كورد و فه‌لسه‌فه؛ كام فه‌لسه‌فه؟!
ناجى ئه‌فراسياو
هه‌ميشه سنورى نێوان فه‌لسه‌فه و ئايدۆلۆژيا، سنورێكى ڕوون و ديار نييه. چونكه ڕه‌نگه شتێك له فه‌لسه‌فه بچێته نێو ئايدۆلۆژياوه، شتێكيش له ئايدۆلۆژيا بێته نێو سنورى فه‌لسه‌فه‌وه. بۆنمونه، "كۆمارى ئه‌فڵاتون" بريتى بوو له ئايدۆلۆژيايه‌كى سياسى كه ده‌رهاويشته‌ى فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌فڵاتۆن بوو، هه‌روه‌ك چۆن "شارى ئايدياڵى"[1] ده‌رهاويشته‌ى فه‌لسه‌فه‌ى فارابى بوو. "ده‌شێت تادوا ڕاده‌ش، فه‌لسه‌فه به‌ته‌واوى ئاوێته‌ى ئايدۆلۆژيا ببێت، بۆيه مرۆڤ نازانێت خاڵى سه‌ره‌تا ئايدۆلۆژيايه يان فه‌لسه‌فه، وه‌ك ئه‌وه‌ى له "ماركسيزم"دا هه‌يه"[2].
كاتێك فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت به‌م شێوه‌يه ئاوێزانى يه‌ك ببن، ياخود ببنه ته‌واوكه‌رى يه‌كتر و ڕۆڵيان له گۆڕينى واقيعدا هه‌بێت. كه‌واته ده‌بێت وه‌ك كوردزمانێك سه‌رنج له ئه‌رشيفى فه‌لسه‌فى و گه‌نجينه‌ى كتێبخانه‌ى كوردى بده‌ين ئايا تا چه‌ند به فه‌لسه‌فه ئاشناين و تاچ ڕاده‌يه‌ك سه‌رچاوه فه‌لسه‌فييه‌كان به زمانى كوردى (له نوسين و وه‌رگێڕان) به‌رده‌ستن؟
ڕه‌نگه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌كانى وڵاتانى دراوسێمان له‌ڕووى ئه‌رشيفى فه‌لسه‌فى و فه‌رهه‌نگى فيكرييه‌وه هه‌ژارترين كتێبخانه‌مان هه‌بێت. لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌و هۆكاره سياسييانه بكه‌م كه تاكو ئێستا مێژوونووسانى كورد پاساوێكى ناسيۆناليستانه‌يان بۆ هه‌ژاريى كتێبخانه و ئه‌ده‌ب و فيكرى كوردى هێناوه‌ته‌وه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بڕواى ته‌واوم به‌وه هه‌يه گه‌لى كورد دووجار چه‌وساوه بووه، جارێك له‌لايه‌ن داگيركه‌رانه‌وه، جارێكيش له‌لايه‌ن چينى چه‌وسێنه‌ر و حوكمڕانيى لۆكاڵييه‌وه. ئه‌گه‌رچى پێموايه بژارده‌ى ئه‌نته‌رناسيۆناليستيى كۆمۆنيستى چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م گرفته نه‌ته‌وه‌يى و عيرقى و ڕه‌گه‌زييه‌كان ده‌كات. بۆيه ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێين، بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردى تاكو ئێستا ته‌نها خه‌باتى له‌دژى سياسه‌تى نه‌ته‌وه‌ى زاڵ و باڵاده‌ست كردووه نه‌ك خه‌باتى چينايه‌تى بكات، واتا كۆتاييهێنان به مۆنۆپۆل و چه‌وساندنه‌وه و قۆرخكاريى چينى "ئه‌رستۆكۆات" به‌سه‌ر چينى "ڕه‌شوڕووت"دا.
چاخى ڕۆشنگه‌رى له ئه‌وروپا، سه‌رده‌مى زێڕينى گه‌شه‌سه‌ندنى فه‌لسه‌فه بوو. ده‌شێت بڵێين فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆشنگه‌رى بووه پاڵپشتى شۆڕشى بۆرژوازيى فه‌ره‌نسى. به‌ڵام له ماوه‌ى سێ سه‌ده‌ى ڕابردوودا، سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى له‌برى ئه‌وه‌ى كۆتايى به جه‌ور و سته‌مى سه‌رده‌مى ده‌ره‌به‌گايه‌تى بهێنێت، كه‌چى له فۆرمێكى تردا و به‌دڕه‌نده‌ترين شێوه و به‌ڕێژه‌يه‌كى زياتر چينايه‌تى و چه‌وساندنه‌وه‌ى تۆختر كردووه‌ته‌وه (به‌تايبه‌تى له وڵاتانى جيهانى سێهه‌م"تازه‌پێگه‌يشتوو" كه وه‌ك پاشكۆ و موسته‌عميره ماونه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاته لۆكاڵييه‌كانيش له فۆرمى ده‌وڵه‌تێكى ئۆليگارشيدان). له ماوه‌ى ئه‌م سێ سه‌ده‌دا، واتا له ماوه‌ى ده‌ستڕۆيشتوويى سه‌رمايه‌دارييدا مێژوو چه‌ندين شۆڕشى به‌خۆوه بينيوه كه چينى چه‌وساوه به‌سه‌ر چينى چه‌وسێنه‌ردا كردوويه‌تى، ديارترينيان شۆڕشى (كۆمۆنه‌ى پاريس1871، ئۆكتۆبه‌رى ڕووسيا1917، چين1949، و شۆڕشى گه‌لانى ئه‌مريكاى لاتين). ئه‌م شۆڕشانه ده‌ره‌نجامى خه‌باتى چينايه‌تى بوون، واتا له‌پێناو نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌بێكى دياريكراودا نه‌بوون.
له سه‌ده‌ى بيستدا هه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕينێك له كوردستانى عێراقدا كرابێت، ده‌رهاويشته‌ى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌يى بووه، ئه‌گه‌رچى زۆرجار سرووشيان له خه‌باتگێڕه كۆمۆنيسته‌كانى وه‌ك (لينين و ما‌و و چيڤارا) وه‌رگرتووه. هاوكات له‌م به‌شه‌دا هيچ سه‌ركرده‌يه‌كى سياسى يان نوسه‌رێك به‌ديناكرێت كه له‌ماوه‌ى سه‌ده‌ى ڕابردوودا تيۆريزه‌يه‌كى فيكريى بۆ بزووتنه‌ى كوردى كردبێت، له‌سه‌ر ئاستى فه‌لسه‌فييش به‌گشتى، واتا ئه‌وانه‌ى ده‌قى فيكرى و فه‌لسه‌فييان نوسيبێت يان ته‌رجومه كردبێت، ده‌بينين جاروبار ناوى (شاكر فه‌تاح يان ئه‌ميرى حه‌سه‌نپوور يان مه‌سعود محه‌مه‌د) ده‌هێنرێت[3]. لێره‌دا ئه‌مه به ده‌رفه‌ت ده‌زانين تاكو ناوێكى تر سه‌ربارى ليستى ئه‌و ناوانه بكه‌ين كه هه‌وڵيانداوه چ به وه‌رگێڕان و چ به نووسين به زمانى كوردى، ده‌رگا له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه بكه‌نه‌وه. هۆكارى ناوهێنانى نووسه‌ر و وه‌رگێڕ (محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مين)[4]، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو خاڵ:
يه‌كه‌م/ ناوبراو له ساڵانى 1950 تاكو 1970 ده‌روازه‌ى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى فيكرى و سياسى كردووه‌ته‌وه كه له‌و كاته‌دا زمانى ئه‌ده‌ب به‌گشتى و شيعر به‌تايبه‌تى زاڵ بووه.
دووه‌م/ ئه‌و له نوسين و وه‌رگێڕانه‌كانيدا پرسى چينايه‌تيى وروژاندووه و زاراوه‌كانى "پرۆليتاريا" و "بۆرژوازيى" له بڵاوكراوه كوردييه‌كاندا زه‌قكردووه‌ته‌وه. له‌كاتێكدا له‌و ساڵانه‌دا ڕۆشنبيرى و جوڵانه‌وه‌ى كوردى ته‌نها دۆزى نه‌ته‌وه‌يى به‌هه‌ند وه‌رگرتبوو.
ناوبراو له ساڵى 1960دا ناميله‌كه‌يه‌ك به‌ناونيشانى (مه‌بده‌ئه بنه‌ڕه‌تييه‌كانى فه‌لسه‌فه)[5] ئاماده‌ده‌كات، كه چه‌ند ته‌وه‌رێكى سه‌ره‌تاييى فه‌لسه‌فى له‌خۆده‌گرێت، دواتريش دێته سه‌رباسى فه‌لسه‌فه‌ى ماركسيزم و ماترياڵيزمى دياله‌كتيكى و ياساكانى دياله‌كتيك. به‌سودوه‌رگرتن له ده‌قى چه‌ند بيرمه‌ندێك، چه‌ند ته‌وه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى و زه‌رووريى وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى و نوسينى خۆى تێهه‌ڵكێش كردوون. ناوبراو له به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فييه‌كه‌يدا به‌و پرسياره ده‌ستپێده‌كات فه‌لسه‌فه چييه و بۆچى ده‌بێت فه‌لسه‌فه بخوێنين؟ ئه‌و دێته سه‌رباسى فه‌لسه‌فه‌ى بۆرژوازى و ئه‌و جياوازييه گه‌وره ده‌رده‌خات كه له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌ى بۆرژوازيى سه‌ده‌ى هه‌ژده و فه‌لسه‌فه‌ى بۆرژوازيى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا هه‌بووه، پێى وايه ئه‌وه‌ى يه‌كه‌ميان شۆڕشگێڕى بووه و ئه‌وه‌ى دووه‌ميان ده‌بێته كۆنه‌په‌رست. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه به‌راوردكارى له‌نێوان دوو هه‌ڵوێستدا ده‌كات: يه‌كه‌ميان مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1779 سه‌روبه‌ندى شۆڕشى بۆرژوازى، له‌و كاته‌دا بۆرژوازێكى شۆڕشگێڕ به‌ناوى (ديمۆلان) به‌م شێوه‌يه سڵاو له ڕۆژه نوێيه‌كان ده‌كات: "هه‌ڵگيرسێ ئه‌و شۆڕشه هه‌ڵگيرسێ! هه‌ر هه‌ڵده‌گيرسێ ئه‌و شۆڕشه پيرۆزه، هه‌ر ده‌گه‌ين به‌م ژيانه‌وه‌يه، هيچ هێزێك نييه بتوانێت به‌ربه‌ستيى ئه‌مه بكات. ئه‌مه ئه‌نجامى به‌رزيى فه‌لسه‌فه و سه‌ربه‌ستى و نيشتيمانپه‌روه‌رييه، ئێستا هيچ هێزێك ناتوانێت بمانشكێنێت". هه‌ڵوێستى دووه‌ميان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1848 له‌و كاته‌دا (تێير)[6] كه كاربه‌ده‌ستێكى بۆرژوازييه ده‌ڵێت: "ئاخ خۆزگه له‌مه‌وپێش كار چۆن ده‌ڕۆيشت هه‌روا بڕۆشتايه، ئه‌گه‌ر قوتابخانه‌كان وه‌كو جاران هه‌ر له‌ژێر ده‌ستى قه‌شه‌ى كه‌نيسه‌كاندا بوايه، دڵم نه‌ئه‌هات داواى كه‌مكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان بكه‌م.. من به‌ئاشكرا داواى شتێكى تر ده‌كه‌م نه‌ك ئه‌م مامۆستا بێ ئايينانه، كه حه‌ز به چاره‌ى زۆربه‌يان ناكه‌م، من براگه‌وره‌كانم ده‌وێته‌وه، من ئه‌مه‌وێت كه‌نيسه و قه‌شه‌كان ده‌سه‌ڵاتى ته‌واو وه‌ربگرنه‌وه، چونكه بڕواى ته‌واوم به فه‌لسه‌فه‌كه‌يان هه‌يه، ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ى له مرۆڤ ده‌گه‌يه‌نێت بۆئه‌وه هاتۆته ئه‌م دنياوه تاكو به كڵۆڵى بژێت. نه‌ك ئه‌و فه‌لسه‌فه‌يه‌ى به ئينسان ده‌ڵێت؛تۆ بۆئه‌وه هاتوويته دنياوه تاكو به كامه‌رانى و]ئازادى[و ]يه‌كسانى[بژێيت، ئه‌گه‌رنا ڕووبه‌ڕووى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ببه‌ره‌وه چونكه خۆپه‌رستيى ئه‌وان تۆى بێبه‌ش و هه‌ژار كردووه، ئه‌و چينه ده‌يانه‌وێت بۆ باشتركردنى گوزه‌رانى خۆيان ئه‌و شته‌ى ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان پێويستيان پێى نييه لێيان بستێننه‌وه". هه‌ڵبژاردن و وروژاندنى ئه‌م پرسه له‌لايه‌ن به‌ڕێز(محه‌ڕه‌م)ه‌وه ده‌رخه‌رى فيكر و مه‌غزاى سياسيى ئه‌و نوسه‌ره‌يه، كه فه‌لسه‌فه له حه‌زى زانينه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به ديدێكى شۆڕشگێڕانه بۆ گۆڕينى واقيع و ده‌يكاته مه‌شخه‌ڵێك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ى ڕێبازى پێشكه‌وتنخوازانه. ناوبراو له درێژه‌ى ئه‌م كاره فه‌لسه‌فييه‌دا باس له ژه‌هرى ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامه بۆرژوازييانه ده‌كات كه ڕۆژانه هۆشى خه‌ڵكى پێ داده‌ڕزێنن و هۆشياريى ساخته له‌لاى چينى هه‌ژار و چه‌وساوه درووستده‌كه‌ن، "ژه‌هرى بۆرژوازى" كتێبى ئابووريناسێكى ماركسيى فه‌ڕه‌نسى (سه‌مير ئه‌مين)ى وه‌بيرهێنامه‌وه، ناوبراو فيكرى بۆرژوازى به "ڤايرۆسى ليبراڵ" ناوده‌بات، كه چۆن به‌درێژاى سێ سه‌ده‌ى ڕابردوو ئه‌م ڤايرۆسه له ئه‌وروپا بڵاوبۆته‌وه و دواتر چووه‌ته ئه‌مريكا و پاشان به‌به‌هێزى گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وروپا و له وڵاتانى جيهانى سێهه‌ميشدا ته‌شه‌نه‌يكردووه. دياره مه‌سه‌له‌ى ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان كه (محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د) خستويه‌تييه به‌رباس له‌به‌رئه‌وه بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا فۆرمى بڵاوكردنه‌وه و ڕاگه‌ياندن به‌و شێوه‌يه بووه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕبوونى زياتر له نيو سه‌ده ده‌بينين "ليبراڵيزم" بووه‌ته "نيوليبراڵيزم"و ده‌يان ده‌زگاى ميديايى و ئه‌كاديمى و مه‌عريفى و هتد، هه‌يه كه ئه‌م ژه‌هر و ڤايرۆسه به مێشكى خه‌ڵكدا ده‌كه‌ن و چينى چه‌وساوه له‌سياسه‌ت داده‌ماڵن. له‌و په‌رتووكه‌ى (محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د)دا ڕاسپارده‌يه‌كى سه‌رنجڕاكێش هاتووه:"ده‌بێت نه‌وه‌كان تێبگه‌ن چ ئه‌ركێكيان كه‌وتۆته ئه‌ستۆ، پێويسته له‌سه‌ريان بێ‌وچان به‌ره‌نگاريى ئه‌و فه‌لسه‌فه‌يه بكه‌ن كه نۆكه‌ريى به‌رژه‌وه‌نديى چه‌وسێنه‌ره‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌ش به فه‌لسه‌فه‌يه‌ك ده‌كرێت كه يارمه‌تى زه‌حمه‌تكێشه‌كان بدات له‌دژى چه‌وسێنه‌ره‌كان. لێره‌دا گرنگيى فه‌لسه‌فه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تايبه‌تى له‌ڕووى پراكتيكييه‌وه.. بۆ ئه‌و خه‌باتكارانه‌ى له‌پێناو ژيانێكى باشتردا تێده‌كۆشن، هيچ بيروباوڕێكى زانستى له‌باره‌ى جيهانه‌وه نييه جگه له ماترياليزمى دياله‌كتيكى، يان فه‌لسه‌فه‌ى ماركسى". به خوێندنه‌وه‌ى كۆبه‌رهه‌مه سياسى و فيكرييه‌كه‌ى (محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د) دوو هێڵى سه‌ره‌كيى فيكرى ئه‌م نووسه‌ره‌مان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه:
يه‌كه‌م/ ناوبراو فيكر و فه‌لسه‌فه‌ى به تاكه چه‌ك زانيوه بۆ ئاراسته‌كردنى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك له‌مه‌ڕ گۆڕينى واقيع و گوزه‌رانى ژيانيان.
دووه‌م/ له‌نێو سه‌رجه‌م ڕێباز و ئايدۆلۆژياى فيكرييه‌كاندا، فه‌لسه‌فه‌ى ماركسيزم يان سۆسياليزمى زانستى ده‌كاته كه‌ره‌سته‌يه‌كى شۆڕشگێڕى بۆ ڕزگاركردنى چينى زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوه.
يه‌كێكى تر له‌و ئه‌ديبانه‌ى كه تاڕاده‌يه‌ك هاوسه‌رده‌مى (محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د) بووه و دژ به كۆنه‌په‌رستى و جياوازيى ڕه‌گه‌زى و چينايه‌تى شيعرى نووسيوه، (قانيع)ى شاعيره، كه به شاعيرى چه‌وساوه‌كان ناسراوه. له‌دواى جه‌نگى جيهانيى دووه‌م، پاش ئه‌وه‌ى بيروباوه‌ڕى پێشكه‌وتنخوازانه په‌ره‌يسه‌ند، (قانيع) دژى ڕ‌ژێمى ده‌ره‌به‌گايه‌تى[7] و ئيمپرياليزم ده‌وه‌ستێته‌وه. بۆيه بيركردنه‌وه‌ى له كێشه‌ى نێوان خاوه‌ن موڵك و ڕه‌عييه‌ته‌كان قوڵترده‌بێته‌وه و تێكه‌ڵ به ئه‌ده‌بى شۆڕشى نهێنى ده‌بێت و جه‌مسه‌رى فيكريى به ئه‌ده‌بى شۆڕشگێرانه جۆش ده‌خوات، بۆنمونه ده‌ڵێت[8]:
كاكى مالك پێم بڵێ بۆچى ئه‌مه ئايينته
خوێن مژينى ژێرده‌سته‌ى بێده‌سه‌ڵاتان دينته
يه‌ك قروشت دا به ڕه‌جعيى تورك[9]و تاپۆت گرته‌ده‌ست
تا قيامه‌ت ئه‌م قروشه مايه‌كارى ژينته
فيكرى سياسيى شاعير هه‌نگاوێك زياتر ده‌چێته پێشه‌وه و داواى يه‌كگرتنى جووتياران و كرێكاران ده‌كات:
يه‌كگرن ئه‌ى چينى جووتيار يه‌كگرن يه‌كگرن ڕۆڵه‌ى كرێكار يه‌كگرن[10]
كۆتاييهاتنى جه‌نگى جيهانيى دووه‌م و ڕووخانى ڕ‌ژێمى "نازيزم" ناوه‌ڕۆكێكى نوێ ده‌خاته نێو شيعره‌كانى شاعيره‌وه و پێى‌وابوو به قازانجى به‌ره‌ى گه‌لان و يه‌كلاييكردنه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كان كۆتايى‌دێت، بۆيه ڕووده‌كاته ده‌ره‌به‌گ و هه‌واڵى شۆڕشى نهێنى ده‌دا به گوێيدا:
گوێگره قانوونى سۆسياليستى ده‌نگى دايه‌وه
ڕۆژى مه‌رگت زۆر نزيكه ئه‌و ده‌نگه ياسينته
نۆكه‌ر و پێش خزمه‌ت و كاره‌كه‌ر و دايانه‌كه‌ت
كه‌وته ڕۆژى خۆى بزانه دوژمنى خوێنينته
باخێكى هێنده قايم و مه‌حكه‌م نه‌بوويت من نه‌تگه‌مێ
ده‌ستى ئيستيعماره هێز و كۆمه‌ك و په‌رژينته[11]
شاعير تێڕوانينى سياسيى خۆى به‌ڕوونى ئاشكراكردووه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌وه‌ى دۆخى ئه‌مڕۆى كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه به قانيعه‌وه، دوايين دێڕ بێت كه باس له "ده‌ستى ئيستيعمار" ده‌كات. ئه‌مڕۆ كوردستانى عێراق به دۆخێكى سه‌ختى ئابورى و سياسى و سه‌ربازيدا تێده‌په‌ڕێت، چينى زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوه‌ش هيچ ئه‌ڵته‌رناتيڤێكى سياسى به‌ديناكات كه په‌ناى بۆ ببات و له ڕيشه‌كێشكردنى ده‌سه‌ڵاتدا پشتى پێببه‌ستێت. "ئيمپرياليزم"ى كۆنه‌زه‌رڤاتيڤ كه سود له شه‌ڕ و قاتوقڕى و برسێتيى گه‌لان وه‌رده‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قروش (به‌رتيل)ه‌ى شاعير له‌سه‌ره‌وه باسيكردووه پاڵپشتى له ده‌سه‌ڵاتى ئۆليگارشى ده‌كه‌ن و پێيان باشه هه‌ميشه هێزه كۆنه‌په‌رسته‌كان حوكمڕانيى بكه‌ن.
ئه‌و زاراوانه‌ى له ئه‌رشيفى هه‌ردوو نووسه‌ر و شاعيردا هاتوون ئه‌مڕۆ به‌زياده‌وه له فه‌رهه‌نگى سياسى و گوتارى شه‌قامدا به‌ديده‌كرێن. به‌هۆى دۆخى سه‌ختى گوزه‌ران و بژێويى ژيانه‌وه سه‌رجه‌م توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا له مامۆستايان و فه‌رمانبه‌ران و كرێكاران و بێكاران خۆيان به چينى چه‌وساوه و زه‌حمه‌تكێش و به‌شخوراو هه‌ژمار ده‌كه‌ن. ئه‌وان له هێڵێكى سه‌ره‌كييدا يه‌كده‌گرنه‌وه، به به‌كارهێنانى هه‌ردوو زاراوه‌ى "خانه‌دان" و "ڕه‌شوڕووت"له‌لاى (ژاك ڕانسێر)ده‌گه‌ين به‌و ده‌ره‌نجامه‌ى كه ئه‌مڕۆ له كوردستان دۆخى سه‌خت و هه‌لومه‌رجى بابه‌تى و ئۆبێكتيڤ كاريگه‌ريى خراپ له‌سه‌ر چينى باڵا دانانێت، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ى زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن چينى ڕه‌نجبه‌ر و هه‌ژاره، ئه‌وانه‌ى ميراتى "ڕه‌چه‌ڵه‌ك"و "پێگه‌ى له‌دايكبوون" هيچ سودێكى بۆ ئاينده‌يان نه‌بووه و چاوه‌ڕوانى مه‌رحه‌مه‌ت و سه‌ده‌قه‌ى ئه‌رستۆكراته‌كان ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌ك ڕانسێر ده‌ڵێت ئاينده چاوه‌ڕوانمان ناكات، ئه‌وه‌ى هه‌يه بريتييه له كار و خه‌بات، بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌يانه‌وێت به گێلى نه‌مرن. چونكه هيچ شتێك ڕزگارمان ناكات جگه‌له ڕێڕه‌وێكى ئۆبێكتيڤ كه هه‌لومه‌رجى ڕزگاريى ڕاديكاڵانه درووستبكات. ڕه‌نگه ده‌وڵه‌ت/ده‌سه‌ڵات بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر بازاڕ و كايه‌ى گشتى و ميديادا بگرێت، به‌ڵام ناتوانێت ڕێگرى له خه‌ونى خه‌ڵك بكات، خه‌ون به داهێنانى فۆرمى ژيانى هاوبه‌شه‌وه. به‌پێى فه‌لسه‌فه‌ى سارته‌ر "بوون" پێش "ماهييه‌ت" ده‌كه‌وێت، بۆيه ده‌ڵێت"مرۆ به‌رپرسيارى ته‌واوه له سرووشت و بژارده‌كانى خۆى"، واتا به‌رپرسه له‌و ئه‌كت و كردارانه‌ى پێيهه‌ڵده‌ستێت و ئه‌و بژاردانه‌ى بڕياريان لێده‌دات. به ده‌ربڕينێكى تر، ئه‌وه خۆمانين ناوه‌ڕۆكى خۆمان له‌ڕێگه‌ى پرۆژه و بڕيار و ده‌سپێشخه‌رييه‌كانمانه‌وه داده‌ڕێژين.
[1]) المدينة الفاضلة.
[2]) ئايدۆلۆژيا و فه‌لسه‌فه. د.حافظ الجمالي.
[3]) لێره‌دا زياتر مه‌به‌ستمان ماوه‌ى نێوان ساڵانى هه‌ردوو جه‌نگى جيهانى و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانى جوڵانه‌وه‌ى كوردييه، تاكونيو سه‌ده‌ى ڕابردوو. ئه‌گينا له‌م سێ ده‌يه‌ى ڕابردوودا ده‌قى فه‌لسه‌فى له‌سه‌ر ده‌ستى هه‌ردوو نووسه‌ر و وه‌رگێڕ (د.محه‌مه‌د كه‌مال و د. حه‌ميد عه‌زيز) و پاشان ڕه‌هه‌ندييه‌كان گه‌شه‌ده‌كات و ده‌توانين بڵێين خزمه‌تيان به كايه‌ى فيكرى و فه‌لسه‌فى كردووه. خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆش له سه‌ره‌تاى ده‌يه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بيست و يه‌كه‌وه هه‌وڵگه‌لێكى زۆر له شێوه‌ى گروپ و تاكه‌كه‌سى له ئارادان بۆ په‌ره‌پێدانى ڕه‌وتى فه‌لسه‌فى و سه‌رپێخستنى ئايدياى سياسيى ڕزگاركه‌ر.
[4]) ناوبراو ساڵى 1921 له شارى سلێمانى له‌دايكبووه. كۆلێژى ياساى له به‌غداد ته‌واو كردووه، له زۆربه‌ى بڵاوكراوه كوردييه‌كاندا به نووسين و وه‌رگێڕن به‌شداريى كردووه به‌تايبه‌تى (ژين، ڕۆژى نوێ، به‌يان...)، ماوه‌يه‌ك ده‌سته‌ى نووسه‌رانى گۆڤارى ڕۆژى نوێ بووه، پاشان بووه‌ته سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى به‌يان. ناوبراو هه‌ڵگرى ئايديايه‌كى سۆسياليستيانه بووه، دژى چه‌وسانه‌وه و چينايه‌تى قسه‌يكردووه. له ساڵى 1959دا چيرۆكێك به‌ناوى (ڕێگاى ئازادى) بڵاو ده‌كاته‌وه كه باس له شۆڕشى 14ى ته‌موزى 1958 ده‌كات، ئه‌و شۆڕشه‌ى سيسته‌مى پاشايه‌تى له عێراق گۆڕى به سيسته‌مى كۆمارى. دواتر له‌لايه‌ن (عه‌بدولكه‌ريم قاسم)ه‌وه خه‌ڵات ده‌كرێت. له ساڵى 1980دا پاش لێپێچينه‌وه و ئه‌شكه‌نجه‌دانى له‌لايه‌ن ئه‌منى سلێمانييه‌وه، كۆچى دوايى ده‌كات.
[5]) محه‌ڕه‌م محه‌مه‌د ئه‌مين، كۆبه‌رهه‌مه ئه‌ده‌بى و سياسى و فه‌لسه‌فييه‌كانى، چاپ و چه‌خشى سه‌رده‌م، ساڵى 2008، سلێمانى.
[6]) Adolphe Thiers، ماركس له كتێبى (جه‌نگى ناوخۆييى فه‌ره‌نسا) دژ به ئايديكانى ناوبراو قسه‌يكردووه.
[7]) سيسته‌مى فيوداڵيزم يان ده‌ره‌به‌گايه‌تى له وڵاتانى جيهانى سێهه‌م به‌گشتى و كوردستان به‌تايبه‌تى تاكو ساڵانى 1960 به‌رده‌واميى هه‌بوو، واتا تاكو ڕووخانى ڕ‌ژێمى پاشايه‌تى و سه‌رده‌مى باڵاده‌ستيى شيۆعييه‌كان. ئه‌مه‌ش له زۆربه‌ى شيعر و بڵاوكراوه‌كانى ڕۆشنبيرانى ئه‌وكاته‌دا به‌ڕوونى دياره، ناوهێنانى -كوێخا و ڕه‌نجبه‌ر- به‌نموونه، هه‌ربۆيه قانيع له زۆربه‌ى شيعره‌كانيدا جووتياران ده‌دوێنێت و به‌رهه‌ڵستيى ده‌ره‌به‌گه‌كان ده‌كات. ئه‌مه له‌كاتێكدا له وڵاتانى پيشه‌سازيى پێشكه‌وتوودا (ئه‌وروپاى ڕۆژئاوا)دا زاراوه‌كانى –بۆرژوازى و پرۆليتاريا- ئه‌و دوو چينه بوون كه له ململانێدا بوون. جياواز له كوردستان ده‌بينين له ڕۆژهه‌ڵاتى گۆى زه‌ويدا (قه‌يسه‌ڕييه‌تى ڕووسيا) تاكو شۆڕشى مه‌زنى ئۆكتۆبه‌ر له ساڵى 1917دا سيسته‌مى حوكمڕانيى له ڕووسيا تێكه‌ڵه‌يه‌ك بوو له سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى و فيوداڵى.
[8]) ديوانى قانيع، كۆكردنه‌وه‌ى بورهان قانيع، چاپى شه‌شه‌م، ساڵى 2005 سلێمانى.
[9]) ده‌سه‌ڵاتى سياسيى توركيا له جاران "كۆنه‌په‌رست"تره و به‌داخه‌وه هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونى ئه‌و سه‌ڵته‌نه‌ته‌دايه.
[10]) هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.
[11]) هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوو.