مناڵه‌كانى سيسته‌م
وه‌ليد عومه‌ر
يه‌كه‌م: زه‌وى و سيسته‌م
"مناڵه‌كانى سيسته‌م"، ناوێكى دووڕه‌هه‌ند و دوولايه‌نه‌يه. هه‌م بۆ خۆمان به‌كاردێت، هه‌م بۆ ئه‌وان، هه‌م بۆ يار هه‌م بۆ نه‌يار. به‌كورتى هه‌ركه‌س ده‌توانێت به‌پێى شوێنگه‌كه‌ى خۆى دژى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى به‌كاريبهێنێت. ده‌كرێت "مناڵه‌كانى سيسته‌م" ناوێك بێت بۆ هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى كه له‌گه‌ڵ سيسته‌مدا گه‌شه‌ده‌كه‌ن و گه‌وره‌ده‌بن، په‌روه‌رده‌ى سيسته‌من، زه‌وق و سايكۆلۆژيا و ئه‌خلاقياتى سيسته‌م وه‌رده‌گرن. ده‌شكرێت بڕێك ناوه‌كه كۆنكرێتى بكه‌ينه‌وه و بيلكێنين به مناڵانى سه‌رۆكه‌وه، بيلكێنين به نه‌وه‌ى سياسييه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه. له‌م نێوانه‌دا به‌ره‌ى سێيه‌ميش هه‌يه. ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به هيچكام له‌م دوو به‌ره‌يه نه‌بيت، به‌ڵام مناڵى ناو سيسته‌ميش بيت: سه‌رمايه‌داره گه‌نجه‌كان و ئايكۆنه گه‌نجه‌كان ده‌چنه ناو ئه‌م خانه‌يه‌وه. ئه‌م نوسينه كورت و سه‌ره‌تاييه، تۆزێك له‌سه‌ر په‌يوه‌نديى مناڵى سياسييه‌كان به خاكى كوردستانه‌وه ده‌وه‌ستێت. تێبينييه‌كى بچوكيش پێويسته. نابێت گريمانه‌ى ئه‌وه بكه‌ين هه‌موومان ده‌توانين سه‌دى سه‌د له سيسته‌م ده‌رچين، ئه‌مه وه‌ك ميتافيزيك و خه‌ياڵاتى لێهاتووه. چه‌نده هه‌ستبكه‌يت له سيسته‌م ده‌رچوويت، هێشتا لينكێكيت به سيسته‌مه‌كه‌وه هه‌يه: لانيكه‌م ڕه‌نگه كارتێكى بانك، يان جۆرێك هاوڕێيه‌تى بتبه‌ستێت به سيسته‌مه‌كه‌وه.
ئاشكرايه سيسته‌م هه‌ر خاك و زه‌وى نيه، به‌ته‌نيا نيشتمان نيه، به‌ڵكوى ئه‌م دونيايه‌يه كه تێيدا ده‌ژين: له سلێمانييه‌وه تا ئۆتاوا، له قوشته‌په‌وه تا نيۆرك، له كه‌ركوكه‌وه تا تاران. له كۆى ئه‌م سيسته‌مه‌دا يه‌ك جۆر په‌يوه‌نديى به‌رهه‌مهێنان و يه‌ك كۆپه‌يوه‌نديى به‌رهه‌مهێنان كارده‌كات. كۆپه‌يوه‌ندى ئاماژه‌يه بۆ هه‌موو چڵه په‌يوه‌ندييه‌كانى تر به سياسى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و فيكرى و ڕۆشنبيرى و هونه‌رى و هتده‌وه. تێكڕاى ئه‌م په‌يوه‌ندييانه له جيهانه‌كه‌ماندا سه‌ر به په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمايه‌داريين. به‌م پێيه له هه‌ركوێ بين، قاچێكمان له‌ناو سيسته‌مه‌كه‌دايه. ئه‌م بيرخستنه‌وه‌يه بۆ ئه‌وه بوو تاكو بڵێم: گه‌رچى مناڵى سياسييه‌كان په‌يوه‌ندييه‌كى ئه‌وتۆيان به زه‌ويى نيشتمانه‌وه نيه، كه‌چى هێشتا مناڵانى سيسته‌من. ئه‌و جيله سياسييه‌ى كه بۆ داهاتوو به‌ڕێوه‌يه و سيماكانى خۆى تاڕاده‌يه‌ك ده‌رخستووه، گه‌رچى لێره به خاكه‌وه نه‌نوساوه، كه‌چى به‌قووڵى سه‌ر به‌م سيسته‌مه‌يه.
لێره‌دا خاڵێكى دياله‌كتيكى هه‌يه: تۆ لێره نه‌بوويت، به‌ته‌واوى لێره‌ش نيت، كه‌چى به‌قووڵى سه‌ر به سيسته‌ميت. به حوكمى ئه‌وه‌ى كوردستان به‌شێكه له سه‌رمايه‌داريى جيهانى، به‌ڵام به فۆرمێكى تايبه‌ت. فۆرمێكه له‌ڕووى به‌رهه‌مهێنانه‌وه كرێخۆرييه و له‌ڕووى بازاڕييشه‌وه به‌رخۆرييه. بۆيه ئه‌و جيله تازه سياسييه‌ى كه بۆ داهاتوو به‌ڕێوه‌يه، له‌م په‌يوه‌ندييه‌ى كوردستان به سه‌رمايه‌دارييه‌وه له‌د‌ايكبووه و گه‌وره‌بووه. به‌رده‌وام قاچێكى له‌وێ بووه، ئاگاى له ته‌كنيك و ته‌كنۆلۆژيا و چه‌ك و بازاڕ و مۆده و ڕه‌فاهياتى ئه‌وێيه، به‌ڵام ئێره‌شى هه‌يه: ئێره وه‌ك نه‌خشه‌يه‌كى ته‌واونه‌كراو كه كه‌م كه‌م ده‌كرێت به به‌شێك له سه‌رمايه‌داريى جيهانى. جيلى پێشووى سياسييه‌كانى كورد، په‌يوه‌ندييه‌كى كه‌متازۆر ئۆرگانييان به خاكى كوردستانه‌وه هه‌بوو، شاخ ناوى ئه‌و په‌يوه‌ندييه بوو. واته له‌نێوان ئه‌وان و زه‌ويى كوردستاندا، ئاشنايه‌تييه‌ك هه‌بوو كه جۆرێك له ڕيشه‌ى درووستكردبوو، به‌ڵام ئه‌م مناڵانه‌يان خاوه‌نى ئه‌و ڕيشه و ئاشناييه نين. نه له شاخ و نه له شار، له‌م په‌يوه‌ندييه ئۆرگانييه‌دا نه‌ژياون. ده‌توانين زۆر به‌ساده‌يى وێناى بكه‌ين كه هه‌ريه‌كه له ئێمه‌ى گه‌نجانى ئاسايى، قووڵتر په‌يوه‌ندييمان به زه‌ويى كوردستانه‌وه هه‌يه. بۆيه‌شه ده‌ڵێم زه‌وى، چونكه ده‌مه‌وێت بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى له‌و باره ناسيۆنالى و به‌هاداره‌ى ڕزگاربكه‌م كه دراوه‌ته‌پاڵى. گه‌رنا زه‌وى و سرووشتێكى خاو و بێلايه‌نمان نيه. گه‌نجێك كه شه‌وان و ڕۆژان به‌م زه‌وييه‌دا هاتوچۆى كردووه، ياده‌وه‌ريى له‌گه‌ڵيدا درووستكردووه، په‌يوه‌ندييه‌كى ڕه‌سه‌نترى پێيه‌وه هه‌يه. به‌ڵام مناڵى سياسييه‌كان، پتر په‌يوه‌ندييه‌كى ناڕه‌سه‌نيان به ئه‌م زه‌وييه‌وه هه‌بووه(وه‌ك ئه‌و مناڵه‌ى كه له باڵاخانه‌يه‌كى به‌رزدا له‌دايكده‌بێت و په‌يوه‌ندييه‌كى سرووشتيى به زه‌وييه‌وه نيه و ياده‌وه‌رييه‌كانى له‌نێوان زه‌وى و ئاسماندان). ئێمه له‌دواى هايدگه‌ره‌وه تێده‌گه‌ين زه‌مين و نيشته‌جێبوون دوو تێماى بنه‌ڕه‌تيين. مرۆڤ ئه‌و (جێگه)يه‌يه‌كه بوونى تيا ده‌ركه‌وتووه[1]. هاوكات لاى هايدگه‌ر ئيقامه و مانه‌وه له جێيه‌كدا جيايه له نيشته‌جێبوون. لاى ئه‌و مرۆڤى نوێ له ماڵ و نيشته‌جێبوون هه‌ڵكه‌نراوه. گوايا ماڵ به‌ر له‌وه‌ى درووستكراوێكى مادى بێت، نيشته‌جێبوونێكى قووڵتره. به‌ڵام نيشته‌جێبوون هه‌ميشه گوزارشت له ڕه‌سه‌نێتى ناكات، به‌ڵكو ده‌توانێت ته‌عبير بێت له كۆنه‌پارێزييش. ئه‌وه‌ى كۆچه‌رى نه‌بێت، دوور نيه كۆنه‌پارێز بێت. ئه‌مه بۆ سوبێكت ڕاسته له مانا گشتى و ئاساييه‌كه‌يدا. به‌ڵام ئايا بۆ سياسييه‌كان ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته؟ په‌يوه‌نديى سياسييه‌كان به زه‌وييه‌وه چيه و چۆنه؟ ئايا زه‌وى به‌ر له هه‌موو شتێك، كه‌ره‌سته‌يه‌كى خاو نيه بۆ ئه‌وان؟
ئه‌مڕۆ مرۆڤ تێكڕا به‌و مانا كۆنه‌ى پێشوو، نيشته‌جێ نيه. ته‌كنۆلۆژيا و واقيعى مه‌جازى گۆڕانيان به‌سه‌ر مانا و كاريگه‌ريى شوێن و نيشته‌جێبووندا هێناوه. ئێستا هه‌ريه‌كه‌مان به‌ته‌نيا نيشته‌جێى ناو خێزانى خوێنيى خۆمان نين، به‌ڵكو چه‌ندين بازنه و خێزانى ديكه كراونه‌ته‌وه و نيشته‌جێين تيايدا. به‌شێك له‌م بازنانه مه‌جازيين و بريتيين له فرێند و ئه‌كاونت و ئه‌پڵيكه‌يشنه خێزانييه‌كانى تر. به ده‌ربڕينێكى تر، ئه‌مڕۆ هه‌موومان له هه‌ندێك شوێنى مه‌جازييدا نيشته‌جێين و كاتيك دێينه ناو شوێن/واقيعى باوه‌وه، يه‌كترى نابينين. ته‌نانه‌ت به‌ده‌گمه‌ن كه‌سێك له‌و كه‌سانه ده‌بينين كه له خێزانه مه‌جازييه‌كاندا هه‌يه. يه‌كه‌مين كاريگه‌ريى ئه‌م مه‌جازيبوونه‌وه‌يه‌ش، نه‌هێشتنى به‌رپرسيارييه. جه‌سته به مانايه‌ك له ماناكان، هاوماناى شوێنه. ده‌ركه‌وتنى بوونى مرۆڤه، وجوديه‌تى ئينسان له‌ڕێگه‌ى جه‌سته‌يه‌وه په‌خشده‌بێته‌وه و جه‌سته شوێنێكه بۆ چڕبوونه‌وه‌ى سه‌دان كۆد و ئاماژه و په‌يوه‌ندى. كاتێك جه‌سته مه‌جازى ده‌بێته‌وه، هه‌ستكردن به به‌رپرسيارى كاڵده‌بێته‌وه. ئه‌مه په‌يوه‌نديى به كۆپه‌يوه‌ندييه مه‌جازييه‌كانى ئێستاوه هه‌يه، نه‌ك ئه‌وه‌ى بێين و تاكه‌كه‌س بكه‌ينه تۆمه‌تبارى يه‌كه‌م. كاتێك كۆپه‌يوه‌ندييه‌كان ڕه‌هه‌ندێكى مه‌جازى وه‌رده‌گرن، ئيدى به‌شێك له كاره‌كته‌ر و سوبێكتيڤيته‌مان له‌نێوده‌چێت. يان ڕوونتر: ده‌بێته هه‌ڵم و به‌هه‌وادا ده‌چێت[2]. جه‌سته به‌و مانايه‌ش شوێنه كه سنورى هه‌يه، ڕه‌هه‌ندى هه‌يه، به‌ركه‌وتنى تيايه، مه‌ودايه‌كه له‌نێوان تۆ و ئه‌ويتردا. به‌ڵام له دونياى مه‌جازييدا ئه‌م سنووره ده‌كشێت، به‌ركه‌وتن ڕووده‌دات و هاوكات هه‌ستكردن به به‌رپرسيارييش كه‌مده‌كاته‌وه؛ چونكه ئه‌ويتر به مانا جه‌سته‌ييه‌كه‌ى غايبه. به‌ڵام له واقيعدا كه ئه‌ويتر به‌هۆى جه‌سته‌يه‌وه حازرده‌بێت، ئيتر تۆ ناچاريت جۆرێك له وريايى و ڕێسا به‌كاربێنيت چونكه سنوره‌كان به‌رجه‌سته‌تر كارده‌كه‌ن. بۆيه بمانه‌وێت يان نا، له داهاتوودا يه‌كێك له ماناكانى به‌ره‌نگارى ئه‌وه ده‌بێت كه سه‌نگ و قورسايى بۆ جه‌سته و واقيع بگێڕينه‌وه و له‌وێشه‌وه بڕێك ماترياڵى ڕاسته‌قينه بۆ سياسه‌تى ڕزگارى كۆبكه‌ينه‌وه. جێى خۆيه‌تى ئاماژه‌يه‌ك بۆ په‌يوه‌نديى جه‌سته و به‌رپرسيارييش بكه‌ين له دونياى پۆڕنۆدا. له پۆڕۆندا ديسان جه‌سته سنوورێكى بێ‌سنوور وه‌رده‌گرێت. گه‌نجێك له‌سه‌ر شاشه‌كان، بێ شومار جه‌سته ده‌بينێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى به جه‌سته‌يه‌كه‌وه بگيرسێته‌وه. ئه‌م جاره‌يان جه‌سته جه‌سته‌يه‌كى ئاسايى نيه، ئه‌و ماترياڵه نيه كه گوزارشت له ئه‌ويتر ده‌كات به‌ڵكو فيگه‌رێكى ناكۆتايه، خزه، هه‌ستى تێرنه‌بوون و ته‌نانه‌ت سه‌رگه‌ردانييش درووستده‌كات. ڕه‌نگه له كاتى جه‌سته‌ى ئاسايى و كۆنكرێتييدا، و به‌تايبه‌ت له كاتى ئۆرگازمى سێكسييدا جه‌سته سنورێكى هه‌بێت. سنورێك كه تا ئه‌و ڕاده‌يه كۆنكرێتى ببێته‌وه هه‌ستبكه‌ين بۆ چه‌ند چركه‌يه‌ك له‌به‌رده‌م ته‌رمێكداين. سنوره‌كانى ته‌رم، به‌راورد به جه‌سته‌ى ناو جيهانى پۆڕنۆ، مه‌لموس و ميكانيكييه. لێره‌دا ويستم ئه‌و ناكۆكييه ڕياكارانه‌يه ده‌ربخه‌م كه سيسته‌م له هه‌ندێ درووشمى خۆي‌دا ده‌يخاته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى له به‌ره‌نگارى دوورمانخاته‌وه. ناكۆكييه‌كه به‌م جۆره‌يه: سيسته‌م پێت ده‌ڵێت خۆت به، تۆ خاوه‌نى خۆتيت. به‌ڵام به‌و ديودا، هه‌وڵده‌دات نيشته‌جێ نه‌بيت، سنووره‌كانى ئه‌ويترت تا ئاستى ناكۆتا بۆ درێژبكاته‌وه. به مانايه‌كى تر، ئه‌ويتر ئاواده‌بێت و ونده‌بێت. لێره‌وه به‌ره‌نگاريى ڕاسته‌قينه ئه‌وه‌يه كه بير‌ى خۆمانى بخه‌ينه‌وه ئێمه به‌ته‌نيا به‌شى خۆمان ناكه‌ين، خۆت به‌ته‌نيا جگه له ئه‌گه‌رێكى ناكۆتا بۆ به‌كاڵابوون به‌شى چيى تر ده‌كه‌يت؟
وێڕاى ئه‌مه‌ش په‌يوه‌نديى شوێن و سياسه‌ت هه‌ر گرنگيى خۆى هه‌يه و قسه‌ى يه‌كه‌م ده‌كات. ئايا به‌ر له‌م مه‌جازيبوونه‌وه‌يه‌ش، مناڵى ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ر له جۆرێك مه‌جازدا نه‌ژيابوون؟ ئايا زۆنى سياسييه‌كان، خۆى له‌بنه‌ڕه‌تدا زۆنێكى مه‌جازى و دابڕاو نيه؟ (دياره مه‌به‌ستمان له سياسه‌تى باو و ڕياڵ‌پۆڵه‌تيكه كه سياسه‌تى كوردييش به‌شێكه لێى). سياسييه‌كان جيا له‌وه‌ى به‌هۆى شاشه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، به ديوێكى تريشدا مه‌جازيين: ئه‌وان مادام كه‌م ده‌بينرێن، زۆركه‌م به‌ر بوونه واقيعييه‌كه‌يان ده‌كه‌وين، له دونياى مه‌جازدا قه‌تيسده‌بن. مناڵانى ئه‌وانيش، به‌شێكن له‌م زۆنه مه‌جازييه. زۆنى مه‌جازيى سياسى و سه‌رۆكه‌كان، جۆرێكه له ته‌نيايى. تا ئاستێك به‌رزده‌بنه‌وه كه ته‌نيا ده‌كه‌ون و تووشى جۆرێك له ئيهمالبوونى وجودى ده‌بن. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه وێناكرنى ئه‌وان له هه‌ندێ كارى ڕۆژانه‌ييدا، شتێكى تاڕاده‌يه‌ك سه‌ير و كۆميدييه. وه‌ك بڵێى ته‌نيايى ستراكتۆرێكه و پێشوه‌خت بۆ ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكايه‌تى ئاماده‌كراوه(ئه‌م دۆخه بۆ ناوبانگه‌كانى تريش به‌گشتى ڕاسته، به‌ڵام جياوازييه‌كه له‌وێدايه كه چاوه‌ڕوانييه سياسييه‌كان جودان). به‌كورتييه‌كه‌ى، له ئاستى ئه‌بستراكتدا سياسييه‌كان زۆرجار له يادى خه‌ڵكيدان، به‌ڵام له ئاستى كۆنكرێت و ڕۆژانه‌دا ده‌ركراو و ئيهمالكراو و ته‌نيان. لێره‌وه سياسييه كورده‌كان له سه‌رده‌مى شاردا، و مناڵه‌كانيشيان، دووجار په‌يوه‌نديييان به خاكى كوردستانه‌وه پچڕاندووه. جارێك به‌پێى سياسه‌تى باو كه ته‌نيايى درووستده‌كات، جارێكى تريش ژيانكردن له ڕۆژئاوا(غه‌رب) كه دايكه‌زه‌ويى گه‌شه‌ى سه‌رمايه‌دارييه.
با وێنه ئاوێنه‌ييه پێچه‌وانه‌كه وه‌ربگرين: گه‌نجه ئاساييه‌كانى كوردستانيش ده‌يانه‌وێت له‌م خاكه هه‌ڵبێن. له‌م گۆشه‌يه‌وه ده‌توانين زياتر قسه له‌سه‌ر مناڵى سياسييه‌كانيش بكه‌ين. له‌دواى ساڵانى 2000ـه‌وه ڕسته‌يه‌ك له‌سه‌ر زارى گه‌نجان كوردستانه كه هى شاعيرى سورى (محه‌مه‌د ماغوت)ـه. ماغوت گوتوويه: ئه‌وه‌ى من به‌م زه‌وييه‌وه ده‌به‌ستێت پێڵاوه‌كانمه. گه‌رچى له‌ئاسته سه‌ره‌تاييه‌كه‌دا، پێڵاو وه‌سيله‌ى به‌ستنه‌وه‌ى مرۆڤه به خاكه‌وه، به‌ڵام ماغووت به ديوه ئه‌خلاقييه‌كه‌يدا به‌كاريدێنێت كه پێڵاو ڕه‌مزى شتى نزمه. دياره ئه‌م ڕسته‌يه له‌م ساڵانه‌ى دواييدا به‌هۆى په‌ره‌سه‌ندنى شاشه و واقيعى مه‌جازييه‌وه كه‌مێك سست بووه، چونكه له نه‌سته‌كۆى خه‌ڵكدا به‌شێك له زه‌وى له‌ده‌ستچووه و مه‌جازى بۆته‌وه. ئه‌م ڕسته‌يه‌ى ماغوت لاى گه‌نجه‌كان وه‌ك توانجێك بوو بۆ نه‌مانى ئينتيماى نيشتمانى. جيلێك گه‌وره‌ده‌بێت و ده‌يه‌وێت ئه‌م خاكه جێبهێڵێت، له‌ولاشه‌وه جيلێكى كه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له كوردستان مه‌نسه‌ب وه‌رده‌گرن. ئه‌م حاشاكردنه له زه‌وى، ته‌عبيره له‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كى قووڵيان به زه‌وييه‌وه هه‌بووه. به‌پێچه‌وانه‌ى مناڵى سياسييه‌كانه‌وه كه خۆشه‌ويستييه‌كى زۆر بۆ زه‌وى ده‌رده‌بڕن، كه به‌جۆرێك ته‌عبيره له‌وه‌ى ئينتيمايه‌كى ئه‌وتۆيان بۆ ئه‌م زه‌وييه نيه.
دووه‌م: زه‌وى و به‌ره‌نگارى
گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕێز بۆ خاك له‌وێوه نايه‌ت كه به شێوه‌يه‌كى كۆنه‌پارێزانه و ناوچه‌نشين وابه‌سته‌ى خاك بين. هه‌موو نيشته‌جێبوونێك له زه‌ويى خۆماندا، نامانكاته كه‌سێك كه ڕێزى خاك ده‌گرێت. ده‌كرێت سه‌رمايه‌دارێك بيت و ئه‌م زه‌وييه وه‌ك ماده‌ى خاو به‌كاربێنيت و ڕيشه‌شت به‌م خاكه‌وه نه‌بێت. سه‌رمايه‌داره‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه خۆيان بانگه‌شه‌ى نيشتمانيبوون ده‌كه‌ن، كه‌چى بێگانه‌ن به زه‌وييه‌كه‌ى خۆيان(ده‌توانين ده‌يان و سه‌دانى وه‌ك شاسوار عه‌بدول واحيد وه‌ك نمونه وه‌بگرين). سه‌رمايه‌داره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كى كاڵاييان به خاكه‌وه هه‌يه. وه‌ك كه‌ره‌سته‌يه‌كى به‌رهه‌مهێنان له خاك ده‌ڕوانن. به‌م مانايه، زه‌ويى كوردستان و زه‌ويى هه‌ر گۆشه‌يه‌كى جيهان بۆ هه‌ر سه‌رمايه‌دارێك يه‌ك ماناى هه‌يه. سه‌رمايه‌داره‌كان به مانايه‌ك له ماناكان ڕيشه‌يان نيه، په‌ره به جۆرێك له نيهيليزمى كاڵايى ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر خاكێكيشيان خۆشبوێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌يه ده‌ستيان به قازانجه‌كانى ده‌گات. واته خۆشه‌ويستييه‌كى پاتۆلۆژيك و كاڵايى ئه‌وان ده‌به‌ستێت به زه‌وييه‌وه. له نمونه‌ى شاسواردا كۆمه‌ڵێك ئايدۆلۆژيا كۆده‌بێته‌وه. ئايدۆلۆژياى سه‌رمايه‌دارى، له‌ڕێگه‌ى گه‌شه‌ى مرۆيى و ده‌روونناسيى تاكه‌كه‌سييه‌وه، به‌رده‌وامى به خۆى ده‌دات. شاسوار له قسه و باسه‌كانيدا له‌ناو گه‌نجاندا شتانێكى له‌م جۆره ده‌ڵێت: ئێوه ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن، له ئيشى بچوكه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن، ڕه‌نگه سه‌ره‌تا ده‌سه‌ڵات قبوڵتان نه‌كات به‌ڵام ڕه‌نگه سه‌ره‌نجام له كێبڕكێى ئابورييدا قبوڵتانبكات. ئه‌م قسانه، خۆى هاوته‌ريبه به ئايدۆلۆژياى باڵاده‌ست. واته واز له‌و خاك و ئاوه بێنه و پشت به خۆت ببه‌سته. لێره‌دا دوا لۆژيك به‌م جۆره كۆتاييدێت: نيشتمان موڵكى كه‌س نيه، به‌ڵكو لاشه‌يه‌كه و ده‌بێت به‌كاوه‌خۆ هه‌وڵى خۆتى تيابده‌يت. به‌ڵام ده‌بێت بپرسين: كام له بۆرژوازيى نه‌وتخۆرى نيشتمانى، به هه‌وڵى تاكه‌كه‌سييانه‌ى خۆى نيشتووه به‌م خاكه‌وه؟ كاتێك سه‌رمايه‌دارێكى له‌م جۆره، به فيتى هه‌ندێك سياسى، خۆى بۆ پرۆسه‌ى سياسى ئاماده‌ده‌كات؛ ئيتر ئاماده‌بوونه‌كه‌ى ڕيشه‌يه‌كى به‌م خاكه‌وه نيه. به‌ڵكو له‌سه‌ر پشتى ميديا و بزنسێكى تاڕاده‌يه‌ك خێرا خۆى هه‌ڵده‌داته ناو ئه‌م پرۆسه‌يه‌وه و سياسه‌ت ده‌بێته درێژه‌دان به‌و ناوبانگه‌ى كه هه‌يبووه. لێره‌دا له ساڵانى شه‌ست و حه‌فتاوه ده‌كه‌وينه ناو ده‌يه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بيسته‌وه، كه مه‌فهومى پاڵه‌وان جێى خۆى چۆڵده‌كات بۆ ئايكۆن و بزنسمان كه سياسه‌تبازى ده‌كه‌ن. گه‌رچى بزنسمان، وشه‌يه‌كى ده‌قيق نيه و ته‌مومژێك به‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمايه‌دا ده‌دات و وشه‌كه تاڕاده‌يه‌ك ئاسايى ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌رمايه‌دارى ناچاره پسپۆڕييه‌كانى خۆى جيابكاته‌وه و (مان...)ێك بلكێنێت به هه‌ڵگره‌كانييه‌وه: بزنسمان، شۆمان، هتد. سياسه‌ت گه‌رچى ئيمكانێكه و له‌به‌رده‌م هه‌ر غه‌ريبه‌يه‌كدا كراوه‌يه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه غوربه‌تى ڕاسته‌قينه‌يان به خاكه‌وه هه‌يه ناتوانن سياسه‌تكارى ڕاسته‌قينه بن. سياسه‌تكارى ڕاسته‌قينه، خه‌ڵك خۆيه‌تى. سياسه‌ت پسپۆڕى نيه، ته‌نيا له ساته ته‌كنيكى و بچوكه‌كانى خۆي‌دا نه‌بێت. ئه‌و سياسه‌ته‌ى كه ده‌بێت داكۆكيى لێ بكه‌ين سياسه‌تى خه‌ڵك خۆيه‌تى، سياسه‌تێك كه به‌رده‌وام خۆى نوێده‌كاته‌وه و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك تيايدا به‌شدارن و سياسه‌ت له بوارێكى وشك و دابڕاوه‌وه ده‌گۆڕنه سه‌ر پرۆسه‌يه‌كى خۆتێپه‌ڕێنه‌ر و حه‌ياتى و ته‌نانه‌ت ئێستاتيكييش. به مانايه‌كى تر، سياسه‌ت گێڕانه‌وه‌ى ڕێزه بۆ زه‌وى، دابه‌شكردنى خێروبێره‌كانێتى به‌يه‌كسانى. له‌وه‌ش سه‌رووتر: په‌ره‌دانه به جۆرێك له ڕۆحانيه‌تى ماترياڵى كه ڕيزگرتنه له زه‌وى. ڕه‌نگه بتوانين له ئايدياى كۆمۆنيزمدا، جۆرێك له ڕۆحانيه‌تى ماترياڵى و دونيايى به‌رهه‌مبێنينه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كۆمۆنيزم له‌و تۆمه‌تانه‌ى سيسته‌م پاكبكه‌ينه‌وه كه ماده‌گه‌راييه‌كى ڕووت و ڕه‌قه. ڕۆحانيبوون له كۆمۆنيزمدا ئه‌وه‌يه شته‌كان و ديارده‌كان و په‌يوه‌ندييه‌كان و مرۆڤ له كاڵابوون ڕزگاربكه‌يت. هه‌ركات توانيمان مرۆڤ بۆ دۆخى پێش كاڵابوون بگه‌ڕێنينه‌وه، گه‌رچى ڕێژه‌ييش بێت، ئه‌وا جۆرێك له ڕۆحانيبوومان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ مرۆڤ. زه‌وييش يه‌كێكه له‌م تێمايانه. بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره به نيشته‌جێبوونێكى مرۆيى بده‌ين له‌سه‌ر زه‌وى، ئه‌وا ده‌بێت زه‌وى له‌و كاڵابوونه فره-ڕه‌هه‌نده ڕزگاربكه‌ين كه تووشى بووه. ڕيشه‌ى مرۆڤ به زه‌وييه‌وه، له‌وێوه درووستنابێته‌وه كه زه‌وى ماندووبكه‌ين و جێى نه‌هێڵێن و بيڕه‌تێنين، به‌ڵكو له‌وێوه‌يه كه نه‌ك له‌ڕێگه‌يه‌كى عيرفانييه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ى به‌ره‌نگارييه‌كى ڕاديكاڵ و ده‌سته‌جه‌معييه‌وه، له كاڵابوون ڕزگارى بكه‌ين.
له كوردستان ئه‌م پرۆسه‌ى له‌ڕيشه‌داماڵينه، ده‌يه‌يه‌ك زياتره ده‌ستى پێكردووه و سه‌ره‌تا بۆرژوازيى نه‌وتفرۆشى كوردى لێى به‌رپرسه. نه‌وت ناوى سه‌ره‌كيى ئه‌م پرۆسه‌يه‌يه. له ديدى سه‌رمايه‌دارێك و بۆرژوازيى نه‌وتفرۆشى كوردييه‌وه، زه‌ويى كوردستان يه‌كسانه به پۆتانشێڵى نه‌وت؛ واته يه‌كسانه به‌و بڕه نه‌وته يه‌ده‌گه‌ى كه ماوه و مه‌زه‌نده ده‌كرێت 45 تا 60 مليار به‌رميل بێت. له‌لايه‌كى تريشه‌وه، كوردستان كۆڵۆنيالێزه‌ى ده‌ستى كۆمپانيا ده‌ره‌كييه‌كانه. بۆنمونه، 1200 كۆمپانياى توركى له كوردستان هه‌ن كه كرێكار و كارمه‌ندى خۆيان به‌كارده‌هێنن و به‌شێك له پاره‌ى كوردستان به‌ره‌و بازاڕى توركيا ده‌به‌نه‌وه. هاوكات 18 بنكه‌ى سه‌ربازيى توركيا له ناو خاكى كوردستاندايه، ئه‌و خاكه‌ى كه به‌شێكى هێشتا جێناكۆكه و گه‌ره‌نتيى هێنانه‌وه‌ى له‌ئارادا نيه. ئه‌مانه و زۆر شتى تر، گۆڕان به‌سه‌ر ماناكانى خاكدا ده‌هێنن و په‌يوه‌نديى بۆرژوازيى كوردى به خاكه‌كه‌يه‌وه ته‌واو سستده‌كات، ئه‌مه له‌كاتێكدا بۆرژوازيى وڵاتانى تر، پله‌يه‌ك سه‌رووتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خاكه‌كه‌ياندا ده‌كه‌ن. ئه‌م سستبوونه به خاكه‌وه، پتر له‌و ميتافۆره نزيكده‌بێته‌وه كه له سه‌رده‌مى زۆربوونى ئۆتۆمبێله‌كاندا، په‌يوه‌ندييمان به زه‌وييه‌وه سستده‌بێت و چيتر له‌مسى ڕاسته‌وخۆى خاك ناكه‌ين و به پياده ئه‌زموونى خاك ناكه‌ين(ئێستا هه‌موان بۆ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك ئۆتۆمبێل به‌كاردێنن و ڕۆيشتن و ڕێكردن و ته‌ماس به زه‌وييه‌وه ڕووبه‌ڕووى جۆرێك له كاڵابوون كراوه‌ته‌وه).
ئه‌مڕۆ شار وه‌ك يه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانى زه‌وى، هه‌ندێك ئاڵوگۆڕى به‌سه‌ردا هاتووه. جاران ستايشى سه‌نته‌رى شار ده‌كرا و سه‌نته‌ر جێگاى چينه‌كانى سه‌ره‌وه بوو. ئێستا چينه‌كانى سه‌ره‌وه، پتر به‌ره‌و په‌راوێز و سنورى شار و ده‌ره‌وه‌ى شار ده‌ڕۆن. نه‌وه‌يه‌كيشت هه‌يه گه‌نجه، به‌ڵام ئه‌م نه‌وه‌يه گه‌رچى بڕێكى له سه‌نته‌رى شاردايه؛ كه‌چى نه‌وه‌يه‌كى كرێچييه. كرێچيى نه‌وه‌ى پێش خۆيه‌تى، ئه‌و نه‌وه‌يه‌ى كه شتێك زياترى له‌م نه‌وه‌يه هه‌يه. سه‌نته‌رى شار به‌ره‌و به‌بازاڕبوون و مۆزه‌خانه و كافترياى ئاوێته به ديمه‌نه سونه‌تييه‌كان ده‌چێت. وه‌ك بڵێى سه‌نته‌رى شار، سه‌نته‌رێكه و له‌ده‌ستچووه. ئه‌وه ته‌نيا پرۆسه‌ى به‌كاڵابوونه كه ده‌توانێت پۆتانشێڵه‌كانى سه‌نته‌ر بقۆزێته‌وه. لێره‌وه ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمايه‌داران به‌ره‌و په‌راوێزه‌كان ده‌ڕۆن، باخ و ڤێلاكانيان له دوورتر ڕۆده‌نێن. ئه‌م خۆدووگرتنه‌ى ئه‌وان، هه‌نگاوێك له‌پێش ئه‌و فيگه‌ره‌شه‌وه‌يه كه بۆدلێر/بنيامين باسيده‌كه‌ن به‌ناوى فلانۆر يان پياسه‌كه‌ر و وێڵگه‌ڕ. فلانۆر، له‌ناو قه‌ره‌باڵغى و ئاڵۆزييه‌كانى شارى مۆدێرندا ده‌سوڕێته‌وه. فلانۆر، هێشتا له‌ناوماندايه، يه‌كێكه له ئێمه، خودى خۆمانين. ئه‌و گه‌نجه سه‌رگه‌ردانانه‌ين كه به شه‌قامه‌كاندا ده‌سووڕێينه‌وه و په‌يوه‌ندييه‌كى وه‌ڕزكه‌ر به زه‌وييه‌وه درووستده‌كه‌ين. دواجار په‌ره‌سه‌ندنى جێگاكانى ده‌ره‌وه‌ى شار و په‌راوێزى شار له چه‌شنى "سيته‌ك" له پارێزگارى سلێمانى، داننانێكى سيمبوڵييه به وێرانبوونى شار و ئه‌و زه‌وييه‌دا كه شارى له‌سه‌ر بنياتنراوه. له نه‌ستى ئه‌و په‌راوێزنشينانه‌دا، په‌راوێزه‌كه نيشانه‌ى نه‌خۆشييه، سه‌مپتۆمێكه بۆ ئه‌وه‌ى شار نه‌خۆشه. يان ڕاديكاڵتر شار بوونى نيه. به ده‌ربڕينێكى تر، ئه‌و زه‌وييه‌ى شار له ئاستى سه‌رمايه‌دا گرانبه‌هايه، به‌ڵام له ئاستى ڕابواردن و ژيانكردن و فه‌ردانييدا مايه‌ى هه‌ڵهاتنه لێى. به‌م مانايه، مناڵى سياسييه‌كان و سه‌رمايه‌داران و چينه‌كانى سه‌ره‌وه، زه‌وييه‌كى جيا بۆ خۆيان داده‌بڕن بۆ مانه‌وه.
له‌كۆتاييدا، به‌بێ ئه‌وه‌ى تووشى هيومانيزمێكى ئايدياڵيستانه بين، ده‌توانين باس له سياسه‌تێكى به‌ره‌نگارى بكه‌ين كه له زه‌وييه‌وه ده‌ست‌پێبكات. واته به‌ر له‌وه‌ى تووشى گفتوگۆيه‌كى نه‌بڕاوه‌ى نه‌سه‌لمێنراو بين ده‌رباره‌ى مرۆڤ، باشتره له ماڵى مرۆڤ خۆيه‌وه ده‌ست پێبكه‌ين كه زه‌وييه. زه‌وى خۆى به‌ته‌نيا جۆرێكه له مه‌حاڵ/ڕياڵ، زمانى نيه، ئه‌وه ئێمه‌ين زمانى ده‌ده‌ينێ و له به‌ركه‌وتنماندا ماناى پێ ده‌به‌خشين. ئه‌م مانا‌به‌خشينه، له‌ڕێگه‌ى سياسه‌تێكى تازه و به‌ره‌نگارانه‌وه مومكينه. چونكه ستاندارده‌كانى پێشوو كۆن بوونه و به شێوه‌يه‌كى ڕاديكاڵ له قورسايى زه‌وى تێناگه‌ن. يه‌كێك له ستاندارده كۆنه‌كانى سيسته‌م ئه‌وه‌يه هه‌موان شوێنى نێشته‌جێبوونيان هه‌بێت ئيتر بارودۆخ باش ده‌بێت. له‌كاتێكدا ئه‌مه پارادۆكسه. تاكو به‌م جۆره‌ى ئێستا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خاك و زه‌وييدا بكرێت، ئه‌و درووشمه نايه‌ته‌دى. لێره‌وه‌يه ده‌بێت په‌ره به دژايه‌تى و ئه‌نتاگۆنيزمێك بده‌ين له‌نێوان به‌ره‌نگاران و ئه‌وانه‌ى كه زه‌وى له به‌ها مرۆييه باڵا و سۆسياليستييه‌كان خاڵيده‌كه‌نه‌وه. ئه‌نتاگۆنيزم و دژايه‌تى، به‌ر له‌وه‌ى ته‌عبير بێت له ناكۆكيى نێوان دوو به‌ره‌ى مرۆڤ له‌سه‌ر يه‌ك زه‌وى، جۆرێكه له به‌ها. به‌شێك له‌م نائومێدييه‌ى كه ئێستا له‌ناو لاوان‌دا په‌ره‌ى سه‌ندووه، كاڵبوونه‌وه و كاڵكردنه‌وه‌ى ئه‌نتاگۆنيزمه. پرسى مامه‌ڵه‌كردنى خاك و زه‌وى، يه‌كێكه له كليله‌كان بۆ درووستكردنه‌وه‌ى ئه‌نتاگۆنيزم. هه‌موو به‌ره‌نگارييه‌كى نوێ، له ئه‌نتاگۆنيزمێكى نوێ‌دا خۆى به‌رجه‌سته‌ده‌كات.