سلاڤۆى ژيژه‌ك
وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر
ئاماژه‌يه‌ك:
ژيژه‌ك وه‌ك هه‌ميشه تێزه باوه‌كان پێچه‌وانه‌ده‌كاته‌وه(وه‌كچۆن به‌رگرى له هه‌ندێ ڕوانگه‌ى به‌ناو كۆنيش ده‌كات كه ناوكى ڕاديكاڵيان هه‌يه و فه‌رامۆشكراون). وتنى ئه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه‌ش دايالۆگ نيه، يه‌كێكه له‌و پێچه‌وانه‌كردنه‌وانه. ئه‌م تێزه باوه كه فه‌لسه‌فه وه‌ك دايالۆگ وه‌رده‌گرێت، ئه‌و ئه‌نتاگۆنيزم و دژايه‌تييه له‌بيرده‌كات كه له‌نێوان مرۆڤ/مرۆڤ، فه‌يله‌سوف/فه‌يله‌سوف، يان به‌كورتى له‌نێوان سوبێكت/سوبێكتێكى تردا هه‌يه. مه‌حاڵبوونى دايالۆگ له دواجاردا، په‌يوه‌نديى به كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه هه‌يه كه ڕه‌نگه بتوانين به‌م جۆره ڕيزيان بكه‌ين:
يه‌ك: ڕێژه‌ييبوونى زمان، به‌بنبه‌ستگه‌يشتنى زمان و پرۆسه‌ى ده‌لاله‌تكردن. ئه‌مه به‌و مانا عيرفانييه نيه كه نه‌توانين شتێك بڵێين و بوه‌ستين، به‌ڵكو به‌ر جۆرێك له شكستى ده‌لاله‌ت دێين و تێگه‌يشتنى ڕه‌ها و ته‌واوه‌تى ڕوونادات و به زمانه ده‌روونشيكارييه‌كه: فه‌نتازياى فه‌يله‌سوفه‌كان له‌يه‌ك جودان. پێده‌چێت هه‌ر لێره‌وه بێت كه ژيژه‌ك به‌شێوه‌يه‌كى زياده‌ڕۆيانه مێژووى فه‌لسه‌فه به مێژووى به‌دحاڵيبوونه‌كان داده‌نێت.
دوو: به‌ر‌پرسيارێتيى سياسييانه و ئينسانييانه به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌وه كه فه‌لسه‌فه ناچارده‌كات بڕێكى تر‌ى فه‌لسه‌فه‌كانى تر و دايالۆگه‌كانى تر نه‌فى بكات و ئاراسته‌ى خۆى ديارى بكات(نه‌فيكردن به‌و مانايه‌ى له ئاستى به‌ش-جزء-دا ده‌توانيت سود له فه‌لسه‌فه‌كانى تر وه‌ربگريت و وه‌ك گشت-كل- ڕه‌خنه‌يان بكه‌يت و ڕه‌تيانبكه‌يته‌وه). فه‌لسه‌فه خۆى له‌خۆيدا بێلايه‌ن نيه، بۆيه ده‌كرێت فه‌لسه‌فه‌يه‌كى تر و فه‌يله‌سوفێكى تر بێت‌و به ئاراسته‌يه‌كى ئايدۆلۆژييانه‌وه ڕه‌خنه‌ى بكات. "ئايدۆلۆژييانه" لێره‌دا سيفه‌تێكى قووڵى فه‌لسه‌فه خۆيه‌تى. ئايدۆلۆژيا وه‌ك كۆكردنه‌وه‌ى ئايديا و لۆژيك، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه هه‌ر فه‌يله‌سوفێك به‌رگرى له لۆژيكێكى ئايديايى ده‌كات و ڕه‌وايه‌تى به سيسته‌مێكى سياسى وكۆمه‌ڵايه‌تى ده‌دات و ناتوانێت خۆى بباته ده‌ره‌وه‌ى مێژوو و كۆمه‌ڵگا و نيزامه سياسييه‌كانه‌وه. لێره‌وه‌يه كه ژيژه‌ك ئاراسته و ئه‌رك ده‌به‌خشێته فه‌لسه‌فه و هه‌ر ئاراسته‌يه‌كيش عاده‌ته‌ن ناتوانێت به‌ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كانى تردا ته‌بابێته‌وه و ئيتر دايالۆگ مومكين نابێت، بۆيه شه‌ڕى بۆچوونه فه‌لسه‌فييه‌كان ده‌ستپێده‌كات. لێره‌دا هه‌ڵوێسته لينينييه‌كه‌ى ژيژه‌كمان بيرده‌كه‌وێته‌وه: لينين هه‌ركه باسى ديموكراسى و ئازادييت بۆ بكردايه، يه‌كسه‌ر ده‌يوت كام ديموكراسى؟ له‌پێناوى كێ و كام چيندا؟ ژيژه‌كيش ده‌ڵێت: كام فه‌لسه‌فه؟ له‌پێناوى كێدا و كام جيهانبينييشدا؟
هه‌روه‌ها ژيژه‌ك له‌م ده‌قه‌دا(كه له سيمينارێكدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ كۆمۆنيسته‌كه‌ى، واته ئالان باديۆدا، پێشكه‌شى ده‌كات) شتێكى ديكه‌ش ده‌ورووژێنێت: زۆرێك له‌مانه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ناوى ديبه‌يت و دايالۆگه‌وه فه‌لسه‌فه‌ى پێوه سه‌رقاڵكراوه، مه‌رجه‌كانى دايالۆگێكى ڕاديكاڵيان تيا نيه. خه‌ڵك به شتانێكه‌وه سه‌رقاڵده‌كه‌ن، كه ئه‌سڵى كێشه‌كه نيه. بۆيه پێويسته چه‌مكه‌كانى ناو ديبه‌يته‌كه بگۆڕين و له شه‌ڕه سه‌ره‌كييه‌كه لانه‌ده‌ين. فه‌يله‌سوفيش هه‌يه له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ يه‌كتر كۆكن، به‌ڵام دركيان پێنه‌كردووه. دێرێدا و هابه‌رماس وه‌ك نمونه. دێرێدا و هابه‌رماس هه‌ردووكيان كه باس له ئه‌ويتر و دايالۆگ ده‌كه‌ن، هه‌مان شت ده‌ڵێنه‌وه، ياخود لانيكه‌م ده‌گه‌ن به‌هه‌مان ئه‌نجام. كام ئه‌نجام؟ ئه‌وئه‌نجامه‌ى كه نابێت ده‌ست له ئه‌ويتر(the other) بده‌ين، زيانى پێ بگه‌يه‌نين، ڕووبه‌ڕووى شه‌ڕ و به‌ركه‌وتنى بكه‌ينه‌وه. جا لێره‌وه مه‌ودا و جياوازى ده‌چێته جێى ئه‌و ئه‌نتاگۆنيزم و دژايه‌تييه‌ى كه پێويسته هه‌بێت: كۆمه‌ڵگا له ئه‌نتاگۆنيزم و دژايه‌تيى سته‌مكار/سته‌مديده پێكهاتووه و ده‌بێت ئه‌م دژايه‌تييه بپارێزين تاكو بگه‌ين به زه‌رووره‌تى شۆڕش. وه‌ك له ده‌قه‌كه‌شدا هاتووه، فه‌لسه‌فه هه‌ميشه جۆرێك له ناڕێكى و نائاساييبوونى تيايه و دايالۆگ زۆرجار په‌رده‌يه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م سيفه‌ته‌ى فه‌لسه‌فه‌ى ڕاسته‌قينه‌دا ده‌دات.
له واقيعى ئێمه‌شدا، فه‌لسه‌فه وێنه‌يه‌كى تر‌ى وه‌رگرتووه. وه‌ك ژێستێكى مه‌عريفيى ڕووت و بێگه‌رد سه‌يرده‌كرێت. گه‌ر زۆريش ڕاديكاڵ بێت، له هه‌ندێ ڕه‌خنه‌ى نێو/مه‌عريفى و كه‌لتورى تێناپه‌ڕێت و ده‌ستوه‌رناداته پرۆسه‌ى شۆڕش و سياسه‌ت و هتده‌وه. زۆرجاريش ئه‌ركێك به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا ده‌درێت كه پتر له وه‌هم و خۆدزينه‌وه ده‌چێت. ده‌وترێت فه‌لسه‌فه ڕزگاركه‌ره و به بڵاوبوونه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه دونيا ڕزگارده‌بێت. دياره ئه‌مه‌ش هه‌ر هێنده‌ى وته‌كه‌ى دستۆيفسكى ورد و كۆنكرێتييه كه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى دونيا ڕزگارده‌كات جوانييه. فه‌لسه‌فه تائێستا پرسێكى نوخبه‌وى بووه و خۆى له خۆي‌دا جيهان ڕزگارناكات، لانيكه‌م له‌دواى ماركسه‌وه ئه‌مه ده‌زانين كه ده‌ڵێت: فه‌يله‌سوفان تا ئێستا جيهانيان ته‌فسيركردووه، قسه‌كه له‌سه‌ر گۆڕينيه‌تى. فه‌لسه‌فه له هه‌ندێ جێگه‌دا خزمه‌تى دۆخى باڵاده‌ست ده‌كات و ئه‌مڕۆ ئه‌مه به‌ڕوونى له ئه‌كاديميادا ده‌بينرێت.
*** *** ***
ئێمه (وه‌ك ژيژه‌ك و باديۆ) به‌توندى ده‌توانين ئيديعاى ئه‌وه بكه‌ين دايالۆگ ده‌كه‌ين، چونكه تا ڕاده‌يه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ يه‌كتردا هاوڕاين. به‌ڵام ئاخۆ نيشانه‌ى فه‌لسه‌فه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه ئه‌وه‌يه كه به ورووژاندن[1] و فيتنه‌نانه‌وه ده‌ستپێبكات؟ منيش له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌كه‌ى باديۆدا كۆكم(هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتونيشدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ى فه‌لسه‌فه به‌ڵگه‌نه‌ويسته[2] و چۆنچۆنييش ده‌كرێت به‌فيعلى فه‌لسه‌فه‌ى ڕاسته‌قينه بناسيته‌وه). واى‌دابنێ له كافتريايه‌كدا دانيشتوويت و كه‌سێك دێت و به‌مجۆره ده‌تانخاته به‌رده‌م ته‌حه‌دا: "وه‌ره با گفتوگۆيه‌كى قووڵ بكه‌ين". فه‌يله‌سوفه‌كه‌ش يه‌كسه‌ر ده‌ڵێت: "بمبوره، من ده‌بێت بڕۆم". هه‌وڵيش ده‌دات هه‌رچى زووه، ئه‌و شوێنه جێبهێڵێت.
من هه‌ميشه له‌و بڕوايه‌دا بووم كه دوا دايالۆگه‌كانى ئه‌فلاتوون، به ماناى ڕاسته‌قينه‌ى وشه‌كه، دايالۆگه فه‌لسه‌فييه‌كانى ئه‌و بوون. له‌م دايالۆگانه‌دا، ته‌قريبه‌ن كه‌سێك په‌يتاپه‌يتا و به‌بێ پچڕان قسه‌ده‌كات. بۆنمونه له دايالۆگى سۆفيستدا، ناكۆكى و هاوڕانه‌بوونه‌كانى ئه‌وانيتر هه‌ر زۆر بڕوات ناگاته نيو په‌ڕه. بۆنمونه ده‌ڵێن: "به‌ڵێ جه‌نابتان زۆر ڕاست ده‌كه‌ن"، "زۆر ڕوونه"، "وايه"؛ به‌ڵام ئه‌ى بۆ وانه‌بێت؟ فه‌لسه‌فه دايالۆگ نیيه. ناوى يه‌ك دايالۆگى فه‌لسه‌فيى سه‌ركه‌وتووم پێ‌بڵێن كه به به‌دحاڵيبوونێكى ترسناك كۆتايى نه‌هاتبێت؟ ئه‌مه سه‌باره‌ت به ديارترينيشيان هه‌ر ڕاست ده‌رده‌چێت: ئه‌رستۆ به‌درووستى له ئه‌فلاتوون تێنه‌گه‌يشت، هيگڵيش-كه پێده‌چێت دڵخۆش بووبێت به‌م ڕاستييه- كه له كانت تێنه‌گه‌يشت؛ هايدگه‌ريش هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له كه‌سيان تێنه‌گه‌يشت. كه‌واته دايالۆگ بوونى نيیه. ڕێم‌بده‌ن به‌رده‌وام بم.
هه‌وڵده‌ده‌م به شێوازێكى باو و ئاشنا ده‌ست بۆ ئه‌م كێشه‌يه ببه‌م. خۆ ڕاسته ئه‌مڕۆ ئێمه‌ى فه‌يله‌سوف بانگده‌كرێين، ده‌خرێينه به‌ر پرسيار و ته‌حه‌داش. چاوه‌ڕوانييشمان لێده‌كرێت به‌شدارى و ده‌ستێوه‌ردانمان هه‌بێت و له فه‌زاى گشتيى ئه‌وروپى و غه‌يرى ئه‌وروپاشدا چالاك و ده‌رگير بين. پێويسته چۆنچۆنى به‌ده‌م ئه‌م داوايانه‌وه بێين؟ هه‌ڵبه‌ت نه‌ك به شێوازێكى زۆر جياواز و زۆريش هاوشێوه. كه‌سى ده‌روونشيكاريش هه‌ر به‌م جۆره وه‌ڵامى نه‌خۆشه‌كه‌ى ده‌داته‌وه: چونكه نه‌خۆشيش داواى شتێك ده‌كات. به‌ڵام پياو يان ژنى نه‌خۆشيش، به‌ده‌گمه‌ن خواسته‌كانى ده‌گاته جێى خۆى [و دێته‌دى]. ئه‌وانه خواست و داواى درۆيينه‌ن و ئاماژه بۆ كێشه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه ده‌كه‌ن كه هاوكات به‌شاراوه‌يى ده‌مێننه‌وه. ده‌رفه‌ت‌بده‌ن با بگه‌ڕێينه‌وه بۆ ئه‌و تێما ناهاوتا و به‌راوردنه‌كراوه‌ى كه ئالان باديۆ ئاماژه‌ى بۆ كردووه. ئه‌و له وتاره ناوازه‌كه‌يدا ده‌رباره‌ى يانزه‌ى سێپته‌مبه‌ر، چه‌مكه دۆڵۆزييه‌كه، واته "سه‌نتێزى جياكه‌ره‌وه"[3] به‌كارده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك شتێك له ئێمه‌ى فه‌يله‌سوف بپرسێت، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌مان به‌گشتى شتێكى زياتر ده‌بێت له بۆچوونى گشتى، له‌گه‌ڵ جۆرێك ئاراسته‌گيرى و لايه‌نگرى له دۆخێكى كێشه‌دار و پرۆبله‌ماتيكدا. بۆنمونه، ئه‌مڕۆ خۆمان له جه‌نگى دژى تيرۆرداين، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ كێشه تۆقێنه‌ره‌كان[4]دا ڕووبه‌ڕوومانده‌كاته‌وه: ئايا ده‌بێت ئازادييمان بگۆڕينه‌وه به ئاسايش له ده‌ستى تيرۆر؟ ئايا ده‌بێت كراوه‌ييه[5] ليبراڵييه‌كه بگه‌يه‌نينه دوائاستى خۆى-ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ماناى دابڕان بێت له ڕيشه‌كانى خۆمان يان له‌ده‌ستدانى شوناسيشمان-، ياخود پێويسته به‌توندى پێداگريى زياتر له‌سه‌ر شوناسمان بكه‌ين؟ ڕاگه‌ياندنى ئه‌وه‌ى كه ئێمه لێره‌دا به شێوه‌يه‌كى ده‌سته‌جه‌معى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و به‌ديلانه ده‌بينه‌وه، سه‌نتێزى جياكه‌ره‌وه درووستده‌كه‌ن و له‌م ڕووه‌شه‌وه به‌ديلى درۆيينه‌ن، ده‌بێت لێره‌دا يه‌كه‌مين ژێستى فه‌يله‌سوفان بێت: فه‌يله‌سوف ده‌بێت چه‌مكه‌كانى ناو ديبه‌يته‌كه بگۆڕێت. به بڕواى من ئه‌م ديبه‌يته ڕێك ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌وه كه ئالان باديۆ ناويده‌نێت "هه‌ڵبژاردنى ڕاديكاڵ و ڕيشه‌يى". ئه‌مه‌ش به شێوه‌يه‌كى كۆنكرێتى، به‌و مانايه دێت كه "ليبراڵيزم"، "جه‌نگى دژه‌تيرۆر"، هه‌روه‌ها ئه‌و شته‌شى كه پێى‌ده‌وترێت "تيرۆريزمى فه‌نده‌مێنتاڵانه" -تێكڕا- سه‌نتێزى جياكه‌ره‌وه‌ن؛ هيچيان هه‌ڵبژاردنى ڕاديكاڵ نين. ده‌بێت چه‌مكه‌كانى ديبه‌يته‌كه بگۆڕين. با نمونه‌ى زياتر بێنينه‌وه: له هاوينى ساڵى 2003دا، فه‌يله‌سوفانى گه‌وره‌ى ئه‌وروپا، دێرێدا و هابه‌رماس له‌گه‌ڵ هه‌ندێكى تردا، كه چه‌ند ئه‌مريكييه‌كيشيان تيا‌بوو، به‌شێوه‌يه‌كى شه‌ريفانه ته‌داخولى فه‌زاى گشتييان كرد و خوازيارى ئه‌وروپايه‌كى نوێ بوون. ئايا ئه‌مه به‌ڕوونى ده‌رخه‌رى پێگه فه‌لسه‌فييه‌كانيان نیيه؟ خاڵه‌كه هه‌ميشه هه‌ر ئه‌مه‌يه: ڕێكه‌وتنى سياسى له‌نێوان فه‌يله‌سوفه‌كاندا شتێك له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌كه‌يانه‌وه هه‌ڵده‌ماڵێت و ئاشكراده‌كات. ڕيچارد ڕۆرتى به نمونه وه‌رگره، گه‌رچى له‌ڕووى فه‌لسه‌فييه‌وه له‌گه‌ڵى كۆك نيم، به‌ڵام من به ليبراڵێكى زيره‌كى ده‌زانم كه له ده‌ربڕينى شتى ئاشكرا ناترسێت- ئه‌و كاره‌ى كه ليبراڵه وردبين و بێ‌تواناكان بۆ ئه‌نجامدانى، هه‌ميشه زياد له ڕاده شكۆ و ويقارى بۆ ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ. ئه‌و پێمان ده‌ڵێت چ ده‌بێت كاتێك كه‌سانى وه‌ك خۆى، دێرێدا، هابه‌رماس، و(له كايه‌ى زانينيشدا)[6] دانيال دينێت له ديبه‌يته فه‌لسه‌فييه‌كاندا به‌شدارى‌بكه‌ن. به چاوخشانێك به هه‌ڵوێسته سياسييه‌كانياندا، وێنه‌يه‌كى تر ئاشكرا ده‌بێت: به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى هه‌ڵوێسته فه‌لسه‌فييه‌كانيان، تێكڕا به لاى چه‌پى ديموكراسيى نێوه‌نددا ده‌شكێنه‌وه. سه‌باره‌ت به ديموكراسى، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه تۆزێك زياتريش، ئه‌نجامگيرييه پراگماتييه جۆرييه‌كه‌ى[7] ڕۆرتى بوونى هه‌يه كه ده‌رخه‌رى بێبايه‌خی فه‌لسه‌فه‌يه. ئايا حه‌كايه‌ته‌كه هه‌ر ئه‌مه‌يه؟ ڕێبده‌ن هاوڕابوونه سياسييه‌كه‌ى هابه‌رماس و دێرێدا وه‌ك نمونه‌يه‌كى پارادايمييانه وه‌ربگرين: ئايا ناكرێت ئه‌مه نيشانه‌ى ئه‌و ڕاستييه بێت كه هه‌ڵوێستى فه‌لسه‌فيى دێرێدا و هابه‌رماس هه‌ربه‌ڕاستى ده‌ره-به‌راوردن، ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ركێ و دژبوونه‌كه‌شيان له‌گه‌ڵ يه‌كتردا به‌ته‌واوى سه‌نتێزێكى جياكه‌ره‌وه‌ن؟
ئه‌گه‌ر وردتر سه‌يرى بونيادى فيكره‌كه‌يان بكه‌ين، ئه‌وا ئه‌م گريمانه‌يه پشتڕاستده‌بێته‌وه: هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه، هه‌ردووكيان سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ كێشه‌ى په‌يوه‌ندى و كۆمۆنيكاسيۆن(communication)دايه. يان گه‌ر بمانه‌وێت وردتر بين، ئه‌وا مه‌به‌ستمان له‌و كۆمۆنيكاسيۆنه‌يه كه به ڕووى ئه‌ويتردا كراوه‌ته‌وه، ده‌يناسێت و دانى پياده‌نێت، و له‌جياتيى زيان پێگه‌ياندنى، ئه‌ويترێتييه‌كه‌ى[8] بۆ جێدێڵێت و ده‌يپارێزێت[واته له‌جياتيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و لێدانى، ئه‌ويتر وه‌ك خۆى ده‌هيڵێته‌وه و به‌ركه‌وتن ڕوونادات]. پێموايه، ئێمه لێره‌دا سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ دوو نوسخه‌ى ته‌واوكه‌ردا هه‌يه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و هابه‌رماس ئيديعاى هه‌بوونى په‌يوه‌ندييه‌كى نه‌شێوێنراو بكات له‌گه‌ڵ ئه‌ويتر و ڕێسا تاقانه‌كه‌يدا، دێرێداش به‌ته‌واوى جه‌خت له‌سه‌ر جه‌مسه‌ره پێچه‌وانه‌كه‌ى هابه‌رماس بكاته‌وه: پێويسته خۆمان به ڕووى ڕێكه‌وتبوونه ڕيشه‌ييه‌كه‌ى ئه‌ويتردا بكه‌ينه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌م هه‌ڵوێسته ته‌واوكه‌ره دوولايه‌نانه‌وه، خزمه‌ته گه‌وره‌كه‌ى باديۆ بريتييه له گۆڕينى كۆى كايه‌ى ئه‌خلاق. كێشه‌كه ئه‌ويترێتى نيیه، به‌ڵكو له‌جێى ئه‌وه هه‌مانێتييه[9]. به لاى منه‌وه، ئه‌و ده‌مه‌ى كه فه‌يله‌سوف ڕووبه‌ڕووى لێشاوى چاوه‌ڕوانى و داواكارييه‌كان ده‌بێته‌وه، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌مه يه‌كه‌مين ژێست و جووڵه‌ى بێت. بۆنمونه، له بوارى گۆڕينى چه‌مكه‌كانى ديبه‌يته‌كه‌دا، واقيعى مه‌جازى بووه به مۆده، ئێمه له جيهانێكى مه‌جازييدا ده‌ژين: ئايا په‌يوه‌ندييمان به واقيعه ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قينه‌كه‌وه له‌ده‌ستداوه؟ ئايا به‌ته‌واوى له خۆمان نامۆ بووينه؟ لێره‌شدا ديسان به‌ر سه‌نتێزه جياكه‌ره‌وه‌كان ده‌كه‌وين: له‌لايه‌كه‌وه كۆمه‌ڵێك پۆستمۆدێرنمان هه‌يه كه پێيانوايه ئه‌و سوبێكتيڤيته[10] كۆچه‌رييه‌ى تايبه‌ته به خۆيان، ده‌توانێت له واقيعێكى ساخته و ده‌ستكرده‌وه وه‌رگه‌ڕێت به‌ره‌و واقيعێكى تر. له‌لايه‌كى تريشه‌وه، كۆمه‌ڵێك موحافيزكارى نۆستاليژى و موحافيزكارى چه‌پمان هه‌يه كه ده‌رهه‌ق به‌و ڕاستييه خۆيان به شه‌رمه‌زار ده‌زانن و له‌و بڕوايه‌دان كه ده‌بێت بگه‌ڕێينه‌وه بۆ ئه‌زموونه ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قينه‌كان(ـى پێشوو). ده‌بێت ڕێگايه‌كى جياواز بگرينه به‌ر: ئه‌ويش به‌و مانايه‌ى كه چه‌مكه‌كانى ديبه‌يته‌كه ڕه‌تبكه‌ينه‌وه و ئيديعاى ئه‌وه بكه‌ين كێشه‌كه واقيعى مه‌جازى نیيه، به‌ڵكو واقيعى ناو پرسى مه‌جازى خۆيه‌تى. به‌ڵام چۆنچۆنى؟
مه‌به‌ستم ئه‌مه‌يه: واقيعى مه‌جازى-وه‌ك ئه‌وه‌ى باديۆش له جێيه‌كدا نوسيويه‌تى- ئايديايه‌كى تاڕاده‌يه‌ك سواو و تڕۆيه. واقيعى مه‌جازى كه‌ره‌سته‌يه‌كى ئه‌وتۆ نیيه بۆ بيركردنه‌وه؛ به‌ڵكو به‌م مانايه‌يه: "سه‌يربكه‌ن چۆن ده‌توانين به‌هۆى به‌كارهێنانى ئامرازه ته‌كنۆلۆژييه‌كانمانه‌وه ديارده‌يه‌ك بخولقێنين كه له‌كۆتاييدا بڕوا به واقيعيبوونه‌كه‌ى بهێنين". به ديدى من، واقيعى ناو پرسى مه‌جازى بژارده‌يه‌كى سه‌رنجڕاكێشتره بۆ بيركردنه‌وه. پرسى مه‌جازى، هه‌ر شتێكى تايبه‌ت ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام نه‌ك هه‌مووى. پرسى مه‌جازى، شوێنه‌وارى فيعلى و ئه‌كچواڵى ڕياڵه. مه‌سه‌له سه‌ره‌كييه‌كه لێره‌دايه.
ڕێبده‌ن تێماى دواتر تاوتوێ بكه‌ين كه ژۆرناڵيزم ده‌وروژێنێت: چێژگه‌رايى[11]. ده‌بێت چى بكرێت كاتێك به‌ها كۆنه‌كان ده‌درێنه ده‌ستى ڕابردوو و مرۆڤه‌كان باوه‌ڕى خۆيان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، گه‌شه به خۆپه‌رستى ده‌ده‌ن، و ژيانيشيان ته‌نيا بۆ گه‌ڕان به‌دواى چێژ و خۆشييدا ته‌رخانده‌كه‌ن؟ جارێكى ديكه، مه‌يدانه‌كه دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر دوو ئۆردووگادا: له‌لايه‌كه‌وه، ئه‌و باوه‌ڕه هه‌يه كه هه‌ر تێڕوانينێكى ئه‌خلاقيى جێ‌گير، توندوتيژيى له‌خۆيدا هه‌ڵگرتووه؛ باوه‌ڕێك كه له‌ڕووى جۆرى و چه‌شنايه‌تييه‌وه "پۆست‌مۆدێرن"ـه و جۆدێت باتله‌ر له دوايين كتێبيدا نوێنه‌رايه‌تيى ده‌كات(كتێبێك كه ئێستا ته‌نيا نوسخه ئه‌ڵمانييه‌كه‌ى له‌به‌رده‌ستدايه Zur Kritik der ethischen Gewalt1). ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌وه‌يه كه ده‌بێت نه‌رم و مه‌تاتى بين و هتد. ئه‌م مه‌سه‌له‌يه جارێكى تر ده‌كه‌وێته‌وه به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ى سوبێكتيڤيته‌ى كۆچه‌رييه‌وه. وه‌ڵامى لايه‌نى به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌يه كه وڵات پێويستى به په‌يوه‌ندى و به‌ها جێگيره‌كان هه‌يه. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت لێره‌دا جارێكى تر به‌شێوه‌يه‌كى ڕاسته‌وخۆ ئاوڕ له‌و پرسه بده‌ينه‌وه و چه‌مكه‌كانى ديبه‌يته‌كه به‌هۆى جۆرێك له مه‌ودا و نامۆبوونى برێختييه‌وه به‌كێشه بكه‌ينه‌وه و پرۆبله‌ماتيكى بكه‌ينه‌وه؛ سه‌ره‌نجام شته‌كه خۆى ده‌بێته غه‌ريب و بێگانه بۆمان: «به‌ڵام تۆزێك بوه‌ستن؟ ئه‌وه ئێمه باسى چى ده‌كه‌ين؟». باسى چێژگه‌رايى له كۆمه‌ڵگايه‌كى به‌رخۆر(مه‌سره‌فكار)دا كه تايبه‌تمه‌ندييه سه‌ره‌كييه‌كه‌ى بريتييه له مه‌نع و قه‌ده‌غه‌كردنێكى ڕيشه‌يى: يه‌كسه‌ر چێژوه‌ربگره. به‌رده‌وام پێت‌ده‌ڵێن: "ته‌بعه‌ن ده‌بێت چێژوه‌ربگريت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ربه‌ڕاست بتوانيت چێژوه‌ربگريت ئه‌وا پێويسته به‌ر له‌هه‌ر شتێك به نه‌رمه‌ڕا و له‌سه‌ره‌خۆ هه‌نگاوبنێيت، ڕێژيم بكه‌يت و له‌ڕووى سێكسييه‌وه ئازارى كه‌س نه‌ده‌يت". له‌كۆتاييشدا، ديسپلينێكى گشتى ده‌خه‌يته سه‌ر جه‌سته‌ت. به‌ڵام ڕێبده‌ن با بگه‌ڕێينه‌وه بۆ باوه‌ڕ، بۆ ئه‌و كڵێشه‌يه‌ى كه پێى‌وايه ئه‌مڕۆ باوه‌ڕمان نه‌ماوه. دياره ئه‌مه جگه له نيمچه-ديبه‌يتێك هيچى تر نیيه: ئێمه له هه‌ر كات و سه‌رده‌مێكى تر زياتر خاوه‌نى باوه‌ڕين و ئه‌مه‌ش [كرۆكى] كێشه‌كه‌يه، وه‌كچۆن ڕۆبێرت پفاله‌ر باسيكردووه. بۆيه چه‌مكه‌كانى ديبه‌يته‌كه چيتر وه‌ك خۆيان نين. به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ى زۆرى فه‌يله‌سوفه‌كان له‌م ئاسته به‌رزه‌دا هه‌نگاونانێن بۆ ئاوڕدانه‌وه له‌م گرفت و ته‌حه‌دايانه، بۆيه به وه‌ڵامه نادرووسته‌كانيان وه‌ڕزمانده‌كه‌ن.
دياره خراپترين وه‌ڵام بۆ ناقۆڵاييه‌كانى ستايلى سه‌رده‌مى نوێ(New Age) ده‌خرێنه‌ڕوو، كه شیاوى ئه‌وه نين ناوى فه‌لسه‌فه‌يان به به‌ردا بكرێت. ده‌توانين لێره‌دا كۆمه‌ڵێك نمونه‌ى سه‌رنجڕاكێش بێنينه‌وه. گه‌ر ئێوه‌ش وه‌ك من چوونه‌ته ته‌مه‌نه‌وه، ئه‌وا سه‌يرێكى كتێبفرۆشييه‌كانى زانسته كۆمه‌ڵايه‌تى و مرۆڤايه‌تييه‌كان بكه‌ن، و به‌راورديان بكه‌ن به كتێبفرۆشييه‌كانى بيست‌وپێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ سێ قات زياتريان ده‌رباره‌ى حيكمه‌ت، ڕۆشنگه‌رى، و سه‌رده‌مى نوێن و به هه‌مان ڕێژه كه‌متر له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌وه قسه‌ده‌كرێت. زۆر ئاوڕمان له يه‌كه‌م وه‌ڵامى هه‌ڵه دايه‌وه، وه‌كچۆن پێشتريش زۆر ئاوڕيان لێداوه‌ته‌وه. دوو وه‌ڵامه نادرووسته‌كه‌ى تريش بۆ من، له‌وه‌ى يه‌كه‌م كێشه‌دارتر و پرۆبله‌ماتيكتر ده‌رده‌كه‌ون. كامه؟ حه‌زده‌كه‌م جارێكى تر بگه‌ڕێمه‌وه لاى باديۆ، كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه نابێت فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت له‌گه‌ڵ يه‌كتردا تێكه‌ڵبكه‌ين. ئه‌و له ده‌قه‌كه‌يدا ده‌رباره‌ى كۆتايى كۆمۆنيزم، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات كێشه‌ى تۆتاليتاريزم ئه‌وه‌يه كه ئێمه هێشتا تيۆرێكى كۆمه‌ڵايه‌تى-سياسيى گونجاومان نيیه تاكو بتوانين به‌هۆيه‌وه ديارده بێزاركه‌ره‌كانى وه‌ك نازيزم و ستالينيزم به‌پێى چه‌مكايه‌تييه تايبه‌ته‌كه‌ى خۆيان-وه‌ك پرۆژه‌ى سياسى- شيبكه‌ينه‌وه. ئه‌مه وه‌ڵامێكى خێرا و فاست‌فووديى فه‌لسه‌فييه كه خۆى له قاڵبى ته‌فسيرێكى قووڵدا پێشكه‌شده‌كات؛ له‌كاتێكدا له‌ڕاستيدا تاكه به‌ديله بۆ ئه‌وه‌ى واز له بيركردنه‌وه بێنين، خراپترين شت كه فه‌يله‌سوف ده‌توانێت لێره‌دا ئه‌نجاميبدات و به‌داخه‌وه زۆرجاريش هه‌روايه. ڕه‌نگه تووشى حه‌په‌سان و سورپرايز ببن(كه ئه‌و ڕێزه قووڵه‌ى بۆ ئه‌دۆرنۆ هه‌مه نابێته هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م شته نه‌ڵێم) كێشه‌ى دياله‌كتيكى ڕۆشنگه‌رىيش هه‌ر ئه‌مه‌يه. له‌جياتيى شيكردنه‌وه‌ى كۆنكرێتى، سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نمونه‌ى باڵا و بنچينه‌يى تێكه‌ڵوپێكه‌ڵى و پشێويى فه‌لسه‌فيدايه(به ماناى نه‌رێنيى وشه‌كه)، جۆرێك له شۆرتى[12] سياسى-ئۆنتۆلۆژى، واته كاتيگۆريى نيمچه ترانسێندێنتاڵى "پرۆژه‌ى ڕۆشنگه‌رى" كه بڕياره به‌جۆرێكى ڕاسته‌وخۆ و بێ‌نێوانگر ديارده‌ى تۆتاليتاريزم ته‌فسيربكات. نوسخه‌ى دواترى ئه‌م ژێسته درۆيينه فه‌لسه‌فييه، كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ى له بيركردنه‌وه "ڕامانده‌گرێت"، شۆرتێكى پۆست‌مۆدێرن له‌نێوان تۆتاليتاريزمى سياسى و چه‌مكه فه‌لسه‌فييه‌كه‌ى كۆيه‌تى(تۆتاڵێتى)دا درووستده‌كات: لێره‌دا هه‌ڵماڵين و ئاشكراكردنى ئۆنتۆلۆژى[13] وه‌ك ته‌فسيرێكى ڕاسته‌وخۆ و تاڕاده‌يه‌ك ترانسێندێنتاڵ، ديارده سياسى و كۆنكرێتييه‌كان له‌به‌رچاوده‌گيرێت. فه‌لسه‌فه‌ى پۆست‌مۆدێرن بۆ بێبايه‌خكردن و تڕۆكردنى -ڕووداو به مانا باديۆييه‌كه‌ى، واته پرسى نوێى پچڕێنه‌ر-، له‌برى فاكت ڕواڵه‌تى بيركردنه‌وه ده‌گرێته‌خۆى. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و شته‌يه كه له ماوه‌ى ده پانزه ساڵى ڕابردوودا، به له‌به‌رچاوگرتنى هۆڵۆكۆست و فۆرمه ڕيشه‌يى و وێنانه‌كراوه‌كانى تر‌ى خراپه له‌ئارادا بووه: واته قه‌ده‌غه‌كردنى شيكردنه‌وه‌ى ئه‌م دياردانه به‌و بيانووه‌ى كه هه‌ر جۆره ته‌فسير و لێكدانه‌وه‌يه‌ك، پێش هه‌ر شتێك خيانه‌تكردنه له قوربانييه‌كان، و ئه‌ركى ئێمه ته‌نيا بريتييه له پشتگيريكردنى شايه‌ته‌كان.
به بڕواى من، ئه‌م ئايديايه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه وه‌ستاوه كه ئێمه پێويستمان به ژيانكردنه له دنيايه‌كى نوقسان و ناكامڵدا، و هه‌ر جۆره به‌ديلێكى ڕاديكاڵيش دره‌نگ يان زوو سه‌رده‌كێشێت بۆ [كاره‌ساته‌كانى وه‌ك]گولاگ. سه‌باره‌ت به هه‌ر جۆره گۆڕانكارييه‌كى ڕيشه‌يى و ڕاديكاڵ، هۆشدارى و ئاگادارييمان ده‌ده‌نێ. له‌ڕاستيدا، كۆى ئه‌و گو‌تارانه‌ى له‌باره‌ى كرانه‌وه‌ى خۆمانن به‌ڕووى ئه‌ويترێتيى ڕيشه‌ييدا، ته‌نيا [ترساندن و] هۆشدارييه‌كه سه‌باره‌ت به گۆڕ‌انى ڕاديكاڵ! ئه‌مه‌يه ئايدۆلۆژياى فه‌لسه‌فيى پۆست‌مۆدێرن. به‌ته‌نيشت ئه‌م تێڕوانينه‌وه، به‌ر شتێك ده‌كه‌وينه‌وه كه به هه‌مان ڕاده جێى‌سه‌رنجه: نيۆكانتيزم. له فه‌ڕه‌نسا، ئه‌م نيۆكانتيزمه، له‌لايه‌ن ئالان ڕينۆ، لۆك فيرى، كه هه‌نوكه وه‌زيرى په‌روه‌رده و فێركردنه، نوێنه‌رايه‌تى‌ده‌كرێت، و له ئه‌ڵمانياش نوێنه‌ره‌كه‌ى بريتييه له هابه‌رماس-كه بيه‌وێت يان نا، ئه‌مڕۆ وه‌ك هه‌موومان ده‌يزانين، وه‌ك فه‌يله‌سوفى ده‌وڵه‌ت ئيشده‌كات- ئه‌و شته‌ى كه زۆرجار به‌شاراوه‌يى ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت له‌لايه‌ن "ئه‌زنار"ه‌وه، به‌ئاشكرا پاڵپشتيى لێكرا؛ ئه‌ويش ئه‌و كاته‌ى كه پێشنيارى ئه‌وه‌ى كرد هابه‌رماس وه‌ك فه‌يله‌سوفى ڕه‌سميى ده‌وڵه‌تى ئيسپانيا دامه‌زرێت. ئه‌مه چۆن ڕێى تێده‌چێت؟
پێموايه به‌شێوازێكى سه‌ركه‌وتووانه ئه‌م به‌زم و كێشه[14]يه‌م چاره‌سه‌ركردووه. جۆرێكى دياريكراو له نيۆكانتيزم كه ته‌واو فيتاوفيتى پێناسه‌كه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى ده‌وڵه‌ته(سه‌ربارى ئه‌وه‌ى خوليا و خۆشه‌ويستيم بۆ كانت هه‌يه). ڕۆڵ و كاركردى سه‌ره‌كيى فه‌لسه‌فه‌ى ده‌وڵه‌ت، له كۆمه‌ڵگاى سه‌رمايه‌داريى ديناميكيى ئه‌مڕۆدا چيیه؟ ئه‌م كاركرده ده‌بێت پاڵپشتى زه‌رووره‌ته‌كانى سه‌رمايه‌دارى بێت واته گه‌شه‌پێدان، زانستى نوێ، ته‌كنۆلۆژيا و بازرگانى؛ به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌بێت ڕێ له ئاكامه ڕيشه‌ييه ئه‌خلاقى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانيان بگرين. ئه‌مه ڕێك ئه‌و شته‌يه كه هابه‌رماس لانيكه‌م له به‌شداريكردنى له ديبه‌يته‌كانيدا سه‌باره‌ت به بايۆجينات ئه‌نجاميداوه. ئه‌و، ڕێگه‌چاره‌يه‌كمان به شێوازه نيۆكانتييه‌كه ده‌خاته به‌رده‌م: تۆ له زانسته‌كاندا ده‌توانيت ئه‌و هه‌موو شتانه ئه‌نجامبده‌يت كه ده‌ته‌وێت، به‌ڵام بيرتنه‌چێت كه ته‌نيا سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ كايه‌ى به‌رته‌سكى ديارده زانينييه‌كاندا هه‌يه. مرۆڤ وه‌ك سوبێكتێكى ئۆتۆنۆمى و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌خلاقى شتێكى تره، و ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌يه‌كدا داكۆكى له‌م كايه‌يه بكرێت. هاوشانى ئه‌وه، هه‌موو ئه‌و پرسه ساخته و درۆيينانه خۆيان ده‌رده‌خه‌ن: تا چ ڕاده‌يه‌ك ده‌توانين پێشى بايۆجينات بده‌ينه‌وه؟ ئايا بايۆجينات هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك نیيه بۆ سه‌ر ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆيى‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رييمان؟ به بۆچوونى من ئه‌مانه پرسيارگه‌لى هه‌ڵه و نادرووستن، به‌هه‌رحاڵ ئه‌مانه پرسيارى ڕاسته‌قينه‌ى فه‌لسه‌فى نين. تاكه پرسيارى ڕاسته‌قينه‌ى فه‌لسه‌فى له‌م بواره‌دا ئه‌مه‌يه: ئايا له ئاكام و ئه‌نجامه‌كانى بايۆجيناتدا شتێكى ئه‌وتۆ هه‌يه كه ناچارمانبكات ديسان ماهيه‌تى مرۆڤ، و شێوازه‌كانى بوونى مرۆييمان پێناسه‌بكه‌ينه‌وه؟
هه‌ربه‌ڕاستى شتێكى خه‌مگينانه‌يه كه ده‌بينم وا هابه‌رماس هه‌وڵده‌دات ئه‌نجامه ته‌قينه‌وه‌ئاساكانى بايۆجينات كۆنترۆڵبكات و ئاكامه فه‌لسه‌فييه‌كانى سنورداربكات. كۆى به‌شدارى و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى هابه‌رماس ده‌رخه‌رى ئه‌و ترسه‌يه كه ده‌شێت به‌شێوه‌يه‌كى بنه‌ڕه‌تى گۆڕان ڕووبدات، ترس له ڕه‌هه‌ندێكى تازه‌ى "مرۆڤ" كه ده‌شێت ده‌ركه‌وێت، و له‌م نێوانه‌دا ئايديا كۆنه‌كه‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى و شكۆى مرۆڤ به سه‌لامه‌تى ده‌رناچێت. كاردانه‌وه زياده‌ڕۆكانى هابه‌رماس زه‌ق و ديارن، بۆنمونه، ئه‌و له قسه‌كانى سلۆته‌ردايكه‌وه سه‌باره‌ت به بايۆجينات، كه ناچارمانده‌كات فۆرموله‌به‌ندييه‌كى تازه بۆ ئه‌خلاق بكه‌ين؛ ته‌نيا ده‌سكارييكردنى ڕه‌گه‌زيى[15] ناسيۆنال‌سۆسياليست ده‌بيسێت. ئه‌م تێڕوانينه بۆ پێشكه‌وتنى زانستى، "وه‌سوه‌سه‌ى وه‌سوه‌سه"[16]ى لێده‌كه‌وێته‌وه(ده‌رهه‌ق به به‌رهه‌ڵستيكردن). ئه‌و وه‌سوه‌سه‌يه‌ى كه ده‌بێت به‌ڕوويدا به‌رهه‌ڵستى بنوێنين بريتييه له‌و ڕوانينه نيمچه-ئه‌خلاقييه‌ى كه دۆزينه‌وه زانستييه‌كان وه‌ك وه‌سوه‌سه‌يه‌ك پيشانده‌دات كه ڕێگه‌مان‌پێده‌دات له كايه قه‌ده‌غه‌كانى ده‌سكاريكردنى بايۆجينات و هتد تێپه‌ڕين، و سه‌ره‌نجام كرۆكه هه‌ره ناوه‌كى و قووڵه‌كه‌ى بوونى مرۆييمان بخه‌ينه مه‌ترسييه‌وه.
ئه‌و قه‌يرانه ئه‌خلاقييه‌ى كه له‌لايه‌ن بايۆجيناته‌وه درووستبووه، له‌ڕاستيدا له‌و پێويستييه‌دا ده‌گاته لوتكه‌ى خۆى كه به‌شێوه‌يه‌كى ته‌واو پاساودراو ناوى ده‌نێين "فه‌لسه‌فه‌ى ده‌وڵه‌تى": فه‌لسه‌فه‌يه‌ك كه له‌لايه‌كه‌وه له هه‌ناوى خۆي‌دا له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه ته‌كنيكى و زانستييه‌كاندا هه‌ڵده‌كات، و له‌لايه‌كى تريشه‌وه هه‌وڵده‌دات شوێنه‌وار و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر نه‌زمى ڕه‌مزى/كۆمه‌ڵايه‌تييمان جڵه‌وبكات؛ به ده‌ربڕينێكى تر: ڕێ له گۆڕ‌انى وێنه‌ى ئه‌و جيهانه ئه‌خلاقييه/تيۆلۆژييه بگرێت كه هه‌يه. لێره‌وه جێى سه‌رسوڕمان نيه كه نيۆكانتييه‌كان زياتر ده‌ڕۆنه‌پێشێ: كانت خۆيشى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و مه‌سه‌له‌يه ببووه‌وه كه چۆن ده‌توانێت زانستى نيوتنى ڕوونبكاته‌وه، و هاوكات له ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى زانسته‌وه، قه‌ڵه‌مڕه‌وێكى به‌رپرسياريى ئه‌خلاقى مسۆگه‌ربكات. كانت، كايه‌ى ئيعتيبارى زانين(و زانست)ى سنورداركرد، ئه‌ويش به‌مه‌به‌ستى درووستكردنى فه‌زايه‌ك بۆ ئه‌خلاق و باوه‌ڕ. ئايا فه‌يله‌سوفه هاوچه‌رخه‌كانى ده‌وڵه‌ت له‌به‌رده‌م وه‌زيفه‌يه‌كى له‌م جۆره‌دا نين؟
ئايا هه‌وڵى ئه‌وان به‌و ئاراسته‌يه‌دا نیيه كه چۆن له‌ڕێگه‌ى نوسخه جياجياكانى ڕامانى ترانسێندێنتاڵه‌وه ده‌توانرێت زانست له ئاسۆ ماناييه سنورداره‌كه‌يدا قه‌تيسبكرێت، و پاشهاته‌كانى وه‌ك شتێكى "په‌سه‌ندنه‌كراو" له كايه‌ى دينى/ئه‌خلاقييدا سه‌رزه‌نشتبكرێت؟ ئه‌وه‌ى جێى‌سه‌رنجه ئه‌وه‌يه كه ته‌نانه‌ت پێشنياره‌كه‌ى سڵۆته‌ردايكيش كه له‌سه‌ر سه‌نتێزێكى (هيومانيستى) به‌نده له‌نێوان حه‌قيقه‌ته زانستييه نوێيه‌كان و ئاسۆى كۆنى مانادا، ته‌نانه‌ت گه‌ر به ناسكتر و گوماناوييتر و ئايرۆنييترى بزانين له "فه‌لسه‌فه ده‌وڵه‌تى"يه‌كه‌ى هابه‌رماس، سه‌ره‌نجام ته‌نيا به‌هۆى سنورێكى نه‌سه‌لمێنراوه‌وه لێى جياده‌كرێته‌وه. به ده‌ربڕينێكى ده‌قيقتر: پێشنيار و پرۆپۆزه‌ڵه‌كه‌ى سلۆته‌ردايك، له‌نێوان ئاشتى و سازشه[17] هابه‌رماسييه‌كه و ناقۆڵاييه‌كانى سه‌رده‌مى نوێ‌دا له هاتوچۆدايه.
له‌كاتێكدا كه خه‌ريكى باسكردنى فه‌لسه‌فه و سياسه‌تين، پێموايه لێكدانه‌وه‌يه‌كى گشتييش سه‌باره‌ت به مردن [و مراندنى] قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت خۆى حه‌شارداوه. عاقيبه‌تى قوتابخانه‌ى فرانكفۆرت چیيه؟ ئه‌ى چۆن بچه‌مكێنرێت؟ گوزاره بنه‌ڕه‌تييه‌كه‌ى بريتييه له دياله‌كتيكى ڕۆشنگه‌رى: واته ئه‌و ئايديايه‌ى كه پرۆژه مۆدێرنه‌كه‌ى ڕزگارى، عه‌يبه و نوقسانييه‌كى بونياديى هه‌يه. هه‌موو شته ترسناكه‌كانى وه‌ك تۆتاليتاريزم و هتد، خڵته و پاشماوه‌ى ڕابردوو نين، به‌ڵكو به‌رهه‌مى لۆژيكيى ئه‌م [پرۆژه مۆدێرنه‌ن]. ڕێم‌بده‌ن ئه‌مجاره‌يان وه‌ك كه‌سێكى حه‌پۆل و ساويلكه، ئاوڕ له‌م پرسه بده‌مه‌وه. لێره‌دا ده‌ڵێم كۆمۆنيزمى ستالينى، باش‌ترين نمونه‌ى ئه‌م پرسه ده‌بوو؛ چونكه ئه‌گه‌ر چه‌مكه ته‌واو گێلانه و ساده‌كان به‌كاربێنين، ئه‌وا فاشيزم په‌رچه‌كردارێكى كۆنه‌پارێزانه بوو. كه‌سانێك له‌پشت ئه‌مه‌وه بوون-ديسان به‌شێوه‌يه‌كى ساويلكانەتر-نيه‌تيان ئه‌نجامدانى خراپه‌يه‌كى زۆر بوو و به‌فيعلييش ئه‌نجامياندا(چ سه‌رسوڕهێنه‌ره!). تراوما ڕاسته‌قينه‌كه، ستالينيزمه. پرۆژه‌ى كۆمۆنيستى(كه هيوامه ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمدا كۆك بن) به پۆتانشێڵێكى به‌هێزى ڕزگاريخوازانه‌وه ده‌ستيپێكرد و پاشان به‌لاڕێدا ڕۆيشت. ئه‌مه تراوماى دياله‌كتيكى ڕۆشنگه‌رييه. به‌ڵام ئێمه له تيۆرى ڕه‌خنه‌يى‌دا چه‌نده له‌مانه ده‌بينينه‌وه؟ هيچكام له‌مانه نابينينه‌وه. كتێبه‌كه‌ى فرانتس نويمان به‌ناوى بێهيموث، خراپترين جۆرى كۆمه‌ڵناسيى ژۆرناڵيستييه كه ده‌كرێت وێناى‌بكه‌يت؛ ئه‌و كتێبه‌ى كه له‌سه‌ر ئايدياى نزيكبوونه‌وه و به‌يه‌كگه‌يشتن(convergence) به‌نده، كه به‌وپێيه گوايا پ