هه‌روه‌ها يه‌كێكى تر ده‌ڵێت خۆيشم نازانم بۆ بێتاقه‌تم؟ هه‌ر به‌ڕاست نازانين بۆ بێتاقهتين؟ بێگومان ده‌زانين.
ئێمه هه‌موومان له جيهانێكدا ده‌ژيين كه به شێوازى جۆراوجۆر توندوتيژى بڵاوده‌كاته‌وه. ڕه‌نگه له جێيه‌ك خوێن نه‌ڕژێت و پێمانوابێت توندوتيژى غايبه، به‌ڵام پێده‌چێت له هه‌مان جێ‌دا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م جيهانه توندوتيژه به‌رده‌وام بێت پێويستى به نه‌ڕشتنى خوێنه. توندوتيژى هه‌ر خوێن ڕشتن و لێدان نيه، و جيهانى سه‌رمايه و پاره پێويستى به بڕێك "ناتوندوتيژى"ى ڕواڵهتييه تاكو درێژه به مانه‌وه‌ى خۆى بدات. زۆرجار له ماڵپه‌ڕه ناوخۆيى و جيهانييه‌كان شت ده‌رباره‌ى ئه‌م جيهانه توندوتيژه ده‌خوێنينه‌وه، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن يه‌كێك له‌و بابه‌تانه هاتبێت ڕيشه‌ى توندوتيژييه‌كانى گه‌ڕاندبێته‌وه بۆ سيسته‌مه‌كه. ئه‌م هه‌واڵ و بابه‌تانه تاڕاده‌يه‌ك وێنه‌ى دۆخه‌كه ده‌كێشن، به زمانێكى نزيكيش وه‌سفى جيهانهكهمان ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام ناتوانن ناوى بنێن و ئاراسته ئايدۆلۆژييهكهى سهردهمهكهمان ديارى بكه‌ن.
بۆنمونه، له هه‌واڵێكى يه‌كێك له سايته كوردييه‌كاندا هاتبوو: «بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ئاستی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە بەڕێژەی 62% لەچاو ساڵی 2010 زیادی كردووە. تەشەنەكردنی توندوتیژی بووەتە كێشەیەكی جیهانی، بەتایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوو و تازە پێگەیشتوودا. بە گوێرەی راپۆرتی سندوقی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان (UNFPA) ، لە هەر سێ ژن لە سەرانسەری جیهان ژنێك دەكەوێتە بەر توندوتیژیی ئەندامانی بنەماڵەكەی وەك: باوك، برا، مێرد، یان یەكێك لە خزم و كەسەكانی. ژنانی كوردستانیش بەدەر نین لە توندوتیژی، ساڵانە بە سەتان ژن بە بیانووی جۆراوجۆر توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێ و هەندێك لەو ژنانە كۆتایی بە ژیانیان دەهێنرێ، یان خۆیان كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن[2]». تەشەنەكردنی توندوتیژی بووەتە كێشەیەكی جیهانی، په‌يامى كۆى ڕسته‌كانى ناو كه‌وانه‌كه ده‌گه‌يه‌نێت. به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانى پێوه‌رى قازانج و بازاڕدا له جيهاندا، ژنێكى زياتر ده‌بێته قوربانى. جارێك وه‌ك كاڵا، جارێكيش وه‌ك ئه‌وه‌ى كه سه‌رمايه‌دارى درێژه‌پێده‌رى جياوازيى ڕه‌گه‌زى و چينايهتييه(له هه‌ندێك حاڵه‌تيشدا بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵاكانى، فشارێكى ڕواڵه‌تى بۆ هه‌ندێك دابونهريت ده‌بات تا ژنان له ماڵ بێنه‌ده‌ر، وه‌ك مافى لێخوڕين بۆ ژنانى سعوديه كه به‌شێكه له پرۆژه‌ى بازاڕپهيداكردن و نيوليبراڵيزم).
ئه‌مڕۆ چه‌ندين فۆرمى توندوتيژى له‌م جيهانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت: سه‌ير نه‌بێت كه زۆربوونى نه‌شته‌رگه‌ريى جوانكارى، جۆرێكه له توندوتيژى. ئه‌ويش له‌وێوه كه مرۆڤه‌كانى ناو ئه‌م سيسته‌مه له نيگاى توندوتيژى ئهويتر ده‌ترسن بۆ سه‌ر خۆيان. له‌و نيگايهى كه نه‌كو پێى وابێت: "ئه‌م، ناشيرينه". واته ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه بۆ جوانى دانراون، سه‌رچاوه‌ى توندوتيژيين. جوانى، هه‌ميشه يه‌ك جۆر جوانى نيه به‌ڵكو پێوه‌ره‌كانى جوانى ده‌كه‌ونه ژێر كاريگه‌ريى سه‌رده‌مه‌كانه‌وه. سهرمايهدارييش ئاڵۆزتر له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانى تر، "ترس له ناشيرينى"ى كردووه‌ته يه‌كێك له فۆرمه باوه‌كانى توندوتيژى. ته‌نانه‌ت گونده هاوچه‌رخه‌كان و شاره هاوچه‌رخه‌كان به ناوى (شارى جوان و هتد...)ـه‌وه ترس و توندوتيژييهك له ده‌روونى ئه‌و كه‌سانه‌دا درووستده‌كه‌ن كه ناتوانن پێ بخه‌نه ناوى. ئه‌مه‌ش به‌و مانايه دێت كه په‌يوه‌نديى جوانى و توندوتيژى، بووه‌ته په‌يوه‌ندييه‌كى ئاڵۆز و زۆرجار له‌جياتيى سيسته‌م، پياوى تێده‌خرێت. ڕاسته پياو كۆمه‌ڵێك ئۆباڵ و زه‌بروزه‌نگى به‌سه‌ر ژنه‌وه هه‌يه، به‌ڵام له زۆر ئاراسته‌ى تره‌وه پياويش بووه‌ته‌وه به قوربانيى سيسته‌مه‌كه.
ميدياكان ئه‌م توندوتيژييانه به‌ناو ماڵان‌دا په‌خشده‌كه‌نه‌وه، به‌ناو زه‌ينى ژنان و پياوانى گه‌نجدا په‌خشى ده‌كه‌نه‌وه. ميديا خۆى بووه‌ته جۆرێك له توندوتيژى، نه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ناڵێك بێت بۆ گواستنه‌وه‌ى توندوتيژى. به ده‌ربڕينێكى تر، هه‌بوونى ميديا خۆى زه‌بروزه‌نگه، نه‌ك ئه‌وه‌ى ميديا گهيهنهرێكى ساف و بێخه‌وش بێت بۆ گهيانى زةبروزهنگ. ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى وته‌كه‌ى ڕۆبسپێره: پێويست ناكات پاشا تاوانێك بكات تا بزانين تاوانباره، به‌ڵكو هه‌بوونى پاشا خۆى تاوانێكه. له‌سه‌ر هه‌مان وه‌زن و به ڕوانينێكى گشتگيرانهتر ده‌توانين بڵێين: ئه‌مڕۆ ڕێژه‌ى توندوتيژى بۆ سه‌ر ژنان له جيهاندا به‌رزنه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو جيهانهكه خۆى توندوتيژه.
سێ: جه‌سته و ئابوريى ده‌روونى
ده‌توانين به‌ساده‌يى ئاماژه بۆ دوو جۆر ئابورى بكه‌ين: ئابوريى مادى، ئابوريى ده‌روونى. ئابوريى مادى ئه‌و ئابورييهيه كه له بازاڕدايه، له په‌يوه‌ندييه‌كانى بهرههمهێناندايه، پاره و دراو ههڵيدهسوڕێنێت. به‌لام ئابوريى ده‌روونى، جۆرێكى ناماديى ئابورييه. ئه‌و ئابورييهيه كه له‌ڕووى ده‌روونييه‌وه پێى ده‌ژين و ناهێڵێت داڕووخێين. وزهيهكه له ده‌روونى مرۆڤدا كه كه‌م و زيادده‌كات و بڕه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت. وزهيهكه هه‌م ئازادده‌بێت، هه‌م سهركوتدهبێت؛ هه‌م پڕده‌بێت، هه‌م خاڵيدهبێتهوه. ليبيدۆ و وزه‌يه‌كى ژيانه كه هه‌ركات داى له كه‌مى، به‌ره‌و كزى و هه‌ره‌س ده‌ڕۆين. ئه‌مڕۆ جه‌سته سه‌رچاوه‌ى هه‌ردوو ئابورييهكهيه. جه‌سته‌ى ژن سه‌رچاوه‌يه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى ژن له هه‌ردوو ڕووى ئابوريى مادى و ئابوريى ده‌روونييه‌وه درێژه به ژيانى خۆى بدات، به‌ڵام چۆن درێژهدانێك!؟
ئه‌وه جه‌سته‌يه كه ئه‌مڕۆ وزه‌ى جياجيا ده‌دات به ژنان و هاوكات وزهشيان لێ ده‌بڕێت. كاتێك ده‌رهه‌ق به جه‌سته‌ى خۆيان دڵخۆش ده‌بن و پێوه‌ره‌كانى ئهويتر/سيسته‌م پيادهدهكهن، ئابوريى ده‌روونييان به‌رزده‌بێته‌وه. كاتێكيش هه‌ستده‌كه‌ن پێوه‌ره‌كانى سيستهميان پيادهنهكردووه و دڵيان به جه‌سته‌ى خۆيان خۆش نيه، ئه‌وا بڕى ئابوريى ده‌روونييان داده‌به‌زێت و دوور نيه تووشى نه‌خۆشيى ده‌روونييان بكات. له ڕووه مادييهكهشهوه، جه‌سته سه‌رچاوه‌ى ئابورييه. ڕيكلام و ڕێكى و خۆبادان و مۆده و پۆڕنۆ و شه‌ڕى ده‌روونى و هتد ده‌توانن به‌شداربن له ئابوريى مادييدا و پارهيهك بۆ ژن كۆبكه‌نه‌وه. جا ڕێگه‌كه ڕاسته‌وخۆ بێت يان ناڕاسته‌وخۆ. ئێستا بازاڕه‌كان ده‌توانن كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر به‌سه‌ر ژن‌دا بسه‌پێنن كه جه‌سته‌ى چۆن بێت و چۆن ئه‌م پێوه‌رانه ڕێژه‌ى قازانج كه‌م و زيادده‌كات. به ده‌ربڕينێكى تر، ئێستاتيكايهك هه‌يه ئێستاتيكاى سيسته‌مه و ژن ناچاره جه‌سته‌ى خۆى به‌پێى ئه‌و ئێستاتيكايه ميقاتبكات تاكو كارى ده‌ستبكه‌وێت و سه‌رنجى نێره‌كان بۆ خۆى ڕاكێشێت.
به‌ر له‌م حيساباتهى ئه‌مڕۆ بۆ جه‌سته، ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌يه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته بكه‌ين له كه‌لتورى خۆماندا. له كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا، جه‌سته‌ى ژن زياتر له بارێك ده‌چێت به‌سه‌ر خاوهنهكهيهوه. ده‌بێت ههڵيگرێت و بيپارێزێت و وه‌ك نامهيهك به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بيگه‌يه‌نێته جێى خۆى. دين ڕۆڵى يه‌كه‌م ده‌بينێت له بهدێوكردنى جه‌سته‌دا، چونكه ڕه‌نگه دين بيه‌وێت ده‌ره‌نجامى خێرا له قهدهغهكردنهكانى خۆيه‌وه ببينێت، ئه‌نجامى ڕوون و به‌رجه‌سته‌ى فه‌رمانه‌كانى خۆى ببينێت. كه‌واته به‌نيسبه‌ت دينه‌وه چ له‌وه باشتره سنورێك بۆ جه‌سته دانێيت، سوبێكت ناچاربكهيت به له‌ش و ماترياڵ ئيمانداريى خۆى بسه‌لمێنێت؟ هه‌ر دين نا، به‌ڵكو ئايدۆلۆژياكانى تريش كه‌متازۆر داواى سه‌لماندن له جه‌سته ده‌كه‌ن، هێنده به‌سه سه‌يرى مهسيره و نمايشى سه‌ربازى و تاتۆ و هتد بكه‌ين. به‌ڵام ئيسلام چيى زياترى له جه‌سته ده‌وێت. ڕه‌نگه وادهقيقتر بێت بڵێين، چيى كه‌مترى له جه‌سته ده‌وێت، جه‌سته ده‌بێت چى نه‌كات: سێكس.
ئيسلام له دونياى واقيعيدا، جه‌سته‌ى ژن نه‌فيده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له دونيايه‌كى تردا ده‌ركه‌وێته‌وه. به‌هه‌شت له ئيسلام‌دا وه‌ك شوێنى ههڵقوڵينى جه‌سته ده‌رده‌كه‌وێت، جهستهيهك كه پتر ئۆبێكت و بابه‌ته و هيچى تر، جهستهيهك كه پتر له له‌شى مردوو ده‌چێت، هه‌م پاسيڤه و هه‌م زۆر، تا چالاكتر پيشاندهدرێت و سێكسى له‌سه‌رده‌كرێت، زياتر پاسيڤتر ده‌بێت. ئه‌و ئايدياڵيزمهى كه ئيسلام له دونياى واقيعيدا په‌ره‌ى پێده‌دات، له دونيايه‌كى تردا ده‌بێته‌وه به‌ماده و ماترياڵيزمێكى وه‌ستاو و مردوو. شته‌كه قابيلى بهراورديش نيه به پۆڕنۆ، پۆڕنۆ له‌چالاكى و چهوساندنهوهكانى سه‌رمايه‌دارييدا ئيشى خۆى ده‌كات.
له گۆرانى و ئه‌ده‌بياتى ئێمه‌شدا، جه‌سته ده‌كه‌وێته به‌ر شاڵاو. جه‌سته له‌هه‌ندێ ڕۆمان و چيرۆكدا وه‌ها نهفيدهكرێت و ڕۆحى ده‌كرێته‌وه كه ون ده‌بێت. سێكس وه‌ك به‌ركه‌وتنى دوو تيشك پيشاندهدرێت، وه‌ك لێكخشانى دوو تارمايى. ئه‌مه جۆرێكى تره له ئايدياڵيزم و عيرفان. يان له زۆر گۆرانييدا وه‌ها پيرۆز و ستايش ده‌كرێت كه ديسان ده‌بێته‌وه به ڕووبه‌رێكى حه‌ساس. ستايشكردن و پيرۆزكردنى شتێك، جۆرێكى تره له قه‌ده‌غه‌كردن و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌مان شت. كاتێك جه‌سته ده‌كرێته ئه‌م بابه‌ته هه‌ستياره، ئه‌وا هاوسه‌نگيى وزه‌ى ده‌روونى و ئابوريى ده‌روونى تێكده‌چێت و تووشى پرۆسه‌ى "نامۆبوون" ده‌بين ده‌رهه‌ق به جه‌سته‌ى خۆمان. نامۆبوون به‌و مانايه‌ى كه له شتێكه‌وه زۆر نزيكين و مامه‌ڵه‌ى ده‌كه‌ين، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى هى خۆمان بێت و په‌يوه‌ندييه‌كى ڕه‌سه‌نمان هه‌بێت پێوه‌ى.
ئه‌مڕۆ نه‌ك هه‌ر ژنان، به‌ڵكو پياوانيش له جۆرێك داتهپينى ئابوريى ده‌روونييدا ده‌ژين. چونكه جه‌سته تووشى كۆمه‌ڵێك مامه‌ڵه‌ى نوێ هاتووه كه ئه‌ركى جه‌سته‌ى گۆڕيوه و بڕێكيش به جه‌سته‌ى خۆمان نامۆى كردووين. بۆ مرۆڤێكى كوردى/ڕۆژهه‌ڵاتى، ئه‌م نامۆبوونه هه‌م له ڕابردووه‌وه هاتووه، هه‌م هى ئێستاشه. ئه‌وه‌ى ئێستا مامه‌ڵه‌ى سه‌رمايه‌دارييه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا كه به‌رده‌وام تووشى دڵه‌ڕاوكێ و نامۆبوونمان ده‌كات به جه‌سته‌ى خۆمان. هه‌ر نيگهرانييهك ده‌رهه‌ق به جه‌سته‌مان، بڕى ئابوريى ده‌روونى داده‌به‌زێنێت و ده‌مانكات به بوونه‌وه‌رێكى نه‌خۆش.
[1]. هه‌ڵبژارده‌كان، شاسوارجه‌لال(ئارام)، ئه‌كاديمياى هۆشيارى و ....(2012)، ل 77
[2] . http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/240620167