A+    A-
(1,853) جار خوێندراوەتەوە

 

ئایا کۆمپانیاکان سیستەم گەندەڵدەکەن...یان کێشەکە خودی سیستەمی سەرمایەدارییە؟

 

 

 

 

 ڕیمۆند لۆتا

وەرگێڕانی: زەردەشت نورەدین

                                                                                                                                          به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌

 

 

 

گومانى تيا نییە توڕەیی خەڵک دەرهەق بە کۆمپانیاکان و بانکەکان ڕاستە. سەیری ئەو کارە بکەن کە ساڵی پار [کۆمپانیای نەوتی بەریتانی کە نێۆدەوڵەتییە بەناوی] بریتیش پترۆلیۆم[1] لە کەنداوی مەکسیک کردی و بووە هۆی گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لە مێژووی ئەمریکادا.

خەڵکی مافی خۆیانە لە بانکەکان توڕەبن. ئەم بانکانە لە ڕێگەی بەگەڕخستنی داراییەوە قازانجی زۆر گەورەیان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە ملیۆنان خەڵک، لە ماڵەکانیان دەربکرێن [و بکەونە ژێرباری قەرزەوە]. لە ئەنجامی ئەوەی کە داهاتووی کاڵا خواردەمەنییەکان تێکەڵ بە پرۆسەی قەرز و سوو کرا[2]،  نرخی خواردەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشا و بووە هۆی برسێتيی ملیۆنان کەس و قاتو‌قڕيی خۆراکی لە وڵاتانى جيهانى سێيه‌مدا.

ئاگادارن کە بەم دوایيانە، ستێڤ جۆبز مرد و چۆن بە شان‌وباڵیدا هەڵدەدرێ و ستایشدەکرێت لەبەرئەوەی کۆڵنەدەر بوو لە "بەدیهێنانی خەونی کامڵگەرایی"[3]دا. لە کاتێکد بەبێ بوونی تۆڕێکی گەورەی جیهانیی چەوساندنەوە، نە ئەپڵ دەکرا بوونی هەبێت و نە ستێڤ جۆبز. بەبێ بوونی زنجیرەیەکی بەرهەمهێنانی جیهانی کە لە سیلیکۆن ڤالی[4]ـەوە  بەڕێوەدەچێت ئەمانە نەدەبوونە ئەپڵ و ستێڤ جۆبز. لەبارەی بەرهەمهێنەرە قۆنتەراتچییەکانی وەک فۆکسکان[5]‌ـەوە دەدوێم کە لە چین ئای-فۆن و ئای-پاد تەجمیع دەکەن و کرێکاران ناچاردەکەن ٦٠ سەعات لەهەفتەدا، لەو کارگانەدا کار بکەن کە پیسبووە بە مادەی کیمیایی کوشندە و ژەهراوی[6]. ئەمە لە هەلومەرجێکدا ڕوودەدات کە کرێکاران لە سەرەتايیترین مافەکانیان بێ‌بەشن و هەندێ جار لەوپەڕی بێ‌هیوايیدا خۆیان دەکوژن.

  • کۆمپانیاکان و بانکەکان بەشێکن لە شتێکی گەورەتر:

ئەگەر لە بانکەکان و کۆمپانیاکان و ئەو ئیشانەی کە دەیکەن بێزارین و دەمانەوێت بەرەنگاریان بینەوە، ئەوا دەبێت لەو سیستەم و بونیادە وردبینەوە کە ئەمانە بەشێکن لێی. ئەمانە بەشێکن لە شتێکی گەورەتر، واتە بەشێکن لە سیستەمی سەرمایەداری کە بەگوێرەی داینامیکی دیاریکراو[7] کاردەکەن.

سەرنج بدەن؛ بەبەردەوامی بانکەکان و کۆمپانیاکان جێگیرنین و گۆڕانکاريیان بەسەردا دێت و بێ‌وچان دەکڕدرێن و دەفرۆشرێنەوە. ئەوان [هەندێجار] یەکدەگرن وەک؛ جی.پی مۆرگان[8] و چەیز[9] و تیکساکۆ[10] و شێڤرۆ[11] و [هەندێجاریش] لەئەنجامی کێبڕکێ و قەیرانەوە تووشی داڕمان و مايه‌پووچى دەبن. یان وەکو لێمەن برازەر[12] دەچنە ناو 'هێڵە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانەوە' و لێی‌دێنەدەرەوە. وەک ئەوەی بەسەر ئای‌بی‌ئێم و پی‌سی دا هات، یان ئەپڵ کە چووە ناو قەڵەمرەوی گۆگڵەوە.

بانک یان کۆمپانیا سنوربڕ و فرەنەتەوەییەکان[13]، لەگەڵ سەرمایەی جیهانی، ئەو سیستەمە ئابوورییە دەنوێننەوە کە تێیدا دەژین. کۆمپانیا سنوربڕ و فرەنەتەوییەکانی وەک توێتا(کە ئۆتۆمبیل بەرهەمدێنیت) و ئێکسۆن‌مۆبیل[14] (کە نەوت هەڵدەگۆزێت و دەریدێنێت)یەکەکانی بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی قازانجن. بانکەکان ئەو یەکانەن کە لەڕێگەی کردارە ناڕاستەوخۆکانی وەبەرهێنانەوە قازانجکردن ده‌گه‌يه‌ننه‌ لوتكه‌. کۆمپانیا بریتییە لە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی کاری کرێگرتە بەشێوەیەکی سیستەماتیک و ڕێکخراو. ئامرازێکە کە کڕین و فرۆشتنی پێدەکرێت و سەرچاوە سرووشتییەکانی پێ بەدەستدەهێنرێت، وەک کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت کە دەڕۆن بۆ بەستەڵەکەکان. ئەم کۆمپانیا و بانکانە ئامرازی چینی سەرمایەدارن بۆ خاوەندارێتی و کۆنترۆڵ [و دەستبەسەراگرتنی سامانی وڵات] بەڵام تاکە ئامراز نییە.

ئەوەی گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە ئەم بانک و کۆمپانیایانە داشن لە یاریی جیهانی شەترەنجی ئیمپریالیزمی سەرمایەداریيدا. بەلام تاکە داشی [چینی سەمایەدار] نین. ئەم یاریی شەترەنجە، ئەم گۆڕه‌پانه‌ بێ‌ڕەحمەی یاری، هەڵگری یاسای تایبەتی خۆیەتی. ئەگەر یاریچی یاریی باسکە وەک یاریی تۆپی شەق لە تۆپ بدات ئەوا یارییەکە تێکدەچێت. کەواتە با سەرنجی ئەم یاسایانەی یاريی سەرمایەداری بدەین.

 

سەرمایەداری بەگوێرەی ڕێسای دیاریکراوی خۆی کاردەکات:

یاسای ژمارە یەک: هەموو شتێک کاڵایە و قازانجکردن، ئامانجی هەموو شتێکە کە ئەنجامدەدرێت [واتە هەموو کار و چالاکييه‌كی مرۆڤ لەپێناوی قازانجکردندایە]. لە سەرمایەداريیدا هەموو شتێک بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ یان فرۆشتن بەرهەمدێت. بۆ ئەوەی بفرۆشرێن دەبێت کەڵکیان هەبێت. لەبنەڕەتدا پێوانە و پاڵنەری هەرشتێک کە بەرهەمدێت هەر لە ماڵەوە بیگرە تا کۆمپیوتەر و دەرمان و سوتەمەنی بریتییە لە قازانج. قازانج لە چەوساندنەوەی بە میلیار مرۆڤی سەر ئەم گۆی زەوییەوه بەدەستدێت.

لە سەرمایەداريیدا، ژینگە بووە بە شوێنێک کە دەبێت دەستی بەسەردا بگیرێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج وەک؛ دارستانە باراناوییەکانی ئیکوادۆر، شوێنێک کە تيکزاکۆ نەوتی لێهەڵدەگۆزێ. ئەمە تاوانە.

یاسای ژمارە دوو: بەرهەمهێنان لە سیستەمی سەرمایەداريیدا لەڕێگەی خاوەندارێتيی تایبه‌تەوە ئەنجامدەدرێت و پاڵنەری "گەشە بکە یان بمرە"[15] بەڕێوەی دەبات. ئێکسۆن‌مۆبیل، ڕۆیاڵ‌دۆچ‌شێڵ[16]، کریدیت سویس[17]، جێ‌پی‌مۆرگان‌چەیز بۆ بەدەستهێنانی پشکی بازاڕ لەگەڵ یەک شەڕدەکەن. ئەوان بە هۆی چاوچنۆکی و چڵێسيی شەخسییەوە بەرەو فراوانکردنی وەبەرهێنان و هەرزانکردنی نرخەکان ناڕۆن بەڵکو ئەگەر ئەو کارە نەکەن واتە فراوان نەبن و سودی زۆرتر کەڵەکە نەکەن ئەوا لەسەر ڕووبەری یاری شەترەنجە جیهانییەکە دەکرێنەدەرەوە و ژێردەکەون و لەناودەچن.

هەموو گیانی ئەم سیستەمە لە کێبڕکێی دوژمنکارانەوە گلاوە. دەبێت [يان ئه‌وانيتر] لەناوببەیت یان [خۆت] لەناوبچیت!. کاتێک کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم لە خەلیجی مەکسیکدا خەریکی پاكکردنەوەی پاشەڕۆی نەوتی بوو، هیچ کام لە کۆمپانیاکانی تر ئەزموون و کەرەستەی زەریاناسيی خۆیان نەدا بەدەستيەوە. لەبەرئەوەی دەیانویست ئەو هەلومەرجە بقۆزنەوە. کۆمپانیاکانی وەک شێل و ئێکسۆن مۆبیل بەپەرۆشەوە چاوەوەڕوانی لەناوچوونی کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆمیان دەکرد. ئەو ڕێسا سەپیوەی "گەشەبکە یان بمرە" دەبێتە هۆی درووستبوونی یەکەی گەورەتر و بەهێزتری سەرمایە.

یاسای ژمارە سێ: یاسای ژمارە سێ هەوڵدانە بۆ کۆنترۆلکردنی جیهان. سەرمایەداری سیستەمێکی جیهانییە. لە جیهاندا کەلێنێکی گەورە لە نێوان وڵاتە ئیمپریالیستییەکان و وڵاتە ژێردەستەکاندا هەیە. لە ساحەی یاريی جیهانیدا، کۆمپانیاکان و بانکەکان بۆ دەستبەسەراگرتن و کۆنترۆڵکردنی جیهان هەوڵدەدەن. وەک ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ڕۆژئاوای ئەفریقا یان نیجیریا خەریکی دەرهێنانی نەوتن. بەڵام تۆخترین و قورسترین شێوەی کێبڕکێ لەنێوان هێزە جیهانییەکاندایە لەڕێگەی دەستبەسەراگرتنی پێگەی ستراتیژی و مومتاز لە بازاڕ و ناوچە جیاوازەکاندا، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەکان. ئەم کێبڕکێیە بۆتە هۆی خستنەوەی جەنگی داگیرکارانە. وەکو ئەوەی ئەمریکا لە فیلیپین یان فەڕەنسا لە جەزائیر کردی؛ یان وەکو ئەو داگیرکارییەی ئەمەریکا لە عێراقدا ئەنجامیدا. ئەم مەیلە بۆ بەدەستهێنانی سوڵتە و باڵادەستی و کۆنتڕۆڵی جیهانی دوو جەنگی جیهانيی لێکەوتۆتەوە.

ئەمە سێ یاساکەی یارییەکەیە؛ قازانجی بەدەستهاتوو لە چەوساندنەوەی کرێکارەوە، بڵاوبوونەوە و گەشەکردن یان لەناوچوون، مەیل بۆ سوڵتە و باڵادەستيی جیهانی.

لە کتێبی «بنەماکان[18]»دا کە گوڵبژێرێکە لە قسە و نوسینەکانی باب ئاڤاکیان، لە بەشی ئیمپریالیزمی سەرمایەداريیدا، بەر پەرەگرافێکی ناوازە دەکەوین کە دەمەێت لێرەدا بیخەمەڕوو: «ئیمپریالیزم واتە قۆرخکردن و مۆنۆپۆڵکردنی فراوانی دامەزراوەکانی دارایی کە سیستەمی ئابوری و سیاسی و ژیانی خەڵک کۆنترۆڵدەکات ئەویش بەتەنیا  لە یەک وڵاتدا نا بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا. ئیمپریالیزم واتە ئەو چەوسێنەرە مشەخۆرانەی کە بە سەدان ملیۆن خەڵکیان لەسەر ئاستی جیهان چەوساندۆتەوە و بەدبەختی و نەهامەتيی دونیایان بەسەردا سەپاندوون؛ [ئیمپریالیزم واتە] ئەو وەبەرهێنەرە مشەخۆرانەی کە بەکلیکێکی کۆمپیوتەر بە ملیۆنان خەڵک تووشی قاتوقڕی و هەژاری دەکەن و سامانێکی گەورە لە پنتێکەوە بۆ پنتێکی تری دونیا دەگوازنەوە. ئیمپریالیزم واتە جەنگ؛ جەنگ بۆ سەرکوتکردنی بەرەنگاری و ڕاپەڕینی چەوساوەکان و جەنگی نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان کە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتری دەکەن. ئیمپریالیزم واتە سەرکردەی وڵاتە زلهێزەکان دەتوانن لەناوچوونی تەسەورنەکراو و تەنانەت لەناوچوونی تەواوەتی لەڕێگەی پەنجەنان بە دوگمەیەکدا بەسەر مرۆڤایەتیدا بسەپێنن. ئیمپریالیزم ئاستێکە لە سەرمایەداری کە ناکۆکییە بنچینەییەکانی تا ئاستی تەقینەوە هەڵکشاوە. بەڵام ئیمپریالیزم بە مانای ئەوەش دێت کە جیهان بینەری شۆڕشی‌ تر دەبێت. چەوساوەکان ڕادەپەرن و چەوسینەران و ستەمکاران لەناودەبن و ئەم شۆڕشەش ململانێیەکی جیهانی دەبێت بۆ لەناوبردنی ئەژدیهای جیهانيی ئیمپریالیزم».

 

سەرمایەداری و دەسەڵاتی دەوڵەتی

ڕەگ و ڕیشەی سیستەمی سەرمایەداری ئەم یاسا ئابوريیانەن. بەڵام ئەم سیستەمە بۆ مانەوە و فراوانبوونی خۆی پێویستی بە دەسەڵاتی دەوڵەتییە. دەزانن کە [جەوهەری] سەرمایە، کێبڕکێکارانە و  تایبەتە [بە کەمینەیەک]. بەڵام سەرمایەدارانی وڵاتێک (وەکو ئەمریکا یان فەڕەنسا، ڕوسیا و ئەڵمانيا و هتد) بەرژەوەنديی هاوبەشیان هەیە. دەسەڵاتی دەوڵەتی لە فەڕەنسا بەرگریکاری بەرژوەنديی هاوبەشی ستراتیژی سەرمایەی فەڕەنسیيە؛ هەروەها دەوڵەتی يابان و ڕوسیاش.

چینی سەرمایەدار دەستی بەسەر ئابوريیدا گرتووە و هەروەها کەرەستەی سەرەکيی بەرهەمهێنان وەکو زەوی، مادەی خاو و سەرچاوەی تر، تەکنۆلۆژیا و بونیادە فیزیکییەکانی وەک کارگەکان کۆنترۆڵدەکات. حکومەت بەشێکە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی کە لە ژێر ڕکێڤی چینی سەرمایەداردایە. ئەوەی کە کێ، سەرۆکی کۆمار [یان سەرۆکی هەرێم]ـە گرنگ نییە. بەڵام دەوڵەت ڕۆڵێکی تایبەت لە کۆمەڵگادا دەبینێت. دەوڵەت [ڕاستەوخۆ] بەرگری لە بەرژەوەندی کۆمپانیا یان بانکێکی دیاریکراو ناکات بەڵکو سیستەمی ئابوريی سەرمایەداری و کارگێڕيی هەموو کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگای سەرمایەداری بەڕێوەدەبات. کارە گرنگەکانی دەوڵەت کامەیە؟

شەرعیەتی بەکارهێنانی هێزی قۆرخکردووە، بۆ سەرکوتکردنی هەموو جۆرەکانی بەرەنگاری کە لە خوارەوە سەرپێ بکەوێت و هەروەها پۆلیس و دادگا و زیندان [بۆ مەبەستی خۆی] بەکاردەبات. لە ساڵانی ١٩٦٠دا بینیمان کە چۆن حکومەت بۆ سەرکوتکردنی حیزبی پڵنگی ڕەش دەستبەکاربوو. لەم نیۆرکەدا پۆلیس خۆپیشاندەرانی دژەجەنگی دەستگیرکرد و بۆ مومارەسەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، ساڵانە ٧٥٠ هەزار گەنجی ڕەشپێست و لاتین دەگرێت و لێکۆڵینەوەیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

دەوڵەت باج دەسێنێت و بۆ درووستکردنی ژێرخان سەرفیدەکات؛ سیستەمی بانکی ناوەندی بەڕێوەدەبات؛ بۆ چەوساندنەوەی هێزی کار یاسادادەرێژێت؛ پاڵپشتی پیشەسازيی نوێ دەکات و لەگەڵ هێزەکانی تردا گرێبەست و بەڵێننامە پڕدەکەنەوە. هەموو ئەمانە دەچنە خزمەتی بەرژەوەنديی ئەمریکاوە.

دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیمپراتۆریه‌تێکی جیهانی دەکات. بۆ ئەم کارەش ماشێنێکی سەربازی گەورە و کوشنده‌ی سازداوە و لە ١٠٠ وڵاتی جیهاندا نزیکەی ٧٠٠ بنکەی سەربازيی هەیە کە ئامانجی ئەم بنکە سەربازيیانە بریتییە لە سەپاندن و دەستەبەرکردنی هەلومەرجی سیاسیى لەبار بۆ وەبەرهێنان و هەروەها بۆ سەرکوتکردنی بەرەنگاريی کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا.

بەشێک لە کارکرد و چالاکيی دەوڵەت بریتییە لە شەرعییەتدان بە سیستەم. بۆ ئەم مەبەستەس هەڵبژاردن بەگەڕدەخات تاوەکو بۆ سیاسەتەکانی چینی سەرمایەدار "دانپيانانی جەماوەری" بەدەستبێنێت. وەک دەزانن [پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان واتە] ڕازیکردنی ئەو خەڵکانەی کە حوکمیان بەسەردا دەکەن.

لە سەردەمی دامەزراندنی ئەم کۆمارە و نوسینی دەستوری ئەمریکاوە، حکومەتی ئەمریکا و دەسەڵاتی دەوڵەت بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە خزمەتی تۆکمەکردن و فراوانکردنی بازاڕی نەتەوەيیدا بووە. حکومەت و دەسەڵاتی دەوڵەتی بەشێوەیەکی سیستەماتیک پارێزگاريی لە مافەکانی خاوەندارێتيی تایبەت کردووە. ئەم سیستەمی خاوەندارێتی تایبەتە، لەسەر بنەڕەتی پارێزگاریکردن لە چینێکی کەمینەی سەرمایەدار بنیاتنراوە کە لەڕێگەی کاری بەکرێوە سەرمایە کەڵەکەدەکات.

ئەم دەوڵەتە بە شێوەیەکی سیستەماتیک خزمەت بە فراوانبوون و بەهێزبوونی ئیمپراتۆريه‌تی جیهانی دەکات کەلەسەر بنەمای چەوساندنەوە و تاڵانکردن و جەنگ بنیاتنراوە؛ لە دزیی زه‌وييه‌كانى مەکسیکەوە بیگرە تا لکاندن بە پورتۆ ڕیکۆوە و لە دەستبەسەراگرتنی فیلیپینەوە بیگرە تا ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان.

کاتێک کە سیستەم دەکەوێتە ناو قەیرانێکی قوڵی ئابورییەوە، ئيدى دەوڵەت دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەیدا. ئەمە هەر ئەو کارە بوو کە ڕۆزڤێڵت لە سەردەمی "نیودیل[19]"‌ (گرێبەستی نوێ)دا کردی. کاتێک کە لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٠٩دا قەیرانی ئابوری تووشی سیستەم بوو. ئۆباما بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان دەستبەکاربوو. ئەمەش لەبەرئەوە نەبوو کە بانکەکان زۆرکاریگەرن بەڵکو بەهۆی ئەوەوە بوو کە بەر بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەم بگرێت و پاڵپشتی ئەو دامه‌زراوە داراییانە بکات کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینین لە [تۆکمەکردنی] باڵادەستيی ئەمریکا لە جیهاندا. لەڕاستیدا ئۆباما سیستەمی بە بارمتە لە داڕووخان ڕزگارکرد کە دەرەنجامی ترسناک و کارەساتاويی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، و هەروەها لەم وڵاتەدا نەک تەنیا بۆ هەژاران و چەوساوەکان بەڵکو بۆ زۆرینەی خەڵک هەیبوو و زۆر قورس لەسەر ژینگە و سرووشت کەوت.

ئێستا خەڵك لەبەردەم دووڕیانێکی حەیاتیدایە و دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت: واتە دەبێت یان کرێی خانوو بدات یان پارەی دەرمان و پێداویستییەکانی تەندرووستی بدات [لەبەرئەوەی ناتوانێت هەردووکی پێکەوە بدات]. گەنجەکان نازانن داهاتوویەکی مرۆڤانەیان هەیە یان نا؟ [واتە لەوە دڵنیا نین کە وەک مرۆڤێکی ئاسایی دەتوانن بژین یان نا]؟

قسەکانم بەم پرسیارە دەستپێکرد: ئایا کۆمپانیاکان سیستەم گەندەڵدەکەن... یان کێشەکە خودی سیستەمی سەرمایەدارییە؟ وه‌ڵامەکەی ئەوەیە کە کێشەکە  سەرمایەداريی ئیمپریالیستییە و ئێمە بۆ درووستکردنی سیستەمیکی نوێ کە شایستەی مرۆڤایەتی بێت پێویستمان بە شۆڕشکردنە.

 

 

 

 

 

 

 

 


[1]- British Petroleum

[2]- subprime lending

[3]- pursuit of the dream of perfectionism

[4]- Silicon Valley

[5]- Foxconn

[6]- hazardous chemicals

[7]- certain dynamics

[8]- JP Morgan

[9]- Chase

[10]- Texaco

[11]- Chevron

[12]- Lehman Brothers

[13]- transnational corporation or bank

[14]- Exxon-Mobil

[15]- expand or die

[16]- Royal Dutch Shell

[17]- Credit Suisse

[18]- Basics

[19]- New Deal

 

سەرچاوەکان؛

https://mejalehhafteh.com/2011/11/16/%D8%A2%DB%8C%D8%A7-%D8%B4%D8%B1%DA%A9%D8%AA%E2%80%8C%D9%87%D8%A7-%D8%B3%DB%8C%D8%B3%D8%AA%D9%85-%D8%B1%D8%A7-%D9%81%D8%A7%D8%B3%D8%AF-%D9%85%DB%8C%E2%80%8C%DA%A9%D9%86%D9%86%D8%AF-%DB%8C/

http://revcom.us/a/247/are_corporations_corrupting_the_system-en.html