ئالان باديۆ: به‌خته‌وه‌رى، ئه‌و ڕيسكه‌يه كه ده‌بێت قبوڵى بكه‌ين.
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئالان باديۆ
وه‌رگێڕانى: زه‌رده‌شت نوره‌دين، وه‌ليد عومه‌ر
به‌خته‌وه‌رى(Happiness) له‌و زاراوانه‌يه كه سوبێكت ڕاده‌چڵه‌كێنێت. ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بين بڵێين: به‌شێكى زۆرى مرۆڤ هێشتا ديدێكى غه‌يبى و ناماترياڵيى بۆ به‌خته‌وه‌رى هه‌يه، به‌و پێيه‌ى به‌ستراوه‌ته‌وه به قه‌ده‌ر و شانس و هتده‌وه. دياره به‌خته‌وه‌رى له‌لايه‌ن دونياى واقيعى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه پێناسه‌ده‌كرێته‌وه. ئايا ئه‌مڕۆ له‌ناو سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارييدا، به‌خته‌وه‌رى چۆن سه‌يرده‌كرێت؟ چ په‌يوه‌ندييه‌كى به سياسه‌ت و گۆڕانكاريى ڕاديكاڵه‌وه هه‌يه؟ به‌خته‌وه‌رى تا چه‌ند كورتده‌بێته‌وه بۆ قايلبوون يان ڕازيبوون(satisfaction)، و چه‌نده په‌يوه‌نديى به ڕيسك و مه‌ترسييه‌وه هه‌يه؟ وه‌كچۆن باديۆ جارێكى تر عه‌شقيش ده‌به‌ستێت به ڕيسك و قوربانيدانه‌وه. له يه‌كێك له كه‌مپينه‌كانى (كۆكاكۆلا)دا ئاماژه به‌وه كرابوو كه ده‌بێت به‌خته‌وه‌رى (هه‌ڵبژێرين!). به‌خته‌وه‌رى له ديدى سيسته‌مه‌وه چيه؟ ئايا هاوتاى بێده‌نگبوون نيه ده‌رهه‌ق به‌وه‌ى پشێوى درووستنه‌كه‌ين؟ به‌خته‌وه‌رى دالێكى به‌تاڵه و هه‌ريه‌كه به‌جۆرێك مه‌دلولى خۆى پێده‌به‌خشێت.
*******************************************************************
پرسيار: بۆ ده‌بێت جارێكى تر كاتيگۆريى "به‌خته‌وه‌رى" بخه‌ينه‌وه به‌ر پرسيار؟ بۆچى پێويستده‌كات قسه له‌سه‌ر به‌خته‌وه‌ريى "ڕاسته‌قينه" بكه‌ين؟
باديۆ: كاتيگۆريى به‌خته‌وه‌رى، به‌و جۆره‌ى كه ئه‌مڕۆ بره‌وى پێده‌درێت، تاڕاده‌يه‌كى زۆر كورتبۆته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ى كه من پێى‌ده‌ڵێم قايلبوون يان ڕازيبوون. ئه‌م وێنه‌يه‌ى به‌خته‌وه‌رى، له‌بنچينه‌وه هه‌ڵگرى ئه‌و پرسياره‌يه له خۆمان كه چۆنچۆنى ده‌توانين ئه‌و جێگه‌يه بپارێزين كه پێماندراوه(جێيه‌ك له جيهاندا كه خۆى هه‌ر هه‌يه). له‌به‌ر ئه‌وه جه‌خت له‌سه‌ر وشه‌ى "ڕاسته‌قينه" ده‌كه‌مه‌وه [له ده‌سته‌واژه‌ى به‌خته‌وه‌ريى ڕاسته‌قينه‌دا] تاكو ئه‌و ناته‌باييه ده‌ربخه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره به‌خته‌وه‌رييه‌ى تردا كه پێموايه خه‌ياڵييه: واته ئه‌و جۆره به‌خته‌وه‌رييه‌ى كه سه‌ركێشيى[1] تيا نيه، و له‌وه‌ش كه‌متر خاڵييه له هه‌ر جۆره ڕيسكێك. باوه‌ڕم وايه تێگه‌شتنه مۆدێرنه‌كه بۆ به‌خته‌وه‌رى، له جه‌وهه‌رى خۆي‌دا ڕێ به هيچ ڕيسكێك نادات، به‌خته‌وه‌رييه‌كه كه هاوشانه له‌گه‌ڵ گه‌ره‌نتييه‌كدا. ئه‌م شێوازه تازه‌يه‌ى به‌خته‌وه‌ريى به‌بازاڕكراو[2] ، درووشمێكى هه‌يه؛ كه ئه‌ويش بريتييه له هارمۆنيه‌ت(هه‌ماهه‌نگى): هه‌بوونى په‌يوه‌ندييه‌كى كۆك و هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ دونيادا، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتاندا، له‌گه‌ڵ شه‌ريكى ژيانتان و هتددا. ئه‌م وێنه ئايدياڵييه‌ى به‌خته‌وه‌رى بڕێك له‌و شته ده‌چێت كه پێشتر پێمانده‌وت "ئاشتيى ناوماڵ". گه‌رچى هه‌مووكه‌س باش ده‌زانێت شته‌كه پێچه‌وانه‌يه، [درووستكردنى] ژيانێكى هاوبه‌شانه، سه‌ركێشييه‌كى قورس و ترسناكه. له‌بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌مه به‌خته‌وه‌رى كورتده‌كاته‌وه بۆ داگيركردنى جێ و ڕێيه‌ك كه خۆى پێشوه‌خت هه‌بووه و دياريكراوه: ئه‌و ئيشوكاره‌ى كه حه‌زت لێيه، ئه‌و شه‌ريكه‌ى ژيانت كه خۆشتده‌وێت، مناڵه‌كان و هتد. دياره خواستى ئێمه ئه‌وه نيه هه‌مووكه‌س له‌وه تێبگات بێكارى چ تامێكى هه‌يه، ئه‌مه خواستێكى گه‌مژانه‌يه. ئه‌وه‌ى من ده‌يپرسم(و كاتێكيش فه‌لسه‌فه دێته‌ناوه‌وه ئه‌مه خاڵه گرنگه‌كه‌يه) ئه‌وه‌يه كه ئاخۆ ده‌توانين به‌خته‌وه‌رى كورتبكه‌ينه‌وه بۆ ڕازيبوونى ڕووت؟
پرسيار: ئه‌مه ژێست و جووڵه‌يه‌كى كۆنه بۆ فه‌لسه‌فه، به‌ڵام به چ واتايه‌ك شتێكى نوێ ده‌خاته‌ڕوو؟
باديۆ: خۆ زۆر ڕاسته، لێره‌دا كه ڕايده‌گه‌يه‌نم لينك و په‌يوه‌ندييه‌ك له‌نێوان فه‌لسه‌فه و به‌خته‌وه‌رييدا هه‌يه، ئه‌وا ژێستێكى كۆن و كلاسيكييم نواندووه. ئه‌مه به‌ئاشكرا ئه‌و باس و ئه‌رگۆمێنته‌يه كه له فيكرى كۆنيشدا، لاى ئه‌فلاتوون و ڕه‌واقييه‌كانيش ده‌بينرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌بێت له‌م جووڵه و ژێسته‌وه وه‌ريبگرين(واته شته هه‌ژێنه‌ره‌كه‌ى ئه‌م جووڵه‌يه)، ئه‌و ئايديايه‌يه كه فه‌لسه‌فه ده‌توانێت ئه‌و تێگه‌يشتنه خۆكرد و خۆڕسكه، يان ده‌قيقتر بڵێم، ئه‌و تێگه‌يشتنه زاڵه‌ى ناو كۆمه‌ڵگا سه‌باره‌ت به به‌خته‌وه‌رى، له‌ق‌بكات و شوێنه‌كه‌ى بگۆڕێت. ئه‌و خۆڕسكييه‌ى كه تاڕاده‌يه‌كى زۆر كۆدڕێژكراوه[و كۆمه‌ڵگا و سيسته‌م كۆده‌كانى خۆيان تيا چاندووه]: ئه‌وه‌ى كه كۆمه‌ڵگا ناچارمانده‌كات واى‌دابنێين شتى به‌ديهى و به‌ڵگه‌نه‌ويستن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌يه كاتێك فه‌لسه‌فه، به‌خته‌وه‌رى وه‌ك يه‌كێك له كێشه‌كانى خۆى سه‌يرده‌كات، ئيتر تووشى به‌ركه‌وتن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕوانگه زاڵه‌كه‌ى ناوكۆمه‌ڵگادا: ڕوانگه‌يه‌كى وه‌ك ئه‌وه‌ى كه له سه‌رده‌مى ئه‌فلاتووندا، به ده‌ستى سۆفستاييه‌كان فۆرموله‌كرا و ئه‌مڕۆش له‌لايه‌ن گۆڤار و كتێبه ده‌روونناسييه ڕێنوينيكه‌ره‌كانه‌وه داده‌ڕێژرێته‌وه[و ده‌رخواردى خه‌ڵك ده‌درێت]. كاتێك فه‌لسه‌فه ئاوڕ له به‌خته‌وه‌رى ده‌داته‌وه و مشتومڕى له‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وا به‌پێچه‌وانه‌ى زۆرێك له پرسه فه‌لسه‌فييه‌كانى تره‌وه، به‌ره‌و پرسێكمان ده‌بات كه پرسێكى هاوبه‌شه و كێشه‌ى هه‌موومانه. له‌ڕاستيدا پرسياره‌كانى وه‌ك "بوون چيه؟"، "ئايا حه‌قيقه‌تى ماتماتيكى بوونى هه‌يه؟"، پرسيارگه‌لێكن فه‌يله‌سوفه‌كان له‌گه‌ڵ هاوتاكانى خۆيان‌دا مشتومڕى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. نامه‌وێت به چاوى نزمه‌وه سه‌يرى ئه‌م جۆره پرسيارانه، و پێشينه و زه‌رووره‌ته تيۆرييه‌كانيان بكه‌م؛ به‌پێچه‌وانه‌وه، جبه‌خانه و كارخانه‌يه‌كى تيۆريين كه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆلاى ئه‌و پرسيارانه‌ى په‌يوه‌ستن به نه‌زمێكى گشتييتره‌وه زه‌روورن. به‌ڵام فه‌لسه‌فه لێره‌دا ناوه‌ستێت: ده‌بێت ئه‌و پرس و كێشه هاوبه‌شانه‌ش تاوتوێ‌بكات كه فراوانترن وه‌ك عه‌شق، به‌خته‌وه‌رى، هتد. دواجار پێويسته فه‌لسه‌فه خۆى بگلێنێته ناو ئه‌و پرسانه‌وه كه په‌يوه‌ندييان به ئايدياڵ و خه‌م‌و‌ختووره‌ى گشتييه‌وه هه‌يه؛ ئه‌گينا فه‌لسه‌فه وه‌ك به‌شێكى ئه‌كاديمى ده‌مێنێته‌وه، به‌شێك كه تيايدا كۆمه‌ڵێك هاوڕێ و هاوپيشه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس قسه‌ده‌كه‌ن كه ته‌نيا له هه‌ناوى فه‌لسه‌فه خۆي‌دا هه‌ڵكۆڵراوه [و قه‌تيسكراوه]. كه‌واته لێره‌وه‌يه كه فه‌لسه‌فه حۆى ده‌خاته به‌ره‌ى پێشه‌وه دژ به بيرۆكه باو و باڵاده‌سته‌كان.
پرسيار: بۆچى بۆ پێناسه‌كردنى "به‌خته‌وه‌رى"، پشت به كاتيگۆريى ئاوارته(ئيستيسنا، exception) ده‌به‌ستيت؟
باديۆ: كاتێك ده‌ستده‌ده‌يته شيكارييه‌كى وردى چه‌مكى به‌خته‌وه‌رى، ئه‌وا ده‌سته‌ويه‌خه‌ى پرسى (دۆخى ئاوارته و نائاسايى)ى به‌خته‌وه‌رييش ده‌بيته‌وه. ئه‌وه چۆنه كه به‌خته‌وه‌ريى ڕاسته‌قينه(كه كورتناكرێته‌وه بۆ ڕازيبوونێكى ئاسايى) ياساى گشتيى بوون نيه، به‌ڵكو به‌خته‌وه‌رييه‌كه له‌ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵێك هه‌ڵبژاردن و چركه‌ساته‌وه درووستبووه كه له هه‌ناوى دۆخێكى نائاسايىو ئاوارته‌دا هه‌ڵيده‌كۆڵن؟ ئاگايى ده‌سته‌جه‌معى و گشتييش له‌م تێگه‌يشتنه‌دا هاوبه‌شه سه‌باره‌ت به ناوازه‌يى و ده‌گمه‌نبوونى به‌خته‌وه‌رى[3]، ته‌نانه‌ت گه‌ر ده‌مامكێكى به‌سه‌ردا بدات و بيشيشارێته‌وه. ئالێره‌وه‌يه كه من بير له گرنگيى زۆرى عه‌شق ده‌كه‌مه‌وه(به‌بێ ئه‌وه‌ى دوودڵى بنوێنم به‌جۆشوخرۆش ناوى‌دێنم). عه‌شق، تاسه و تامه‌زرۆيى، ديدارى كه‌سێك؛ ئێمه وه‌ك چركه‌ساتى ئاوارته‌ى بوون سه‌يرى هه‌ريه‌ك له‌مانه ده‌كه‌ين؛ و باش ده‌زانين كه ئه‌م چركه‌ساتانه ڕێنيشانده‌رمانن بۆ گه‌يشتن به‌و شته‌ى كه به‌ڕاستى ده‌توانين پێى‌بڵێين به‌خته‌وه‌رى. خۆ ئاشكرايه كه‌س نايه‌وێت به‌دبه‌خت بێت. به‌ڵام به‌خته‌وه‌ريى ڕاسته‌قينه پێويستى به شتێكى زۆر زياتره له به‌دبه‌خت‌نه‌بوون. به‌خته‌وه‌رى بريتى‌نيه له نه‌فيكردنێكى ساده‌ى به‌دبه‌ختى: به‌خته‌وه‌رى ديارييه‌كه، به‌خششێكه له‌لايه‌ن ژيانه‌وه كه ده‌كه‌وێته ئه‌وديوى نه‌زمى قايلبوون و ڕازيبوونه‌وه. به‌خششێك له‌لايه‌ن ژيانه‌وه كه ده‌بێت ئاماده‌يى قبوڵكردنيمان هه‌بێت، ڕيسكێكه ده‌بێت بتوانين قبوڵى بكه‌ين. هه‌ڵبژاردنێكى سه‌ره‌كيى بوون(وجود)ـه: له‌لايه‌كه‌وه ژيانێك كه ته‌نيا به ڕووى ڕازيبووندا كراوه‌ته‌وه، له لايه‌كى تره‌وه ژيانێكيش كه ملكه‌چى ڕيسكى به‌خته‌وه‌رى ده‌بێت وه‌ك ئاوارته‌يه‌ك(ئيستيسنا). ئه‌مه هاوكات پرسێكى سياسييشه: كه‌سانێك هه‌ن كه ته‌نيا له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ى به‌دبه‌ختى كۆكن(وه‌ك ئه‌رگۆمێنتى موحافيزكارانه‌ى ئه‌و گرووپه‌ى كه پێيان ده‌وترێت "فه‌يله‌سوفانى نوێ"[4])؛ كه‌سانێكيش هه‌ن ملكه‌چى ڕيسكى گه‌ڕان به‌دواى به‌خته‌وه‌رييدا ده‌بن. به‌پێى ئه‌م باس و ئه‌رگۆمنێته موحافيزكارانه‌يه، خه‌ڵك ته‌نيا ئه‌وه‌نده‌يان له‌ده‌ستدێت كه له‌گه‌ڵ به‌دبه‌ختييدا كۆك نه‌بن، نه‌ك له تێڕوانينێكدا هاوبه‌ش بن سه‌باره‌ت به به‌خته‌وه‌رى. له‌به‌رامبه‌ردا، سان ژۆست[5]، به‌شێوه‌يه‌كى ته‌واو شۆڕشگێڕانه ڕايگه‌ياند: به‌خته‌وه‌رى له ئه‌وروپادا بيرۆكه‌يه‌كى نوێ بوو.
پرسيار: ئايا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌يه كه تۆش وه‌كو بنيامين، ئايدياى به‌خته‌وه‌رى ده‌به‌ستيته‌وه به كات و زه‌مه‌نێكى جياوازه‌وه؟
باديۆ: بنيامين تێگه‌يشتنێكى فايبه‌رى و ڕيشاڵ‌ڕيشاڵى هه‌بوو بۆ كات، و به‌و پێيه چه‌ندين كات بوونى هه‌يه: نه‌ك كاتێكى تاقانه و گشتى، به‌ڵكو ژماره‌يه‌كى زۆر له كاتمه‌نديى[6] پێكداچوو و جاروباريش ناكۆك له‌ئارادايه. ئاشكرايه كاتى به‌خته‌وه‌رى-به‌مانا سياسييه‌كه‌ى- ئه‌و كاته‌يه كه له كاتمه‌نديى ئاسايى تێده‌په‌ڕێت و به مانايه‌ك له ماناكان وێرانيده‌كات. له فه‌لسه‌فه‌دا، سه‌ده‌ى بيسته‌م(له‌گه‌ڵ تيۆرى ڕێژه‌يى و فه‌لسه‌فه‌ى بێرگسۆندا) چركه‌ساتێك هه‌بوو كه فره‌يى كات و كاتمه‌ندى كه‌شفكرا. له‌م چوارچێوه‌يه‌دا بوو كه پرسى به‌خته‌وه‌رى گه‌ڵاڵه بوو: ئه‌و كات و زه‌مه‌نه‌ى كه شايسته‌ى حه‌قيقه‌ته‌كانه(چ حه‌قيقه‌تى بيركارييانه، هونه‌رى، سياسى، يان عاشقانه بێت)، زه‌مه‌نى به‌سوبێكتبوونى به‌خته‌وه‌ر[7]، زه‌مه‌نى ئاكامه‌كانى ڕووداوه، كه ناتوانيت له ڕه‌وتى ئاسايى زه‌مه‌ندا جێى‌بكه‌يته‌وه [چونكه ڕووداو ته‌نيا دابڕان نيه له به‌روارى ئاسايى ڕۆژانه، به‌ڵكو ئاوارته و ئيستيسنا و دابڕانێكه له بووندا]. ئه‌م زه‌مه‌نه به‌زه‌رووره‌ت، زه‌مه‌نى درز و كه‌رتبوونێكه، زه‌مه‌نى دابڕانێكه، زه‌مه‌نێكى ئاوارته و ئيستيسناييه. قبوڵكردنى ئاكامه‌كانى ئه‌م ئاوارته زه‌مه‌نى و كاتمه‌نده، به ماناى درووستكردنى زه‌مه‌نێكى جياواز دێت. ئه‌مه دوا مه‌به‌ستى ئه‌و ڕسته شه‌عبييه‌يه كه ده‌ڵێت "عاشقان له دونيادا ته‌نيان". "ته‌نيابوون له دونيادا" واته ته‌نيابوون له‌و كاته‌دا كه ئه‌م ژيانه هاوبه‌شه پێكدێنێت، ئه‌و دوو هاوبه‌شه‌ى كه له كاته ئاساييه‌كه‌دا هيچ به‌شدارييه‌كيان نيه يان دواى ئه‌مه به‌شدارييان نيه. ئه‌مه تايبه‌تمه‌ندييه گشتيه‌كه‌ى به‌خته‌وه‌ريى ڕاسته‌قينه‌يه: هه‌مان شت سه‌باره‌ت به‌و بيريكاريزانه‌ش ڕاست ده‌رده‌چێت كه له ته‌نيايى خۆي‌دا پرسيارێك حه‌لده‌كات. كه‌واته له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چۆنچۆنى به‌خته‌وه‌رييه‌كى ده‌سته‌جه‌معى بنياتده‌نرێت؟ ئه‌گه‌ر "جۆش‌وخرۆش"(enthusiasm) ئه‌و كاريگه‌رييه‌يه كه هاوتاى به‌خته‌وه‌ريى سياسييه، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌يه كه زه‌مه‌نێكى گشتيى تازه ده‌ستنيشانده‌كات. "جۆش‌وخرۆش" ده‌رخه‌رى ئه‌و ساته‌يه كه كه‌سه‌كان به شێوه‌يه‌كى زاتى و سوبێكتيڤ به‌ئاگادێنه‌وه كه ده‌توانن مێژوو درووستبكه‌ن، نه‌ك ته‌نيا ده‌سكه‌لا و دارده‌ستى بن. لێره‌وه "جۆش‌وخرۆش" هيچ نيه جگه له‌و بيروباوه‌ڕه هاوبه‌شه‌ى كه ده‌توانين مێژوو درووستبكه‌ين، كه مێژوو په‌يوه‌سته به ئێمه‌وه، و وه‌كچۆن فرانسوا پرۆست(فه‌يله‌سوفى هاوچه‌رخى فه‌ڕه‌نسى) ده‌ڵێت: مێژوو هێشتا كۆتايى‌نه‌هاتووه. ئه‌مه به‌شداربوونه له تين‌وتاو و جۆشوخرۆشێكدا، له خۆپيشاندانێكدا، وه‌كچۆن له گۆڕه‌پانه گشتييه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بييدا بينيمان. هاوكات پاراستنى دۆخێكى ئاوارته و ئيستيسناييشه له‌ڕێگه‌ى كارێكى زه‌حمه‌ته‌وه كه به‌درووستى ناوى‌ده‌نێين چالاكيى سياسى(وه‌ك، دانيشتنه دوايى‌نه‌هاتووه‌كان، ئه‌و مه‌لزه‌مانه‌ى تا به‌ره‌به‌يان ده‌نوسرێن). ده‌توانين بڵێين، به‌خته‌وه‌ريى سياسى شتێكى تاقه‌تپڕووكێنه. ئه‌مه شتێكه و ده‌بێت بوترێت. به‌داخه‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه به‌خته‌وه‌ريى سياسى، مه‌يلى بۆ به‌رهه‌مهێنانى شۆڕشێكى به‌رده‌وام(فول تايم) هه‌يه و جاروبار كادرى پيشه‌يى و پرۆفيشناڵيش.
پرسيار: ئه‌وه خۆتان بوون نوسيبووتان، كه ئه‌م پراكتيكه ته‌نزيمييه، پێويستى به "ديسپلين"ێكى دياريكراوه...
باديۆ: لێگه‌ڕێن با ڕوون و ڕاشكاو بم، من به‌ئاشكرا ئه‌م وشه‌يه‌م وه‌ك وشه‌يه‌كى ورووژێنه‌ر به‌كارده‌هێنا. هه‌ر به‌و جۆره‌ى كه وشه‌ى (كۆمۆنيزم)يش به‌كاردێنم، چونكه له فه‌رهه‌نگى هاوچه‌رخى سياسييدا بێزراوترين وشه‌يه. خۆ له‌وه تێده‌گه‌م كه هه‌وڵى ئێمه بۆ ئه‌وه‌يه هێزى ڕووداوه‌كيى(evental ) سياسه‌ت بپارێزين، به‌ڵام پێموايه درووستكردنى زه‌مه‌نێكى سياسيى نه‌گۆڕ و به‌رده‌وام، پێويستى به ديسپلينكردنى ئاوارته‌يه‌كه، پێويستى به به‌رده‌وامبوونێكى زه‌مه‌نييه بۆ دڵنيابوونه‌وه له‌وه‌ى كه ئه‌و وزه‌يه‌ى له دابڕانه سياسييه‌كه‌وه به‌رهه‌مهاتووه دانامركێته‌وه. ده‌بێت له‌سه‌ر داهێنانه‌كان به‌رده‌وام بين، و ئه‌م داهێنانانه‌ش پێشگريمانه‌ى ئه‌و ئه‌فراندنانه‌يه كه ملكه‌چى ديسپلينێك ده‌بن. لێره‌دا ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ين وشه‌ى ديسپلين به ماناى نيگاركێشێك دێت كه به‌هۆى تاقيكردنه‌وه و ئه‌فراندنه‌وه، ديسپلينێك به‌سه‌ر خۆي‌دا ده‌سه‌پێنێت. ڕێك وه‌كو بيركاريزانێك كه خۆى ديسپلينێكى دڵڕه‌قانه به‌سه‌ر خۆي‌دا ده‌سه‌پێنێت، تاكو كێشه‌يه‌كى ماتماتيكى حه‌لبكات. كاتێك ئێمه خۆمان ده‌خه‌ينه دۆخێكى نائاسايى و ئاوارته‌وه، ئه‌وا به‌زه‌رووره‌ت ناچارده‌بين ياساكانى خۆمان و پره‌نسيپه‌كانى خۆمان درووستبكه‌ين. ئه‌مه‌ش به‌و مانايه دێت كه ئازادى له ديسپلين جياناكرێته‌وه. ده‌بێت ئه‌م ديسپلينه‌ش دووباره و دووباره دابهێنرێته‌وه.
پرسيار: دیسان [دەپرسمەوە] کە بۆچی وشەی وەفاداری بەکاردەهێنن؟ [وەفاداری] زیاتر چەمکێکی ئەخلاقییە تاوەکو سیاسی بێت، وانییە؟
باديۆ: وشەی وەفاداری(fidelity ) لە خۆیدا بەشێوەیەکی نەرێنی مانای خیانەت‌نەکردنی هەڵگرتووە. هەرچەندە لە ڕوانگەی منەوە نابێت وەفاداری بەشێوەیەکی نەرێنی پێناسە بكرێت، واتە لە ڕيگەی نا-خائینييه‌وه. وەفاداری هەمیشە وەفاداربوونە ده‌رهه‌ق به دابڕانێکی بنچینەیی و ڕيشه‌يى، نەک وەفاداربوون بێت ده‌رهه‌ق بە دۆگم یان دۆکترینێک یان هێڵێكى سیاسی. ڕاستگۆبوون لەگەڵ ڕووداوێک‌دا بەمانای داهێنان یان تەرحکردنی شتێکی تازە دێت، بەدەربڕینێکی تر گەڕانەوەی هێزی دابڕانە بۆ ڕووداوەکە. ئەمە جگە لە بنەمایەکی پاراستن هیچی تر نییە. ئەمە پره‌نسیپێکی جووڵه‌يه. وەفاداری، بەردەوامبوونی دابڕانەکە دەستنیشاندەکات. بەپێچەوانەوە، وەفاداريی موحافیزکارانە بریتییە لە وتنی ئەوەی کە فڵان کەس دەبێت وەک دوژمن بناسرێت، دەبێت بێ‌بەش بکرێت، تەنانەت ئەگەر وەلاوەش نەنرێت. لەبەرئەوەی ئەوانە لەگەڵ ڕووداوه سەرەتاییه‌كه‌دا نایه‌نەوە یەک. تەنیا ئەم تەبابوونە، لەسەر ئەو گریمانە ڕادەوەستێت کە وەفاداری پێویستی بەجۆرێک لە ئۆبێکتیڤبونەوەیە بەشێوەی ڕووداو، ئه‌ويش بەجۆرێک بێلایەن و بێ‌باک بێت بەرامبەر پابەندبوونی زەینی و سوبێکتیڤ کە ده‌بێت وەفاى بۆ ڕووداوێک هەیبێت. به‌پێى ئه‌م تێگەشتنە، وەفا زیاتر چەمکێکی لۆژیکییە تا ئەخلاقی. ئەمە بەواتای لۆژیکیبوون یان تەبابوونە لەگەڵ به‌رپرسيارێتييه‌كى سه‌ره‌تايى زەینی و سوبێكتيڤ کە هەنووکە لەڕێگەی باسوخواسێكى دەستەجەمعییەوە لەناو ئەو کەسانەدا کە لەڕووی سیاسییەوە خۆیان بە هاوڕێ دەزانن درووستده‌بێت. بەم مانایە، وەفا زۆر جیاواز نییە لە کۆمەڵەی بیرکاریزانان، کە تەنیا هەر ئەوە نییە لە پرسەکەدا هاوبەش بن، بەڵکو لە ڕێگە و ئسلوبی پێناسە و دەستنیشانکردنی ڕاست و هەڵەشدا هاوبەشن. جەوهەری سیاسەت تەنیا ڕووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ دوژمن‌دا بەڵکو بەر لە هەموو شت ئەوە دەخوازێت کە هەلومەرجی بنەڕەتی بۆ ڕازیبوونی هاورێیان بێنێتەبوون. وەفاداری، بەم مانایە واتە ئەوانەی کە بەشداريی ئەم باسوخواسه گشتییە دەکەن، دەبێت سەرنجی ناکۆکيی نێوان ڕیزەکانی خۆیان بدەن. لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێت ئەم ناکۆکییە، لەگەڵ ناکۆکی لەگەڵ دوژمن خۆي‌دا تێکەڵبکرێت.
پرسيار: ئایا ئەمە سەرچاوەی "تۆقاندن"ـە لە سیاسەتدا؟
باديۆ: هەموو کات تێکەڵکردنی ناکۆکییەکانی وەک ناکۆکی ئەنتاگۆنیستی، ناکۆکی چینایەتی، دوژمنی چینایەتی و ....هتد [و جیانەکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی ناکۆکی لەیەکتر] شتێكى کارەساتهێنە. تراژیديای تۆقاندن لەسەدەی بیستدا لە ئەنجامی ئەو گریمانەوە دەهات کە پێى‌وابوو یەک جۆر ناکۆکی هەیە كه ئەویش ناکۆکيی چینایەتییە. بەپێچەوانەی ئەو گریمانەيه‌وە، دەبێت هەمیشە ئەوەمان لەیادبێت کە تا ئەو شوێنەی پێویستدەکات بەردەوام بين له گفتوگۆ بۆئەوەی تێبگەین هەموو جۆرەکانی ناکۆکی هه‌ميشه لەناو کۆمەڵێکدا دێتەکایەوە، و ڕەهەندێکی ناوەکيی هەر کۆمەڵێکە، و دەبێت ئەم ناکۆکیيانە لەنێوان هاوڕێیاندا چارەسەربکرێت. لەم سۆنگەشەوە پەلەپەل و بێ‌سەبری لە سیاسەتدا زیانبەخش و وێرانکەرە. ئەو ترس و تۆقاندنەی کە پەیوەنديی بە کۆمۆنیزمی سەدەی بیستەوە هەیە کەمتر بەهۆی تاکەکەسەوە بوو (گریمان کەسانی دڵڕەقیش بن) بەڵکو زیاتر پەیوەنديی بە بێ‌سیقەیی و پەرۆشی و وریایی زۆرەوە بوو کە ئەمەش لەگەڵ بەختەوەریدا ناتەبایە. ئەوەندە بەسە کە بیر لە بە ئیشتراکیکردنی[8] توندوتیژانەی زەوی‌وزار لەلایەن ستالینەوە بکەینەوە، لەکاتێکدا هه‌موو شتێكى لێ ببووه دوژمن... نا [بەم شێوە نابێت]، بەڵکو دەبێت لە نەزمی سیاسەتیشدا وەک هەموو شوێنێکی تر بزانین کە چۆن دڵنیا و ئارامگر ده‌بين: تاكو ده‌رفه‌تى شياو بده‌ينه سه‌بر و كات.
[1] . adventure
[2] . marketing
[3]. rarity of happiness
[4].New Philosophers
[5] . Saint-Just
[6] . temporality
[7] . the time of happy subjectivation
[8] - collectivise
سه‌رچاوه‌كان:
http://www.versobooks.com/blogs/2032-alain-badiou-happiness-is-a-risk-that-we-must-be-ready-to-take
http://daricheha.com/weblog/?p=521