A+    A-
(2,272) جار خوێندراوەتەوە

 

 

                   لە "خودا"وە بۆ "کاڵا"

 

 

 

 

زه‌رده‌شت نوره‌دين                                                                            pdf

 

 

 

               

 

دەرکەوتنی فۆیەرباخ خاڵی وەرچەرخان بوو لە فەلسەفەی ئەڵمانیدا کە پوکانەوەی ئایدیالیزمی ئەڵمانيی بەشوێن خۆیدا هێنا و هاوکات بووە هۆی بوژانەوەی ماتریاڵیزم. فۆیەرباخ ئەگەرچی قوتابيی هیگڵ بوو بەڵام هەر زوو دەستبەرداری هزری هیگڵ بوو و وەک یەکێک لە هیگڵییە چەپەکان ڕەخنەی میراتی هیگڵی کرد.  ئەنگڵس ئاماژەی پێدەدات گرنگيی فۆیەرباخ لەوه‌دا بوو کە جارێکی تر ڕۆحی کردەوە بەبەر ماتریاڵیزمدا. مارکس و ئەنگڵس بەقووڵی کەوتنە ژێر کاریگەريی فۆیەرباخەوە بەڵام دواتر بەقووڵیش ڕەخنەیان کرد و پێیانوابوو فۆیەرباخ کاتێک لەسەر مێژوو قسەدەکات ماتریاڵیست نییە و کاتێکيش لەسەر ماتریاڵیزم قسەدەکات مێژوويی نییە. لەم پنتەوە ئاسۆی فەلسەفيی ماتریاڵیزمی دیالەکتیک کرایەوە.

لێرەدا قسە لەسەر فەلسەفەی فۆیەرباخ یان خودی فۆیەرباخ بەگشتی ناکەین و تەنانەت لەسەر فەلسەفەی فۆیەرباخیش ڕاناوەستین. ئەوەی لێرەدا دەیکەین پیادەکردنی جۆرێکە لە ئاناکرۆنیزمی پێچەوانە بەو مانایەی لەجیاتيی ئەوەی تێزەکانی فۆیەرباخ بهێنین بۆ ئەم سەردەمە کە سەرمایەدارییە ئەوا سەرمایەداری دەخەینە ناو هەندێ لە تێزە فەلسەفییەکانی فۆیەرباخەوە و جارێکی تر تێزەکانی دادەڕێژینەوە و دەرەنجامگیريی نوێی لێدەکەین. ئەم کارەش لەگەڵ فەلسەفەدا زیاتر لە هەموو شتێکی تر شیاوترە. لەبەرئەوەی وەک هیگڵ ئاماژەی پێدا باڵندەی فەلسەفە کاتێک لە شەقەی باڵ دەدات کە ڕۆژی ڕووداوەکان، کۆتایی هاتبێت و شەوی لێکدانەوە لە دەرکەوتندا بێت. لەم مانایەدا فەلسەفە هەمیشە ڕووی لەدواوەیە و بەره‌و دواوە ئاوڕدەداتەوە. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە دەشێت بە دواکەوتنی فەلسە بەرانبەر سیاقی خۆی دایبنێین. بەو مانایەی فەلسەفە دەشێت هەمیشە لەسەر ڕابڕدوو قسە بکات. هەرچەندە دواتر لە مارکسیزمدا گۆڕان بەسەر فەلسەفەدا دێت.

فۆیەرباخ  پێی‌وابوو چاخی مۆدێرن بەگشتی و فەلسەفەی مۆدێرن بەتایبەتی بە ئاراستەی بەمرۆڤانەکردنی خودا کاریکردووە و خودای لە بوونێکی ئەبستراکت و هەستپێنەکراوەوە گۆڕیوە بۆ بوونێکی هەستپێکراو و دەرکەوتوو لە سیفەتە مرۆییەکاندا. بەم پێیەش عیسا دواوێستگەی ناونیشی خودایە لە مرۆڤدا و بەمرۆڤبوونی خودایە و فەلسەفەی مۆدێرنیش بەقووڵی بەم ئاراستەيه‌دا کاریکردووە. بۆ فۆیەرباخ، لوتکەی فەلسەفەی مۆدێرن هیگڵە کە لەڕێگەی فەلسەفاندنی ئەندێشەئاسا[1]وە بوونی پەتيی کردووە بە ئۆبێکت و بابەتی فەلسەفاندن کە خودایە. بەم پێیەش خودا ناونشین دەبێت و لە فەلسەفەی مۆدێرندا دێتەدی.  لە بنەماكانی فەلسەفيی داهاتوودا دەڵێت: "وەزیفەی چاخی مۆدێرن، هێنانەدی و به‌مرۆڤانەکردنی خودا بوو – گۆڕین و توانەوەی تيۆلۆژيا و خواناسی [بوو] بۆ مرۆڤناسی".

کەڵکەڵەی سەرەکيی فۆیەرباخ گۆڕینی خواناسی بوو بۆ مرۆڤناسی، ئه‌ويش بەو مانایەی کە ئەو سیفەت و خه‌سڵەتانەی کە بە خودا دراوە، ئەوە لە بنەڕەتدا خه‌سڵەت و سیفەتی مرۆڤانەن و هی مرۆڤن بەڵام لە پرۆسەیەکی  مێژووییدا کە پرۆسەی نامۆبوونی مرۆڤە بە خودا دراوە؛ بۆیە دەبێت لە خودا بسەنرێتەوە و بە مرۆڤ بدرێتەوە بۆئەوەی لەو نامۆبوونە ڕزگاری ببێت. بەدەربڕینێکی تر، سیفەتە مرۆییەکان لە مرۆڤ داماڵراوە و هەمان سیفەت باڵاکراوە و بەخودا دراوە و لە دەرەنجامدا مرۆڤ بەشێوەیەکی ناوەکی هەژار و کڵۆڵ بووە و بەرانبەر سیفەتەکانی خۆی کە لە بوونێکی زەینی و سوبێکتیڤی تردا بەرجەستەبووە کە ئەویش خودایە.

ئەم داواکارییەی فۆیەرباخ درەنگ هاتبوو و لە سیاقە مێژوویی و هەلومەرجە ماتریاڵییەکەی دواکەوتبوو. فۆیەرباخ ئەگەر لە پێگە مێژووییەکەی ئەفلاتوندا بووایە، ئه‌وا ڕه‌نگه‌ مێژووی فەلسەفە بەجۆرێکی تر بووایە. بەڵام ئەم ئەگەرە تەواو لاوازە. لەبەرئەوەی فەلسەفەی فۆیەرباخ دەرەنجامی بەلوتکەگەيشتنی تيۆلۆژيى فەلسەفییە و هاوکات وه‌ڵامدانەوە پێش خۆیەتی. ڕێك سیاقە مێژووییەکه‌ی فۆیەرباخ دەرکەوتنی دڕندانەی سەرمایەدارییە بەتایبەتی لە بەریتانیا. ئەوەی کە ژیانی مرۆڤی تاڵدەکرد و تووشی نامۆبوونی دەکرد چیدی خودا و خوداناسی نەبوو بەڵکو کارکردن و پرۆسەی کارکردن بوو له سەرمایەداریدا. ئەوەی مرۆڤی لە مرۆڤ دادەبڕی، ئەوەی مرۆڤی دەکرد بە دوژمنی مرۆڤ و ئەوەی کێبڕکێی دوژمنکارانەی بەسەر مرۆڤدا دەسەپاند چیدی خودا نەبوو. بەڵکو کارکردن بوو لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بە گوێرەی خواستەکانی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان. چیدی ئەوەی مرۆڤی دەترساند پێشبینییە ئاخرزەمانییەکانی یۆحەنا یان باسوخواسی دۆزەخ نەبوو بەڵکو ململانێی بێڕەحمی نێوان کرێکارەکان بوو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی ڕووت.

دەشێت وتەکەی فۆیەرباخ لە مێژوویەکدا کە سەرمایەداری داینەمیک و بزوێنەرێتی بەم شێوەیە دایبڕێژینەوە: "وەزیفەی چاخی سەرمایەداری، هێنانەدیى جەوهەرى کاڵایی و بەکاڵاکردنی [تەواوەتيی] مرۆڤە – گۆڕین و توانەوەی مرۆڤناسییە بۆ کاڵاناسی".

کاڵاناسی لێرەدا توانج یان مەجاز نییە بەڵکو ڕاوەستانە لە کۆتایی سەرمایەداريیدا و سەیرکردنی مرۆڤە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا، وەک چۆن لە ئێستادا مرۆڤناسەکان بۆ ئەوەی لە مرۆڤ بکۆڵنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی مرۆڤ ئەوا ئەگەر لە کۆتایی سەرمایەدارییەوە مرۆڤناسەکان بیانەوێت لە مرۆڤ تێبگەن و لێکۆڵینەوەی لێبکەن ئەوا دەبێت کاڵا بکەن بە ئۆبێکت و بابەتی لێکۆڵینەوەیان، بۆئەوەی لە مرۆڤ تێبگەن. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت لە کۆتایی سەرمایەداریدا مرۆڤ بەتەواوەتی هاوشوناسی کاڵا بووە و بووە بە کاڵا. بەدەربڕینێکی تر، کاڵاناسی نزیکبوونەوەیە لە دوائیمکانی مرۆڤ و پیشاندانی دوا وێنەی مرۆڤە لەسیستەمی سەرمایەداريیدا. کەشفکردن و باسکردنی کاڵا بە مانای کەشفکردن و شیکردنەوەی ڕەهەندە شاراوەکانی مرۆڤە. لەم پنتەوە دەشێت ڕوونتر لە دڵنیگەرانی، خەم، قەلەقی، هیچگەرايی، پوچی و ... هتد مرۆڤ تێبگەین.

فۆیەرباخ لەدرێژەی باسەکەیدا دەڵێت: "خودا تەنیا ئۆبێکت و بابەتی مرۆڤە و بەس؛ و ئۆبێکتی و بابەتی ئاژەڵ نییە. بەڵام ماهیەت و چییەتيی بوونێک تەنیا لە ڕێگەی ئۆبێکت و بابەتەکەیەوە دەناسڕرێت". بۆ نمونە، گۆرانیبێژ کە ئۆبێکتەکەی گۆرانییە لەگەڵ قورئانخوێن کە ئۆبێکتەکەی قورئانە؛ ئەوا هەردووکیان لە ڕێگەی ئۆبێکتەکەیانەوە لەیەک جیا دەکرێنەوە. بەم پێیەش ئەوە ئۆبێکت و بابەتە کە ماهییەت و چییەتيی سوبێکت و  بکەر دەستنیشاندەکەن. لەم پنتەوە فۆیەرباخ پێى‌وابوو کە خودا ماهیەت و چییەتيی مرۆڤی وەرگرتووە و لە دەرەوەی مرۆڤ بووە بە بوونێکی سەربەخۆ و باڵا. مرۆڤ لە بەرانبەر خودادا یان باشتر بڵێم مرۆڤ لە بەرانبەر سیفەتە باڵابووەکانی خۆیدا لە بوونێکی تری باڵادا ملکەچ و زەلیل بووە. بۆ فۆیەرباخ ئاگامەندبوونی مرۆڤ بەم پرۆسە و گێڕانەوەی سیفەتە مەعنەوییەکانی خودا بۆ مرۆڤ، بە مانای ڕزگاری مرۆڤ دادەنێت. بەڵام ئەمە تەنیا دەشێت ڕزگارییەکی ئایدیالیستانە بێت.

لەبەرانبەردا، دەشێت وتەکەی سەرەوەی فۆیەرباخ لە ئێستادا، بەم شێوەیە دەستکاری بکەین: "کاڵا تەنیا ئۆبێکت و بابەتی مرۆڤە و بەس؛ و ئۆبێکت و بابەتی ئاژەڵ نییە. بەڵام ماهییەت و چییەتیى بوونێک تەنیا لەڕێگەی ئۆبێکت و بابەتەکەیەوە دەناسرێت". لێرەدا بەر شتێک دەکەوین لە خودا مەلموستر، ڕەقتر  و ترسناکتر. شتێک لە خودا بەردەستتر، گەردوونیتر و واقیعیتر. لێرەدا بەر حزووری ناونشینی کاڵا دەکەوین و یەکسەر و بەبێ هیچ بەرەنگارییەک دەکەوینە ژێر ڕکێڤییەوە. ئەگەر لە وێنای خودادا لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر یان لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی تر یان تەنانەت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تێگەشتن و دەرکەوتنی خودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتبا ئەوا ئەمە بۆ کاڵا هیچ ڕاست نییە. ئەگەر بۆ خوداکان بکرابا بەشێوەی سوبێکتیڤ و زەینی وەک فۆیەرباخ دەڵێت خۆت لە ژێر ڕکێڤیان ڕزگار بکردایە. ئەوا ئەم ڕزگارییە بۆ کاڵا بە شێوەی سوبێکتیڤ و زەینی بوونی نییە. کاڵا بەپێچەوانەی خوداوە ئاتەیزم و ئیلحاد قبوڵناکات. لە سیستەمی سەرمایەداریدا مرۆڤ ناتوانێت بەرانبەر کاڵا، هەڵوێستی بێ‌باوەڕی و ناملکەچی وەرگرێت.

کەواتە ئەوە مرۆڤە کە ماهیەت و چییەتيی کاڵا وەردەگرێت و کاڵاش ماهیەت و چییەتيی مرۆڤ وەردەگرێت؛ ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە کاڵا لە مرۆڤ وەک بوونێکی ئاگامەند دەسەڵات و سەربەخۆيی دادەماڵێت و تەواو پابەند و مولتەزیمی دەکات بەخۆیەوە، و لەبەرانبەردا کاڵا دەبێتە بوونێکی سەربەخۆ، جادوويی و ئوستورەیی لە هەموو شوێن و کاتێکدا هەیە. مرۆڤ لەڕێگەی کاڵاوە شوناس و پێگە لەناو کۆمەڵدا وەردەگرێت و هاوکات شوناس و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بە کاڵا دەبەخشێت. بەدەربڕینێکی تر، مرۆڤ لەڕێگەی ئۆبێکتی کاڵاوە، دەبێت بە سوبێکتی کاڵا، بەم پێیەش پەیوەنديی نێوان دوو مرۆڤ دەبێتە پەیوەنديی نێوان دوو سوبێکتی کاڵا.

فۆیەرباخ ئاماژە بەوەدەدات کە "تەنیا بوونە یەکسانەکان، ئۆبێکت و بابەتی یەکسانن بۆ یەکتر؛ واتە بوونەکان بە هەمان شێوەی کە لەخۆدا بوونیان هەیە". بوونی یەکسان لێرەدا بەمانای ئەوە نایەت هەردوو بوونەکە یەک شت بن. بەڵکو بە مانای ئەوە دێت کە بوونەکان بەگوێرەی خۆیان و لەسەر بنەمای خۆیان یان لە خۆدا شوناس وەرگرن و پێناسە ببن. لێرەدا ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا تارمایی عیرفان دەردەکەوێت بەڵام لە کرۆکدا لە عیرفان دوورە. لە "خود"دا شوناس وەرگرتن بە مانای ئەوەیە نایەت کە بە شێوەیەکی ناوەکيیانە تەنیا لە خودی خۆتەوە شوناس وەرگریت و بەڕەهايی ناوەکی ببیتەوە و لە دەوروبەرت داببڕێی بەڵکو پێچەوانەی ئەمەیە. شوناس لە "خود"دا لە ڕێگەی ئەویترە، کە نەبووە بە کاڵا، وەردەگریت و ئەویتر کە کاڵا نییە دان بە بوونتدا دەنێت و خۆتدەناسیتەوە. لە پرۆسەیەکی لەم چەشنەدا پەیوەندی و شوناسوەرگرتن نابێتە کاڵایی. لەم پنتەوە سوبێکتی کاڵا کە مرۆڤی ناو سیستەمی سەرمایەدارییە، سەربەخۆ و لە خۆدا شوناس وەرناگرێت بەڵکو لە ڕێگەی ئەویتری کاڵاوە شوناس وەردەگرێت. پەیوەنديی نێوان دوو سوبێکتی کاڵا، پەیوەندييه‌كی یەکسان نییە؛ ئەو دوو بکەر و سوبێکتە لەڕێگەی خودی خۆیانەوە لەویتردا پێناسە نابن و شوناس وەرناگرن. بەڵکو لە هەرکامیان بەجیا، پێشوەختە و پێش ئەوەی بچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ سوبێکتەکەی تردا لەڕێگەی ئەویتری کاڵاوە شوناس وەردەگرن و پاشان لەگەڵ ئەویتردا، پەیوەندی درووستدەکەن کە پەیوەندییەکی میکانکی کاڵایی دەبێت. ئەمەش دەرخەرەی ئەوەیە کە پەیوەندی لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا، پەیوەندييه‌كی مرۆڤانە نییە بەڵکو پەیوەندييه‌كی کاڵاییە.

دەسپێک لەلای هیگڵ لە کتێبی "زاستی لۆژیک"دا "بوونی پەتی"[2]ـە و دیارە بوونی پەتيیش بوونێکە کە لە هەموو چۆنییەتیەک و چەندێتییەک داماڵراوە و لە هەموو شت ئەبستراکت بووە. بەم پێیەش دەسپێک لای هیگڵ هیچ پێشگریمانەیەکی نییە[3] و سەرەتایيترین، بەرایيترین، باڵاترین، و داماڵراوترین بوونە کە لەهەموو بوونەکانی تردا هەیە. بەدەر،بڕینێکی تر بوونی پەتی، پنتی هاوبەشی نێوان هەموو بوونە جۆراوجۆر و دژبەیەکەکانە. فۆیەرباخ بە بوونی پەتيی هیگڵی دەڵێت خودا. جارێکی تر لێره‌دا دەستکاريی گوزارەکانی فۆیەرباخ دەکەینەوە و دەڵێین لە سیستەمی سەرمایەداریدا بوونی پەتی بریتییە لە "کاڵای پەتی". کاڵای پەتی لێرەدا بەمانای ئەو دوو خه‌سڵەتە سەرەکییە دێت کە هەموو کاڵایەک هەیەتی کە ئەوانیش بریتین لە بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای مەسرەفکردن. کاڵای پەتی بوونی ئەبستراکتی هەموو کاڵاکانە کە هیچ خەسڵەتێکی چۆنییەتی و چەندێتيی دیاریکراوی نییە. بەڵکو کاتێک وەری دەگریت کە کۆنکرێتی دەبێتەوە و لە شێوەی کاڵایەکی دیاریکراودا دەردەکەوێت. کاڵای پەتی پنتی هاوبەشی نێوان هەموو کاڵاکانە و پێناسەکەر و شوناسپێدەری هەموو کاڵایەکە. لەم ڕووە خودی ئەو شتەی کە لە سیستەمی سەرمایەداریدا بووە بە کاڵا، لە خۆیدا هیچ گرنگییەکی نییە بەڵکو تەنیا لە پێگەی کاڵادا یان وەک کاڵا گرنگە. بەدەربڕینێکی تر، تەنیا بوونی پەتيی کاڵاکان گرنگە نەوەک هیچ شتێکی تری کاڵاکان. لەبەرانبەردا کاڵابوون هیچ پەیوەندییەکی ناوەکی یان ئۆرگانیيی بە شتەکەوە نییە و ئەمەش نامۆبوونى شتەکان دەردەخات. دەشێت پیرۆزترین شت یان تەنانەت شتێکی بێزراو و دزێوی  کۆمەڵایەتی ببێتە کاڵا. کەواتە کاڵابوون پێوەری ڕاستەقینەی هەڵسەنگاندنی هيچ شتێک نییە."کاڵای پەتی" یان جەوهەری کاڵایی، نەفیکەرەوەی کرۆکی ڕاستەقینەی شتەکانە و ئۆبێکتەکانە و بەربەدەرکەوتنی جەوهەری شتەکان و ئۆبێکتەکان دەگرێت. لە سیستەمی سەرمایەداریيدا ئۆبێکتەکان و شتەکان تەنیا لە پێگەی کاڵادا بەهایان دەبێت و شتێک کە نەبێت بە کاڵا هیچ بەهایەکی نییە و بگرە بوونیشی نییە.

دوا وتەی فۆیەرباخ کە لێره‌دا ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە "بوونی مرۆڤ پەیوەنديی هەیە بە بوونی ئۆبێکت و بابەتەکانيەوە؛ ئەگەر ئێوە هیچ ئۆبێکت و شتێکتان نەبێت ئەوا هیچ بوونێکتان نییە". دەشێت ئەمەشی بۆ زیاد بکەین کە شت و ئۆبێکت لە سیستەمی سەرمایەداریدا تەنیا وەک کاڵا یان لە پێگەی کاڵادا بوونی هەیە. لێرەوە دەشێت بگەین بە بنەڕەتێکی ئۆنتۆلۆژيی سیستەمی سەرمایەداری کە ئەویش بریتییە لە؛ کاڵات هەیە کەواتە بوونت هەیە". لەسەر ئەم بنەڕەتە مرۆڤ لەناو سیستەمی سەرمایەداريیدا هەڵدەسەنگێنرێت بەم شێوەیە تا کاڵات زیاتر بێت زیاتر بوونت کاڵایی دەبێت و تا زیاتر بوونت کاڵایی بێت ئەوا گرنگتر و پێگەی کۆمەڵایەتیت بەرزتر  دەبێت.

دواجار وەک مارکس ئاماژەی پێدەدات "لەگەڵ لەناوچوونی هەموو پەیوەندییە نەگۆڕ و چەقبەستووەکاندا، قەتارەی کۆنی دەمارگیری و باوەڕە پیرۆزەکانیشیان لەناودەچێت [وپەیوەندیى تازە درووستدەبێت] و هەموو پەیوەندییە تازە درووستبووەکان پێش ئەوەی [بەشێوەیەکی نوێ] پتەو و جێگربن، خه‌سڵەت و تایبەتمەندیى کۆن وەردەگرن."

لێرەدا بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە سەرمایەداری ناتوانێت بەهای نوێ و جێگیر دامەزرێنێت و هاوکات بەها کۆنەکانیش ناجێگیر و شلدەکاتەوە کە چیدی ناتوانێت وەک پێشتر كۆمه‌ڵگا ئاراسته‌بکات. لەم پنتەوە کاڵا ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئۆبێکتیڤ شوێنی خودا دەگرێتەوە، بەڵام ناتوانێت بەتەواوەتی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی خودا، بۆیە خودا دەگەڕێتەوە بەڵام لە فۆرمی کاڵا و پەیوەنديی کاڵاییدا.

 

 

 

 

 

 

 


[1]- speculative philosophizing

[2]- Pure Being

[3]- لەڕاستیدا هیگڵ خۆی ئەم بانگەشەدەکات و پێی‌وایە یەکەم کەسە کە لە مێژووی فەلسەفەدا ئەو پرسە بنەڕەتییە ئۆنتۆلۆژییەی چارەسەرکردووە کە بەبێ پێشگریمانە ئۆنتۆلۆژیاکەی خۆى دەستپێدەکات و فۆیەرباخیش پێى‌وایە توانیویەتی ئەوە بکات بەڵام دواتر لەلایەن فەیلەسوفانی ترەوە ڕەخنەدەکرێت کە بەو جۆرە نییە و دەسپێکی هیگڵیش پێشگریمانەی هەیە. بەڵام ئێمە لێرەدا لە تێگەی فۆیەرباخەوە باس لە دەسپێکی هیگڵی دەکەین.